دۆسیەی پەڕۆ و خۆكوشتنی خەرەندەكان



جەبار عەزیز – حاجیاوا
Jabarazez81@yahoo.com

 


هەستەكانم یاخین لێم و نایانەوێت چیتر
ئەم گۆمەزی قۆشمەیە
ببیستم
ببینم
بۆنی كەم
تامی كەم
دەستی لێدەم
هەستەكانم یاخین لێم و نایانەوێت
بیر لەئەنجامی ئەم خەجاڵەتییە وەكەم
هەستەكانم پێم دەڵێن
بڕۆ و بچۆوە بۆ دونیایی خەیاڵ
بیر لەقاپووتە دڕاوەكانی نیشتیمان مەكەوە
بڕۆ ئێرە ژینگەیەكی وشكە
چاوەڕوانی سەوزبوونی چڵێ‌ زەیتون مەكە
بڕۆ ئێرە بەجێ بێڵە
بۆ ساتێكیش پەشیمانی داتنەگرێ‌
بیر لەو چارشێوە سورانە مەكەوە
كە بە تەنیا لە چۆلگەیەكدا دەشەكێنەوە
بڕۆ و بچۆوە بۆ دونیای خەیاڵ
تۆ چ كارت بەسەر ئەو پەپوولانەیە
كە خەنجەری خوێناوی ماچ دەكەن
تۆ چ كارت بەو دۆسیانەیە كە پڕن لە غەدر
تۆ چكارت بەو چاوانەیە
كە تەنها فرمێسك ئاسودەیان دەكات
بڕۆ و بچۆوە بۆ دونیایی خەیاڵ
لەوێ‌ جۆلانەیەك ساز كەو تێر بخەوە
تۆ حەكیمی ئەم دەردانە نیت
تۆخۆت پێویستیت بە حەكیمێكە
******
دووكەڵی جگەرەیەك مەستم دەكا و
لە قەهری شەرمنی خوانی وەتاغدا
بیر لە دروستبوونی یەكەم نوتفە دەكەمەوە
بیر لە ئەزەلی بوونی خۆم
بیر لە یەكەم هەڵوەرین
یەكەم گوناح و
یەكەم ڕێگا و
یەكەم زەوی و
یەكەم ئاسمان
دەكەمەوە
لە ژێر سێبەری مانگدا
لەگەڵ وجودی خۆم بەشەڕ دێم
وەكو ئۆقیانوسێكی توڕە
كەنارەكان سەبرم دەڕوخێن
ئیمپراتۆرەكانی خەیاڵم دەبنە بیابانێكی وشك
كونجە تاریكەكانی سەرم بەتاڵ دەبنەوە لە یەقین
وەك و مەقامێك لە گەروی قاوانێكی كۆندا
شی دەبمەوە و یەك بە یەكی حەرفەكانم دەڕژێن
دەڕژێن بۆ سێبەری بەرپێی ئەو مناڵانەی
لە كەرنەڤاڵی تەپوتۆزی كۆڵانەكاندا
لە خەیاڵی ون بوویاندا
شارێكیان لە جۆلانە سازاند بوو
بەدیار حەقیقەتی ئاسمانەوە خەیاڵ دەمبات
خەیاڵ دەمباتەوە بۆ ئەو ئێوارانەی
كە هێشتا زەردەپەڕ سحری مابوو
بیر لە ئاوابوونی هەتاو دەكەمەوە
ئەو هەتاوەی كەتەنها لە كاتی ئاوابوونیدا
حەقیقەتی ئاسمانمان بۆ دەردەكەوێت
حەقیقەتێك كە ڕۆژێك لێمان نەپرسی
حیكمەتی ڕەنگەكانی تۆ چییە ؟
بۆ جارێك جورئەتمان نەكرد و پێمان نەوت
حیكمەتی ئەم هەموو ئازارە چییە ؟
******
ئێستا لەم فارگۆنە كۆنانەی خەیاڵدا
هێمنییەك بەدی دەكەم
هێمنییەك
وەك هێمنیی و بێدەنگیی مردن
وەك بێدەنگیی كۆنەئاشەكەی بەر ماڵان
كە تەنها كچ و كوڕە یاخییەكان لەم بێدەنگییە ئاسودەن
ئیقاعەكانی ئاسودەیم تێك مەدە ئەی ئەهریمەن
با بۆ ساتێك لەگەڵ خۆم بم
لەم مەملكەتی تۆفانەدا
چركەیەك هێمنیی گەوهەرە
لەم مەملەكەتی تۆفانەدا
دەبێت هەموومان
بیر لەمردنی یەكەم عەشق بكەینەوە
دەبێت هەموومان بیر لە كوشتنی گومان
وەسوەسە و دڵەخورپە بكەینەوە
چونكە لێرە حەقیقەت یەك ڕەنگە
ئێرە مەملەكەتی درۆ و مەملەكەتی پەڕۆیە
لێرە پەڕۆ پیرۆزترە لە وەتەن
لێرە پەڕۆ پیرۆزترە لە بوون
هەر لە پەڕۆی سەرمەرقەد و
پەڕۆی حیزب و
پەڕۆی شەهیدكردنی عەوڕەتی كچێگ لە شوی پەردەدا
****
خۆم ئەخزێنمە كورسی دواوەی كۆستەرێك و
گوێ‌ لە حیكایەتی شاراوەی موسافیرەكان دەگرم
گوێم لێیە پەپوولەیەك
بۆ هاوڕێكەی باسی ئەو شەوانە دەكات
كە بە ناو چەندان ئاگردا
بە نێوانی چەندین كەمینی شیربەدەست و
بە نێو سەدان جەنگەڵدا
لە پێناوی بۆنی هەڵاڵەیەك
هەموو حەرەمەكانی بەزاندوون
لە كوشنی پشتی پەپوولەكەوە
گۆچانێك كە لە حەكیمێكی كۆنەساڵ دەچێت
باسی ئەو جەنگانە دەكات
كە هێشتا مێژوو پەی پێ نەبردوون و
ناشتوانێت خۆی لە قەرەی باڵایان بدات
لە كوشنی بەرامبەر گۆچانەكەوە
فیمنستێك دەفتەری یادەوەریەكانی دەردەهێنێت و
هەندێك پەڕ لە دەفتەرەكەی دەكاتەوە و
دەیان داتە دەست قەدەری با
دوایی تێدەگەم ئەو پەڕانە یادگاری ئەو ڕۆژانەن
كە هێشتا سیحری قەد و گەڵا
لە پایزدا ڕەنگی مابوو
*****
بەم سەحەرە
دەگەڕێمەوە بەردەم ماڵە قوڕینەكانی مناڵیی
دەچمە ژووانی چاوشاركێ‌ و شەڕەقوڕ
حیكایەتەكانی نەنكم دەمكەن بە پاڵەوانێكی خەیاڵَیی و
دەچم شار لە ئەژدیهاكان پاك دەكەمەوە
بەم سەحەرە خەیاڵ هەڵم دەگرێت و
دەچم بۆ سەر ئەو تەپۆلكانەی
كە هێشتا خوێن لە دامێنیان دەچۆڕێت
ئەو ڕۆژانەم دێنەوە بیر
كە شار ئێڵنجی ئەدا و
تامی گریانێكی قوڵ ئەوكی گرتبوو
دەچمەوە بەردەم
كۆڵانە عەیارەكانی ئەنفال
لەوێ‌ زانای پەنهان دەبینم
لەسەر چیمەنێكی تەڕبوو بە شەونم ڕاكشاوە و
لە قوڵیی ئاسمان ڕادەمێنێت
لێی دەپرسم ئەوە تۆش لە سیحری ڕەنگەكانی دەگەڕێت
ئەو هیچ ناڵێت و
منیشس لەتەریقیی گومانی خۆمدا شۆڕ دەبمەوە
شۆِڕ دەبمەوە وەكو چڵی ئەو داربییانەی
كە جارجارێك ماچێك لە تەڕیی ڕووبار دەكەن
بەم سەحەرە زمان بەتاڵ دەبێتەوە لە وتن
لە حیكایەتەكانی پەپوولە و
لە حیكمەتی گۆچان و
پەڕە دڕاوەكانی دەستی فیمینستەكەدا
تەنها خەیاڵێك دەمێنێتەوە
تا تەمی سەر پەنجەرەكانی پێ‌ ڕاماڵین
ئەی زەمەن ئەم سەحەرەم لێ‌ مەستێنە
هەموو بەیانیەكانی ترم بۆ تۆ
ئەم خەیاڵەم لێ‌ مەپسێنە
هەموو حەقیقەتەكانم بۆ تۆ
من دەزانم تۆ چەندە لە تێڕامانم ئەترسی
من دەزانم و
تۆش دەتەوێت بەتاڵم كەیتەوە لە خەیاڵ
*****
لە نێوان بریەكانی دیرۆك و ئێستامدا
لە نێوان خەجاڵەتیەكانی ڕەشەبا و ڕوخاندا
لەنێوان شەپۆلەكانی دەریا و فێزاندا
لە نێوانی شەڕەكانی خوا و ئەهریمەندا
ئێستاش لەنێوان من و خەیاڵدا تۆ هەی
لە بەینی من و ئەنفالدا
لە بەینی من و ئەو بەیانییانەی
كە نەماندەزانی ئەمڕۆ ڕەنگی شار چۆنە
هەندێك بەیانی هەڵدەستاین
شار ڕەش بوو
هەندێك بەیانی تر
سوور سوور وەك خوێن
هەندێك بەیانی
سپی سپی وەك تۆ
لە نێوان پەنجەكانی دەستم و
تۆقەی خەجاڵەتی براكاندا
دەگەڕێمەوە بۆ چاخی خۆشبەختی
بۆ ئەو دەمەی
هێشتا تیرەكان لە كەوان نەترازابوون
هێشتا قابیل پەنجەكانی لەخەنە نەنابوون
*****
گوێیەكانم بەتاڵ بوونەوە لە بیستن
نامەوێت چیتر نامەوێت
دەنگی ئەو شەیپورانە ببیستم
كە لەبەردەم بەیانیەكانی خەیاڵدا
باسی قارەمانیەتیم بۆ دەكەن
قارەمانەكانی نیشتیمانی من
هەموویان بوون بە سەراب
بوون بەهەڵم و چوونە ئاسمان
تنۆك تنۆك بوون بەباران
هەندێكیان وەك غەریبەیەك چونە ناخی بیابانەوە
هەندێكیان كەوتنە دەریاوە
هەندێكیشیان هەنارەكانی هەڵەبجەیان تێر ئاو كرد
نامەوێت ئەو دەنگانە ببیستم
كە باسی قارەمانیەتیم بۆ دەكەن
نامەوێت چیتر
چونكە قارەمانەكان هەموویان بوون بە فرمێسك
لە حەوشی ئەو ماڵانەدا هەڵوەرین
كە بەرچایی بەیانیانی تیادا ناكرێت
قارەمانەكان
نایانەوێت بچنە دۆسیەی ئەو وەزارەتانەی
كە لە هەندێكیان نووسراوە
شەهید فڵان
بە دەستی شەهید فڵان شەهید كرا
*****
هۆن هۆن بەباڵاما ئەڕژێی
ئەی سەفەری ساڵی توشی
خەبەرێك نەبوو
لەودیو بیابانەكانەوە دڵمان خۆشكات
ئێمە لەگەڵ دەریادا زەواجمان كرد
بێ‌ ئەوەی چۆِرە مەلەیەك بزانین
لەگەڵ مێرگا كەوتینە عوزرەوە
بێ‌ ئەوەی لە مانای تەڕبوون تێ‌ بگەین
لەگەڵ كانیدا بووینە دەستەخوشك
بێ‌ ئەوەی لە ڕازی جۆگەلەكانی تێ‌ بگەین
لەگەڵ چیادا بووینە برا
بێ‌ ئەوەی خۆكوشتنی خەرەندەكانی ببینین
لەگەڵ بیاباندا بووینە هاوسەفەر
بێ‌ ئەوەی ڕەشەباكانی بناسین
لەگەڵ دارستانەكاندا خۆشەویستیمان كرد
بێ‌ ئەوەی حەرفێكی هەڵوەرینمان خوێندبێتەوە
لەگەڵ بادا لەسەر تەختی خەوتنەكە خەوتین
بێ‌ ئەوەی لە مەندیی ئاسمان تێبگەین
ئەی پەریزادی باخچەكان
لە حەوتەمین تەبەقی ئەرز و
لە حەوتەمین تەبەقی ئاسمان
بەهەر حەوت دەروازەكانی جەهەنەمدا سەفەرم كرد
هێشتا نەگەیشتوومە دەروازەكانی تۆ .