پێڵاوه‌کانی من ماندوون...
حسێن ئه‌حمه‌د – فه‌ڕه‌نسا
(که‌س به‌قه‌د که‌وشه‌کانی خۆم باکی به بوونییه‌تی
من نییه)
پێڵاوه‌کانم جووت بوون
خه‌ونی ئه‌وان گه‌یشتنه به پێستێک بیان بات تا ماڵیکی بێهه‌تاو
تا به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی شه‌و، تا خو‌ێنبه‌ربوونی مانگ
لێیان خوڕێت تا ڕمانی هه‌نجیر، تا ته‌پوتۆزی ڕووخانی سپێده
پێڵاوه‌کانم له کۆچدا به دزی پێمه‌وه خه‌نده ئه‌یانگرێت..
حه‌زیان له ڕووناکی نییه، چونکه دڵیان هه‌تاوی سوبحێکی لێ ناکه‌وێت
مه‌یلیان چۆته سه‌ر تاریکی و سێبه‌ر، تا پێکانی من داپۆشن...
من پێلاوه‌کانم به‌بێ ده‌رد خۆشده‌وێت
هه‌ر بۆیه خێرم بۆ که‌س نییه!
پێڵاوه‌کانم پیسبوون، وه‌ک دڵی خۆشه‌ویسته‌که‌م...
من ئه‌و کاته ڕقم له پێڵاوه‌کانمه، که له قاچمدا بۆگه‌نیان کردووه
پێڵاوه‌کانم له زه‌جری مروه‌ته‌کانی مندا
وه‌ک ترێ ناوسکیان ڕه‌ش بۆته‌وه، وه‌ک دڵم پڕن له تاریکی.
من پێڵاوه‌کانم شه‌هید ئه‌که‌م، کێشی خۆم له‌سه‌ر
پشتی ئه‌وان تاقی ئه‌كه‌مه‌وه،
سه‌نگی خۆم ئه‌خه‌مه سه‌ر دڵیان
شه‌ره‌فیان ئه‌خه‌مه ژێر قاچم، وه‌ک و سه‌گ فڕکیان ئه‌یه‌م،
وه‌ک پشیله مافیان پێشێل ئه‌که‌م
له باراندا ئه‌یانخه‌مه به‌ر ئاو، له به‌فرا به ڕووتی به‌جێیان ئه‌هێڵم
ڕه‌حمی من بۆ ئه‌وان ئه‌وه‌یه، به‌قاچم سکیان پڕ ئه‌که‌م
قاچم بۆ کردوونه‌ته‌وه به منداڵ!
پێلاوه‌کانم قاچی منیان ئه‌بێت ... پێڵاوه‌کانم بۆشایین
خوایه دڵی مرۆڤ چه‌ند له پێڵاو ئه‌چێت!!
بۆشایی ناوه‌وه‌ی من وه‌ک ده‌روونی که‌وش وایه
هه‌ردووکمان به‌مرۆڤ پڕ ئه‌بینه‌وه.
له پێڵاوه‌کانی خۆما هه‌موو سۆزانییه‌کانم لێ دیاره،
له هه‌موو سۆزانییه‌کانیشدا پێڵاوه‌کانی خۆم.
لێم وه‌ره پێشه‌وه
من به ڕووتی قاچه‌سپییه‌كانی تۆ عاشقم
من تۆ ئه‌په‌رستم بێ پێڵاو، له ڕه‌گی فریشته‌یی تۆوه فێر بووم
له که‌وشه‌کانی خۆم دابه‌زم.
من، له‌بارانیشدا به‌پێی په‌تی له ئاوه‌کانه‌وه باز ئه‌یه‌م بۆ لای تۆ
وه‌ک سه‌گێک له‌به‌رده‌م ئه‌ڤینی خاوه‌نه‌که‌یدا بنوزێنێت،
من له‌به‌رده‌م قاچی ڕوتتا ئه‌نوزێنم!
لێم وه‌ره پێشه‌وه، نه‌کا که‌وشه پیسه‌کانت
هه‌ردوو پێت زیندانی بکه‌ن
من ئازادی قاچه‌کانی تۆم خۆش ئه‌وێت.
تۆ ئه‌ی ئه‌وه‌ی، که‌وشه‌کانی خۆت به‌خۆشه‌ویستی پیس ئه‌که‌ی..
ئه‌ی ئه‌وه‌ی، ڕۆژگارت پڕه له ژه‌هری فریشته غه‌مگینه‌کانی ژێر باران
به‌ناو مندا وه‌ره
به‌ناو کاولبوونی مندا وه‌ک شوێنێکی دابڕاو له تریفه
وه‌ک ئاسمانێکی ده‌ستبه‌تاڵ له پرشنگ
به‌ناو مندا وه‌ره و ئه‌ڤینت وه‌ک مشتێک به‌رد له‌سه‌ر که‌وشه‌کانم دانێ
عاتیفه‌ت له سکوتی ڕۆژه‌کانمدا پڕ بکه له ناڵه‌ناڵی کۆتر
له هاتوهاواری پشیله
له ڕه‌نگی په‌ڕیوی گیا، به‌ده‌ستی تۆفانه‌کانه‌وه
پیاما بێ تا ئه‌وسه‌ری نوور، تا ئه‌وسه‌ری مانگرتن
له خۆکوشتنی مانگ
تا ئه‌وسه‌ری حه‌قیقه‌ت، که مردنی که‌وشی
خوداوه‌نده‌کانم پێ ده‌ڵێت!
پیاما بێ و ڕێگه‌م به، که چه‌قۆكه‌م له سینه‌ی هه‌نارێکه‌وه
خۆی ئه‌باته ژوورێ
شه‌هاده‌ت به‌و خوێنه نه‌پێوم
که جه‌لادێتی زاری من و قوربانێتی هه‌نار نیشان ئه‌یات!
خودا که‌وشه‌کانی منی به نه‌عله‌ت کردووه،
به‌وه‌دا ڕیگام ناکه‌وێته‌وه نیشتیمان.
خوایه من ئه‌گه‌ڕیمه‌وه بۆ نیشتیمان
من حه‌زم له ده‌ستگرتنه‌وه‌مه به پشتی ماشینه‌کانیه‌وه
حه‌زم له‌وه‌یه به پێی په‌تی به جاده خۆڵه‌کانیدا غار بیه‌م
وه‌ک منداڵیک یاری به سه‌رۆکه‌کانی بکه‌م
له‌زه‌ت به‌رم له غوباره ڕه‌شه‌کانی
ته‌پوتۆزی کۆڵانه بێده‌نگه‌کانی تا به‌ر بینم ڕاکێشم
قاچم له بۆنی قوڕه‌کانیدا پڕ بکه‌م له هارمۆنیای سروشت
حه‌زم له‌وه‌یه، بڕۆمه جه‌هه‌نه‌مه‌کانییه‌وه،
له‌جه‌نگه‌کانیدا ته‌ره‌ف بۆ خۆم دروست بکه‌م
سه‌نگه‌ر له نه‌یاره‌کانی بگرم، ته‌نهایی بنێم به‌سینه‌ی دوشمنه‌کانییه‌وه
به‌یداخه‌کانی به‌سنگمه‌وه بلکێنم،
لێوم پڕ بکه‌م له زه‌لکاوه ڕه‌شه‌کانی و
وه‌ک پشیله باز بییه‌م به‌سه‌ر دڵداره‌کانیدا!
خوایه بۆ نیشتیمانت له‌پێڵاوه‌کانمدا بزر کرد؟
خوایه نیشتیمانه‌که‌مم به‌یته‌وه و پێلاوه‌کانم لێ بستێنیت...
پێڵاوه‌کانم به‌م تاریکییه ئه‌زه‌لیانه‌دا وه‌ک ئاین کێش ئه‌که‌م
وه‌ک بڕوا و ئینتیمای هه‌میشه‌یم بۆ گوڵ، بۆ خودا، بۆ نیشتیمان ..
له پێڵاوه‌کانمدا ئازادی له وێنه‌ی فانیدا ئه‌بینم
به‌خته‌وه‌ری له ئیماژی سواو و دووباره‌ی خوداوه‌نده‌کاندا
من له‌گه‌ڵ پێڵاوه‌کانمدا
ته‌باییم ئه‌گه‌ڕیته‌وه بۆ سه‌رده‌می کوشتنی هه‌یکه‌له سپییه‌کان...
بۆ ڕه‌وابوونی فریشته له دڵی سۆزانییه خوماره‌کانی ئێواره‌دا
من و پێلاوه‌کانم بیرمانه، که خودا له مردنی
گوڵێکا تۆرانی هه‌میشه‌ی خۆی ڕاگه‌یاند
له که‌وتنه‌خواره‌وه‌ی دڵۆپێک شه‌ونما باخچه‌ی به تیرۆریست ژمارد
له تێکچوونی هه‌واو و خواربوونه‌وه‌ی مانگا مرۆڤی گرته
سێبه‌ری دابه‌زیو
مرۆڤی به‌گوناه و خوێن و نامورادییه‌وه موتوربه کرد
من و پیڵاوه‌کانم له‌هه‌ر سوبحێکا شه‌ونم دابه‌زێته سه‌ر زه‌وی
به‌ره و دڵی ژیان سه‌ر ئه‌که‌وین
خۆمان زه‌رد ئه‌که‌ین له ئومێدی زیندووی نیلۆفه‌ردا
خۆمان به بارانی ئاسمانه پیرۆزه‌کان ئه‌شۆین
له‌به‌رده‌م ماندووبوونی زه‌ویدا
پشتمان له ژێر قورسایی گه‌ردووندا درێژ ئه‌که‌ینه‌وه
فڕین له‌هه‌وایه‌کی سوکدا ڕائه‌کێشین، تا قووڵای خۆمان
له‌زه‌ت له‌وه ئه‌بینین، به‌خته‌وه‌ریی له‌سه‌ر جاده‌کاندا
وه‌ک ئاسمان به‌ربووبێته‌وه،
وه‌ک تریفه‌ی شه‌وێکی خه‌یاڵی ڕژابێت...
هاوڕێیه‌تی باڵنده به تاجی شاهانشاکان نایه‌ین
ئێمه دوو دروستکراوین خوێنمان له ئه‌زه‌له‌وه سپییه
جه‌سته‌مان پڕه له‌ڕه‌نجی یه‌کتری
که خودا ئه‌بینین تیر ئه‌نێین به جه‌هه‌نه‌مه‌کانییه‌وه
که شه‌یتان ئه‌بینین به‌هه‌شته نگینه‌کانی
وه‌ک لێوی یاره نزیکه‌کانمان ماچ ئه‌که‌ین
من و پێڵاوه‌کانم ئه‌وه‌نده ڕه‌نگی یه‌کتریمان گرتووه
من ئه‌و به‌مرۆڤ ئه‌زانم و ئه‌و من به‌که‌وش!
خودایه من که‌وشم یان که‌وش من؟
من پێڵاوێتیم له‌وه‌دا ده‌رئه‌که‌وێت، ژیانم سواری خۆم کردووه
به‌خته‌وه‌ریم له خۆمدا کردووه به زیندانیی
عه‌شقم به‌ستووه به هه‌ناوی تاریکمه‌وه
من پێڵاوێتیم له‌وه‌دا ده‌ر ئه‌که‌وێت، هه‌موو شتێک
ئه‌خه‌مه قوڵایی خۆمه‌وه
خودا و به‌هه‌شت و له‌زه‌ت و عه‌شق و گوناه
ئیش و پاره و نووسین و نه‌مری
من بۆیه نابم به ئینسان، چونکه که‌وشه‌کانم ئه‌و
مافه‌م پێ نایه‌ن!!
به‌خته‌وه‌ری فێڵکردنه له مرۆڤ، تا ژیان به کۆڵانه‌که‌مان ڕازی بێت.
به‌خته‌وه‌ری گه‌یشتنێکی تازه‌یه به عه‌زاب،
له ڕێگه‌ی خۆکوشتنی مانگه‌وه
پێچکردنه‌وه‌ی موشه‌که، له‌خه‌ونی ئه‌ستێره‌یه‌کی تره‌وه
بۆ سه‌ر زه‌وی
به‌خته‌وه‌ری سه‌فه‌ری بێمه‌ودای مرۆڤێکه،
له جه‌هه‌نه‌مه‌وه به‌ره‌و جه‌هه‌نه‌مێکی دیکه
له‌خوێنه‌وه به‌ره‌و خوێن، له خوداوه به‌ره‌و خودا.
خودایه بۆ که‌وشه‌کانم به‌خته‌وه‌رم ناکه‌ن؟
خودایه که‌وشه‌کانم ئه‌یه‌م به‌تۆ و به‌خته‌وه‌ریم به‌یتێ...
تێبینی: ئه‌م نووسینه له
گۆڤاری هه‌نار ژماره31دا بڵاو بۆته‌وه، به‌ڵام لێره‌دا به‌ده‌ستکاریه‌وه بڵاو
ده‌بێته‌وه.