بۆچى تیراژى بەرهەمەکانى کاروان کاکەسوور هێندە کەمەن؟!!
 



سۆران ئازاد – چۆمان
Soran_darbandy@yahoo.com



کاروان کاکەسوور ئەو نووسەرەى ئێمەى گەراندەوە بۆ مناڵى. ئەو جیا لە زۆربەى نووسەر و ناودارانى جیهان کەدواى ئەوەى ناوبانگیان پەیدا ئەکرد هەڵدەستان بەنووسینەوەى یاداشتەکانى مناڵى و ژیانیان، بەڵام کاروان بەر لەهەرشتێک مناڵى خۆى پێشکەش بەئێمە کرد و بەنیگا مناڵیانەى خۆى ووتى ئەوەتا مناڵى من سەیرکەن من هێشتاش مناڵم ئەگەر مناڵیم نەبێت ئەستەمە بۆم بنووسرێت. کاروان سەرەراى ئەوەى یەکێکە لە نووسەرە هەرە جدیەکانى ئەمرۆ کەژمارەیان لەپەنجەکانى دەستە تێپەر ناکات رۆشنبیریەکى ئێجگار فراوانى هەیە، ئەگەر ئەو گفتوگۆیانە بخوێنینەوە کەلەگەڵ کاروان سازدراون بەتایبەتى کۆمەڵە گفتۆگۆى"مناڵێک بەدزیەوە کتێب دەخوێنێتەوە. کە دانا فایەق لەگەڵى سازداوە" ئەوا هەست بەوە ئەکەین کاروان لە دیالۆگا زمانێکى ئێجگار دەوڵەمەندى هەیە پێچەوانەى کۆمەڵێکى نووسەر کەناوبانێگى باشیان هەیە بەڵام بەداخەوە ئەکرێت بڵێن لەرووى مەعریفى و دیالۆگا زۆر لاوازن. کاروان لەکتێبى "مناڵێم ئاسکێک بوو بەسەر پەلکە زێرینەکان باز بازێنى ئەکرد" سەرەراى بیرەوەریە جوانیەکانى زمانێکى ئێجگار جوان و چیرۆکیانەى خوڵقاندووە کە مێژووى ئەدەبى کوردى بەخۆیەوە نەبینیوە. دواتر لە کۆمەڵە چیرۆکى "ئەسپیدیلۆن" وامان لێئەکات سەرسام بوەستین بەو هەموو تەکنیکە جوانانە و ئەو شێوە نووسینە جوانە، کۆمەڵە چیرۆکى ئەسپیدیلۆن هەر چیرۆکێک لەگەڵ چیرۆکێکى ترى شێوازى گێرانەوە و فۆرم و ماناى جیایە پردێکى بەرین لەنێوان چیرۆکەکان دروست بووە سەرەراى جوانى خەیاڵ و فەنتازینى کارەکتەرەکان، لەوەش گرینگتر کاروان تاقوڵایى ناخ و تا قوڵایى ئێسک و گۆشتى کارەکتەرەکان رۆیشتووە، ئەوەش سەلیقەیەکى ئێجگار باشى ئەوێت، لەمەوە جوانى و تواناى کاروانمان بۆ بەدیار ئەکەوێت.


رۆمانى "مامزێر" ئەو تێکستەى پرە لە رەهەندى فیکرى و فەلسەفى. تێکستێک میتافیزکیانە ئەروانێتە رۆح و جەستە. کاروان لە رۆمانى مامزێر یارمەتیمان ئەدات بۆ تێگەیشتن لەکۆمەڵێک چەمکى فیکرى فەلسەفە لە لاپەرە 20 رۆمانى مامزێر ئەڵێت "رۆح لەناو بینین دایە نەک جەستە" ئەوا لەو ووتەوە ئەمان گەرێنێتەوە بۆ فەلسەفەى سروشتى یۆنانى کۆن و یارمەتیمان ئەدات لەو کایە فەلسەفیە تێبگەین کەمێژووى فەلسەفەى سروشتى بەخۆیەوە بینیوە، کاروان نەک تەنها ئەمانگەرێنێتەوە بۆ ناخ و وجودى خۆمان بەڵکو یارمەتیمان ئەدات لەودیو شتە شاراوەکانى رۆح و جەستەمان بگەین، ئەوەى کاروان خوڵقاندوویەتى رەنگە ئەگەر خوێنەر زۆر بەووردى رۆمانەکە نەخوێنێتەوە هەست بەتەکنیک و زمانە باڵاکەى ئەو تێکستە نەکات، ئەم تێکستە شایەتى لێکۆلینەوەى فیکرى و فەلسەفەفى یە، بەڵام بەهۆى لاوازى رەخنەى کوردى هەقى تەاوى پێنەداراوە جگە لەچەند رۆشەنبیرێک کەس لێکۆلینەوەیەکى جددى لەسەر رۆمانەکە نەکرد.


لەرۆمانى "سوارەکان بەقاچاغ بووکیان گواستەوە" سەرەراى ئەوەى بیرۆکە جوانەکە هى "دوارۆژ"ى کورى "کاروان کاکەسوور"ە بەڵام لەوێشەوە هەست بەزمانە باڵاکەى کاروان ئەکەین، کاروان لەهەر تێکستێک بۆ تێکستێکى تر داهێنان لەشێوازى گێرانەوەى چیرۆکەکە ئەکات، رۆمانى "سوارەکان بەقاچاغ بووکیان گواستەوە" شێوازى گێرانەوەى تەنها کارەکتەرێک نیە بەڵکو چەند کارەکتەرێک تیایدا رۆڵى گێرانەوە ئەبینن و لەوێوە ئەمانباتەوە ناو خەیاڵ لەو رۆمانە جوانى خەیاڵمان بۆ ئەدۆزرێتەوە. ئەو تێکستەش دیسان سەرسامان ئەکات بەو هەموو رەهەندە جوانانە.


یەکێکى تر لەکارە هەرە جوانەکانى کارون وەرگێرانى چیرۆک و شیعرى مناڵانە. کاروان زۆر خەمخۆرى مناڵانى کوردە هەر ئەم خەمخۆریەش واى کردووە دەست بەوەرگێرانى چیرۆک و شیعرى مناڵان بکات. "بیست کتێب بۆ مناڵان" یەکێکە لەکارە هەرەجوانەکانى کاروان کەلە ئینگلیزیەوە وەریگێراون ئەو نەک تەنها وەریگێراون بەڵکو هەوڵى داوە لەرێگەى ئەو بەرهەمەى مناڵى کورد فێرى ئینگلیزى بکات. ئەو بەرهەمە نەک تەنها مناڵان بەڵکو گەورەکانیش ئەتوانن سودى لێببین و فێرى زمانى ئینگلیزى بن. ئەم بەهەرمە وەرگێردراوە بەخشندەیى کاروانمان بۆ دەردەخات. کەیەکێک لە رەوشتە هەرە جوانەکانى کاروان بەخشندەیە. جگە لەوەش کاروان هەرگیز حەز بەپیاهەڵدان و ریکلام کردن ناکات. کاروان بۆهیچ بەرهەمێکى خۆى ریکلامى لە رۆژنامە و گۆڤارەکان نەکردوە بەڵکو خوێنەرە خەمخۆرەکان و رۆشنبیرەکان ستایش و خۆێندنەوەى جدیان بۆبەرهەمەکانى کردووە و ئاوا ئاسان بەسەریان باز نەداوە.
کاروان بێدەنگ نەبووە لەو کێشەو گرفتانەى کەکۆمەڵگاى کوردى تووشى بووە، گفتوگۆى "حەمە کاکەرەش" کەلەبارەى ئەنفال لەگەڵ کاروان کردوویەتى کاروان پەى بەچەندین نهێنى گەورە بردوە و کارەساتى ئەنفالمان زۆر بەجوانى بۆ شیدەکاتەوە لەوێوە رۆشنبیرى کاروانمان بۆ بەدیار دەکەوێت. وەلەماوەى هەڵبژاردنیشدا کاروان بێدەنگ نەبوو وەکو هەموو ئەو رۆشنبیرانەى کەخەڵکیان لەکێشە مەترسیدارەکان ئاگادارکردۆتەوە. قسەکردن لەبارەى کاروان رەنگە بتوانم سەرەتایەکى بۆ دابنێم بەڵام ئەزانم هەرگیز ناگەم بەکۆتایى و حەقیى خۆى تەواو نادەمێ. چونکە زمانى نووسینى من لەئاست کاروان و خەیاڵە جوانەکانى زۆر لاوازە.


بەڵام لێرەوە غیابێک هەیە کەمن پێى دەڵێم غیابى عەقڵى رۆشنبیرى. رۆمانى "ئاى لە ڤیلیا لە ڤیلیا" رۆمانێک بەو هەموو گەورەیەو جوانى خۆیەوە بۆچى تیراژى تەنها "400" دانە بوو؟ بۆچى کۆمەڵە کتێبێک ئێستا لەکتێبخانەکان هەیە بەسانتیم تۆزیان لەسەر کەووتوە تیراژیان "2000 و 3000 و ...هتد" دانەیە و خوێنەر نایان خوێننەوە بەڵام رۆمانى "ئاى لە ڤیلیا لە ڤیلیا" لەهیچ کتێب خانەیەک دەستاناکەوێ بۆچى چاپى دووەمى ناکرێتەوە؟ لەکوێن 3500 ئەندامى سەندیکاى رۆژنامەنووسان؟ ئایا نەئەبوو هەڵوێستیان هەبوایە؟ ئەى ئەوان خۆیان بەچینێکى هۆشیار نازانن؟ ئەى بۆ بێ ئاگان لەکەمى تیراژى ئەو رۆمانە؟ بۆ بێئاگان لەجوانى و گەورەیى ئەو تێکستە کەلەسەر شانى هەموو رۆژنامەنووسێکە بیخوێنێتەوە چونکە رۆمانێکى ئاوا لەئەدەبى کوردیدا وێنەى کەمە ئایا چۆن خۆیان بەکەسانى هۆشیار و ئاگادار ئەزانن؟


رۆمانى "مامزێر" هەروەک باسم کردوە تێکستێک بەو هەموو جوانیەى خۆیەوە بۆچى تیراژى تەنها "500" دانەیە؟ ئایا مامۆستاکان لەکوێن؟ لەکوێن! رەنگە خوێندنیان بیرچووبێتەوە! ئەى خوێندکارەکانى زانکۆت لەکوێن ؟ ئەوان بۆ سۆراغى تێکستێکى ئاوایان نەکرد ؟؟؟ ئەى خوایە ئەم کۆمەڵگایە هەندێک کەسى نەبێت ئەگینا هەموویان تووشى نەخوێندەوارى بووینە ! ئەى مامۆستاکان خۆیان بەخوێندەوارترین چین نازانن؟ ئەى خوێندکارەکانى زانکۆ خۆیان بەنەوەى نوێ نازانن؟ ئەمانە مامۆستا و خوێندکارانى زانکۆن؟!


بەمەوە گەندەڵى رۆشەنبیریمان بۆ بەدیار دەکەوێت. هەر کۆمەڵگایەک گەندەڵى رۆشنەبیرى هەبوو یانى ئەو کۆمەڵگایە سەراپاى نقووم بووە لە گەندەڵى. ئاخر دەزگا رۆشنبیریەکان چۆن ئەبێت تووشى ڤایرۆسى گەندەلێ بێن!!!
بەراستى بۆشایەکى گەورە رۆشنبیرى لەنێو کۆمەڵگاى ئێمە بوونى هەیە، هیوادارم ئەو بۆشایە پربکرێتەوە ئەگینا تووشى نەخۆشیەکى ئێجگار کووشندەى عەقڵ ئەبین. کەرەنگە بمانخاتە بەردەم چارەنووسێکى نادیار و سەختى رۆشەنبیرى. ئاخر ئێمە بەکام دەزگاى رۆشەنبیریەوە بنازین؟ بڵێن ئەمەیە رۆشەنبیریمان؟ ئەمەیە!!!