ئاگاداربە، قەفەسی تۆ لە ئاو نییە


جەبار عەزیز- حاجیاوا


لە دواچركەساتی مەرگی ساڵێكدام
گوێ‌ لە نوكتەی نوێبوونەوە دەگرم
لەسەر خەرمانی زەویم و
تریقانەوەی ئەم شەوە نابیستم
خەندە درۆینەكانی ئەم شەوە
لەبەردەم گڕی فیشەكەشێتەكاندا
لە گریانێكی قوڵ دەچن
ئەم شەو بێئاگاترە لە میلی كاتژمێر
ئەم شەوە خۆی كڕ كردووە
لە مشتی كراوەی ئەو مناڵانەی
كە چكلێتێك لێوی ڕەنگ نەكردن
لە ژوانی ئەو دڵدارانەی
كە ماچێك لێوی تەڕ نەكردن
یان عەسای بن چەناگەی ڕیشێكی سپی
كە لە چاوەڕوانیدایە
ئەم شەوە بێئاگاترە
لە گڕی ئەو فیشەكەشێتانەی
كە دوای كوژانەوەیان
هەرگیز ناگەڕێنەوە بۆ زەوی
***
سەری ساڵە و پێكەنینێكی گەرم
بە دیار كوژانەوەی تەمەنی ساڵێكی ترەوە
دڵخۆشی من بەقەد دڵخۆشی
ئەو پەیكەرە بەفرانەیە
كە لەسەر شەقامەكان ڕیز كراون
ئەمشەو وەك دەنكە تەرزەیەكی پەست
خۆم دەكەم بە ڕەوتی جۆگەلەیەكدا و
لە شەپۆلەكانیدا بزر دەبم
ئەم شەو دەبم بە پەیامبەر
بە كەناریەك دەڵێم ئاگاداربە
ئەم شەو ڕاوی نەوڕەسەكان دەكەن
ئاگاداربە قەفەسی تۆ لە ئاو نییە
بە چرپە بەگوێی مناڵیكدا ئەچرپێنم
هیچ نییە و ئەمەش تێدەپەڕێت
وەرە قەڵاندۆشكانم
بەرزت دەكەم ئەستێرەیەكم بۆ بگرە
بە دەلاقەیەك دەڵێم هاوڕێم خەمبار مەبە
كە ئەمشەو چرایەك ڕووناكی نەكردی
قومری سەرگوێسوێبانی ماڵەكەمان دڵنیا دەكەمەوە
كە دەنگی تۆ خۆشترە لە هاتەهاتی ئەم شەوە
شەقامە چۆڵ و تاریكەكان
یەك بەیەك دڵنیا دەكەمەوە و
پێیان دەڵێم موحیبەت لێرەوە سەری هەڵدا
***
سەری ساڵە و
هێشتا بە بەفر شاد نەبووم
بابەنوئیلێ‌ لە دەرگای نەدا و
سنەوبەرێك خۆی نەگۆڕی
لە حزوری تێپەڕینی كەسەرێكدام
بە برینێكی تازەوە
بە هۆش و گۆشی سەرەتا
بە وەسیەتی بەر لە مێژوو
دێمە حزوور ساڵی تازە