ده‌رنه‌كه‌وتنى "بوون"ى ره‌سه‌ن
ده‌ركه‌وتنى خوێنه‌رى "نموونه‌یى"
عه‌بدولموته‌ڵیب عه‌بدوڵڵا
وا مشه‌وه‌ش بوو كه میحرابى برۆتى دى ئیمام
ئیزنى خه‌ڵقى دا كه دنیا ئاخیره بۆ دێنه نوێژ
"مه‌حوى"
ئه‌گه‌ر ده‌ق هیچ مانایه‌كی نه‌بىَ ته‌نها ئه‌و كاته نه‌بێت، كه خوێنه‌ری كارا پرۆسیسه‌ی ده‌كات، به‌و مانایه لێكدانه‌وه‌و راڤه‌كردنى ده‌ق نه‌ك هه‌ر ته‌نها به‌پێى خوێنه‌ره‌كان، به‌ڵكو به‌پێى تاكه خوێنه‌رێكیش ده‌شێ بگۆڕێت. له راستیدا ئه‌و گۆڕانه‌ى دوایى له‌وانه‌یه په‌یوه‌ندی به كاتى جیا جیاوه هه‌بێت (واته كاتی خوێندنه‌وه) هه‌روه‌ها له‌رووی مێژووییه‌وه خوێنه‌ران له نه‌وه جیاوازه‌كان و سه‌ده جیاوازه‌كاندا به شێوه‌یه‌كی جیاواز لێكدانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ده‌كه‌ن، واته شتی جیاواز له‌رێگه‌ى خوێنه‌رانی سه‌رده‌مه جیاوازه‌كان به ده‌ق ده‌به‌خشن.
(ئیمبرتۆ ئیكۆ) له بواری سیمیۆتیكاوه كار ده‌كات و كرده‌ی خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویل لای ئه‌و خۆی له‌و سێ قۆناغه‌دا هه‌ڵده‌گرێته‌وه:
یه‌كه‌م: ده‌ق به‌و مانایه‌ی كه رستێك سپێتی و ئاڵ‌و گۆڕییه و قابیلی پڕكردنه‌وه‌و ته‌ئویل كردنه.
دووه‌م: خوێنه‌ر به‌و مانایه‌ی كه له كۆمه‌ڵێك ده‌ق پێكهاتووه، خوێنه‌ری مه‌وسوعى.
سێیه‌م: گه‌یشتنی ده‌ق به خوێنه‌ر به هاوبه‌شیكردن له ده‌ق، یان ساته‌وه‌ختی ئاوێته بوونی نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، ده‌ژمێردرێت.
قسه‌كردن له ده‌ق به‌و مانایه‌ی كه هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك ئاڵوگۆڕی و رستێك سپێتییه له‌وێوه دێت كه پانتاییه‌كه لێپراسراوێتی كرانه‌وه‌ی له‌خۆدا هه‌ڵگرتووه، هه‌ر له‌وێشه‌وه خوێنه‌ر جوله و بزاڤ و داهێنانی خۆی به ئه‌نجام ده‌گه‌یه‌نێت، چونكه (ئیكۆ) پێیوایه ده‌ق ئامرازێكی سسته، بۆیه داوا له خوێنه‌ر ده‌كات له رێگه‌ی هاوبه‌شیكردنه‌وه ئه‌كتیڤی بكات، ئه‌و ئاوێته‌بوون و ئه‌كتیڤكردنه‌ی ده‌ق له‌رێگه‌ی خوێنه‌رێكه‌وه‌یه كه (ئیكۆ) به (خوێنه‌ری نموونه‌یی) ناوی ده‌بات، ئه‌و خوێنه‌ره‌ش ده‌كه‌وێته به‌رانبه‌ر ستراتیژیه‌تی ده‌قی دانه‌ر، ئه‌و دانه‌ره‌ش ده‌توانێت ئه‌و ستراتیژیه‌تیه هه‌ڵگرێت كه به‌رده‌وام بۆ تواناكان ده‌گه‌ڕێته‌وه، به دیوه‌كه‌ی دیكه‌ش خوێنه‌ری نموونه‌یی بۆ هه‌مان ئه‌و توانایانه‌ى خۆى ده‌گه‌ڕێته‌وه، هه‌ر له‌وێشه‌وه ده‌كه‌وینه به‌رانبه‌ر خوێنه‌ری ئه‌زموونگه‌رییه‌وه.
(ئایزه‌ر) سه‌ر به جوانكاری وه‌رگره پرنسیبی تیۆره‌كه‌ی بۆ فینۆمینۆلۆژیا و هیرمینۆتیكا ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌گه‌رچی هه‌ر یه‌ك له (ئیكۆ) و (ئایزه‌ر) جیاوازی زۆریان له باكگراوه‌ندی فیكری میتۆدیدا هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌لا ئه‌وه‌شدا هه‌ردووكیان سروشتێكی گێڕانه‌وه‌ئامێزیان هه‌یه، به مانایه‌كی دیكه زۆربه‌ی ئه‌و مه‌سه‌لانه‌ی كه (ئیكۆ) له بواری خوێندنه‌وه‌و ته‌ئویل كاری تێدا كردووه، (ئایزه‌ر) په‌ره‌ی پێداوه و ده‌وڵه‌مه‌ندی كردووه. بۆ به‌شدار بوون له كارلێكه‌ری نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر، كۆمه‌ڵێك چه‌مكی به‌رهه‌م هێناوه له پێش هه‌مووشیان (خوێنه‌ری ناوه‌كی) كه نزیكه له (خوێنه‌ری نموونه‌یی)، ئه‌و خوێنه‌ره ناوه‌كییه خوێنه‌رێكه به دوای مانادا ده‌گه‌ڕێت، به‌ڵام نه‌ك مانا ئاماده و شاراوه‌كانی نێو ده‌ق، وه‌ك چۆن به شێوه ته‌قلیدییه‌كه‌وه چه‌سپاوه، به‌ڵكو ئه‌و مانایه‌ی كه له كارلێكه‌ری ده‌ق و خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته‌وه، واته ئه‌و مانایه‌ی كه وه‌ك "جێكه‌وته‌یه‌ك ده‌شێ پرۆسیسه بكرێت" له نوێوه بدۆزرێته‌وه، نه‌ك بابه‌تێك بێت بشێ دیاری بكرێت و پێوه‌ی ببه‌سترێته‌وه.
به‌مجۆره ئه‌ركی هیرمینۆتیكا لای (ئایزه‌ر) خۆی له ته‌قینه‌وه‌ی وزه ده‌لالیه حه‌شاردراوه‌كانی نێو ده‌ق هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئه‌و ته‌قینه‌وه‌یه‌ش له‌رێگه‌ی به‌شداری چالاكانه‌ی خوێنه‌ره‌وه به ئه‌نجام ده‌گات، به‌و مانایه‌ش خوێنه‌ر ئه‌و بارگه وزه‌ئامێزه‌یه كه به‌رده‌وام له هه‌ر خوێندنه‌وه‌یه‌كی نوێ‌دا ده‌دره‌وشێته‌وه.
دیارده/خوێنه‌ر
فینۆمینۆلۆژیا خۆی به ماهیه‌تی یان به مانای دیاری وجودی مرۆییه‌وه خه‌ریك ده‌كات، هایدگه‌ر زاراوه‌ی ((فینۆمینۆلۆژیا)) ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ سه‌ر بنچینه‌ی یۆنانی و ده‌ڵێت: زاراوه‌كه له دوو به‌ش پێكدێت-phenomenon)) له‌گه‌لا (logos) به‌شی یه‌كه‌م ئاماژه به كۆی ئه‌و شتانه ده‌كات كه له‌به‌ر رۆژدا ده‌رده‌كه‌ون یان له به‌ر رۆشنای ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌و ده‌ركه‌وتن و دیار بوونه‌ی (شت) نابێ له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌لا بكرێت، كه مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كییه‌و له‌و دیوی خۆیه‌وه ئاماژه بۆ شتێكی تر ده‌كات، ئه‌وه مه‌سه‌له‌یه‌كی به‌سه‌رچوو نییه، به‌ڵكو ده‌ركه‌وتنی شته‌كه‌یه وه‌ك خۆی، به واتایه‌كی دیكه: بوونی شتێك (یان ده‌ركه‌وتنی له ده‌رككردندا) مه‌سه‌له‌یه‌كی لاوه‌كی دوور له خودی شته‌كه نییه، به‌ڵكو ماهیه‌تی راسته‌قینه‌یه‌تی.
(هایدگه‌ر) ده‌گاته ئه‌وه‌ی میتۆدی دیارده‌گه‌ریی ((فینۆمینۆلۆژی)) له سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه كار ده‌كات، كه شته‌كان فه‌رامۆش بكرێن، تا خۆیان چۆنن ئاوه‌ها ده‌ركه‌ون و دیار بن، بێ ئه‌وه‌ی گوته‌كانمان به سه‌ریاندا بسه‌پێنین، ئه‌وه ئێمه نین، ئاماژه بۆ شته‌كان ده‌كه‌ین و ده‌ركیان پێده‌كه‌ین، به‌ڵكو خودی شته‌كانن خۆیان بۆ ئێمه ئاشكرا ده‌كه‌ن، بنه‌چه‌ی راسته‌قینه‌ی تێگه‌یشتنی دروست ئه‌وه‌یه ئێمه ته‌سلیمی هێزی شته‌كان بین، تا خۆیان بۆ ئێمه ئاشكرا بكه‌ن، به‌ڵام شته‌كان چۆن خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن؟
(هایدگه‌ر) له شیكردنه‌وه‌ی به‌شی دووه‌می زاراوه‌كه پێیوایه (logos) ده‌لاله‌ت له فیكر ناكات، به‌ڵكو ده‌لاله‌ت له ئاخاوتن و ئه‌و ئه‌ركه‌ی ئاخاوتن ده‌كات، كه وا ده‌كات فیكر مومكین بێت، شته‌كان له میانی زمانی ئاخاوتن (speakinig) خۆیان ئاشكرا ده‌كه‌ن، لێره‌دا زمان كه‌ره‌سته‌یه‌ك نییه بۆ گه‌یاندن، كه مرۆڤ بۆ به‌خشینی مانا به جیهان، دایهێنابێت. یان گوزارشت له تێگه‌یشتنی زاتیانه‌ی خۆی بۆ شته‌كان بكات، به‌ڵكو زمان گوزارشت له‌و (ماناگه‌رییه) ده‌كات، كه به كرده‌وه ده‌كه‌وێته نێو شته‌كانه‌وه، مرۆڤ زمان به‌كار ناهێنێت، به‌ڵكو ئه‌وه زمانه له میانی مرۆڤه‌وه قسه ده‌كات. جیهان له میانی زمانه‌وه خۆی بۆ مرۆڤ ده‌كاته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زمان بواری تێگه‌یشتن و ته‌فسیره، كه‌واته جیهان له میانی پرۆسه‌گه‌لی به‌رده‌وامی تێگه‌یشتن و ته‌فسیره‌وه خۆی بۆ مرۆڤ ئاشكرا ده‌كات، ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه، مرۆڤ له زمان ده‌گات، به‌ڵكو مرۆڤ له میانی زمانه‌وه تێده‌گات. زمان ناوه‌ندكاری نێوان جیهان و مرۆڤ نییه، زمان ده‌ركه‌وتن و ئاشكرابوونی جیهانه پاش شاردنه‌وه‌ی. زمان ده‌ركه‌وتنێكی وجودییانه‌ی جیهانه.
به‌مجۆره دیارده‌گه‌رایی لای (هایدگه‌ر) ده‌بێته هیرمنیۆتیكا و هیرمینۆتیكاش ده‌بێته پرۆسه‌یه‌كی وجودییانه‌ی تێگه‌یشتن، تێگه‌یشتن بریتییه له توانای ده‌رككردنی شیمانه وجودییه‌كانی تاكه كه‌س له ره‌وتی ژیان و بوونی له نێو جیهان، به‌و واتایه ماناكان به پێی گه‌شه‌سه‌ندنی مێژوویی له گه‌شه‌سه‌ندن دان.
بوونى ره‌سه‌ن/ئاسۆى پێشبینیه‌كان
هه‌ڵبه‌ته خوێندنه‌وه كرده‌یه‌كه خۆى له ده‌ستلێدانى خوێنه‌ران بۆ ده‌ق هه‌ڵده‌گرێته‌وه، ئه‌و ده‌ستلێدانه‌ش له‌رستێك خه‌ون و هیواو ئومێد‌و خه‌یاڵ و نائومێدى و گریمانه‌كان پێكهاتووه، ده‌شىَ هه‌موو ئه‌وانه‌ش به ئاسۆى پێشبینیه‌كان په‌یوه‌ست بكه‌ین، به‌و مانایه‌ش ئه‌زموونى خوێنه‌ر ده‌كه‌وێته نێوان ئاسۆى چاوه‌ڕوانى كه "ده‌ق" فه‌رزى ده‌كات و ئاسۆى ئه‌زموون كه "وه‌رگر" ته‌واوى ده‌كات، به مانایه‌كى دیكه ده‌كه‌وێته نێوان دوو "بوون" بوونى ده‌ق و بوونى خوێنه‌ر.
"هایدگه‌ر"یش دوو جۆر بوون دیارى ده‌كات، كه بریتین له بوونى رۆژانه و بوونى تایبه‌تى، مه‌به‌ست له بوونى رۆژانه بوونى ساخته‌یه، بوونى تایبه‌تیش بوونى ره‌سه‌نى كه‌سه‌كه ده‌گرێته‌وه.
بوونى ساخته: ئه‌و بوونه‌یه كه كۆمه‌ڵێك كارتێكه‌رى ده‌ره‌كى پێكى ده‌هێنن، ئیدى ئه‌و كارتێكه‌رییانه بارودۆخ بن، یاخود یاسایى ئه‌خلاقى و ده‌سه‌ڵاتى ئایینى و سیاسى و دابونه‌ریت و شتى له‌و بابه‌ته بن، ده‌توانین بڵێین ئه‌و كه‌سه ژیانى ره‌سه‌نى خۆى ناژى و واز له هه‌ڵبژاردنى خۆى ده‌هێنىَ و بوار به‌وانیدى ده‌دات ئیمكانه‌كانى بۆ دیارى بكه‌ن، به‌و مانایه ئه‌و كه‌سه ئیمكان و توانا تایبه‌تیه‌كانى خۆى له‌ده‌ست ده‌دات و له ئیمكان و توانا گشتییه‌كاندا ده‌توێته‌وه. به‌ڵام بوونى ره‌سه‌ن: ئه‌و بوونه‌یه كه تیایدا خود هه‌ست به تاكێتى خۆى ده‌كات و له‌وانى دى دابڕاوه، كه ده‌وترێت له‌وانیدى دابڕاوه، ماناى ئه‌وه نییه كه‌سه‌كه به ته‌نها ده‌ژى و دووره له خه‌ڵك.. واته جۆرێكه له دۆزینه‌وه‌ى خود. مرۆڤ به‌زۆرى له‌و بوونه ره‌سه‌نه بێئاگایه‌و به مه‌وجوده‌كانى دیكه‌وه خه‌ریكه و له ده‌ره‌وه‌ى خۆى و له خه‌ڵكدا ده‌توێته‌وه و بێئه‌وه‌ى هه‌ست بكات كۆمه‌ڵێك توانا‌و ئیمكانى به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت، كه له خودى خۆیه‌وه سه‌رچاوه‌یان نه‌گرتووه‌و له‌لایه‌ن ده‌ره‌وه بۆى دیاریكراون.
هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى ده‌ق/خوێندنه‌وه‌ى فه‌لسه‌فییانه
لاى (هایدگه‌ر) زمان گوزارشت له‌و (ماناگه‌رییه) ده‌كات كه به كرده‌وه ده‌كه‌وێـته نێو شته‌كانه‌وه، مرۆڤ زمان به‌كار ناهێنێت به‌ڵكو ئه‌وه زمانه له میانى مرۆڤه‌وه قسه ده‌كات. به‌ڵام شیعر داواى هیچ شتێك ناكات، زمانى شیعرى به‌یه‌كداده‌چێت و ده‌چێته‌وه نێو یه‌ك و داده‌خرێت، له هه‌مان كاتیش‌دا به شێوه‌یه‌كى تووند لێكدوور ده‌كه‌وێـته‌وه.
له دووتوێى ئه‌و پێشه‌كییه كورته‌دا ده‌مه‌وێت ئاماژه‌یه‌ك به كتێبى (بوون/ له نێو شیعرى "مه‌حوى"دا) بده‌م، له‌و كتێبه‌دا (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) توانیوویه‌تى خوێندنه‌وه‌یه‌كى نیازئامێز بۆ گه‌یشتن به "مه‌حوى" نه‌ك به ده‌قه جیاوازه‌كانى بسازێنىَ.بۆ سه‌لماندنى پێشبینییه‌كانى خۆى له‌رێگه‌ى به‌دواداچوونى خودى "مه‌حوی" راڤه‌یه‌كى فه‌لسه‌فى به ده‌قه‌كان ده‌به‌خشێت، واته ئه‌گه‌رچى به چاوى رابردوو له ده‌ق ناڕوانىَ و ناكه‌وێته سه‌ر نیازه‌كانى نووسه‌ر، به‌ڵام خوێندنه‌وه‌كه‌ى به‌ڕاى من زێتر خۆى به كه‌سێتى مه‌حوى وه‌ك ئه‌وه‌ى كه خۆى وێناى ده‌كات، خه‌ریك كردووه.. خوێندنه‌وه‌یه‌كى ماناگیره‌و بۆ ئه‌و وێناكردنه‌شى سوود له "هایدگه‌ر" وه‌رده‌گرێت و هه‌ر له‌وێشه‌وه رێگه‌یه‌ك بۆ ئاوێته‌بوونى ده‌ق ده‌دۆزێته‌وه، پرسه‌كانى خۆى له‌سه‌ر جێگیر ده‌كات و گوته‌كانى خۆى به‌سه‌ر خودى "مه‌حوى" ده‌سه‌پێنىَ. به‌مجۆره شیعریه‌تى ده‌ق به فه‌لسه‌فه هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه.
له‌و لێكۆڵینه‌وه‌دا (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) ده‌ڵێت: خودێك هه‌یه كه ناوى مه‌حوییه ئه‌و خوده نه كورده نه عه‌ره‌به نه فارسه، ئه‌و خوده خاوه‌نى جه‌سته‌یه‌كه كه شتێكى دیار‌و به‌رچاوو زیندووه، به‌رده‌وامبوونى زێندووێتى ئه‌و جه‌سته‌یه به هۆى بوونێكه‌وه ده‌بێت كه بێته نێو جه‌سته‌یه‌وه‌و تێیدا به‌رجه‌سته بێت و له‌رێگه‌ى ئه‌و جه‌سته‌یه‌وه توانا‌و ئیمكانه‌كانى به‌دى بهێنێت. به‌ڵام هه‌تا بوونى ساخته له‌نێو "مه‌حوى" بمێنىَ، بوونى ره‌سه‌ن خۆى پێشانى نادات.
ده‌شىَ ئه‌و ده‌ركه‌وتن و ده‌رنه‌كه‌وتنه له ده‌قى مه‌حویدا راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به‌و په‌یوه‌ندییه شیمانه‌ییه‌دا بێت كه زمانى شیعریى ده‌یخاته‌وه، بۆیه ئه‌و لێكدانه‌وه هایدگه‌رییه هه‌میشه له به‌دواداچووندا كورتى دێنىَ، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ده‌شىَ وه‌ك توانا و پێكهاته‌ى خوێنه‌ر به‌و مانایه‌ى كه خوێنه‌ر له كۆمه‌ڵێك ده‌ق پێكهاتووه بده‌ینه قه‌ڵه‌م.
هه‌ڵبه‌ته كێشه‌ى ده‌رنه‌كه‌وتنى بوونى ره‌سه‌ن به‌ڕاى "د. محه‌مه‌د ئه‌مین" له خودى مه‌حوییدایه. به‌ڵام به‌ڕاى من ئه‌و ده‌ركه‌وتن و ده‌رنه‌كه‌وتنه‌ى "د. محه‌مه‌د ئه‌مین" كه‌شفى كردووه، گه‌مه‌یه‌كى شیعرییه و راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندى به خه‌یاڵ و نائاگایى ساته‌وه‌ختى نووسینى شیعره‌وه هه‌یه. ده‌شىَ ئه‌وه گه‌مه‌كانى زمانى ده‌ق بێت كه له نائاگاییه‌وه هه‌وڵى به‌ركه‌وتن و لێكخشانى واقیع ده‌دات. هه‌ر له‌رێگه‌ى ئه‌و دانوستاندنه‌ش فه‌زایه‌كى بىَ سنوور بۆ ده‌مه‌ته‌قىَ و بیرهێنانه‌وه‌ى ئازادانه ده‌سازێنىَ. ده‌مه‌وێت بڵێم پرۆسه‌ى نووسینى شیعریى پرۆسه‌یه‌كى ئاڵۆزه، به‌شێكى زۆرى زمانى شیعرى بارگاوییه به لایه‌نى نه‌ستییه‌وه له‌به‌ر هه‌ندىَ ناشىَ "مه‌حوى" له حاڵه‌تى ئاگاییدا بێت، وه‌ك د. محه‌مه‌د ئه‌مین بۆى ده‌چىَ.هه‌روه‌ك لۆژیك و عه‌قڵ له به‌دواداچوونیدا به ئه‌نجام ناگه‌ن، چونكه پرۆسه‌ى نووسینى شیعریى پرۆسه‌یه‌كه به‌شێكى زۆرى له نائاگایى له‌گه‌ڵ خۆدا هه‌ڵگرتووه، له‌لایه‌كى دیكه ده‌شىَ به‌شێك له جوانى ئه‌و لێكۆڵینه‌وه فه‌لسه‌فییه له به‌رجه‌سته‌كردنى ئه‌كتیڤانه‌ى منى خوێنه‌ره‌وه بێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى "ئیكۆ" به خوێنه‌رى نموونه‌یى ناوى بردووه، به‌ڵام به‌شێك له ئیشكاله‌كانى ئه‌وه‌یه به‌ر له‌وه‌ى وه‌ك ده‌قى شیعرى مامه‌ڵه له ته‌ك مه‌حویدا بكات كه له وشه‌كانه‌وه شته‌كان ره‌نگ ده‌كات، وه‌ك لۆژیك و عه‌قڵ مامه‌ڵه‌ى فیكرى له‌گه‌ڵ مه‌حوییدا ده‌كات و هه‌وڵده‌دات له شته‌كانه‌وه وشه‌كان دووباره به‌رجه‌سته بكاته‌وه، له‌برى ئه‌وه‌ى له په‌یوه‌ندییه‌كى شیمانه‌ییدا له‌رێگه‌ى خه‌ڵقكردن و دووباره خه‌ڵقكردنه‌وه وزه‌ى زمانى شیعریى ده‌ستنیشان بكات، له‌رێگه‌ى پێشخستنى خودى مه‌حوییه‌وه ئه‌و وزه شیعرییه به‌دواده‌خات، هه‌ر له‌وێشه‌وه ئه‌ده‌بیه‌تى "مه‌حوى" له‌نێوان چه‌مكى توانه‌وه له ئه‌ویدیكه و هه‌ستكردن به تاكێتى دابڕاو پارچه پارچه ده‌كات، ئه‌و راڤه‌كردنه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێكى بكه‌وێته دووتوێى نیازى خوێندنه‌وه‌یه‌كى دیاریكراوه‌و شیاو بكه‌وێته‌وه، به‌شێكى له‌وێوه نه‌شیاو ده‌كه‌وێته‌وه كه ئاسۆى چاوه‌ڕوانى خوێنه‌ران بۆ ده‌قه‌كانى مه‌حوى دووچارى شێوان ده‌كات، هه‌ر له‌وێشه‌وه كۆى ئه‌و پێشبینیانه ده‌كوژێت كه ده‌شىَ ده‌ق له‌خۆیدا هه‌ڵیگرتبێت.
دواجار ده‌مه‌وێت بڵێم مه‌رج نییه خوێنه‌رى نموونه‌یى یان ناوه‌كى، چه‌مك و رێباز و میتۆدى دیاریكراو به‌سه‌ر ده‌قدا بسه‌پێنىَ، چونكه چوونه نێو ده‌ق به‌و شێوه‌یه‌ى (د. محه‌مه‌د ئه‌مین) نه‌ك هه‌ر كارلێكه‌رى نێوان ده‌ق و خوێنه‌ر نیشان نادات، به‌ڵكو ئاسۆى پێشبینیه‌كانى ده‌قیش به بنبه‌ستبوون ده‌گه‌یه‌نێت، خه‌یاڵى خوێندنه‌وه داده‌خات. كه‌واته به‌ڕاى من ئه‌و خوێندنه‌وه‌یه‌ى (د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا) له ونبوونى خه‌یاڵ و سه‌لماندنى فیكر‌و عه‌قڵدا خۆى هه‌ڵده‌گرێته‌وه، به دیوه‌كه‌ى دیكه‌ش جوانى ئه‌و خوێندنه‌وه له‌وه‌دایه بوونى منى خوێنه‌ر له‌برى بوونى منى دانه‌ر ده‌رده‌كه‌وێت، به مانایه‌كى دیكه سێنترالیه‌تى ده‌ق له‌ق ده‌كات و ئه‌رزش بۆ په‌راوێز ده‌گه‌ڕێنێته‌وه. به‌و مانایه‌ش له‌رێگه‌ى كرده‌یه‌كى چالاكانه سپێتى ده‌ق پڕ ده‌كاته‌وه، ئه‌وه‌ش ئاماده‌گى خوێنه‌ر و مه‌رگى دانه‌ر له چركه‌ساتى خوێندنه‌وه‌ى خوێنه‌ر ده‌خاته روو.
سه‌رچاوه‌و په‌راوێزه‌كان:
-المصطفى عمرانی، القراءة و التأویل بین امبرتو ایكو و فولفغانغ ایزر، مجله/ فكر و النقد المغربی- العدد 67،2005 .
-یه‌كێك له جیاوازییه‌كانى له‌گه‌ڵ ئیكۆ ئه‌وه‌یه كه ئایزه‌ر ده‌وڵه‌مه‌ندى ئه‌ده‌بى كلاسیكى له‌وه‌دا ده‌بینێته‌وه كه به‌درێژایى مێژوو یه‌ك پرسیارى رووبه‌رووى خوێنه‌ران كردۆته‌وه.
- المصطفى عمرانی، القراءة و التاءویل بین امبرتو ایكو و فولفغانغ ایزر، مجله/ فكر و النقد المغربی- العدد 67،2005 .
- بڕوانه: نصر حامد ابو زید- شكالیه القراءه و التأویل- المركز الثقافی العربی- ط4-1996/ الفێل الاول، ێ31،32.
- د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، بوون له شیعرى "مه‌حوى"دا، چاپخانه‌ى تیشك-سلێمانى، چ1، ل23، 29.
- نصر حامد ابوزید، اشكالیات القراءه و الیات التاْویل، المركز الثقافی العربی، دار البیضاء-المغرب، بیروت-لبنان، گ7، 2005،
- له كۆى ئه‌و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌دا ده‌قه‌كانى مه‌حوى له‌یه‌كتر جیا نه‌كردۆته‌وه، وه‌ك جه‌سته‌یه‌ك كه ساته‌وه‌خت و فه‌زاو بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵى تایبه‌ت به‌خۆى هه‌یه، به‌ڵكو بێ ئه‌وه‌ى ره‌چاوى جیاوازى نێوان ده‌قه‌كان بكات، بۆ پراكتیزه‌كردنى نیازه‌كانى خۆى له‌كۆى دێره جیاوازه‌كانى شیعرى مه‌حوى هه‌وڵى به‌ڵگه‌هێنانه‌وه ده‌دات، وه‌ك ئه‌وه‌ى مه‌حوى هه‌موو ده‌قه‌كانى به یه‌ك نه‌فه‌س و یه‌ك فه‌زاو بیركردنه‌وه‌و خه‌یاڵ نووسیبىَ.
- د. محه‌مه‌د ئه‌مین عه‌بدوڵڵا، بوون له شیعرى "مه‌حوى"دا، ل65.