دوا روانینی بەختەوەریم لەتەمدا نیشت
 


سۆران ئازاد - چۆمان
Soran_darbandy@yahoo.com
 

" دواجار بە یەكتری ناگەین.."
لەو ڕستەیەوە
هەموو چیڕۆكەكانی دنیا دەست پێـئەكەن !
                   -جەمال غەمبار
-

وەك دوو نەوەڕەس
شەڵاڵ شەڵاڵ عەشقمان لەدوای خۆمان رادەكێشا
خەونمان بوو
ئەم عەشقە بگەینینە سەر زەمینێك
پڕی بێت لە جوانی.
ئەوان هاتن و تیریان گرت لە عەشق
خوێن لە جەستەی عەشق فركەی كرد
ئیتر قاچەكانی وەستان و لێمان كەوت
وەك شەكەتبوونی باڵەكانمان لە سەرابستان.
ئەوان عەشقیان بەزامداری برد
بەدەم گەڕان بەدوای مەلای پاییز بۆ تەلقین
عەشقیان كفن كرد
بەدەم وتنەوەی سوڕەتە ئاگرینەكانی تەلقین
وتیان چەندە خێرە گۆڕ هەڵكەندن بۆ عەشق.
چونكە عەشق جارێك روانینی بۆ ئەوان نەكردبوو
چێژیان لە كوشتنی عەشق برد.
ئێمە وەك دوو نەوڕەس
كەوتینە گەوزان لە ئاگردانی جوانی
ئەوان بەدەم قاقای پێكەنیینەوە
زنجیریان خستە خەونەكانمان و
ئێمەیان بەرەوە تەم برد.
ئیتر دەروازەكانی بەختەوەری بەروماندا داخرا
رێكردن لە سەرابدا چەندە سەختە.
خوا بۆمان گریا
دەنگی گریانی خوا پڕی بوو لە لەرەی خەمناك.
من تۆم لێ‌ ونە
بێ‌ تۆ، ناتوانم لەم سەرابستانەدا ڕێ‌ بكەم
پاییز بەلێزمە، لێزمە بەسەرمدا دەبارێت و
ژیان بەو هەموو گەورەییەی خۆیەوە
بەشی چركە مەستیەكی بۆ من نەماوەتەوە.
ژیان بەو هەموو پڕاو پڕییەی خۆیەوە
بەشی خەندەیەكی بەختەوەری بۆ من نەماوە.
كاتێ‌ بەختەوەرییم لە زەردەخەنەیەكتدا بێت و
ئەویشم نەبێت، ئیتر ژیان چییە، جگە لە پووچی..؟!

گوناهبارترم لەوكەسەی كەوا هەموو بلێسەكانی ئاگری
پێدەكوژرێندرێتەوە لە دۆزەخ
چونكە تۆم خستە نێو قورگی گڕ و
خۆشم لەودیوە ونبوونی عەشق هۆن هۆن دەگریم و هاوارم دەكەم:
((لەكوێی..؟؟
ئەی ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی بەختەوەریم، لە كوێی..؟؟
لەكوێی.. ئەی فریشتەی هیواكانم..؟!
لەكام سەرابستانی مردنی
باڵەكانت لەددانی چ تیمساحێكی دڕ گیریان خواردووە..؟؟))
من غەمگینترم لەو درەختەی بێهیوایی وەراندی..
كە عەشق لای ئەوان گەمەیەكی شەیتانی بێت
من و تۆش گوناهبارترین مەخلووقین
چونكە عەشق تا دواین سنوورەكانی شێتیی خۆیی بردین.
ئەوان كە پەنجەرە بەڕووی تریفە غەمگینەكانی
عەشق دادەخەن..
تۆ بڵێی چەندە خاڵیی بن لە جوانی..؟!

خەونمان بوو:
بەدەم گوێگرتن لە ئاوازەكانی ((یاننی))
لەگەڵ تێكەڵ بوونی رۆحم بە لەزەتی (دەربەندی جەستە)ت
بفرین بەرەوە هەرێمەكانی شێتی و ئاوێتەبووون.
خەونمان بوو:
لەباوەشی یەكتردا
بە شێتی كوڕە عاشقە هەرزەكارەكەی ((مالینا)) پێبكەنین.

پێویستە بچمە خەڵوەتێكی درێژ
دەرۆم بۆ سەرزەمینێك پڕی دەكەم لە دیوار
ڕووناكیی تیا دەگوشم،
ئاسمان لەبەر چاوم ون دەكەم و
پەنجەرەیەك ناهێڵمەوە
لەڕێگەیەوە خۆر تیشكەكانی خۆیم تێدا بڵاوبكاتەوە.
من چیتر خەون بە فرینەوە نابینم
چونكە هەموو نیشتنەوەیەكم لە تاریكستانە.
تاریكستان شوێنێكی نییە، (با)ی تێدا بێتە ژوورەوە و
خاڵییە لە هەموو شتێك، پڕە لە من.
ئەی هاوار... چ شوومە ژیان..!!
وەرزی شكانی من دەستی پێكرد..
وەرزێكە ڕەشەبا لەسەر ڕەشەبا، بەسەر رۆحما هەڵدەكەن و
شكان لە ئاسمانم دەبارێت.
ئیتر دەرفەتی بینینەوەی گوڵم نامینێت و
دەزانم هەتا ماوم، عەشقێكی تر نابێت لە پاڵیدا بكەوم و
پڕم بكات لە خەونی فڕین.
ئەی خوایە
دواجار دەتەوێت چەندەی تر تێك بشكێم،
كە هیچم نەماوە بۆ شكان..؟!
ئای خۆ ژوورەكەم پڕبووە لە غاوە غاوی منداڵان
تۆ بڵێی ئیزرائیل هاتبێت و بیەوێت لەم تەمەدا ڕزگارم بكات..؟!
مەرگ لە كوێیت..؟!
وەرە پڕم بكە لە خۆت،
زوو وەرە ..
با بەبێباكییەكی زۆرەوە
تف بكەم لە ژیان..
كە بەختەوەرترین ساتەكانی من بینینی خەندەی ئەو بێت و
لەم سەرابستانەدا نەیبینم
كە خوا بەو هەموو گەوەرەییەی خۆیەوە لە چاوی ئەودا بێت و
دەنگی منی پێنەگات..!!
ژیان چییە، جگە لە پووچییەكی گەورە..!!
ژیان بەشی مەستییەكی بۆم نەماوەتەوە.
هێندە مۆڵەتم بدە شوێن پەنجەی مردنی خۆم
لەم سەرابستانە جێبهَڵم و
بەدەم هاواروە بۆ خۆشەویستەكەم بنووسم:
(خۆشەویستم، ئێواران كاتێ‌ دەگەڕێیتەوە ماڵ
ئەو ماڵەی هێندەی نەماوە دۆزەخ لەبەر تۆ
خۆی لەگەڵ تێكەڵ بكات،
چاوەڕێم مەبە لە شەقامە غەمگینەكان
بەدەم دەریایەك خەم لە ڕوخسارم
خەندەیەكت بۆ بكەم.
چونكە ئەم سەفەرەم درێژخایەنە و
سەرابستان خەندەكانم كفن دەكات و
منیش لەخۆیدا دەتوێنێتەوە،
خۆشەویستم، دەزانم جار جار
قەپارێك دەگرن لە رۆحی پڕ جوانیت و
زامدارت دەكەن.
بەڵام چی لە منی گوناهبار دەكەی..؟!
توخوا بموورە، شەڕكردن لەگەڵ ئەوان
وەك وەستاندنی زەمەن وا بوو،
چونكە دەنگی تۆ نەهات،
منیش لاسكی گەڵا وەریوەكان شمشێرم بوو
ئەوان بەرد بوون و من و تۆ شووشە
دەنگت نەگەیشت، بۆیە چارەنوسمان ورد و خاشبوون بوو.
لەوەتەی هەی لەنێو باوەشی ڕەشدا دەخەویت و
خەونی سپی دەبینی.
لەوەتەی هەیت دەوەریت و پاییزت كۆتایی نایە.
ئەی پەپوولە، بۆ لە باغی من نیشتیتەوە
كە شوێنی پشوودانی پاییزە، دواجار پاییزی تۆشی هاتە ناوەوە.)

خوایە...
بۆ خاتری گەورەیی خۆت بە "باران" بڵی
با هێندە نەگری بۆمان،
بە "با" بڵێ‌:
هێندە شێتانە هەڵنەكات لە تاو زامەكانمان.
ئیتر ئێمە بەم شكانە ڕاهاتووین
كە پارچە شكاوەكانمان بەدەم هەڵكردنی "با"وە
دەڕۆن و دەبنە سەرابترین سەراب.
ئیتر ئێمە دەروازەكانی شادی بەڕووماندا داخراوە و
دەبێت لەگەڵ ئەم ئازارانە
ئاخ بۆ رابردووی خۆمان هەڵكێشین،
كە پڕبوو لە هیوا و بەختەوەری، بەبینینی یەكتر.
خۆزگە توانیبام ژیان لە دیداری یەكەمی ماچ گرێ‌ بدەم.
نەوەك ئێستا لە رۆژێك بترسم لە تەمی ئەم عەشق ون ببم و
بەهەرچی سەگی دنیایە نەدۆزرێمەوە.
خەریكە بەستەڵەك لێوی هیوام دادەگرێ‌،
چونكە بێ‌ مژینی لێوی پڕ لە لەزەتەكانی تۆن.
هێندەی نەماوە ڕەش، باڵ بە ئاسماندا بگرێ‌.
من ببمە وەرین و بەسەر خۆمدا ببارم.
زەمەن هێواش هێواش خۆی دەوەستێنێت و
رۆحی منیش هێدی هێدی دەبێت هەڵم و
پاییز بۆخۆی هەڵدەمژێ‌.
بەڵام ئێستا ئەم ئاسمانە بێ‌ ئەستێرەیە و
منیش بێ‌ خۆم.
 

29/11/2009