عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵلاَ: به‌گشتى نووسین نیگه‌رانى و ترسى مرۆڤه، له بۆشاییه مه‌عریفییه‌كان |
|
سازدانى: بۆتان جه‌لال
پ/ راسته شیعر پێناسه‌یه‌كى دیاریكراوى نییه، ئه‌ى لاى تۆ چ جۆره پێناسه‌یه‌كى
بۆ ده‌كرێ؟
و/ پێناسه‌ى گشتى بۆ شیعر ئه‌وه‌یه، كه شیعر ژیانه. بێگومان تێگه‌یشتنى شیعر
وه‌ك ژیان له‌وێوه دێت كه شیعر حه‌زه‌كانى ژیان و جموجولى ژیانى هه‌ڵگرتووه،
له‌وێوه كه شیعر زیندووه له‌گه‌ڵ ژیان ده‌جولێ و ده‌گۆڕێ و هه‌ناسه ده‌دا و
گه‌شه ده‌كات، وه‌ك چۆن به دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش شیعر گوزارشت له شاراوه‌كانى ژیان و
رێكه‌وتى ژیان ده‌كات و ده‌مانخاته نێو پرس و تانوپۆكانى ژیانه‌وه. به‌و
مانایه‌ش ئه‌گه‌ر ژیان له دوالیزمییه‌تى دیار و نادیار، جه‌سته و ده‌روون،
ده‌ره‌كى و ناوه‌كى... خۆى بنوێنێ، ئه‌وه شیعریش هه‌ر ته‌نها ئه‌وه نییه كه
ده‌جولێ و ده‌گۆڕێ و هه‌ناسه ده‌دا و گه‌شه ده‌كات، به‌ڵكو كۆى وسبه‌لێكراو و
ئاماژه و ره‌مزه‌كان و نهێنییه‌كانى ژیان و بۆشاییه‌كانى ژیانى
له‌خۆداهه‌ڵگرتووه، كۆى ئه‌وانه‌ش به شێوازى جیاواز له‌رێگه‌ى پرۆسه‌ى نووسین
به مانا ئیبداعییه‌كه‌ى به‌رجه‌سته ده‌بێت. به‌لام ئه‌گه‌ر رووى یه‌كه‌میان
له‌رێگه‌ى بابه‌ته تایبه‌ت و دیاره‌كه‌یه‌وه به شێوه‌یه‌كى گشتى گوزارشت له
به‌مانابوونى ژیان بكات و له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه حه‌قیقه‌تى ژیان و ژانوژواره‌كانى
بنوێنێ و تێگه‌یشتنمان بۆ ژیان ئاسان بكاته‌وه، ئه‌وه رووى دووه‌مى له‌رێگه‌ى
ده‌روون و ژیانى ناوه‌كى یان خودى شاعیره‌وه ناراسته‌وخۆ به تلقاییه‌ت و
رێكه‌وتى ژیانه‌وه ده‌لكێت، هه‌ر له‌وێشه‌وه نه‌خش و به مانابوونى خود و
ده‌روون ده‌كێشێت و وه‌ك چۆن له هه‌مان كاتیش‌دا وه‌ك ئیحا و ده‌لاله‌ت
ده‌كه‌وێته ده‌ره‌وه‌ى ژیانى ناوه‌كى و ئه‌زموونى خودییه‌وه.
لێره‌دا ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌ر رووى یه‌كه‌مى به مانابوونى ژیان گوزارشت له
حه‌قیقه‌تێكى دیاریكراو بكات، ئه‌وه رووى دووه‌مى به مانابوونى ژیان به‌و دیوو
حه‌قیقه‌تى ناوبراوه‌وه یان به خه‌یاڵه‌وه به‌نده، نه‌ك به‌و مانایه‌ى كه
حه‌قیقه‌تى ناوبراو ره‌ت بكه‌ینه‌وه، به‌ڵكو به‌و مانایه‌ى كه له‌رێگه‌ى
وسبه‌لێكراوو نه‌بینراوه‌كانى ژیانه‌وه ده‌شێ كه‌شفى چه‌ندان ره‌هه‌ند و رووى
دیكه و حه‌قیقه‌ت و چه‌ندان ئیحا و ده‌لاله‌ت و نهێنى دیكه‌ى ژیان بكه‌ین. بۆیه
شاعیر ئه‌و خه‌یاڵپه‌روه‌ره‌یه كه ده‌خرێته ده‌ره‌وه‌ى كۆماره‌كه‌ى
ئه‌فلاتوونه‌وه.
لێره‌دا پرۆسه‌ى داهێنانى كه هه‌میشه ته‌جاوزى باو و زمانى باو ده‌كات
كرده‌یه‌كه خه‌یاڵ و میتازمان رابه‌رایه‌تى ده‌كات، واته به‌شێكى زۆرى نه‌ست
ده‌ینووسێته‌وه، نیگه‌رانى سنووره‌كانى ره‌نگ ده‌كات. كرده‌ى ئیبداعى ته‌عبیر
له‌و بۆشایى و وێڵگانه ده‌كات كه خه‌یاڵ رۆناكیان ده‌كاته‌وه، نه‌ست هێله
سه‌ره‌كییه‌كانیان ده‌نووسێت و نیگه‌رانى ره‌نگیان ده‌كات، به‌و مانایه‌ش ده‌شێ
بڵێین به‌گشتى نووسین نیگه‌رانى و ترسى مرۆڤه له بۆشاییه مه‌عریفییه‌كان. بۆ
ره‌واندنه‌وه‌ى ئه‌و ناته‌واوى و نیگه‌رانى و ترسه‌ش مرۆڤ له هه‌وڵى پڕكردنه‌وه‌ى
بۆشاییه‌كان دایه. به مانایه‌كى دیكه بۆشایى گه‌ردوونى واى له مرۆڤ كردووه
(به هه‌ر رێگه‌یه‌ك بێت) به پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كان رابێته‌وه، هه‌تا
ئه‌گه‌ر رێگه‌كه میتافیزیكانه‌و وه‌همیش بێت و ده‌ركه‌وته‌كانى له‌دواڕۆژێكى
دوور، یان له‌دواڕۆژێكى نادیار دابێت. لێره‌دا ده‌شێ بڵێین نووسین ئه‌و وه‌هم
و نیگه‌رانیه‌یه یان ئه‌و میتازمان و خه‌یاڵه به‌رجه‌سته‌یه كه بۆشاییه‌كانى
پێ پڕ ده‌كه‌ینه‌وه. وه‌ك چۆن ده‌شێ بڵێین پرسى ناونان ته‌عبیر له پڕ
كردنه‌وه‌ى ئه‌و بۆشاییه ده‌كات، كه پێى ده‌ڵێن (نووسین/مرۆڤ). كه‌واته
به‌رده‌وام مرۆڤ بوونێكى نیگه‌ران و ناته‌واوه... به‌دیوه‌كه‌ى دیكه به‌رده‌وامى
مرۆڤ له فه‌زاى داهێنانه‌وه‌یه، ئه‌وه فه‌زاى داهێنانه مرۆڤ ده‌خاته سه‌ر
حاڵه‌تێكى دیكه‌ى ناونان و پرس و گۆڕان... به‌و مانایه‌ش داهێنان هه‌ر ته‌نها
ته‌عبیر له ته‌واوبوونى ناته‌واوییه‌كانى مرۆیى ناكات، به‌ڵكو ته‌عبیر
له‌به‌رده‌وامى ناونان و جوله‌و كرده و چالاكییه‌كانى ده‌كات. مرۆڤ هه‌میشه له
ناته‌واویدایه‌و هه‌رله‌وێشه‌وه حه‌زى ژیان ده‌یجولێنێ... ئه‌و قسه‌یه‌ش پشت
به‌و بنه‌مایه ده‌به‌ستێت كه بوونى ته‌واو نیگه‌رانى و قه‌له‌قى ناناسێت.
واته مرۆڤ به‌رده‌وام هه‌وڵده‌دا له‌رێگه‌ى پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌كانى
له‌رێگه‌ى ئاوڕدانه‌وه له نیگه‌رانییه‌كانى، له‌رێگه‌ى به‌رده‌وامى ناونان و
داهێنانه‌وه بوونى ناته‌واوى خۆى، ئه‌و بوونه‌ى كه لاى (هایدگه‌ر) پڕ
نه‌بۆته‌وه.... له گۆڕانێكى به‌رده‌وامدا هه‌وڵى پڕكردنه‌وه‌ى بدات.. مرۆڤ
به‌رده‌وام بۆ پڕكردنه‌وه‌ى ناته‌واوییه‌كانى بوون، پێویستى به داهێنان هه‌یه.
هه‌ر له‌رێگه‌ى داهێنانیشه‌وه هایدگه‌ر بوونى مرۆ به بوونى ره‌سه‌ن گرێ
ده‌داته‌وه.
دواجار ده‌مه‌وێت زێتر له‌و باره‌وه قسه بكه‌م و بڵێم (نووسین) یان (ناونان)
هه‌ر ته‌نها پڕكردنه‌وه‌ى بۆشاییه‌ك نییه، كه پێى ده‌ڵێن مرۆڤ، به‌ڵكو
به‌رده‌وام كه‌وتنه نێو بۆشاییه‌كى دیكه‌یه، ئه‌ویش بۆشایى ناوه‌وه‌مانه، یان
بۆشاییه‌ك كه ده‌كه‌وێته نێو بۆشاییه‌وه، پرسیارگه‌لێك كه له‌میانى
پرسیاره‌وه له‌دایك ده‌بێت، ماناگه‌لێك كه له‌رێگه‌ى بێ ماناییه‌وه دێته
دنیاوه... لێره‌دا ئێمه مامه‌له له‌گه‌ڵ بۆشاییه‌كاندا ناكه‌ین، به‌ڵكو
له‌گه‌ڵ پرس و نیگه‌رانییه‌كانى ناوه‌وه‌ى خۆمان ده‌ژین، ئێمه مامه‌ڵه
له‌گه‌ڵ بۆشاییه‌كاندا ناكه‌ین، به‌ڵكو لاپه‌ڕه‌ى نیگه‌رانییه‌كانمان و
ناته‌واییه‌كانمان و ئیحا و مانا و بێ ماناییه‌كانمان هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه.
كه‌واته ناونان و كۆى ئه‌و ئه‌فسانانه‌ى به ناونانه‌وه به‌نده، به
نوسینیشه‌وه بۆ ئه‌وه‌یه مرۆڤ له بۆشاییه‌كانى ناوه‌وه‌ى خۆى نه‌ترسێت و بۆ
ئه‌وه‌ش به‌رده‌وام ده‌بێ مرۆڤ له گۆڕان دابێت و بۆشاییه‌كان و نیگه‌رانییه‌كانى
به ئیحا و ماناى جیاواز پڕ بكاته‌وه. لێره‌دا شیعر هه‌ر ته‌نها سه‌ر
به‌شوكرانه‌كردنى زمان نییه، وه‌ك چۆن سه‌ر به‌خود و بابه‌ت نییه.... ئه‌گه‌ر
خوێنه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ وتارى (زمان/بوون/شیعر) كه له گۆڤارى (كاروان) ژ (239
)ساڵى 2009 بلاَوبۆته‌وه زێتر له‌و مه‌سه‌له‌یه ده‌گات...
شیعر هه‌ر ته‌نها سه‌ر به شوكرانه كردنى زمانه نییه وه‌ك (رۆلان بارت)
ده‌ڵێت، چونكه زمان هه‌میشه له هه‌وڵى ئه‌وه‌دایه كه زۆرترین به‌كارهێنه‌ر
بۆخۆى فه‌راهه‌م بكات. هه‌ر له‌وێشه‌وه ئه‌و دیده ئه‌خلاقییه‌ى كه سه‌ر به
زمانه، ده‌كه‌وێته نێو دوو ئیشكالییه‌تى سه‌ره‌كییه‌وه، ئیشكالیه‌تى یه‌كه‌م
راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به شه‌ڕى فۆرم و ناوه‌ڕۆكه‌وه‌یه، ئیشكالییه‌تى دووه‌م له
زمان و رووتكردنه‌وه‌ى زمانه‌وه خۆى هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئیشكالییه‌تى
یه‌كه‌م له ده‌مه‌ته‌قێیه‌كى عادیلانه‌ى فۆرم و ناوه‌ڕۆك به كۆتا بگات و له
شێوازدا كورت بكرێته‌وه، به‌و مانایه‌ى كه هه‌موو مرۆڤێك شێوازى تایبه‌ت
به‌خۆى به‌رهه‌م ده‌هێنێت، ئه‌وه بۆ ئیشكالییه‌تى دووه‌م ده‌شێ په‌نا بۆ
رسته‌یه‌كى (مالارمێ) به‌رین، كه ده‌ڵێت: زمان قسان ده‌كات نه‌ك نووسه‌ر، نووسین
گه‌یشتنه به‌و پنته‌ى كه زمان دێته‌گۆ نه‌ك من. له‌و رسته‌یه‌ى (مالارمێ)وه
ته‌واو له ئیشكالییه‌تى یه‌كه‌م جیا ده‌بینه‌وه، دواجار قسه‌كردن له
ئیشكالییه‌تى دووه‌م به‌ره‌و قسه‌كردن له تێگه‌یشتنى (زمان و من)، (زمان و
ئه‌زموون)مان ده‌كاته‌وه. ده‌مه‌وێت بڵێم قسه له‌وه نییه، كه شیعر چه‌ند
پێناسه هه‌ڵده‌گرێت یان نا، به‌ڵكو ده‌بێ قسه له شیعر بكه‌ین به‌و مانایه‌ى
كه جموجوله‌كانى ژیان و ته‌جاوزكردنى باو و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانى شێواز و
شیعرییه‌تى له‌خۆ گرتووه، بێگومان گرنگ ئه‌وه نییه شیعر پێناسه ده‌كرێت یان
ناكرێت، به‌ڵكو گرنگ داهێنانه، ئه‌وه‌ى هه‌میشه بیر له پێناسه
كۆنكریته‌كانى شیعر ده‌كاته‌وه، له داهێنانیش ده‌ترسێت. هه‌میشه ئه‌وانه‌ى له
داهێنان ده‌ترسێن له ته‌جاوزكردنى باو به هه‌موو ماناكانییه‌وه سڵ
ده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وانه‌ن كه هه‌رگیز قبوڵى جیاوازى و گۆڕان ناكه‌ن. هه‌رگیز
قبوڵى پێناسه‌ى جیاواز و بۆچوونى جیاوازى سه‌رده‌م ناكه‌ن.
دواجار ده‌توانم بڵێم شیعر په‌یوه‌ندى به شته‌كانه‌وه نییه، چ په‌راوێزى بن
یان سێنته‌ر، بێ مانا بن یان مانادار. شیعر له خودى شته‌كاندا كورت
ناكرێته‌وه، به‌ڵكو له فه‌زاى په‌یوه‌ندى لادانه‌كان و چێژ‌و پرسیاره
نوێیه‌كانه‌وه به‌رجه‌سته ده‌بێت، به‌و مانایه‌ش هیچ شتێ شیعرى نییه، هیچ
شتێ خاوه‌نى شیعرییه‌ت نییه، ئه‌وه‌ى شیعرییه ئه‌و فه‌زایه‌یه كه ساته‌وه‌ختى
نووسینى شیعر درووستى ده‌كات. شیعرییه‌ت بوونێكى راسته‌قینه‌ى نییه، به‌ڵكو
به‌رده‌وام له‌رێگه‌ى ته‌ماشاكردن و خوێندنه‌وه‌ى جیاوازه‌وه خه‌ڵق ده‌كرێت،
هه‌ر ئه‌وه‌شه وا ده‌كات پێناسه‌كردنى شیعر مه‌حاڵ بكه‌وێته‌وه. له‌سه‌ر ئه‌و
بنه‌مایه شیعرى ئیبداعى ته‌واوى ده‌سه‌لاَته‌كان له عه‌ده‌مێكه‌وه به‌ره‌و
عه‌ده‌مێكى دیكه ده‌كاته‌وه، ده‌قى ئیبداعى ئه‌و چێژه‌یه كه له نێوان
دڵنیایى و گومان یارى له‌گه‌ڵ لادانه‌كانى زماندا ده‌كات.
پ/ شیعر ئیحایه یان پێشه‌سازى، یان هه‌ردووكیان؟
و/ قسه‌كردن له شیعر وه‌ك داهێنانێكى ئه‌ده‌بى و حه‌قیقى، وه‌ك پرۆژه‌یه‌كى
رۆشنبیریى و مه‌عریفى قسه‌كردنه له‌كۆى ئه‌و ره‌هه‌نده فیكرى و دۆزینه‌وانه‌ى كه
ده‌كه‌ونه نێو ژیانه‌وه، شیعر له ئیحا به‌ده‌ر نییه، به‌لاَم به‌و مانایه‌ش
نییه كه به‌رهه‌مى ئه‌ده‌بى به‌گشتى جۆرێكیش نه‌بێت له پیشه‌سازى...
وه‌ك ده‌زانین پرۆسه‌ى نووسینى شیعر له وشه دێته‌وه... وشه ئه‌گه‌رچى چه‌ندان
ده‌لاله‌تى جیاواز و فره ره‌نگى له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، به‌لاَم له نووسینى
ئه‌ده‌بى و شیعرى كار له‌سه‌ر دوو ده‌لاله‌تى وشه ده‌كرێت ئه‌ویش ده‌لاله‌تى خودى
و ده‌لاله‌تى ئیحائیه. ئه‌گه‌ر ئاستى ده‌لاله‌تى خودى له ئه‌زموونى تایبه‌ت و
باگكراوه‌ندى رۆشنبیریى و مه‌عریفى تایبه‌ت به زمان و كه‌له‌پورى دیاریكراوه‌وه
هه‌ڵگرینه‌وه و له پرۆسه‌ى نووسیندا كۆى ئه‌و سه‌رچاوه دیار نادیارانه، كۆى
هه‌ست و نه‌ست و جیاوازییه‌كان له گوزارشتكردن ده‌ربكه‌ون، ئه‌وه ئاستى
ده‌لاله‌تى ئیحایى به شێوه‌یه‌كى به‌رفره‌وان ده‌لاله‌ته ده‌ره‌كیه‌كانى ئیبداع
داده‌مه‌زرینێت......
شیعرى ئیبداعى له‌وێوه به ئیحاوه به‌نده كه بڕواى به جێگیربوون نییه،
له‌وێوه كه مانا‌و ده‌لاله‌ته‌كانى فره ره‌هه‌ند و فره ره‌نگن، له‌وێوه كه
بڕواى به مانا و ده‌لاله‌تى دیاریكراو نییه، له‌وێوه كه ئازادى و جیاوازى وه‌ك
پرنسیبێكى سه‌ره‌كى ده‌بینێ.... شیعرى داهێنه‌رانه هه‌میشه مانا به كراوه‌یى
ده‌هێلێته‌وه... فه‌زاى داهێنانى شیعر فه‌زایه‌كى ئازاده... ده‌شێ هه‌ر
خوێنه‌رێك به جۆرێك قسه‌ى لێبكات، نه خاوه‌ن مانایه‌كى دیاریكراوه‌و نه
هه‌ڵگرى مه‌دلولێكى جێگیره... فه‌زاى داهێنانى شیعر فره لایه‌ن و
به‌ربلاَوه، هه‌ر له‌وێشه‌وه ئه‌ساڵه‌تى ئه‌ده‌بى بوونى به جوانى و چێژه‌وه
به‌ند ده‌بێت، ئه‌گینا هیچ بوونێكى نییه... هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ش ده‌شێ
بڵێین ده‌قى شیعرى داهێنه‌رانه ئه‌و ده‌قه ئیحا به‌خشه‌یه كه پرۆسیسه‌ى
ئازادییه‌كان ده‌كات، كه فه‌زاى ئازاد و پانتاییه‌كى به‌رفره‌وان بۆ جیاوازى
ده‌خاته‌وه.. داهێنان به هه‌موو مانایه‌كه‌وه له‌سه‌رووى ئینتماكردنه‌وه‌یه.
هه‌موو به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانیش وه‌ك (بارت) ده‌ڵێ بریتین له
ده‌قئاوێزانى........
ده‌مه‌وێت بڵێم له كۆى ئه‌و قسه‌كردنه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ى كه گوتارى ئه‌ده‌بى
ئه‌و گوتاره‌یه كه شوێنى ده‌لاله‌ته ئیحاییه‌كانى له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، هه‌ر
له‌به‌ر هه‌ندێ به‌شێكى زۆر له مانا له پێكهاته‌ى دیارده‌ى ئه‌ده‌بیدا به
شێوه روونه‌كه‌ى نادیار ده‌كه‌وێته‌وه‌و پێویستى به كه‌شفكردن و خوێندنه‌وه‌ى
جیاواز هه‌یه، خوێندنه‌وه‌ى جیاوازیش له خوێنه‌رى جیاوازه‌وه دێته
ئاراوه........
كاتێك ده‌ڵێم به‌رهه‌مى شیعرى جۆرێكیشه له پیشه‌سازى و بازرگانى به‌و مانایه
دێت كه وه‌ك كالاَیه‌كى ئیستێتیكى و مه‌عریفى ده‌شێ بكه‌وێته نێو بازارى
مه‌عریفه و بازاڕى ئاگاییه‌وه... به‌و مانایه نایه‌ت كه پرۆسه‌ى نووسینى شیعرى
شێوه‌یه‌كى پیشه‌سازییانه بێت. به‌ڵكو به‌و مانایه دێت كه به‌رهه‌مى
ئه‌ده‌بى ده‌شێ جگه له ئه‌رزشه مه‌عنه‌وى و ناوه‌كییه‌كه‌ى ئه‌رزشێكى
پیشه‌سازیشى هه‌بێت.... بێگومان ئه‌و ئه‌رزشه‌ش راسته‌وخۆ به كه‌لتور و ئاگایى و
ئاستى به‌رزى ئیستێتیكى ده‌سه‌لاَت و كۆمه‌ڵگه‌وه ده‌لكێ، راسته‌وخۆ به
بیركردنه‌وه‌و عه‌قڵیه‌تى سه‌رده‌مه به‌نده، به ئازادى بیركردنه‌وه‌و
فه‌ردانییه‌ت و جیاوازییه‌وه په‌یوه‌سته.
به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش به‌بڕواى من هه‌ر كاتێك له‌پشت پرۆسه‌ى نووسینى شیعرى غه‌مى
به پیشه‌كردن و پیشه‌سازى و بازرگانى وه‌ستا... بارودۆخێكى مێژوویى و
بارودۆخێكى گه‌لاَڵه‌كراو و به دامه‌زراوكراوى رۆشنبیریى هات و ئه‌دیب و
ئه‌ده‌بى له بازاڕى (رۆشنبیریى) وه‌ك پیشه‌كارێك كڕى... ئیتر له‌وێوه ئه‌دیبان
و ئه‌و دامه‌زراوه به‌ناو رۆشنبیرییانه به‌ره‌و شێوه‌یه‌ك له نووسین ده‌گۆڕێن،
كه به (نووسینى داواكراو) ناو ده‌نرێن، ئه‌و نووسینه داواكراوانه راسته‌وخۆ
ده‌شێ به نووسه‌رى پیشه‌كارو بازرگانه‌وه به‌ند بێت، لێره‌وه ده‌مه‌وێت
بڵێم زۆربه‌ى هه‌ره زۆرى نووسه‌ره پیشه‌كاره‌كان هیچ غه‌مێكى مه‌عریفى و
ئاگاییه‌كى رۆشنبیریى به‌رزییان له‌پشت نییه، ئه‌وه‌ش راسته‌وخۆ به رۆتیناتى
پیشه‌وه ده‌لكێ... هیچ كاتێك بیر له كه‌لتور و ویژدانى ئه‌ده‌بى ناكه‌نه‌وه...
هه‌ر كاتێك ئه‌ده‌ب، چێژ و جوانى خۆى له‌رێگه‌ى كڕین و فرۆشتن له‌ده‌ست دا، هه‌ر
كاتێك ئه‌و فه‌زا ئازاد و جیاوازییه‌ى خۆى داخست، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان
وه‌ك ئه‌ده‌بى سه‌رشۆسته‌و بازاڕ بكڕێت و بفرۆشێت... كاتێك ئه‌ده‌ب و شیعر
ته‌واوى ره‌نگه‌كانى له‌پێناو ره‌نگێكى بازاڕییانه‌دا سه‌ربڕى، كاتێك شاعیر
ته‌واوى ره‌گه‌زه ئیحایى و شیعرییه‌ت و مانا نادیاره‌كانى، ته‌واوى گومان و
نیگه‌رانییه‌كانى وه‌ك بازرگانێك به پاره‌یه‌كى دیاریكراو خورد كرده‌وه. ئیتر
حه‌قیقه‌تى ئه‌ده‌بى و هه‌مى ئیبداعى و ویژدانى ئه‌ده‌بى با ده‌یبا...
به‌رهه‌مى شیعرى داهێنه‌رانه له‌به‌ر ئه‌وه‌ى له كۆمه‌ڵێك ره‌گه‌زى هونه‌رى و
بنه‌ماى نادیار و دیار پێكهاتووه، بۆیه هه‌میشه وه‌ك كالاَ له بازاڕ
(به‌تایبه‌تى بازاڕى كۆمه‌ڵگه‌ى ناهوشیار) كورتى دێنێ، له‌به‌رئه‌وه‌ى
كالاَیه‌كه زمانى بازاڕى نییه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئامرازێك نییه هه‌مووان وه‌ك
پێداویستییه‌كى رۆژانه به‌كارى بهێنن، بۆیه وه‌ك شتێكى بازاڕى و
پیشه‌سازاییانه ته‌نیا چاوى هه‌ندێ له كڕیارانى له‌سه‌ره‌و هیچى دى... چونكه
وه‌ك كالاَیه‌ك بۆ هه‌مووان نییه، وه‌ك كالاَیه‌ك هه‌مووان ناگه‌یه‌نێته چێژ و
سه‌ما... ئه‌وه‌ى ده‌یه‌وێت شیعر و ته‌ماته وه‌ك یه‌ك له بازاڕ خورد كاته‌وه،
هیچ رۆژێك بیرى له رووه نادیاره‌كانى شیعر نه‌كردۆته‌وه، فڕینى رۆح و فڕینى
فرۆكه وه‌ك یه‌ك ده‌بینێ، ئه‌وه‌ى شیعر و باینجان به یه‌ك چاو ده‌بینێ خێله،
نه‌ك ئه‌دیب و شاعیر..
هیچ كه‌سێك نكۆڵى له‌و ناكات كه نووسه‌رێك بێت و گرنگى به میكانیزمى
نمایانكردن و به‌بازاڕكردنى به‌رهه‌مه ئه‌ده‌بییه‌كانى بدات، گرنكى به قازانجى
ماددیانه بدات و ژیانێكى پڕ له شكۆى له‌رێگه‌ى به‌رهه‌مه‌كانییه‌وه به‌ده‌ست
بهێنێ، ئه‌گه‌رچى به‌شێكى زۆرى پێداویستییه‌كانى نووسین و په‌یوه‌ستبوون به
پێداویستییه ئیبداعییه‌كان و نه‌مرى له‌گه‌ڵ ئامانجى بازرگانى و پیشه‌سازى رووت
یه‌كناگرێته‌وه.
رۆماننووسى ئه‌مریكى (هارلان كوین) كه رۆمانى پۆلیسى ده‌نووسێت و یه‌كێكه له‌و
رۆماننووسانه‌ى كه وه‌ك پیشه‌ى نووسین سه‌ركه‌وتنێكى بێ سنوورى له فرۆشتنى
رۆمانه‌كانیدا به‌ده‌ستهێناوه، نه‌ك هه‌ر ته‌نها له ناو ولاَته یه‌كگرتووه‌كانى
ئه‌مریكا به‌ڵكو له ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مریكاش. وه‌ك رۆماننووس (ئیریك كونیسبرگ) له
وتارێكى كه له گۆڤارى (ئه‌تله‌نتیك) له‌باره‌ى رۆمانه پۆلیسییه‌كانى (كوین)
بلاَوى كردۆته‌وه ده‌ڵێ ئه‌گه‌رچى له‌رووى هونه‌رییه‌وه ئه‌وه‌نده به‌هادار
نییه، به‌لاَم له‌رووى پڕفرۆشییه‌وه سه‌ركه‌وتنێكى ئه‌وه‌نده به‌رزى
به‌ده‌ستهێناوه كه خۆى له (2.7) ملیۆن دانه‌ى فرۆشراو ده‌دا، ئه‌و سه‌ركه‌وتنه
پیشه‌سازى و بازرگانییه په‌یوه‌ندى به پرۆسه‌ى نووسینه‌وه‌ى ئازاده‌وه نییه،
هه‌ر ته‌نها به ئه‌رزشه ئیبداعییه‌كانى نووسه‌ره‌وه نالكێ، به‌ڵكو به
پرنسیبه‌كانى بازرگانییه‌وه به‌نده و بۆ په‌یوه‌ندى دامه‌زرا و ده‌زگایه‌كانى
بلاَوكردنه‌وه‌و نێوه‌نده‌كانى راگه‌یاند و میكانیزمه‌كانى پڕۆپاگنده‌كردن و
دابه‌شكردن و كۆى ئه‌و بانگه‌شه‌كردنه گه‌ورانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له كاتى
ده‌رچوونى هه‌ر كتێبێكى نوێى (كوین) دنیا پێ سه‌رقاڵ ده‌كرێت.
پ/ هه‌ندێك شیعر نووسین به‌دواین هه‌وڵ ده‌زانن كه له‌پێناو راگرتنى فه‌وزاو
كاره تێكده‌ره‌كان ئه‌نجام ده‌درێت، لاى ئێوه ئه‌ركى شیعر له‌چیدایه؟
و/ من هه‌رگیز بڕوام به ئه‌ركى شیعر نه‌بووه. ئه‌وه‌ش له‌وێوه دێت كه وه‌ك
گوتم شیعر ئه‌و چێژه‌یه كه له نێوان دڵنیایى و گومان یارى له‌گه‌ڵ
لادانه‌كانى زماندا ده‌كات. به‌و مانایه‌ش ده‌شێ له‌پێناو راگرتنى فه‌وزاو كاره
تێكده‌ره‌كان بوه‌ستێ، له هه‌مان كاتتدا پێچه‌وانه‌كه‌شى راسته.
ره‌نگه بتوانین له پێناو راگرتنى فه‌وزا و پشێوییه‌كان، رووه ئارامه‌كه‌ى شیعر
له‌برى مۆسیقا به‌كار بهێنین، به‌لاَم هه‌رگیز به‌و مانایه نییه، كه ئه‌وه
ئه‌ركى دیاریكراوى شیعر بێت، به‌ڵكو ئه‌وه له خوێندنه‌وه‌یه‌كه‌وه‌یه كه
خوێنه‌رێكى دیاریكراو كه‌شفى ده‌كات، وه‌ك چۆن به‌دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش ئه‌گه‌ر
بڕوامان به‌وه هه‌بێت كه شیعر چێژ و جوانییه و ئیتر له‌وێوه ده‌شێ بتوانین
فه‌زایه‌ك بۆ هه‌ناسه‌دان و له‌یه‌كگه‌یشتن و گفتوگۆ درووست بكه‌ین، ده‌شێ
له‌وێوه رۆحه‌كان بخه‌ینه حاڵه‌تى دواندن و فه‌وزاو پشێوى له‌رێگه‌ى گفتوگۆ و
دواندنه‌وه رابگرین...
ده‌مه‌وێت بڵێم ئه‌گه‌رچى من بڕوام به ئه‌ركى شیعر نییه، به‌لاَم بێگومان
له‌نێوان تێكده‌رێك و شاعیرێك زێتر به‌لاى شیعردا ده‌چم، به مه‌رجێك ئه‌و
شاعیره له ئاستێكى به‌رزى جوانگوتن و چیگوتندا بێت، له ئاستێكى به‌رزى زمان و
وێنه‌و ئیستێتیكا خۆى هه‌ڵگرێته‌وه، له ئاستێكى به‌رزى شیعرییه‌ته‌وه خۆى
بخاته روو، ئه‌گینا له‌گه‌ڵ تێكده‌رێك ته‌نها له ئاستى زیان گه‌یاند به خودى
مرۆڤایه‌تى و هه‌ستى مرۆییه‌وه جیاواز ده‌كه‌ونه‌وه. جیاوازى نێوان شاعیرێك كه
ئاستى زمان و بیركردنه‌وه‌و عه‌قڵیه‌تى (كۆمه‌ڵێك) به‌ره‌و لێژى ده‌بات و له
بازاڕ به هه‌رزانبه‌ها خوردى ده‌كاته‌وه له‌رووى چه‌مكه‌وه له‌گه‌ڵ
تێكده‌رێك، كه به‌كارى تێكدانه‌وه هه‌ڵده‌سێت، شتێكى ئه‌وتۆ نییه، به‌لاَم
ره‌نگه له‌رووى چۆنایه‌تییه‌وه قسه‌ى دیكه هه‌ڵبگرێت. ئه‌وانه‌ى هه‌تا ئێستا
وه‌ك شاعیر ئاگایى و زه‌وق و هه‌ستى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردی‌یان وێران كردووه زۆر
زێترن له‌وانه‌ى وه‌ك تێكده‌ر به‌و كاره هه‌ڵساون، ئه‌وانه‌ى وه‌ك شاعیر هیچ
حیسابێك بۆ به‌هاى زمان و گوتن و ئاستى گوتن و شیعرییه‌ت و ئاستى مه‌عریفى و
رۆشنبیریى شیعرى ناكه‌ن، زۆر زێترن له تێكده‌ران.
پ/ تۆش له‌گه‌ڵ مندا كۆك ده‌بیت گه‌ر بڵێم شیعرى وه‌چه‌ى دواى راپه‌ڕین ئاستێكى
به‌رزى نییه؟
و/ ببوره قسه‌كردنى له‌و جۆره زۆر گشتى ده‌كه‌وێته‌وه، به‌لاَم من له‌گه‌ڵ
به‌شێك له گوتنه‌كه‌ت هاوڕام، وه‌ك چۆن به‌ڕاى من ئه‌و شێوه له‌بیركردنه‌وه
ئه‌وه‌نده درووست نییه، ئه‌وه‌نده درووست نییه تا ئه‌و شوێنه‌ى كه هه‌موو
وه‌چه ئه‌ده‌بییه‌كان (هه‌ڵبه‌ته به دڵنییاییه‌وه بڕوام به‌و جۆره
جیاكردنه‌وانه نییه) به‌شه گه‌وره‌كه‌یان به‌لاى كرچ و كاڵى ده‌چن، ئه‌وه
هه‌موو ده‌یه یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كان ده‌گرێته‌وه، بۆیه ده‌بێ قسه له‌و به‌شه
بچووكه بكه‌ین كه تواناى به‌رهه‌مهێنانى شیعرییه‌ت و پرس و زمانى جیاواز و
دنیابینى جیاوازییان هه‌یه، ده‌بێ ئاگامان له گۆڕانكارییه‌كانى سه‌رده‌م و
مه‌عریفه‌ى شیعرى سه‌رده‌م و دنیابینى سه‌رده‌مییانه بێت.
به‌بڕواى من ئه‌مڕۆ له‌نێوه‌ندى شیعرى كوردى كۆمه‌ڵێك گه‌نج هه‌ن جوان ده‌نووسن
وه‌ك چۆن به‌شى زۆریان كرچ وكاڵ ده‌كه‌ونه‌وه. شیعرى وه‌چه‌ى دواى راپه‌ڕین قۆناغ
و سه‌رده‌مێكى جیاواز و پرسى جیاواز و مه‌عریفه‌ى فره‌ره‌هه‌ند و ره‌نگاوره‌نگى
له‌پشته، شیعرى وه‌چه‌ى دواى راپه‌ڕین پێویستى به خوێندنه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى
نێوه‌ندى ئه‌ده‌بى و رۆشنبیریى و سیاسى و كۆمه‌لاَیه‌تى هه‌یه. قسه‌كردن له‌و
وه‌چه‌یه ده‌بێ له‌رێگه‌ى خوێندنه‌وه‌ى كۆى ئه‌و بارودۆخه‌وه بێت كه ئێستا
له ئارادایه. ده‌بێ قسه‌كردن بێ له ته‌واوى ئه‌و بێنرخكردنانه‌ى كه ئێستاى
نێوه‌ندى ئه‌ده‌بى و رۆشنبیریى ته‌نییووه. ده‌بێ قسه‌كردن بێ له فه‌زاكانى
ئازادى و ئازادى بیركردنه‌وه‌و جیاوازییه فره‌ره‌هه‌نده‌كان. بێ قسه‌كردن له‌و
گوتاره گه‌نده‌ڵه‌ى ئه‌مڕۆى نێوه‌ندى ئه‌ده‌بى به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت،
قسه‌كردن له وه‌چه‌ى نوێ كورتى دێنێت، بێ قسه‌كردن له‌و میدیا و دامه‌زراوه
په‌رپووت و كه‌مخوێنانه‌ى نێوه‌ندى رۆشنبیریى كوردى، قسه‌كردن له ئه‌ده‌بى
حه‌قیقى و شیعرى هونه‌رى، مایه پووچ دێته‌وه.
پ/نه‌وه‌ى هه‌شتاكانى شیعرى كوردى كه ئێوه یه‌كێكن له‌وان، له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ى
پێشووى خۆیان و نه‌وه‌ى پاش راپه‌ڕین، به‌چى جیا ده‌كرێته‌وه؟
و/ ناشێ من بكه‌ومه نێو نه‌وه‌ى هه‌شتاكانه‌وه، چونكه ته‌نها چه‌ند
قه‌سیده‌یه‌ك كه به په‌نجه‌ى یه‌ك ده‌ست ده‌ژمێردرێت له دواین ساڵه‌كانى
هه‌شتا بلاَوم كرده‌وه و هیچى دى نا. به‌لاَم ئه‌گه‌ر من وه‌ك ئه‌وه‌ى له
نه‌وه‌ده‌كان كۆمه‌ڵه شیعرێكم به‌ناوى (سێبه‌رى ئاو) بلاَو كرده‌وه، هه‌روه‌ها
له‌گه‌ڵ هه‌ندێ له هاوڕێیان گۆڤارێكمان به ناوى (سه‌راب) ده‌ركرد، قسه
بكه‌م، ئه‌وه ده‌شێ قسه له دوو بۆچوون و دوو دیدى ته‌واو جیاواز بكه‌م، دیدى
به‌ر له راپه‌ڕین كه به‌شێوه‌یه‌كى گشتى زمان و ئه‌ده‌ب و هونه‌رییان له
روانگه‌ى سیاسییه‌وه ده‌بینێ دیدێكى دیكه كه به‌پێچه‌وانه‌وه پێیوابوو ئیتر
ئه‌وه ئه‌ده‌ب و هونه‌ر نییه ده‌بێته چقڵى چاوى دوژمنان و چه‌كى ئازادیخوازان،
به‌ڵكو ئه‌وه‌یه كه ده‌شێ به‌شێوه‌و ریتمى جیاواز، چێژ و خۆشى و ئازادى فره
ره‌هه‌ند به خوێنه‌ره جیاوازه‌كان بگه‌یه‌نێت، ئه‌وه ئه‌ده‌ب و هونه‌ره
بیركردنه‌وه‌مان به‌ره‌و فره‌ره‌نگى و جیاوازى ده‌بات، ئه‌وه ئه‌ده‌ب و هونه‌ره
فه‌زاكانى ئازادى و ره‌هه‌نده‌كانى مه‌عریفى به‌كۆى جیاوازییه‌كانییه‌وه
به‌رجه‌سته ده‌كاته‌وه، ئه‌وه ئه‌ده‌ب و هونه‌ره ئاسته‌كانى پرس و ئاگایى
ره‌خنه‌مان تێدا ده‌بوژێنێته‌وه، به‌ره‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى هوشیارو ئازاد و
چالاك و داهێنه‌رمان ده‌كاته‌وه.
جیاوازى نه‌وه‌ى پێش راپه‌ڕین و نه‌وه‌ى دواى راپه‌ڕین هه‌ر ته‌نها جیاوازى نێوان
دوودنیابینى و دوو شێوه له نووسین و پرس و دوو جۆر له ئازادى نییه، به‌ڵكو
جیاوازى نێوان دوو زمان و دوو شێوه له ئاگاییه، ئه‌گه‌ر زمانى دواى راپه‌ڕین
له خه‌یاڵ و خه‌ونێكى دیكه‌ى ئازاده‌وه پرس و بونیاده جیاوازه‌كانى خۆى
دابرٍێژێته‌وه، ئه‌وه زمانى به‌ر له‌راپه‌ڕین بونیادێك رابه‌رایه‌تى ده‌كرد
كه تۆتالیتارییه‌ت و سته‌مگه‌رایى رێساكانى ده‌نه‌خشان. ئه‌گه‌ر ئاگایى به‌ر
له‌راپه‌ڕین ئاگاییه‌ك بێت له‌سه‌ر دوالیزمییه‌تى نشتیمانپه‌روه‌ر و خایین خۆى
درێژ كردبێته‌وه، ئه‌وه ئاگایى دوواى راپه‌ڕین به ته‌واوى ئه‌و دووالیزمانه‌ى
تێپه‌ڕاند و به‌شێوه‌یه‌كى دیكه چه‌مكه‌كانى وه‌به‌ر پرس و خوێندنه‌وه‌ى جیاواز
دا و ناونانى دیكه دا‌و ده‌سته‌واژه‌ى دیكه‌ى هێنا ئاراوه.
پ/ پێشكه‌وتنه خێراییه‌كانى بوارى ته‌كنۆلۆژیا، چ
كاریگه‌رییه‌كى سه‌لبى ئیجابى به‌سه‌ر شیعره‌وه جێده‌هێلێ؟
و/ به‌بڕواى من كاریگه‌رییه‌كان له‌رووى فره ره‌نگییه‌وه بۆ هه‌موو بواره
جیاوازه‌كانى ئه‌ده‌ب و هونه‌ر به ئیجابییه‌كى له راده‌به‌ده‌ر خۆى هه‌ڵده‌خات،
به‌لاَم له‌رووى دابه‌شبوونى ژماره‌ى خوێنه‌ران و چێژ و ئیستێتیكى و
مه‌عریفییه‌وه ره‌نگه به سلبى كۆتایى بێت، به‌و مانایه‌ى كه كۆمه‌ڵگه
كۆمه‌ڵێك بوارى دیكه‌ى بۆ به‌دواداچوون و خوێندنه‌وه‌و دیتن و بیستن و... بۆ
هاتۆته پێش.
قسه‌كردن له رووه ئیجابییه‌كه قسه‌كردنه له‌و ئاسته به‌رزه هونه‌رى و
ئیستێتیكییه‌ى كه له‌رێگه‌ى مه‌عریفه‌و پرسى سه‌رده‌م و ئاگایى و دنیابینى
جیاواز و ئاسته به‌رزه‌كانى پێشكه‌وتنه‌وه هاتۆته ئاراوه، وه‌ك چۆن قسه‌كردن
له‌رووه سلبییه‌كه به‌ره‌و جۆرێكى دیكه له بیركردنه‌وه‌مان ده‌بات كه له
فره ره‌نگى و بواره جیاوازه‌كانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، به‌ره‌و خه‌ون و
خه‌یاڵێكى دیكه و به‌ره‌و كۆمه‌ڵێك ده‌ریچه‌ى جیاوازى دیكه‌مان ده‌كاته‌وه
كه بشێ پرۆسیسه‌ى چێژ و زانیارى و خۆشییه‌كانى ژیانى تێدا به ئه‌نجام
بگه‌یه‌نین.
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵلاَ
هه‌ولێر 14/10/2009