نیگارە رووتەکانى ئاو
 

عەبدولموتەڵیب عەبدوڵڵا
کانوونى دووەمى 2009
 

(1)


باران بەمەستى لە پاڵ بزەیەک کە گەڵاکانى
ئەوەندە سەوزن وەک ئەوەى مەرگ بەدرۆ بخەنەوە
شین شین
دێتەخوارێ
بە ترپەیەک چەشنى خەون
نهێنى ئەفسانەکانى دەریا
بە با دەدا
تەم وەک کەلەشێرێکى بەزیوو
بەر لەوەى وێنەیەک لەگەڵ خۆر بگرێ
دەڵێ
ئەوەندەى بزانم
باران بۆ تێگەیشتن نا
تەنها بۆ هەستکردن
وێنەکان بە با وەدەکا
بەڵام خاک بۆ تێگەیشتن
رەنگ رەنگ دەبێ و
دێتە ژێر ئەو خۆرەى کە چرۆکانى
زەرد زەرد
وەک ئەوەى پێبکەنن
لەبن گوێ بە دەریا دەڵێن
ئەو هەموو ئەستێرە شکاوانە
لە کوێ جێگا دەکەیتەوە
دەریا بە سیحرێ دەڵێ
چونکە با بەبێ ورتە هیچ نە ژیانە
بۆ ژیان پشیلەیەک لە پاڵ سێبەرى ئاو
ئەستێرەکان دەخەوێنێ
پاشان وەک پاسەوانى خەیاڵ
خۆى دەلێسێتەوە
تەم وەک قژى با دابهێنێ
بە تاریکیدا دەڕوا
بێ دڵ دەگەڕێتەوەو دەڵێ
چونکە با بەبێ ورتە هیچ نە ژیانە
پیاو بەرانبەر ئەو پشیلەیە لە دەرکەوتنى لەناکاوى ژنێَک
بەر لەوەى خۆى رووت کاتەوە
تووشى خەیاڵشکان دەبێ
بە با دەڵێ
لە بێ باکى ئەو چۆلەکەیە رامێنە کە دەم
دەخاتە دەمى نیگارە رووتەکانى باران
پیاو بەرانبەر دەرکەوتنى لەناکاوى ژنێ
بەر لەوەى خۆى رووت کاتەوە
ژیان تەڕ دەکا
ژن بەرانبەر دەرکەوتنى لەناکاوى پیاوێ
دەریا دەیبا
با لە قسە ناکەوێ
رووت رووت لە ژیان دەڕژێ
لە پشت گەڵاکان
خاک لە باران دەپارێتەوە
لە تەک ئەو وێنەیەى نایەوێ کەس گوێى بۆ بگرێ
هەتاو لە دەریا دەپارێتەوە
مرۆڤ هێندە بەدمەست نەبێ
بەڵام خاک نوقمى دەنگێکە
بزەیەک
نقومى هەتاو.
 

(2)


ئاو بە مەستى لەپاڵ پڕشنگێ
کە زەنگییانەى چاوەکانى
روو روون
تاریکى دەخەنە بێدارییەوە
مرۆڤ بە ئومێدەوە دەکا
هەور بە خەمێکى تۆخەوە
حیکایەتى خۆى بە زەوى ساغ دەکاتەوە
بەڵام بۆ تێگەیشتن لە ئاسمان نا
بەڵکو تەنها بۆ بەبیرهێنانەوە
دوور دوور
چاو دەبڕێتە ئەو خاکەى
شەهیدەکانى وەک با
خەبات دەخەنە رستەیەکى پایزییەوە
بە سیحرێ کە خشەى دێ
لە نائومێدى
لەپاڵ سێبەرى ئاو شین دەچنەوە
شین شین
حیکایەتە شینەکان بە پێکەنینى دەریا
دەنەخشێنن
هەور وەک ئەوەى سەماى بەفر نیشان بدا
بەسەر ژیاندا دێََ
لەگەڵ ژنێک لە دەرکەوتنى خەمبارانەى
شەهید دەشکێ
باران لە وڵاتێک کە گیرفانەکانى پڕ کردووە
لە هیچ نەگوتن
کە چۆلەکەکانى لە دەرکەوتنى
لەناکاوى پشیلە
تووشى خەیاڵ شکان دەبن
رووت رووت
لە ژیان دەخزێ
زەوى لە هەور دەپارێتەوە مرۆڤ ئەوەندە
تەڕِ نەکا
لە هەتاو دەپارێتەوە رێگا لە دەرکەوتنى
مرۆڤ نەگرێَ
بەڵام ئافرەت دەریایەکە
پڕ تاریکى
تاریکى بە پەنجەى باران
نیگارى پشیلە دەکێشێ
چۆلەکەیەک
لەبرى شەهید.
 

(3)


بەفر بە مەستى خەون بە (با)ەوە دەبینێ
چەشنى سەما دەکەوێتە جەنگى پیرى
بەڵام بۆ تێگەیشتن لە خاک نا
بۆ تەرجەمەکردنى باران
دەبێ بە نۆتەیەکى سپى
بە گوێى گەڵا
لەو دیو سێبەرى ئاوەوە
هەندێجار راوچى ساتە لەبن نەهاتووەکانە مرۆڤ
مرۆڤ مرۆڤ
ژیان بە (با)وە هەڵدەکا
بەفر چین چین
دژى چینێک لە مانا دێ
لە کۆڵانى بەختەوەرى دەچێتەوە ماڵى خەیاڵ
پشیلەیەک بە بریسکەى چاوەکانى پێدەکەنێ
بە جریوە بە دڵ دەڵێ
چونکە پیاو بەبێ ئافرەت هیچ نەژیانە
بەفر ورد ورد دەکەوێتە جەنگى سەما
بە با دەڵێ
چۆن ئەو هەموو تەنیاییە بە چاودا
دێتەوە ژیان
پیاو بە مەستى خەون بە باوە دەبینێ
ژن لەگەڵ بەفر دێتەوە
جەنگى سەما
پیاو تەڕ تەڕ
با بە رستەى ئافرەت وشک دەکاتەوە.
 

(4)


دەریا بە مەستى لە تەنیشت بیابان
خەو بە رستەوە دەکا
بەڵام بۆ تێگەیشتن لە شەو نا
بۆ بەسەرکردنەوەى گەڵا شەهیدەکانى با
ئاو بەرلەوەى نامەیەک بۆ خۆر بنێرێ
بە با دەڵێ
ئافرەت بەبێ شەو هیچ نەژیانە
بۆ ژیان چۆلەکەیەک لەسەر لقى باران
پڕ بە روناکى دەڵێ
چونکە ئافرەت بەبێ شەو هیچ نەژیانە
تاریکى لە پشیلە چاو زەردەکانى خۆر دەپارێتەوە
پیاوان هێندە شەومەست نەبن
بەڵام ژنان وەک خۆر مەست
بە تاریکى
تەڕ وەک دەریا
شەپۆل دەدەن.