له‌غه‌مگینى هه‌سته‌وه بۆ غه‌مگینى نیشتمان،
دونیایه‌ك هه‌ڵوه‌رین له‌قه‌سیده‌ى
"نامبینیت چۆن پایز ئه‌بمه‌وه.. نامبیستیت، چه‌ند له‌گۆرانییه بێ ڕه‌نگه‌كانى ئاو
ئه‌چم !"
دانا عه‌سكه‌ر
danaasker@yahoo.com
ره‌نگدانه‌وه‌ى ماهیه‌تى
شكستى نیشتمان لاى ئینسان ده‌رئه‌نجامى نه‌بوونى تێگه‌یشتنه له‌نێوان په‌یوه‌ندى
سۆزدارى و په‌یوه‌ندى عه‌قلانى لاى تاكه‌كان سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌شێك له‌م
حاڵه‌ته ره‌نگدانه‌وه‌ى كولتووریى گرژى و ئاڵۆزى كۆى مرۆڤه‌كانى كۆمه‌ڵ تووشى
حاڵه‌تى گرژى و.. ده‌ماریگیریى عه‌قڵى ده‌كات، بۆیه ده‌كرێ ئه‌وه‌ش بڵێن
هه‌ستكردن به‌و شكستییه به‌دیوێكدا شكستى جه‌سته‌یى و رۆحى لاى ئینسانه‌كان دروست
ده‌كات، بۆیه هه‌ستكردن به‌و واسیته لاى به‌شێكى زۆر كاریگه‌ریى و په‌رچه‌كردارى
جیاوازى ده‌بێت، لاى كه‌سانى رۆشنبیر وه‌و ته‌فسیره جیاوازییه‌كى شێوازیى
هه‌یه‌و.. به‌دیوه مه‌عریفیه‌كه‌یدا مامه‌ڵه‌ى له‌گه‌ڵدا ده‌كرێ.
به‌شێك له‌و هه‌ولانه له‌ڕێى نووسین و زمانى ره‌خنه‌وه رووبه‌ڕووى ده‌سه‌لاتى
كۆمه‌ڵ ده‌بنه‌وه كه‌ده‌رئه‌نجام ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كى عه‌قلانى بۆ بنبڕ‌كردنى
لایه‌نه دژه‌كان.
رۆلان بارت.. ده‌ڵێ: "هه‌میشه ده‌قى زیندو به په‌یوه‌ندییه‌كى ره‌مزییه‌وه
ته‌ماهى له‌گه‌ڵ بوونیاده‌كانى ده‌ره‌وه‌ى خۆیدا ده‌كات".
ئه‌وه‌ى بارت له‌م وته‌یه‌داو ده‌یخاته‌ڕوو، ئه‌وه‌یه كه‌نووسه‌ر هه‌میشه
له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بێت لێكترازانێك له‌نێوان ده‌ق و كاریگه‌ریى ناوه‌وه‌ى
نووسه‌ر كه‌ده‌رئه‌نجامى واقیعى سیاسى و كۆمه‌لایه‌تى سه‌رهه‌ڵده‌دات، به‌دیوه
ره‌مزییه‌كه‌یدا هه‌بێ و.. ئه‌چێته چوارچێوه‌ى كۆپىكردنى جه‌سته‌و عه‌قڵ خۆى
له‌شته‌كانى ده‌وروبه‌ر.
بۆیه ئه‌ركى نووسه‌ر له‌به‌رانبه‌ر ئه‌م كاردانه‌وه‌یه وه‌ك ده‌نگێك بۆ
گه‌ڕانه‌وه‌ى جه‌سته‌ى بریندارى نیشتمان بۆ جه‌سته‌یه‌كى ساغ و.. ئاوێته‌بوونى
له‌جه‌سته‌و خه‌یاڵى ئینسانه‌كان بۆ ناو رۆحى به‌ربلاویى دیالۆگ كه‌هه‌میشه
له‌ڕێى ده‌قى زیندووه‌وه ده‌توانین كاره‌كته‌رى جه‌سته‌و خه‌یاڵ له‌رۆحێكى
زیندودا له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى هه‌ستكردن به‌شكستى نیشتمان به‌مانا رۆحییه‌كه‌ى
بوونیاد ده‌نرێ.
دیوێكى تر‌ى هه‌ستكردن به‌شكستى لاى كه‌سى تاراوگه بوو ئه‌و خه‌ون و
یاده‌وه‌رییه‌یه كه‌هه‌میشه وه‌ك تارماییه‌ك له‌ئاسمانى خه‌یاڵ و.. عه‌قڵى
ئێمه‌دا ناڕه‌وێته‌وه‌و.. هه‌رده‌م له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه ئیحساسمان تووشى
شكستییه‌كى تر‌ى دونیایى بكات.
ره‌نگه ئه‌م شێوه هه‌ستكردنه له‌یه‌كێكه‌وه بۆئه‌وى تر جیاوازى زۆرى هه‌بێ.
كه‌سێكى وه‌ك جه‌مال غه‌مبار به‌ده‌ر له‌تێكشكانى جه‌سته‌ى نیشتمان، غوربه‌ت
به‌دیوه رۆحییه‌كه‌ى بێ حه‌د وه‌ك تارماییه‌ك له‌سیمایدا به‌دى ده‌كرێ، جگه
له‌وه‌ى غه‌مبار وه‌ك كه‌سێكى شه‌فاف په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ رۆحى ده‌وروبه‌ردا
ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ى شكستیه‌كان ناتوانێ رۆحى حۆى له‌وشێوه په‌یوه‌ندییه
دوور بگرێ، ئه‌مه‌ش خۆى له‌خۆیدا شێوازێكه له‌و په‌یوه‌ندییه لێكنه‌پچڕاوه‌ى
نێوان جه‌سته‌و زمان كه‌هه‌میشه له‌په‌یوه‌ندییه‌كى بنه‌ڕه‌تیدا ده‌رده‌كه‌وێت.
هایدگه‌ر ده‌ڵێت.. "ته‌نیا له‌و جێگه‌یه‌دا دونیا‌و مێژوو هه‌یه كه زمانى
لێیه".
بۆیه ده‌بێ له‌حیساباتى هه‌موو كه‌سێكدا ئه‌م جۆره دیدوبۆچوونانه ببێته
هۆكارێك بۆ ماهیه‌تى دونیا‌و مێژوو به‌دیوه مه‌عریفیه‌كه‌یدا. ره‌نگدانه‌وه‌ى
شكستى دونیا‌و زمان ده‌رئه‌نجامى خوێندنه‌وه‌یه‌كى ناجێگیرى واقیعى كۆمه‌لایه‌تى و
كولتورییه كه‌دونیاو یاده‌وه‌رییه‌كان له‌سیاقى مێژوویی‌دا ده‌بێته به‌شێك له‌و
لێكترازانه‌ى نێوان رۆح و كه‌سایه‌تى ئینسان و.. جه‌سته‌ى نیشتمان.
بۆئه‌وه‌ى زیاتر له‌ناوه‌ڕۆكى ده‌قه‌كه‌ى جه‌مال غه‌مبار ده‌رنه‌چین، نووسین
له‌غوربه‌ت لاى كه‌سى تاراوگه بوو به‌دیوێكى ره‌خنه‌گرانه دیوێكى
ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاخیبوونى ئینسان له‌گه‌ڵ فه‌زاو جه‌سته‌ى نیشتمان نه‌ك خودى
نیشتمان، هه‌ڵبه‌ته ره‌تكردنه‌وه‌ى سیستمى كه‌مته‌رخه‌م و.. پشتگوێ خستن
شێوازێكه له‌هه‌لاتن له‌به‌مێگه‌ل بوون و.. به‌تووتى كردنه، ئه‌مه وامان
لێده‌كات ئه‌وه‌ش بڵێین جێهێشتنى نیشتمان لاى ئه‌و كه‌سانه گه‌ڕان نیه بۆ
كونجى قه‌ناعه‌ت، به‌ڵكو گه‌ڕانه به‌دووى قه‌ناعه‌ت بۆ نیشتمان و.. ده‌رباز بوون
له‌عبوودییه‌ت به‌دیوه فیكریى و مه‌عریفییه‌كه‌یدا.
بۆیه ده‌بێ ئه‌وه‌ش بزانین عبودییه‌ت ته‌نها رزگار بوون نیه له‌گۆڕینى كه‌سه‌كان
به‌ڵكو رزگاربوون له‌سیستمى سیاسى كه‌ده‌بێ له‌هه‌ناوى هه‌موو یه‌كێ له‌ئێمه‌دا
ئه‌و مه‌یله وجوودى هه‌بێ.
به‌م پێیه خه‌سڵه‌تى نووسین له‌نووسینه‌وه‌ى شیعر به‌رانبه‌ر ئه‌و حاڵه‌ته
ناسه‌قامگیرانه به‌ر له‌وه‌ى له‌سه‌قفێكى زه‌مه‌نى كه‌مدا سه‌رهه‌ڵده‌دات
به‌دیوێكدا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ یاده‌وه‌رى و منداڵیى ئێمه كه له‌سایكۆلۆژییه‌تى
ئێمه‌دا وه‌ك نه‌ریت له‌گه‌وره‌بوونێكى حه‌تمیدا كاریگه‌ریى هه‌یه.
به‌م شێوه‌یه گه‌ڕانى شاعیر له‌م پرسه‌یه‌دا گه‌ڕانه به‌دووى مه‌دلوول كه‌ئه‌ویش
شكستیى رۆحیه لاى خودى ئینسان.
شاعیر جه‌مال غه‌مبار كۆى دیدو بۆچوونى له‌م ده‌قه‌دا ئه‌و هه‌سته‌ى تێدا به‌دى
ده‌كرێ و.. له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه به‌شێك له‌شكستیه‌كانى خۆى كه له‌ئه‌نجامى
رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سیستم و كولتوورى جیاواز، له‌گه‌ڵ ئه‌و
كه‌مته‌رخه‌میه‌ى له‌مامه‌ڵه‌كردندا به‌هه‌ستى تاكه كه‌سى و.. له‌گه‌ڵ نیشتماندا
ده‌كرێ بخاته‌ڕوو.
بۆیه به‌جێهێشتنى نیشتمان جارێكى تر ده‌بێته‌وه به‌و په‌یوه‌ندیه سارد‌و
سڕه‌ى كه له‌گه‌ڵ خودى خۆیدا قسه ده‌كات.. زمان ده‌كات به‌بكه‌رێكى چالاك بۆ
هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى خه‌یالاتى عه‌ده‌م كه‌به‌نه‌زه‌رى ئه‌و ژیان له‌ده‌ره‌وه‌ى
هه‌ستكردن به‌نیشتمان بوونێكى عه‌ده‌میه.
بۆیه غه‌مبار ئاماژه به‌و هێزه ته‌وته‌میه ده‌دات كه له‌خه‌یالاتى ئێمه‌دا
پیرۆز كراوه.. له‌به‌رانبه‌ر كرانه‌وه‌ى عه‌قڵ، عه‌قڵى ئێمه به‌ره‌و خه‌راباتى
بێ ئینسافى و خه‌مساردى په‌لكێش ده‌كرێ.
بۆئه‌وه‌ى له‌عه‌ده‌مییه‌ت ده‌ربازمان بێت، ده‌بێ بیر له‌وه بكه‌ینه‌وه
كه‌پرۆسه‌ى نووسین ته‌نها له‌سیاقى یاده‌وه‌ریى و له‌زمانى بیركردنه‌وه‌دا خۆى
یه‌كلایى نه‌كاته‌وه.
به‌دیوێكى تر ده‌بێ تیورى بیركردنه‌وه له‌نیشتمان ته‌نها له‌سیاقى یاده‌وه‌ریى و
جه‌سته‌یه‌كى خه‌یاڵئامێزد نه‌بێت، له‌به‌رانبه‌ردا عه‌قڵ بكه‌ین به‌كایه‌یه‌كى
تووندوتیژ بۆ به‌رگه‌گرتن له‌هه‌ڵوه‌رینى نیشتمان تووشى تووندوتیژیى عه‌قڵیى بین.
هه‌موو ئه‌م وێنانه‌ى له‌یه‌كبوونى دیوه بابه‌تیه‌كه‌دا هه‌یه ئه‌م ده‌قه
شیعرییه‌ى له‌ناو چه‌كى دیوه وه‌سفییه‌كه‌یدا له‌زمانێكى ره‌خنه‌یى ته‌واودایه‌ك
مه‌دلوول له‌خۆده‌گرێ ئه‌ویش شكیتییه.
بۆیه ده‌جگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر ئه‌وه‌ى زمانى ئێمه باس له‌نه‌هامه‌تیه‌كانى واقیع
بكات، به‌دیوێكى تر‌ى ئه‌م شكستى و بێ دادییه به‌شێكه له‌گرژیى و ئاڵۆزیى
حاڵه‌ته سایكۆلۆژییه‌كانى خودى نووسه‌ر.
ئه‌وه‌ى له‌دونیاى ده‌ق و زمان و ئیحساسى كوردیدا به‌دى ده‌كرێ هه‌میشه له‌ناسینى
ئازاره‌كانى واقیع دا ئازاره‌كانى خۆمان پێگه‌یه‌كى زۆرترى له‌و پانتاییه‌دا داگیر
كردووه.
به‌ختیار عه‌لى.. ده‌ڵێ.. "ئه‌ده‌باتى كۆنى ئێمه له‌مه‌م و زینه‌وه كه‌سى
مه‌زڵووم له‌وێنه‌ى كه‌سێكى عاشق‌دا وێنا ده‌كه‌ن" ئه‌مه وامان لێده‌كات
هه‌میشه كه‌سى تاراوگه بوو له‌شكستیه‌كانى خۆیه‌وه جه‌سته‌ى نیشتمان بكات
به‌ئامانج بۆ ئه‌و وێنه خه‌وتووانه‌ى له‌دونیاى ده‌ره‌وه یاده‌وه‌رى
بهێنینه‌وه ناو زمانى شیعرییه‌وه تاكو له‌ڕێى ئه‌و گه‌مه‌كردنه به‌زمان
شكستییه‌كان بكات به‌وێنه‌یه‌كى ستاتیكى و نوشوستیه‌كانى تێدا بشارێته‌وه.
بۆئه‌وه‌ى له‌و چوارچێوه واقیعه شاراوه‌یه خۆمان ده‌رباز بكه‌ین، ده‌بێ هه‌وڵ
بده‌ین واقیع به‌دیوه تاڵه‌كه‌ى له‌سیاقى مێژوویى ده‌ركه‌ین و.. زمانى شیعریى
به‌ده‌ر بێ له‌و یه‌كایه‌ى نێوان شكستى جه‌سته‌و خه‌یاڵى خۆمان و هه‌ستكردن
به‌غوربه‌ت به‌دیوه عاتفییه‌كه‌ى، ئه‌وه‌ى وامان لێده‌كات غوربه‌ت و هه‌ستكردن
به‌شكستیه‌كان له‌یه‌ك پانتایى ئیختیاریدا به‌دى بكه‌ین، ئه‌و جیاوازییه‌یه بۆ
تێگه‌یشتنمان له‌چه‌مكى نیشتمان له‌غوربه‌تدا، كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌رهاویشته‌ى
ئه‌و جێهێشتنه‌یه له‌شوێن وه‌ك یاده‌وه‌رى و ئه‌گه‌رى گه‌ڕانه‌وه بۆ لاى
شوێن و.. نیشته‌جێبوونمان به‌ڕۆخ له‌شوێنێكى ناشوێن و.. فراون بوونى هه‌ژموونى
گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى ناجۆر لاى تاراوگه بوو، كه‌ده‌رئه‌نجام جیاوازى بۆ نیشتمان..
غوربه‌ت به‌و ململانێیه ده‌ست پێده‌كات.
ململانێى به‌غه‌ریبوون.. هه‌ستكردن به‌هه‌ڵوه‌رینى نیشتمان ئیحساسێكى قووڵ لاى
كه‌سى تاراوگه بوو دروست ده‌كات، هه‌ندێ جار لاى ئێمه ئه‌و هه‌سته ونه، ئه‌مه
خۆى له‌خۆیدا ئه‌و جیاوازیه له‌بۆچوون.. ده‌ربڕیندا ئاماده‌گى ده‌بێت، ره‌نگه
به‌شێك له‌و حزوره بگه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و باگراونده مێژووه‌ى
كه‌ده‌مانبه‌ستێته‌وه به‌یاده‌وه‌رى گه‌ڕانه‌وه بۆ ئه‌ویى نیشتمان، لێره‌وه
ده‌بێ ئه‌وه‌ى زیاتر بیرى لێبكه‌ینه‌وه سه‌قفى زه‌مه‌نى ده‌ق ئه‌و مێژووه‌یه
كه له‌نێوان ماهیه‌تى ده‌ربڕین و پیرۆزى نیشتماندا بێت له‌گه‌ڵ ئه‌وى ون.
بۆیه شاعیر له‌ناو ئه‌م هه‌موو شكستیه‌دا ده‌یه‌وێ ئه‌و ئیحساسه بگه‌ڕێنێته‌وه
بۆ نیشتمان كه له‌ساته‌وه‌ختێكدا نیشتمان له‌ناوه‌وه ئه‌وى به‌جێهێشت.
بۆئه‌وه‌ى روونتر له‌ناوه‌ڕۆكى ده‌قى شیعریى "بۆئه‌وى نیشتمان كه‌بێده‌نگ
هه‌ڵئه‌وه‌رێ"ى شاعیر جه‌مال غه‌مبار بكۆڵینه‌وه ده‌بێ پانتایى بیروبۆچوونى زمنى
شیعریى ئه‌م ده‌قه له‌جیاوازى دوو توخمى جیاواز له‌هه‌ڵوه‌رینى نیشتمانى و..
غوربه‌تى زمانى ده‌ربرین بخه‌ینه‌ڕوو.
سه‌ره‌تا شاعیر جه‌مال غه‌مبار ده‌ڵێ.. "هه‌تا شینبوونى خه‌یاڵى شاعیرێك
به‌قامه‌تى گوناهه‌وه.
هه‌تا دامركانه‌وه‌ى ئاگرى ده‌قێك له‌نوێژى ئیماندارێكا.
هه‌تا خۆم، هه‌تا ئه‌م شیعره هه‌ر ئه‌ڤین،
هه‌تا شكانى باده‌ى ئه‌م گریانه هه‌ر فڕین.."
گه‌ڕانه‌وه بۆ لاى ئیقاعى نیشتمان گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى یه‌كجارییه،
سه‌راپا هێزێكى ئیختیارییه كه‌شاغعیر له‌ساته‌وه‌ختى سه‌فه‌ركردندا له‌گه‌ڵ
ئه‌و مارشه‌دا كۆنتاكت بۆ جیاوازى نێوان ئێره‌و ئه‌وێ دروست ده‌كات كه‌هه‌رگیز
له‌بیره‌وه‌رى غه‌مباردا نه‌وه‌ك خه‌ون.. نه‌وه‌ك مێژوو به‌دى ناكرێت،
به‌م جۆره نووسینه‌وه‌ى ده‌قى شیعریى له‌ساته‌وه‌ختى گه‌ڕانه‌وه‌دا، گه‌ڕانه‌وه
وه‌ك رۆح گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى سۆزدارییه.
ئه‌مه به‌جۆرێك وا له‌شاعیر ده‌كات بكه‌وێته جیاوازیه‌كى مێژوویى
سایكۆلۆژییه‌وه كه‌ده‌رئه‌نجام په‌یوه‌ندییه‌كى رۆحى له‌نێوان كاره‌كته‌رى
یه‌كه‌م كه‌خودى غه‌مباره له‌ده‌ره‌وه‌ى زاكیره‌ى نیشتمان و.. كاره‌كته‌رى دووه‌م
ئه‌و ئیحساسه‌یه كه‌هه‌رگیز ناتوانێ فه‌زایه‌ك دروست بكات بۆ جیاوزییه‌كان
له‌نێوان نیشتمان وه‌ك ماڵى یه‌كه‌م و.. په‌یوه‌ندییه‌كى عه‌قلانى له‌گه‌ڵ
شارستانیه‌ت به‌دیوه پۆزه‌تیفه‌كه‌یدا وه‌ك ماڵى دووه‌م.
بۆیه چێژ وه‌رگرتن له‌ته‌واوى ده‌قه‌كانى غه‌مبار لاى به‌شێكى زۆرى خوێنه‌رى
ئێمه واى كردووه كاره‌كته‌رى تازه‌بوونه‌وه بوونى به‌رده‌وامى هه‌بێ.. سۆز‌و
رۆحى به‌زه‌یى و ستاتیكایى خه‌یاڵ به‌شێكى زۆرى له‌ناو كایه‌ى یاده‌وه‌ریدا
ئاماده‌گییان هه‌بێ.
بۆیه پانتایى ئیحساس لاى غه‌مبار چ وه‌ك حاڵه‌ته سایكۆلۆژى یاخود سوسیۆلۆژى
ده‌رئه‌نجامى ئاوێته بوونه له‌گه‌ڵ ته‌نیایى و.. راهاتن له‌فه‌زاى ته‌نیایى.
ئه‌ریك فرۆم.. ده‌ڵێ.. "مرۆڤ ده‌توانێ له‌ناو خودى ته‌نیایدا.. رزگاربوون
له‌ته‌نیایى به‌ده‌ست بێنێ".
بۆئه‌وه‌ى بتوانین ئیراده‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون بخوڵقێنین، ده‌بێ له‌ناو خودى
ته‌نیایدا له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌دا بین واقیع به‌دیوه وێرانه‌كه‌ى جیابكه‌نه‌وه..
دیدێكى تر بۆ گه‌ڕان به‌دووى هۆكاره‌كانى شكستى نیشتمان وه‌ك مخاته‌به‌ى نیشتمان
به‌دیوه مه‌عریفیه‌كه‌ى وێنا بكه‌ین.
لێره‌وه جیاوازییه‌كانى نیشتمان له‌نێوان فه‌نتازیاى كاركردن بۆ نیشتمان..
ستاتیكاى دیوه سۆزدارییه‌كه‌ى لێكجیابكه‌ینه‌وه.
له‌به‌شێكى تر‌ى قه‌سیده‌كه‌یدا.. جه‌مال غه‌مبار وه‌ك نموونه‌یه‌ك له‌ناو
فه‌زایه‌كى مێژوویى.. سه‌قفى زه‌مه‌نى ئیحساسى نیشتماندا له‌ڕێى فه‌نتازیاى
زمان.. وه‌زیفه‌ى خه‌یاڵه‌وه ده‌مانباته‌وه به‌رده‌م شكستییه‌كان.. سڕینه‌وه‌ى
نه‌خشه‌ى بێده‌نگى له‌و پێگه جوگرافیاى یاده‌وه‌ریه‌كان.
بۆیه جارێكى تر ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ر چه‌مكى غوربه‌ت لاى ئێمه كه‌به‌شێكى زۆرى
ده‌رهاویشته‌ى حاڵه‌ته ده‌رونیه‌كانه‌وه سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.. له‌سیاقى مێروویشدا
جگه له‌تۆماركردنى رووداوێك به‌دیوه سۆزدارییه‌كه‌یدا هیچى ترمان پێ نابه‌خشێت.
له‌به‌شێكى تر‌ى قه‌سیده‌كه‌یدا، نیشتمان و جه‌مال غه‌مبار ده‌بن به‌یه‌ك..
له‌ته‌نیایى خۆیه‌وه تێكه‌ڵ به‌بێ هه‌مووده‌یى و ته‌نیایى نیشتمان ده‌بێت..
به‌ناوى نیشتمانه‌وه كاره‌كته‌رى زمان به‌بێ ئاگایى ده‌مانباته‌وه ئه‌و
غه‌ریبیه‌وه.. ئه‌وى غه‌ریب له‌نێوان نیشتمان و.. ئه‌ودا به‌جیاوازى كولتوور‌و
ده‌سه‌لاته‌وه ده‌به‌ستێته‌وه‌و.. ده‌ڵێ..
"ئه‌م به‌رده‌ى له‌سه‌رشان داگرن.. ئه‌م به‌ردى ژیانه ئه‌وى كوشت.. ئه‌و غه‌ریبه،
چیتر به‌كه‌ڵكى ئه‌م به‌یانیه نایه‌ت ده‌نگى ئه‌و بۆ ئه‌م گۆرانیه نه‌شاز نه‌شاز
ئه‌چێته‌وه.."
ئه‌گه‌ر به‌مێژووى حه‌قیقه‌تى شیعره‌كانى جه‌مال غه‌مباردا بچینه‌وه، ده‌بێ
ئه‌وه‌مان بیرنه‌چێت غه‌مبار یه‌كێكه له‌و شاعیرانه‌ى هه‌میشه له‌رێى
تازه‌بوونه‌وه‌ى زمانه‌وه هه‌ست و یاخیبوون به‌ده‌وروبه‌ره‌وه ببه‌ستێته‌وه،
ئه‌مه‌ش هۆكارێكى تر بۆ زیندووتر راگرتنى ده‌قه‌كانى ئه‌م شاعیره، به‌دیوێكى تر
زمانى مۆسیقى لاى غه‌مبار سیحرێكى جوانى به‌وێنه‌ى شیعریى داوه كه
له‌بنه‌ڕه‌تدا وێنه‌ى شیعریى لاى غه‌مبار شێوه هه‌ره‌مییه‌كه‌ى و رۆحى
دروستكردووه كه‌خوێنه‌ر ناچار ده‌كات شووناسى غوربه‌ت بكات به
به‌گژاچوونه‌وه‌یه‌كى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ ناسه‌قامگیربوونى حاڵه‌ته
ده‌رونیه‌كان، له‌وێوه زمانى ره‌خنه بكات به‌وه‌زیفه‌ى سه‌ره‌كى شیعر..
نووسینه‌وه‌ى شیعر به‌م رۆحییه‌ته ده‌بێته زمانى ده‌ربڕى كۆى خوێنه‌رى
شیعره‌كانى غه‌مبار.
شاعیر له‌به‌شێكى تر‌ى قه‌سیده‌كیه‌دا له‌سیاقى مێژوویى قسه له‌گه‌ڵ نیشتمان
ده‌كات.. به‌دیوێكدا مێژووى یاده‌وه‌رى و خودى مێژووى داوه‌ته به‌ر ره‌خنه‌و
قبوڵى نیه ئه‌و مێژوو به به‌رى نیشتمان دوو راو و.. ده‌ڵێ..
"ئه‌وه ته‌مه‌نه قسه ئه‌كات نه‌ك منى عه‌بدێك به‌ده‌ست عاقیبه‌تى ته‌نیایى..
به‌ده‌ست مه‌غریبه‌كانى نیانییه‌وه..
من پێم خۆش‌بوو، خۆم به‌ته‌نها بچمه سه‌ر "وه‌یس" پێى بڵێم ئاخر تۆ نه‌وه‌یسى
منیت، نه‌هى ئێمه..".
گه‌ڕان به‌دووى حه‌قیقه‌ت له‌م ده‌قه‌دا له‌بنه‌ڕه‌تدا پرسیاركردن..
به‌گژاچوونه‌وه‌یه له "وه‌یس" سه‌رهه‌ڵدانى ئه‌م یه‌ك خیتابییه له‌ده‌قه‌كانى
غه‌مبار ده‌رهاویشته‌ى ناسه‌قامگیربوونى ئارامى ده‌روونیه، بۆیه راشكاوانه
ده‌ڵێ.. "ده‌مه‌وێ خۆم بچمه سه‌ر وه‌یس و پێى بڵێم تۆ وه‌یسى من نیت، نه‌هى
ئێمه‌ى".
پرسیاركردن له‌مێژوو وه‌ك رووداو هۆكارێكه بۆ به‌دواداچوونى كاره‌كته‌رى پیرۆز
لاى ئێمه كه به‌شێكى زۆرى به‌بێ بنه‌مایه‌كى مه‌عریفى و عه‌قلانى ره‌نگى
داوه‌ته‌وه.. دونیایه‌ك له‌بێ مانایى و سه‌رلێشێواوى به‌ڕۆحى ئێمه به‌خشیوه.
بۆیه هه‌ندێ جار شاعیر ناچار به‌زمانى شكستیه‌كان له‌گه‌ڵ دونیایه‌ك بێ
یاده‌وه‌ریى و .. گه‌مژه‌ییدا كه له‌كیانى هه‌ریه‌ك له‌ئێمه‌دا بوونیان هه‌یه‌و
ده‌مانبه‌نه‌وه خه‌ره‌نده‌كانى ته‌نیایى و هه‌موو میناكانى زمان.. خه‌یاڵ
ده‌باته‌وه به‌رده‌م قامه‌تى وجودو ئه‌گه‌رى ته‌سلیم بوون به‌مه‌رگ و ته‌نیایى..
جارێكى تر به‌گه‌مژه‌یى ئه‌فلاتوون ماڵى شیعر له‌ماڵى واقیع جیاده‌كه‌كینه‌وه..
مردن و دونیاى خه‌ون ده‌كه‌ین به‌و دونیا جیاوازه‌ى كه‌هه‌میشه زمانى شیعر.. زمانى
سیاسه‌ت دوو توخمى جیاوازن.. دونیایه‌ك تێگه‌یشتن لێكیان جیاده‌كاته‌وه.
بۆیه شاعیر زمانى ره‌خنه ده‌كات به‌كاره‌كته‌رێكى فره ره‌هه‌ند بۆ
به‌گژاچوونه‌وه‌ى دونیاى راسیزم له‌چه‌مكى ده‌ستبه‌سه‌راگرتنى بۆ ته‌واوى ژیان..
جوانى نیشتمان كه به‌شێكى زۆرى لاى شاعیر بوونى هه‌یه.. گومان له‌جوله‌ى ئه‌و
واقیعه ده‌كات كه‌ده‌بێته ڤایرۆسێك بۆ گه‌مه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ستى
ئینسانه‌كان.. له‌وێوه جیاوازییه‌كان بۆ وه‌سفكردن.. وه‌زیفه‌ى شیعر تێكه‌ڵ
به‌توندوتیژیى ده‌كات، به‌م شێوه‌یه دونیاى شیعر‌و دۆنكیشۆتیى تێكه‌ڵ
به‌یه‌كده‌كاته‌وه‌و.. زمانى شیعریى ده‌كات به‌زمانێكى ته‌قلیدى.. شیعر زمانى خۆى
له‌ده‌ست ده‌دات.. ده‌بێته گێڕانه‌وه‌ى مێژوو به‌مانا.. به‌دیوه
رووداوه‌كانیدا، لێره‌وه خوێنه‌رى شیعریى له‌دونیاى فیكر‌و فه‌نتازیاى زمان..
ستاتیكاى خه‌یاڵ ده‌كاته خوێنه‌رێكى ئاسایى به‌ده‌ر له‌و فه‌زایه‌ى شیعر به‌بێ
ئه‌و، جوانى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات.
بۆئه‌وه‌ى ده‌قى شیعریى له‌ڕوودوى ته‌قلیدیى دورخه‌ینه‌وه.. ده‌بێ شیعر‌و زمانى
شیعریى پێش رووداو.. ئه‌گه‌ره‌كان بكه‌وێت.. زمان و خه‌یاڵ بكات به‌و دوو
فاكته‌رى گرنگه‌ى كه واقیع له‌به‌رده‌میدا خۆى بگۆرێت و هه‌وڵبدات تێ‌یان بگات.
بۆیه تۆماركردنى یه‌كه‌مین فۆته‌ى موزیك.. نوسینه‌وه‌ى یه‌كه‌مین ده‌ق..
دروستكردنى یه‌كه‌مین پێنووس به‌رله‌وه‌ى بخرێته سه‌ر ئه‌رزى واقیع ئه‌وه
خه‌یاڵ بوو دروستى كرد.
كه‌واتا گه‌ڕانه‌وه بۆ خه‌یاڵ، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌كى مه‌عریفیه.
ئه‌وه‌ى غه‌مبار له‌ده‌م ده‌قه‌دا هه‌ستى پێ ده‌كات، هه‌ستێكى شاعیرانه‌یه..
ئاسته‌مه كه‌سێكى واقیع بین دركى پێ بكات، یان دانى پێبنێ، هه‌ستى شاعیر
دونیایه‌كى تایبه‌ته، بۆیه ئه‌و دێت به‌هه‌ڵوه‌رینى ئیحساسى خۆى+ ئیحساسى
نیشتمان ده‌كاته هه‌ڵوه‌رینى نیشتمان له‌بوونى هه‌موو "وه‌یس"ه‌كانى مێژووى
ئێمه.. ده‌ڵێ.. "ئه‌ى نیشتماى بێوه‌ژن، ئه‌ى ته‌نیا".
سه‌رچاوه..
1-له‌ده‌نگى زمانه‌وه بۆ بێ ده‌نگى مانا
تراژیدیاى زمان و وێنه له‌سه‌ده‌ى بیستدا..
ل 12-13-14-30- 31
" به‌ختیار عه‌لى"
گۆڤارى .. سه‌رده‌مى ره‌خنه ژماره (1) پایزى (2005) .
2-راپسكانێ له‌دونیاى سیاسه‌ت و گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ك بۆ دونیاى شیعر ،
توێژینه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌چامه‌ى "جه‌للاد" ی
" به‌ختیار عه‌لى "..
ماجد نورى قادر "كاندێش"
چاپى یه‌كه‌م 2004 هه‌ولێر
ل34-61-62-82-83.
3-بۆئه‌وى نیشتمان كه‌بێده‌نگ هه‌ڵئه‌وه‌رێ..
شیعر.. جه‌مال غه‌مبار.