زه‌نگی په‌ستیی1
گۆران*
ئه‌وا دیسان له گۆشه‌ی نادیاری
دڵم، هه‌ڵسا زڕه‌ی زه‌نگی فگاریی2
به ئه‌سپایی، به بێهێزیی، به عاسته‌م،
هه‌وای ڕۆحم ئه‌خاته سه‌ر له‌ره‌ی خه‌م!
به ئه‌سپایی، به له‌رزۆکیی، هه‌ژاریی،
ئه‌ناڵێنێ له شوێنی نادیاریی!
زمانێک دێته گۆ هه‌رچه‌ن زڕه‌ی دێ،
که تێر نابم له گوێکرتن به دوو گوێ!
زمانێک، به‌سته‌یه‌ک، ده‌نگێک، نه‌وایه‌ک،
سکاڵایه‌ک، هه‌ناسه و ئاخ و ئایه‌ک
که تێی ناگه‌م، که نازانم ئه‌ڵێ چی،
به‌ڵام خوڕخوڕ له‌گه‌ڵیا ڕۆحم ئه‌گری!
چییه ئه‌ی ڕۆحی بێ لێوار و بێ په‌ی
له تۆ ناشاره‌زایی من هه‌تا که‌ی؟
چییه ئه‌م ده‌نگه؟ ئه‌م ئاوازه دووره؟
که پێهه‌ڵهێنه‌ری چاوی شوعووره؟
که دێ په‌ستم، که نایه ئاره‌زووی دڵ
به دوویا وێڵ ئه‌بێ مه‌نزڵ به مه‌نزڵ!
چییه ئه‌م زه‌نگه زرنگه‌ی دێ به ماتیی
که ژێر ته‌م که‌وتووه شوێنی وڵاتی؟
1940
1. هه‌ندێ جار له قووڵایی دڵما هه‌ستی په‌ستییه‌ک ئه‌که‌م، له چه‌شنه مه‌ستییه‌ک ئه‌چێ. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌وه‌نده‌م بیر و خه‌یاڵ و لێکدانه‌وه لێ ئه‌ورووژێنێ، شه‌که‌تم ئه‌کات، که‌جی ئه‌گه‌ر سه‌رده‌مێکی نه‌ختێ درێژ خۆیم لێ بشارێته‌وه، گیانم وه‌کو مناڵ ئه‌که‌وێته به‌یاییه‌کی به کوڵ بۆی... ویستم ئه‌م بیرانه‌م له قاڵبی شیعردا داڕێژم، هه‌رچه‌ن تێکۆشام، هه‌ر توانیم ئه‌مه بێنمه دی.
2. فگاریی: په‌ستیی و عاجزیی
* نووسینه‌وه‌ی 'ماڵێک له ئاسمان'، دیوانی گۆران، بڵاوکراوه‌ی پانیز، چاپی سێیه‌م