به‌سه‌رچوو سه‌رده‌مى سه‌فه‌ره‌كان
یوسف عیزه‌دین
سه‌فه‌ر مه‌كه
چیدى نابینى
سێبه‌رى ئه‌و ده‌ریایه‌ى
به‌یاده‌وه‌رى تنۆكه سوێره‌كانى
زه‌مه‌ن بارگاوى بوو
ئاسته‌مه بینینه‌وه‌ى
سێبه‌رى یاده‌وه‌رى هه‌ڵوه‌رینى
خشۆكه بێباڵه‌كانى ئاسمانىَ
له‌و حیكایه‌تانه‌ى
تنۆك تنۆك به ئه‌سپایى
له‌سه‌ر لێوى زه‌مه‌ن هه‌ڵده‌خزان
ئه‌و حیكایه‌تانه‌ى به‌شێک بوون
له‌سولاله‌ى ئه‌فسانه‌كانى باو
سیحر‌و ته‌لیسمى
چاخه‌كانى تاعوون
ئاسته‌مه بینینه‌وه‌ى
نیوه‌ڕۆكانى ره‌نگپه‌ڕینى میتاڵه‌كانى خوێ
له‌نێو توانه‌وه‌و مه‌یینى
چاخه‌كانى هه‌لَزنان و رۆچوون
بۆ نێو نهێنى كوولبوونى
میلى كاتژمێره‌كانى لم
په‌نهانى ره‌گداكوتینى
كانزا ژه‌نگاوییه‌كان
بۆ‌نێو لوغزى سێگۆشه بوونى
هه‌موو ئه‌و خه‌نجه‌رانه‌ى پاش كوژرانیان
له‌زه‌رده‌په‌ڕى ئێواره‌یه‌كا
به‌خه‌یاڵ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌مه‌رقه‌ند
ئاسته‌مه بینینه‌وه‌ى
چاخه‌كانى دۆزینه‌وه‌ى سه‌یرترین ئیكسیر
له‌ئێسكى ماسییه مۆمیاكراوه‌كانى
سه‌رده‌مى فیرعه‌ونه‌كان
ئاسته‌مه بینینه‌وه‌ى
سپێده‌ى دۆزینه‌وه‌ى ته‌لَخترین مه‌رهه‌م
بۆ رۆشنكردنه‌وه‌ى په‌نجه‌كان و
شێلانى ئه‌ندامه شاراوه‌كانى شه‌یتان
بۆ گۆڕینى ره‌نگى پێست و چاوو
ئاوه‌لَكراسى مه‌خلووقه بێڕه‌نگه‌كان
به‌سه‌رچوو
سه‌رده‌مى دابارینى گه‌ڵاو
گه‌مه‌ى گولَ و چاوشاركێى خه‌یاڵ
به‌سه‌رچوو
ئه‌ندێشه‌كردنى چه‌ندین شه‌وانى
شینى وه‌ك ده‌ریا
به‌سه‌رچوو
سه‌رده‌مى ئه‌و ده‌روازانه‌ى
كه‌له‌به‌رده‌میا رۆحى كه‌شتیه چارۆكه‌داره‌كان
بۆ هاتنى با
خه‌ونیان به‌شه‌پۆله‌كانه‌وه ده‌بینى
به‌سه‌رچوو
سه‌رگوزشته‌ى ئه‌و شمشێرانه‌ى
بۆ خاترى بینینى خوێن
له‌قووڵایى ماجه‌راكانى جه‌نگا ده‌خه‌وتن
ئێستا زه‌مه‌نى تێكشكانى خه‌ونى ئه‌و كه‌شتیانه‌یه
كه‌رۆحى ماجه‌راپه‌رستى قه‌راسنه‌كان
له‌خالَێكى وه‌ستاوى زه‌مه‌نا
بۆ زانینى قه‌ده‌رى ئه‌ژدیهاكان خستیانه رێ
ئیدى تۆ ئه‌و ئه‌سپه نادۆزیته‌وه
كه‌دوا میرى مه‌مله‌كه‌تى له‌سه‌ر گلا
هیچ رێگه‌یه‌ك ناتباته‌وه
بۆ سه‌ر ئه‌و گۆمه نه‌بینراوه‌ى
میناتۆره حه‌رامكراوه‌كانى تىَ فڕێدرا
هیچ ده‌لاقه‌یه‌ك
ناڕوانێته نێو ژووره شووشه‌به‌نده‌كه‌ى میر
تابزانی چه‌ند مێینه‌ى سه‌یرتر
له‌ئاو و گوڵ
له‌وێدا رامكرا
ئیدى ئه‌و كچه نابینیته‌وه
كه بۆ بینینى رۆحى بیابان
دواى كاروانى ئه‌ندێشه كه‌وت
ئه‌و كچه‌ى
به‌بىَ ئه‌وه‌ى پىَ بزانىَ
له‌نێو جه‌رگه‌ى ده‌ریاى لما
له ساته‌وه‌ختى روانینى بۆ سه‌راب
بۆ هه‌تا هه‌تایه ونبوو
ئه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى ره‌نگى موسافیر
له رووكارت نیشتووه
سه‌فه‌ر مه‌كه
چاخى سه‌فه‌ره‌كان به‌سه‌رچوو
رێگه‌كانى ئێستا ده‌چنه‌وه سه‌ر هیچ
تۆ ئیتر نه‌سلى ئه‌و مشكانه نادۆزیته‌وه
كه‌تاوانبارن به‌هێنانى چڵه وشكه‌كانى حه‌قیقه‌ت
چیدى رێگه‌یه‌ك نییه
بچێته‌وه سه‌ر رێگه‌ى ناشوێنێك
له‌قه‌ڵا دێرینه‌كانى ئاو
جه‌نگه جوانه‌كانى خه‌ون
شارستانیه‌تى نه‌وه‌كانى قه‌ومى ڵووت
چیدى ئه‌و پیاوه نادۆزیته‌وه
كه‌به‌ره‌به‌یان ره‌جمكرا ئێواره له‌خاچدرا
ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ده‌یویست
له‌نێو كتێبخانه په‌نهانه‌كه‌ى ئیبلیسا
ببێته ئه‌فسانه كتێبێكى نه‌نووسراو
به‌سه‌رچوو هه‌موو ئه‌وه‌ى كه‌بوو
ئێستا زه‌مه‌نێكه له‌وێنه
بۆ ناوێنا كردنى ئیماژ ده‌گه‌ڕىَ
نابیستىَ
هیچ میتافۆرى رووداوێك
تازمانى سه‌ردى بێته گۆ
به‌و دێوه ده‌چىَ
له‌چاوه‌ڕوانى فڕینى به‌ردێكا توایه‌وه
هاوشێوه‌ى عیفریتێكه
نه‌زانرا بۆ له‌قووڵایى خورافه‌یه‌كا خه‌وت
وه‌ك ئه‌و دوو بوونه‌وه‌ره‌یه
به‌رله‌مێژووى كوشتن و
به‌درامابوونى ژیانى كوژراوه‌كان
پێش له‌دایك بوونى یه‌كه‌مین بكوژ
بىَ ئه‌وه‌ى پىَ بزانن
یه‌كتریان كوشت
ئه‌مڕۆ رۆژێكه بێده‌نگ
وه‌ك بێڕه‌نگى خوێن
لێوان‌لێو له‌بێهووده‌یى ده‌ماره‌كان
ئیدى سێبه‌رى ئه‌و ده‌ریایه نابینیته‌وه
بالَنده كزۆڵه‌كان
پاییزانێك به‌سه‌ریا وه‌رین
له‌ساتێكا
تیشكى دوایه‌مین خۆره‌تاوێك
ده‌نگى ماسییه‌كانى له‌گه‌ل خۆى برد
دلَۆپه ئاوه‌كانیش هه‌وره‌كان له‌خۆیانگرت
ئه‌ى ئه‌و كه‌سه‌ى هێنده‌ى باڵاى موسافیرىَ
له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ى سه‌فه‌را
سه‌ره‌تاتكێى رێگه بێكۆتاكان ده‌كه‌ى
گوێڕادێره بۆ هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه‌ى
كه‌پێت ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر بڕۆى
جارێكى تر نایه‌یته‌وه
نێو كۆڵانه دێرینه‌كانى حه‌قیقه‌ت
نابینیته‌وه سه‌روسه‌كوتى خۆڵاوى
میره‌كانى خه‌ون
كۆشكه خه‌یاڵییه‌كانى مۆلَگه‌ى كه‌ڕوو
ده‌ڵێن مه‌ڕۆ
تاببینى چۆن
هه‌موو ئه‌و كچه ئاوییانه‌ى
له‌گه‌لَ باران دێنه خوارێ
به‌فه‌رمانى ئاسمان
له ئامێزى موریده‌كانى بێهووده‌ییا
هه‌ر به‌ڕووتى راده‌کشێن
ده‌ڵێن مه‌ڕۆ
به‌سه‌رچوو
ساته‌وه‌ختى له‌دایكبوونى ئه‌و حه‌رفانه‌ى
له‌پشت زه‌خره‌فه‌كانه‌وه ده‌بوونه ده‌نگ
رۆژگارى ئه‌و وشانه‌ى له یاده‌وه‌ریا ده‌نووسران
ئه‌و دێڕانه‌ى ده‌بوونه موسافیرو
شاره و شار
به‌شوێن په‌ره‌گرافێكا ده‌گه‌ڕان
به‌سه‌رچوو
ساته‌وه‌ختى فڕینى ئه‌و نه‌وڕه‌سانه‌ى
له‌ئاسمانێكى گه‌رما باڵه‌كانیان هه‌لَپڕووكا
به‌سه‌رچوو
وه‌رزى ئه‌و ئاسكانه‌ى له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى
دارستانێك له شه‌به‌نگ
تائه‌به‌د بوونه په‌لكه‌زێڕینه‌ى
ئاسمانێك له هیچێتى هه‌مووان
به‌سه‌رچوو
سه‌رگوزشته‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى كاروانى
ئه‌و مه‌خلووقانه‌ى
سه‌رده‌مانێك بۆ هێنانى خوىَ
به رێگه‌یه‌كه‌ى نه‌زانراوا
گه‌یشتنه سه‌ر پردى سیراد
به‌سه‌رچوو
شه‌وانى ئه‌و حیكایه‌تانه‌ى
به‌بىَ حیكایه‌تخوانیش هه‌ر هه‌بوون
ده‌ڵێن مه‌ڕۆ
تۆ هانیبالَ نیت
به‌سوارى فیلێكى بێده‌نگه‌وه
به‌نێو چاخه‌كانى به‌فرا سه‌فه‌ر بكه‌ى
وه‌ك جه‌نگاوه‌رێك له‌ته‌م
له‌گه‌لَ هه‌موو ته‌متوومانێك بێیته دنیا
تۆ ئه‌و نیت
تا له‌پێناو سڕینه‌وه‌ى ناوى رۆما
كارتاجه‌یه‌ك له‌حه‌رفى نه‌زانراو
له‌ده‌ره‌وه‌ى زانراوه‌كان چێبكه‌ى
تۆ خوێنى هیچ فینیقییه‌ك
به‌ده‌ماره‌كانتا ناگوزه‌رىَ
تا به‌ڕێكه‌وت
توێژاڵه لمى كه‌نار بكه‌یته كریستاڵ و
ده‌ریایه‌كیش له‌وه‌همى شووشه
بنێریته كارتاج
تۆ ناتوانى وه‌ك هۆمیرۆس
له‌پشت ته‌ڵخترین په‌نجه‌ره‌وه
بڕوانیته موعجیزه‌ى زیندووبوونه‌ه‌ى
ئه‌و كوژراوانه‌ى
حیكایه‌تى مه‌رگى رۆژه‌كان ده‌گێڕنه‌وه
ده‌ڵێن مه‌ڕۆ
تۆ سێبه‌رى ئه‌و ده‌ریایه نابینیته‌وه
كه‌هێشتاكه خۆڵبارانى نه‌بینیبوو
به‌سه‌رچوو
سه‌رده‌مى سه‌فه‌ره‌كان
سه‌رده‌مى خه‌یاڵ
سه‌رده‌مى شیعر و جوانى ومه‌ستبوون
سه‌رده‌مى ئاوازه رۆحییه‌كانى
سه‌دان قیساره‌ى نه‌رم
نه‌رمتر له‌لێوى شه‌هره‌زاد
ده‌لێن مه‌ڕۆ
لێره‌به بۆ بینینى نه‌وه‌كانى خۆلَ
بۆ خوێندنه‌وه‌ى مێژووى كێویبوونى ئه‌قلَ
لێره‌به تا له حیكمه‌تى هه‌موو تۆبه‌كان بگه‌ى
ئیدى به هیچ رێگه‌یه‌كا نه‌ڕۆى
هه‌رگیز نه‌بیته موسافیر و
تا ئه‌به‌د سه‌فه‌ر نه‌كه‌ى
لێره‌به له گه‌لَمان
له‌لاى یه‌كێك له په‌یكه‌ره جیوه‌ییه‌كانى
سه‌ركرده‌ى خۆلَ
له‌نێو مه‌عشه‌رى خۆلَ
له خامۆشى باخچه‌هه‌لَواسراوه‌كانى
بورجى ده‌نگ و سه‌دامان رابمێنه
بۆنى رێنووسى به‌رد بكه
بڕوانه میرى خۆڵاویمان
ببینه چۆن هه‌ر له‌یه‌كه‌م رۆژى بوونیه‌وه
زمانى هه‌موو ئه‌و خشۆكانه‌ى بڕى
كه‌ده‌یانویست زمانه ته‌ڕه‌كانیان
له‌خۆلَى ئه‌و خاكه وه‌رده‌ن
كه‌سه‌دان پشتى میرانى خۆلَ
له ده‌ره‌وه‌ى دونیاى باران حوكمیان كرد
لێره‌به له‌گه‌لَمان
چاو بۆ هیچ هه‌ورىَ مه‌گێڕه
بیر له هیچ بارانىَ مه‌كه‌ره‌وه
خه‌ون به‌هیچ دلَۆپه ئاوێكه‌وه مه‌بینه
له‌لاى یه‌كێك له په‌یكه‌ره جیوه‌ییه‌كانى
سه‌ركرده‌ى خۆلَ
هه‌روه‌ك وه‌ستانى سه‌دان سالَى ئێمه
له‌حوزورى گه‌وره‌یى ئه‌وا
بێده‌نگتر له خۆلَ رابوه‌سته