له دیباجه‌ی هه‌ڵبژاردنێکدا
وتووێژی تایبه‌تی ڕێنێسانس له‌گه‌ڵ نووسه‌ر و ڕۆشنبیر سیروان عه‌بدول
سازدانی: کۆسار فه‌تاحی
پ/ وتارێکی جه‌نابتم له به‌رده‌ستدایه به ناوی "پۆپۆلیزم و ئه‌فسانه‌ی گۆڕینی ولآت له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه"، نه‌فه‌سێکی درێژ له‌م وتاره‌دا به‌دی ده‌کرێ. به‌ڵام سه‌ره‌تاکه‌ی به گومان و دوودڵی یان به‌و ته‌عبیره‌ی خۆت به "سه‌رسووڕمان" ده‌ست پێ ده‌کا. تۆ گومانت له دروستبوونی ره‌وت یان بزووتنه‌وه‌یه‌کی گۆڕانخواز له هه‌رێمی کوردستان کردوه، قسه له نارێشه‌ییبوونی ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه و شاگه‌شگه‌بوونی رۆشنبیرانی ئه‌م ده‌ڤه‌ره ده‌که‌ی. ره‌خنه‌ت له‌وه‌یه که "فیگۆڕێکی ناو دوێنێی ده‌سه‌ڵات" بووه‌ته پێش قافله‌ی بزاوتی گۆڕان. پرسیار ئه‌وه‌یه، به‌ڕای جه‌نابت ئه‌م تێزه‌ی که لێره‌دا مه‌تره‌حی ده‌که‌ی، به مانای بێ ئاکامبوون یان فاشلبوونی هه‌وڵێکه بۆ پێکهێنانی گۆران له ئاستی کولتور و گوتاری سیاسی‌دا یان ئه‌ساسه‌ن ئه‌م کۆمه‌ڵگه‌یه به‌وه نازانی که بتوانێ پته‌نسیه‌لی گۆڕان له خۆێدا په‌ره‌وه‌ده بکا؟
سیروان ع.: پرسیاره‌که‌ت، چونکه پرسیارێکی گشتگیره و له‌یه‌ککاتدا دوای وه‌ڵامی پتر له یه‌ک ڕووی دۆزه‌که ده‌که‌وێت، هه‌ندێک له سه‌ره داوه‌کان تێکه‌ڵ ده‌کات که گرنگه هه‌ر له سه‌ره‌تاوه له یه‌کتر جیایان بکه‌ینه‌وه. له‌و ووتاره‌دا سه‌رسوڕمانی من له‌وه‌یه که به‌شی هه‌ره زۆری ڕۆشنبیرانی ئێمه له‌و ڕۆژانه‌دا، له‌ناو حه‌ماسه‌تی که‌مپینی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ئاماده بوون له ووردبوونه‌وه له وورده‌کارییه‌کانی دۆخه‌که و له خوێندنه‌وه‌ی ئه‌کادیمیی و شیکارانه بۆ گۆڕانکارییه‌کان چاو بپۆشن و قایل بن به‌و لێکدانه‌وه ڕووکه‌شانه‌یه‌ی که له بازاڕی سیاسیی‌دا ڕه‌واجی هه‌بوو. ترسی من له‌وه بوو که ڕۆشنبیران وازیان له بیرکردنه‌وه‌ی هێمنانه هێنا و به هه‌ڵپه‌یه‌کی زۆره‌وه که‌وتنه به‌خشینه‌وه‌ی موژده‌ی پۆپۆلیسته‌کان به هاتنی گۆڕانی ڕزگارکه‌رانه. ڕۆشنبیری ئێمه له خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا وا ڕووکه‌ش بووه‌وه که شکاندنی مۆنۆپۆلی پارتیی و یه‌کێتیی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ی لێ بووه ئامانجێکی ستراتیجیی گه‌وره. دیاره له مه‌یدانی ڕۆشنبیریی ئێمه‌دا دیارده‌یه‌کی نوێ نییه ڕۆشنبیر خۆی بکاته ده‌لقه‌ک له‌ناو ڕووداوه سیاسییه‌کانی ڕۆژدا، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان هه‌ڵوێستگیریی ناڕاشیۆناڵانه و شکانی ویقاری ئه‌کادیمیی ڕۆشنبیران له ئاکامی دڵگه‌رمیی ئه‌وان و چڕیی ڕووداوه‌کان، بڕێک سه‌رتاپاگیرتر بوو.
سه‌رسوڕمانی من له‌مه نابێت تێکه‌ڵ بکه‌ین له‌گه‌ڵ ڕه‌خنه‌ی من له پۆپۆلیزم له مه‌یدانی سیاسیی‌دا له کوردستانی عێراقدا. قسه‌ی من ئه‌وه بوو که هێنانه‌جۆشی ''خه‌ڵک'' دژ به نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتدار کارێک نییه ڕۆشنبیر سه‌نگی ئه‌کادیمیی خۆی بخاته سه‌ر و مۆری شۆڕشگێڕیی لێ بدات. گوتاری پۆپۆلیستیی و ته‌رحکردنی چاره‌سه‌ری ڕاسته‌وخۆ و حازربه‌ده‌ست بۆ کێشه‌کانی ڕابردوو له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردندا دیارده‌یه‌کی باوه و هه‌رده‌م بۆ بردنه‌وه‌ی دڵی ده‌نگده‌ری ساده په‌نای بۆ ده‌برێت. ئه‌وه‌ی له کوردستان بینیمان بردنه‌وه‌ی ئه‌و گوتاره بوو بۆ دڵی ڕۆشنبیران. له‌پڕێکدا بینیمان هه‌موو ستراتیجییه‌تی بیرمه‌ندانی ئێمه بووه ئه‌وه‌ی بتوانین به هه‌ڵبژاردن ئیختیلالێک بخه‌ینه هاوسه‌نگیی هێزه‌کانه‌وه و کارێک بکه‌ین ئۆپۆزیسیۆن بۆ پارتیی و یه‌کێتیی دروست ببێت. به‌شداربوونی ڕاسته‌وخۆ له‌م تاکتیکه سیاسییه‌دا کاری ڕۆشنبیران نییه. به‌ڵێ ''شڵه‌قان'' یان ''شڵه‌قاندن''ی دۆخێکی جێگرتووی سته‌مکاریی کارێکی پۆزه‌تیڤه، به‌ڵام کاری ڕۆشنبیر ئه‌وه‌یه ئه‌و شڵه‌قاندن و ئیختیلاله له ماوه‌ی نێوان هه‌ڵبژاردنه‌کاندا بخاته‌وه، ئه‌گینا بۆی هه‌یه هه‌ڵبژاردن سته‌مکارییه‌کمان بۆ بگۆڕێته‌وه به سته‌مکارییه‌کی تر. بۆ من ئاماژه‌یه‌کی دڵخۆشکه‌ر نییه کۆمه‌ڵگایه‌کم هه‌بێت له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا نه‌عره‌ته و جۆش و خرۆشی تێبکه‌وێت. ئه‌و جۆش و خرۆشه مانای که‌م و زۆر به‌ده‌ستلێنه‌دراویی-مانه‌وه‌ی سته‌مکارییه له ماوه‌ی نێوان دوو هه‌ڵبژاردندا. ئه‌وه‌ی که چوار ساڵ ناڕێکییه‌کان به ده‌ستلێنه‌دراویی ده‌مێننه‌وه، ده‌بێت مانای ناکاریگه‌ریی و ده‌ستسپێتیی ئۆپۆزیسیۆنیش بێت نه‌ک هه‌ر ته‌نها ده‌سه‌ڵات. لێره‌وه‌یه که‌سێک ده‌بێت واقیعبینتر بێت له چاوه‌ڕوانییه‌کانیدا له ئۆپۆزیسیۆن. ئه‌وه‌ی ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردندا ده‌بێته پێغه‌مبه‌ری ڕزگاریی و سه‌نگی ئه‌کادیمیی ڕۆشنبیریش به‌دوای خۆیدا ڕاده‌کێشێت و ده‌یکاته ئاکتۆرێکی سیاسیی زه‌لیلی به‌رده‌ستی هێزه ئۆپۆزیسیۆنه‌کان، فیعلی هیچ نییه کاریگه‌ریی سیاسه‌تی پۆپۆلیستانه نه‌بێت له‌ناو کۆمه‌ڵگا زه‌دیده‌کاندا.
پرسیاری ئه‌وه ده‌که‌یت که ئایا من کۆمه‌ڵگای کوردستانی باشوور به‌وه ده‌زانم که بکرێت پۆتێنسیالی گۆڕانی تیا سه‌ر هه‌ڵبدات یان نا. بێگومان من له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا و به گشتییش له هه‌موو کۆمه‌ڵگایه‌کدا ئه‌و پۆتێنسیاله ده‌بینم که ببێته کۆمه‌ڵگایه‌کی دیموکرات و دیموکراتتر، پێشکه‌وتوو و پێشکه‌وتووتر؛ به‌ڵام که‌م و زۆریی ئه‌م گۆڕانه له‌سه‌ر ئه‌و وه‌ستاوه که چه‌ند دروست کاری له‌سه‌ر ده‌که‌ین نه‌ک چه‌ند دانه شۆڕشی تیا ده‌که‌ین و چه‌ند شڵه‌قان ده‌خه‌ینه ناو سیسته‌می حوکمه‌وه. بۆ هێنانه‌وه‌ی نموونه پێویست ناکات دوور بڕۆین و کافییه سه‌یری ئه‌و گۆڕانانه بکه‌ین که شۆڕشی ئێران له ۱۳۵۷ به‌دواوه له‌و وڵات‌دا خستییه‌وه. بیرمان نه‌چێت له ئێرانیش هۆکارێکی سه‌ره‌کیی هه‌ڵچوونی خه‌ڵک دژ به ڕژێمی شا فره‌بوونی پوڵ له ئاکامی به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و به‌باکردنی ئه‌و پوڵه بوو له‌لایه‌ن نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵاتداره‌وه. هه‌لومه‌رجێکی وا بوو خومه‌ینی له خه‌ڵک کرد به پێغه‌مبه‌ری ڕزگارکه‌ر و هیوای ''گۆڕان'' که‌وتبووه دڵی هه‌مووان. خومه‌ینی سه‌ره‌تا به پۆپۆلیستییه‌کی له‌و چه‌شنه ده‌ستی پێ‌کرد که به‌ڵێنی ده‌دا که موڵکی گشتیی له‌ژێر ده‌ستی نوخبه‌ی ده‌سه‌ڵات ده‌ربێنێ و بیداته‌وه به خه‌ڵک به‌وه‌ی هه‌ر هاوڵاتییه‌ک ئه‌و ٧٢ تمه‌نه‌ی که ڕۆژانه له ئه‌نجامی فرۆشتنی نه‌وته‌وه ده‌یکه‌وێت بدرێته ده‌ستی خۆی. که‌چی دوو مانگی ته‌واو به‌سه‌ر حوکمدارێتیی خومه‌ینییدا تێنه‌په‌ڕیبوو که به‌کارهێنانی ووشه‌ی ''دیموکراسی'' ته‌نانه‌ت وه‌ک ووشه‌ش قه‌ده‌غه کرد. ئه‌م نموونه‌یه‌ی ده‌یهێنمه‌وه هه‌وڵێک نییه بۆ شوبهاندنی فیگوره سیاسییه‌کانی ناو ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی ناو گۆڕه‌پانی سیاسیی باشووری کوردستان به خومه‌ینی، به‌ڵکو مه‌به‌ستمه ئه‌وه‌ت پیشان بده‌م که پۆپۆلیزم له‌ناو خه‌ڵکێکی زه‌دیده‌دا چه‌ند ئاسان ده‌توانێت حه‌ماسه‌ت بخوڵقێنێت و چه‌ندیش ئاسان مومکینه سته‌مکاریی لێ بچنرێته‌وه.
پ/ ئه‌گه‌ر بێین و به‌راوردێک له نێوان ئه‌م بزاوته کۆمه‌ڵایه‌تییه بکه‌ین که به ناوی گۆڕان له ئاستی کوردستانی باشوردا سه‌ری هه‌ڵدا له گه‌ڵ ئه‌و بزاوته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی که له سه‌روبه‌ندی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆک کۆماری ئێران‌دا وڵاتی هه‌ژاند، چ وێکچوونێک له‌و به‌ینه‌دا ده‌بینی و رات له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه که کۆمه‌ڵگه‌ی هه‌رێمی کوردستان به شێوه‌ی جه‌وهه‌ری کاریگه‌ی وه‌رگرتووه؟ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ی له‌وێش چه‌ند فیگۆڕێکی ناوی دوێنێی ده‌سه‌ڵات بوونه سه‌رقافله؟ ره‌نگه تۆ قه‌ناعه‌تت له گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نه‌بێ که له نێو بازنه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌وه که‌سێک بێت و بیه‌وێ کارێک بکا له هی دوێنێ نه‌چێ.
سیروان ع.: ده‌ستنیشانکردن و ژماردنی لێکچوونه‌کان له‌نێوان دوو دۆخی سیاسیی‌دا ڕه‌نگه له‌جیاتی لێکدانه‌وه‌ی فیکریی، مرۆڤ تووشی موقایه‌سه‌گه‌رییه‌کی ڕووکه‌شانه‌ی ڕووداوه‌کان بکات؛ بۆ نموونه وه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌ردوو ڕووداوه‌که پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنن، له هه‌ردوو هه‌ڵبژاردنه‌که‌دا ته‌ره‌فێک فرتوفێڵی گه‌وره‌ی کرد، هه‌ردوو ئه‌و سه‌رۆک لیسته‌ی که جۆشێکیان خستۆته ناو هه‌ڵبژاردنه‌کانه‌وه فیگوری ناو دوێنێی ده‌سه‌ڵات خۆین، هه‌ردووکیان دروشمی گۆڕینی شێوه‌ی حوکمڕانییان هه‌ڵگرتووه و شتی له‌م بابه‌ته. ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت شیکارییه‌کی قوڵتر بکه‌ین بۆ هه‌ردوو دۆخه‌که ڕه‌نگه زۆر به‌که‌ڵکتر بێت لێکنه‌چوونه‌کانی نێوان ئه‌و دوو دۆخه ده‌ست بخه‌ینه سه‌ر نه‌ک لێکچوو‌کانیان.
جیاوازییه‌کی گه‌وره و جه‌وهه‌ریی نێوان ئه‌و دوو پرۆسه‌یه ئه‌وه‌یه که تووڕه‌یی ده‌نگده‌ری ئێرانیی کاتێک ده‌چێته به‌ر سندوقی ده‌نگدان به پله‌ی بنه‌ڕه‌تیی دژ به به‌رته‌سکیی ئازادییه‌کان و پێشێلکردنی مافه‌کانی مرۆڤه له له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه، له کاتێکدا گه‌رموگوڕترین دۆزی سه‌ره‌کیی هه‌ڵبژاردنه‌کان له هه‌رێمی کوردستان که دڵگه‌رمیی خسته ناو ده‌نگده‌ری ئه‌وێوه دژایه‌تیی گه‌نده‌ڵیی و داوای دابه‌شکردنی یه‌کسانی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات بوو به‌سه‌ر تاکه‌کانی ''گه‌ل''دا. ئه‌و به‌هایانه‌ی له‌پشت ئه‌م دوو دۆزه ئینتیخابییه‌وه وه‌ستاون جیاوازیی جه‌وهه‌رییان هه‌یه. شه‌ڕی ده‌نگده‌ری ناڕازیی له ئێران‌دا شه‌ڕه له پێناو کرانه‌وه‌ی زیاتر و شکاندنی ته‌وقی کۆنسه‌رڤاتیزم و زه‌وتکردنی ئازادییه‌کان، له کاتێکدا نزیک به سه‌رجه‌می کێشه‌کان له هه‌رێمی کوردستان به ده‌وری باسی پاره‌وپوڵ و بودجه و داهاتی وڵات‌دا ده‌سووڕێنه‌وه.
من له‌و ووتاره‌دا که تۆ ئاماژه‌ی پێده‌ده‌یت ده‌ستم خستۆته سه‌ر دیارده‌یه‌ک و کلتورێکی کوشنده که له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا زیاتر له‌م پێنج شه‌ش ساڵه‌ی دواییدا سه‌ری هه‌ڵدا. مه‌به‌ستم دیارده‌ی چاوچنۆکیی و کلتوری مه‌سره‌فگه‌راییه. ئه‌گه‌ر سه‌رنجت دابێت له بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردندا ئه‌وه‌ی که هه‌ر باس نه‌بوو هه‌ژاریی و برسێتیی ئه‌و خانه‌وادانه بوو که به‌تایبه‌ت له لادێکان و شاره‌دێکانی کوردستاندا له‌ژێر باری بێده‌رامه‌تییدا پلیشاونه‌ته‌وه. خواسته‌کانی چینی ناوه‌ڕاست هه‌رده‌م خواسته زاڵه‌کانی ناو گوتاری ئۆپۆزیسیۆن بووه. چینێک که له‌و خه‌مه بۆته‌وه که نانی ڕۆژی نه‌بێت، به‌ڵام هه‌ڵپه‌یه‌تی ئه‌ویش به‌هره‌مه‌ند بێت له‌و ژیانه لۆکسۆسه‌ی که ده‌ستپیاڕاگه‌یشتنی و موماره‌سه‌کردنی بووه‌ته ئامانج و پایه‌ی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تیی ده‌دات. بێ موناسه‌به نییه له‌و ده‌ڤه‌ره‌دا ووشه‌کانی ''ده‌ستکه‌وت'' و ''خزمه‌تگوزاریی'' نه‌ک ووشه‌ی سیاسه‌تی دروست ئاماده‌ترین و کاراترین ووشه‌ی ناو فه‌رهه‌نگی حوکم و ناو بانگه‌شه‌کانی هه‌ڵبژاردنن. ئه‌وه دۆزه‌کان و داخوازییه‌کانی چینی ناوه‌ڕاست بوو که له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا زاڵ بوو و گڕوتینی خستبووه ناو شه‌قامی کوردییه‌وه. بۆ که‌سێک که به کوردستاندا نه‌گه‌ڕێت و ته‌نها له‌سه‌ر بنه‌مای ڕوخساری ده‌ره‌کیی کۆمه‌ڵگاکه و قسه‌ی زۆربه‌ی خه‌ڵکیی بڕیار بدات، بڕاوایه‌کی وای لا دروست ده‌بێت که هه‌ژاریی له‌و هه‌رێمه‌دا نه‌ماوه و هیچ خانه‌واده‌یه‌ک نه‌ماوه له خوارووی هێڵی هه‌ژارییه‌وه بژی. ئه‌مه ئاکامی ئه‌وه‌یه که ده‌نگی ئه‌وانه‌ی که پلیشاونه‌ته‌وه ناگاته گوێ و که‌س ئاگای لێیان نییه. ئا ئه‌م دیارده‌یه شایه‌تییه‌کی گه‌وره ده‌دات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئێمه کۆمه‌ڵگایه‌کی چه‌ند بێ‌ویژدان و بێباکمان دروست کردووه. ئیلی ویسڵ، براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵی ساڵی ۱۹۸۶ جارێک ده‌نووسێت: "ووشه‌ی دژه‌به‌ری خۆشه‌ویستیی (ڕق) نییه، به‌ڵکو (بێباکیی)ه". شڵه‌قانی یان شڵه‌قاندنی پارسه‌نگی هێزه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی وایه که من حه‌ماسه‌تێکم بۆی نییه و داوا ده‌که‌م به هۆشیارییه‌وه مامه‌ڵه‌ی بکه‌ین. له به‌رامبه‌ردا شڵه‌قان یان شڵه‌قاندنی دۆخی سیاسیی و پارسه‌نگی هێزه‌کانی ناو کۆمه‌ڵگایه‌کی وه‌ک کۆمه‌ڵگای ئێران که له‌لایه‌ن ڕژێمی ئیسلامییه ته‌واو تاسێنراوه، شه‌ڕ بۆ ئازادییه‌کان و مافه‌کانی مرۆڤت بۆ دێنیته سه‌ر جاده. بیرمان نه‌جێت که بڕێکی زۆری ئه‌و خه‌ڵکه‌ی که له ئێران‌دا هاتنه سه‌ر جاده خوازیاری به ته‌واوه‌تیی نه‌مانی کۆماری ئیسلامیی بوون نه‌ک لایه‌نگری باڵێکی دیارییکراوی ناو ئه‌و ڕژێمه. وه زۆربه‌ی ئه‌وانه‌شی که پاڵپشتیی ڕیفۆرمخوازیی میر حوسه‌ین موسه‌وییان ده‌کرد له‌وێوه ده‌یانکرد که دژ به هێرشی پیاوانی ناو ڕژێم بۆ سه‌ر ئازادییه‌کان بوه‌ستنه‌وه نه‌ک ده‌رهێنانی پاره‌وپوڵی وڵات له‌ژێر ده‌ستیان.
پ/ له به‌شی دووه‌می ئه‌م دیمانه‌یه‌دا پێم باشه که‌مێک له بازنه‌ی گوتاری عه‌داله‌تخوازانه ورد بینه‌وه که ده‌توانم بڵێم له نێو دڵی دروشمی سڕینه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵیدا ده‌ژی. تۆ پێت وایه که ئه‌م گوتاره ده‌توانێ ببێته گوتاری زاڵی ئه‌م قۆناغه له کێشمه‌کێشه سیاسی-کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی باشوری کوردستاندا؟
سیروان ع.: سوپاس بۆ پرسیارکردنت سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته هه‌ستیار و حه‌یاتییه، به‌ڵام ڕۆشن نییه ئایا تۆ لێره‌دا پرسیار سه‌باره‌ت به چی دیدێک بۆ عه‌داله‌تخوازیی ده‌که‌یت تا من بڵێم ئایا به‌ختی به‌هێزبوونی هه‌یه یان نا: عه‌داله‌تی به‌رسڤدانه‌وه (ئه‌وه‌ی که به Retributive justice ناو ده‌برێت)، یان عه‌داله‌تی دابه‌شکردن (ئه‌وه‌ی که به Distributive justice ناو ده‌برێت). ڕۆشنتر بیڵێم، دیار نییه لێره‌دا باس له‌و عه‌داله‌ته قه‌زاییه‌یه که داوا ده‌کات گه‌نده‌ڵکاران (وه به شێوه‌یه‌کی گشتیی هه‌موو تاوانکاران و سه‌رپێچییکه‌ران) سزا بدرێن بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ک ده‌وترێت ''عه‌داله‌ت ڕه‌واڵی خۆی بگرێت''، یان باس له‌و عه‌داله‌ته کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که داوا ده‌کات ئه‌ندامانی کۆمه‌ڵگایه‌کی دیارییکراو به یه‌کسان له موڵکی گشتیی به‌هره‌مه‌ند بن. ئه‌مه دوو دیدی ته‌واو جیاوازن بۆ عه‌داله‌ت و دوو ستراتیجییه‌تی ته‌واو جیاواز ده‌خه‌نه به‌رده‌ست بۆ نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی. به‌ڵام هه‌رچییه‌ک بێت ئه‌وه‌ی که زۆر گرنگه ئێمه به‌ئاگا بین له ئاستی ئه‌وه‌یه که خواست و داوای نه‌مانی گه‌نده‌ڵیی له‌ناو کۆمه‌ڵگادا یه‌کسان نه‌که‌ین به خواست و داوای عه‌داله‌ت.
دروسته که گرفتی هه‌ره گه‌وره که ئه‌مڕۆ کوردستانی باشوور پێوه‌ی ده‌ناڵێنێت گه‌نده‌ڵییه، به‌ڵام تووڕه‌یی سه‌رتاپاگیری خه‌ڵکیی له گه‌نده‌ڵیی و حه‌سره‌تیان بۆ نه‌مانی گه‌نده‌ڵیی وای کردووه که ئه‌و خه‌ونه ئه‌وه‌نده گه‌وره ببێته‌وه که خود به خود له زیهنی زۆرێکماندا ئه‌و قه‌ناعه‌ته ته‌زویر و قولابییه دروست ببێت که ئه‌گه‌ر توانیمان گه‌نده‌ڵیی بنه‌بڕ بکه‌ین، ئه‌وکات خود به خود عه‌داله‌ت له کۆمه‌ڵگادا به‌رقه‌رار ده‌بێت. گرنگه ئه‌وه بزانین که عه‌داله‌ت دانی مافی ''ماف لێ زه‌وتکراوان''-ه، نه‌ک لێوه‌رگرتنه‌وه‌ی ئه‌و مافانه‌ی که گه‌نده‌ڵکاران به ناحه‌ق بۆ خۆیانیان داپچڕیوه. ئه‌گه‌ر پرسیار له‌سه‌ر وجودی ئه‌م عه‌داله‌تخوازییه پڕ له ته‌وه‌هومه‌ی سه‌ره‌وه‌یه، ئه‌وا وه‌ڵامی من ئه‌وه‌یه که به‌ڵی به‌داخه‌وه سه‌رتاپاگیریی ئه‌م چه‌شنه له گوتاری عه‌داله‌تخوازییه‌یه که عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌وه‌نده‌ی تر غائیب کردووه له کۆمه‌ڵگای کوردستاندا. زه‌لیلکه‌وتن و ڕه‌زیلبوونی ده‌زگای قه‌زایی و دادگاکان و به‌شێکی هه‌ره زۆر له داده‌وه‌ره‌کان و پارێزه‌ره‌کان له‌به‌رده‌ستی حکومه‌ت و حیزبه‌کاندا ڕه‌نگه ڕواڵه‌تێکی خاوه‌ن ده‌لاله‌تی زه‌قی ئه‌م ئیددیعایه بێت. له کوردستانی باشووردا هه‌ردوو ئه‌و جۆره‌ی سه‌ره‌وه له عه‌داله‌تخوازیی به‌رچاو ده‌که‌وێت، هه‌م خواستی ڕاوه‌دوونانی یاسایی گه‌نده‌ڵکاران و هه‌میش خواستی به‌هره‌مه‌ندبوونی یه‌کسان له خێراته‌کانی (The benefits) ناو کۆمه‌ڵگا. به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌وێدا ئاماده نییه ده‌رککردنه به‌و حه‌قیقه‌ته‌ی که لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئیمتیازاتی ناحه‌ق له گه‌نده‌ڵکاران ئۆتۆماتیکیی مانای به‌هره‌مه‌ندبوونی مافخوراوان نییه له مافه‌کانیان.
ئه‌م شێوه بیرکردنه‌وه‌یه شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌کی زاڵه نه‌ک هه‌ر له‌ناو خه‌ڵکه ساده‌که‌دا، به‌ڵکو له ناوه‌ندی سیاسیی و ڕۆشنبیرییشدا. گه‌ڕانی زۆری ناوێ و که‌سێک ده‌توانێت ڕۆژانه له ڕۆژنامه و ته‌له‌فزیۆنه‌کاندا گوێی له ڕه‌خنه‌گرانی سیاسیی بێت که نه‌مانی گه‌نده‌ڵیی و که‌وتنه‌وه‌ی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی وا شیکاریی بۆ ده‌که‌ن وه‌ک ئه‌وه‌ی سینۆنیم یان مورادیفی یه‌کتر بن.
ئه‌م کورتهێنانه‌ی سیاسه‌تکارانی ئێمه له بیرکردنه‌وه‌دا دوو هۆکاری هه‌یه:
یه‌که‌م، ساده‌کردنه‌وه‌ی میکانیکییه‌تی چاره‌سه‌ره‌کان کارێکه که حیزبه ناکۆکه‌کانی ناو مه‌یدانی سیاسیی پێویستیان پێیه‌تی. هه‌ر بۆیه به‌و پله‌یه‌ی نه‌سازیی و کێبڕکێکان زیاد ده‌که‌ن، به‌و پله‌یه چاره‌سه‌ری ساده و سیاسه‌تی دۆزینه‌وه‌ی ڕێگه‌ی قه‌دبڕ بۆ گه‌یشتن به دیموکراسیی و کۆمه‌ڵگای دادپه‌روه‌ر بازاڕی گه‌رم ده‌بێت. بێ هۆ نییه که له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کاندا گه‌شبینیی سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌کان داده‌گرێت و گره‌و له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی ئه‌م یان ئه‌و ته‌ره‌ف ده‌کرێت تا وڵات ببێت به ''شامی شه‌ریف''. گرفتی ئه‌م جۆره له بیرکردنه‌وه ئه‌وه‌یه که ''هۆکار'' له‌به‌ر ڕۆشنایی ''ئاکام'' لێک ده‌داته‌وه نه‌ک به‌پێچه‌وانه‌وه. ڕۆشنتر بیڵێم، ئه‌وه‌ی که زه‌مینه‌ی ناحه‌قیی هه‌یه له کۆمه‌ڵگادا به هۆکاری ئه‌وه‌ی ده‌زانێت که گه‌نده‌ڵیی هه‌یه، نه‌ک ئه‌وه‌ی که هه‌بوونی زه‌مینه‌ی ناحه‌قیی له کۆمه‌ڵگادا هۆکاری هه‌بوونی گه‌نده‌ڵیی بێت. لێره‌وه‌یه جه‌ختی هه‌موو ''قسه سیاسییه‌کان''ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر دیارده‌ی گه‌نده‌ڵییه و که‌م که‌س خۆی له‌و قوڵاییه ده‌دات بپرسێت که ئاخر ئه‌سڵه‌ن گه‌نده‌ڵیی خۆی بۆچی وا به به‌ربڵاویی که‌وته‌وه. ئه‌مه شێوه بیرکردنه‌وه‌یه‌که که خۆی له به‌رگی عه‌داله‌تخوازیی له دابه‌شکردندا ده‌نوێنێت. جا ئه‌گه‌ر پرسیاری تۆ له‌سه‌ر ئه‌م جۆره‌یه له عه‌داله‌تخوازیی، ئه‌وا به‌ڵێ ئه‌م گوتاره ئێستا، به‌تایبه‌ت پاش ئینشیعابه‌کانی ناو یه‌کێتیی نیشتیمانیی، ئاماده‌ییه‌کی قورسی هه‌یه و واش چاوه‌ڕوان ده‌که‌م که ئه‌م گوتاره به ناوی خواستی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه سیاسه‌تی چه‌ند ساڵی تری ئه‌و ناوچه‌یه به خۆی ڕه‌نگڕێژ بکات.
دووه‌م، چه‌مکی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیی له زیهنی خه‌ڵکی ئێمه‌دا یه‌ک تاکه لینکی زیهنیی (Association) جێ ده‌خات: عه‌داله‌تی موڵک و ماتریاڵ. بۆیه زۆرێک له‌وانه‌ی خوازیاری عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تیین هه‌وڵه‌کانی خۆیان له‌وێدا چڕ کردۆته‌وه که بتوانن ڕێگه بگرن له‌وه‌ی ماڵ و موڵکی وڵات هه‌ر بۆ ژماره‌یه‌کی که‌م بێت و کار بۆ ئه‌و عه‌داله‌ته ده‌که‌ن که به یه‌کسان دابه‌ش بکرێت به‌سه‌ر هه‌موواندا. لێره‌وه‌یه له باشووری کوردستاندا عه‌داله‌تخوازان ئه‌وه‌نده‌ی ڕه‌خنه‌ی دزیی و وازیی ده‌سه‌ڵاتداران ده‌که‌ن، ئه‌وه‌نده باسی ته‌جاوز و زیاده‌ڕۆییه‌کانیان ناکه‌ن بۆ سه‌ر ئازادییه‌کانی خه‌ڵک. نموونه‌ی ته‌واو خاوه‌ن ده‌لاله‌ت له‌م سیاقه‌دا ده‌کرێت ئه‌و کاره پڕ له پارادۆکسه بێت که ئه‌م هه‌فته‌یه سایتی ئه‌لکترۆنیی ''سبه‌ی'' که سایتی ئۆپۆزیسیۆن و ڕه‌خنه‌گری ده‌سه‌ڵاته هه‌ر ته‌نها وه‌ک هه‌واڵێکی ساده شتێکی وای بڵاو کردۆته‌وه که وه‌زیری كاروباری ناوچه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم محه‌مه‌د ئیحسان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانییدا كه له دیوانی وه‌زاره‌ت له هه‌ولێر به‌ستراوه، وتوویه‌تی '' 222 هه‌زار ده‌نگده‌ر له دانیشتوانی ناوچه دابڕاوه‌كان مافی ده‌نگدانیان هه‌یه و ئه‌گه‌ر ئه‌و كه‌سانه له زێدی خۆیان سه‌ردانی بنكه‌كانی ده‌نگدان نه‌كه‌ن و به به‌ڵگه‌وه نه‌یسه‌لمێنن كه سه‌ردانیان كردوه، ئه‌وا له قه‌ره‌بوكردنه‌وه‌ی ماده‌ی 140 بێبه‌ش ده‌كرێن''. زیاده‌ڕۆییه‌کی ئاوا ڕووقاییمانه‌ی وه‌زیرێک بۆ سه‌ر مافه هه‌ره سه‌ره‌تاییه‌کانی خه‌ڵک، به‌لای ئۆپۆزیسیۆنه‌وه دۆزێک نییه په‌یوه‌ندیی به‌عه‌داله‌ته‌وه هه‌بێت و وه‌ک هه‌واڵێکی کورت له سووچێکی سایته‌که‌یاندا بۆ چه‌ند سه‌عاتێک بڵاوی ده‌که‌نه‌وه و دواتر له‌وێدا و له کۆمه‌ڵگاشدا باسی ئه‌و هێرشه خه‌ته‌رناکه گۆڕی وون ئه‌بێت. ئه‌مه به‌لای منه‌وه هیچ نییه گۆڕوونبوون و نائاماده‌یی گوتاری عه‌داله‌تخوازیی نه‌بێت. قسه‌یه‌کی له‌و چه‌شنه‌ی ئه‌و وه‌زیره له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارێکی وڵاتانی ئه‌وروپییه‌وه بکرێت، شه‌قام به‌ر له ئه‌حزاب کارێک ده‌کات هه‌ر هه‌مان ڕۆژ تێیده‌گه‌یه‌نن که سه‌ری دای له به‌رد و پێی سه‌حب ده‌که‌نه‌وه. که ئه‌مه ناکرێت، کارێکی وا هیچ ده‌لاله‌تێکی تری نییه جگه له پیشاندانی زوعفێکی خه‌ته‌رناکی گوتاری عه‌داله‌تخوازیی به‌رسڤدانه‌وه له وڵاتی ئێمه‌دا. گوتاری عه‌داله‌تخوازیی لای ئێمه له بازنه‌ی دابه‌شکردنی عادیلانه‌ی سه‌روه‌ت و سامانی وڵات‌دا گیری خواردووه و هێشتا ئاشنا نییه به‌وه‌ی که مافه‌کانی مرۆڤ جگه له مافی به‌هره‌مه‌ندبوون له خێراته مادییه‌کانی کۆمه‌ڵگا، چی و چی ترن. بۆ تێگه‌یشتنی ئه‌مه کافییه له‌و ڕاستییه پڕ له ئایرۆنیایه وورد بینه‌وه که هه‌ر خودی ئه‌و محه‌مه‌د ئیحسانه‌ی ئه‌و قسانه ده‌کات تا ئه‌م ماوه‌یه‌ی دواییش له‌و هه‌رێمه‌دا پایه‌ی وه‌زیری مافی مرۆڤی هه‌بوو.
پ/ له وه‌ڵامی به‌شی یه‌که‌می دیمانه‌که‌دا ده‌ست ده‌خه‌یته سه‌ر خاڵێکی گرینگ که به ڕای من ده‌کرێ که‌مێک زیاتری له‌سه‌ر بڕۆی. ده‌قی ڕوانینه‌که‌ی خۆت ده‌هێنمه‌وه. تۆ له‌وێدا ده‌ڵێی: '' ترسی من له‌وه بوو که ڕۆشنبیران وازیان له بیرکردنه‌وه‌ی هێمنانه هێنا و به هه‌ڵپه‌یه‌کی زۆره‌وه که‌وتنه به‌خشینه‌وه‌ی موژده‌ی پۆپۆلیسته‌کان به هاتنی گۆڕانی ڕزگارکه‌رانه. ڕۆشنبیری ئێمه له خوێندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵگادا وا ڕووکه‌ش بووه‌وه که شکاندنی مۆنۆپۆلی پارتیی و یه‌کێتیی به‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ی لێ بووه ئامانجێکی ستراتیجیی گه‌وره''. تۆ پێت وا نییه که خودی په‌یمانی ستراتیژی یه‌کیه‌تی و پارتی ڕێگه‌ی له‌وه ده‌گرت که گه‌مه‌یه‌کی دیموکراتیک له ئاستی گۆره‌پانی سیاسی وڵات‌دا بێته کایه‌وه، وه ده‌بوا کۆمه‌ڵگه هێزی خۆی (به ڕۆشنبیرانیشه‌وه) بۆ تێکشکاندنی ئه‌م مۆنۆپۆله بخستبایه‌ته گه‌ڕ تا بیتوانیبا گیانێکی تازه به به‌ر خۆیدا بکا؟
سیروان ع.: دروست نییه ئێمه پێمان وابێت که ئه‌وه ڕیککه‌وتنی ستراتیجیی نێوان یه‌کێتیی و پارتییه که مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵات و بێیئعتیباربوونی دیموکراسیی به دوای خۆیدا هێناوه. زۆر به‌ساده‌یی چونکه پارتیی و یه‌کێتیی ئه‌و کاته‌ی که دوژمنیش بوون هه‌ر مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵاتیان کردبوو و دیموکراسییش بێ‌ئیعتیبار کرابوو. ئه‌مه ده‌ڵێم بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه پیشان بده‌م که که‌سێک که درزخستنه ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتیی و پارتیی به ستراتیجییه‌تێکی گرنگی کاری سیاسیی بزانێت له کوردستاندا، دوای ئامانجێکی چه‌ند ساده که‌وتووه و لێی بووه به وه‌رچه‌رخانی گه‌وره له مێژووی وڵات‌دا. ئه‌مه ده‌ڵێم تا ده‌ست بخه‌مه سه‌ر ئه‌و ڕاستییه‌ی که مۆنۆپۆلی ده‌سه‌ڵات و بێئیعتیباربوونی دیموکراسیی به‌رهه‌می هه‌بوونی زه‌مینه‌یه‌که که کاتی ناکۆکیی و کاتی په‌یمانی ستراتیجیی و کاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئۆپۆزیسیۆنیش هه‌ر ئاماده‌یه و گه‌ر کار له‌سه‌ر له‌ناوبردنی نه‌کرێت، ئه‌وا مه‌گه‌ر له سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کان و له‌و سه‌رده‌مانه‌دا که ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تمه‌داران کاریان ده‌که‌وێته خه‌ڵک، گه‌شبینییه‌ک و هیوای چاکبوونی ناشیرینییه‌کان بکه‌وێته دڵی خه‌ڵک، ئه‌گینا پاش ماوه‌یه‌ک ئه‌و زه‌مینه‌یه کۆمه‌ڵگا ده‌کێشێته‌وه پای سته‌مکاریی.
کاری نادروست ئه‌وه‌یه گرفته‌کان له چاوی ده‌سه‌ڵاتدا ببینین و پله‌ی باش و خراپیی سیاسه‌تێک له‌وێوه هه‌ڵسه‌نگێنین که ئایا تا چه‌ند گورز ده‌سره‌وێنێته ده‌سه‌ڵاتی سته‌مکار، نه‌ک تا چه‌ند دونیاکه‌مان باش ده‌کات. دونیای ئێمه پێویستی به خوێندنه‌وه‌یه‌کی وایه که ''ستراتیجییه‌ت''ێکی بۆ دیاریی بکات بۆ ده‌ربازبوون له سته‌مکاریی، نه‌ک ''تاکتیک''ێک بۆ گورزوه‌شاندنێک له ده‌سه‌ڵاتی مه‌وجود. من تاکتیکم به‌لاوه گرنگه له سیاسه‌تی ڕۆژانه‌دا به‌ڵام یه‌که‌م مه‌رجم ئه‌وه‌یه که ئه‌و تاکتیکه بچێته ناوکۆی ستراتیجییه‌تێکی ڕۆشن و دیارییکراوه و دووه‌م مه‌رجیشم ئه‌وه‌یه که تاکتیک له‌ڕۆشنبیران و له خه‌ڵک نه‌بێت/نه‌کرێت به وه‌رچه‌رخانی گه‌وره و عه‌سای سیحریی بۆ گۆڕانی ڕادیکاڵ.
گرفتی کۆمه‌ڵگای ئێمه له‌وه قووڵتره که له ئاکامی پێکهاتنی پارتیی و یه‌کێتییه‌وه و قۆرخکردنیان بۆ ده‌سه‌ڵات دروست بووبێت. ڕه‌نگه زۆرێک کۆک نه‌بن له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕایه‌مدا گه‌ر بڵێم که پێکهاتنی پارتیی و یه‌کێتیی ئیقدامێکی گرنگی ناو دنیای سیاسه‌تی وڵاتی ئیمه بوو چونکه به هه‌ر ئه‌جێندایه‌کی ئه‌هریمه‌نانه‌وه بووبێت و له‌ژێر گوشاری هه‌ر ده‌وڵه‌تێکیشدا بووبێت، به‌ڵام ئیتر ئه‌و کلتوری نه‌رمبوونه‌یه‌وه‌ی دوو ته‌ره‌فی باوه‌کوشته‌ی ناو کۆمه‌ڵگای کوردیی به‌رامبه‌ر به یه‌کتر کولتورێک بوو که ئه‌و کۆمه‌ڵگایه پێویستی به زۆر و زۆرتره لێی. نزیک به سه‌رجه‌م ئه‌وانه‌ی ئه‌و پیکهاتنه‌وه و ''یه‌کخستنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌که''یان پێ باش بوو له‌وێوه پێیان باش بوو که گوتاری سیاسیی کورد له ئاست ده‌ره‌وه‌دا یه‌ک ده‌خات. به‌ڵام بۆ من ئه‌و جه‌نبه‌یه‌ی دڵخۆشکه‌ر بوو که ئاغای ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ری مه‌مله‌که‌ت فێری ئه‌وه بوون که یه‌کتر قبوڵ بکه‌ن. بۆ من ئه‌و یه‌کترقبوڵکردنه دڵخۆشکه‌ر بوو چونکه له‌نێوان دوو به‌ری (نه‌ک به‌ره‌ی) کۆمه‌ڵگای کوردییدا بوو که درزێکی گه‌وره له‌نێوانیاندا هه‌یه و له‌یه‌کتری دابڕیون. ئه‌وه‌ی که ئه‌و ڕێککه‌وتنه بووه هۆی ئه‌وه‌ی دوو حیزبه‌که ته‌نسیقی باشتر بکه‌ن بۆ تاڵان‌کردنی وڵات و دابه‌شکردنی برایانه‌ی غه‌نیمه‌کان له‌نێوان خۆیاندا، ئه‌وه زه‌ره‌رێکه که من ئاماده نیم له‌پێناو گه‌ڕانه‌وه‌یدا ئه‌و یه‌کترقبوڵنه‌کردن و چه‌قۆ له‌یه‌کترسوینه‌ی جارانی ئه‌مبه‌ر وئه‌وبه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردیی دابنێم.
لێره‌دایه ئه‌و جیاوازییه‌ی من له‌نێوان لێکدانه‌وه‌ی ستراتیجیی و ده‌ستکه‌وتی تاکتیکییدا ده‌یبینم. شلکردنی چنگی پارتیی و یه‌کێتیی له ده‌سه‌ڵات کارێکی تاکتیکییه که مه‌رج نییه هه‌نگاوێکی ستراتیجییش بێت. خوێندنه‌وه‌ی من بۆ کۆمه‌ڵگای کوردیی ئه‌و خوێندنه‌وه باوه نییه که له مه‌یدانی سیاسه‌تی ڕۆژدا ئێستا باوه. گرنگه ئێمه ببینین درزه‌کان له کۆمه‌ڵگای ئیمه‌دا به کوێدا تێده‌په‌ڕن ئینجا مۆری سیاسه‌تی دروست و نادروست له‌م یان له‌و سیاسه‌ت بده‌ین. به‌کورتیی گرفتی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی ئه‌و درزه درشت و خه‌ته‌رناکه‌یه که له‌نێوان به‌ری بادینان و به‌ری سۆرانی‌دا ساڵانێکه هه‌یه. شه‌ڕی ناوخۆ کاری له‌سه‌ر ئه‌م درزه کرد و قوڵتری کرده‌وه. ئه‌و دووبه‌ره‌ییه وا گه‌شه‌ی پێ درا که له به‌ره‌ی سۆرانیی وبادینیی گشتگیرتر بێته‌وه و ئه‌مدیو هه‌ولێریش بگرێته‌وه و ئه‌ودیویش گه‌رمیان. ساڵانێک بوو دوای شه‌ڕی ناوخۆ کوردستان ببوو به دوو مه‌مله‌که‌تی له‌یه‌کتر دابڕاو. ئه‌مه له‌یه‌کترتێنه‌گه‌یشتنه‌کانی ئه‌وه‌نده‌ی تر گه‌وره کرد. ئه‌م درزه‌یه ئاغایانی ئه‌مبه‌ر و ئاغایانی ئه‌وبه‌ر بۆ خۆیان ڕزقی له‌سه‌ر په‌یا ده‌که‌ن. ئه‌م درزه‌یه وا ده‌کات دوو حیزبی ئه‌مبه‌ر و ئه‌وبه‌ر ساڵانێکی درێژ ده‌سه‌ڵات بۆ خۆیان به‌و شێوه خنکینه‌ره مۆنۆپۆل بکه‌ن. لێره‌وه‌یه من دڵم به نه‌رمبوونه‌وه و ته‌قه‌بولکردنی خه‌ڵکی بادینان بۆ خه‌ڵکی سۆرانیی و نه‌رمبوونه‌وه و ته‌قه‌بولکردنی خه‌ڵکی سۆرانیی بۆ خه‌ڵکی بادینان خۆشه و پێشموایه کارکردن له‌سه‌ر تێکه‌ڵکردنی ئه‌و دوو به‌ره‌ی کۆمه‌ڵگایه سیاسه‌تێکی دروسته نه‌ک زیاتر دوورخستنه‌وه‌یان له یه‌کتر. هه‌ر لێره‌وه بوو ساڵی پار من ڕه‌د فیعلم له هه‌وڵی ژماره‌یه‌کی زۆری ڕۆشنبیرانی کورد وه‌رگرت که خوازیار بوون شێوه‌زاری سۆرانیی بکرێته زمانی ڕه‌سمیی و ستانداردی باشووری کوردستان. دیاره بێده‌لاله‌ت نه‌بوو که ئه‌و ژماره زۆره له ڕۆشنبیران کاره‌که‌یان ئاوا به کارێکی سانا و ساده ده‌بینی. هه‌ندێک له ئێمه که‌وتۆته ناو گه‌مه‌ی موناسه‌ره‌ی به‌ری خۆیه‌وه و زۆرێکیشمان ده‌رک به هه‌ستیاریی و خه‌ته‌رناکیی ئه‌و درزه ناکه‌ین که که‌وتۆته جه‌سته‌ی کۆمه‌ڵگای کوردیی.
ئیتر ئه‌م هۆکاریان بێت یان ئه‌ویان، له مه‌یدانی سیاسه‌تیشدا موته‌ئه‌سیفانه ئه‌م گرایشه به خه‌ستیی ئاماده‌یه. زۆرێک لێکدانه‌وه‌ی جیاوازیان بۆ ئه‌وه کرد که بۆچی شۆروشه‌وقی که‌مپینی هه‌ڵبژاردن له هه‌ولێر که‌متر بوو وه‌ک له سلێمانیی، به‌ڵام که‌سێک نه‌چوو به‌لای ئه‌وه‌دا که ڕه‌نگه خه‌سڵه‌تی ئه‌مبه‌ریی هێزی مۆبیلیزه‌که‌ر بێت که نه‌یتوانی حه‌ماسه‌تی خه‌ڵکی ئه‌وبه‌ر بجوڵێنێت. به‌سه‌یرکردنی هاوکێشه سیاسییه‌کان له گۆشه‌یه‌وه که‌سێک له ئه‌هه‌مییه‌تی ئه‌وه ئاگادار ده‌بێت که به ئاسانیی مۆری هێزی شۆڕشگێڕ و ڕزگارکه‌ر له هیزێک نه‌دات که به گوتارێکی ئه‌مبه‌رخوازییه‌وه ده‌بیته ئۆپۆزیسیۆن. ده‌بوایه بۆ ئیمه سیگناڵێکی ماندار بوایه که که‌ناڵی ته‌له‌فزیۆنیی ئۆپۆزیسیۆن به‌رنامه‌ی تایبه‌تیی دروست ده‌کرد بۆ پیاهه‌ڵدان به شارێکی ئه‌مبه‌ردا. ئۆپۆزیسیۆن وا بێحیسابانه که‌وتبووه گیانی سیاسه‌تی وڵات که ته‌نانه‌ت له‌ناو به‌ری ئه‌مبه‌ریشدا فه‌زڵی شاری فاڤۆرێتی به‌سه‌ر شاره‌کانی تردا جه‌خت لێ ده‌کرده‌وه وو لایه‌نگرانی ئه‌و گوتاره‌ی له ئه‌حزابی ده‌سه‌ڵات ده‌ته‌کانده‌وه. هێرشی زیاده‌ڕۆییانه‌ی مه‌سخه‌ره‌پێکردنی چه‌ند ساڵه‌ی خه‌ڵکی ئه‌مبه‌ر به خه‌ڵکی شار ی هه‌ولێر هه‌ر ده‌چێته هه‌مان سیاقه‌وه. کارکردن له‌سه‌ر درزه کۆنه‌کان گه‌یشتبووه ئه‌وه‌ی که نووسه‌رێک بێشه‌رمانه شارێکی ته‌جریم ده‌کرد و خه‌ڵکی هه‌وڵێری به ''تاوانبار'' ناو ده‌برد، که‌چی له چه‌ند شوێن ووتاره‌که‌ی بۆ بڵاو ده‌کرایه‌وه. له هه‌مووی ئایرۆنیی تر، ووتار هه‌بوو، پاش ئه‌و هه‌موو ساڵه له فه‌زڵدانی شاریکی وه‌ک سلێمانیی به‌سه‌ر شار و شارۆچکه‌کان و گونده‌کانی تری کوردستاندا، زۆر به‌جیددی باسی له ''غوبن''ی ئه‌و شاره ده‌کرد و وه‌ک قسه‌ی حه‌قدارانه‌ش لێی وه‌رده‌گیردرا. ئه‌مه زۆر به ساده‌یی چونکه گوتاری ئۆپۆزیسیۆن که ڕه‌واجێکی زۆری هه‌بوو، بیبه‌ریی نه‌بوو له گوتاری شارچێتیی و ئه‌مبه‌رچێتیی. ڕوونتر بیڵێم، زۆرێک له ئێمه هیچێک حیسابمان بۆ ئه‌و ڕاستییه خه‌ته‌رناکه نه‌کرد که هه‌ندێک له بزوێنه‌رانی بزووتنه‌وه‌ی ئۆپۆزیسیۆن ساڵانێک کاری جیددیان بۆ دژایه‌تیی به‌ری ئه‌وبه‌ری کۆمه‌ڵگای کوردیی کردووه و ئه‌مجاره‌ش به تاکتیکی دژایه‌تییکردنی گه‌نده‌ڵکاران و واده‌ی پۆپۆلیستیانه‌ی چاره‌سه‌کردنی هه‌موو کێشه‌کان، کاریان له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی هه‌مان گوتار بۆ ناو کایه‌ی سیاسیی ده‌کرد.
پ/ جه‌نابت وه‌ک نوسه‌رێکی جیاواز هه‌ڵوێستی جیاوازترت له ئاست ئه‌و هه‌واڵه‌دا وه‌رگرتووه که قسه له سووتاندنی کتێبه‌کانی به‌ریز د. فه‌رهاد پیرباڵ ده‌کا. تۆ له وتارێکدا که رۆژی10.08.2009 له ژێر سه‌ردێڕی "سووتاندنی ووشه‌ی نابه‌رپرس - بۆ داکۆکی له‌و گه‌نجانه‌ی له که‌لار کتێبیان سووتاند" نووسیوه، هه‌وڵت داوه ئه‌م پرسه شی بکه‌یته‌وه و چه‌ند تێزێک بخه‌یته روو که وا باشه لێره‌دا یه‌ک به یه‌ک بچینه سه‌ریان. یه‌که‌م. ئایا ده‌کرێ کورته‌یه‌ک له سه‌ر چۆنیه‌تی سه‌رهه‌ڵدانی ئه‌و ئیده‌یه باس بکه‌ی، واته ئیده‌ی کتێب سووتاندن لای گه‌نجانی که‌لار و قسه‌ش له‌وه بکه‌ی که له بنه‌ڕه‌تدا بۆچی گه‌نجی کورد رۆژێک په‌نا بۆ سووتاندنی مۆنۆمێنت و رۆژێکی دیکه بۆ سووتاندنی کتێب ده‌با؟
سیروان ع.: ئه‌وه‌ی که ئه‌و ئیده‌یه چۆن دروست بوو و چۆن ئه‌و که‌سانه بڕیاریان دا ئه‌و کتێبانه بسووتێنن، من ناتوانم قسه‌یه‌کی له‌سه‌ر بکه‌م چونکه منیش وه‌ک تۆ و هه‌ر که‌سێکی تر، له میدیاکانه‌وه به‌و هه‌واڵه‌م زانی. به‌ڵام ئه‌وه‌ی که بۆچی گه‌نجی کورد په‌نا ده‌باته به‌ر سووتاندنی مۆنۆمێنت و سووتاندنی کتێب و تووڕه‌ییده‌ربڕینی تری له‌و جۆره، ئه‌وا من پێموایه ئه‌وه ئاکامی غیابی دیموکراسییه‌تێکی ڕاسته‌قینه‌ی موماره‌سه‌کراوه له‌و کۆمه‌ڵگایه‌دا. ڕوونتر بیڵێم: ئاکامی نه‌بوونی که‌ناڵی تر و ئامرازی تره بۆ به‌تاڵکردنه‌وه و دامرکاندنه‌وه‌ی تووڕه‌یی. ئه‌گه‌ر وورد سه‌رنج بده‌یت، له‌م ڕسته‌یه‌ی دواییمدا من دووهۆکار دیاری ده‌که‌م: هه‌م نه‌بوونی که‌ناڵی تر و هه‌میش نه‌بوونی ئامرازی تر بۆ به‌تاڵکردنه‌وه‌ی تووڕه‌یی. ئه‌مه چونکه من ئه‌و لێکدانه‌وه ته‌قلیدییه سه‌دانساڵه‌ییه‌م به‌لاوه ڕووکه‌شانه و کورتوکوێره که په‌نابردنی خه‌ڵک بۆ توندوتیژیی به‌س ته‌نها وه‌ک ئاکامی خه‌فه‌قانی ده‌وڵه‌تیی و به‌رته‌سکیی ئازادییه‌کان لێک ده‌داته‌وه. گرفتی په‌نابردنی خه‌ڵک بۆ گوزارشت-له‌خۆکردنی توند و بۆ توندوتیژیی ڕه‌گی له‌وێدا هه‌یه که توانای گوزارشت-له‌خۆکردنی هێمنانه لای ئه‌و خه‌ڵکه گه‌شه‌ی ته‌واوی نه‌کردووه. به‌مانه‌یه‌کی تر، زمانی به‌و ئه‌ندازه پێویسته نه‌پشکوتووه که بۆ گه‌یاندنی قسه و ڕای خۆی، جگه له ووشه، پێویستی به ئامرازی جۆری تر نه‌بێت.
ئه‌وه‌ی پێویستیی خه‌ڵک بۆ په‌نابردنه به‌ر هه‌م کاری توند و هه‌م کاری توندوتیژیش زیاتر ده‌کات موماره‌سه‌نه‌کردنی ئه‌و پره‌نسیپی دیموکراسییه‌یه که هه‌موو لایه‌ک دۆزنانه ئیددیعای ده‌که‌ن. دیاره ده‌سه‌ڵات له سه‌رووی ئه‌و ته‌ره‌فانه‌وه دێت که گوێ داده‌خات و خه‌ڵکیی ناچار ده‌کات بیر له وه‌سیله‌ی تر بکاته‌وه بۆ گه‌یاندنی قسه‌ی خۆی، به‌ڵام من ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ده‌رانی ده‌وڵه‌ت به تاکه ته‌ره‌ف نازانم که ده‌خوازێت ڕای جیاواز خه‌فه بێت، به‌ڵکو هێزه سیاسییه‌کان و ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی و میدیاکان و خه‌ڵکه عاممه‌که‌ش که‌م و زۆر هه‌مان ستراتیجییه‌ت پیاده ده‌که‌ن. زۆربه‌ی ئێمه تا ئه‌و شوێنه دیموکراسیین که ڕای به‌رامبه‌ره‌که‌مان له‌گه‌ڵ ڕای ئێمه‌دا کۆک بێت، ئه‌گه‌رنا، له باشترین حاڵه‌تی دیموکراسییخوازییدا به ''گوێلێنه‌گرتن'' به‌رامبه‌ره‌که‌مان وادار به خۆخواردنه‌وه ده‌که‌ین و ده‌می پێ داده‌خه‌ین. ئه‌مه جۆرێکه له یارییه‌ک و تاکتیکێکی ناپاکانه‌ی هێزه به‌ناو ئازادیی و دیموکراسییخوازه‌کانی وڵاتانی ئێمه دژ به دیموکراسییه‌ت و مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕین. نموونه‌یه‌کی پڕ مانات بۆ بێنمه‌وه تا ڕوونتر بێته‌وه که ئایا من له چی قوڵاییه‌کدا ڕه‌گی توندوتیژیی ده‌بینم. دوور ناڕۆم و نموونه‌ی ئه‌و کتێبسووتاندنه‌ی ڕۆشنبیرانی که‌لارت بۆ دێنمه‌وه. بیهێنه پێشچاوی خۆت ئه‌و کێشه‌یه ئه‌و هه‌موو ئیشکالییه‌ته‌ی خسته‌وه و ئه‌و هه‌موو ته‌ره‌فه قسه‌ی تیا کرد، ته‌نها یه‌ک ته‌ره‌ف نه‌بێت ده‌رفه‌تی نه‌درایێ قسه و ڕای خۆی سه‌باره‌ت به‌و مه‌سه‌له‌یه بگه‌یه‌نێته ڕای گشتیی و، هه‌موو که‌ناڵه‌کانی ڕاگه‌یاندنیان به روودا داخرا. بۆ ئه‌وه‌ی بزانیت دیموکراسیی لای ئێمه چۆن ئه‌تک ده‌کرێت، پێم خۆشه پێت بڵیم که ئه‌و ته‌ره‌فه ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار خۆیان بوون که کتێبه‌کانیان سووتاند. بیهێنه پیش چاوی خۆت هیچ ڕۆژنامه‌یه‌ک ئاماده نه‌بوو حه‌رفێک له داکۆکیی-له‌خۆکردنه‌کانیان بۆ بڵاو بکاته‌وه. ئه‌مه حه‌قاره‌تێکه که له‌سه‌ر ده‌ستی دیموکراسییخوازانی کۆمه‌ڵگای ئێمه، (نه‌ک ده‌سه‌ڵاتی سه‌رکوتگه‌ر)، به دیموکراسیی ده‌کرێت. رۆژنامه ''هه‌ره ئه‌هلیی''ه‌کانت به ویژدانێکی ئاسووده‌وه ده‌چن ته‌نها قسه‌ی یه‌ک ته‌ره‌فی کێشه‌یه‌ک بڵاو ده‌که‌نه‌وه و بایکۆتی ڕای ته‌ره‌فه‌که‌ی تری کێشه‌که ده‌که‌ن. ئا لێره‌دایه ڕه‌گی په‌نابردن بۆ توندوتیژیی. ئه‌وه من و تۆ و که‌سانی تری ئه‌م کۆمه‌ڵگایه‌ین که ته‌حه‌مولی گوێگرتن له ڕای جیاوازمان نییه و خاوه‌نی رای جیاواز ناچار ده‌که‌ین، به مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ڕا و قسه‌ی خۆی، په‌نا به‌رێته به‌ر وه‌سیله‌ی توندتر له ووشه. ئه‌وه بڵێم که ته‌نانه‌ت ئه‌و وتاره‌ی منیش ده‌رگای زۆر له بڵاوکراوه‌کانی به ڕوودا داخرا و ته‌نها سایتی ''ده‌نگه‌کان'' و ''ماڵێک له ئاسمان'' نه‌بێت، (که دووان له سایته هه‌ره ڕاستگۆ و پڕسه‌نگه‌کانی کوردستانی عێراقن)، ئیتر نه ده‌سه‌ڵات و نه ئۆپۆزیسیۆن و نه سه‌ربه‌خۆکانیش ئاماده نه‌بوون بڵاوی بکه‌نه‌وه. دیاره من چاوه‌ڕوانیی زیاتر له‌وه‌م له ده‌سه‌ڵات نییه، به‌ڵام مامه‌ڵه‌ی ئۆپۆزیسیۆنم بۆ ئه‌و کێشه‌یه‌ی که‌لار پێ مامه‌ڵه‌یه‌کی ترسنۆکانه بوو.
من دوای ئه‌وه‌ی داکۆکییم له مافی ئازادیی ڕاده‌ربڕینی ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار کرد، ئه‌و ڕۆشنبیرانه په‌یوه‌ندییان پێوه کردم و له‌رێگای ئیمه‌یله‌وه موتابه‌عه‌ی کێشه‌که‌م ده‌کرد چونکه من قه‌له‌قی ئه‌وه بووم سزا بدرێن و سزادانی ئه‌وانیش له‌سه‌ر ئیقدامێکی وا جێگه‌ی ئه‌سه‌ف ده‌بوو، وه شکستێکیش ده‌بوو بۆ دۆزی ئازادیی بیروڕا. ئه‌وان له نامه‌یه‌کدا له تووڕه‌ییاندا له‌وه‌ی که بایکۆت کراون و ووتاریان بۆ بڵاو ناکرێته‌وه هه‌موو ڕۆژنامه و میدیاکان، به ئه‌هلیی و نائه‌هلییانه‌وه به ''درۆیه‌کی گه‌وره'' ناو ده‌به‌ن. ئایا ده‌بینیت تووڕه‌یی له کوێوه دروست ده‌بێت؟ ئه‌م تووڕه‌ییه‌یه که له درێژه‌ی خۆیدا بۆی هه‌یه ئه‌مجاره که‌سانێک بخاته سه‌ر که‌ڵکه‌ڵه‌ی سووتاندنی ڕۆژنامه‌کان. هه‌ر به ڕاستییش ئه‌و کاره‌ی ئه‌و ڕۆژنامانه له مامه‌ڵه‌یاندا بۆ ئه‌و دۆزه کردوویانه به‌رامبه‌ر به‌و ڕۆشنبیرانه، دیموکراسییخوازییه‌کی درۆزنانه‌ی گه‌وره‌یه که من به ''نیفاقی دیموکراسیی'' ناوی ده‌به‌م، وه به بێبه‌شی نازانم له خستنه‌وه‌ی توندوتیژییدا. لێره‌دایه وه‌ڵامی ئه‌وه‌ت ده‌ست ده‌که‌وێت که چۆنه گه‌نجی ئێمه حه‌ز ده‌کات مۆنۆمێنت و کتێب و هه‌موو ئه‌و کۆمه‌ڵگایه‌ش گڕ تێبه‌ربدات که تووڕی ده‌داته لاوه و گوێ له قسه‌ی دڵی ناگرێت. سه‌رکوتی ده‌سه‌ڵات به لایه‌ک، به‌ڵام حه‌قاره‌تێکی گه‌وره‌یه به دیموکراسییه‌ت کاتێک ڕۆژنامه‌یه‌ک دێت ووتارێک بڵاو ده‌کاته‌وه که تیایدا نووسه‌رێک ئه‌و ڕۆشنبیرانه‌ی که‌لار به‌وه تاوانبار ده‌کات که له ده‌ستیان دێت ئینسانیش بسوتێنن، به‌ڵام ده‌رگا به ڕووی وه‌ڵام و داکۆکیی ئه‌و که‌سانه‌دا داده‌خات که ئه‌م ئیتیهامه خه‌ته‌رناکه‌یان له‌ڕێگای ڕۆژنامه‌که‌ی ئه‌وانه‌وه پیا کراوه. ئه‌مه کارکردنه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر ته‌نها یه‌ک ته‌ره‌ف حه‌قی قسه‌ی هه‌بێت و ئه‌وانی تر ناچار به ته‌خریب بکه‌یت.
ئه‌و ڕووداوی کتێبسووتاندنه زۆر شتی تری پێ ووتین. له‌و ئیشکالییه‌ته‌دا ئه‌و ڕاستییه‌مان بینی که زۆرێک له ڕۆشنبیرانی ئێمه توانای لێکدانه‌وه‌ی فیکریی و تێگه‌یشتنی قوڵیان له ڕووداوه‌کان زۆر ڕووکه‌شانه و که‌مه. ئێمه بینیمان زۆرێکیان نه‌یانده‌توانی جیاوازیی نێوان ئه‌و کتێبسووتاندنه و سووتاندنی گۆڤاری ''لڤین'' ببینن و هه‌ردوو ڕووداوه‌که‌یان به‌یه‌که‌وه ناو ده‌هێنا و به موقایه‌سه‌یه‌کی ڕووکه‌شانه یه‌ک خوێندنه‌وه‌یان بۆ هه‌ردوو ڕووداوه‌که ده‌کرد، ته‌نها کاک مه‌ریوان وریا قانیع نه‌بێت که به دره‌نگێکه‌وه جیاوازبوونی ئه‌و دوو ڕووداوه‌ی جه‌خت لێ کرده‌وه.
له کۆتاییدا زه‌روره‌ت بۆ ئه‌وه ده‌بینم که جه‌خت له‌سه‌ر سێ خاڵ بکه‌مه‌وه. یه‌ک: ئه‌وه‌ی که من ده‌ڵێم ئه‌و توندتیژییانه لێره‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن نابێت مانای ئه‌وه بێت که‌م من قبوڵمه توندتیژیی موماره‌سه بکرێت. هۆکاره‌که‌ی چه‌ند هۆکارێکی حه‌قدارانه بێت و به‌هه‌ر بیانوویه‌که‌وه بێت، که‌س حه‌قی ئه‌وه‌ی توندوتیژیی موماره‌سه بکات، وه توندوتیژیی دوای ئه‌وه‌ی موماره‌سه ده‌کرێت ده‌بێت سزای به دوادا بێت. دوو: من له‌و وتاره‌مدا ''کرداری توند'' له ''کرداری توندوتیژانه'' جیا ده‌که‌مه‌وه. ئه‌و کردارانه‌ی تۆ پرسیاریان له باره‌وه ده‌که‌یت، ئه‌گه‌رچی هه‌موو ئاکامی تووڕه‌یین، به‌ڵام لای من دابه‌ش ده‌بن به‌سه‌ر ئه‌و دوو کاتاگۆرییه جیاوازه‌دا. تێکه‌ڵکردنی ئه‌م دوو جۆره کرداره ناحه‌قانه‌یه و دروست نییه بیکه‌ین، چونکه ''کرداری توند''، ئه‌گه‌رچی شێوه‌کردارێکی نه‌خوازراوه به‌لای منه‌وه، به‌ڵام سنووربڕیی و کردارێکی نایاسایی و ته‌جاوزکردنه سه‌ر ئه‌ویترنییه و بۆیه‌شه که‌سێک ده‌بێت زۆر به ئاگاهییه‌وه بکه‌رانی سه‌رکۆنه بکات، چونکه بۆی هه‌یه وه‌ک ئه‌وه‌ی بینیمان ڕۆشنبیرانێکی زۆر له سه‌رکۆنه‌کرنیاندا بکه‌ونه سه‌نگه‌ری دژایه‌تییکردنی ئازادیی بیروڕاوه و به‌مه‌ش ده‌ستی ده‌سه‌ڵات ئاوه‌ڵا بکه‌ن بۆ سزادانی که‌سانێک که ئازادیی بیروڕایه‌ک موماره‌سه ده‌که‌ن که له‌گه‌ڵ بیروڕای ئه‌وان و ده‌سه‌ڵاتدا نایه‌ته‌وه. سێ: ئه‌وانه‌ی که کرداری تیژ ئه‌نجام ده‌ده‌ن دیاره یان ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌یان نه‌دراوه‌تێ به وشه ڕای خۆیان بگه‌یه‌نن، یان قسه‌ی خۆیان ده‌که‌ن به‌ڵام ده‌سه‌ڵات و ده‌وروبه‌ر خۆی لێ ناگه‌هان ده‌کات، یانیش خۆیان ئه‌و تواناییه‌یان نییه قسه‌ی خۆیان به ووشه بگه‌یه‌نن. وه‌ک ووتم تا ئێستا خوێندنه‌وه ته‌قلیدییه‌کان بۆ ده‌ستنیشانکردنی هۆکاری توندوتیژیی هه‌ر ته‌نها هۆکاری یه‌که‌م و دووه‌میان ده‌ستنیشان کردووه، به‌ڵام من پێموایه که هۆکاری سێیه‌م له وڵاتانی ئێمه‌دا له هۆکاری یه‌که‌م و دووه‌م که‌متر نییه و بگره ئه‌وه گرفتێکی سه‌رتاپاگیره که مرۆڤی ئێمه ناتوانێت گوزارشت له قسه‌ی ناو دڵی خۆی بکات. ئه‌مه هه‌ر له سه‌تحی شه‌عبییدا وا نییه، به‌ڵکو ته‌نانه‌ت به ده‌گمه‌ن نووسه‌ر و بیریارمان هه‌یه بتوانێت به سانایی ته‌عبیر له‌و شتانه بکات که له ناوه‌وه‌یدایه و ده‌یه‌وێت بیڵێت. ئه‌م ده‌رده چه‌نان ساڵ به‌ر له ئێستا سه‌رسوڕمانێکی لای مامۆستا گۆرانی شاعیر دروست کردووه بۆیه له چه‌ند دێڕێک‌دا توڕه‌یی خۆی ده‌ردبرێت له‌وه‌ی که هه‌رچه‌ند ده‌کات ئه‌و خه‌یاڵه‌ی پێی مه‌سته، بۆی ناخرێته ناو چوارچێوه‌ی هه‌ڵه‌به‌سته‌وه، وه نازانێت لێکدانه‌وه‌ی ده‌روون، قسه‌ی زمانی، بۆچی وه‌ها دوورن له یه‌ک. به‌ڵێ ئه‌مه ده‌ردێکه که تا ئێستا وه‌ک هۆکاری تووڕه‌یی و ته‌خریب ده‌ستی نه‌خراوه‌ته سه‌ر، به‌ڵام له‌ژێره‌وه کاری خه‌ته‌رناک ده‌کات. بۆیه من پێموایه بۆ که‌وتنه‌وه‌ی دیموکراسیی و کۆمه‌ڵگای عادیل، وه بۆ پوچه‌ڵکردنه‌وه‌ی به‌ختی گه‌شه‌کردنی توندوتیژیی، له پاڵ پێداگریی شێلگیرانه له‌سه‌ر ئازادیی بیروڕا بۆ هه‌موو لایه‌ک، چه‌ند کارێکی گرنگی تر ده‌که‌وێته سه‌ر ئێمه و ده‌بێت ده‌سه‌ڵاتیش وادار بکه‌ین به کردنیان. یه‌ک: ده‌بێت کۆمه‌ڵگایه‌ک ساز بده‌ین که تیایدا ئه‌و که‌سانه‌ی که ڕایه‌ک ده‌ده‌ن هه‌ست بکه‌ن ڕاکانیان وه‌ک ڕایه‌ک وه‌رده‌گیرێت و گوێ له ئاستیاندا داناخرێت. دوو: ده‌بێت قوتابخانه و هه‌موو ده‌زگا په‌روه‌رده‌ییه‌کانی تر ئاراسته‌ی کاریان به‌ره‌و (ئه‌گه‌ر دروست بێت بووترێت) ''زمانپژاندنی خه‌ڵک'' بێت نه‌ک دروستکردنی کائینی بێزمان و هه‌ڵچوو. سێ: مادامێک هه‌موو کات و له هه‌موو شوێنێک که‌م و زۆر خه‌ڵکانێک هه‌ن و هه‌ر ده‌شمێنن که ناتوانن قسه‌ی دڵی خۆیان بکه‌ن، ئه‌رکی ده‌سه‌ڵاته خه‌مێک له‌وه بخوات جێگاوڕێگایه‌ک بگیردرێته به‌ر که ئه‌و که‌سانه هه‌ست بکه‌ن قسه‌ی دڵیان بۆ ده‌کرێت یان کۆمه‌ڵ ده‌زانێت قسه و ڕای ئه‌وان چییه. ئه‌م سێ خاڵه‌ی سه‌ره‌وه شێوه‌یه‌کی نوێ له کارکردنی ده‌وێت که بتوانێت ڕێوشوێنی (measure)کارا بدۆزێته‌وه بۆ گه‌یشتن به‌و ئامانجانه، نه‌ک هه‌ر هه‌ڵوێستگیریی و سه‌رکۆنه و لایه‌نگیریی و دژایه‌تیی و سێکتارزیم و فیکری بێفیعل که ئه‌مڕۆ سه‌رتاپای ناوه‌ندی حوکم و ناوه‌ندی ڕۆشنبیریی ئێمه‌ی داگیر کردووه.
پ/ ئه‌و کتێبانه که تووشی به‌ڵای سووتان هاتن، چ به‌شێک له کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ بوون؟ ئاخۆ ناوبراو له‌و به‌شه له کتێبه‌کانیدا قسه‌ی له پرسی ده‌سه‌لات و گه‌نده‌ڵی کردبوو که ئه‌مجاره به چوونه پاڵ لیسته‌ی کوردستانی که‌وتبێته نێو به قه‌ولی جه‌نابت "جووتمۆڕاڵی"یه‌وه؟
سیروان ع.: من نازانم ئه‌و کتێبانه‌ی سووتێنران کامانه بوون به‌ڵام من بزانم مادامێک ئه‌و ڕۆشنبیرانه ئه‌وه‌یان وه‌ک کارێکی ڕه‌مزیی کرد نه‌ک کارێک بۆ له‌ناوبردن و بنه‌بڕکردنی نوسخه‌کانی کتێبهایه‌کی دیارییکراوی ئه‌و نووسه‌ره، که‌واته مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگ نه‌بووه به‌لایانه‌وه چی کتێبێک و چی کتێبێک ده‌سووتێنن. به مانایه‌کی تر، ئه‌وه‌ی کرا بۆ ده‌ربڕینی ڕایه‌ک و ناڕه‌زایه‌تییه‌ک بوو له به‌رامبه‌ر که‌سێکدا که به ڕای ئه‌وان جوتمۆڕالانه و ناڕاستگۆیانه ده‌ورانێک ڕه‌خنه‌گری حکومه‌تکردنی فاشیلانه‌ی ده‌سه‌ڵات بووه، نه‌ک هه‌وڵێک بووبێت بۆ نه‌هیشتنی ده‌قهایه‌کی دیارییکراو له‌به‌ر ده‌ستی خه‌ڵکدا.
پ/ وه‌ک ئه‌زانی له مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه‌دا کتێب سووتاندن و کتێب دزین و کتێب به غاره‌ت بردن دیارده‌یه‌کی نامۆ نه‌بووه. ئه‌وه‌ی که بۆچی کتێب له جیاتی نووسه‌ره‌که‌ی ده‌کرێته ئامانج خۆی جێگه‌ی باسه. تۆ له وتاره‌که‌دا ئاماژه‌یه‌کی هاینریش هاینه، شاعیری ئالمانی دێنیته‌وه که ده‌ڵێ "له هه‌ر کوێیه‌ک کتێب سووتێنرا، له درێژماوه‌دا له‌وێ مرۆڤیش ده‌سووتینرێت". تێگه‌یشتنی تۆ له‌م رسته‌یه وه‌ک به وتاره‌که‌وه دیاره، ناگه‌ڕێته‌وه بۆ جیهانی بیرکردنه‌وه‌ی نووسه‌ره‌که، به قه‌ده‌ر ئه‌وه‌ی که گرینگی به کارێکی ره‌مزی وه‌ک سووتاندن ده‌دا. چۆن ده‌توانین نوسه‌ر له جیهانی بیرکردنه‌وه و کتێبه‌کانی داببڕین؟
سیروان ع.: زۆر ڕۆشن نییه مه‌به‌ستت له دابڕینی نووسه‌ر له جیهانی بیرکردنه‌وه و کتێبه‌کانی چییه، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو به‌دتێگه‌یشتنێک دوور بخه‌مه‌وه گرنگه ئه‌وه بڵێم که من دوو جۆر له کتێبسووتاندن ده‌بینم: یه‌ک، سووتاندنی کتێبێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ ناوه‌ڕۆکه‌که‌یدا کۆک نیت. دوو، سووتاندنی کتێبێک له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که نووسه‌ره‌که‌ی هه‌ست به به‌رپرسیاێتی ناکات و هه‌ر ڕۆژه‌ی قسه‌یه‌ک ده‌کات و تۆش له‌وێوه ده‌گه‌یته ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که کتێبه‌کانی ئه‌و نووسه‌ره ئه‌وه‌نده قسه‌ی بێکه‌ڵکن که بشیسووتێنیت هه‌ست ناکه‌یت زه‌ره‌رێکت کردووه. هاینریش هاینه له‌و ووته‌یه‌یدا مه‌به‌ستی خه‌ته‌رناکیی ئه‌و جۆری یه‌که‌مه‌یه له کتێبسووتاندن، به‌ڵام له هه‌مان کاتدا مه‌به‌ستی خه‌ته‌رناکیی ئه‌و هێرشه‌شه که ده‌کرێته سه‌ر ئه‌وانه‌ی که ئه‌و جۆری دووه‌می کتێبسووتاندنه ئه‌نجام ده‌ده‌ن، زۆر به ساده‌یی چونکه ئه‌م هێرشه‌ش وه‌ک کتێبسووتاندنه‌که‌ی جۆری یه‌که‌م هێرشکردنه بۆ سه‌ر ئازادیی ده‌ربڕینی ڕا.
پ/ رسته‌یه‌کی پڕ مه‌ترسی ده‌بێته کۆتایی وتاره‌که‌ی تۆ. له‌وێدا داوا ده‌که‌ی که کتێبی نووسه‌رانی دیکه‌ی له‌و چه‌شنه‌ش له رێوره‌سمی دیکه‌دا بکرێنه سووتماک و ده‌رخواردی ئاگر بدرێن. ئایا سووتاندنی کتێبی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات، له خۆێدا زه‌مینه خۆشکردن نییه بۆ ئه‌وه‌ی که ده‌سه‌ڵاتیش موسته‌حقی سووتاندن بێت؟ چۆنه کرداری سووتاندن ده‌بێته دژکرده‌وه له ئاست دژبه‌ری فیکری و سیاسی‌دا. ئایا مێژووی ئه‌م ناوچه‌یه که‌م نموونه‌ی له گوند سووتاندن و ئه‌نفالکردن و کتێب سووتاندن و سه‌مبول سووتاندن به خۆیه‌وه دیوه؟ ره‌نگه له‌م نموونه‌ی ئاخردا، ره‌خنه نه‌یتوانیبێ کاریگه‌ر بێت، بۆیه په‌نا بۆ سووتاندنی کتێبه‌کانی فه‌رهاد پیرباڵ براوه.
سیروان ع.: نمایشکردنێکی ته‌واو هه‌ڵه ده‌بێت بۆ ڕوانگه‌ی من، گه‌ر وا تێبگه‌ین که من داوای سووتاندنی کتێبی لایه‌نگرانی ده‌سه‌ڵات ده‌که‌م. من له‌و ڕسته‌یه‌ی کۆتایی ووتاره‌که‌دا ده‌مه‌وێت ئه‌وه پیشانی ڕه‌خنه‌گرانی کتێبسووتاندن به‌گشتیی بده‌م که کتێب موقه‌ده‌ستر نییه له ئازادییه‌کانمان. ئه‌مه ده‌که‌م چونکه کۆمه‌ڵگای ئێمه ترادیشۆنێکی ڕه‌گ داکوتیو و کۆنی هه‌زار ساڵه‌ی هه‌یه له پیاده‌کردنی هاوکێشه‌یه‌کی پێچه‌وانه‌ی وادا که کتێب له‌سه‌رووی ئازادییه‌کانمانه‌وه داده‌نێت. کتێبه ئاینییه‌کان بۆ نموونه. ئه‌و ته‌قدیسکردنی کتێبه‌ش که هه‌رچییه‌ک بێت ده‌بێت پارێزراو بێت بێبه‌ریی نییه له‌م دیده ئاینییه بۆ کتێب. به‌ڵێ من ده‌مه‌وێت خه‌ڵکی ئێمه تۆزێک به چاوێکی دونیه‌ویتر و به چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌تر سه‌یری کتێب و به‌رهه‌می فیکریی ڕۆشنبیران و بیرمه‌ندان بکات. ئه‌وه‌ی من داوای ده‌که‌م ئه‌وه‌یه که ئیتر هه‌موو زبڵێک وه‌ک فیکری مومتاز و شایان به ڕێز سه‌یر نه‌که‌ین، تا رۆشنبیرانمان تۆزێک هه‌ست بکه‌ن که داوایان لێ ده‌کرێت به مه‌سئولییه‌ته‌وه قسه بکه‌ن و ترسێکیان هه‌بێت له‌وه‌ی، بۆ زه‌قکردنه‌وه‌ی ناوی خۆیان، ساڵانه به تۆن زبڵ بخه‌نه ناو بازاڕی ڕۆشنبیریی کوردییه‌وه. ئه‌مه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ر به حه‌قیقه‌ت ڕۆشنبیری کورد خه‌ته‌رناک ده‌ستی داوه‌ته ئه‌و یارییه‌ی که به قسه‌ی زل و بێفیعل و بیناوه‌ڕۆک خۆی به‌سه‌ر خوێنه‌ری ساده‌ی ئێمه‌دا تێپه‌ڕێنێت. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌یت من داوای ئه‌وه ده‌که‌م که هۆکاره‌که‌ی به‌یان بکرێت که بۆچی کتێبێک شایان به ته‌نه‌که‌ی خۆڵ یان کوره‌ی ئاگر ده‌کرێت. ئه‌مه به مانای ئه‌وه‌ی پیشاندانی بێکه‌ڵکیی ناوڕۆکه‌که‌ی پێودانگی بێحیسابکردنی کتێبێک بێت، نه‌ک موخاله‌فه‌تی فیکریی له‌گه‌ڵ تێزه‌کانی ناوی. ساڵانێکه ئێمه کاتی ده‌رچوونی کتێبێک ده‌سته‌واژه‌ی ''ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کتێبخانه‌ی کوردیی'' ده‌بیستین. ده‌وڵه‌مه‌ندکردنی کتێبخانه‌ی کوردیی بۆ من ئامانجێک نییه. ئێمه ژماره‌ی کتێبمان که‌مه، به‌ڵام له ژماره‌ی کتێبی بێفه‌ڕدا بێمنه‌ت مونافه‌سه‌ی هه‌موو نه‌ته‌وه‌کانی سه‌ر ڕووی ئه‌رز ده‌که‌ین. کتێبخانه‌ی کوردیی به‌وه ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بێت مه‌رجی قسه‌کردنی به مه‌سئولییه‌ت بخه‌ینه سه‌ر نووسه‌ران و حه‌یایه‌کی عام دروست بکه‌ین که نووسه‌رانمان سه‌د جاری تر ته‌حقیق له دروستیی تێزه‌کانیان بکه‌نه‌وه ئینجا جورئه‌ت بکه‌ن ڕیگه‌ی چاپخانه بگرنه به‌ر.
که ئه‌م هه‌ستکردن به مه‌سئولییه‌ته نییه، دڵخۆشکه‌ره خوێنه‌ر هه‌بێت داوای له نووسه‌ر ئه‌وه بێت که ڕێز له عه‌قڵی خۆی و خوێنه‌ره‌که‌ی بگرێت ئه‌گینا ده‌سته‌که‌ی که‌شف ده‌کات و پیشانی ده‌دات به چی هه‌ژارییه‌کی فیکرییه‌وه خۆی وه‌ک نووسه‌ر تێده‌په‌ڕێنێت. ئه‌وه‌ی ترسی نییه به‌ر ئه‌م هه‌ڵمه‌ته‌ی خوێنه‌ری زیندوو بکه‌وێت، پێویستیشی به‌وه نییه ترسی له‌و هه‌ڵمه‌ته هه‌بێت. کتێبخانه‌کانی ئێمه پڕن له چه‌نان کتێب که زۆر به قه‌ناعه‌ته‌وه ده‌ڵێم قسه‌کانی ناویان نرخی ئه‌و کاغه‌زه‌یان نییه که له سه‌ری نووسراون. نه‌ک هه‌ر ئه‌مه به‌ڵکو ئێمه ده‌بێت ئاگاداری ئه‌وه بین که نه‌ک هه‌ر زبڵ به‌ڵکو زبڵی خه‌ته‌رناک و ژه‌هراوییش هه‌یه که هه‌روا بێ هه‌ستکردن به مه‌سئولییه‌ت خراونه‌ته سه‌ر کاغه‌ز و فڕی دراونه‌ته به‌رده‌ستی ئه‌و خوێنه‌ره ساده‌یه‌ی که توانای جیاکردنه‌وه‌ی فیکری له قسه‌ی بێسه‌روبه‌ر نییه. زه‌قترین نموونه‌ی ئه‌م شێوه‌کاره ده‌کرێت نووسین و تێزه‌کانی ئه‌م چوار پێنج ساڵه‌ی دوایی کاک فاروق ڕه‌فیق بێت که هه‌ر رۆژه‌ی به ئاقارێکدا لێده‌خوڕێت و داواش ده‌کات وه‌ک پڕۆژه‌یه‌کی فیکریی موته‌ناسق لێی وه‌ربگیردرێت. واش نه‌زانین قسه‌ی مردوو به مردوویی کارکردی نییه. بیرمان نه‌چێت له ئاست ئه‌و قسه‌فڕێدانه نامه‌سئولانه‌یه‌ی که ئه‌و نووسه‌ره ئه‌و ساڵانه ده‌ستی دایێ، که‌سێکی وه‌ک کاک به‌ختیار عه‌لی فریای کۆمه‌ڵگای کوردیی که‌وت، ئه‌گینا کۆمه‌ڵگای ئێمه ئه‌وکات به ده‌ست قسه‌ی بێسه‌روبه‌ره‌وه له به‌رده‌م ئیحتیمالی گلانێکی سه‌ختدا قه‌راری گرتبوو.