پرۆپۆزەڵى راکردن لە خۆم..!


توانا ئەمین


بۆ باران..

رۆژانە نۆ سەعات لەسەرخۆم نیم، چوار سەعات دەخوێنمەوە و سەعاتێکیش لەگەڵ (هەرمێ) خۆم مەشغوڵ دەکەم، ئەوانى ترى خەوتووم، ئەمەوێ گەر بۆم بلوێ ئەزمونى (ئەسحابول کەهف) دووبارە بکەمەوە.. خەریکى مارساۆنێکم بە بەشدارى تەنیا خۆم و لەچەقى خۆمەوە بۆ دەرەوەى خۆم، هیوادارم یەکەم بم، دوعام بۆبکەن.. ئەمەوێ رابکەم، نـــا لەشوێنى خۆما بچەقم، نەلەدواوە و نەلەپێشەوە نەڕوانم.. ئەمەوێ هەر سەیرى هیچ بکەم.
ماوەیەکە بەقەد هەڵماتێک لەپشتما خڕبووە، واهەستدەکەم خەریکم دەبم بە (قەمبورەکەى رۆتردام(یان نــا، دڕودۆنگ و دەبەنگ وەک قەمبورەکەى ناو (پەیکەرى فەرهاد).. ئەمەوێ خەتى تەلەفۆنەکەم دابخەم.. موبایلەکەم بخەمە ئاودەستى مزگەوتێکەوە.. ئیمیلەکەم قفڵبکەم.. کەس نەبینم.. کەس نەمبینێ.. ئەمەوێ ئیتر شەراب و زەیتون نەخۆم.. ئەمەوێ نەچمە ساڵى نوێوە، هەر لەماڵەوە بەدیار داریوشەوە خۆم بخۆمەوە و ببم بە بابەعەمەرە.. شاخ و توک دەربکەم.. بەیانییەک وەک مەسخى کافکا بەرووتى رابکەمە دەرەوە.
بەبرادەرێکى شاعیر دەڵێم "لەوانەیە ئیتر شیعر بنوسم.. !!" پێشنیاردەکات هەمووشتێ بکەم و ئەو قۆڕییاتە نەکەم، ئەڵێم "ئاخر.." خەریکە بتەقم.. نازانم چى بکەم.. رەنگە نیوەڕۆیەک لەپڕ زرمەبکەم و سێ چوار نەفەرى گێژ و وێژى دەوروبەرى خۆم بەرم بە ئاسمانا.
بە مەسجێک دۆستایەتیم لەگەڵ قاچاخچییەکدا ئەبدێت دەکەمەوە و پرسیارى رێگاى لێدەکەم، لەوسەرەوە بە چەند پیتێکى خوار وخێچ نوسویەتى "رێگا عەیبى نییە، بەدڵى خۆمانە.." رەنگە نەتانبینمەوە، خواحافیز.. ئەم ئاخر ماچ وموچە.. ئەمەوێ تەرم و تارماییەکەشم بەم عەرزە حیزەدا رانەبورێت.. بەرى پێم دەخورێ.. وایی چەند دڵم تەنگە.. ئەمەوێ رابکەم کە لەپڕ لەناوەوەم ڕا گوێم لەپێکەنینمەو لەدڵەوە قەشمەریم بەخۆم دێت.. لەرێگاى شوقە بە (هێمن) ئەڵێم "ئەم سەدەیە سەدەى نائومێدییە.. بیرى رەفیق چالاک و رامیار مەحمود بەیەکەوە دەکەم..!" نازانم هى ئەوەیە هەردووکیان بە (را) دەستپێدەکەن، یان هى ئەوەیە هەردووکیان نائومێدن.
پێ هەڵئەگرم.. لەمسەرەوە بۆ ئەو سەر رائەکەم بەناو ئەم تاریکاییەى خۆما.. دەیهێنمەوە یادى خۆم جیاوازى ئێستا و جارانم لەوەدایە؛ جاران بە سابونى لوکس خۆم دەشۆرد، بەگوێزانى سەفەرى ریشم دەتاشى.. ئێستا ریشم ناتاشم، بەیانیان دەموچاوم ناشۆم.. قتوى جێڵەکەم فڕى دەدەم و ئیتر کراسەکەم ئوتو ناکەم.. بە چاکەتە زیرەییەکەمەوە وەک هەمیشە سەعات حەوت لەماڵ و لەخۆم دێمەدەرەوە.. ماوەیەکە سەیارەکەشم وەک خۆم وڕە..! دەچمە دائیرە، بـا کچەکان هەر پێبکەنن.. لەدواوە چەمۆڵەم لێنێن.. کەتێپەڕیم تەعلیق بهاوێن.. گوێى خۆم کەڕدەکەم وادەزانم هیچم نەبیستووە.
ئەفسانەى کاوەى ئاسنگەر بەفارسى دەخوێنمەوە.. گاڵتەم بە دەوڵەتى مەد دێ.. وا دەزانم جەنگەکانى یەکەم و دووەمى جیهانى ئەفلام کارتۆن بوون.. وا ئەزانم کەس نەمردووە.. (دریسدین) درۆبووە.. هەموو ئەوانە فتبۆڵێن بوون، یارییەک بوون و تەواوبووە.. کێ سەیرى یارییەکى تەواوبوو دەکات؟!.. حەزدەکەم کوێربوومایە، هەر هیچنا هێواشتر دەڕۆیشتم لەڕێگا.. بەدایکم دەڵێم "ئەوە دایە بۆ ئینسان کە کوێر دەبێت، دەنگى خۆش دەبێت؟".
لەگەڵ بەنگلادیشییەکدا دەبمە رەفیق.. جگەرەکەى خۆمى دەدەمێ و گسکەکەى لێ وەردەگرم.. ئەمەوێ پەڵەیەک لەسەر دڵم پاکبکەمەوە.. ئەو پێدەکەنێ و لەبەرخۆیەوە شقڵى وپقلى قسانێک دەکات.. واهەستدەکەم ئەو کوڕە رەشتاڵەیە وتبێتى "حەیفێ.. تۆ مەهارەتى فیربوونى گسکدانیشت نییە "..شەوان قەڵەم و وەرەقەیەک دەبەمە ژێر بەتانییەکەم و هەر بەچاوى نوقاوەوە خەوەکانم دەنوسمەوە.. سەداى دایکم لەگوێما زایەڵە دەکا کە دەڵێ "ئەرێ رۆڵە تۆ بۆ وا لەخۆتدەکەیت؟!".
دایالۆگێکى (سوکرات)و (گڵاوکۆن) لەمەڕ عەدالەت دەخوێنمەوە، کە ژنەکەم بە پرسیارێک رامدەپەڕێنێ "ئەرێ ئەمە ئەفلاتونى حەکیم نییە؟".. "بــــا" باوێشکێک دەدەم و دەڵێم "بەس ئەم تەرجومەیە لەحیکمەتى خستووە" لەبەرخۆمەوە نایەڵم ئەو گوێى لێبێت دەڵێم "وەڵڵاهى پیاو موشێن بکات بەختەوەرترە لەوەى فەلسەفە بخوێنێتەوە.." ماوەیەکى زۆرە قسەم لەگەڵ خۆم دابڕیوە.. ئەزانم ئیتر لەوەزیاتر بەرگەناگرم، کەچى ئەوندە کەلەڕەقم نامەوێ لەگەڵى ئاشتببمەوە.. ئەمەوێ ئیتر غاز پڕنەکەمەوە و بایعییەکە وەرنەگرم.. شەوێک وەرەقەى نەوتەکە دەدەم بە کرێکارێکى شەنگارى بەردەرکى سەرا.. لەفەیەک لەقوڕ دەخۆم.. شیشێ زەهرى مار.. بەجادەکاندا رادەکەم.. جوێندەدەم.. لەناکاو دەوەستم و دواى قەیرێ بێدەنگى لەبەرخۆمەوە پێدەکەنم.
توتە و برا توتە نەبێت، هەموو پەنجەکانى دەستى راستم دەزریکێنێت.. هى ئەوەیە فشارم زۆر لەسەر داناون، چى بکەم پاندانەکە نانوسێت.. تا دەستم دەگات فڕێى دەدەم.. نازانم ئەرێ ئەمویست چى تر بکەم؟!..








* خوێنەرى ئازیز.. بۆ من زەحمەتە کە بڵێم ئەم نوسینە چییە؟ تەنیا ئەوەندە نەبێ دەتوانم بڵێم؛ هەوڵێکە بۆ کۆکردنەوەى سەرەپارچەکانى مەزاجێکى پەرت. بەستانداردە کلاسیکییەکانى ئەدەب ناچێتە چوارچێوەى هیچ ژانرێکەوە، هەر بۆخۆشیى حەزدەکات نەچێ.. هەرچۆنێک بێت ئەمە ئەزمونێکى منە کەهەندێ جار واى پێدەنوسم، لەم تێکستەدا کات و شوێن، کاراکتەر و روداویش هەن، بەڵام یان زۆر زەق دەردەکەون یان زۆر تەنک وەک تەم.. سەرەتا بڕیارمدابوو هیچ پەڕاوێزێکى بۆ نەنوسم! بەڵام پاشتر بینیم وا باشە یەک دوو دێڕکى لەبارەوە بڵێم نەکا بڕست لەخوێنەرەکەى ببڕێت.. گەر خراپیش بوو دیارە خەتاى منە کە نەمزانیوە باش بنوسم، هیوادارم لەمەودوا فێرببم..