ئەدۆنیس لە هەولێر
 

ئا: عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
 

(ئەدۆنیس) ناوى تەواوى (عەلى ئەحمەد سەعید)ە، لە ساڵى (1948)تەوە ئەو نازناوەى بۆخۆى هەڵبژاردووە. لە سەرەتاى مانگى کانوونى دووەمى ساڵى (1930) لە گوندى (قەسابین)ى سەر بە شارى (جەبلە) لە وڵاتى (سوریا) لە خێزانێکى هەژار لەدایک بووە، تا تەمەنى (12) ساڵى لە هیچ قوتابخانەیەک نەیخوێندووە، بەڵام لەسەر دەستى باوکى کە شاعیرێکى سۆفیست بووە فێرە خوێندەوارى بووە.
ئەدۆنیس لەساڵى (1972) لە زانکۆى (قەدیس یوسف) لە (بەیرووت) دکتۆراى دەوڵەتى بەدەست هێناوەو تێزى دکتۆراکەشى بە ناوى (الپابت و المتحول) بووە. لەنێوان ساڵانى (1980-1981) لە زانکۆى (سۆربۆن)ى فەرەنسى وانەى گوتوتەوە، لەساڵى (1983) بووە بە ئەندامى دەستەى باڵاى کۆلیژى فەلسەفە لە پاریس. ساڵى (1985) لەبەر شەڕى ناوخۆ لوبنانى جێهێشتووەو رووى کردۆتە پاریس. لەساڵى (1990) بە تەواوى دەستى لەکار کێشاوەتەوەو خۆى خەریکى نووسین و کارى ئیبداعى کردووە. ئەدۆنیس پاڵێوراوى خەڵاتى نۆبلى ئەدەبییە.
 

ئەدۆنیس و تازەگەرى
لە شیعردا دنیا پارچە پارچە ناکرێت، بەڵام چۆن دەتوانیت لە شتە بچوکەکان و گەورەکان مەسەلەى گەورەى شیعریى دروست بکەیت؟. چۆن ئەو دوو مەسەلەیە تا ئەو ئاستە بەرز دەکەیتەوە کە وەک یەک بکەونەوە، چۆن ئەو دوو ئاستە بەیەک دەگەیەنیت؟. داهێنان ئەو تەعبیرە گەورەو ئەو فەزا کراوەو قووڵەیە کە بەردەوام ناسنامەى خۆى بە رووى هەموو دنیادا واڵا دەکاتەوە.
من لەبەر ئەوەى هەتا ئێستا پێموایە دەژیم و لە پرۆسیسەکردنى تازەگەریدام، بۆیە دەڵێم ئەوەى کە زۆر گرنگە کۆمەڵەگە و ئەو رۆشنبیریەیە کە ئینتماى دەکەین، بەمجۆرە پەیوەندى کۆمەڵگە بە تازەگەرییەوە پڕ بایەخترە لە پەیوەندى تاک بە تازەگەرییەوە. لەبەر هەندێ بە بڕواى من هەتا ئێستا چەمکى شیعریى بە مانا نوێیەکەى گۆراِنکارى بە سەردا نەهاتووە، بەو مانایەش شیعرى نوێ جگە لە هەندێ سەرکێشى و بەخششى کەم نەبێ، ئەسڵەن وجودى نییە.
کاتێک لە بارەى گوڵێکەوە دەنووسم وەک ئەوە وایە تەواوى باخچەکان بنووسمەوە، لە رێگەى گوڵێکەوە خۆشەویستى خۆم بۆ تەواوى باخچەکان دەخەمە روو. کەواتە ئەرکى شاعیر ئەوەیە لە بەیەکداچوونى شتەکاندا بتوانێت سەرپشک بێت، بتوانێت کەشفى نهێنیى شتەکان بکات.

ئەدۆنیس و تەمومژى
مەسەلەى تەمومژى لە هەموو بوارەکانى ژیاندا وجودى هەیە، هەتا لە دەقى ئایینى پیرۆزیشدا. کەواتە تەمومژ هەر تەنها لە شیعردا ناوەستێ، بەڵکو مەسەلەیەکە لە هەموو بوارە مەعریفى و زانستەکاندا هەروەها لە پەیوەندییە مرۆییەکاندا وجودى هەیە. دەشێ تەمومژ لە شیعردا هەڵگرى تایبەتمەندییەک بێت، من پێموایە گرفتەکە لە تەمومژدا نییە، بەڵکو لە روونیدایە. چونکە روونى مەسەلەکان سەرئاو دەخات، شتە باوو ترادیسیۆنەکان قوڵ دەکاتەوە هەروەها لاسایکردنەوەیەکى پێچەوانەئامێزى بزوتنەوەى فیکرى و بزوتنەوەى ئیبداعى دەچەسپێنێ. ئایا پێویستە مرۆڤ هەموو شتێک دەرک بکات و بزانێت، چۆن مرۆڤ هەموو شتێک دەرک دەکات؟! هەڵبەتە خۆشبەختانە ئەوە ناتوانێت. کەواتە مەسەلەى تەمومژى مەسەلەیەکى ئاساییە، ئیشکالیەت لە روونیدایە، نەک تەمومژى. دەبێ پرسیار ئەوە بێت کە روونى چمان پێشکەش دەکات.
 

ئەدۆنیس و تەسەوف
پێموایە دەبێ هەوڵبدەین تەسەوف لەو شتە باوانە بکەینەوە، ئەو باوەى کە پێیوایە تەسەوف بەشێوە ئایینییەکەى دەروێشایەتییە و دابڕانە لە دنیا. وەک چۆن لە هەندێ تەیویلاتدا پێیانوایە دژ بە ئایین دەوەستێ، بۆیە سۆفیستەکان بە کافر ناو دەبرێن. کەواتە هەنگاوى یەکەم دەبێ تەسەوف لەو یادەوەرییەى بکەینەوە کە دەورى داوە، لەو یادەوەرییە رزگارى بکەین، چونکە من پێموایە ئەو یادەوەرییە کەموکوڕِِِِى و بەدحاڵیبوونى لەخۆدا هەڵگرتووە، ئەو یادەوەرییە دەیەوێت ئەو بزوتنەوە فیکرییە قوڵەى نێو ئیسلام ئابڵوقە بدات! تەسەوف بە مانا حەقیقەیەکەى لە فەلسەفەش قوڵترە. کەواتە تەسەوف بە هەموو ماناکانییەوە شۆڕشێکى مەعریفى بوو. بەڵام چۆن ئەو شۆڕشە مەعریفییە دەرکەوت؟ لێرەدا من وەک هەڵسەنگاندن قسە ناکەم، بەڵکو وەک وەسفکردن قسەى لێدەکەم، دەشێ لەو قسەکردنەش هەندێک لە ئامادەبووان دووچارى سەرسامى بن.
یەکەم: تەسەوف چەمکى خواى لە ئیسلامدا گۆڕى، چەمکى خوا لە ئیسلامى عەقیدەخوازى ئەرسەدۆکسى هێزێکى رووت و دابڕاوە لە مرۆڤ و دنیا.. بەڵام تەسەوف دەڵێ نەخێر خوا بەشێکە لە دنیا بە دوو شێوە: یەکەم مرۆڤانەیە، واتە دەشێ خوا لە مرۆڤدا بەرجەستە بێت. ئەوەش حەللاج تەعبیرى لێکردووە کە دەڵێ "ما فی جبتی غیر الله او انا الحق" هەر لەو رێگەیەش ژیانى خۆى دانا.
دووەم شێوە وجودییەکەیە، ئەوەى کە بە یەکێتى بوون ناوزەد کراوە، ئەوەى لەو بارەشەوە قسەى کردووە (ئیبن عەرەبى)یە. بەمجۆرە گۆڕینى تێگەیشتنمانە بۆ خوا یەکەم رووخسارى شۆڕشى مەعریفى سۆفیستە لە رۆشنبیریى ئیسلامیدا. هەر لەو گۆڕینەشەوە کۆى شتەکان دەگۆڕێن...بەمجۆرە گۆڕینى پەیوەندى مرۆڤ بە خواوە ناکەوێتە نێو شەرعى دیارەوە، بەڵکو دەکەوێتە دووتوێى ئەزموونى رۆحى دیاریکراوە، یان ناوەوە.. سۆفیستەکان لە جێگەى شەریعەت حەقیقەتییان راست کردەوە. ئەوەش بە شۆڕشى دووەم لە ئاستى رێکخستنى ژیان و پراکتیزەکردنەوە دەردەکەوێت. خاڵى سێیەم ئەوەیە کە مەعریفە هەر تەنها لەسەر دەق نەوەستاوە وەک ئیسلامى عەقیدەخواز و ئەرسەدۆکسى فێرى کردووین، بەڵکو دەکەوێتە سەر ئەزموون.. مەعریفە ئەزموونە، نەک دەق. دەشێ بزانین ئەو گوتەیە رێگەى مەعریفەى ئێمەى تا چ رادەیەک بەرەو دەقى ئایینى گۆڕى، بەو مانایەش مەعریفە سەرچاوەى لە رابردوودا نییە، جا ئەو رابردووە هەرچى بێت، دەق بێت یان ئەوەى لە دەرەوەى دەقەوە پراکتیزە دەکرێت. مەعریفە تەنها کەشفکردنى بەردەوام نەبێت، هیچ سەرچاوەیەک بە سەرچاوەى خۆى ناژمێرێت. کەواتە مەعریفە دەکەوێتە پێشمان و ئاسۆیەکى بێ کۆتاییە، داهێنانى بەردەوامە، نەک تەلقین. خاڵى چوارم ئەوەیە کە حەقیقەت بۆماوە نییە، لە پێشینان بۆمان نەماوەتەوە، بەڵکو لەسەر ئەزموون و کەشفکردنى بەردەوام وەستاوە. حەقیقەت لەدواوە نایەت بەڵکو لە پێشمانەوەیە. خاڵى پێنجەم کە گرنگى زۆرى لاى من هەیە ئەویش مەسەلەى ناسنامەیە.. ئێمە بە رۆشنبیرییەک پەروەردەکراوین، کە پێمان دەڵێت: ناسنامە بە وراسە بۆمان ماوەتەوە، وەک چۆن موڵک لە باوانەوە بە وراسە بۆ نەوەکان دەمێنێتەوە. پێمان دەڵێت ناسنامە: لە رابردووەوە بەرەو ئێستا دەگوازرێتەوە.
بەڵام هەڵبەتە تەسەوف ئەوە نییە کە موسڵمان بیت، بەڵکە ئەوەیە کە چۆن موسڵمانێکى، بەو مانایەش ناسنامەى من ئەوە نییە کە موسڵمانم، بەڵکو لە چۆنێتى موسڵمانبوونى مندایە. بەمجۆرە ناسنانەمەش بە وراسە بەجێنامێنێ، بەڵکو بەردەوام دادەهێنرێت. ناسنامە داهێنانێکى بەردەوامە و مرۆڤ دایدەهێنێ، وەک چۆن فیکر دادەهێنێ.
ئەمڕۆ ئەو مەسەلەیە زۆر بەرەو پێش چووە تا دەگاتە ئەوەى من لە خودى مندا نییە، منى من لە نەفسى مندا نییە، بەڵکو لە ئەویدیکەدایە، ئەویدیکە منە... بۆ ئەوەى بە خودى خۆم بگەم پێویستە بە ئەویدیکەدا بڕۆم. کەواتە ئەویدیکە هەر تەنها رەگەزێک نییە بۆ گفتوگۆکردن، بەڵکو بووە رەگەزێک بۆ پێکهێنانى خودى من، خود تەنها لەرێگەى ئەویدیکەوە نەبێت هیچ بوونێکى نییە.
 

ئەدۆنیس و عەبدوڵڵا غەزامى
عەبدوڵڵا غەزامى پێیوایە لە دەقى من و قەبانى گەڕانەوەیەک بۆ نێرایەتى هەیە. ئەو نێرایەتییەش دوورکەوتنەوەیە لە مەسەلەکانى کۆمەڵگە... هەر لەسەر ئەو بنەمایەش بە کۆنەپەرست تاوانبارمان دەکات.
بەڵام بە داخەوە من دەڵێم مامۆستا غەزامى نازانێ نێرێتى لە تەقلیدى عەرەبیدا چ مانایەک دەگەیەنێت. نێرێتى لە تەقلیدى عەرەبى کۆندا ماناى منایەتى و تاکێتى و خودێتى... ناگەیەنێت. وەک چۆن تێیگەیشتووە، بەڵکو ماناى نووسینى شیعرە بەپێى بنچینە و رێساى دیاریکراو کە (مەرزوقى) راڤەى کردووەو بە ستوونى شیعرى ناوى بردووە. نێرێتى لە تەقلیدى عەرەبیدا ئەوەیە کە بەپێى ستوونى بنەڕەتى شیعر بنووسى کە لاى عەرەب ناسراوە، نەک تاکێتى و ئەنانییەت... هتد. خاڵى دووەم غەزامى بەدواى رەهادا دەگەڕێت و دیاردەکە لە دەرەوەى چوارچێوەى مێژووییەوە سەیر دەکات. بەڵام وەک دیارە ئێمە لە قۆناغ و رۆشنبیرییەک پەروەردە بووین کە پێیوایە حەقیقەت جەماعییە نەک فەردى، بەو مانایەش تاک وجودى نییە تەنها وەک لقێک نەبێ لەو دارەى کە پێى دەگوترێت گەل. بەمجۆرە بیروڕا و حەقیقەت بەپێى ئەو رۆشنبیرییە ئەوەیە کە گەل یان کۆمەڵ دەیخاتە روو. من لەو بڕوایەدام کە ئێمە لە قۆناغێکى مێژووییداین کە هەڵە تاک نایکات، بەڵکو گەل یان کۆمەڵ دەیکات. لەگەڵ ئەوەشدا لەو قۆناغەدا دەشێ تاک و خودێتى و ئازادى تاک بەرجەستە بێت، هەر لەوێشەوە دەشێ ئەو بونیادە داخراوە بڕوخێنین کە لەسەر کۆ یان گەل و کۆمەڵگە درووست بووە. بە بڕواى من رووخاندنى ئەو بونیادە کارێکى دواکەوتووانە نییە وەک غەزامى لێیحاڵیبووە. هەڵبەتە رووخاندنى ئەو بونیادە کارێکى پێویست و بنەڕەتییە، نەک هەر بۆ گۆڕینى کۆمەڵگە بەڵکو بۆ نوێکردنەوەى فیکر و ژیان.. لێرەدا هەرچەندە لەگەڵ بونیادى کۆ، بونیادى کۆمەڵگە و ئەو بونیادەى کە خودێتى تاک دەهاڕێ دژ بکەوێنەوە، ئەوەندە لە گۆڕان و نوێکردنەوە نزیک دەبینەوە... بەڵام نازانم ئەو نزیک بوونەوەیە بۆ لاى غەزامى بە کۆنەپەرست ناودەنرێت؟!
 

ئەدۆنیس و کەلەپوور
من پێموایە کەلەپوورى عەرەبى بەشێکى بچووکى کەلەپوورى ئەو ناوچەیە پێکدەهێنێ، کە هەر لە سۆمەڕییەکان تا فینیٍقیەکان دەگرێتەوە. کەلەپوورى ئەو ناوچەیەش لێکجیا نابێتەوە، ئەگەرچى ئەمڕۆ بە زمانى عەرەبى تەعبیر لەو کەلەپوورە مەزنە دەکرێت (بەڵام ماناى ئەوە نییە کە بەر لە زمانى عەرەبى فەرامۆش بکەین) هەڵبەتە کەلەپوورى گەورەى ئەو ناوچەیە لە ژیارى گەردوونیدا پڕشنگى خۆى هەبووە.
بەداخەوە کە لە قۆناغەکانى دواییدا ئەو کەلەپوورە مەزنەمان فەرامۆش کرد، دواتریش ئاوڕدانەوەمان کەوتە ژێر پاڵەپەستۆى مێژوونووسانى خۆرئاوا... مێژوونووسانى خۆرئاوا دواى دراسەکردنى ئەو کەلەپوورە مەزنە بایەخەکەیان راگەیاند، بە تایبەتى دراسەکردنى هونەر لاى سۆمەڕییەکان و بابلییەکان.. بەڵام ئێستا ئەو هونەرە بۆتە بۆماوەى مرۆڤایەتى نەک گەلێکى دیاریکراو. بەمجۆرە کەلەپوورى عەرەبى دەبێتە بەشێک لەو کەلەپوورە مەزنە.
 

ئەدۆنیس و دواى تازەگەرى
مەرج نییە هەموو ئەوەى لە رۆشنبیریى خۆرئاوا راست بێت، لە رۆشنبیریى عەرەبیش راست بکەوێتەوە. فیکرەى دواى تازەگەرى لە رۆشنبیریى عەرەبى راست نایەتەوە، چونکە رۆشنبیریى عەرەبى لە بنەڕەتدا پێش تازەگەرییە، پێش تازەگەریش دواى تازەگەرییە. بەڵام دواى تازەگەرى لە خۆرئاوا زاراوەیەکە بۆ دەرچوون لە مۆرکى تەکنیکى بەکار دێت، کە خودێتى تاکى هاڕى، وەک چۆن پەیوەندى مرۆڤى بە خەون و ئەفسانەو دنیاى ناوەوە و سرووشتى زیندوو پچڕان...
گەڕانەوە بۆ دواى تازەگەرى و داواکردنى دواى تازەگەرى لە رۆشنبیریى خۆرئاواییدا بۆ ئەوەیە کە ئاسۆیەکییان بۆ واڵا بێت ئاسۆیەک زیاد لە پێویست ئازاد... بەڵام ئێمە لەپێش تازەگەرییداین و نەچووینەتە ناوییەوە، بۆیە پێویستە شۆڕشى تازەگەرى لە خودى کۆمەڵگەدا تەواو بکەین... بەو مانایەش هەتا ئێستا تازەگەرى لە کۆمەڵگەى عەرەبیدا تەگەرەى زۆرى لەپێشدایە، بەڕاى من بەشێوەیەکى گشتى تەگەرەى بنەڕەتى لەو بوراەدا ئایینیە.. هەتا نەتوانٍین دەوڵەتێکى مەدەنى وکۆمەڵگەیەکى مەدەنى درووست بکەین، کە ئایین لە دەوڵەت جیا بێت... ناتوانین بە کۆمەڵگەیەکى مۆدێرن بگەین. کەواتەئەگەرچى کۆمەڵێک تازەگەرى لاى تاکەکان لە شێوە تیۆرییەکەدا دەبینرێت، بەڵام تازەگەرییەکى گشتگیر و تەواو لە کۆمەڵگەیەکدا کە مەدەنى نییە، نەشیاو دەکەوێتەوە.
 

ئەدۆنیس و ئافرەت
من بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ ئەوەدا نیم ئەدەبێک هەبێ بە ناوى ئەدەبى ژنان و ئەدەبێک هەبێ بە ناوى ئەدەبى پیاوان، بەڵکو بەردەوام بڕوام بە خروقات هەیە. وەک چۆن خروقات لە نووسینى پیاواندا هەیە، بە هەمان شێوە لە ئەدەبى ئافرەتانیشدا دەبینرێتٍ. ئەدەب یەک شتە، بێ ئەوەى دیارى بکرێت. ئافرەتیش بوونەوەرێکە وەک پیاو، وەک پیاو بە قووڵى بیر دەکاتەوە.. ئەگەر جیاوازییەکیش هەبێت، بەو مانایە نییە کە تواناى لە پیاو کەمترە، بەڵکو تواٍناى لە پیاو زێترە و بەشێوەیەکى بەرفرەوان هەست بە شتەکان دەکات، دەتوانێت باشتر لە پیاو لە شتەکان بگات. من لەو بارەوە مەیلم بەرەو ئافرەت دەچێ. بۆ نموونە کاتێک رۆمانەکانى (فیرجینا ولف) دەخوێنمەوە، هەست بە مێیایەتى ئەو ناکەم، بەڵکو هەست بە لایەنێک لە شیعرییەتى نووسینەکانى دەکەم کە لاى پیاوان کەمتر دەیبینم، ئەوەش بەو مانایە نایەت کە نووسەرێکى مێیە، بەڵکو بەو مانایە دێت کە نووسەرێکى گەورەیە.
 

کوردستان-هەولێر/میوانخانەى چوار چرا
21/4/2009