میخائیل نەعیمە .... خەمى مرۆڤایەتى

 ئارام قەرەداغی
Aram_qaradaghi@hotmail.com

نوسەرى گەورە هەڵگرى پەیامە، خاوەنی تێڕامانى وردە لە بەرکەوتە زیندووەکانى دوروبەرى، هێندە قوڵبوونەوەى هەیە لە بەخەمەوەهاتنی کەوتنەکانەوە هێندە لەخەیاڵى خۆیدا نیە، بەواتایەکى تر دەتوانین بڵێن، زاهیدێکە بۆ خودى خۆى، زوهدى خۆى لە بەخەمەوە هاتنی ژیاندا پراکتیزە دەکات.

 میخائیل نەعیمە ئەو نوسەرەى کە خاوەنى دەنگێکى سەربەخۆو دەنگدانەوەیەکى گەورەیە چ لە ناوەندى عەرەبی و چ لە سەر ئاستى جیهانیى، کاتێک لەساڵى 1889 دا لە لوبنان دێتە دنیاو لە 1988 دا دەمرێت 99 سالڕ لەناو ژیانا بەشێکى زۆرلەم تەمەنە تەرخان دەکات بۆ تێڕامان و دەربڕین. نەعیمە ئەو ناوەى بەهوى زوریى بەرهەمەکانیەوە پەیدا نەکرد بەڵکو بەهۆى ئەو بەخەمەوە هاتنە گەورەیەى بوو بۆ ژیان و مرۆڤایەتى، لاى نەعیمە هەمو شتەکانى کەون جوانن بەڵام لەهەمویان جوانتر مرۆڤە بۆیە هەمیشە لە نوسینەکانیدا ڕەنگدانەوەى ئەم بەتەنگەوەهاتنەى مرۆڤ دەبینرێت کە هەمیش بانگى دەکات بە (ئەى مرۆڤ ) یان ( ئەى نەوەى ئادەم). قسەکردن و گوتاردان بۆ مرۆڤایەتى کارى هەرەسەرەکى نەعیمەیە بەهەموو جۆرەکانى ئاخاوتن لەگەڵ هاوخوێنەکانى خۆى دەپەیڤێت، پەیامى هەیە بۆیان یاخود تێڕامان و تێگەیشتنى هەیە بۆ هەڵسوکەوتەکانى مرۆڤ و هەمیشە ئەو ڕێگایانە ڕۆشندەکاتەوە کە دەتگەیەنێت بە ڕزگاربوون، وەک دەڵێت:

 (ئەى نەوەى ئادەم تۆ چەند گەورەیت/چونکە توانیت خۆشەویستى بکەیت/پاشان توانیت بڕوات هەبێت/ توانیت بە خۆشەویستى و بڕواکەت/ تێبگەیت تۆ کێیت)1

 مرۆڤ ئەو بوونەوەرە گەورەیەیە بەلاى میخائیل نەعیمەوە کە توانیویەتى بگاتە ناسینى خود، بەم گوزارشتە سادەیە ئەو سەرسوڕمانە گەورەیە دەردەبڕێت بەرامبەر بە نەوەکانى ئادەم کە توانیویانە بە خۆشەویستى و بڕوا هەست بە مرۆڤبوون بکەن، هەمیشە لەگەڕاندابن بەدواى ناسینى خودی خۆیاندا. نەعیمە هەوڵدەدات بۆ بەرز ڕاگرتنی مرۆڤ و دەیەوێت مرۆڤ بکاتە باشترین دروستکراوەکانى سەر زەوى، لەدەقێکى تریدا ئەمە دەخاتە ڕوو وەک دەڵێت: ( ئەى خوا .... من نەوەى تۆم/ ئەم زەویە بەڕێز و بەسۆزەى دروستکراوە/کە منت خستۆتە ئامێزیەوە/ هیچ نیە جگە لە لانکەیەک نەبێ/کە لێوەى سەردەکەوم بۆ لات)2

 ئەمە ئەوپەڕى ڕێزگرتنى مرۆڤە لە فەلسەفەى نەعیمەدا، دەیەوێ مرۆڤ بەرێتەوە بۆلاى جنسى خوداکان و هاوخوێنییەک لەگەڵ خودادا، بڵێت مرۆڤ وەک هیچ بوونەوەرێکى سەر زەمین نییە بەشێکە لەخودا و هەمیشە لەڕۆشتندایە بۆ گەیشتەوە بۆ لاى ئەو، گەورەیی مرۆڤ لەوەدایە هەوڵدەدات و سەفەرەکانى دەکات، کە قوڵترین سەفەرو ڕێگاى ڕۆچونە بەناو ناخى خۆیدا تاوەکو بتوانێت بگاتەوە بە خوداوەندی باوک. نەعیمە شۆڕشگێڕە و ڕابەرى شۆڕشێکە کە ڕودەکاتە مرۆڤایەتى و ڕێگاو پڕۆگرامی شۆڕشى ڕزگاربوونیان بۆ ڕوندەکاتەوە بەوەى هەوڵدان دژى نەفامی لەپێناو مەعریفەداو هەوڵدان دژى کۆیلایەتى لەپێناو ئازادیداو هەوڵدان دژى پەرتەوازەیی لەپێناو یەکبووندا ئەمانە هەوڵدانن لەپێناو مرۆڤدا بۆ ئازادی و یەکیەتى بۆى، نەعیمە بڕواى وایە هەموو هەوڵدان و ڕزگارکردنى مرۆڤایەتى یەکەم شت بە مەعریفە دەبێت، مەعریفە لەپێش هەمو شتەکانەوەیە، چونکە کاتێک مەعریفەیەکى قوڵ هەبوو ئەوکات هەست بە بەندایەتى و پەرتەوازەیی دەکات و هەوڵدەدات بۆ بەدەستهێنانى ئازادی و یەکبوون، بەڵام چ مەعریفەیەک دەتوانێت مرۆڤ بەرەو ڕزگاربوون بەرێت، مەعریفە لاى نەعیمە بریتیە لەو مەعریفە تەواو و کامڵەى کە خۆى باسى دەکات و دەڵێت: ( ئەى نەوەى ئادەم/ مێژوى تۆ تا ئیستا نەنوسراوەتەوە/ هەرگیز ناشنوسرێتەوە / تاوەکو مەعریفەیەکى تەواوت نەبێ/ مەعریفەى تەواو ئەوەیە کە بزانیت چى هەبووە و چى دەبێت)3

 میخائیل نەعیمە مرۆڤایەتى ئاگادار دەکاتەوە کە دەبێ بە ئاگابن لە هەموو ئەوانەى ڕویداوەو ئەوانەش کە ڕوودەدەن، تاکو بتوانێ مێژوى خۆى وەک مرۆڤێکى پڕاوپڕ لە مرۆڤبون بنوسێتەوە، کە مرۆڤیش بە هارمۆنی بوونى عەقڵ و لۆجیک و هەست، دەگاتە مەعریفەى کامڵ و تەواو و ئیدى دەتوانێت لەپێناو مرۆڤایەتیدا شۆڕشێک بکات.

 میخائیل نەعیمە هەمیشە ئامۆژگارى مرۆڤایەتى دەکات بە قوڵبونەوەو تێڕامان، کە ئەم قوڵبونەوەیە دەتوانێت مرۆڤ بگەیەنێتە ڕزگاربون لەهەموو ئەو شتانەى کۆتى دەکەن ولە قاڵبی مرۆڤبون ئەیبەنە دەرەوە، هەمیشە لەگەڵ ئەوەدایە مرۆڤ دەتوانێت لەقوڵایى خۆیدا جوانتر و باشتر ببینێت وەک لەدەرەوەى خۆى، بەمانایەکى تر هەستە دەرەکیەکان ناتوانن هەست بەوە بکەن کە کە هەستە ناوەکیەکان هەستى پێدەکەن، وەک دەڵێت: ( کاتێک کەتۆ هەستەکانى دەرەوەت دادەخەیت/ شت گەلێک دەبینیت چاوت نەیدیوە)4 ڕێگاى نەعیمە ڕێگایەکى گەورەیەو، میخائیل نەعیمە تەنیا شاعیر و نوسەر نییە (بەڵکو هەمیشە وەک حەکیمێک یاخود فریادڕەس و پەیامبەرێک دێتە بەرچاو، کە هەمیشە بیرکردنەوەى خۆى تەرخانکردبوو بۆ ئەوەى تاریکى ڕێگاکان ڕونبکاتەوە بۆ ڕزگارکردنى سەرجەم مرۆڤایەتى.
 

1 یا ابن آدم/نعیمە/191
2 نجوى الغروب/ نعیمە/122
3  یا ابن آدم/نعیمە/189-190
4  هەمان سەرچاوەى پێشو 193