( گەڕانەوە بۆ خەونى تاتەبەرد )


یوسف عیزەدین
yousifazaddin@yahoo.com


 


( بۆ نەشمیل کەنەیدەویست بگەڕێتەوە بۆ نێو درەختە میتاڵییەکان )

پێش ئەوەى
ژانتا شلۆقەکانى زەمەنێک بپێچینەوەو
نەرمترین پێڵاوى رۆژگارێک
بکەینە پێ و
لەساتەوەختێکى وەستاودا
دوورترین رێگەى سەفەر بگرینە بەر..!!؟
ئێمه‌ بەشێک بووین،
لەوەهمى سەدەف و گوێچکەماسییەکانى
سەیرترین سەرابى کەنارێک
لەهیرۆگلیفییەتى توێژاڵە لم..
بەشێک بووین لەو شوێنپێیانەى
کە سیحرى شەپۆلەکان دەیانسڕییەوە..
ئاشناى سەیرترین مەخلوق و
هاودەمى عەجایبترین باڵندە بووین
پیادەڕەوى،
کۆنترین کوچەو کۆڵان و شەقامى وەهم بووین..
کە بەقەدەرێک چاوەڕوانى تێیدا پیر بووین..
پیر،
وەک پیربوونى دوو چڵە نێرگزى
نێرگزەجاڕ..
وەک پیربوونى ئاو و خەیاڵ،
تاریک و روون،
بەدەنگى نەوەڕەسێکى خەواڵوو،
وەئاگا دەهاتین و
بێدەنگبوونى دەریاش،
شەوى وەبیردەهێناینەوە و دەخەوتین..
کەشتییە چارۆکەدارەکانى خەونیش،
سەفەرى نێو دنیاى ئۆقیانووسیان پێ دەکردین..
هەموو رۆژێک، ئێواران..
لەهەمان کەنارى سەرابەوە،
چاومان دەبڕییە زەردترین ئاسۆى..
ساتەوەختێک لەنایەقینى،
پێکەوەبوونى شێتێتیمان..
پێکەوەبوونى نامۆترین ساتەکانى بوونمان!!
کەپێڵوەکانیشمان ماندوو دەبوو،
ئاسمان لەنێو دەریاکەدا دەخەوت
رۆژگارێکمان، بەبێ چەتر..
لەژێر بارانى ناوەختى کەنار دەریادا
بردە سەر..
کەتا تەواو تەڕ نەبووینایە،
هەڵنەدەستاین و کەنارمان جێ نەدەهێشت..
ساڵانێکمان بەبێدەنگى بردە سەرو
هێندە سەرسام بووین،
بەدنیایەک وێنەى پەرش و بڵاو
دەنگێک لەگەروومانەوە نەهاتە دەرێ و
هیچمان نەگوت!
پێش ئەوەى..
دوورترین رێگەى سەفەر بگرینە بەر،
دوو رەشپۆشى
کەنارێکى سپى بووین..
لەهیرۆگلیفییەتى توێژاڵە لم..
بەشێک بووین لەبوونەوەرەکانى
دنیایەکى تر...
کەچى ئێستا پاش ئەوەى گەیشتینە
دوا مەنزڵى،
دوورترین رێگەى سەفەر..
پەشۆکاو و شپرزە،
لەنێو درەختە میتاڵییەکانى
دارستانێکى دوور..
دەڕوانینە یەئسى سەرسەختترین
سولالەى بەشەر،
کەلەکانزا باڵندەکانى دروست دەکات و
دەرگا بەردینەکانى،
لەڕووى با دادەخا..
دنیایەکى هەیە لەخەونى تاتەبەرد!؟
تۆ بڵێى جارێکى دى؟!
ژانتا شلۆقەکانى زەمەنێک بپێچینەوەو
نەرمترین پێڵاوى رۆژگارێک
بکەینە پێ و
لەساتەوەختێکى وەستاودا
دوورترین رێگەى سەفەر بگرینە بەر...!!؟