تابووت


هەردی شەفیق

 

ئەو خەوی بەچیەوە ئەدی دەنگی دڵی ئەهات ؟
من لە كوێوە هاتبووم جلەكانم خوێنی ئەوی لێئەتكا؟
تۆبۆچی عومرێك جگەرەی نائومێدیت لەسەر دەستەكانت كوژاندەوە
بەدیار پەڵە هەورێكەوە
ساڵەهای ساڵ خوێنی لێئەباری و سكێجێكی تۆی نەكێشا؟

تۆ پێت وتم عیشق ئەم جەللادە پیرانە فێرە خۆ كوژی ئەكات
ئەی بۆچی عومر بەهەدەر ڕۆیی و من هەر عیشقی كوژراوم دی؟
تۆ پێت وتم عیشق ڕۆح ئەكاتەوە بەبەر مردووەكاندا
ئەی بۆچی ڕۆحی من پڕە لەقامچی و دارەمەیت؟
وتت كەشەو دەرگاكانت لێ دائەخات مانگ پەنجەرەكانت بۆ ئەكاتەوە
ئەی بۆچی مانگیان بەبرینداری شەهید كرد؟
وتت قاچەكانت هەڵكەو بەناو ئەم خوێنەدا بڕۆ
عاقیبەت هەر ئەگەیتە خۆشنودی
ئەوەتانێ‌ ئەم تونێلە تاریكە ئەچێتەوە گۆڕی حەقیقەت!

ئێمە نەوەی كام خێڵە خوێن خۆری سەدە كۆنەكان بووین؟
دەممان خستبووە خوێنی یەكتری
ئێمە لەكام دەرگاوە هاتبووینە ژور
وا بەناو ئەم كەلاوەدا ئەچینە دەر؟
بەخاكم بسپێرە ئەی میهرەبان
گەر بڵێم من و مەسیح یەكجۆر لەخاچ دراین درۆ ئەكەم
بەڵام لەوانیە یەك ئازارمان چەشتبێت
گەربڵێم من و حەللاج بەیەك شمشێر دوولەتكراین درۆ ئەكەم
بەڵام لەوانەیە بەدڵشكانی یەك عیشقەوە مردبین
كەسەكەم......
من گوڵم ئەدا بەدەست ئەو مناڵەی ناخمەوە بەهەوای شەقامەكان ئەمرد
بەسرودی سەرخۆشەكان گیانی دەرئەچوو
ئیتر بۆنەباری خوێنی ئەم كۆترە چارە ڕەشە بەسەر شارا؟
كێ‌ گوێ‌ لەغەمزەدەیەك ئەگرێ‌ لەگۆشەی مەیخانەیەكا گۆرانی ئەڵێ‌؟
كێ‌ سەری سەرخۆشێك ئەگرێ‌ كە ئەڕشێتەوە خوێن دێنێتەوە ؟
كێ‌ وێنەیەك لەپاڵ كوكوختیەكی سەربڕاودا ئەگرێ‌؟
كێ‌ گوێ‌ لەئاسمانێك ئەگرێ لەدەنگی شمشێرەكان جاڕزە؟
باببارێ‌ ئەو هەورەی دڵی بەچڵە گیایەكی تینو ئەسوتێ‌‌و
ئاوڕ لەخاكێكی خۆڵەمێشی ئەداتەوە
من دەزانم مۆم لەسەرەوە ئەسوتێ‌
من شەرەفم ئەخەمە ژێر پێم كاتێ‌
گوڵ لەناو تابووتا سەوز ئەبێ‌‌و
بەهەشت لەناو خوێنا بانگمان ئەكات
من دڵم ئەدەم بەسۆزانیەك
كاتێ‌ جیهان لەناو لەپی سواڵكەرێك و
لەدامێنی سۆزانیەكا خاپور ئەبێ‌
من هەرگیز گوێم لەدەنگی پێی كەسێك نەبوو
لەبەر ئەم ئاوێنە شینەدا بڵێ‌:
با ئەم فریشتەی عیشقە دڵی نەشكێ‌

ئەوەی خۆی بەسێدارەی شیعرێكا هەڵواسیبوو
دنیای جۆرێكی تر دەبینی
بەخاكم بسپێرە ئەی میهرەبان
وەكو مانگێكی هەتیو لەتریفەو هەڵهاتو لەنێوان جەننەت و جەهەننەمدا
وەكو گورگێك لەو پەڕی برسێتیدا كەلاكێك ئەبینێ‌ بمبینە
وەكو نوزەی صەگێكی بەوەفا كەس نازانێت ئێسقانی خاوەنەكەی بۆكوێ‌ دەبا
وەكو دواشیعری عاشقانەی سەربازێك بەهاواری مردنەوە ،بمبیستە
وەكو چاوەكانی چۆلەكەیەك لەكاتی سەر بڕینا پڕم لەخوێن
وەك بەجێمانی یادگاری قامچیەكان لەسەرپشتی كۆیلەكان
وەكو سەماكەری ژوری ئیمبراتۆرە كۆنەكان
وەك باڵندەیەكی تینو لەخوێنی خۆی ئەخواتەوە
وەكو پەیامبەرێك خودا بۆ خێڵە مەیمونی ناردبێ‌
وەكو كرێكارێكی تاقەتپڕوكێنراو سەیری مانگ كا
وەكو عاشقێك بەدیار چاویەوە كرم دڵی بخۆن
وەكو زیندوویەك مێرولە ئێسقانە وردبووەكانی كێشبكەن
وەكو ئەو دیلەی لەكڵاو ڕۆژنەی زیندانێكەوە
پەلكە زێڕینەیەك ئەبینێ‌، بمبینە
ئاخر كەنیشتیمانم جێهێشت
بە دەنگێك لەگەرودا بیبەستێ‌ سێبەرەكەم بانگی ئەكردم
تۆناتوانیت لەناو دڵۆپێك خوێنا شەوێك سور بكەیت
ڕاوچیەكان بكەیت بەتەڵەكانی خۆیانەوە
دڵی تۆ پڕە لەشوشەی شكاوی بادە
دڵی تۆ پڕە لەبرینی شوشەی شكاو
تۆ ناتوانیت پەپولەكان بەسەر تابووتەكانەوە بكەیت بەشیوەنگێڕ
تۆ ناتوانیت خۆڵەمێشی مردووەكان بڕێژیتە دەریاوە
قەرەبروتی عیشقەكان بدەیت بەدەم باوە
گەر خوداش ئەمشەو لێرە نەبا دڵی ئەم دەیجورە نەدەشكا
گەر تۆش لێرە نەبای ئەمشەو جەهەنەمیش لێرە نەدەبوو
ئاخر كەنیشتیمانم جێهێشت
هێند توند هەنگاوم نا جێ پێكانم گەشتنە خوێن
من دەمزانی بەئاسمانی كوشتارەوە قەلەڕەشەكان چاوەڕێن
لاشە خۆرەكان درود بۆ مرۆڤ ئەنێرن

وەك چۆن جەنگەكان
ئاسمانی ئاوەدانیەكان بەداڵاشەمرۆڤ خۆرەكان ئەسپێرن
بەخاكم بسپێرە
دڵم پڕە وەك ئەو سەرخۆشەی مەینەتیەكانی بەبادە دَینێتەوە
من ئەو سەدانەم هێنایەوە بەخوێن وگوناه ئاوس بوون
ئەو سەدانەی خوێنمان وەكو ئاوی بۆ گەنكردوو بەجۆگەلەكانا ئەڕۆیی
ئەو ڕۆژگارانەی دەمگوت :
ئیتر مێژوو بەخوێنی دامێنی پاكیزەكان ئەنوسرێ‌
ئیتر شەرەف ئەوەتانێ‌ لەناو گەڵی سۆزانیەكانا
ئەو سەدانەی دەموت:
بادڵی حەقیقەت نەوەستێ تابووتەكان پڕكەینەوە
لەجبەخانەكانا دڵی كەس نەدەین بەكەس
خۆڵەمێشی كەس نەدەین بەكەس
شەرابی خوێنی كەس نەدەین بەكەس
ئەوەی لەدڵی منا ئەژی مناڵێكە لەمن ناچێ
من نامەوێ‌ لەبەر دەرگای نەخۆشخانەكانا
بەچڵێ‌ گوڵی سورەوە بووەستم
دەمەوێ‌ هەموو فتواكانی كوشتنم بەخوێن ئیمزاكەم
وەكو مۆری كڵۆڵی
ناوچاوم بخەمە سەر كاغەزی كوشتنم.!!

بەخاكم بسپێرە ئەی میهرەبان
توڕەم لەبەزەیی ئەو جەللادەی ئەیتوانی بمكوژێ‌‌و نەیكرد
بەو پەڕی بێباكیەوە ئەیوت
خەتای تۆنیە ئەم شەوە خۆی بەخوێن ئاوسە
دەستی تۆ لەوە كورتترە بگاتە داوێنی حەقیقەت
توڕەم لەو شەوانەی لەبەردەم دەسگرەوەكانی غوربەتا
بەخوێنی باڵەشكاوەكانم دەمنوسی
بائەم بەلەمە كاغەزیانە پڕكەین لەشەراب و بینێرین بۆ دورگەیەكی دور
وەك ئەو پێكەی لەسەر مێزەكەی تۆ ئەكەوێ‌‌و دڵی ئازیزێك ئەشكێ‌
دڵیان ئەشكاندم
وەك درەختێك داركونكەرەكان هەڵی كۆڵن هەڵیان كۆڵیم
ئاخر سەختە بەخوێنی تۆ نەخشەی شارو شەقامەكانت بكێشن
لەچێشتخانەكانا كەبابی دڵی خۆت لەبەردەمتا دانێن
یا پەنجەی فلوتژەنێك ببڕیت و داوای لێبكەیت ئاوازێكی حەزینتر بژەنێت
گەروی كوكوختیەك داخ بكەیتو پێ‌ ی بڵێیت گۆرانیەكی غەریبتر بڵێت.!

بەگۆڕم بسپێرەو لێم گەڕێ‌
وەكو مارێك بەعەزرەتەوە ژەهرەكەی ئەكاتە گیانی خۆی
ژەهرم ئەكرد بەبرینمەوە
وەكو كچێكی ڕاكشاو لەناو ئەشكەوتێكی كۆنە ساڵا
دڵۆپ دڵۆپ تێزاب بچكێتە سەردڵی
دڵم لەبەر بارانا ڕاگرتبوو
ئەی دۆست....
من لەم پرسە خانەدا دانەنیشتبام بۆ دۆستە لەدەست چووەكانم نەدە گریام
بەم كۆڵانە تاریكەدا نەهاتبام چارەنوسی منیش وانەدەبوو
ڕوو لەمەغریب ودەریا نەبووبام
(با) خۆڵەمێشی مردووەكانی بۆ من نەدەهێنا
بەڵام دەبوو لەئاهەنگی كوشتنی تۆدا لەوێبم
ئاخر كەسێك نەیویست نازی پاساریەك هەڵگرێ‌ بەخوێنی خۆی كەسیرەبووە
كەس نەیویست دڵی شكاوی ئێمە بداتەوە
كەس نەیویست لەسەر كێلی گۆڕێك بنوسێت
بۆچی لێرە گشت كەس دڵی پڕە؟!
بۆچی كەس دەرگای عاتیفەی ئەویتر ناكاتەوە؟
بەدەنگی كچە فارسێك ئەدای شیعرێك ئەكات
كەس بەمردوو شۆرەكەی نەوت:
ئەم مەیزەدە بەوێران بوونی خۆی موعتادە
كەس نەیوت ئەوە بۆچی دڵی تۆ وەكو كاتژمێرێكی كۆڵەوار لێئەدا؟
ئەی دۆست ئەم ئاسمانە لەباغێكی تاریك ئەچێت
گوڵەكانی كزكز بسوتێن
دەبوو من لەوێبم
كاتێك مەرگ دەست ئەخاتە بیناقاقای عیشق
وەكو دڵدار لەپرسەی كوشتنی دڵدارەكەیدا
وەكو تاقانە لەپرسەی دایكیدا
لەپرسەی كوشتنی تۆدا
دەبوو من لەوێبم و بڵێم:
ئەوەبۆچی گوڵ لێرە نیانی خۆی ئەیكوژێ‌؟
لەوێ‌ بم وبڵێم:
بەشوێن ئەو خوێنەدا بڕۆ لەدڵی من ئەڕژێ‌
ئاخر زەمانێك ئێمە پێكەوەبووین
لەماڵی تەنیای ڕۆحی خۆمان بووین
لەوێبووین لەوێرانەی عیشقێكی تر
لەوێ بووین لەناو لاشەی مردووی خۆمانا بووین و
لەناو دڵ و ڕۆحی خۆمان نەهاتبووینە دەر
لەوێبووین لەمەیدانی جەنگێكی ترا
دواجاریش ئێمە لەماڵی ڕۆح نەچووبووینەدەر

دەبوو لەوێ‌ بم و
وەكو مناڵ زارم بنێم بەمەمكی چرچی ئەو پیرانەوە
عەیامێكە خاڵی بوونەتەوە لەشیرو لەززەت
وەكو شەراب بەجلی ساقیەكانا بڕژێ‌ خوێن لەجلەكانم بتكێ‌
پەڕە پەڕە هەڵوەرینی ئەو گوڵانە ماچ بكەم
داوێنی خاكی پاك ماچ ئەكەن
وەكو سواڵكەرێك ئێوارەی لێدێ‌‌و كارتۆنێك ڕائەخا
ئەو كۆڵانانە سەرم ببڕن یادگاریەكیان نیە تاڵ نەبێ
ئەو كۆڵانانەی بۆ تاقەجارێكیش ئاوڕیان لێنەداینەوەو جێیان هێشتین
وەكو شارێك لەدوكەڵی لاپەڕەكانیا بخنكێ‌
سێبەری ئەو منارانە بمكوژن كۆترێكیان پێوەنانیشێ‌
ئەو تارماییانە بریندارمكەن نامەكانیان لەمەلەكوتەوە دەنێرن!

بەخاكم بسپێرەو لێم گەڕێ‌
من بەدەریایەكدا تێئەپەڕیم فیرعەونەكانیشی پیا تێپەڕیبوون
لەجێیەكدا خوێنم ئەڕژا خوێنی مەغۆلەكانیشی تیا ڕژابوو
لەشوێنێكا بووتپەرستیم ئەكرد گریكەكانیش لەوێدا بووتپەرستیان كردبوو
ئێستا ئیتر بەسەر ئەو زەمینانەی پێچەوانەی باران
گوللەیان بۆسەرەوە تیا دەبارێ‌
وەك باڵندەیەكی وێڵ دەبێ‌ بفڕم
وەك گەڕانەوەی مردوویەك دوای هەزار ساڵ
دەبێت باس لەشتێكی غەریب كەم
من لەبری ئەوەی سەرپەنجەكانم بەلێوی مەمكەكان ‌و
دۆسێ‌ ی پۆلیسخانەكانا جێبێڵم
هێڵەكانی ناولەپم جێهێشت
ناوچەوان و ئەڵقەكەی پەنجەشم لەقوماری پێكێك بادەدا دۆڕاند
ئێستا دەبێت بڵێم :ئەم دەریا بێدڵە فرمێسكی كێیە؟
باجیهان بخنكێت لەدەریایەكدا لەچاوەكانەوە هاتووە
دەبێت بڵێم: بەباڵ باوەشێنی كورسی ناكرێت
ئەو باڵانەی چەپڵەلێئەدەن نافڕن
دەبێت بڵێم :دۆزەخ لێرەیە لەبەردەمی مردنا
چ دەكات لەوێ‌ لەدوای مردن؟!
دەبێت بڵێم:من مناڵیم نیە كەسەكەم
مناڵیم بووە بەعیبرەت
:من ماڵێكم نیەكەسەكەم
شارەكەی من بووە بەقەرەبرووت
من نیشتیمانێكم نیە حەبیبم
نیشتیمانی من بەدەست كۆتر بازێكەوە فرۆشرا
من لەوڵاتێك ئەچم تارمایی بەڕێوەی با
لەجەنگەڵێك ئەچم خێڵەجنۆكە تیایا حوكم كا

بە گۆڕو فەرامۆشیم بسپێرە
داوای قەرزی ئەو سەدانەیان لێئەكردم
ڕوناكی وەكو گڵۆپێكی سیابەخت ئەبووە نیشانەی كوێرەكان
ئاخر كوێرەكان لەشەودا نیشانە ئەپێكن
داوای گومرگی ئەو گوڵانەیان ئەكرد بەخوێن ئاوم دابوون
دڵی ئەو گوڵانەیان ئەشكاند خوێنیان لێئەتكا
وەك چۆن شەمشەمە كوێرە لەشەودا دڵی حەقیقەت ئەپێكێ‌ و
گوڵە ئەستێرەكان ئەپێكن
كوێرەكانیش ئاوا دڵ ئەپێكن

بەخاكم بسپێرە ئەی میهرەبان
ژیان تاقەت پڕو كێنە
ئەو شەقامانەی وەكو كچێكی شونەكردوو بەمناڵێكەوە بە گوناه ئاوسبوون
بەوێنەی ئەو سۆزانیەی بەڕاستی عاشق بووەو ئیتر فایدەی نیە
ئەو چەتەی بووە بەخواناس و كەس باوەڕی پێناكا
ئەو پێغەمبەرەی بەسەر خۆشی دێ و كەس ئیمانی پێنا هێنێ‌
كۆڵانە غەمگینەكانی غەریبی و
شەقامەتاریك و دڵتەنگەكانی غوربەت منیان كوشت
ئەو دڵانەی لەزەرفی خوێناوی پۆستەكانا چاوەڕوانی ئەیكوشتن
بەئەندازەی شەقامە كۆنكرێتیەكان منیان كوشت

بەگوللەی سوجدەی نابەجێ‌ ئەیانكوشتم
سوجدە بۆ خۆڵ ِو كۆشك و پۆساڵ و خوێن
ئەو ڕۆژانە دەیانكوشتم وەكو سواڵكەرێكی ڕەجاڵ
بەدەسماڵەكەم برینەكانم دەبەست
ئەودەستە خەیاڵیانەی گوڵی سەر گۆڕەكان ئاو ئەدەن و
ئەو شەوانە ئەیان كوشتم گوڵەخاش خاشەكانم
بۆ گوڵە ئەستێرەیەكی موعتاد ئەسوتاند
شەوێك ئەیكوشتم تاریكی ئەستێرەكانی كوێر كردبوو
بەخوێنی كۆترێك لەدڵی منا ئەیخوێند و
بەدیار چاومەوە سەریانبڕی، نوسیم
تەنافەكان تەنیا ئەو سەرانە بەرزئەكەنەوە نەكەوتوونەتە سەرزەوی
لەسەر دیواری مەیخانەكان نوسیم
ئەم منارانە تا بەرزبنەوە لەخوا دور ئەكەونەوە!

بەخاكم بسپێرە
شەوێك منی كوشت یاساوڵەكانی خوێن هاتن و
بتی مەعشوقەكانیان كردبوو بەخودای خۆیان
ئەو شەوەمانگ بەدارشەقی بێقاچەكانەوە سەری لەماڵی هەتیوەكان ئەدا
خۆر لەپشت سەری هەورە ئیفلیجەكانەوە گیانی دەرئەچوو
ئەوشارانەی بەخوێنی دڵشكان نغرۆبووبوون
كردنیان بەمەیتخانە
خوێنی پێغەمبەرەكان لەسەر چ خاكێك ڕژا ،ئالەوێدا خوێنیان ڕشتین.!
دڵی خودا لەسەر چ زەمینێك شكا، ئالەوێدا دڵیان شكاندین.!

ئەو وێنانەیان دەكوژاندەوە لەسەر دڵمان هەڵمان كۆڵیبوون
خوێنی كچێنی ئەو فریشتانەیان ئەڕشت لەئاسمانی خەیاڵەوە دەهاتن و
لەناو كتێبەكانا سەماین ئەكرد
ئەو باڵندانەی زمانیان دەبوون بەباڵ زمانیان دەبڕین
لەسەر ئەژنۆ ئەكەوتن و ناوچاوی سوجدەیان ئەخستە خوێنەكەی خۆیان
سەری ئەو كەناریانەیان ئەدا بەدەزگیرانەكانیان
چاوەكانیان پڕبوون لەخواحافیزی نابەدڵ
دڵی ئەو بولبولانەیان ئەخستە زەرفی نامەكانەوە
وەك دەنگدانەوەی هەزارەها كوكوختی لەئاسمانێكی دڵشكاودا
وەك دەنگی گۆرانیەكی بەجێماو لەمەیخانەیەكی ڕوخاودا
ناڵەی دڵیان تا ئەو سەری ئاسمانەكانی مەلەكوت ئەڕۆیشت.!


لەساڵی تاعونگیریە وێرانكەرەكەوە هاتووم
تا وەكو لاشە خۆرەكان گۆڕی دۆستەكانم هەڵبدەمەوەو
لێیان بپرسم:
ئەرێ‌ ئێوە چەند بەدڵشكاوی ژیانتان جێهێشت؟!
ئەڕی ئێوە تاچەند مردوو پەرستە كانتان خۆشە ئەویست؟
بەمەیتخانەیەكم بسپێرە
من لەمەملەكەتی تارماییەكانەوە بەناو كەلاوەكانی ئومێددا دەهاتم
مەرگ چۆن لەدەستی سواڵكەرەكاندا سەوز ئەبێت
ئاوا لەدەستەكانی منیشا سەوز ئەبوو
صەگ چۆن خوێنی خاوەنە كوژراوەكەی ئەلێسێتەوە
ئاوا برینەكانی تۆم تیمار ئەكرد
بەسەر باڵای درەختەكانەوە سوجدەم بۆ مانگ ئەبرد
دڵم پڕبوو لەمرەكەب و شەرابی خوێنی شەوە سورەكانی هەرزەكاری
ئێسقانەكانی خۆمم دەبینی بەبێ‌ گۆشت و ماسولكە گۆڕستانەكانی دەپێوا
ئەو سەربازە مۆمیایانەم دەبینی
وەكو بزمار بەدەرگای كۆشكەكانەوە داكوترابوون
ئەو باڵانەم دەبینی بەگوللەی ئیماندارەكان شكابوون
ئەو ڕۆحانەم دەبینی لەخەڵوەتا بووبوون بە بوغورد
ئەو دڵانەم دەبینی بەگڕی مۆمەكان خۆیان سوتاندبوو
ئەو عاشقانەم دەبینی ساڵی خۆڵبارینەكان
بووبوون بەژێر خۆڵی گۆڕەكانەوە
ئەو شەمشەمەكوێرانەم دەبینی بەتریفەی مانگ گیانیان دەرئەچێ‌
ئەو گوڵەئەستێرانەی نەسوتێن ئەمرن
سەرخۆشانەو مەستانە گۆرانیم ئەوت و ئەڕۆیشتم
دەنگێك لەمەیخانەكانەوە بانگی دەكردم
وەك لە قوڵایی ویژدان و لە غەیبەوە بانگم بكات وابوو
((ئەی دۆست دڵی ئەم شەوە بەڕشانەوەیەك مەشكێنە
سەرخۆشی ئەم شەوە بۆ گۆرانی كونە پەپویەك تێك مەدە))

بەخاكم بسپێرە ئەی میهرەبان
لەسەر ئەو چەقۆیانەی بەدیار چاوی دۆستەكانمانەوە سەرمان دەبڕن ڕاكشێ‌
بەدیار ئەو گوڵانەی باخچە ئەیانسوتێنی بمكەبەخۆڵەمێشی عەشق
زەمانێك دەستم بۆ ئەو شەمەنەفەرانە بەرزئەكردەوە
لەبەر خاڵیبوونی گیرفانەكانم نەیانتوانی لەم هەسارە دورم خەنەوە
خواحافیزیم لەو كەشتیانە ئەكرد بێ گوێدانە دڵتەنگیەكانم گۆرانیان ئەوت
هەناسەم بۆ ئەو فریشتە كوژراوانە هەڵئەكێشا
بەو گوللانە مردبوون بەر دڵی ئێمە كەوتبوون
بۆ ئەو موسافیرانەی بەناو غوباری ساڵ‌و سەدەكاندا سرودیان ئەخوێند، ئەگریام
بەناو تەمی كارەساتەكاندا ئەهاتن و پرچیان ئەڕنی
خوێنی پەڕەسێلكەكانیان بەسەر پەڕەی كتێبەكاندا ئەڕژان
لاسكی گوڵەكانیان بەكەڵبەی سەگەكان ئەقرتان
كچێنی ئەو فریشتانەیان ئەبرد لەناو لاپەڕەی كتێبەكانا خەوتبوون
گۆرانیەكانیان پڕبوون لەخوێن و سەراب
بە ژێر خوێنا ئەڕۆشتن و چەترەكانیان دائەخست
بێدڵ و دڵداریان بەیەك شێوە ئەكرد بەدارا
شەیتان پەرست و خوا پەرستیان بەیەك سزا ئەكوشت.!

كاتێك جادەكان بەناو دڵی یەكتریدا دەچنە گۆڕستان و
موسافیرەكان لە مەرگ هەڵدێن
كاتێك دەنگ هەڵ ئەبڕی گۆرانیەكی غەریب بڵێ‌ ی و
تێزاب بەگەروتا ئەكەنا خوار
بەخاكم بسپێرە
وەكو مارێك مارێك قوتدات قوتم دە ئەی خاك
وەك و كیشوەرێك بوومەلەرزە هەڵی لوشێ‌ هەڵم لوشە
وەرەو ئەم كۆڵەوارە لەكۆڵی ژیان كەرەوە
وەرەو ئەم داڵە برسیە لەم مناڵە نیوە مردووە دور خەرەوە
من دەمەوێت بەباڵی ئەو چەقۆیانەی سەری كارەساتەكان دەبڕن بفڕم
هاڕاوەی ئێسقانەكانم بكەم بەتابووت بۆ مەینەتیەكان
لەبەردەم دنیایەك عابیدی جۆراو جۆرو
بوتسازێكی ناشیكارا
دڵی خۆم بكەم بەقەڵغانی گوللەكوێرەكان
بەڵام غوڵامی لاشەخۆرەكەیە مردن
جەنگ نۆكەری ئەم مردوو خۆرەیە

من دەمەوێ‌ لەسەر كفنە سپیەكەی خۆم
ستیانی ئەو كچە بابدەم ساڵەهای ساڵ خۆشم ئەویست
وەك چاو داخستنی بەر لەسێدارە چاوەكانم دابخەم و
لەبری عەترێكی كچانە بەخوێن بنوسم
یەشتا ژیانم خۆشئەوێ‌
لەسەر بەفری ئێوارەیەك خوێنی خۆم بەجێبێڵم و بێڵم
بێ تۆ ژیان سەختەئەی عیشق
قەدی درەختەكان بەوێنەی دڵێك هەڵكۆڵم
تاتۆش بزانی عیشق مایەپوچە
بۆ كچێك كەبرینەكەی ئەو خوێنی منی لێدە چۆڕا
لەسەر دڵی خۆم وەسیەت نامەیەك بنوسم
تەمەن چەن فانیانە تێپەڕی..!
ئەو هەموو جوانیە چەن بەئاسانی تیاچوو!
بۆ مناڵێك كە لاشە خۆرەكان بەدیاریەوە سفرە ڕائەخەن بڵێم
خوێنی ناو ئەم پێكە ساردە
بۆكەسانێكە هەرگیز بەسەر خۆشی خەیاڵ نابینن

لۆكە لەسەر برینی ئەو مردووە دامەنێ‌ زوخاوی لێوە دێتە دەرێ‌
لەگۆڕی ئەم مۆمیاییانە درەم بێنەو تاتە قوڕەكەم بخوێنەوە
تەلیسمی ئەم تاعونە بشكێنە بەسەر شارا ئەبارێ‌
ئەم پەیامەش بۆ نەوەكانی دوای خۆم بەجێدێڵم
تابیدەن بەپێغەمبەرێ‌ خودا لەبیری چووبینرێ !

وەكو ئەوو گوللەی نیشانە شكێنێ‌ ئەیگرێتە دڵی یار بمكوژە
وەكو ئەو قوڵینگانەی گۆرانیەكانی خواحافیزیان پڕە لەگریان، گەروم پڕە
وەكو مانگی دڵشكاوی شەوەكانی مانگ گیران ، لەئاسمان بێتاقەتم
وەك ئەو پەپولەی لەلیتاوی شارا ئەخنكێ‌ ،دڵم بەخوێن گیراوە
من دەمەوێ‌
وەك پاڵەوانی ئەو شیعرانەی خاوەنی دەستەكانی جاویدانیین
دڵم لەژێر چنگی ئەم پڵنگەی جەسارەت دەربهێنم و بڵێم:
ئیتر نۆرەی تۆیە بمریت
بڵێم :گوڵ گلەیی لەكێ بكات كە باخچە نابووتی ئاو بدات؟
قەصابخانەیەك بدۆزمەوە بۆ ئەوەی پەپولەكان خۆیانی تێدا بكوژن
قامچی لەدەستی جەللادەكان وەرگرم وبڵێم:
نۆرەی منە بەعەزاب ویژدان ئێوە بكوژم
دڵی ئەو بووكە شوشانە بدەمەوە بەباوەشی مناڵەكانەوە كوژراون
وەكو گڵۆپێك لەپێشی كەشتیەكانەوە بڕۆم و
بانگی دۆلفینەكان بكەم
وەرن جگەرەیەك بكێشن لەگەڵمان
ئیتر كەس ئێوە نابات بۆ قەصابخانەكان
ئێمە نامانەوێ‌ مردن بكڕین
من دەمەوێ‌ وەك ئەو باڵندەی وێنەی دڵی لەسەر باڵی ئەكێشێ‌
دەرگای ئەم چارەنوسە بشكێنم وبڵێم :
من ئیمانم بەكلیل نیە
ئاخر سەختە شەوێك مانگ لێرە نیە كتێبێكی داخراوی بۆ نەگەڕێیت
باروت بۆ پەپولەیەك بسوتێنی لەتاریكی پەست بووە

من نامەوێ‌ ئیتر لەسێبەری ئەم هەورانەدا سەرخەوێك بشكێنم
وەك ئەوەی لەبیابان یاخی بن نایانەوێت ببارێن
لەخامۆشی ئەو عیشقانەی میراتیەكانیان گۆڕێكی شپرزەیە
لەناڵەی ئەو ڕۆژگارانەی پەڵە خوێنەكان بوون بەهەور
بەدیار ئەو كتێبانەوە بەفریشتە چاو شینەكانەوە ژان دەیانگرێ‌
من دەمەوێ‌ مامانەكەی خۆم بدۆزمەوە پێی بڵێم :
بۆچی هێڵات بێمە دنیا؟؟
من دەمەوێ‌ لەبری مێژوو
ئەو گوللانەی بەردڵی خەیاڵم كەوتن
لەسەر لاپڕەی كتێبەكان ڕیزیان بكەم
وەكو پارچەیەك كلێنس
ناو چاوم لێبكەمەوەو ئەشكی پێبسڕم
ئەفسانەكان بخەمە تەنوری پیرەژنەكان و بڵێم:
هیچكات خاوەنی ئەمانە نەبووم و هەرگیزیش خاوەنی ئەمانە نیم
ئەو درەختانەی بەچەقۆ بۆ یادگاری لەسەرم نوسین و
خوێنیان لەبەر ئەڕۆیی
بكەم بەخەڵوزو بڵێم: وەها مێژوویەكم ناوێ‌
بەچەقۆیەك هێڵەكانی دەستم بكوژێنمەوەو
هاوار بكەم:
من بەم چارەنوسە ڕازی نیم .....

من ڕۆحی ئەو دڵشكاوانەم هەڵگرتووە لە دەغیلە خوێناویەكاندا بەجێماون
بەخاكم بسپێرە
زەمانەیەك ئیتر ئێمە لەدوای سێبەرەكانەوە دەڕۆین
بەر لەوەی ئاگر هەڵبكەین ئەبین بەخۆڵەمێش
كەمەری گوڵێك بگرین خۆمان هەڵدەوەرێین
جگەرە بدەین بەدەم ئەو فریشتانەوە دوكەڵی جەنگەكان ڕەشی كردوون
مردن دەكەوێتە پێش لەدایكبوونمانەوە
ئیتر لەئاویلكە دانی ئەو پەپولەدا ئومێد مەچێنە كەئەو باڵی لێناڕوێت
لەناو چاوما دەرگا كراوەكان مەبینە كە من لەشەڕی دیوارەكان هاتوومەتەوە
لەناو دیوارە وەهمیەكانا بۆم مەگەڕی
من لەسەر زەمینی حەقیقەتا كوژراوم
لەنوتفەی ئەم عیشقەدا چاوەڕێ‌ هاتنی من مەكە
من لەخوێنی فریشتەكانا خنكاوم

بەگۆڕی جاویدانیم بسپێرەو شوێن دەستەكانم بسڕەوە
وەكو ئەو شاعیرەی یادگاریەكانی لەسەر برینەكانی ئەنوسێت ،دڵم تەنگە
وەك باڵندەیەك قەفەزەكەی لەتەم و مەینەت چنرابێت
شوێن چەقۆی زەمەنەكان بەشەراب ساڕێژ ئەكەم
وەك سەمای ماسیەك بەتۆڕی ماسیگرێكەوە بۆ تۆزێك ئومێد ئەگەڕێم
وەك وێنەیەكی شێواو خوێنی كوژراوێك دروستی كردبێت
دەمەوێت ئەو باڵندە خەیاڵیە بخوڵقێنم لەسەر درەختی حەقیقەتیش ئەخوێنێ‌
بەڵام سەختە ئەی میهرەبان
لەوسەری ژیانەوە هاوار بكەیت
ژیان هیچ نیە جگەلەدڵشكانێكی بەردەوام
مردن هیچ نیە جگەلەكۆتاییەكی شیرین بۆ ژیان
وەك لەبیركردنی ئەو عەتر فرۆشانەی
ڕۆحی گوڵەكانیان ئەكردە شوشەی دڵی ئێمە و
لەناو خاكا دەبوون بەشەرابێكی تاهەتایی داپۆشراو
خوڵقاندنی سەختە
بەڵام نمەك حەرام نیم
وەك ئەو گوڵانەی فڕێ ئەدرێنە سەر تابووكان و
هەرلەوێدا ئەژاكێن ،پەژموردەبم
من ئەم ئازارگەلە سەختە لەبیر ناكەم
كەوەك یادگاری كوشتنی یار لەبیر كردنی ئەستەمە
وەك بەجێمانی مقەستی نەشتەرگەری لە دڵدا
لەبیرچونی سەختە
 

 

پێشكەشە بەڕۆحی هەمیشە زیندوی (Kvein Carter)ئەو ڕۆژنامە نوس و فۆتۆ گرافەرەی بە فۆتۆیەك ویژدانی جیهانی ڕاچەڵەكان.كوین كوارتەر كاتێك دەچێتە وڵاتی سودان و لەوێ‌ لەپشت كۆمەڵێك درەختەوە دەنگێكی غەریب دەبیستێت و بەرەو ڕوی دەنگە كەدەچێت دەبینێت مناڵێك بەبرسێتی و لەئەو پەڕی لاوازیدا و مردن زەفەری پێدەبا، ئەمەش هاوكات بووە لەگەڵ ئەوەی ئەم منداڵە دەیەوێت خۆی بگەیەنێتە بارەگای نەتەوە یەكگرتووە كان بۆ بەدەست هێنانی پاروە نانێك و لەهەمان كاتیشدا لاشە خۆرەیەك چاوەڕێ‌ دواهەناسەی ئەم مناڵەیە .گرتنی فۆتۆی ئەم كارەساتە جەرگبڕە ڕۆژنامە نوسەكەمان ئەكات بەخاوەنی خەڵاتی (بولیتایزر)بەڵام سەد مخابن دوای ساڵێك لەبڵاو بوونەوەی وێنەكە ڕۆژنامەنوسەكەمان شەوی 27 جولای 1993 لەبەر ئەفسوردەگی بەهۆی ئەو كارەساتەوە خۆی كوشت!!!