من که‌سێکی غه‌فڵه‌تزه‌ده بووم !
ڕێباز مه‌حمود
هاوینی ٢٠٠٩ - هۆڵه‌ندا
غه‌فڵه‌تزه‌ده من بووم،
من ... که ژیانم گرێدا به گره‌وی قسه‌وه !
له کاتێکا دنیا شێتانه به پانتایی چاره‌نوسی مندا،
کاره‌ساتی گه‌وره به‌سه‌ر ڕاکشانی نیازه‌کانما ده‌ئاژوێ و
هێشتا خه‌ونم به ئاسمانه‌وه هه‌ر له شه‌قه‌ی باڵ ده‌دا و
خه‌یاڵ له هێلانه‌ی زه‌ینمه‌وه،
هه‌ر خه‌ریکی باڵه‌فڕێیه ...
تا دێ هه‌وری عه‌به‌س خه‌ریکه به‌سه‌ر ڕۆحما بته‌پێ ...
چیرۆکه‌کانم وا چۆڵم ده‌که‌ن،
ته‌مه‌نم وا ده‌کرێته ئه‌رزی موحه‌ڕه‌مه،
دوا حیکایه‌تم وا باڵ به حه‌رفه‌کانی خۆی ده‌به‌خشێ ...
مه‌رگ هه‌ر نزیک ده‌که‌وێته‌وه و
هه‌ستی شاعیرانه‌م به ناو سه‌رابدا که‌وتۆته غار ...
سه‌فه‌ر به‌ردێک بوو
شکانی سه‌ری دووریم له ئازیزان
خوێنی عه‌زره‌تم ئه‌چۆڕێته ناو ڕسته‌یه‌کمه‌وه،
پڕ پڕ له ته‌ریق بوونه‌وه‌ی ته‌نهایی.
خه‌جاڵه‌تباریه،
له نێوان هاتن و ڕۆشتنێکا
که‌شێک نه‌ڕه‌خسا
بۆ دواجار قسه‌یه‌کی خونچه‌به‌ده‌می تیا بپشکوێ،
فراوانتر له هه‌موو سه‌رزه‌مینی تلیاکی ڕیایی ...!
داوه‌شینه
مانای کام وشه‌ی ناسک هه‌یه،
له ژێر پێی کرده‌وه‌ی ئاسنیندایه ...
دیواری زیندانه‌کانی من به قسه‌ی ڕه‌نگین و
به چنگه‌کڕێی حه‌سره‌ت،
هه‌ڵکۆڵراون.
هه‌ر داڵغه‌یه‌کی پاک ده‌ست بکا به باخه‌ڵی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌دا،
ده‌توانێت له گژوگیای کێوی و کانیاوی نیه‌تی ته‌ڕ
له ڕۆحی سروشته‌وه،
زۆرترین ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌ری نادادی بسازێنێ ...
ئه‌دی بۆ ئه‌و هه‌موو کوشتاره
له ژێر خاکی بیانووی ئێمه جێی ده‌بێته‌وه و
پیاسه‌ی ته‌نیشت گۆڕستانه‌کانمان پێ عه‌یب نییه و
به ده‌نگی به‌رز پێده‌که‌نین ؟
بۆ هه‌میشه خه‌ره‌ندی تازه،
له ناو نیازی ئێمه‌دا که‌شف ده‌بێ و
ملی خۆشه‌ویستی تیا ده‌شکێ ؟
ده‌ستوپلی شیعر به‌م نه‌رمونۆڵیه‌ی خۆیه‌وه یاران
مه‌حاڵه بتوانێ و
غه‌فڵه‌تزه‌ده بووم
پێم وابوو ژه‌نگی په‌نجه‌ره‌ی ڕۆحی بۆ لێده‌کرێته‌وه !
منم که‌سێکی غافڵ
وا ده‌زانم ده‌کرێت ده‌ڤه‌ر هه‌مووی پڕکرێت له نه‌ونه‌مامی خۆشبه‌ختی
به هوتاف کێشان بۆ
قسه‌یه‌کی دێرینی قژ ماشوبرنجی
قسه‌یه‌کی ئاشنا به هیلاکی ڕۆح،
لە هەرێمه سه‌وزه‌کانی عاره‌قه‌ی ڕژاوی ناوچاوان ...
به هوتاف کێشان بۆ
مناڵێکی تازه زمان پژاوی من له توڕه‌یی
له‌سه‌ر هه‌قی شوێن پارکێکی خنجیله ،
که له‌ناوه‌ڕاستی شاردا و
به‌به‌رچاو بێده‌ربه‌ستی ئێمه‌وه
له‌گه‌ڵ ڤێلایه‌کی چوارشانه ده‌نگیان له‌یه‌ک هه‌ڵبڕیوه ...
به هوتاف کێشان بۆ
به‌ردی ڕقهه‌ستانی پێاوێکی جێماو له پاشماوه‌ی خه‌بات
له ئاپۆرای به‌رده‌م مزگه‌وتی گه‌وره و
له قۆچه‌قانێی ده‌ستکورتیه‌وه
ڕوو به‌و ماشێنه تیژڕه‌وو جامڕه‌شانه‌ی،
تایه‌کانیان له دزی و
سوکانیان له په‌شیمانبوونه‌وه‌ی ئاراسته‌ی قیبله‌کان ...
غه‌فڵه‌تزه‌ده‌م،
واده‌زانم ده‌کرێت چیاکانی خه‌یاڵ
هه‌مووی پڕبکرێت له نزاری جه‌ده‌ل
به‌ڵام به‌مه‌رجێک وتاری سیاسیه‌کان ئاقڵ بن و
نه‌یه‌ن هه‌ڵیان کێشنه‌وه !
ئاخر گفتاری پیاوه گه‌وره‌کانی نیشمان بازۆڵه‌یان ئه‌ستووره
ده‌ست به‌نه باڵابه‌رزترین دره‌ختی عه‌شقی مه‌مله‌که‌ت،
له بنا ده‌ری دێنن.
لە مێژه قسه‌ی خۆشی سه‌رکرده‌کانمان،
به پێڵاوه‌وه باخه‌کانی خۆشخه‌یاڵیمان هه‌ڵده‌شێلن،
بۆیه سه‌روگوێلاکی ڕه‌شه‌ڕێحانه‌کانی دایکم و
لاولاوی حه‌زی من و
شه‌وبۆی به‌ختی قه‌یره‌کچان،
به‌قه‌راغی دێراوی نه‌گبه‌تیه‌وه نووساون .
غه‌فڵه‌تزه‌ده منم،
که، سوور ده‌زانم سه‌رده‌مم له‌سه‌ر په‌نجه‌ی وه‌حشه‌ت ده‌خولێته‌وه و
وڕوکاسی میهر و ته‌ڵخی په‌نجه‌ره و گیانه‌ڵای دۆستی،
ناهێنمه سه‌ر خۆم !
په‌لکی شیعر و
چڵی سۆز و لاله‌زاری وشه‌ی ڕه‌نگاو ڕه‌نگ و
بۆنی نێرگزه‌جاڕی ڕووخۆشی،
هه‌میشه، خۆمم تیاندا شارده‌وه ...
به‌رده‌وام، سه‌رخه‌وی منی تیا شکا ....
به‌ڵام شکانی نه‌بڕاوه‌ی من له‌ژێر زه‌بری پێیه‌کاندایه
ئه‌و پێیانه‌ی تێکه‌ڵه‌یه‌کن له پێی جڕت به‌سه‌ر به‌فری دڵسافی و
پیێ پیاسه‌ی ناو ئێوارانی فه‌رامۆشکردن و
پێی له‌شکرکێشی ڕۆبۆته‌کان ...
نه‌فامترین که‌سی دنیا منم،
که له‌ناو بێده‌نگیدا خه‌ڵوه‌تێکم سازاندوه
بۆ شاردنه‌وه‌ی ده‌ستبه‌تاڵی ئه‌و قسانه‌ی
ڕۆژانێکی منیان له به‌رامبه‌ر بێ‌ئینسافی زه‌ماندا،
به کوشتدا ...
وڵاتێک نییه،
که‌لله‌سه‌رێک شک نابرێ،
نه‌نازێت به ئاوازی ژاوه‌ژاوی خۆیه‌وه ...
به‌ڵام له‌میانی شه‌ڕی نێوان هێمنی و پیا هه‌ڵشاخان،
شه‌ڕی نێوان قسه‌یه‌کی نورانی و
مه‌مله‌که‌تێک شه‌ڕانگێزی ...
ده‌موله‌فزی شیرینی شیعرێک و
نه‌زاکه‌تی په‌پووله بۆ جاوید کردنی باخی جوانی و
په‌رچه‌کرداری چه‌کبه‌ده‌ستانی هه‌ڵپه‌و توڕه‌یی ...
به‌زه‌ییم به عیشقێکا دێته‌وه
پێی وایه،
پشتی ڕق ئه‌دات له زه‌وی !
پێی وایه،
نیهادی ئه‌و (با) یه‌ی پێ که‌له‌پچه ده‌کرێت؛
گێچه‌ڵ به بێده‌رتانی ناو مه‌غریبێیکی مه‌غرور ده‌کات و
به‌به‌رچاوی خوا و جوانی و
هه‌ڵای فیکره‌وه
ڕوومه‌ته‌کانی تا ناو مردن سوور هه‌ڵده‌گه‌ڕێنێ !
به‌زه‌ییم به‌و وشانه‌یا دێته‌وه
قاچی خۆیان تا ئه‌ژنۆ لێ هه‌ڵکردووه و
به‌سه‌رکزی و به هه‌نگاوی نه‌رم
له ناو قوڕوچڵپاوی زوڵمه‌تدا،
گه‌ره‌کیانه عیشقی پاک بنووسنه‌وه !