مه‌ریوان وریا قانیع: شیعر میقاتكردنى ترپه‌كانى
دڵى شاعیره له‌سه‌ر ترپه‌ى لێدانه‌كانى دڵى زه‌وى
سازدانى زانیار محه‌ممه‌د
ساته‌وه‌ختێك گشت شتێك له‌ده‌ستده‌دات، ناهاوسه‌نگییه‌ك گه‌ردوون ده‌هه‌ژێنێت،
بێماڵییه‌كى به‌رده‌وام و دڵشكانى گه‌وره رووی تێده‌كات، ئه‌و هانا بۆ شیعر
ده‌بات. مه‌ریوان وریا پتر وه‌ك رۆشنبیرێك ناسراوه، وه‌لىَ خاوه‌نى ده‌یان شیعرى
ناوازه‌یه. سه‌ربارى تێگه‌یشتن و رۆشنبیرییه قووڵه‌كه‌ى به‌رانبه‌ر به شیعر.
له‌م چاوپێكه‌وتنه‌دا كه پرسیاره‌كان و وهڵامه‌كان پتر نزیكن له فه‌زاى
شیعره‌كانییه‌وه، باسى چركه‌ساته‌كانى شیعرنووسین و په‌یوه‌ندى ریشه‌یى نێوان
شیعر‌و منداڵى، شیعر‌و مه‌نفا، شیعر‌و گوناه، شیعر‌و زمان، شیعر‌و خود ده‌كات.
هاوڵاتى: ده‌ڵێیت "هه‌ندێك ئاراسته‌و دۆخ و ساته‌وه‌ختى تایبه‌تى ژیان هه‌ن ته‌نیا شیعر ده‌توانێت شتێكى ماناداریان له‌سه‌ر بڵێت، ته‌نیا شیعر له‌توانایدایه ده‌ستیانبگرێت و بیانخاته سه‌ر رووبه‌رى لاپه‌ڕه سپییه‌كان، شیعر ده‌توانێت له كپبوونێكى ئه‌به‌دى ڕزگاریان بكات". به‌سه‌رهاتى نووسینى شیعر لاى تۆ له‌م تێزه‌وه ده‌ست پێده‌كات؟ ئایا شیعر گوتنى نه‌گوتراوه‌كانه؟
مه‌ریوان
وریا: ئه‌گه‌رچی تا ئێستا ئه‌و بۆچوونه‌ی كه ده‌ڵێت شیعر گوتنی شته
نه‌گوتراوه‌كانه، به چه‌ندان شێوه باس و تیوریزه‌كراوه‌و له‌مباره‌یه‌وه
ده‌یان و سه‌دان لاپه‌ڕه پڕكراوه‌ته‌وه،
به‌ڵام من باوه‌ڕم به‌وه نیه ئه‌ده‌ب
به گشتی و شیعر به تایبه‌تی كاریان ئه‌وه‌بێت ته‌نیا شته نه‌گوتراوه‌كان
بڵێن. وردتر بدوێم ناكرێت هه‌موو ئه‌زموونه ئه‌ده‌بی و شیعرییه‌كان
كورتبكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌و ئه‌زموونانه‌ی له ده‌وری ئه‌م تێزه تایبه‌ته بۆ شیعر‌و
بۆ ئه‌ده‌ب ده‌سوڕێنه‌وه. كاری سه‌ره‌كی شیعر لاى من ئه‌وه‌یه له‌باتی شته
نه‌گوتراوه‌كان شته تایبه‌ته‌كان بڵێت. ئه‌و شتانه بڵێت كه ئینسان له‌نێوان
خۆی و خۆیداو له‌نێوان خۆی و ئینسانه‌كانی دیكه‌و له‌نێوان خۆی و دنیادا
به‌شیانده‌كات و به‌شیانناكات، ده‌وێرێ و ده‌یه‌وێ و ده‌توانێت باسیانبكات و
ناوێرێ و نایه‌وێ و ناتوانێت باسیانبكات، هه‌ندێكجار ده‌توانێت
ده‌ستیانبگرێت و بیانپه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر لاپه‌ڕه سپییه‌كان هه‌ندێكجاری تر
له قووڵاییه‌كی نادیاری ناو خه‌یاڵ و عه‌قڵ و هه‌ستدا ده‌مێننه‌وه و ناتوانن
ڕێگایه‌ك بدۆزنه‌وه بۆ هاتنه ده‌ره‌وه و ئاشكرابوونیان. به كورتی شیعر
بریتییه له هه‌وڵدانی ئینسان بۆ دۆزینه‌وه‌ی ڕێگایه‌ك بۆ گه‌یاندنی ئه‌وه‌ی له
قووڵاییه‌كانی خوددا، له قووڵاییه‌كانی بووندا، له قووڵاییه‌كانی مێژوودا هه‌یه
بیانگوازێته‌وه بۆ ناو قووڵاییه‌كانی زمان. بێگومان ئه‌م شتانه ته‌نیا شتی
نه‌گوتراو نین، كۆمه‌ڵێك دیارده و هه‌ست و لێكدانه‌وه نین كه به‌ر له تۆ
كه‌سیتر نه‌یگوتبن، به‌ڵكو هه‌موویان ئه‌و شته زۆر تایبه‌تانه‌ن كه بوونه‌ته
به‌شێكی گرنگی كێشه‌ى ئینسان له‌گه‌ڵ خودی خۆی و له‌گه‌ڵ بوون و له‌گه‌ڵ
مێژوودا. واته شیعر منداڵی زاتێكه له ساته‌وه‌ختی كرانه‌وه‌یدا به رووی خۆی
و به رووی دنیا و به رووی بوون و به رووی زماندا. له هه‌موو ئه‌م دۆخانه‌شدا
شیعر پێشوه‌خت شتێكمان له‌سه‌ر قووڵاییه ڕۆحییه‌كانی شاعیرێك پێده‌ڵێت،
ئینجا له‌سه‌ر ئه‌و شتانه‌ی تر كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی زاتی ئه‌و شاعیره‌وه.
له‌شیعردا شاعیر یه‌كه‌مجار له‌به‌رده‌می خۆیدا رووتده‌بێته‌وه، ئینجا له
به‌رده‌می زمان و دوای ئه‌وه له‌به‌رده‌می دنیادا. بێگومان ئه‌م ریزبه‌ستنه
شێوه‌ی یاسایه‌ك ناگرێته‌خۆی بۆ ئه‌وه‌ی هه‌میشه به‌و شێوه‌یه بمێنێته‌وه،
زۆرجاریش زه‌حمه‌ته رووتبوونه‌وه‌ی شاعیر له به‌رده‌می خۆیدا له رووتبوونه‌وه‌ی
له به‌رده‌می زمان و له به‌رده‌می دنیادا له‌یه‌كدیجیابكه‌ینه‌وه. من كه ئه‌م
ریزبه‌ستنه به‌مشێوه‌یه ده‌نووسم ده‌مه‌وێت پێ له‌سه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه
شه‌خسییه داگرم كه له‌قووڵایی هه‌موو قه‌سیده‌یه‌كی راسته‌قینه‌دا ئاماده‌یه.
په‌یوه‌ندییه‌ك كه شیعر ده‌كاته ئه‌زموونێكی تایبه‌ت و جیایده‌كاته‌وه له
ئه‌زموونی كه‌سانی تر و له‌و ئه‌زموونانه‌ش كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی شیعره‌وه.
من هه‌رگیز شیعرم له‌پێناوی نووسینی شیعردا و له پێناوی به‌رهه‌مهێنانی مانا و
له پێناوی دروستكردنی جوانی و شتی دیكه‌ی له‌م بابه‌ته‌دا نه‌نووسیوه، شته
ده‌ره‌كییه‌كان هه‌رگیز منیان به‌ره‌و نووسینی شیعر نه‌بردووه، هه‌ر دیارده‌یه‌ك،
هه‌ر ساته‌وه‌ختێك، هه‌ر كه‌وتن و هه‌ستانه‌وه‌یه‌ك نه‌بووبێته نه‌بزێكی
ناوه‌كی و ئارامی منیان له‌ناوه‌وه تێكنه‌دابێت، نه‌بووه‌ته شیعر. ده‌زانم زۆر
شاعیر هه‌ن به‌مجۆره مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ شیعردا ناكه‌ن و شیعر وه‌ك جۆرێك له
كار، وه‌ك به‌شێك له ژیانی رۆژانه، یان وه‌ك هه‌وڵدانێك بۆ به‌رهه‌مهێنانی
جوانی و مانا مامه‌ڵه‌ده‌كه‌ن.
به‌ڵام من به‌مشێوه‌یه له‌گه‌ڵ شیعردا
ناجوڵێمه‌وه. شیعر لای من هه‌میشه له پێداویستییه‌كی ناوه‌كییه‌وه هاتووه،
له‌وه‌وه هاتووه كه بووه‌ته تاقه شتێك بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی تێكچووی نێوان
خۆم و خۆم، خۆم و دنیا، خۆم و شته‌كانی ده‌وروبه‌رم. تا بۆشمكرابێت هه‌وڵمداوه
شیعر نه‌نووسم، هه‌میشه هه‌وڵمداوه ئه‌م هاوسه‌نگییه به‌شتی تر جیا له شیعر
له‌گه‌ڵ خۆم و له‌گه‌ڵ دنیا و له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌رمدا ڕێكبخه‌مه‌وه. گه‌ر
هاوسه‌نگیم به ته‌ماشاكردنی یارییه‌كی تۆپی‌پێ گه‌ڕابێته‌وه، یان به
پیاسه‌یه‌كی ئێواران، یان به خوێندنه‌وه‌ی تێكستی ئه‌ده‌بی و فیكری، ئیدی شیعرم
نه‌نووسیوه. ئه‌گه‌ر سه‌فه‌رێك، ئه‌گه‌ر دانیشتن له‌چاخانه‌یه‌كدا، ئه‌گه‌ر
ته‌ماشاكردنی فیلمێك دنیای ناوه‌كی منیان به شێوه‌یه‌كی ئارام رێكخستبێته‌وه
هه‌رگیز شیعرم نه‌نوسیووه،
به‌ڵام گه‌ر هیچشتێك دادینه‌دابێت، گه‌ر نائارامییه
رۆحیی و ده‌روونییه‌كان به هیچ چالاكییه‌كی رۆژانه نه‌گه‌ڕابنه‌وه سنووره
ئاساییه‌كانی خۆیان، گه‌ر ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی من به دنیاوه ده‌به‌ستێته‌وه له
سیفه‌تی شڵه‌ژان و بوركان ئاسای خۆی نه‌كه‌وتبێت، ئه‌وكات شیعرم نووسیوه.
ئه‌وكات په‌نام بردووه‌ته به‌ر ئه‌و دواهه‌مین په‌ناگایه‌ی كه ده‌توانێت
له‌گه‌ڵ خۆت و له‌گه‌ڵ دنیا و له‌گه‌ڵ بووندا بۆ ماوه‌یه‌كی كورتیش بێت
بتكاته‌وه به دۆست. به‌م مانایه شیعرنووسین لای من شتێكه وه‌ك كوژانه‌ی
ئاگرێكی گه‌وره وایه، یان وه‌ك ڕێگرتن له نه‌خۆشكه‌وتن، یان له
ئیفلیجبوونێكی رۆحی، یان زۆر به ساده‌یی له خۆكوشتن. هه‌ر ئه‌مه‌شه وایكردووه
ته‌واو باوه‌ڕم به‌وه‌بێت كه شیعر ده‌ربڕی ساته هه‌ره ده‌گمه‌نه‌كانی ژیانه،
ده‌ربڕی ئه‌و ساتانه‌یه كه هیچشتێكی دیكه له بووندا دادی ئینسانیبوونمان
نه‌دات شیعر نه‌بێت.
شیعر ئه‌زموونكردنی ئینسانبوونه له‌و ساتانه‌دا كه ئینسان شتێكی دیكه‌ی
له‌به‌رده‌مدا نامێنێته‌وه ئینسانبوونی خۆی پێ بسه‌له‌مێنێت و به‌رجه‌سته
بكات شیعر نه‌بێت. شیعر به‌م مانایه دوایه‌مین ته‌قالای منه بۆ پاراستنی
ئینسانبوونی خۆم. واته شیعر به پله‌ی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندییه، ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی
ئینسانێك له به‌رده‌می خۆیدا ده‌كاته ئینسان و دنیاش ده‌كاته شوێنێك پڕ
ئولفه‌ت و پڕ خۆشه‌ویستی یان پڕ ڕق و پڕ نه‌فره‌ت. كاری شیعر به پله‌ی یه‌كه‌م
هه‌وڵدانه بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی ئینسانی‌تر له‌گه‌ڵ زات خۆی و له‌گه‌ڵ
دنیا و له‌گه‌ڵ بووندا. مه‌به‌ستم له په‌یوه‌ندی ئینسانی‌تر په‌یوه‌ندییه‌كی
هێمنتر، پڕ سۆز و مه‌حه‌به‌تتر نیه به ته‌نیا، به‌ڵكو په‌یوه‌ندییه‌كه
ده‌كرێت قه‌سوه‌ت و دڵڕه‌قی و ڕقیش به‌شێكی گرنگ و ده‌ستنیشانكه‌ری بێت. واته
په‌یوه‌ندییه‌ك بێت ژیانی تێدابێت، ساته‌وه‌خته‌كانی چڕبووبنه‌وه، بوونی
گواستبێته‌وه بۆ ناو شته بچووك و به‌رچاوه‌كان، ئه‌و شتانه‌ی رۆژانه تووشمان
ده‌بن به‌ڵام زۆرجار قووڵاییه تاریك و پڕ دره‌وشانه‌وه‌كانیان نابینین. ئه‌مه
واده‌كات من شیعر به پله‌ی یه‌كه‌م وه‌ك ئه‌زموونێكی ژیانى ته‌ماشابكه‌م، نه‌ك
وه‌ك ئه‌زموونێكی فیكریی.
بێگومان شیعر جوانترین گه‌مه‌ی ئینسانیشه له‌گه‌ڵ زماندا. شیعر فیكر نیه، رۆح
نیه، جوانی نیه، به‌ڵكو یارییه له‌گه‌ڵ زماندا. یارییه له‌گه‌ڵ ئه‌و
ئامرازه ئینسانییه سیحرییه‌دا كه سنووره‌كانی بیركردنه‌وه و خه‌یاڵ و ده‌ربڕین
ده‌ستنیشانده‌كات و له یه‌ككاتیشدا بڕێكی زۆر له ئاڵۆزی و ساده‌یی به ئینسان و
دنیا و شته‌كان ده‌به‌خشێت. شیعر گه‌مه‌ی زمانه له‌گه‌ڵ خۆیدا له‌و ساته‌وه‌خته
ده‌گمه‌نانه‌دا كه زمان ناتوانێت هه‌قیقه‌ته‌كانی خۆی بژی به‌بێ خۆبارگاویكردن
به زمانی تر، به‌بێ دروستكردنی چه‌ندان زمانی تر له‌ناو زمان خۆیدا. ئه‌گه‌ر زمان
وه‌ك هایدگه‌ر ده‌ڵێت "ماڵی وجود" بێت، ئه‌وا گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ زماندا
گه‌مه‌كردنه به وجود تا بچووكبوونه‌وه‌ی به‌قه‌د ماڵێك و گه‌مه‌كردنه به ماڵ
تا گه‌وره‌بوونی به‌قه‌د وجود. شیعر ئه‌و سه‌فه‌ره به‌رده‌وامه‌یه له نێوان
زمان و ماڵ و بووندا. كردنی وجوده به ماڵ و كردنی ماڵه به زمان، یان به
پێچه‌وانه‌وه كردنی زمانه به ماڵ و كردنی ماڵه به وجود.
به‌ڵام هه‌رهه‌موویان
له ساته‌وه‌ختی كورتی داگیرسان و دره‌وشانه‌وه‌دا، ده‌نا زه‌حمه‌ته زمان بچێته
شوێنی ماڵ و ماڵیش بچێته شوێنی وجود و شیعریش بچێته شوێنی هه‌موویان. ئه‌وه‌ی
كه مه‌حاڵه مامه‌ڵه‌كردنی ژیانه وه‌ك شیعر.به كورتی به‌بێ له‌تله‌تبوونی
زمان له‌ناو خۆی و له‌ناو ئینسان و له‌ناو وجودا به جۆرێك كه نه‌كرێت ئه‌و
له‌تانه له یه‌كه‌یه‌كی لۆژیكی و عه‌قڵانی گشتیدا كۆبكرێنه‌وه و
كۆنتڕۆڵبكرێن، هه‌موو قسه‌كردنێكمان له‌سه‌ر شیعر قسه‌كردنێكی نووقسانه. ئه‌م
شتانه‌ن واده‌كه‌ن من شیعر به توندی به ئه‌زموونی ئینسانبوونه‌وه ببه‌ستمه‌وه،
به‌و ئه‌زموونه‌وه كه هه‌ر ساتێك ره‌نگ و سه‌دا و مانا و ئاراسته‌یه‌ك
وه‌رده‌گرێت و له هه‌رساتێكیشدا شوێنێكی تر داواده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی ببێت به
ماڵی وجود، ئه‌مه جگه له‌وه‌ی كه هه‌میشه سیفه‌ت و ره‌نگ و روویه‌كی فه‌ردی و
شه‌خسی په‌یداده‌كات و راسته‌وخۆ پابه‌سته به ژیان و ئه‌زموونی شاعیره‌وه وه‌ك
تاكه كه‌سێكی ده‌گمه‌ن له‌ناو وجودا. ئه‌مه واده‌كات شیعر هه‌رگیز وه‌ك گه‌ڕان
به دوای كۆمه‌ڵێك مانای نه‌مر و جه‌وهه‌ری نه‌گۆڕ و بابه‌تی ئه‌به‌دیدا نه‌بینم،
به دوای ئه‌و شتانه‌دا كه ده‌كه‌ونه ده‌ره‌وه‌ی كات و ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموون و
ده‌ره‌وه‌ی ئاماده‌گی سه‌رچڵانه‌ی ئینسان له‌ناو تاریكایی و ڕوناكییه‌كانی ژیاندا.
شیعر كارێكی نائه‌فڵاتونییه به پله‌ی ئیمتیاز. چالاكیه‌كه دژ به ئه‌فلاتونیه‌ت
له هه‌موو شێوه‌كانیدا. شیعر كوشتن و وێرانكردنی یه‌ك له دوای یه‌كی
جه‌وهه‌ره‌كانه، له جه‌وهه‌رێكی گریمانكراوه‌وه بۆ ئینسان تا به جه‌وهه‌رێكی
گریمانكراو بۆ زمان و بۆ وجود ده‌گات. شیعر دێت بۆ ئه‌وه‌ی جاڕی مردنی
جه‌وهه‌ره‌كان ڕابگه‌یه‌نێت، دێت بۆئه‌وه‌ی بڵێت ئه‌وه‌ی هه‌یه جوڵه‌ی
له‌بننه‌هاتووی شته‌كانه له‌ناو بوون و له‌ناو ئینسان و له‌ناو زماندا. شیعر
گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ شته بچووكه‌كانی ناو ژیان، ته‌ماشاكردن و جوڵاندن و
ئامێزكردنه‌وه‌یه بۆیان، دۆزینه‌وه‌ی زمانێكه بۆ به‌رجه‌سته‌كردنییان،
مانه‌وه‌یه له‌ناو بوونی هه‌ریه‌كێكیاندا به‌بێئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌یت له پشتی
هه‌ر یه‌كێكیانه‌وه جه‌وهه‌رێك یان نموونه‌یه‌كی ده‌ره‌كی ئه‌بستراكت ببینیت.
شیعر به‌م مانایه ونبوونه له‌ناو هه‌موو ئه‌و شتانه‌دا كه نازانین چین،
به‌ڵام
ده‌زانین ئینسانبوونمان بێئه‌وان به ده‌ست نووقسانییه‌كی كوشنده‌وه گیرۆده‌یه.
وه‌ك گوتم مه‌رج نیه ئه‌و شتانه شتی گه‌وره و تێمای گه‌وره و مانای گه‌وره
بن، له‌راستیدا من باوه‌ڕم به شتگه‌لێكی وه‌ك (تێمای گه‌وره) و (مانای گه‌وره)
و (شتی گه‌وره) له‌شیعردا نیه، هه‌موو شته‌كان چه‌ند بچووكن ئه‌وه‌نده‌ش گه‌وره‌ن
و چه‌ند گه‌وره‌ن ئه‌وه‌نده‌ش بچووكن. له‌شیعردا شتی گه‌وره و بچووك بوونی نیه،
هه‌موو شته بچووكه‌كانی ناو ژیان له‌شیعردا گه‌ورده‌بن و هه‌موو شته گه‌وره‌كانی
ناو شیعریش ده‌شێت له‌ده‌وری شته بچووكه‌كانی ناو ژیان بسوڕێنه‌وه.
ته‌رجه‌مه‌كردنی ژیان بۆ شتی گه‌وره و بچووك، به‌بایه‌خ و بێبایه‌خ، مانادار و
بێ‌مانا كوشتنی ژیانه، شیعر رێگرتنه له‌م كوشتنه له رێگای ئه‌وه‌وه هه‌موو
شته‌كان به یه‌كچاو ته‌ماشابكات. ژیان وه‌ك گشتێكی ئاڵۆز ببینێت كه هه‌موو
شتێك له‌شوێنی خۆیدا هه‌م گه‌وره و هه‌م بچووك ببینێت، واته پڕبێت له ژیان.
شیعر هه‌رگیز شتێك نیه سه‌ربه‌خۆ و به ته‌نیا، هه‌میشه شتێكه له‌ناو
ژیاندایه. شیعر یان نیه، یان شیعری ناو ژیانه، شیعری ناو ئه‌و هه‌زاران هه‌زار
ساته‌وه‌خته بچووكانه‌یه كه به‌سه‌ریه‌كه‌وه ژیانی من و ژیانی تۆ و ژیانی
كه‌سێكی دیكه دروستده‌كات. ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی كه ئینسان ده‌توانێت
هه‌ندێكیان له‌بیربكات، هه‌ندێكیان یادبكاته‌وه و هه‌ندێكیان له رێگای
تێكستێكه‌وه ئه‌به‌دیبكات، به‌بێئه‌وه‌ی یاسایه‌ك هه‌بێت پێمانبڵێت چی
به‌ئه‌به‌دی بكه‌ین و چیش وازلێبهێنین. به ئه‌به‌دیكردنی هه‌ندێك ساته‌وه‌خت
مانای ئه‌وه نیه ئه‌و ساته‌وه‌خته له‌وانی تر گرنگتر، جوانتر، مانادارتر یان شتی
دیكه‌ی له‌م باباته‌بێت. نا، ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌ی ده‌بن به شیعر ئه‌و
ساته‌وه‌ختانه‌ن كه ئینسان هه‌ستده‌كات ئینسانبوونی پێویستی به زمانێكی دیكه
هه‌یه بۆ ئه‌زموونكردنی، پێویستی به تێكستێك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك
ساته‌وه‌ختێكی ئینسانی بكرێت ببێت و بژی. به‌م مانایه شیعر گه‌ڕان نیه به
دوای شتگه‌لێكدا بكرێت پێیانبڵێین، مانا نه‌مر و فۆرمه نه‌مر و بابه‌ته
نه‌مره‌كان.شیعر ته‌نیا له دۆخی فه‌ردیبوونێكی ره‌هادا ده‌توانێت ببێته شتێكی
گشتی، ئه‌وه‌شی ئه‌م پاردۆكسه به‌رجه‌سته‌ده‌كات زمانه. زمان وه‌ك سه‌فه‌رێكی
به‌رده‌وام به‌ناو دنیا و به‌ناو زات و به‌ناو زمان خۆیدا. شیعر ته‌نیا به‌خشینی
توانای قسه‌كردنێكی جیاواز نیه به ئینسان، به‌ڵكو به‌خشینی هه‌مان توانایه به
سه‌رجه‌می شته‌كان، به زمان خۆشیه‌وه.سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌مانه شیعر لای من
مه‌ودایه‌كی ئه‌خلاقی گرنگیشی هه‌یه، من شیعرنووسین وه‌ك به‌شێك له پرۆسه‌یه‌كی
ئه‌خلاقی به ئینسانبوونی راسته‌قینه ده‌بینم. سوكرات له‌تێكستی
به‌رگرییكردنه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م دادگای ئه‌سینادا باس له‌وه ده‌كات ئینسان له
رۆژی له‌دایكبوونه‌وه دووشت بێ‌پشوو راویده‌نێن، یه‌كه‌میان خراپه‌كاری و
ناشیرنییه، دووهه‌میان مه‌رگه. سوكرات پێیوایه ئینسانی به‌خته‌وه‌ر ئه‌و
كه‌سه‌یه كه ده‌توانێت پێشی خراپه‌كاری بداته‌وه و نه‌هێڵێت بیگرێته‌وه،
به‌ڵام كه‌س ناتوانێت پێشی مردن بداته‌وه. له‌ڕاستیدا من شیعر وه‌ك ئه‌و
راكردنه سوكراتییه ده‌بینم، هه‌ڵاتنه له ده‌ستی بڕێكی زۆری خراپه‌كاری و
ناشیرینییه‌كانی ناو دنیا و بوون.
هاوڵاتى: هه‌ستده‌كه‌م شیعر لاى تۆ ده‌ستلێدان و روانینێكی دیكه‌یه له ژیان. تۆ ده‌ڵێیت "له نێوان هه‌موو گوناهه‌كاندا تۆم هه‌ڵبژارد". ئایا (ئه‌و) گوناهێكه و (تۆ)ش گوناهكارێك؟
مه‌ریوان وریا: په‌یوه‌ندیی نێوان شیعر و گوناه
له په‌یوه‌ندیی نێوان ئینسان و دنیا ده‌چێت، وه‌كچۆن ئینسان له هه‌رشوێنێك
بێت و بۆ هه‌رشوێنێك بڕوات و له هه‌رشوێنێكه‌وه بگه‌ڕێته‌وه هه‌ر له‌ناو
دنیادایه، ئاواش شیعر له هه‌رشوێنێكه‌وه بێت و بۆ هه‌رشوێنێك بڕوات و له
هه‌رشوێنێكدا نیشته‌جێبێت، له‌ناو گوناهدایه. شیعر و گوناه دووانه‌یه‌كن
ناكرێت له‌یه‌كدیجیابكرێنه‌وه، هه‌ر هه‌وڵدانێك بۆ جیاكردنه‌وه‌یان له یه‌كدی
شیعر ده‌كوژێت و گوناهیش ده‌كاته هه‌ستكردنێكی پاسۆلۆژیانه كه دنیا بۆ
رووبه‌رێكی گه‌وره له دین ده‌گۆڕێت.
به‌ڵام به چ مانایه‌ك شیعر و گوناه
هاوڕێگا و هاوچاره‌نووسن؟ گوناه چییه؟ گوناهی شیعری به‌و شێوه‌یه‌ی من
تێیگه‌یشتووم و به‌كاریده‌هێنم راوه‌ستانی راسته‌قینه‌ی ئینسانه له به‌رده‌م
خۆیدا له‌ده‌ره‌وه‌ی جه‌بره‌كانی كولتوور و دین و ئه‌خلاق و زماندا. گه‌ڕانه‌وه‌ی
ئینسانه بۆ ساته‌وه‌خته سه‌ره‌تاییه‌كانی بوون، ساته‌وه‌ختی به‌رله‌وه‌ی شته‌كان
به‌و مانایانه ئاماده‌بن كه تێپه‌ڕینی كات و هاتنی مێژوو و زه‌بره‌كانی زمان
پێیانده‌به‌خشن. گوناه بیركردنه‌وه‌یه له ئینسان له‌ده‌ره‌وه‌ی تابو و بڤه و
حه‌رامه‌كاندا، بینینی ژیانه وه‌ك پانتاییه‌كی گه‌وره و بێبڕانه‌وه له
به‌رائه‌ت، وێناكردنی بوونه وه‌ك سه‌فه‌رێكی درێژ،
به‌ڵام خاڵی له گوناه.
ئاشكرایه تابو و بڤه و حه‌رامه‌كان، پێمانخۆشبێت یان نا، به‌شێكن له ژیانی
ئینسان، به‌شێكن له‌و سیستمه كولتووریی و ئه‌خلاقی و دینیانه‌ی كه هه‌ن و له
هه‌مووشی ترسناكتر به‌شێكن له زمان. زمانی هیچ ئینسان و میلله‌ت و سه‌رده‌مێك
نادۆزینه‌وه پڕ نه‌بێت له‌و ده‌سته‌واژانه‌ی كه هێما بۆ گوناه وه‌ك دۆخێكی
زیندوو، هێما بۆ ئینسان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی گوناهبار یان گوناهكار ده‌كه‌ن. ئه‌م
شێوازه گوناهه گوناهی دینی و گوناهی كولتووریی و گوناهی ناو زمانن، ئه‌مانه
جیاوازن له گوناهی شیعر، یان له‌و گوناهه‌ی كه شیعر ئه‌نجامیده‌دات. گوناهی شیعر
تێپه‌ڕاندن و تێكشكاندنی هه‌موو ئه‌و سنوور و جه‌بر و فشارانه‌یه كه ئینسان
ده‌كه‌نه بوونه‌وه‌رێكی گوناهبار به‌مانا دینی و كولتووریی و ئه‌خلاقییه‌كه‌ی.
گوناهی شیعری بازدانه به‌سه‌ر هه‌موو گوناهه فه‌رهه‌نگییه‌كاندا و تێكشكانی
هه‌موو ئه‌و گوناهانه‌یه كه دین و ئه‌خلاق و زمان دروستیده‌كه‌ن. به‌م مانایه
گوناهی شیعریی گوناهێكه ده‌كه‌وێته ئه‌ودیوی سنووره ته‌قلیدییه‌كانی
گوناهه‌وه، گوناهی شیعر هه‌وڵدانی به‌رده‌وامی شیعره بۆ نه‌هێشتنی گوناه و بۆ
سڕینه‌وه‌ی وێنه‌ی ئینسان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی گوهبار. شاعیر گوناهباره به‌و
مانایه‌ی لێناگه‌ڕێت زمان گوناهه‌كانی خۆی بژی به‌و شێوه‌یه‌ی كولتوور و ئه‌خلاق
و دین بۆیانده‌ستنیشانكردووه. لێناگه‌ڕێت عه‌شق ئه‌و گوناهانه بژی كه گوناهی
عه‌شق خۆی نین، ناهێڵێت ژیان بكه‌وێته ناو ئه‌و گوناهانه‌وه كه له
ده‌ره‌وه‌ی ژیان خۆیه‌وه یان له ده‌ره‌وه‌ی به‌رائه‌ت خۆیه‌وه دێن. گوناهی شیعر
بریتییه له هه‌وڵدان بۆ سڕینه‌وه‌ی گوناهه ته‌قلیدییه‌كانی ناو ژیان. ئه‌مه‌ش
مانای ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنی گوناه له شیعردا له‌وێوه نایه‌ت كه شاعیر
گوناهباربێت و ئه‌وه‌شی هه‌ڵیده‌بژێرێت خۆی گوناهه‌كه بێت، به‌ڵكو له‌وێوه
دێت كه هه‌م كه‌سی گوناهكار و هه‌م ئه‌و شته‌ی كه هه‌ڵگری گوناهه، گوناهی
راسته‌قینه‌ی خۆیان بژین، واته ببنه ئه‌و شته‌ی كه هه‌ن و به‌وشێوه‌یه بژین
كه له‌ناو قووڵایی بوونیانه‌وه دێت و له‌ناو زه‌مه‌ن و شوێن و
په‌یوه‌ندییه‌كاندا به‌رجه‌سته‌ده‌بێت. شاعیر به‌و مانایه گوناهباره كه هه‌وڵی
ئه‌وه ده‌دات دنیا له گوناه پاكبكاته‌وه، عه‌شق بكاته سه‌رزه‌مینی ده‌ره‌وه‌ی
گوناه و ئینسان وه‌ك بوونه‌وه‌رێكی بێگوناه وێنابكات. له دیدی كولتوور و دین و
ئه‌خلاقه‌وه هه‌موو هه‌وڵێك به‌م ئاراسته‌یه هه‌وڵێكی گوناهبارانه‌یه.
ئه‌مه‌یه واده‌كات گوناهی شیعری له شه‌ڕێكی گه‌ردوونیدابێت له‌گه‌ڵ
گوناهه‌كانی ناو دنیادا. هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌كات شیعری راسته‌قینه نه‌توانێت
له‌ناو كولتوور و دین و ئه‌خلاقدا بژی.
هاوڵاتى: گه‌مه‌كردن به زمان له‌شیعردا گه‌مه‌كردنێكى هۆشیارانه‌یه؟ یاخود
حاڵه‌تێكى نه‌ستییه؟
مه‌ریوان وریا: په‌یوه‌ندی نێوان زمان و شیعر په‌یوه‌ندییه‌كه پێییه‌كی له‌ناو وشیاریدا و پێیه‌كه‌ی دیكه‌ی له‌ناو دێوانه‌ییدایه. به‌م پێیه زمانی شیعر نه زمانی وشیاریی و نه زمانی دێوانه‌ییه به ته‌نیا. ئه‌و گه‌مه‌یه‌ی شاعیر له‌گه‌ڵ زماندا ده‌یكات گه‌مه‌یه‌كه وشیار و شێتانه له‌یه‌ككاتدا. ئه‌گه‌ر بۆ خوێنه‌ر مانای وشیاریی له‌م بۆچوونه‌دا ئاشكرابێت، ئه‌وا پێویستمان به راوه‌ستانێكی كه‌م هه‌یه له‌سه‌ر ماناكانی دێوانه‌یی. دێوانه‌یی مانای ده‌رچوون له هه‌موو ئه‌و رێسا و نۆرم و به‌ها شیعری و ئه‌ده‌بی و ئیستاتیكییه باوانه‌ی كه ئه‌زموونێكی شیعری یان ئه‌ده‌بی ده‌كه‌نه ئه‌زموونێكی باو و قبووڵكراو. دێوانه‌یی مانای ده‌رچوون له مه‌عقولیه‌تی باو و باڵاده‌ست و چوونه ناو هه‌رێمی مه‌عقولیه‌تێكی نه‌زانراو و نه‌هاتووه‌وه كه ده‌ركه‌وتنه سه‌ره‌تاییه‌كانی وه‌ك ناماقوڵ و نه‌كراو و نه‌شیاو وێنابكرێن. زمانی شیعر ده‌ره‌نجامی تێكه‌ڵبوونێكی كیمیاگه‌رانه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی وشیاریی و ئاڵۆزییه‌كانی دێوانه‌ییه به یه‌كدی. له سه‌رێكه‌وه به‌رده‌وامی ئه‌و زمانه‌یه كه ئینسان بۆ ناسینی خۆی و ناسینی دنیا و ناسینی دیارده‌كان به شێوه‌یه‌كی وشیار به‌كاریده‌هێنێت، له سه‌رێكی دیكه‌وه به‌شێكه له‌و زمانه‌ی كه سنووره‌كانی وشیاری ده‌بڕێت و ده‌چێته ئه‌و هه‌رێمه تایبه‌تانه‌وه كه شیعر ده‌كه‌ن به ته‌حه‌دایه‌كی گه‌وره بۆ ماناكان و بۆ به‌هاكان و بۆ زمان، هه‌رێمێك كه زه‌حمه‌ته بتوانین به ته‌نیا له‌پاڵ وشیاریی و له‌پاڵ لۆژیكی زماندا وه‌ك لۆژیكی په‌یوه‌ندیكردن، بیناسین و تێیبگه‌ین. هه‌رێمێك هیچ شتێك تێیدا جێگیر و راوه‌ستاو نیه و ماقوڵ و ناماقوڵ تیایدا له په‌یوه‌ندییه‌كی به‌رده‌وامدان به جۆرێك ماقوڵی ئه‌م ساته ده‌بێته ناماقوڵی ساتی دواتر و ناماقوڵی ساته‌كانی تر ده‌بنه ماقوڵی ئێستا. كیمیای تێكه‌ڵبوونی وشیاریی به دێوانه‌یی كیمیایه‌كی تایبه‌ته و تێكه‌ڵێكه له تاریكی و رووناكییه‌كانی زمان، له وشیاری و ناوشیاریی و له مه‌زه‌نه و خه‌یاڵ. زمانی شیعر زمانێكه هه‌ر پارچه‌یه‌كی له یه‌كێك له‌و هه‌رێمه جیاواز و ناكۆكانه‌وه دێت. به‌ڵام له‌دوا ئه‌نجامدا هه‌موویان له‌ناو ئه‌زموونێكی حه‌یاتی و ئه‌زموونێكی رۆحی و ئه‌زموونێكی فیكریی تایبه‌تدا كۆده‌بنه‌وه و له‌وێدا ده‌بن به شیعر. هه‌ر ئه‌مه‌شه واده‌كات شیعر فیكر نه‌بێت به ته‌نیا، به‌ڵام دابڕاویش نه‌بێت له فیكر، سۆز نه‌بێت به ته‌نیا، به‌ڵام دابڕاویش نه‌بێت له سۆز، زمان نه‌بێت به ته‌نیا به‌ڵام دابڕاویش نه‌بێت له زمان، خه‌یاڵ نه‌بێت به ته‌نیا به‌ڵام دابڕاویش نه‌بێت له خه‌یاڵ. شیعر تێكه‌ڵبوونێكی فره‌ئاراسته‌ی هه‌موو ئه‌و ره‌گه‌زانه‌یه به یه‌كتری. زمانه له ساته‌وه‌ختی سوتان و ئاگرتێبه‌ربوونیدا به دێوانه‌یی و به فیكر و به وشیاریی و به خه‌یاڵ. شیعری راسته‌قینه له ده‌ره‌وه‌ی ئه‌زموونێكدا نیه تیایدا هه‌موو ئه‌و شتانه له‌یه‌ككاتدا دانه‌گیرسێن و نه‌كوژێنه‌وه. به‌جۆرێك گه‌ر قه‌سیده‌یه‌ك سوتا و ئاگریتێبه‌ربوو، ئه‌و خۆڵه‌مێشه‌ی به‌جێده‌مێنێت پێكهاتێكی سیحریی بێت له وشیاری و دێوانه‌یی، ماقوڵ و ناماقوڵ، ئاسایی و نائاسایی.
هاوڵاتى: كاتێك هه‌ستت كردبێت شته‌كانى دیكه زیندووێتیان تێدا نه‌ماوه، ئیدى
په‌نات بۆ زیندووێتی شیعر بردووه؟
مه‌ریوان وریا: نا، شیعر له دوای مردنی
شته‌كانه‌وه له‌دایكنابێت، شیعر ناتوانێت تاقه بوونه‌وه‌رێكی زیندووی ناو
دنیایه‌كی مردوو بێت. شیعر بۆ ئه‌وه‌ی بژی پێویستی به دنیایه‌كه پڕ له ژیان،
له كوێ ژیان نه‌بوو له‌وێش شیعر نیه. له‌ڕاستیدا شیعر دێت بۆ ئه‌وه‌ی به
زیندوبوونی ئینسان و به زیندوبوونی دنیا قووڵاییه‌كی تایبه‌ت ببه‌خشێت. شیعر دێت
بۆ ئه‌وه‌ی به زیندووبوونی شته‌كانی ده‌وروبه‌ری، له زیندووبوونی گوڵێكه‌وه بۆ
زیندووبوونی په‌نجه‌ره‌یه‌ك، قووڵاییه‌كی میتافیزكی و وجودی گه‌وره ببه‌خشێت و
شته‌كان به‌ڕاده‌یه‌ك زیندوو راگرێت وه‌ك ئه‌وه وابن هه‌ریه‌كێكیان له‌یه‌ككاتدا
هه‌زاران هه‌زار ژیان ده‌ژین.
من ئه‌و كاتانه شیعرم نووسیوه كه زانیومه هه‌م من زیندووم و هه‌م دنیا و هه‌م
زمان، هه‌ریه‌كێكیشمان له جوڵه‌یه‌كی بێبڕانه‌وه و نائارام و به‌رده‌وامداین،
شیعر هاتووه بۆ ئه‌وه‌ی ئاوازی ئه‌و جوڵانه ڕێكبخات، لێدانی ترپه‌ی دڵی من
نزیككاته‌وه له لێدانی ترپه‌ی دڵی دنیا و دڵی زمان. وابكات دنیا و شیعر گه‌رچی
به خێراییه‌كی جیاوازیش بڕۆن،
به‌ڵام به یه‌ك رێگا، یان لانیكه‌م به یه‌ك
ئاراسته‌دا بگوزه‌رێن. شیعر لای من ئامێزكردنه‌وه‌یه‌كی مه‌ستانه و زۆرجاریش
خه‌مبارانه‌یه بۆ دنیا، گه‌ڕانه بۆ تێكه‌ڵكردنی خوێنی شیعر به ده‌ماره
گه‌وره‌و بچووكه‌كانی دنیا. میقاتكردنی ترپه‌كانی دڵی شاعیره له‌سه‌ر ترپه‌ی
لێدانه‌كانی دڵی زه‌وی. په‌نابردن بۆ شیعر هه‌وڵدان نیه بۆ ده‌رچوون له دنیا،
هه‌رگیزیش دوای مردن و پوكانه‌وه‌ی شته‌كان نایه‌ت، به‌ڵكو هه‌وڵدانه بۆ
رزگاركردنی خود و رزگاركردنی زمان و رزگاركردنی شته‌كان له‌وه‌ی نه‌كه‌ونه ناو
بۆشاییه‌كی بێسه‌ره‌تا و بێكۆتایی وه‌ك مردن خۆیه‌وه. شیعر پیلانێكی نهێنی و
ئاشكرایه بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ ناو هورژم و هاتوچۆی زه‌مه‌ن و هاتوچۆی شته‌كان به
شێوه‌یه‌كی هێمن. له‌ڕاستیدا لای من ساته‌وه‌خته‌كانی به‌ر له نووسینی شیعر
ساته‌وه‌ختی دڵشكانه گه‌وره‌كانی ئینسانه له بوون، له دنیا، له زمان خۆی.
له‌هه‌مانكاتدا ساته‌وه‌ختی دابڕانه گه‌وره‌كانیشه: دابڕان له زات، دابڕان له
ویدی، دابڕان له دنیا. شیعر دێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌م شتانه جارێكی دیكه به
یه‌كه‌وه گرێبدات. شتێكیان لێدروستبكات قابیلی ژیان و به‌رده‌وامبوون. كه‌ی
په‌یوه‌ندی ئینسانێك له‌گه‌ڵ ژووره‌كه‌یدا تێكچوو، كه‌ی باخچه‌یه‌ك له‌وه‌كه‌وت
دڵشكانی ئینسانێك تیماربكات، كه‌ی ڕێگایه‌ك ئاماده‌نه‌بوو سه‌یری شوێنپێی
جێماوی كۆچبه‌رێكی پاییز بكات، كه‌ی شارێك نه‌یتوانی بستێك ئارامی و كه‌مه‌كێك
سێبه‌ر به نیوه‌ڕۆیه‌كی دره‌نگی مه‌نفییه‌ك بدات، شیعر دێت بۆ ئه‌وه‌ی
په‌یوه‌ندی ئینسان و ئه‌و ژووره، باخچه و ئه‌و برینه، رێگا و ئه‌و كۆچبه‌ره، شار و
ئه‌و مه‌نفییه بگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر سه‌متی راسته‌قینه و هاوسه‌نگ و ئینسانییانه‌ی
شته‌كان. له هه‌موو ئه‌م دۆخانه‌شدا هیچ لایه‌نێك له‌و لایه‌نانه نه‌مردوون، به
پێچه‌وانه‌وه هه‌موویان زیندوون،
به‌ڵام شله‌ژان و تێكچوونێك كه‌وتووه‌ته
نێوان ئه‌و په‌یوه‌ندییه تایبه‌تانه‌وه كه به یه‌كتریانه‌وه
ده‌به‌ستێته‌وه. شیعر دێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه دروستبكاته‌وه و
سه‌رله‌نوێ رێكیانبخاته‌وه و گوڕ و تینێكی نوێیان پێببه‌خشێت. شته‌كان كه
مردن شیعر ناتوانێت زیندوویانبكاته‌وه، شیعر وه‌ك مه‌سیح نیه ده‌ستی به‌ر
هه‌رشتێك كه‌وت له مردن هه‌ڵیبسێنێته‌وه و بیخاته‌وه سه‌رپێی خۆی، مردنی
شته‌كان شیعر خۆشی ده‌كوژێت. بۆیه شیعر بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت زیندووبوونی خۆی
ئه‌زموونكات هه‌میشه پێویستی به دنیایه‌كی زیندوو هه‌یه.
هاوڵاتى: شیعر لاى تۆ هه‌ست و خه‌ونه
خه‌فه‌كراوه‌كان له پشتییه‌وه ئاماده‌ییان هه‌یه، یاخود عه‌قڵ و مه‌عریفه؟ یان
هه‌ردووكیان؟ یان چى؟ مه‌ریوان وریا: لای من ئه‌وه‌ی له پشتی شیعره‌وه ئاماده‌یه
ئینسانه له لوتكه‌ی زیندووبونی خۆیدا، ئینسانه له دۆخی وشیاریی و دێوانه‌یی و
به‌خته‌وه‌ری و دڵشكانیدا. ناخۆشترین شت ئه‌وه‌یه به ده‌سته‌واژه‌كانی عه‌قڵ و
مه‌عریفه له شیعر بدوێین. ته‌نانه‌ت له‌گه‌ڵ نزیكی هه‌ندێك ئه‌زموونی شیعریدا
له فه‌لسه‌فه، ڕاست نیه له‌شیعردا بۆ فه‌لسه‌فه بگه‌ڕێین. ئینسان پێویسته
له‌شیعردا هه‌ر به دوای شیعردا بگه‌ڕێت. بێگومان هیچ شیعرێك نیه ئینسانێكی
له پشته‌وه نه‌بێت كه بڕێك له مه‌عریفه و بڕێك له عه‌قڵ و بڕێك له
خه‌یاڵ و بڕێك له دێوانه‌یی و بڕێك له ئومێد و بڕێك له نائومێدی له‌خۆیدا
هه‌ڵنه‌گرتبێت. شیعر به‌رهه‌می تێكه‌ڵبوونی هه‌موو ئه‌و شته ئینسانییانه‌یه
به‌یه‌كتری به‌ڵام له‌ده‌ره‌وه‌ی هه‌ر لۆژیكێكی زانراوی تێكه‌ڵكاریدا تا
ساته‌وه‌ختی نووسین و له‌دایكبوونی شیعره‌كه خۆی. خراپترین شیعر ئه‌و شیعرانه‌ن كه
ده‌یانه‌وێت ببن به یه‌كێك له‌و شتانه به ته‌نیا، به عه‌قڵ به ته‌نیا، به
خه‌یاڵ به ته‌نیا، به دێوانیه‌ی به ته‌نیا، به ئومێد به ته‌نیا یان به
نائومێدی به ته‌نیا. گه‌ر به زمانی فیكر و مه‌عریفه بدوێین ده‌كرێت بڵێین
خراپترینی شیعر ئه‌و شیعرانه كه ده‌یانه‌وێت یان ببن به فه‌لسه‌فه یاخود به
وڕێنه. فه‌لسه‌فه وه‌ك فیكرێك كه دۆخی لۆژیكیبوون و سیستماتیكبوونی خۆی له
هه‌موو ده‌ركه‌وته‌كانیدا بژی و ته‌ماحی كۆنترۆڵكردن و دیسپلینكردنی مانا و جوڵه و
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌بێت، وڕێنه‌ش وه‌ك ساته‌وه‌ختی مردنی ده‌لالی زمان و مردنی
وشیاری و مردنی هه‌موو توانایه‌كی په‌یوه‌ندیكردن له نێوان ئینسان و دنیا و
شته‌كاندا. ئینسان شیعر نانووسێت بۆ ئه‌وه‌ی له دنیا و دیارده‌كانی تێبگات، هه‌ر
له بنه‌ڕه‌تیشه‌وه كرده‌ی (تێگه‌یشتن) كرده‌ی نووسینی شیعر نییه، بۆ تێگه‌یشتن
لقه جیاوازه‌كانی زانست و فیكر هه‌یه.
به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ئینسان شیعر بۆ
ئه‌وه نانووسێت له په‌یوه‌ندییه‌كی وڕێنه‌ئامێزدا بێت له‌گه‌ڵ خۆی و له‌گه‌ڵ
دنیادا. شیعر وه‌ك گوتم دێت بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئینسان و دنیا،
ئینسان و ئینسان، ئینسان و شته‌كان به زیندووی ڕابگرێت. یاخود زیندووبوون و جوڵه و
دووركه‌وتنه‌وه و نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌و شتانه هه‌موویان به یه‌كدی تێكه‌ڵبكات و
هه‌وڵبدات ریتمێكی هاوبه‌ش و نه‌بزێكی هاوبه‌شیان پێببه‌خشێت. ئه‌مه‌ش
ته‌فسیركردنی دنیا نیه به‌و شێوه‌یه‌ی فیكر ده‌یكات، یان هه‌ڵهاتن نیه له
هه‌موو جۆره مانا و په‌یوه‌ندییه‌ك وه‌ك له وڕێنه‌دا ئاماده‌یه، ئه‌مه
نووساندن و تێكه‌ڵكردن و ئاوێزانكردنی چه‌ندان دنیا و چه‌ندان زمان و چه‌ندان
جوڵه‌یه به یه‌كدى.
هاوڵاتى: هه‌ستكردنى قووڵ به دیاسپۆرا له شیعره‌كانتدا ئاماده‌یى هه‌یه. بێماڵییه‌كى به‌رده‌وام له شیعره‌كانتدا ده‌نووسیته‌وه، كوىَ ماڵته؟
مه‌ریوان
وریا: به‌ر له هه‌موو شتێك من له‌و شاعیرانه نیم به درۆ بڵێم شیعر ماڵمه.
شیعر ناتوانێت ببێت به ماڵ، لانیكه‌م به ماڵی به‌رده‌وامی ئینسان. راسته
ئینسان بۆ راگرتنی هاوسه‌نگی خۆی له‌گه‌ڵ دنیادا، بۆ ده‌ربازبوون له دڵشكانه
گه‌وره‌كان یان بۆ ئه‌نجامدانی سه‌رچڵییه‌كی وجودیانه ده‌چێته ماڵی شیعره‌وه،
به‌ڵام هه‌رگیز ناتوانێت به به‌رده‌وامی له‌و ماڵه‌دا بمێنێته‌وه و بژی.
ئه‌وه‌ی شیعر بكات به ماڵ دره‌نگ یان زوو ده‌بێته بێماڵێكی گه‌وره، ده‌بێته
ده‌رۆزه‌كه‌رێكی گه‌ردوونی و وه‌ك قه‌له‌نه‌ده‌رێك به‌ناو وه‌رزه‌كان و ساڵه‌كان و
شته‌كاندا تێده‌په‌ڕێت، به بێئه‌وه‌ی بتوانێت له شوێنێكدا بوه‌ستێت.
ئینسان ده‌توانێت شیعر بنووسێت،
به‌ڵام ناتوانێت وه‌ك شیعر بژی، هۆكه‌شی
ئه‌وه‌یه ئینسان، به پێچه‌وانه‌ی شیعره‌وه، پێویستی به‌وه‌ستان و دانیشتن و
جێگیریی هه‌یه. ئینسان ریتمێكی هه‌یه جیاواز له ریتمی شیعر و ریتمی زمان و ریتمی
جوڵه‌ی دنیا و شته‌كانی ده‌ره‌وه. ماڵ ئه‌و شوێنه كه باوه‌ش بۆ ریتمه
تایبه‌تییه‌كانی ئینسان ده‌كاته‌وه و سنوورێك له نێوان ئه‌و و دنیادا ده‌كێشێت.
ره‌نگه كه‌سانێك هه‌بن حه‌زبكه‌ن وه‌ك شیعر بژین،
به‌ڵام من له‌و جۆره كه‌سانه
نیم. من ده‌مه‌وێت ماڵێكم هه‌بێت. من ئه‌وه‌ته‌ی هه‌م به دوای ماڵێكدا
ده‌گه‌ڕێم بتوانم تێیدا ئینسانبوونی خۆم بژیم، ئه‌زموونی دووركه‌وتنه‌وه له
نیشتیمان و ژیان له‌مه‌نفادا ئه‌م پێداویستییه رۆحییه‌ی به ماڵ به‌شێوه‌یه‌كی
ترسناك گه‌وره‌كردووه. بێگومان مه‌به‌ستی من له ماڵ مانا فیزیاییه‌كانی بوونی
خانوویه‌ك نیه، به‌ڵكو مه‌به‌ستم له‌و ماڵه میتافیزیكییه‌یه كه لێوانلێوه
له مانا و له هه‌ستكردن به ئینتیما و له ئولفه‌تێكی ده‌گمه‌ن و بێ‌سنوور. ماڵ
وه‌ك دیوی ئه‌ودیوی زات خۆی، وه‌ك پانتاییه‌كی رۆحی كه توانای كۆكردنه‌وه‌ی له‌ته
جیاوازه‌كانی رۆحی هه‌بێت و ریتمه‌كانیان كۆبكاته‌وه و چوارچێوه‌یه‌كی پڕ
ئولفه‌تیان بۆدروستبكات. بێگومان من هه‌ندێكجار ماڵم هه‌بووه، ماڵی راسته‌قینه و
ماڵی ره‌مزی،
به‌ڵام له ئێستادا له دۆخی بێماڵیه‌كی قووڵدا ده‌ژیم. ئه‌و
ماڵانه‌ی من هه‌مبووه هه‌ندێكجار ژوورێكی بچووك بووه له گوندێكی چه‌په‌ری
كوردستاندا، جارێك ژێرزه‌مینێك بوو له گه‌ڕه‌كی به‌ختیاری له سلێمانی،
جارێكی تر شۆڕشكردن بووه له شاخه‌كان، هه‌ندێجار سه‌فه‌ر بووه بۆ وڵاتان و
شوێنانی تری جیهان، جارێك مه‌نفا بووه و هه‌ندێكجار خه‌ونی گه‌ڕانه‌وه بووه بۆ
كوردستان. به‌ڵام نایشارمه‌وه له هه‌موو ئه‌و دۆخانه‌دا هه‌ستێكی تایبه‌تم به
بێماڵی هه‌ر هه‌بووه. هه‌ستمكردووه شوێنێك نیه بتوانم ئولفه‌تی ته‌واوه‌تی
پێوه‌بگرم و لێیدڵنیابم كه لێم وون نابێت و نایدۆڕێنم. شوێنێك بتوانم
متمانه‌ی خۆمی له‌لادانێم و بڕۆم،
به‌ڵام كه هاتمه‌وه ئه‌و متمانه‌یه‌ی
فڕێنه‌دابێته ده‌ره‌وه و ده‌رگاكانی دانه‌خستبێت. پێموایه كێشه‌ی بێماڵی
كێشه‌ی هه‌ره‌سه‌ره‌كی ژیانی منه له‌ئێستادا. هه‌ستناكه‌م خه‌ڵكی شوێنێكی
دیاریكراوی سه‌ر ئه‌م زه‌وییه بم. چه‌ند له هۆڵه‌ندادا هه‌ست به غه‌ریبی
ده‌كه‌م به هه‌مان ئه‌ندازه له كوردستاندا هه‌ست به غه‌ریبی ده‌كه‌م. هه‌ر
یه‌كێك له‌م دوو شوێنه بۆ هۆیه‌كی تایبه‌تی تووشی نائومێدی و بێمتمانه‌یی و
دڵشكانم ده‌كات.
خۆشبه‌ختانه ئینسان ده‌توانێت له ماڵه (ناماڵه‌كانه‌وه) بڕوات بۆ ماڵه
ره‌مزییه‌كان، شیعر ده‌شێت ببێته ماڵێكی ره‌مزی،
به‌ڵام ناتوانێت شوێنی
ماڵێكی واقیعی بگرێته‌وه. ئه‌وه‌ی مه‌نفا به منی داوه ئه‌و پێداگرتنه
قورسه‌یه له‌سه‌ر ماڵ، له‌سه‌ر نیشتیمانێكی شه‌خسی و ره‌مزی، له‌سه‌ر شوێنێك
ببێته شوێنی نهێنی و گومان و ئومێد و نائومێدییه‌كانی ئینسان. زه‌حمه‌تترین شت
ئه‌وه‌یه هه‌وڵبده‌ی مه‌نفا خۆی بكه‌یت به ماڵ، كردنی مه‌نفا به ماڵ به قه‌د
كردنی شیعر به ماڵ زه‌حمه‌ته.
به‌ڵام مه‌نفا وه‌كچۆن كۆتایهاتن و وێرانبوونی
فیكره‌ی ماڵه، ئاواش شوێنی راسته‌قینه‌ی خه‌ونبینینه به ماڵه‌وه. بێگومان تۆ
راستده‌كه‌یت. هه‌ستكردنی من به بێماڵی هه‌ستكردنێكی زاڵه له دیوانى (كتێبی
دڵشكان)دا. شیعر له‌و دیوانه‌دا سه‌رقاڵی نووسینه‌وه‌ی بێماڵییه به‌بێئه‌وه‌ی
خۆی ببێته ماڵ و ئه‌و بۆشاییه گه‌وره‌یه پڕبكاته‌وه كه بێماڵی دروستیده‌كات.
ئینسان بوونه‌وه‌رێكه بێ‌ماڵ ناژی، ره‌نگه خولیا و ویستی هه‌بوونی ماڵ وه‌ك
شتێكی زیندوو به‌رجه‌سته و وه‌ك ره‌مزیش ئه‌و شته‌بێت كه ئینسان له سه‌رجه‌می
بوونه‌وه‌ره‌كانی دیكه جیابكاته‌وه. ماڵ به ئینسان ته‌نیا شوێنی نووستن و
حه‌وانه‌وه و خۆشاردنه‌وه له دنیای ده‌ره‌وه‌ی خۆی نابه‌خشێت، به‌ڵكو به
پله‌ی یه‌كه‌م ئولفه‌ت به ئینسان ده‌دات، متمانه‌یه‌ك دروستده‌كات كه زه‌حمه‌ته
بزانیت سه‌رچاوه‌كانی له‌چیدایه. پێموایه له قووڵایی هه‌ر ئینسانێكدا شوێنێك
یان شتێك هه‌یه هه‌میشه پاڵ به‌و كه‌سه‌وه ده‌نێت به دوای ماڵێكی ئارام‌دا
بگه‌ڕێت، ماڵێك له شێوه‌ی نیشتیمانێكی بچو‌وكدا كه دیواره‌كانی پڕبن له
ئولفه‌ت، په‌نجه‌ره‌كانی به رووی ئێواره‌یه‌كدا بڕوانێت ئاشنا، باخێكی بچووكی
تێدابێت پڕ حیكایه‌ت، ده‌رگاكانی شوێنی قامكه بچووكه‌كانی مناڵیان پێوه‌بێت،
سووچه‌كانی هێشتا ئه‌و ترس و هاوارانه‌یان تێدابێت كه هێمای جێمانی مناڵییه
له‌ناو تاریكی ڕاره‌و و داڵانه‌كاندا. ماڵ بریتییه له تێكه‌ڵێكی ئه‌فسانه‌یی
له مناڵی و گه‌وره‌یی، له جاران و ئێستا، له ته‌نیایی و پێكه‌وه‌بوونێكی پڕ
مه‌حه‌به‌ت، له ساردی و گه‌رمی. ماڵ ئه‌و خاڵه‌یه كه دنیا لێیه‌وه
ده‌ستپێده‌كات، بێ ئه‌و خاڵه، بێ ئه‌م پنته بچووكه، دنیا خۆشی بوونی
نامێنێت. من پازده ساڵه له یه‌كێك له وڵاته جوانه‌كانی دنیادا ده‌ژیم و
له‌یه‌كێك له شاره هه‌ره قه‌شه‌نگه‌كانیدا نیشته‌جێم،
به‌ڵام نه له‌و
وڵاته‌دا و نه له‌و شاره‌دا و نه له هیچ شوێنێكی تری دنیادا ماڵێك به‌و
مانایانه‌ی له‌سه‌ره‌وه باسمكردن شكنابه‌م. ئه‌م بێماڵیه‌یه وایكردووه له
(كتێبی دڵشكان)دا به‌دوای ماڵێكدا بگه‌ڕێم له وشه، له زمان و له ریتم و له
وێنه، ماڵێك ده‌زانم هه‌رگیز نامبێت و هه‌رگیز تیاناژیم،
به‌ڵام ناشتوانم بۆ
یه‌ك ده‌قیقه ئه‌و یه‌قینه‌م هه‌بێت كه بۆ هه‌تاهه‌تایه ونمكردووه. به‌شێكی
گه‌وره‌ی قووڵایی دڵشكانه‌كانیش له‌و دیوانه‌دا له‌م دۆخی بێماڵییه
گه‌وره‌یه‌وه دێت.