... به ته‌نها ڕۆحێکه‌وه
ڕێباز مه‌حمود، هۆڵه‌ندا ٢٠٠٩
rebazmahmud@hotmail.com
چه‌ند بارگاویم پێت ، که‌چی دڵنیام له بێده‌سه‌ڵاتی تۆ
له ئاست شۆڕبونه‌وه‌ی لاره‌ملیی زۆرێک له ساته‌کانم
بۆ ژێرڕای ئه‌م ئاوه‌دانیه سارده ...
وه‌ک زه‌لیلی به‌هار به هه‌موو هه‌یبه‌تی خۆیه‌وه
له ئاست وه‌رینی گه‌ڵایه‌کی سه‌وزدا
که بایه‌کی عه‌جول له لقی سه‌روه‌ختێکی ڕووخۆشی ده‌کاته‌وه !
بۆیه وه‌ها په‌رێشانم ئه‌ی شازاده‌ی میهر ...
ئاخر به ته‌نها ڕۆحێکه‌وه ،
چۆن فریای ڕزگار کردنی ساڵه‌کانم بکه‌وم له ژێر چنگی دڵره‌قی ؟
چۆن فریای ئاشتکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو دڵشکاویه بکه‌وم ،
که له گۆشه و قوژبنه تاریک و سارده‌کانما
تۆراو له هه‌موو ژیان ،
خه‌و بردوونیه‌وه ؟
به ته‌نها ڕۆحێکه‌وه
خه‌ممه چیتر تاقه‌تم نه‌مێنێ ،
له ئاودانی هه‌موو ڕۆژه‌ی لاولاوی به‌ر په‌نجه‌ره‌ی سه‌فه‌ریبوونم
وه‌ختێک ڕه‌گی من له کۆڵانی شارباژێڕدایه و
له قه‌راغ جۆگه‌یه‌کی بێ‌ناز ...
له ناو زۆروزه‌به‌ندی ڕێگاکاندا ،
ئه‌ترسم ده‌ستی تۆ له ده‌ستم بترازێ و
زه‌ینم نه‌مباته‌وه سه‌ر ناسینه‌وه‌ی ئاشناییم به تۆ و
به‌ڕێگای چۆڵی ئێواره و
پیاسه‌یه‌کی ئه‌وێنده‌ری خۆم له‌گه‌ڵ خۆم ...!
له مه‌یدانی ئه‌م هه‌موو شه‌ڕه بێمانایانه‌ی ،
سنووره ڕاسته‌قینه‌کانی ژیان پێک ده‌هێنن
به ته‌نها ڕۆحێکه‌وه ،
پێم بڵێ چۆن به‌رگه‌ی ئه‌م هه‌موو بگره‌وبه‌رده‌یه‌ی زه‌مان بگرم ؟
چۆن حه‌وسه‌ڵه‌ی ناشتنی ته‌رمی ئه‌و هه‌موو ناموردایه‌م هه‌بێت ؟
پایز زه‌رد ده‌چێته‌وه له ژێر وه‌رینی باخه‌کانی خه‌وندا
ده‌بێت بۆسه‌ری چه‌نده‌مین جار به ته‌نها ڕۆحێکه‌وه
ببمه باخه‌وانێکی پیر و
شوێنی ته‌ڵانه‌کان ،
بۆ سه‌رله‌نوێ داچاندنه‌وه‌ی تۆ‌و ڕێحانه‌کان
خاوێن بکه‌مه‌وه !؟
ئاخر هێشتا من هه‌ر ده‌مه‌وێت بیسه‌لمێنم منداڵم و
تاقه‌تی ئه‌م توڕه‌هاتی گه‌وره‌بوونه‌م نیه ...
که نازانم ،
حه‌یف بۆ نه‌تتوانی ،
ڕێگا بگری له هاتنم بۆ ناو ئه‌م جه‌نجاڵستانه ..؟
گله‌یی دنیام له خۆم هه‌یه ،
چاوی یاریه‌کانی کۆڵانه‌کانتم به ده‌سته قه‌به‌کانی ترس گرت و
ئه‌و تۆ لێ ونکردنه‌ی تۆم لێیان بزر کرد ،
نه‌مهێشت چاویان پێت بکه‌وێته‌وه !
بۆ له جیاتی ئه‌وه گوێم له ترپه‌کانی دڵم نه‌گرت ،
که ئاوازی تۆی فێنکترین گۆرانی بوون ؛
بۆ منی موسافیری ناو دۆزه‌خی ته‌نهایی ...؟
من بکوژی ڕاسته‌قینه‌ی خۆم بوو له تۆدا ،
تۆ بڵێی خه‌ون دادی ئاشتبونه‌وه‌ی تۆ بدات له‌گه‌ڵ په‌شیمانیم ... ؟
تۆ بڵێی میهره‌بانی ،
توانای هێنانه‌وه‌ی منی هه‌بێت له لوتکه بڵنده‌کانی ته‌نهاییه‌وه ،
بۆ ناو شاره نائاشکراکانی تۆ ؟!
گومڕایی من ئه‌وه‌یه که به ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌که‌م :
خۆ من هیچ دوژمنایه‌تیه‌کم له‌گه‌ڵ (با) دا نیه ...
ئیدی بۆ خۆی ده‌کێشێت به په‌نجه‌ره‌ی ڕۆحمدا و
هه‌میشه په‌ڕه‌ی تازه‌ی ته‌مه‌نم هه‌ڵده‌داته‌وه و
به‌ده‌نگی سه‌رما پێم ڕاده‌گه‌یه‌نێت
که من بۆ وه‌ها سه‌رقاڵم به گه‌رم ڕاگرتنی ماڵ .... !
ئاخر من تێناگه‌م ئه‌و ڕاست ده‌کات ...
ماڵ جگه له‌وه‌همێک ،هیچی تر نیه له کۆڵانه زۆره‌کانی زه‌مه‌ندا .
ماڵ خه‌یاڵێکه و حه‌قیقه‌ت دروستی ده‌کات ....
به‌ڵام خه‌یاڵی من
هه‌رجاره‌و به‌ده‌ستی حه‌قیقه‌تێکی ناشیه‌وه زایه ده‌بێت !
به‌ڵام (با )هه‌میشه بیرم ده‌خاته‌وه ،
من هیچ نیم جگه له هه‌ندێ کاغه‌ز
که ئه‌و به ئاسمانی خۆیدا و به ئاره‌زووی خۆی یاریم پێ ده‌کات ...
با ... چه‌قۆی ده‌ستی زه‌مه‌نه و
هه‌موو ساتێک له ڕۆحی مندا ئه‌شنێته‌وه
بۆنی فیراق و بۆنی کۆچه‌ری بوون ده‌پژێنێ به‌ڕووی ڕێبواراندا ...
ئه‌وه‌ی لێشی ده‌چۆڕێته‌وه له جیاتی خوێن ،
تۆخترین ئه‌سه‌فی دڵمه ...
بۆیه رووم نایه‌ت خۆم کۆکه‌مه‌وه
ڕووم نایه‌ت ئه‌م جه‌نگه‌ڵه خواروخێچه له‌به‌رده‌می تۆدا ڕابخه‌م و
دڵم نه‌ترسێت له‌وه‌ی
هه‌زاران هۆ نه‌تکه‌ن به نێچیری له خه‌و هه‌ستانی دڕنده‌ییم ...
به ته‌نهاباڵی و به له‌پی ته‌نها ڕۆحێکه‌وه
زۆر به‌شێنه‌یی ؛
بۆیه‌ی جوانیه‌کانی ساده‌یی له مشتی خه‌ونم قڵپ بوونه‌وه و
ڕژان به‌سه‌ر یاده‌وه‌ریمدا ،
به‌سه‌ر گریان و
کڕوزانه‌وه‌ی ته‌نهایی و
که‌ڕی دنیادا ...
که‌چی وەک دروەشانەوەی ئەستێره له‌ناو بێده‌نگی تاریکه شه‌ودا ...
کاتێک تاڵی و شیرینی ده‌ڕژێنه یه‌کتریه‌وه
سه‌رده‌می ونبوون خۆی ده‌کاته‌وه
من ده‌مێکه‌له‌وێم ...!!
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی پرژه‌یه‌ک باران به‌ر تینوێتی بکه‌وێت
ئیدی ئه‌سته‌مه خه‌م بناسیته‌وه له جه‌سته‌ی خۆیدا
هه‌ر بۆیه ئێستا به‌گومانترین پیاوی ئه‌م ده‌ڤه‌ری غه‌ریبیه‌م ...
لێگه‌ڕێ به ته‌نها ڕۆحێکه‌وه ،
چۆن فریای شه‌رحی ئه‌م هه‌موو له‌حزانه‌ی دووری بکه‌وم ؟
گله‌ییم لێ مه‌که له ئاست ڕۆژه ماتماتیکیه‌کانی ناو کتێبی جه‌بری مانه‌وه‌م
له‌م پۆله سه‌خت و نه‌بڕاوه‌ی غه‌ریبیدا ،
فره کۆڵ و ته‌مه‌ڵم !
هه‌موو جار له پشوه کورته‌کاندا به خۆم ده‌ڵێم
ڕه‌نگه دره‌ختێکی باڵابه‌رز په‌لی شپرزه‌یم بگرێت و
دۆستانه بمباته که‌ناری سێبه‌رێکیه‌وه و پێم بڵێ :
وه‌ک ئه‌وه‌ی هه‌میشه تازه له خه‌و هه‌ڵبستی ،
ده‌تبینم به چۆڕێک سه‌وزی و له‌نجه‌ی من
ده‌موچاوت ده‌شۆیت و له ته‌پوتۆزی مه‌ینه‌تباری پاکی ده‌که‌یته‌وه ...
تۆ پیاوی بیره‌وه‌ریه‌کان نیت ،
به‌قه‌د ئه‌وه‌ی بیره‌وه‌ری خۆی ده‌یه‌وێت بتکاته هی خۆی !
چه‌ند به ناو شاره گه‌وره‌کانی زه‌مه‌ندا خۆت بڵاو ده‌که‌یته‌وه ،
دواجار ڕابوردوو ،له‌وسه‌ری هه‌ر کۆڵانێکه‌وه بۆت پێده‌که‌نێ ...
ڕابوردوو، نیشتمانی به ده‌ستبه‌سه‌ری پێیه و
له‌گه‌ڵ تۆدا هه‌میشه له مامه‌ڵه‌دایه ...!
ڕابوردوو ، وه‌ک ژنێکی ناسک به به‌رده‌م ئێواره‌کانتدا تێپه‌ڕ ده‌بێ و
تۆش سوور ده‌زانی له‌و ڕۆژانه‌دا ،
که غه‌ریبی به خێری خۆی پێی به‌خشیوی ...
جێگای دڵداری نابێته‌وه و که‌چی وه‌ک کانیه‌ک ،
ڕۆحت قوڵپ ئه‌دات له بیره‌وه‌ری ...!!
ڕابوردوو ، به پێی قوڕاوی خۆیه‌وه دێت و
یه‌کسه‌ر ده‌چێته سه‌ر کتێبی ئیمانت
سوێندت بۆ ده‌خوا که چاوی له مناڵه‌کانی خۆیه‌تی
له کۆڵانه‌کانی پاشه‌ڕۆژی تۆدا
به شوێن باوکیاندا ده‌گرین که چوه سه‌فه‌ری بازاڕه‌کانی ململانێ و
چیدی نه‌گه‌ڕایه‌وه ...!
به‌ڵام تۆ ته‌نها ڕۆحێکت پێیه و
هه‌موو ڕۆژێک له دوکانی ده‌و‌روزه‌ماندا وردی ده‌که‌یته‌وه :
دوای ئه‌وه‌ی وه‌خت به‌شی ئۆقره‌گرتنێکی ناو سیحری گەڵایه‌کی هێشتا سه‌وزو
وه‌خت به‌شی ڕۆشتن بۆ ئیش و
وه‌خت به‌شی ڕێکخستنه‌وه‌ی په‌رشوبڵاویه‌کان و
وه‌خت به‌شی ئاوڕدانه‌وه له جێمانی به‌هاکان و
وه‌خت به‌شی ڕوانینه داهاتووی نادیاری پێ ده‌کڕیت ...
ده‌گه‌یته ئه‌و بڕوایه‌ی،
تازه وه‌ختی کڕینه‌وه‌ی مناڵی له عه‌زابی گه‌وره‌بوون
واده‌ی تێپه‌ڕیوه و
ڕۆحێک که بۆ ئه‌م هه‌موو ده‌رده‌داریه خه‌رج بکرێت ،
ئه‌سته‌مه له جه‌سته‌ی عه‌شقا بۆ هه‌میشه‌یی جێگایه‌کی پێ ببڕێت ...!