مناڵەکان باڵۆن هەڵدەدەن

هێمن مەحمود-دەربەندیخان



سەعات 10،59 دەقیقەی شەوی پێنج شەممەی کۆتاییەکانی مانکی ئاب سەلمانی کوڕی مامۆستا عەلی لەبەرزاییەکەی خواری تونێلەکەوە لەمانگەشەویکی هێمندا کە تەنها بۆ مردن نەدەشیا کەوتەخوارەوەو دەستبەجی مرد.

ئێمە لە یاریگا تارتانەکەی تەنیشت ئەو شەقامە گشتیەی کەلەتونیلەکەوە دێتە خوارەوەو فەرعێکی بۆ ناوشارو فەرعێکی بۆ رۆژئاوای شار دەروات کۆمەڵێک گەنجی گەرەک بوین شەوانی هاوین کۆدەبوینەوەو لەو یاریکایە بەبڕە پارەیەکی کەم تا دەرنگانێکی شەو یاریمان دەکرد.

من سەلمانم لەدوورەوە دەناسی، هەمیشە بێدەنگ و تەنها، بەردەوام دەستی دەکرد بە پانتۆڵەکەیداو زۆربەی شەوان خۆی دەدا بەسەر ئەو ئاسنەی کە وەک محاجەرەیەک لەو بەرزاییەدا دروستکرابوو و دەیڕوانی بەسەر یاریگاکەی ئێمەدا، هەندێ جاریش دەهات هەردوو دەستی دەگرت بە تەلی چواردەوری یاریگاکەوە و لەتیشکی ئەو بلاجکتۆرانەی دەڕوانی کە هێندە بەهێزبون هەر بەسەیرکردنێکی چاویان دەهێنایە ئێش.

کاکی لێکۆلەر من خۆم ئەو شەوە بینیم، کراسە سپییەکەی لەژێر تیشکی زەردی بلاجکتۆرەکەدا دەدرەوشایەوە، پانتۆڵیکی مەیلەو رەساسی لەپێدابوو، بەڵی ...بەڵی.... من ئەو شەوە دوو جار بینیم، بۆچی درۆبکەم دووچاری رێک بینم.

یەکەمجار کە بینیم لەتەنیشتی تەلی یاریگاکەوە وەستابوو پێچەوانەی هەموجارێک ئەمجارە خۆی نەدابوو بەسەر تەلەکەدا و دوریگرتبوو، من بەرەو رووی یاریزانێکی تیپەکەی بەرامبەرمان کە تۆپەکەی پێبو بەخێراییەکی وا دەرٍوشتم بەرەو رووی کە ناچاربوو بەرلەوەی پێیبگەم شوتێکی توندی وەهام لیبَدا کە بکەوم و تۆپەکە بکەوێتە دەرەوەی یاریکاکە.

خوا شایەتە جەنابی لێکۆڵەر چۆنت بۆ دەگێڕمەوە ئاوەهایە، ئاوڕێکی تەنیشتم دایەوە بۆ ئەوەی سەیری تۆپەکە بکەم سەلمانم بینی، بەڵام خوا شایەتە وەک ئەوەی پەیکەرێک ببینم، وەک ئەوەی جەستەیەکی مردوو ببینم، جەناب وەک ئەوەبوو ئەو کوڕە هەر کە دونیا تاریک بووە مردبیت و گیانی لە دەست دابیت و بەڵام ڕێ یش بکات.

تا تۆپەکە نەکەوتە بەرپێی وە ئاگا نەهات، بێ ئەوەی هیج قسەیەک بکات بەسەروچاوێکەوە خوای باری و تەعالا کە بۆنی مردنی لێدەهات تۆپەکەی بۆ هەڵداینە ئەمدیوەوەو لەژێر تیشکی بلاجکتۆرەکاندا ون بوو.

جاری دوهەمیش کە بینیم گەورەم هێشتا ئێمە یاریمان دەکرد، ئاخر گەورەم خۆتدەزانی مانگە شەوەکانی ئاب خۆشترین کاتن بۆ یاریی نەک بۆ کەوتنە خوارەوەو خۆکوشتن، زۆرینەی مناڵەکانی شاریش چەند شەوێکی کەمبو فێری هەڵدانی باڵۆن بووبون کە لەئاسمانی شاردا و لەژێر تیشکی مانکەشەودا دەتوت ئەستێرەی بچوک بچوکن و دەدرەوشێنەوە، لەو بالۆنە گەورە گەورانە ناڵیم کە لەسەتەلایتدا دەیبینین، نا ئەم باڵۆنانە بچوکن و زۆر بەرزنابنەوە، بەڵکو بەهۆی ئەو ئاگرە بچوکەی ناوییەوەوە تا مەسەفایەکی کەم لەئاسماند ا بەرزدەبنەوەو دواتر دەکوژێنەوە، ئەو شەوە ئاسمان یەک پارچە باڵونی ئاگراوی بچوک بچوک بوو گەورەم، هەرچەندە وابزانم ئێوە بەبیانوی ئەوە ی سەر لەفڕۆکە تێک دەدات هەڵدانی ئەو باڵۆنانەتان لەمناڵان قەدەغەکردبوو، بەڵام ئاخر کوا فرۆکە رێی دەکەویتە ئەم شارەوە، بەڵام مناڵ.... باشە... باشە گەورەم دێمەوە سەر باسەکەی خۆمان، ئا.. ئێمە هێشتا لەناوەراستی گیمی کۆتایدا بوین من بۆ جاری دووەم سەلمانم بینی خۆی دابوو بەسەر محاجەرەکانی بەرزاییەکەدا، من زۆر ماندوبوم، تیپەکەی ئێمە لەنزیک گۆڵی تیپەکەی بەرامبەرمان فاوڵێکیان لەسەر گرتبوون، نازانم سەعات چەندبوو، من لەدوای دواوە بوم بۆ ساتێک دانیشتم، سەرم بەرزکردەوە بۆ گردەکەی بەرامبەرمان، لەدورەوە سەلمانی کوڕی مامۆستا عەلیم بینی وەک هەموو جار خۆی دابوو بەسەر محاجەرە ئاسنینەکاندا، ویستم بیری لێبکەمەوە ئەو کوڕە ئەمشەو وەک شەوانی دیکە نیە بەڵام کە ناوبژیوانەکە فیکەی لێدانی فاوڵەکەی لێدا بیرم نەکردەوەو ئاگام لێی نەما و هەر ئەوەندە لێی دەزانم.

سەلمانی کوری مامۆستا عەلی، تەمەن 25 ساڵ، هاورێی یەک پۆل بوین، تاوەکو ئامادەیشمان تەواوکرد پێکەوە بوین، بەڵام کە ئەو چوو بۆ پەیمانگا و من رۆشتم بۆ زانکۆ ئیدی زۆر ئاگامان لەیەک نەما. کورێکی سپی پێستی بێدەنگ بوو، هەمیشە چاوەکانی لەبێتاقەتیدا خەواڵو دەینواند، گرنگییەکی لەڕابەدەری بە دانەکانی دەدا هەربۆیە هەمیشە کە زەردەخەنەیەکی سادەشی دەکرد لەژێرەوە دانەکانی وەک ووردە بەفر سپی دەچوونەوە.

بەرێز سەرگەورەی لێکوڵەرەوان من دەتوانم وەسفێکی دەقیقی ئەو کوڕەتان بۆ بکەم، یەکەم لەبەرئەوەی جاروبار رۆمان و چیرۆک دەخوێنمەوەو کەسایەتیەکان باش دەناسم، دوهەمیش بەرلەوە ی ئەو شەوە سەلمان خۆی لەو بەرزاییە نەعلەتیە هەڵبداتە خوارەوە من بینیم و پێکەوە قسەمان کرد.

ئا..ئا.. بینم و تەوقەشمان کرد، ماوەیەکی زۆر بوو نەمدیبو،دەمزانی لەبری ئەوەی وەک باوکی ببێتە مامۆستا دوکانیکی مۆبایل چاککردنی دانابوو،ئەو عەشقێکی زۆری هەبوو بۆ مۆبایل، هەمیشە بەپێکەنینێکی گاڵتەجاڕانەوە دەیوت مەعقول نیە باوک و کوڕ لەیەک ماڵدا مامۆستابن، هەموو ماڵێک یەک مامۆستای کافییە.

جەنابی لێکۆڵەر نازانم بەڕێزتان زەوقی رۆمان خۆیندنەوەتان هەیە یان نا؟. من ئەو شەوە لەسەربان خەریکی خوێندنەوەی رۆمانی (ئێوارەی پەروانە) بەختیار عەلی بووم، مانگەشەوێکی جوانبوو، تیشکی مانگ ئەوەندە بەهێزبوو بەدەگمەن ئەستێرە بە دەرەوەبوو، جاروباریش سەیرکردنی ئەو باڵۆنانەی کە مناڵانی گەرەک فێربوبون هەڵیدەن بۆ ئاسمان خویندنەوەکەیان دەپچڕاندم، بەهەرحاڵ..برازایەکم هەیە یەک ساڵانە، ئەوشەوە بۆ نەگبەتی لەماڵمان بوو لەحەوشەکەدا زۆر دەگریا، سەعات چەندبوو؟...ئا...سەعات 10.30، لەداخی گریانی ئەو مناڵە و سەیرکردنی ئەو باڵۆنانەی کە هەرسات ناساتێک هەڵدەکرانە ئاسمان رۆمانەکەم فرێدا و هاتمە دەرەوە جگەرەیەک بکێشم و ئیسراحەتێک بکەم.

بەو شەقامە درێژەدا هاتم کە سەرەتاکەی دەگەشتە شەقامی ژێر تونیلەکەو دەیڕوانی بەسەر یاریگاکەدا.

بەرێز لێپرسراوی لێکۆڵەرەوان بۆخۆم خەیاڵم دەکردو جگەرە بەدوای جکەرەدا دەمکیشا لەپڕ سەلمانم بینی خۆی دابوو بەسەر موحاجەرەکەداو خەریکی مۆبایلەکەی بوو کە منی بینی یەکسەر خستیەوە گیرفانی.

کە تەوقەمان کرد هەستم بە ساردی دەستی کرد، چاوانی بە چواردەوری خۆید ا دەگێڕا، بێ ئەوەی لێی بپرسم وتی ئەمشەو هاتوم سەیری یاری ئەو گەنجانە بکەم، تاقەتم نەبوو،وتم مانکە شەوێکی خۆشە، منیش لەماڵەوە لەداخی گریانی مناڵ هاتومەتە دەرەوە، پێکەنێکی کورتی کردو وتی خۆت بدە بەسەر ئەم محاجەرانەداو لەو بەرزاییەوە سەیر گڵوپەکانی شاربکە، دەزانم تۆ لەناو رومان و چیرۆکدا دەژیت چی وێنەیەک هەیە لەمە جوانتر، شارێک لەژێر تیشکی مانگێکی تەنهاو جارناجارێکیش روناکی ئەو باڵۆنانە تەنهایی مانگ تێکدەدەن.

من وتم بۆیە هاتومەتە دەرەوە لەدونیای ناو کتێبەکان دەرەچم تۆش دەمبەیتەوە بۆ ئەوێ، وتی هاوڕێی بەرێزم ئەمە کتێب نیە ئەمە واقیعە، سەیرکە، دەستی لێبدە، هەستی پێبکە ئەو گەنجانە یاریی دەکەن، مناڵان مناڵی خۆیان بەهەڵدانی ئەو باڵۆنانەوە بەسەردەبەن، مانگیش لەو سەری سەرەوە لەم شارە دەڕوانێت کە گڵۆپەکانی دەیانەوێت لەروناکی مانگ کەمبکەنەوە..هاوڕێی بەرێز چی هەیە لەمە جوانتر...دەتوانیت ئەمانە لەناو کتیبەکاندا ببینیت، هەستی پێبکەیت، دەستی لێبدەیت..دەتوانیت..

راستیت دەوێ جەنابی ئەفسەر من زۆر تاقەتی قسەم نەبوو هاتبوم بۆنی دواین شەوەکانی مانکی ئاب هەڵمژم، هەربۆیە جگەرەیەکم داپێَی و سەیرێکی سەعاتەکەی دەستم کرد 10،45 دەقیقە بوو ماڵئاوایم لێکردو تاوەکو بەیانی نەڕۆشتم بۆ فەرمانگە نەمزانی مردووە.

ئەو ساتەی کە سەلمان مرد مامۆستا عەلی باوکی سەلمان بەقات و بیجامەیەکەوە لەسەر قەنەفەیەک دانیشتبوو چاوەڕوانی دواین هەواڵەکانی کەناڵی جەزیرەی دەکرد، دایکی سەلمانیش کەهیچ خوێنەوارییەکی نەبوو لەکەڵ کچەیدا کە بەبۆنەی پێنج شەمەو هەینیەوە لەشارێکی دورەوە هاتبویەوە بۆ ماڵ باوکی خەریکی شۆردنی مناڵی کچەکەی بون.

مامۆستا عەلی وەک هەموجار کە کۆنترۆڵەکەی دەگرت بەدەستیەوە نەیدەهێلا کەس تەماشای هیچ بکات کەناڵی جەزیرە نەبێت، جاروباریش دەهاتەوە بۆ لای کەناڵە کوردییەکان بەڵام هەرزوو هەندێک قسەی لەبەرخۆیەوە دەکرد کە کەس نەیدەزانی جنێوە یاخود گلەیی یەکسەر دەیگۆڕین.

رێک وەک هەموو شەوانێک و لەکات و ساتی خۆیدا لە سەعات 11،30 مامۆستا عەلی مۆبایلەکەی هەڵگرت و تەلەفونی بۆ سەلمان کرد، سەلمان هیچ هەواڵێکی نەبوو.

مامۆستا عەلی بە ئەزمون و شارەزایی خۆیی لەهاتنی هەر پێشهاتێکی ناخۆشدا روخساری تێکچوو و خۆی کۆکردەوە .

خێزان و کچەکەشی کە خەریکی گۆرینی مناڵەکەبوون کە هەر لەئێوارەوە بەگوێی مامۆستایان نەکردبوو بیشۆن لەو درەنگانەدا نەبێت ، هەستیان کرد مامۆستا عەلی شێواوە.

ژنەکەی مناڵەکەی فڕێدا بەڵام خودا رەحمی کرد کچەکەی گرتییەوە ئەگینا دەموولوتی دەشکا رووەو پیاوەکەی رایکرد، مامۆستا بەویقاری کەسێک کە دەتوانێت خۆی رابگرێت لەکاتی ناخۆشیدا وتی ژنەکە هیچ نیە رەنگە سەلمان ئاگای لەمۆبایلەکەی نەبێت وەڵام ناداتەوە.

مامۆستا عەلی دەیزانی کوڕەکەی بەشێوەیەکی وەها پەروەردە نەکردوە ئاگای لە مۆبایل نەبێت و لەکات و ساتی خۆیدا وەڵامی تەلەفونەکان نەداتەوە و نەیەتەوە بۆ ماڵەوە. پانتۆڵە رەشەکەی کردە پێ و کراسە شینە خەت خەتەکە کردە بەری کە ئەم بەیانییە کڕیبوی و ئێوارە سەلمان بۆی ئوتو کردبوو. هاتە دەرەوەو تەلەفونی بۆ براکانی کرد، ئەوەشی بیرنەچوو کە تەلەفونێکیش بۆ بەرێوەبەر ی پۆلیس بکات کە ساڵانێکی زۆرە دەیناسی و تێکەڵاوی بوو. هەرسێ براکەی بە ئۆتۆمبیلە بی ئێمەکەی برا بچوکەکەیان لەماوەی کەمتر لە 5 دەقەدا گەشتنە سەر شەقامە سەرەکیەکەوەو مامۆستا عەلیان هەڵکرت. ئەو شەوە هەمو شار گەڕان، یەکەیەکە بەو درەنگە وەختە چونە ماڵی هەموو خزمەکان، هەموو ئەو خاوەن دوکانی مۆبایلانانەیان لەخەو هەستاند کە لەگوزەرەکەدا هاوڕێی بون. تەنانەت بەرێوەبەری پۆلیس بەخۆی و چەند سەیارەکەیەوە هەموو کۆڵانەکانی شار گەڕا. بەیانی رێک سەعات 6.30 مامۆستا عەلی پاش بەسەربردنی درێژترین شەو لەتەمەنی و پاش ئەوەی لەدۆزینەوەی سەلمان نائۆمێدبوو لەبەر قەرەباڵغی ماڵ خۆیان لەماڵی براناوەنجیەکەیان سەرخەوێکی شکاند، بەزەنگی مۆبایلەکەی وەئاگات، بەرێوەبەری پۆلیس بوو.

سەعات 6،28 شۆفێرێک کە بە شەقامە سەرەکیەکەدا تێپەڕدەبێت لە چاڵایەکداو لەژێر موحاجەرەکانی ئەو شەقامەی لەشەقامی سەرەکی تونێلەکەوە جیادەبێتەوە و رووە رۆژئاوا دێت جەستەیەک دەبینێ کە کەوتوە بەسەر دەمدا.

مامۆستا عەلی و براکانی و بەرێوەبەری پۆلیس و خەڵکی گەرەک و ژمارەیەکی زۆر لە مۆبایل فرۆش بەو بەیانییە زووە لەکەسانی یەکەم دەبن کە دەگەنە سەر تەرمەکە. مامۆستا عەلی دەست درێژدەکات و تەرمەکە دەخاتە سەر پشت، سەیرێکی ناوچاوانی سەلمان دەکات کە هێشتا فێنکی خۆڵەکە لەسەر دەموچاوێتی، بەبێدەنگ و بێ ئەوەی هیچ قسەیەک بکات چاوی سەلمان دادەخات و بۆیەکەم جار لەهەموو ژیانیدا بۆ مردنی کەسێک چەند فرمێسکێک لەچاوی دەکەونەخوارو بەهەردوو دەستی کوڕەکەی هەڵدەکرێت و دەیخاتە سەیارەکەی بەرێوەبەری پۆلیسەوە.

ساڵانێک دوای ئەوە مامۆستا عەلی لەبێدەنگیەکی قوڵدا ژیاو پاش ئەوەى بۆ یەکجاری وازی لەسەیرکردنی کەناڵی جەزیرە هێنا، کتوپڕ لەرۆژێکی ساردی زستاندا بەحەسرەتی وەڵامی ئەو پرسیارەی کە لای هیچ کەس وەڵامێکی راستی دەست نەدەکەوت ئەوەی کە ئایا سەلمان خۆی خۆی خستۆتە خوارەوە یاخود سەیرکردنی باڵۆنەکان غافڵگیریکردووەو کەوتۆتە خوارەوە، بۆ هەتایە گیانی لەدەستدا.

بەرێوەبەری پۆلیس لەتەنیشت تەرمەکەوە مۆبایلەکەی سەلمانی هەڵگرت و سەیریکرد جگە لە 15 تەلەفونی مامۆستا عەلی و براکانی، نامەیەکی تەوانەکراویش کە هێشتا نەنێردرابوو و بێ ئەوەی هیج کەسێکیش بزانێت بۆ کێ نوسراوە لەسەر شاشەکەبوو " نازانم ئەم نامەت بۆ بنێرم یان نا، بەڵام هەستێکی قوڵم تێدایە کە وام لێدەکات خۆشم بوێیت و نامەت بۆ بنوسم، ئێَستا من زۆر تەنهام، لەتەنهایدا کە هاتم لەخوارەوە لای یاریگاکە وەستام بەڵکو یاری ئەو گەنجانە تەنهایم دەربکات، نازانم چەند وەستام بەڵام بیری تۆم دەکرد، کەچی گەنجیک شوتێکی لێداو تۆپەکە دای لەمن و خەیاڵەکانی بچڕاندم، هاتمە سەر بەرزاییەکە بۆلای موحاجەرەکان کە هەندێک دوورە و دەڕوانێت بەسەر یاریگاکەدا و لەنێوانیشیاندا دۆڵێکی تاریک هەیە کە رۆشنایی بڵاجکتۆری یاریگاکەش ناتوانێت رۆشنی بکاتەوە.

ئێستا خۆمداوە بەسەر موحاجەرەکانداو جارێکی تریش بیری تۆدەکەم، هەمیشە دەمەوێت تۆ لەیادمابیت، لەخەیاڵمدا زیندوبیت، دەنکت لەرۆحما بزرەنگێتەوە، بەڵام ناتوانم......

ببورە ئەوە هاوەڵێکی کۆنم هات و هەندێک قسەمان کرد، باش بوو زو رۆشت و زۆر دای نەبڕیم لێت، ئەو هاوەڵەم خۆی بەرۆشنبیر دەزانێت و باسی چیرۆکی عاشقانەی گەورە گەورەی ناو کتێبەکان دەکات، بەڵام من لەواقیعدا عاشقی تۆم، من لەواقیعدا شەیدای تۆم... هاتوموتە ئەمدیوو پاڵم داوەتە موحاجەرەکان و رووەو شار وەستاوم.

چیت بۆ بنوسم، ئەمشەو خۆشترین شەوی منە، من هەمیشە کۆتاییەکانی شەوانی هاوینم خۆشدەوێت، هەوایەکی فێنک لەدەریاچەکەوە هەڵدەکات و بەشاخەکەدا هەڵدەزنێت و دێتە ئەمدیوە بۆ ئاسمانی شار، هەواکە ئێستا لەروخسارمدەدات، مانگ چەند جوانە بەم شەوە کە تەنها وبێدەنگ سەیری شار دەکات، ئەمشەو زۆر بیرمکردی، هاتوم هەندێک لەژێر ئەو مانگەشەوەو تیشکی روناکی ئەو باڵۆنانەدا رۆحی خۆم خاڵی بکەمەوە لێت ، ئێًستا سەعات 10.59 دەقیقەیەو سەیری ئەو باڵۆنانە دەکەم وخ......"



لە ژمارە 87 ى گۆڤاری ( ئایندە)ی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بلاوبوەتەوە.