بەمجۆرە هەڵدەوەرێت پاییزى من



زمناكۆ بورهان قانع
zimnaco@hotmail.com

 

تێبینى: ئەم دەقە شیعرییە سەرلەنوێ ئیشكردنەوەیە لە گۆرانى (برادەر گیان)ى گەورە گۆرانیبێژى ئێران (داریوش)دا . دیارە (سوهراب) یش بە دوو دێڕ لە پێشەكى شیعرەكەدا ئامادەگیى دەبێت.
 
  
 
زەلكاوى ژوورەكەم رەش هەڵگەڕابوو
  من ئاوازى خوێنم لە دەمارمدا دەبیست

 
  سوهراب سپێهرى – ساتى وون بوو
 
 
 
 
 
دەقى شیعرەكە:
 
 
 
  من...
   عادەتم گرتووە... بە مەئواى خەراباتى  تۆ... ئەى برادەر
  موحتاجم بە لەززەتى هەلاهەلاى ئیحساسى تۆ... ئەى راگوزەر
  تۆ... راگوزەر
  بە تڵوعى ئەم هیجرەتە
  چ موئمینێكت
  لە ساحیلى لاى مەشرەقت سەرگەردان كرد؟
  بە ئیعلانى خۆكوشتنت
  چ مورغێكى باڵ سوتاوت
  لەم سەحرایە... بە خەنجەرێكى چەقیو لە سینەدا
  فێرى لەبیرچونى وانەكانى فڕین كرد؟
  لە وێنەكانى ئەم ئەلبومە قەدیمەتدا
  ئەم دەرو دیوارانە بۆ روخاون؟
  پەرەندەیەكى موهاجیر
  بەسەر ئەم باخە وشكەى تۆدا بۆ بە نائومێدى دەفڕێت؟
  حەرفى موعەمماى راگوزارى تۆ
  لەم قاموسى پڕ ئەسرارە
  بۆ حیبرەكەى كاڵ بۆتەوە؟
  شكۆفەى خۆشنودى تۆ
  بۆ لە خەیاڵى مندا هەڵوەریوە ؟ ئەى برادەر
  دڵنشینە ئەم حیكایەتە... پڕ لە حوزنە ئەم چیرۆكە... ئەى راگوزەر
  تۆ بزانە... برادەر گیان
   بە ئاخرین سەفەرى تۆ...
   چۆن ؟ غەمى من قوڵتر دەكات هەڵوەرینى شەقایق
  چۆن ؟ بەحرى من سەر رێژ دەكات... هەیەجانى فرمێسكى تۆ
  تۆ... موقەدەسیت وە ك عیبادەتى دایكم... برادەر
  تۆ... پڕ حوزنیت وەك ژوورى تاریكى من... ئەى راگوزەر
  تۆ... برادەر
  بۆ لەمەودوا... سەفەرى تۆ
  لە شەوى پڕ شیددەتى دەرد و
  لە غەمى مەحبوس و پەنگخواردوم  
  هەڵوەداى هیجرەتى عومرە... بۆ مەقبەرەى چۆڵ و شێدارم
  تەمەنناى مردنى خۆمە... لە خەونمدا كە بێدارم
  لە ئێوارەى پڕ لە مەستى و سەرخۆشیى من... برادەر گیان
  تۆ نازانیت...
   چەند دڵتەنگم... چەند غەمگینم
  چەند رووخاوم... چەند كاولم
  چەند وێرانم... چەند حەزینم
  دڵم تەنگە لەم ساحیلە بێ ئومێدە و... زۆر غەمگینم لەم كەنارە خەراباتە
   تۆ نازانیت...
   عەشق و مەستى و هەڵوەرین بێ شكۆفەن... ئەى راگوزەر
  لەبەرئەوە... برادەر گیان
  باش گوێ بگرە لە مەقسەدى دڵبرینم... هەتا ئەبەد
  بەمجۆرە دەدوێت حیكایەتى دڵنشینم... بەمجۆرە هەڵدەوەرێت پاییزى من
  هەر بەمجۆرە
  پڕ ئەسرارە... شەوى تاریكى هیجرەتى تۆ
   سەرگەردانە... شەوى بێ رەحمى كاولى من
  هەڵوەریوە... شەوى دڵ مردووى پڕ لەرزى تۆ
   وێرانەیە... خەراباتە... قەبرى تەسك و پڕ خۆڵى من
  دڵنشینە ئەم حیكایەتە... ئەى برادەر
  پڕ لە حوزنە ئەم چیرۆكە... ئەى راگوزەر
  لەم زوڵمەتە... برادەر گیان
  گەر چەشمى تۆ... جەستەى داڕزاوى من دەبینێت
  بۆ نایەیت عیلاجى ئەو هەڵوەرینەى جەستەم بكەیت؟
  لەم ئەگزاخانەیەى ئێرە
  ئەگەر خوێنبەر و خوێنهێنەرى تۆ... خڕۆكەى سپیم دەگوێزنەوە
  بۆ هیمۆگڵۆبینى من زەرد هەڵگەڕاوە؟... ئەى برادەر
  ئەگەر لە گۆشەیەكى پڕ زوڵمەتى ئەم كەونەدا... شەوقێكى قەشەنگ ماوە
  ئەم عەزابە بۆ لە سینەى مندا دەسوتێت ؟ ئەى راگوزەر
  دڵنشینە ئەم حیكایەتە... پڕ لە حوزنە ئەم چیرۆكە... هەتا ئەبەد
  تۆ نازانیت... برادەر گیان
  چەند دڵتەنگم... چەند غەمگینم
  چەند رووخاوم... چەند كاولم
  چەند وێرانم... چەند حەزینم
  دڵم تەنگە لەم ساحیلە بێ ئومێدە و... زۆر غەمگینم لە كەنارە خەراباتە
  لەبەرئەوە...
  باش گوێ بگرە لە مەقسەدى دڵبرینم... هەتا ئەبەد
  بەمجۆرە دەدوێت حیكایەتى دڵنشینم... بەمجۆرە هەڵدەوەرێت پاییزى من
 

      حوزەیرانى- 2008