فڕینەکان
 


عومەر جەلال
omerjelal@yahoo.com

 

دەفڕین لەتەک کۆلارەى منداڵییدا
باڵی پەپوولەمان دەدزى بۆ فڕین
کتێبە کۆنە بەنرخەکانمان پەڕە دەکرد
بەهاوڕێَتى خەیاڵ دەستمان لە پرچى ئەستێران دەدا
هەموو جار من بەدزیى باوکمەوە دەفڕیم بۆ گۆڕستان
بەدزیی مامۆستاکانمەوە لەپەنجەرەى پۆلەوە دەفڕیم.
تۆ دەتبینى نیشتمان دەفڕى، بێدەنگ بوویت
بەردت دەبینى سەماى دەکرد و دەفڕى، هیچت نەوت
کۆترەکانى نیشتمان مەستى زەوین و باڵشکاو
جەلادەکان بە سانایی دەفڕن
عاشقە بێئومێدەکانى ناو باران لەژوورە نسرمەکاندا ونن
کوژەرى جوانییەکان لەنێو مانگدا دەئاخڤن
شیعر دەفڕێت، دەستى لە نێو دەستى کچە قەرەجێک دەنێت
باڵەکانى لە تەنیایى و یۆتۆپیا دەئافرێنێت
گۆرانى دەفڕێت بەدزى مۆزیکەوە
ئاوێنەیەکى بازرگان دەستى دەگرێت بۆ هۆڵێک لە وەڕسیی
شەقامەکانى شار شەوان لە ترسی تەنیایى دەفڕن
بۆ دوورگەى پێلاوى لاستیکى هاورێکانیان
چاوەکانم دەنێمە سەر کتێبێکى کۆن
تا تۆزى رۆژە تۆراوەکان دەمفرێنن
دەستەکانم لەسەر پشتى پشیلەیەک دادەنێم
تا فێرى بازدانێکم بکات بۆنى فڕِینى لێ بێت
ئەشێ فڕین بە تەنیا بەرزبوونەوە نەبێت
باڵندە هەیە دەفرێت و هەست بە زەویەک دەکات باڵەکانى لە سەریەتى
مردن هەیە پێیەکانى لەسەر زەوییە و بۆنى فڕینى دەگاتە مانگ
نیشتمان لە فڕیندا بوو باڵەکانى شکا
هەورێکى پر لە ئیرەیی
بە بروسکەیەکى بێبەزەیی توند باڵەکانى بەردایە سەر زەوى
هەر گیاندار بوو پەڕى باڵەکانى دەبردە وڵاتێکى دى و دەیفرۆشت
هەر مرۆڤ بوو دەرگاى لێ نەدەکردەوە
فڕین لاسایکردنەوەى ئاوە بە زمانى ئاسمان
فڕین هەڵهاتنە لە فڕین
فڕین جۆرێکە لە شاعیربوون
جۆرێکە لە تارماییەکانى خۆکوشتن
فڕین جۆریکە لە هەناسەدانى مەرگ بەدزیى ژیانەوە
دەروازەیەکە بۆ گەڕان بۆ دۆزینەوەى پارچە شکاوەکانى عەشق
پەیامێکە رەنگەکان دەیبینن
دەنگێکە باران ئاوێتەى دەبێت.
سەماى دۆلفینەکان هەوڵە بۆ فڕین
راکردنى جوجکى لە هێلکە هەڵتۆقیو حەزى فڕینە
لوتکەى چیاکان دڵى زەوى بووە
بەستوویەتى لە نمایشى فڕیندا
لە ساتى شیعر نووسیندا پەیڤم بینیوە فریوە
لە ساتى کردنەوەى پەنجەرەدا بەدەیان نیگام فڕیوە
لە پیاسەکردنم لەتەک باخچەکان گەڵاکانم بە باڵەوە دیوە ونبوونە لە ئاسمان
شەپۆلى ئاوم بەتاسەوە بینیوە هەوڵى فڕینى داوە
خەونم بە درەختەوە بینیوە لە سەر مانگ روواوە و فڕیوە
دەفڕین بێ ئاگا دەفڕین
دڵم یەک جار فڕِى و نەگەڕایەوە
تۆ دەتبینى ئەزیزم دڵم دەفڕى
بە ناشوێندا ون بوو
وەک باڵندەیەکی نەشارەزا ون بوو لە کۆڵانە تەسکەکانى ئەستێرەدا
وەک دوکەڵى جگەرەیەکى تەڕ
لێوانلێو لە بۆنى عەشق
جەستەى سڕم هەنووکە بێ دڵە
نمایشی مێروولەکان
ماناى فڕین راڤە دەکەن
خۆکوشتنى درەختێکى پیر
لە ئیرەیی فڕیندایە، کە ناتوانێت بفڕێت
کوڵەبەرۆژەیەکى پەژمووردە
هێند کەوتە دواى تیشکى خۆر و خۆیهەڵواسى
لەبەرگى خۆى هاتە دەر و ئارەزووى فڕینى دەکرد
رەشەبا هیچ نییە جگە لە هێرشى بێماناى دژە فڕین
کۆلارەى منداڵیى پەیامى فڕینە بە بێدەنگى
باران پەنجەرەیەکە بۆ بڵاوکردنەوەى بۆنى فڕین
بەفر دواین هەوڵە بۆ وێنەگرتنى فڕین بۆ مانەوە
فڕین جۆرێکە لە ون بوون
ونبوون لکێکە لە فڕین
بەدەم باوێشکدانەوە دەفڕم
لە ناو سرووتى نزایەکدا دەفڕم
بە دەنگى پژمەى نێرگزێک هەڵدەستم
لە ترسی خشپەى ئاو دەفڕم
گەڵا وەریوەکانى پایز لەتەک خۆم دەبەم
ماڵێک لە ژێر باڵى ئەستێرەیەکدا چێ دەکەم
دەفڕم تا سنوورى نا کۆتا
دەکەومە دواى باڵى چۆلەکەیەکى نامۆ
دەفڕم بۆ پشتى بێدەنگى
تا ون ببم لە فڕیندا
تا دەگەمە لوتکەى مردن
ئەو درەختەى لە نسێیدا دوو عاشق بە یەکگەیشتن
گەڵاکانى هەنووکە دەفڕن
ئەو پیرییەى منداڵییەک ئاوێتەى بووە
نیشتنەوەى لە زەویدا نییە
ئەو شیعرەى پاش خوێندنەوە بەرگى دى لەبەر دەکات
نهێنى فڕینى هەڵگرتووە
نهێنى فڕین تەنیا باڵندەکان نایزانن
-با- بەو هەموو تەمەنەیەوە نازانێت
فڕین بۆ ؟
 

ئۆگۆستى 2009