ئەدەب و مەرگ
ئێمە بۆ ئەوەى لە ژیان تێبگەین، دەبێت سادقى هیدایەت بخوێنینەوە
 


زانیار محەممەد


مایەى تێڕامانە کە تێکستە ئەدەبییەکان نەمرتر بوون لە شتەکانى دیکە. ئەوە ڕۆمانى (چارەنووسى)ى (ڤۆڵتێر)ە لە یادەوەرى و بیرکردنەوەو زیهنى ئێمەدا دەمێنێتەوە، تەمەنى بە سەدەکاندا تێدەپەڕێت و دێتەوە لاى خوێنەر، بە نەمرى دەگەڕێتەوە. وەلێ لەو سەردەمەى ڤۆڵتێر ئەم ڕۆمانەى تێدا نووسیوە، گەلەک شتى دى هەبوون، سیاسییەکان، جەنگەکان، بازاڕەکان، کۆشکەکان، پیاوە ئایینییەکان، بەڵام هەرگیز نەیانتوانى هێندەى (ئیلیادەو ئۆدیسە)، بەقەد (کۆمیدیاى ئیلاهى)، ئەوەندەى (دۆن کیشۆت)، هێندەى (چارەنووس) تەمەنیان درێژ بێت و بە جلکێکى دیکەوە، بە ڕەهەندى نوێوە بێنەوە لاى ئێمە، کە پاش دەیان ساڵ دەیانخوێنینەوە، هێشتاکە هەستدەکەین پڕن لە شتى نەگوتراو، پەى پێنەبراو. پاش چەندین ساڵ لە نووسینى قەسیدەى (قەلەڕەش)ى (ئێدگار ئالان پۆ)، هەنووکە ئێمە چێژ لە خوێندنەوەى وەردەگرین، هەنووکە بۆى تامەزرۆین. (میلان کۆندێرا) گوتارێکى ناوازەى هەیە دەربارەى (دۆن کیشۆت)ى (سێرڤانتس) بە ناوى (میراتى ستەملێکراوى سێرڤانتس)، تێیدا دەڵێت "دامەزرێنەرى سەردەمى نوێ هەر بە تەنیا دیکارت نیە، بەڵکو سێرڤانتسیشە".
سادقى هیدایەت یەکێک لەو نووسەرانەى جودا لە تێکستەکانى، خودى خۆیشى بووەتە هێماى نەمرى. لە تەمەنى چل و هەشت ساڵیدا بە گاز خۆیدەخنکێنێت، لێ بۆ هەمیشە لە زاکیرەو لە بیرکردنەوەى ئێمەدا نیشتەجێیە. تارمایى مەرگ وەک هەورێکى سامناک ئاسمانى تێکستەکانى تەنیوە. هەستکردنى قووڵ بە زەمهەریرو بێئومێدى و تەنیایى ئامادەگییەکى بەردەوامیان لە ژیان و کارەکانیدا هەیە. ماڵى ئەو هیچ شوێنێک نییە جگە لە مردن، جگە لە عەدەم.
لەم دواییانەدا کتێبێکى ناوازەى (زمناکۆ بورهان قانیع) بڵاوبووەوە، بڕێکى زۆر زانیاریمان پێدەدات دەربارەى ژیانە تایبەت و مەزاجییەکەى (هیدایەت) و تێکستە نەمرەکانى وى، بە ناوونیشانى (سادقى هیدایەت لەناو تۆڕى عەنکەبووتدا). کتێبێکى میتۆدى گرنگە سەبارەت بەو ساتە تاریک و سامناکانەى هیدایەت تێدا بیریکردووەتەوە، تێیدا خەونى دیتووە، خەیاڵى لاى مەرگ بووە، نووسیویەتى، تریاکى کێشاوە. کتێبێک دەربارەى بێئۆقرەیى و دڵشکانى قووڵ و غەمگینییە هەمیشەییەکەى ئەو نووسەرەى لە تەمەنى بیست و پێنج ساڵیدا میهرەبانانە ئامێزى بۆ مەرگ ئاوەڵا دەکات، لێ مەرگ نایەت بۆ پێشوازى.
کتێبەکە لە چەند بەشێک و وەرگێڕانى سێ تێکستى هیدایەت پێکهاتووە. جودا لەو پێشەکییە ناوازەیەى نووسەر بۆ کتێبەکەى نووسیوە، هەروەها چەندین تابلۆو وێنەى تایبەتى و بەرگى کتێبەکانى بە زمانى فارسى تێدایە. لەو پێشەکییەدا بە وردى نووسەر باسى کاریگەرى مەرگ و تارماییەکانى دەکات لە زیهن و ئەندێشەو ختوورەکانى هیدایەتدا، ئەو نائومێدییە کاریگەرو پووچڕوانینە بەرانبەر بە ژیان کە لە تێکستەکانى سادقدا، زەنگى بێمانایى ژیان و خواردنەوەى پێکێک ژەهر لێدەدەن. ئێمەى خوێنەر لە قووڵایى دونیابینى ویدا دەنگى مەرگ دەژنەوین. بەر خوێن و دیوارو بێهۆشى و سێبەرو گۆشەگیرى دەکەوین. پێماندەبێژێت غوبارێک گشت شتەکانى داپۆشیوە، گشت حەقیقەتەکانى گومکردووە.
لە نەسکى یەکەمى کتێبەکەدا سەرەتایەکى کورت و چڕ هەیە دەربارەى وێستەگانى ژیان و گەشتەکان و نووسینەکانى هیدایەت. لە هیچ فەرمانگەیەک نەگیرساوەتەوە. بەردەوام لە ئیشێک دەستی لە کارکێشاوەتەوەو سەرگەرمى ئیشێکى دیکە بووە. دەچێتە بەلژیکاو دواتر بۆ پاریس، دەگەڕێتەوە بۆ تاران، دەچێت بۆ ئەسفەهان، ماوەیەک لە ئۆزبەکستان دەبێت. ئیدى ئەم ڕۆحى سەرکێشى و ئارامنەگرتنەى دەیسەلمێنێت ماڵى ڕاستەقینەى ئەو ئێرە نییە، بەڵکو نەبوونە. خولیاى بزێو و دەروونى بیمارى و ژانى دڵى تەنیا لە خۆکوشتندا هێمن دەبنەوە. بە شەپۆل دەچێت و تەنیا لە کەنارى ئەودیوى بووندا دەگیرسێتەوە. نەسکى دووەم بایۆگرافیاى ژیانى هیدایەتە، بەڵام بە پێنووسى خۆى. لەم بایۆگرافیا کورتەدا سادق گەلەک نائومێدانەو وەڕسانە سەبارەت بە خۆى دەدوێت. ژینێکى لێوڕێژ لە گۆشەگیرى و مۆتەکەو شکست و نامۆیى.
بەشى سێیەمى کتێبەکە باس لەو نامە بە ژمارە کەمانە دەکات کە هیدایەت بۆ هاوڕێ، خزم، ئەندامانى خێزانەکەى، بۆ فەرمانگەکانى نووسیون. ئەو حەزى بە نامەنووسین نەکردووەو ڕەنگە یەکێک بێت لەو نووسەرانەى کە کەمترین نامەى بۆ ئازیزانى نووسیبێت. بەشى چوارەم تەرخانە بۆ ناسنامەى کورتى ژیان و ڕیشەى بنەماڵەکەى و بەرهەمەکانى، خاوەنى چەندین کتێبى ناوازەیە بە تایبەت ڕۆمانى (کووندە پەپووى کوێر)، کۆمەڵە چیرۆکى (سێ دڵۆپە خوێن)، لە بوارى لێکۆڵینەوەدا کتێبى (باشییەکانى ڕووەکخۆریى)، بەمدوواییانە لە لایەن (شۆڕش غەفووری)یەوە کراوەتە کوردى. بەشى پێنجەم دەربارەى تریاک کێشان و بێئاگایى و خۆکوشتنى سادقى هیدایەتە. موبتەلایى ئەو بۆ تریاک، خووگرتنى بە بێهۆشییەوە، ترسى لە ژیان دەگاتە ئەو ڕاددەیەى بڵێت "خەڵکى لە مەرگ دەترسن و من لە ژیانى لاسارى خۆم". لاپەڕە 36ى کتێبەکە.
بەشى شەشەم کاریگەر چەند نووسەرێک دەردەخات لەسەر دونیابینى و ڕەهەندەکانى بیرکردنەوەى سادق. پتر لە گشت نووسەرەکان ئەوە کافکایە تەلیسم لە هیدایەت دەکات، ساتەوەختێک کە کافکا قسان دەکات، هیدایەت وادەزانێت ئەوە دەنگێکە لە قووڵایى هەناوى خۆیەوە دێت، ئەوە بانگێکە پەلکێشى ناو ناخى خۆى دەکات، لەوێڕا لە تەنیایى و گۆشەگیریدا دەگاتە لووتکە، لووتکەى ئیرادە، ئیرادە بەسەر ژیان و مردنیشدا.
لە دواى بەشى شەشەمى کتێبەکەوە هەڵەیەک هەیە، دواى بەشى شەشەم ڕاستەوخۆ نووسراوە بەشى هەشتەم. ئیدى نازانم ئەمە هەڵەى تایپە لە برى بنووسرێت بەشى حەوتەم، نووسراوە بەشى هەشتەم، یاخود ئەم هەڵە چکۆلەیە لە کاتى مۆنتاژدا ڕوویداوە.
بە هەرحاڵ بەشى هەشتەم دەربارەى خۆکوشتنى ئەم نووسەر مەزنەیە، ڕاستگۆیانە، بە ئینسافەوە، گەلەک بە پاکژى میواندارى مەرگ دەکات. مردن میوانێکى ڕاستگۆو ڕۆحسووکە، وەلێ لە مردن ڕاستگۆتر ئەوە، سادقى هیدایەت، ئەو مرۆڤەى لە پەراوێزى ژیاندا بوو، بەڵام لە تێکستەکانیدا نەمرى خولقاند، لە چەقى ژیان و بووندا بیریکردەوە. بەشى نۆیەم پێکهاتووە لە وەرگێڕانى سێ تێکستى ناوازەى سادقى هیدایەت.
ئەم کتێبە کۆمەکى باشى خوێنەر دەکات بۆ پتر ئاشنابوون بە هیدایەت، هەروەها لە پتر لە ڕوویەکەوە بایەخى خۆى هەیە. هێنرى میللەر دەڵێت "ئێمە بۆ ئەوەى لە ژیان تێبگەین، دەبێت سادقى هیدایەت بخوێنینەوە".
سەرچاوە:
زمناکۆ بورهان قانیع، سادقى هیدایەت لەناو تۆڕى عەنکەبووتدا، بنکەى گەلاوێژ، سلێمانى، 2007.
zaniarrm@yahoo.com