ناشوێن
یوسف عیزه‌دین
بۆ "Anita
Espander" له هه‌ر ناشوێنێك بێت
من له‌كوێم
له‌به‌ر ده‌ركه‌ى كام سه‌فه‌را
زه‌لیلم وه‌ك زه‌لیلیى ئاو
بۆ گه‌رمه‌تاوێك بمباته‌وه بۆ ئاسمان
تا له‌باوه‌شى هه‌ورا
بیر له‌بارینى دڵۆپه‌كان بكه‌مه‌وه
چاوه‌ڕێم
چاوه‌ڕێى كام قه‌ده‌رم
جوانتر بىَ له‌قه‌ده‌رى حه‌رفه‌كانى وه‌هم
سه‌یرتربىَ له‌وشه‌كانى با
قوڵتربىَ له‌ده‌روونى شێته‌كانى به‌هه‌شت
من چاوه‌ڕێى چیم
بۆ بینینى چ په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌ك راوه‌ستاوم
بیر له چ گه‌ردوونێكى بىَ ئه‌ستێره ده‌كه‌مه‌وه
خه‌ون به‌رووكارى چ كتێبێكه‌وه ده‌بینم
پڕبێت له‌سیحرى پاساژه‌كانى مێخه‌ك
نغرۆ بێت له‌بۆنى مه‌مكۆڵانى كچۆڵانى خه‌ون
من چاوه‌ڕێى چیم
بۆ تینووم وه‌ك باڵنده بێپه‌ڕه‌كانى دۆزه‌خ
ماندووم وه‌ك جه‌للاده‌كانى حه‌قیقه‌ت
سووتاوم وه‌ك ده‌نكه‌كانى هه‌نار
من له‌كوێم
له كۆریدۆره‌كانى كام مێژووا
تێكه‌ڵ به‌بۆنى نۆستالژیاى كام رۆژگارێ
له‌دواى كام كاروانێ و
له‌پاڵ كام چه‌ته و پیاوكوژ و بازرگانێكا
له پاساژه‌كانى كام زه‌مه‌نا
له‌نێو كام باوه‌ڵ و سه‌رداب و پێچوپه‌ناى
كۆشكه‌كانى خه‌یاڵا بۆ وێنه‌یه‌كى
لێكچوو به‌خۆم ده‌گه‌ڕێم
له چ ئان و ساتێكا
بۆ بینینى چركه و خوله‌ك و كاژێرى
یه‌كه‌مین كاتژمێرى لم ده‌گه‌ڕێم
من له‌كوێم
كام تۆپۆگرافیایه
كام پانتایى جوگرافیایه
كام كون و كه‌له‌به‌رى شوێنه
من له‌نێویا هه‌م
من له‌كوێم
له‌كام سه‌رابستانا تینووم
له‌كام نه‌خشه‌دا بۆ ئاو ده‌گه‌ڕێم
ئاوێكى زه‌لیل وه‌ك خۆم
چه‌واشه‌ى چ به‌هه‌شتێكم كه‌نایبینم
تا ده‌م بنێمه رووباره سه‌یره‌كانى
تا تێر ئاوبم له زنه و كانییه‌كانى
نایبینم
تا سه‌رسامبم به‌بینینى حۆرییه‌كانى
خه‌فه‌ت بۆ غولمانه‌كانى بخۆم
سڵاو له‌به‌هه‌شتییه‌كان بكه‌م
هه‌واڵى بێزارییان ببیستم
من له‌كوێم
له‌ده‌ره‌وه‌ى كام شوێن بۆ شوێن ده‌گه‌ڕێم
تاجه‌سته‌ى قوڕاویم
له ژێر بارانیا بشۆمه‌وه
من له‌كوێم
تا بۆ ناشوێنێك بگه‌ڕێم
نه‌فره‌تى سولایه‌ك له‌به‌شه‌رى
له‌خۆم نه‌رمترى
تیا بنێژم
تا گوڵه وشكه‌كانى تیا بچێنم
ئه‌و گوڵانه‌ى به‌هه‌ڵمژینى
بۆن خوێنى كوژراوه‌كانى عه‌ده‌م
دوا هه‌ناسه‌یاندا و مردن
ده‌بێت ئه‌و گوڵانه ئاوده‌م به‌فرمێسكى
هه‌موو ئه‌و دیناسۆرانه‌ى په‌شیمانن
له‌به‌جێهێشتنى زه‌وى بۆ ئێمه‌ى به‌شه‌ر
ئێمه‌یه‌ك له‌واندڕتر، له‌وانشێتتر
له‌وان كڵۆڵتر و به‌دبه‌ختتر
ئێمه‌یه‌ك كه‌نازانین نه‌وه‌ى كێین
نه‌وه‌ى ئاده‌م و حه‌وایه‌ك له‌تاوان
كه‌خالیق ویستى زه‌مین
به‌وان بكاته گۆمێك له خوێن
یان نه‌وه‌ى گۆریلا داماوه‌كانى جه‌نگه‌ڵ
من له‌كوێم
له‌كام ده‌ریادا بۆ حۆرییه‌كانى ده‌ریا
ده‌گه‌ڕێم
تا ده‌م بنێم به‌لێویانه‌وه و
له‌واتاى چرپه بگه‌م
له‌كام دوورگه‌دا گوىَ بۆ ده‌نگى
باڵنده‌كانى سیحر راده‌گرم
تا پاش ئه‌وان هیچ نه‌ڵێم
من له‌كوێم
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌مینه‌م یان له‌شوێنێكى دى
ئه‌ى ئه‌گه‌ر لێره‌م
بۆ هه‌لوه‌سه‌ى بینینى زه‌مینێكمه له‌خۆڵ
له‌ئاو، له‌به‌رد، له هه‌موو ناوهاتووه‌كانى
نێو كتێبه‌كانى بایۆلۆژیا
بۆ هستریامه بۆ دۆزینه‌وه‌ى
یه‌كه‌مین شوێن پێى مرۆڤێك
له‌تان و پۆكانى شوێن
كام شوێنه ئه‌وداڵیم
ئه‌و شوێنه‌ى كه‌خالیق دروستیكرد
یان ئه‌و شوێنه‌ى پێش ئه‌ویش هه‌ر هه‌بوو
كام شوێنه سه‌وداسه‌رى بینینیم
ئه‌و شوێنه‌ى به‌ردمانكرده
سه‌ره‌تاى ئه‌وه‌ى ئێستا
به‌رد بارانمان ده‌كا
یان ئه‌و شوێنه‌ى قوڕمان تیاكرده
سه‌ره‌تاى حیكایه‌تاكان
تا هه‌موو حیكایه‌ته‌كانمان له‌قوڕهه‌ڵشێلین
كام شوێن
ئه‌و شوێنه‌ى زمانمان تیا پژا
به‌سه‌رجه‌م ئاوه‌ڵناوه‌كانى جه‌هل
ئه‌و شوێنه‌ى بۆ یه‌كه‌مجار
خوێنى ئاژه‌ڵه‌كانمان
تیاكرده یه‌كه‌مین وێنه‌كانى
سه‌ر دیوارى ئه‌شكه‌وت
ئه‌و شوێنه‌ى هێنده‌ى قووڵایى زه‌مه‌ن
یه‌كترمان تیا ئه‌تكرد و
پڕبه‌دڵى خۆمان سوارى
ئه‌ندێشه‌ى هه‌موو ئه‌وانه بووین
كه له‌ئێمه ده‌چوون
یان ئه‌و شوێنه‌ى
به‌شێكه له‌خه‌یاڵى نه‌وه‌یه‌ك
له‌مردووه‌كانى ناشوێن
به‌شێكه له‌خه‌یاڵى ره‌وێك
له حه‌یوانه‌كانى ئه‌زه‌ل
من له‌كوێم
له چ شوێنێكا خه‌وتووم
خه‌ون به‌چ نه‌هامه‌تییه‌كى دیكه‌ى
سیماى ئاگره‌وه ده‌بینم
سه‌یرى كام دۆزه‌خ ده‌كه‌م
كه گوناهه‌كانم ناگرێته خۆى
بیر له‌چ كوفرێك ده‌كه‌مه‌وه
تا ده‌ركه‌كانى ئه‌و دۆزه‌خه‌م
بۆ بخرێته سه‌ر پشت
حه‌زم به‌بینینى كام زه‌بانییه‌و
جه‌للاد و ئه‌ژده‌هاى
پشتى ئه‌و دۆزه‌خه‌یه
تا هێنده تینووى بینینى بم
نازانم له‌كام رێگه‌وه بچمه‌وه سه‌رى
تا له‌به‌هه‌شتى ئه‌م دنیایه هه‌ڵبێم
كام رێگه‌ى تاوان بگرمه به‌ر
شه‌ڕ به‌كامه ئه‌فسانه بفرۆشم
له‌گه‌ڵ كام داستان بجه‌نگێم
نه‌فره‌ت له‌كام فریشته بكه‌م
كام خوداوه‌ند له‌خۆم تووڕه‌بكه‌م
نازانم له‌كام مێژووه‌وه ده‌ست پێبكه‌م
ببمه فه‌رماندارى كام سوپاى خوێناوى
سه‌فه‌ر به‌كام رێگه‌ى كوشنده‌یا بكه‌م
له‌كه‌لله‌سه‌رى كام میلله‌ت
قه‌ڵا و قووله دروست بكه‌م
وێنه‌ى كام جه‌نگاوه‌ر به‌رزكه‌مه‌وه
له‌گه‌ڵ كامیان ببمه هاوڕێ
بچمه سه‌ردانى كامیان
له‌حزوورى كامیانا بنووشتێمه‌وه
نازانم له‌جه‌نگیزخانه‌وه ده‌ست پێبكه‌م
یان له‌و كۆنتر بكه‌مه هاوڕێى
سه‌فه‌رى قڕكردنى به‌شه‌ر
نازانم به‌هه‌مان رێگه‌ى ئه‌وانا ره‌وبكه‌م
یان ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ خۆم به‌رمه
سه‌مه‌رقه‌ند، دواتر بوخارا و هیند
پاش زه‌مه‌نێكیش له‌رێكردن بیانبه‌مه
سه‌ر شوێنى سڕدراوه‌ى كارتاج
یان هه‌ر لێره‌وه ده‌ست پێبكه‌م
له‌شوێنجێگه‌ى زامه‌كانى
هه‌موو ئه‌و مرۆڤانه‌ى بۆ بینینى خوا
وه‌ك هیچێتى دنیا توانه‌وه
وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ى
وه‌ك حه‌للاج
له‌رێگه‌ى دۆزینه‌وه‌ى خوایا
خۆیان له‌نێو سه‌جع و ره‌وانبێژى عه‌ده‌ما
له‌رۆژگارێكى خۆڵاویا له‌بیرچوو
به‌ڵام هه‌ر رۆیشتن
تابوونه هه‌ڵم و ته‌م و هه‌ور
بوونه باران بۆ هه‌موو
ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌نه‌بوون
بوونه خه‌یاڵى قوربانییه‌كى ماسۆشى
كه‌به‌شوێن سادییه‌تى جه‌للادێكا ده‌گه‌ڕىَ
كه‌خۆى نه‌مابێت و بووبێته ته‌ور
بووبێته نه‌فره‌ت و رك
تاوه‌ك ئه‌و فریشته‌یه‌ى رۆح ده‌كێشێت
رۆحیان بكێشێت
نازانم له‌كوێوه ده‌ستپێبكه‌م
له‌كام كیشوه‌ره‌وه رێگه بگرمه‌به‌ر
له‌كام ده‌ریاوه سه‌فه‌ر بكه‌م
كام توخمى به‌شه‌ر
بكه‌مه هاوڕێى سه‌فه‌ر
بگه‌مه چه‌ند به‌نده‌رو
له‌نێو گه‌ڵى چه‌ند سۆزانیا بخه‌وم
بۆنى سنگى كامیان
له‌گه‌ڵ خۆم بێنم
یاده‌وه‌ریه‌كانى كامیان
بخه‌مه پریاسكه‌ى سه‌فه‌رم
بیر له‌نێوگه‌ڵى كامیان بكه‌مه‌وه
چاوى شه‌هوانى كامیان
بكه‌مه فیگورى حه‌زى شێتانه‌م
بۆ كام دڵۆپه سپێرمم
حیكایه‌تى دۆڕ‌انى ئه‌وان بگێڕمه‌وه
وێنه‌ى ئاڵۆشاوییانه‌ى كامیان بهێنمه‌وه
تا هه‌موومان له‌ماناكانى یه‌ئس بگه‌ین
حه‌ز له‌كامیان بكه‌م و
كامیان له‌ویتریان جوداتر ببینم
من له‌كوێم
له‌كام شوێنى ئه‌م دنیایه
بۆ تۆ بگه‌ڕێم و
نه‌تدۆزمه‌وه
2008