ته‌سبیحات به وشه
روونکردنه‌وه‌یه‌که ده‌رباره‌ی دیداره‌که‌ی گۆڤاری هه‌نار
سه‌لام محه‌مه‌د
له ژماره 37 و 38 ی گۆڤاری هه‌ناردا حه‌مه‌ی کاکه‌ڕه‌شی شاعیر دیدارێکی له گه‌ڵما سازکردبوو، دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی کۆمه‌ڵێ سه‌رنج و بیر و بۆچوونی خوێنه‌رانی به‌ڕێزم له رێگای ئێمایل و ته‌له‌فۆنه‌وه پێگه‌یشت و به پێویستم زانی به‌گوێره‌ی کات و توانا تیشکیان بخه‌مه سه‌ر.
پاش هه‌ڵسه‌نگاندن و نرخاندنیان دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه ئه‌گه‌ر له کتێبێکی سه‌ربه‌خۆدا نه‌بێت گێڕانه‌وه‌ی به‌سه‌رهاته‌کان و یاده‌وه‌رییه‌کان ئێجگار له‌وه فراوانترن به باسێك و دوان و سیان ته‌واو بن. نووسینه‌وه‌ی ئه‌و هه‌موو یادگارانه‌ش واته سه‌رگوزه‌شته‌ی ژیان به جۆره لاساییکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌زانم چونکه له گه‌ڵ رۆژگاردا بیرکردنه‌وه‌م له‌مه‌ڕ جیهان و رووداوه‌کان گۆڕاون و جیاوزن . ئه‌وه‌ی که جاران سه‌یر بوو ئێستا ئاساییه. کاتێ نووسه‌ران و شاعیران و ته‌نانه‌ت سیاسیه‌کانیش ده‌گه‌نه ئاستێکی دیاریکراوی ته‌مه‌ن، ئه‌زمون و یادگاره‌کانی خۆیان ده‌نووسنه‌وه، وه‌کو خۆئاماده‌کردن وایه بۆ ماڵئاوایی له ژیان و هه‌ستکردنه به پیربوون و هه‌وڵدانه بۆ دووباره ژیانه‌وه‌ی رابردوو یان دووباره مناڵبوونه‌وه. ره‌نگه ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه بۆ مێژوو سوودی هه‌بێت که گومانێکی گه‌وره‌م هه‌یه به‌رانبه‌ر ئه‌وانه‌ی مێژوو ده‌نووسنه‌وه له به‌ر ئه‌وه‌ی گشت مێژوونووسێك دید و خوێندنه‌وه و بۆچوونی تایبه‌تی خۆی هه‌یه بۆ رووداوه‌کان ئه‌ویش له‌ژێر فشار‌و کاریگه‌ریی کۆمه‌ڵێ هۆی که‌سایه‌تی و گشتیدا. نووسینه‌وه‌ی یاداشته‌کانی ژیان که هه‌ندێ که‌س زۆر درێژه‌ی پێده‌ده‌ن و ورد و درشت فه‌رامۆش ناکه‌ن نیشانه‌ی خۆخڵافاندن و بێتاقه‌تییه ، چونکه له هه‌موو حاڵه‌تێکدا کتێبێک به‌سه و ئه‌گه‌ر نووسه‌ر مه‌به‌ستی بێت به یه‌ک به‌رگ بیره‌وه‌ریه گرنگه‌کان ده‌نووسێت . کتێبم خوێندۆته‌وه که 200 - 500 لاپه‌ڕه بووه به‌ڵام ده‌توانرا به چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی کورت هه‌مان بابه‌ت بخرێته به‌رچاوی خوێنه‌ران. کێ هه‌یه سه‌رانسه‌ری ژیانی پڕ نه‌بێت له کاره‌ساتی گه‌وره و هه‌ڵکشان و داکشان . کێ هه‌یه جارێك له جاران هه‌ستێکی وا داینه‌گرتبێت که ئه‌وه‌ی له‌و قه‌وماوه به سه‌ر که‌سدا نه‌هاتووه؟ منیش که بیر له رووداوه‌کانی ژیانی خۆم ده‌که‌مه‌وه ده‌بینم ده‌یان گێژه‌ڵۆکه‌ی ترسناك راسته‌وخۆ رووبه‌ڕووی مردنیان کردوومه‌ته‌وه و به رێکه‌وت نه‌مردووم. هه‌ندێك له‌و گێژه‌ن و ده‌مه‌بورکانانه ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی خۆم بوون، به‌ڵام زۆربه‌یان چ په‌یوه‌ندیه‌کیان به خۆمه‌وه نه‌بووه. رێکه‌وت و چاره‌نووس تووڕیان داومه‌ته ناو ده‌می تیمساحێکی برسی و هه‌ر خۆشیان ڕزگاریان کردووم به بێ ئه‌وه‌ی بزانم چۆن یان بۆچی. ئه‌و هه‌موو رێکه‌وته سه‌یره پرسیارگه‌لێکی به‌رده‌وامی بێ وه‌رامیان لای من دروستکردووه . له گشت حاڵه‌تێکیشدا ئێمه هێشتا له ژیانداین ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان بێت، فریای ئه‌وه ده‌که‌وین ته‌واوی خاڵه گرنگه‌کانی ڕابردووی خۆش و ناخۆشی خۆمان بگێڕینه‌وه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی کوژران و ئیعدام کران یان بێ سه‌روشوێن کران هه‌موو یاده‌وه‌رییه‌کانیان له گه‌ڵ خۆیاندا بۆ ژێر گڵ و گه‌رووی بیابان و کووره‌کانی هیتله‌ر و ئاوه‌کانی ئۆقیانووس و زۆر شوێنی دیکه برد. کێ ده‌زانێ چ جۆره خه‌ون و ژان و هیوا و نائومێدییه‌ک ته‌نگی پێ هه‌ڵچنیبوون و داگیری کردبوون .کێ ده‌زانێ نه‌غمه‌ی ئاوازی دوا ترپه‌ی لێدانی دڵه‌کانیان چۆن بووه .ئه‌ی کێ ده‌زانێ چ ڕه‌شمارێک له گه‌ردنیان ئاڵاوه و له‌و ساته وه‌خته‌دا بیریان له چی کردۆته‌وه؟ ئاخۆ دوکه‌ڵی هه‌ناسه‌یان نه‌خشه‌ی چ زه‌خره‌فه‌یه‌کی پڕ له نهێنی کێشاوه؟ چۆن چۆنی دواگه‌ڵای حه‌ز و تاسه و خۆزگه‌کانیان هه‌ڵوه‌ریون. ئێمه ته‌نیا به خه‌یاڵ باسی دوا ڕۆژه‌کانی ئه‌و که‌سانه ده‌که‌ین که هه‌ر یه‌کێکیان به جۆرێك ده‌مرێت. خه‌یاڵیش په‌یوه‌ندی به ئاستی تێگه‌یشتنه‌وه هه‌یه و تا ئه‌و شوێنه بڕ ده‌کات که خاوه‌نه‌که‌ی شاره‌زایی هه‌یه له چۆنیه‌تیی هه‌ڵفڕینی باڵنده‌کانی خه‌یاڵ. فروغی فروغزاد ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر به‌رد سه‌ری خۆت نه‌شکێنێت له ئازاره‌که‌ی تێناگه‌یت. ئاسان نییه پیاو ده‌رباره‌ی ئه‌و بێگوناهانه بنووسێت که چاره‌نووسیان به ئه‌شکه‌نجه و پاشان به کوشتن کۆتایی هاتووه، ته‌نانه‌ت بینینی تاوانبارێک که حوکمی مه‌رگی به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێنرێت له‌گه‌ڵ ویژدان و سۆز و پیرۆزیی ئینساندا ناگونجێت. خۆ له هه‌وه‌نته و خۆڕایی نییه گشت ئه‌وروپا سزای مردنی هه‌ڵوه‌شاندۆته‌وه. له ته‌مه‌نی گه‌نجیمدا ڕۆمانی ''دوا ساته‌کانی ژیانی پیاوێکی به مردن حوکمدراو''م خوێندۆته‌وه که له نووسینی ڤیکتۆر هۆگۆیه تا ئێستاش کاریگه‌ریی ماوه. هه‌ر ئه‌م جۆره بیرکردنه‌وه‌یه‌ش بوو کاتی خۆی وای له ئه‌لبێر کامۆ کرد دژی سزای مل په‌ڕاندن بێت و کتێبی مه‌قسه‌ڵه بنووسێت که له ڕاستیدا ڕاپۆرتێکی به‌رگریکردن بوو له سێ پیاوی مه‌غریبی که به سزای مردن حوکم درابوون. کاتی خۆی له عه‌ره‌بیه‌وه کردوومه به کوردی و دام به ده‌زگای چاپ و بڵاوکردنه‌وه‌ی کوردی له به‌غدا به‌ڵام نه چاپ کرا و نه ده‌ستنووسه‌که‌شم وه‌رگرته‌وه.
ئێمه‌ی هێشتا زیندوو هه‌رچییه‌کمان به‌سه‌ر هاتووه ناگاته ئاستی هه‌زاران ڕووداوی دڵته‌زێنی وه‌ك جینۆسایدی چه‌ندین ملیۆن جووله‌که له کارگه سامناکه‌کانی مه‌رگدا له ئاوشڤیتز و بیرکناو و تریبلنکا و سوبیبور و مایدانك و شوێنگه‌لێکی تریش که به گازی ئۆکسیدی کاربۆن خنکێنران و پاشان له کووره ئاگرینه‌کاندا سووتێنران و پاشماوه‌کانیان کران به سابون و سه‌ماد و شۆسته و ڕێگاوبان. لووتکه‌ی دڕندایه‌تی فاشیسته‌کان ئه‌وه‌بوو که زۆربه‌ی کاره‌کانیان هه‌ر به جووه‌کان خۆیان ئه‌نجام ده‌دا.
زیاتر له 180 هه‌زار ئینسانی لێقه‌وماوی کورد له ئه‌نفاله ڕه‌شه‌کاندا بێ سه‌روشوێن کران. سه‌ره‌تا له ئۆردوگا به‌دناوه‌که‌ی تۆبزاوه و کۆمه‌ڵێ ئۆردوگای ئاشکرا و نهێنیی دیکه‌دا کۆ کرانه‌وه پاشان به‌ره‌و نوگره سه‌لمان یان ڕاسته‌وخۆ ڕه‌وانه‌ی چاڵه‌کانی مه‌رگ و هه‌ناوی هه‌ڵقرچاوی بیابانی عه‌رعه‌ر و ده‌شت و بیابانی تر کران. ئه‌ی ئه‌وانه‌ی هه‌ر له ژێر ته‌عزیبدا کوژران و شایه‌تحاڵێک نییه باسی کاره‌ساته‌کان بکات بێجگه له جه‌للاده‌کان خۆیان.
ئه‌مڕۆ هه‌ر له کوردستان به سه‌دان جه‌لاده‌تی کۆتر هه‌ن که به ڕێکه‌وتیش نه‌که‌وتنه ژێر مه‌رحه‌مه‌تی جه‌للادێکی له بابه‌ت سامیری بابلیه‌وه به‌ڵکو سه‌رجه‌می دراما و تراژیدیاکانیان وه‌ك خۆیان فه‌وتان و له‌ناوچوون. ئاخۆ ئه‌وانه چه‌نده ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌یان چه‌شتووه تا گیانیان ده‌رچووه؟ ده‌بێ بۆ قومێک ئاو یان له‌ته نانێکی ڕه‌ق چ تاریکایی و چ ژانێك هه‌راسانی کردبن؟ ئه‌ی گۆشتی داخکراو و له ئوتودراو و هه‌ڵکێشانی نینۆك و خوێ کردنه سه‌ر برین و ده‌یان شێوازی ئه‌شکه‌نجه‌دانی دڕندانه‌ی تر که‌له ژماره نایه‌ن . کێ ده‌توانێت به شیعر و ڕۆمان ئه‌و چیرۆکانه‌مان بۆ بگێڕێته‌وه و وێنه‌یه‌کی بچووک کراوی راستیه‌کانمان بخاته به‌رچاو. من گومان ئه‌که‌م له‌وه‌ی که شاعیر و ڕۆماننووس بتوانن بچنه ناخی سووچه دره‌وشاوه هه‌ره قووڵه‌کانی ئه‌و کاره‌ساته جه‌رگبڕانه و هه‌رچیه‌کیش بنووسن له سنووری هه‌وڵدان تێناپه‌ڕێت و ده‌که‌وێته خانه‌ی ختووکه‌دانی هه‌ست و سۆزی ئینسانیه‌وه.
لۆژیك ده‌ره‌قه‌تی ئه‌م ده‌ربڕینه نایه‌ت، به‌ڵام هونه‌ر و ئه‌ده‌ب تا ڕاده‌یه‌ک لێی نزیک ده‌که‌ونه‌وه، ئه‌ویش له ڕێگای توانا و بلیمه‌تی و شاره‌زایی و فه‌نتازیای هونه‌رمه‌ند و نووسه‌ری داهێنه‌ره‌وه که هه‌رگیز به‌رهه‌مه‌که‌ش پڕ به پێست و ده‌قاوده‌قی ئه‌و مه‌تاهه ڕۆحیه نابێت. ته‌نیا ئه‌و که‌سه‌ی خۆی له کاره‌با دراوه ده‌زانێت ئازاره‌که‌ی چۆنه.
هه‌ر کاتێك بیر له نووسینه‌وه‌ی ئه‌زموون و به‌سه‌رهاته‌کانی ژیانی خۆم ده‌که‌وه ئه‌و له‌شکری ملیۆنه‌ها قوربانییه‌م ده‌که‌وێته‌وه یاد له هه‌موو جیهاندا که فریای تۆمارکردن و نووسینه‌وه‌ی یادگاره‌کانیان نه‌که‌وتوون و ئه‌وه‌ی خۆم وه‌ک مێشووله‌یه‌ک ده‌بینم که به گژ قوله‌ی قافدا ده‌چێت.
هه‌ندێك له‌وانه‌ی بۆنوگره سه‌لمانراپێچکرابوون ده‌ڵێن کاتێ گه‌یشتوونه جێ هێشتا پاشماوه‌ی هه‌ندێ قابه شۆربای جێهێڵراو له سووچه‌کانی زیندانه‌که‌دا به گه‌رمی مابوونه‌وه که ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی ئاشکرایه ئه‌و زیندانه نه‌فره‌تییه‌ی هه‌ر له کۆڵانه‌کانی دۆزه‌خ ده‌چوو چه‌ند ده‌قیقه‌یه‌ک له‌وه‌به‌ر قوربانییه‌کانی بۆ چاڵه‌کانی بیابان گوێزراونه‌ته‌وه که پاشان هه‌ندێک له‌و جه‌ستانه ده‌بوون به خۆراکی سه‌گی به‌ره‌ڵڵا. بۆ ساته وه‌ختێک لاشه‌ی پیرۆزی منداڵێك بێنه به‌رچاوی خۆت که سه‌گه خوێڕییه‌کان تێی ورووکاون و پارچه پارچه‌ی ده‌که‌ن. وا بزانه ئه‌وه یه‌کێکه له منداڵه‌کانی خۆت به ده‌م قه‌پاڵی سه‌گه‌وه. ئاخۆ چ شیعرێک، ڕۆمانێک، تابلۆیه‌ک، گۆرانییه‌ک یان فیلمێک ته‌سکینی ده‌خاته دڵته‌وه و سه‌بووریت پێ ده‌به‌خشێت؟ چ واوه‌یلایه‌ک ئارام و ئاسووده‌ت ده‌کات؟
قه‌ناعه‌تێکی ته‌واویشم لا هه‌یه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم دووباره‌کردنه‌وه‌ی ئاوازێکی دیکه‌ی زۆر به جۆش و خرۆشتره له کون و که‌له‌به‌رێکی دیکه‌ی ئه‌م جیهانه بچووک و له هه‌مان کات گه‌وره‌یه‌دا. بێگومانم هه‌رچه‌نده داهێنان جوان و سه‌رکه‌وتوو و ته‌نانه‌ت تازه‌ش بێت له جێگایه‌کی تردا داهێنه‌رێکی تر به شێوه‌یه‌کی جوانتر و قووڵتر خۆی له‌و بابه‌ته داوه. ئه‌مه‌ش قسه‌ی من نییه و بڕوای که‌سانێکی به‌هره‌دار و ڕووناکبیر و داهێنه‌ره پاش په‌نجا ساڵ زیاتر له ئه‌زموونی هونه‌ر و ئه‌ده‌بدا وا ده‌ڵێن. ئه‌ڵبه‌ته مه‌به‌ستم ئه‌وه‌ش نییه که هیچی تازه نه‌ماوه چونکه ژیان به به‌رده‌وامی له گۆڕانکاری و تازه‌بوونه‌وه‌دایه. ناڵێم قه‌ڵه‌مه‌که‌م بخه‌مه لاوه و هیچ نه‌نووسم چونکه داهێنان و بابه‌تی تازه نه‌ماون ، ئیتر جاڕی ئاشبه‌تاڵ و وشکبوونه‌وه بده‌م . من مه‌به‌ستم داهێنانی ته‌واو ته‌واو تازه‌یه به نیسبه‌ت خۆمه‌وه، نه‌ک یه‌کێکی دیکه که ڕه‌نگه ئه‌وه‌ی له توانای مندا نه‌بێت بۆ زۆر که‌سی تر تازه و ئاسان و ئاسایی بێت. ڕووباری داهێنان هه‌رگیز ڕاوه‌ستانی بۆ نییه و هه‌رگیز وشک نابێته‌وه و ڕه‌ق هه‌ڵنایه‌ت. لێره و له‌وێش ئه‌گه‌ر نووسین و شیعر و به‌رهه‌می ئاسایی بڵاو بکه‌مه‌وه به لامه‌وه سه‌یر نییه، چونکه زیانی بۆ که‌س نییه به‌ڵام ده‌گونجێ قازانجی هه‌بێت و شتی باشتری به دواوه بێت.
ده‌رباره‌ی دیداره‌که‌ی گۆڤاری هه‌ناریش وا تیشک ده‌خه‌مه سه‌ر هه‌ندێ پرسیار و شتی فه‌رامۆشکراو که هیوادارم نه‌که‌وێته خانه‌ی دووباره‌بوونه‌وه. خۆم زیاد لههه‌موو شتێکی تر رقم له ته‌مسیل کردن و دووباره‌بوونه‌وه و خۆنواندنه که مه‌به‌ستم لههونه‌ری ته‌مسیل نییه ، به‌ڵکو ته‌مسیلکردن به‌رانبه‌ر به ده‌وروبه‌ر یان به کوردیه‌کی په‌تی فشه‌کردن.
***
ئه‌و ڕووداوانه‌ی له دیداره‌که‌دا باسمکردوون و درێژه‌م پێنه‌داون بابه‌تی جیاواز و سه‌ربه‌خۆن. ئه‌گه‌ر بکه‌ومه گێڕانه‌وه‌یان ده‌بێ نوک به نوک له سه‌ره‌تاوه تا کۆتایی باز به سه‌ر هیچیاندا نه‌ده‌م و ئه‌وه‌ش حه‌وسه‌ڵه‌یه‌کی ده‌وێت. که‌سانێک هه‌ن هێشتا له ژیاندان و به‌و جۆره باسانه ده‌ورووژێن. ڕه‌نگه کاره‌ساتی ناخۆشی به دوواوه بێت. ڕه‌نگه ئه‌وان وه‌ک خۆم ئاسایی وه‌رینه‌گرن و قورس به سه‌ریاندا بکه‌وێته‌وه. کای کۆن به بادا کردنیش جۆرێکه له گێچه‌ڵ و ئاژاوه نانه‌وه چونکه ڕووداوه‌کان ساڵگارێکی درێژیان به سه‌ردا تێپه‌ڕیوه و که‌وتوونه‌ته ناو دوڕگه‌کانی له‌بیرچوونه‌وه. ڕۆژگار گۆڕانی گه‌وره و و بنه‌ڕه‌تیی به سه‌ردا هاتووه. هه‌یه ئه‌و ده‌مه پیاوی ڕژێم بووه و له دوای ڕاپه‌ڕین و گۆڕانکارییه‌کانی دوای ڕاپه‌ڕین و شه‌ڕی براکوژی ئه‌م حزب و ئه‌و حزبی کردووه و گشت کاتێکیش ده‌سه‌ڵاتی هه‌بووه. هه‌یه به پێچه‌وانه‌وه ئه‌وسا خراپ بوو پاشان ڕێگای ڕاستی گرته‌به‌ر. به گشتی ئه‌وه‌ی کۆنه برین ده‌کولێنێته‌وه دۆست و ئاشتیخواز نییه، منیش خۆم به دوشمنی که‌س نازانم و هیچ پێویستیه‌کم به هه‌ڵدانه‌وه‌ی گشت لاپه‌ڕه‌کانی فه‌رهه‌نگی یاده‌وه‌رییه تاڵ و سوێر و تفته‌کان نییه.
ئه‌و کاره گرنگه‌ی له لایه‌ن ده‌زگای پاراستنه‌وه له ساڵی 1974 دا پێم سپێردرابوو که سه‌رنجی گه‌لێکی ڕاکێشاوه و حه‌ز ده‌که‌ن کرۆکی کرده‌وه‌که بزانن، ده‌ڵێم به‌سه‌رچاو. کاره‌که بریتی بوو له ته‌قاندنه‌وه‌ی چوار قومبه‌له‌ی ته‌وقیت له شاری به‌غادا. قومبه‌له‌کان بچووک نه‌بوون و هه‌ر یه‌که‌یان نزیکه‌ی چوار ئه‌وه‌نده‌ی نارنجۆکێکی ئاسایی بوون. نیوسه‌عاتی ڕێک پاش لابردنی ئه‌لقه‌کانیان ده‌بوو بته‌قێنه‌وه و مه‌شقیشم له‌سه‌رکردبوون.
سه‌ره‌تا پلانه‌که وابوو پاش ته‌سلیمبوونه‌وه و جێپێکردنه‌وه له بوونه پیاوی رژێم و تێپه‌ڕبوونی ماوه‌یه‌ک له جێگیربوونم، ئه‌دره‌سی ماڵی ئه‌و فڕۆکه‌وانانه‌ی کوردستانیان بۆردومان ده‌کرد وه‌ربگرم. به‌ڵام هه‌رگیز وه‌رمنه‌گرتن . کاتێ خۆمیش به سه‌روڕوخساری له‌جاما‌نه پێچراوه‌وه بۆ ناوپردان ده‌چوومه‌وه گوتیان ئێمه خۆمان په‌یوه‌ندیت پێوه ده‌که‌ین. هه‌رگیز په‌یوه‌ندیم پێوه‌نه‌کرا و نیشانه‌کانم بۆ دیاری نه‌کران. ده‌بوو به ئاره‌زووی خۆم بڕیار له سه‌ر نیشانه‌کان بده‌م . ئه‌مه‌شنه‌ك هه‌ر زه‌حمه‌ت بوو بۆ من بگره مه‌حاڵیش بوو. ئه‌وسا ڕێک ته‌مه‌نم بیست ساڵان بوو. ده‌مه‌ویست لاسایی که‌سێکی وه‌کو ره‌ئفه‌تولهه‌جان بکه‌مه‌وه و به ته‌نیاش هیچم پێ نه‌ده‌کرا. سه‌ره‌ڕای ترس و دڵه‌ڕاوکێیه‌کی بێ‌سنوور، ئه‌م جۆره شۆڕشگێڕایه‌تیه و شاعیر به قه‌د هه‌ردوو قوتبه‌که‌ی باکور و باشور له یه‌که‌وه دوور بوون . ئاخر شاعیر و قومبه‌له کوجا مه‌رحه‌با؟ ئه‌وه‌بوو نه‌ك هه‌ر سه‌رنه‌که‌وتم به‌ڵکو قورسیش به سه‌رما که‌وته‌وه و ئه‌گه‌ر زیاتریش درێژه‌ی پێبده‌م وه‌کو زنجیره‌یه‌ك تێکڕای ڕووداوه‌که له سه‌ره‌تاوه بۆ کۆتایی به یه‌که‌وه گرێدراون یان ده‌بێ لێره ڕاوه‌ستم یان ئه‌وه‌تانێ هه‌مووی بخه‌مه‌ڕوو که زۆر درێژه و سیی و پێنج ساڵیشی به سه‌ردا تێپه‌ڕیوه .
وه‌ك پێشتریش وتوومه‌به پله‌ی یه‌که‌م هه‌ڵه‌ی خۆم بوو چونکه کاره‌که خۆبه‌خشانه بوو، له پێنج که‌سه‌وه و له سه‌ر داوای خۆمان و له خه‌یاڵی ڕفاندنی فڕۆکه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد به‌ڵام به یه‌ک که‌س و چوار قومبه‌له‌ی نه‌گبه‌ته‌وه کۆتایی هات. ده‌بوو ئه‌نجامیش هه‌ر به‌و جۆره سه‌رنه‌که‌وتووه بکه‌وێته‌وه که به لای هیچ مرۆڤێکی هۆشیاره‌وه سه‌یر نییه و چاوه‌ڕوانکراوه .
به پله‌ی دووه‌میشنه‌ده‌بوو ده‌زگای پاراستن متمانه‌یه‌کی ئاوا گه‌وره‌ی وه‌ك ته‌قاندنه‌وه‌ی قومبه‌له به شاعیرێکی ته‌مه‌ن بیست ساڵان بده‌ن که هیچ باکگروند و ئه‌زموونێکی له‌وه‌به‌ری له‌و بواره‌دا نه‌بووه، با خۆیشی داوای جێبه‌جێکردنی کاری شۆڕشگێڕانه‌ی کردبێت. خه‌ون و خه‌یاڵی پێنج نووسه‌ری لاوی خوێن گه‌رم نه‌ده‌بوو په‌له‌ی لێ بکرێت و ببێته چالاکییه‌کی پسپۆرانه‌ی ده‌ره‌جه یه‌کی سه‌ربازی، هه‌رچه‌نده خۆبه‌خشانه‌ش بوو.
تازه ئه‌وه‌ی چوو ناگه‌ڕێته‌وه و باجه‌که‌شی هه‌ر خۆم دام و هیچ که‌سێک تۆسقاڵێك زیانی به‌رنه‌که‌وت. له مانگی ئابی 1974 دا له ژووری 22 ی ئوتێلی هه‌ولێر بووم له به‌غدا، له لایه‌ن رژێمه‌وه فه‌رمانی گرتنم ده‌رچوو. شه‌و له مزگه‌وته‌که‌ی شێخ عبدالقادری گه‌یلانی خۆم شارده‌وه چونکه سه‌عات پێنجی به‌یانی ئه‌وجا ڕێگا ده‌کرایه‌وه و سه‌فه‌رکردن به شه‌و قه‌ده‌غه بوو. یان ده‌بوو به‌غدا جێنه‌هێڵم که بێگومان ده‌گیرام و پاش ئه‌شکه‌نجه‌یه‌کی دڕندانه‌ش ئیعدام ده‌کرام. یان ده‌بوو گشت توانایه‌کم بخه‌مه کار تا خۆم ده‌رباز بکه‌م و بڕۆمه‌وه بۆ ناوچه‌ی سه‌رکردایه‌تی له ناوپردان که ئه‌گه‌رێكی گه‌وره‌ی گرتن و زیندانیکردنم هه‌بوو، به‌ڵام هه‌ر ئه‌میانم هه‌ڵبژارد. په‌شیمانیش نیم به‌ڵکو شانسم هه‌بوو یان وه‌ک ده‌ڵێن ئه‌جه‌لم نه‌هاتبوو. قه‌سیده‌ی ده‌مه‌و ئێواران ئه‌تبینم به سوخمه‌یه‌کی زه‌رده‌وه که له 17 / 07 / 1974 دا نووسراوه و تینوێتی و زستانی جوان - 1975 و چه‌ند بڕگه‌یه‌کی شیعری شیرین و یادگاره‌کانی ڕه‌حیماوه 1974 – 1975 هه‌روه‌ها قه‌سیده‌ی بارانی ره‌نگاوڕه‌نگ و هه‌ندێ شیعری تریش که هه‌موویان له دیوانه چاپکراوه‌که‌مدا هه‌ن په‌یوه‌ندییه‌کی هۆرمۆنی ڕاسته‌وخۆیان به‌م ئه‌زموونه‌وه هه‌یه، بۆ نموونه:
ناتوێمه‌وه
نا نا، نا نا ناتوێمه‌وه
ئه‌وه‌ی دیتم ڕۆژگارێ بوو
ده‌رگاوانی حه‌وت ده‌رگاکه‌ی دۆزه‌خی خوا نه‌یبینیوه
[کۆمه‌ڵه شیعری ده‌مه‌وئێواران .....قه‌سیده‌ی : تینوێتی و زستانی جوان -1975 ل 69]
یان :
ئه‌گه‌ر ئه‌گریم،
ئه‌وه زامی ڕۆژگارێکم دێته‌وه یاد
دڵداریم له گه‌ڵدا کردی و
نه‌مئه‌زانی... دڵداری چییه و چۆن لێومان
به یه‌ک ئه‌گات...
[قه‌سیده‌ی بۆ کچی کوێستان – 1976 ل122]
یان :
بڕۆ به‌ڵام، ئاوڕ له سێبه‌ری خۆتیش نه‌ده‌یته‌وه
ڕه‌سه‌نیی خۆر نه‌دۆڕێنی
له ماچ زیاتر چیت هێناوه بۆ لێوی خوێن
له خوێن زیاتر چیت هێناوه بۆ لێوی ماچ
[قه‌سیده‌ی بارانی ره‌نگاوڕه‌نگ. لاپه‌ڕه : 43]
یان :
هه‌ر ئه‌چیت و ئه‌گه‌ڕێیته‌وه
ئه‌مسه‌ره‌که‌ی...
ئه‌وسه‌ره‌که‌ی...
ئه‌ڕۆی... ئه‌ڕۆیت و... دێیته‌وه
نه‌ک وه‌ڵامێ
نه‌ک سۆراخێ
تۆ ئاوڕێک ناده‌یته‌وه...
[قه‌سیده‌ی ده‌مه‌وئێواران ئه‌تبینم به سوخمه‌یه‌کی زه‌رده‌وه . لاپه‌ڕه : 28]
یان :
که گه‌ڕامه‌وه...
به قه‌د هه‌موو شاخه‌کانی ئه‌م وڵاته
به قه‌د هه‌موو ئاخه‌کانی ئه‌م وڵاته
خۆشه‌ویستیم بۆت هێنابو
وه‌ک ئیبراهیم
تووڕیان دامه ناوئاگری گومانه‌وه...
[قه‌سیده‌ی شیرین و یادگاره‌کانی ره‌حیماوه 1974 لاپه‌ڕه : 66]
یان :
له نێوانی مژده و ڕقدا
خۆشه‌ویستیت له‌دایکبوو
ئه‌هاتمه لات، چاوه‌کانت ڕۆژنامه بوون
سه‌ر تا خوارێ
ده‌نگوباسی وڵاتم تیا ئه‌خوێنده‌وه:
هۆنراوه‌ی سوور،
فرمێسکی ئاڵ و بزه‌ی وێڵ،
کۆچی سه‌رلێشێواوی خێڵ،
پرسیاری زۆر...
سه‌دان نهێنی سه‌ربڕاو،
بڕوای هه‌تیو...
[قه‌سیده‌ی تینوێتی و زستانی جوان – 1975 لاپه‌ڕه 73]
یان :
کوژرام و زیندوو بوومه‌وه
مانگی کوێستان...
تریفه‌که‌ی،
به سه‌ر ڕووباری هه‌ناوما ئه‌خولایه‌وه
گیانه ئه‌وسا
پارچه‌یه‌ک بووم له گزنگی ( کانی ماران )
[قه‌سیده‌ی تینوێتی و زستانی جوان – 1975 لاپه‌ڕه 73]
له‌و هاتوچۆیه‌دا شه‌وێک له گوندی کانی مارانی سه‌ر به قه‌زای ڕانیه مامه‌وه. تاریکوڕوونی به‌یانی بوو له خه‌و هه‌ڵیانساندم و گوتیان جه‌یش هات. به په‌له خۆم و ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه‌ی له سه‌رکردایه‌تیه‌وه بۆ پاراستنم دانرابوو له خه‌و راپه‌ڕین . تا گوندی قه‌شقه‌ی به‌رانبه‌ر ده‌رماناو له گه‌ڵما هات و‌حیمایه‌ی ده‌کردم ، خۆیشی هه‌ر خه‌ڵکی کانی ماران بوو . ئه‌و ده‌مانچه و کڵاشینکۆفی پێ بوو به‌ڵام من چه‌کم هه‌ڵنه‌ده‌گرت. باره ده‌روونییه شڵه‌ژاوه‌که‌ی خۆم و دیمه‌نی ئه‌و گزنگه‌ی بۆنی خوێنی لێده‌هات هه‌رگیز له بیر ناچێته‌وه. ئه‌و سه‌فه‌ره من له قه‌شقه‌وه به که‌ڵه‌ک بۆ گوندی ده‌رماناو له زێیه‌که په‌ڕیمه‌وه و ئه‌ویش بۆ سه‌رکردایه‌تی ده‌زگای پاراستن ده‌گه‌ڕایه‌وه له ناوچه‌ی ناوپردان که هه‌ر له‌وێش کاری ده‌کرد.
ئه‌و تاقیکردنه‌وه خه‌ته‌رناکه‌م له گه‌ڵ ده‌زگای پاراستندا بێجگه له خودی خۆم تاڵه موویه‌ک زیانی بۆ هیچ که‌سێک نه‌بوو، که‌سیش به هۆی قومبه‌له‌کانه‌وه نه‌کوژران. سووده‌که‌شی بۆ ئه‌ده‌بی کوردی ئه‌و قه‌سیدانه بوون که له سه‌ره‌وه ناوم هێناون.
***
هه‌ندێ ڕه‌خنه‌م لێ گیراوه که درێژه‌م به باسکردنی تابلۆ داگرتنه‌که‌ی یه‌کیه‌تی نووسه‌رانی که‌رکوک نه‌داوه . له دیداره‌که‌دا گفتم به خوێنه‌ری به‌ڕێز دا که له ده‌رفه‌تێکی تردا ئاوڕ له‌و رووداوه ده‌ده‌مه‌وه و ورده‌کارییه‌کانی روونده‌که‌مه‌مه‌وه
که یه‌که‌م ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری یه‌کیه‌تی نووسه‌رانی که‌رکوک دامه‌زرا، دوا به دوای ئه‌ویش یه‌که‌مین لیژنه‌ی ڕۆشنبیری پێکهات بریتی بوو له فوئاد تاهیر سادق و عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و سه‌لام محه‌مه‌د. ئێمه سه‌رپه‌رشتی گشت کۆڕه ئه‌ده‌بیه‌کان و چالاکیه‌کانی یه‌کیه‌تیمان ده‌کرد. کلیلی باره‌گاکه لای فوئادی تاهیر سادق بوو که له هه‌مان کاتدا ئه‌ندامی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریش بوو. جارجار نه‌ده‌هات یان دواده‌که‌وت تا له ڕۆژی 02 / 02 /1972 دا من و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج و ره‌حمه‌تی ئیسماعیل ڕۆژبه‌یانی له به‌ر ده‌رگادا چاوه‌ڕێی هاتنیمان ده‌کرد و زۆریش چاوه‌ڕێمانکرد . پێشتر چه‌ند جارێک گله‌ییمان لێی کردبوو که زۆربه‌ی کات باره‌گا داخراوه و ده‌بێ ڕۆژانه کاتی دیاریکراو هه‌بێت بۆکردنه‌وه و داخستنی.
ئێمه زۆر تووڕه بووین و گوتمان له‌وه‌ده‌چێت گله‌یی سوودی نه‌بێت. چی بکه‌ین و چی نه‌که‌ین؟ هه‌ر مشتومڕمان بوو تا له پڕێکدا له‌تیف هه‌ڵمه‌ت وتی: وه‌رن کوڕینه تابلۆکه‌ی به‌ر ده‌رگا داگرینه خواره‌وه. نایده‌ینه‌وه تا داخوازیه‌کانمان جێبه‌جێ نه‌کرێت و له سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه ده‌بێ له‌مه‌ودوا کلیله‌که لای خۆمان بێت.
پێش داگرتنی تابلۆکه گوتوبێژێکی زۆرمان کرد. گه‌رمه‌ی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی 11ی ئازار بوو. نه حوکمه‌ت و نه لقی سێی پارتیش به‌و کاره ڕازی نابن و ئه‌گه‌ر قانونی ڕێکخراوه پیشه‌ییه‌کان جێبه‌جێ بکرایه حه‌پس ده‌کراین و سزایه‌کی توندیش ده‌دراین. خوالێخۆشبوو ئیسماعیل ڕۆژبه‌یانی کاره‌که‌ی به دڵ نه‌بوو، ده‌سبه‌جێ جێی هێشتین. ئێمه بڕیاری خۆمان جێبه‌جێ کرد و تابلۆکه‌مان هێنایه خواره‌وه که له سه‌ری نووسرابوو باره‌گای یه‌کیه‌تی نووسه‌رانی کورد لقی که‌رکوک . هه‌رسێکمان واته من و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج تابلۆکه‌مان برد بۆ باره‌گای کۆمه‌ڵی هونه‌رو وێژه‌ی کوردی له که‌رکوک که ئه‌وسا جه‌میل جێماو سه‌رۆکی بوو. یه‌کێک له قسه خۆشه‌کانی جه‌میل جێماو ئه‌وه‌بوو که لێت ده‌پرسی بۆچی نازناوی جێماوی هه‌ڵبژاردووه، ده‌یگوت من خۆم جێنه‌ماوم به‌ڵکو گه‌لی کورد له کاروان جێماوه و منیش کوڕی ئه‌و گه‌له‌م که‌واته جێماوم. خوا هه‌ڵناگرێ زۆر به گه‌رمی پشتگیری لێ‌کردین و وتی ئه‌گه‌ر نیازی خۆپیشاندانتان هه‌یه ئاماده‌م هه‌موو ئه‌ندامه‌کانمان کۆبکه‌مه‌وه و تیادا به‌شدار بن. پێشنیازه‌که‌مان به لاوه په‌سند بوو، ته‌نانه‌ت گوتیشمان ئێمه هه‌رسێکمان ده‌که‌وینه پێش خۆپیشانده‌ره‌کانه‌وه و تابلۆکه‌ی یه‌کیه‌تی نووسه‌ران به‌رز ده‌که‌ینه‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی خۆپیشاندانه‌که ناقانونی بوو، هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ری سه‌رکه‌وتنی لاواز بوو.
له بری ئه‌وه رێکه‌وتین به‌یاننامه‌یه‌ک ده‌ربکه‌ین و تێدا ڕوونی بکه‌ینه‌وه که چیمان ئه‌وێ و بۆچی تابلۆکه‌مان داگرتووه. پاشان به ده‌ستخه‌ت چه‌ند وێنه‌یه‌کی له سه‌ر بنووسینه‌وه و به هه‌موو لایه‌کدا بڵاوی بکه‌ینه‌وه. تابلۆکه‌مان به ئه‌مانه‌ت له کۆمه‌ڵی هونه‌ر و وێژه‌ی کوردی جێهێشت و له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ڕه‌شنووسی به‌یانه‌که‌ی نووسی ، ئێمه‌ش تێبینی و سه‌رنجه‌کانی خۆمان خسته سه‌ری و له خواره‌وه هه‌رسێکمان ئیمزامان کرد. زیاتر له بیست وێنه‌مان له به‌ری نووسیه‌وه و بۆ مه‌ڵبه‌ندی گشی یه‌کیه‌تی و لقه‌کانی و ڕۆژنامه‌ی هاوکاری و برایه‌تی و شوێنی تریشمان نارد .
به ڕاستی به‌یانێکی تووڕه بوو. هیچ ڕۆژنامه و گۆڤارێکی ئه‌و سه‌رده‌مه نه‌یده‌وێرا بڵاوی بکاته‌وه. بڕگه‌یه‌کی به‌یانه‌که‌م ته‌واو دێته‌وه یاد که نووسیبوومان ( ئه‌گه‌ر ئه‌و میزه‌ی کاتی خۆی شاعیرێکی سوریالی کردیه سه‌ر گڕی ژێر که‌وانی سه‌رکه‌وتندا له پاریس یاخیبوونێک بێت له سیاسه‌تی ئه‌وسای فه‌ره‌نسا ئه‌وا ئه‌م کاره‌ی ئێمه‌ش یاخیبوونه له‌و قه‌واره‌یه‌ی که یه‌کیه‌تیه‌که‌مانی تیادا دیل کراوه).
ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌وسا که پێکهاتبوو له خوالێخۆشبووان شێخ ڕه‌ئووفی خانه‌قا و شێخ عبدالعزیزی خانه‌قا و مامۆستا تاهیر سادق، هه‌روه‌ها مامۆستایان عوسمان مسته‌فا خۆشناو و فوئادی تاهیر سادق و شێخ حوسێن به‌رزنجی. چه‌ند جارێ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی تابلۆکه و مه‌رج و داخوازییه‌کانی ئێمه کۆبوونه‌وه . ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی شکاتیشمان لێ‌کرا به‌ڵام وه‌ك خۆمانیش ئاگادار بووین مه‌ڵبه‌ندی گشتی له به‌غدا به تایبه‌تی یادیان به‌خێر دکتۆر عزالدین مسته‌فا ڕه‌سوڵ و مامۆستا محه‌مه‌دی مه‌لا که‌ریم به‌و شکاته ڕازی نه‌بوون و ده‌یانزانی ئه‌نجامه‌که‌ی به دادگا و حه‌پسکردنی ئێمه ده‌که‌وێته‌وه. وتبوویان هه‌ر به قسه‌ی نه‌رم و خۆش ئیقناعیان بکه‌ن نه‌ك به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه.
هه‌موو ئێواره‌یه‌ک باره‌گای یه‌کیه‌تی وه‌ک هۆڵی کۆمه‌ڵه‌ی نیشتمانی شۆڕشی فه‌ره‌نسی لێهاتبوو له‌به‌ر گوتوبێژ و مفاوه‌زاتی ئێمه به‌رانبه‌ر به سه‌رجه‌می ئه‌ندامه‌کانیتر که پشتگیری ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریان ده‌کرد. ئێستاش خوتبه به جۆش و خرۆشه‌که‌ی شێخ فایه‌قی نه‌قشبه‌ندیم دێته‌وه بیر که هه‌وڵی ده‌دا به هێنانه‌وه‌ی نموونه و به‌ڵگه‌ی مێژوویی بیسه‌لمێنێت کاره‌که‌ی ئێمه هه‌ڵه‌یه و له گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی شاری که‌رکوکدا ناگونجێت.
یادی به‌خێر شێخ فایق هه‌میشه قسه‌ی خۆشی ده‌کرد و زۆر جار له گه‌ڵ فازیل جافی هونه‌رمه‌ندا ده‌مه‌ته‌قێی گه‌رموگوڕیان ده‌بوو ده‌رباره‌ی نه‌زه‌ریه‌ی قیڕوسیا . له قسه خۆشه‌کانی تری شێخ ( به‌دیع هه‌یه و به‌یان هه‌یه، جیناس هه‌یه و تیباق هه‌یه، قیمه هه‌یه و قیه‌م هه‌یه) .
هه‌رچۆنێک بێت ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر به داخوازیه‌کانمان ڕازی بوون و عه‌بدوڵڵا سه‌ڕاج له ئێمه جیابووه‌وه . وتی مه‌به‌ستی خۆمان وه دی هێنا و داخوازیه‌کانمان جێبه‌جێ ده‌کرێن، ئیتر ده‌بێ ئێمه‌ش تابلۆکه بگه‌ڕێنینه‌وه. به‌ڵام له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و من داوای گه‌ره‌نتیمان له ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌به‌ر کرد. گه‌ره‌نتیه‌که‌ش کلیلی باره‌گاکه بوو که ده‌مانویست لای خۆمان بێت و ئه‌وانیش ڕازی نه‌بوون. ئێمه به‌یانێکی دیکه‌ی چه‌ند دێڕیمان نووسی و هه‌موو مه‌سئوولییه‌ته‌که‌مان خسته ئه‌ستۆی هه‌ردووکمان و سووریش بووین له سه‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر کلیله‌که‌مان نه‌ده‌نێ تابلۆکه ناده‌ینه‌وه.
ئه‌وه‌بوو له یه‌کێک له‌و کۆبوونه‌وانه مشتومڕێکی توند و تیژ که‌وته نێوان له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و فوئادی تاهیر سادق، که له ئه‌نجامدا فوئادی تاهیر سادق کۆنترۆڵی به‌سه‌ر خۆیدا نه‌ما و هێرشی کرده سه‌ر له‌تیف هه‌ڵمه‌ت و ویستی یه‌خه‌ی بگرێت. به‌داخه‌وه کێشه‌یه‌کی ڕۆشنبیریی له‌و بابه‌ته به‌م جۆره کۆتایی هات. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت به دڵشکاوی ڕۆیشت و چاک دێته‌وه بیرم که به پێوه ڕاوه‌ستابووم و له چوونه ده‌ره‌وه‌دا بووم، خوالێخۆشبوو شێخ ره‌ئوفی خانه‌قا که سه‌رۆکی یه‌کیه‌تی بوو روی ده‌می کرده من و فه‌رمووی حه‌زم نه‌کرد ئه‌م کاره روویدا و ده‌بێ فوئاد داوای لێبووردن له هه‌ڵمه‌ت بکات ، به‌ڵام کاکه ئێوه‌ش له تامتان ده‌رکردووه، ئه‌دیب ناوه‌که‌ی به خۆیه‌وه‌یه که ده‌بێ به ئه‌ده‌ب بێت. به په‌له چوومه ده‌ره‌وه به‌ڵام هه‌ڵمه‌ت له‌و ناوه نه‌مابوو. پاشان بۆ ڕۆژی دوایی فوئادی تاهیر سادق داوای لێبووردنی له هه‌ڵمه‌ت کرد.
نه به‌یانه سێقۆڵیه‌که و نه ڕوونکردنه‌وه دووقۆڵیه‌که‌ش لای که‌سمان نه‌ماوه مه‌گه‌ر له ئارشیفی ڕۆژنامه‌کانی ئه‌و رۆژگاره‌دا بدۆزرێنه‌وه که ئه‌ویش زه‌حمه‌ته. هه‌ر لێره‌شه‌وه تکا ده‌که‌م ئه‌گه‌ر که‌سێک لای خۆی پاراستوویه با بڵاویان بکاته‌وه. دڵنیام له لایه‌که‌وه هه‌ر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن.
ئه‌مه‌بوو ورده‌کارییه‌کانی داگرتنی تابلۆی باره‌گای نووسه‌رانی که‌رکوک که ڕۆماننووس عه‌بدوڵا سه‌ڕاج گله‌یی کردبوو ناویم نه‌هێناوه. ئه‌و چه‌ند دێڕه‌ی له دیداره‌که‌شدا هاتووه ناوی هه‌رسێکمانی تیایه. له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش ئه‌وه‌ی دووپات کرده‌وه که له سه‌ره‌تادا له گه‌ڵماندا بوو، به‌ڵام پاشان له ئێمه جیابووه‌وه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌شبوو ڕوونکردنه‌وه دووقۆڵیه‌که‌مان نووسی و گشت مه‌سئوولیه‌ته‌که‌مان خسته ئه‌ستۆی خۆمان.
* * *
له دیداره‌که‌دا باسی هه‌موو هاوڕێکانم و نووسه‌رانی که‌رکووکم نه‌کردووه، ته‌نیا له به‌ر ئه‌وه‌ی بواره‌که هه‌ر ئه‌وه‌نده هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌گینا زۆر ناوم له یاده و زۆری تریش هه‌بوون ده‌وری به‌رچاویان هه‌بوو له پانتایی رۆشنبیری شاره‌که‌دا. ئه‌گه‌ر به زۆری ناوی له‌تیف هه‌ڵمه‌تم هێناوه هۆی ئه‌وه‌یه من باسی شیعری نوێی کوردیم کردووه له شاری که‌رکوک و له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا نه‌ك چیرۆک و بابه‌تی دیکه. ئه‌وساش به نیسبه‌ت شیعره‌وه من و هه‌ڵمه‌ت دیارترین شاعیری ناو شار بووین و لای هه‌موو خوێنه‌ران ناسرابووین و له ناوه‌وه‌ی که‌رکوکدا هیچ شاعیرێکی تر نه‌بوو وه‌کو ئێمه شوێن په‌نجه‌ی به شیعری نوێوه دیار بێت، به‌ڵام له ده‌ره‌وه‌ی شاردا شاعیری چاکمان هه‌بوون که له دیداره‌که‌دا ناوم هێناون.
ئه‌ڵبه‌ته نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ند و چیرۆکنووسمان زۆر بوون که ناوم نه‌هێناون و ئاماده‌بوونێکی گرنگ و به‌رده‌وامیان هه‌بوو له سه‌رانسه‌ری گۆڕه‌پانی ڕۆشنبیریدا، له‌وانه برایانی به‌ڕێز: ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل، محه‌مه‌د موکری، غه‌فور ساڵح، مسته‌فا زه‌نگه‌نه، جه‌لیل کاکه‌وه‌یس، زایه‌ر ڕۆژبه‌یانی، (خوالێخۆشبووان خه‌لیل خوێناوی، ئیسماعیل ڕۆژبه‌یانی، مسته‌فا په‌ژار و ڕه‌ئوف هه‌مه‌وه‌ندی)، یوسف سدیق زه‌نگه‌نه، ئه‌حمه‌د بێکه‌س، عوسمان شکور و فه‌رمان نه‌به‌رد و که‌سانی تریش که له‌م ئانوساته‌دا ناکه‌ونه‌وه بیرم. هه‌روه‌ها چه‌ند هونه‌رمه‌ندێکی ڕۆشنبیر و به توانای وه‌ك سه‌لمان فایه‌ق و فازیل جاف و عه‌لی که‌ریم و جیهاد دڵپاک و هه‌ندێکی تریش که له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا جموجوڵێکی هونه‌ری تازه‌یان له شاره‌که‌دا دروستکرد و ته‌کانێکی به گوڕیان دا به هونه‌ری کوردی . شانۆگه‌ری دایکی شه‌هید که له ته‌مموزی 1970دا نیشاندرا له نووسینی مسته‌فا په‌ژار و ده‌رهێنانی سه‌لمان فایه‌ق و نواندنی فازیل جاف و چه‌ند ئه‌کته‌رێکیتر ، سه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی ئه‌و کاروانه هونه‌رییه بوو.
ئه‌و شاعیر و نووسه‌رانه‌ی له ده‌ره‌وه‌ی شاردا بوون و به به‌رده‌وامی له که‌رکوکدا نه‌ده‌ژیان وه‌ك به‌ڕێزان: ئه‌حمه‌د شاکه‌لی و فه‌رهاد شاکه‌لی، هه‌روه‌ها ئه‌مجه‌د شاکه‌لی که سه‌ربازییه‌که‌ی له که‌رکوکدا ته‌واو کرد و پاشانیش هه‌ر له‌وێ دامه‌زرا، وه‌ک چۆن هه‌ڵمه‌تیش هه‌ر له که‌رکوکدا سه‌ربازی کرد و پاشان دوکانی شه‌ربه‌ی کرده‌وه . هه‌موویان رۆڵی گرنگیان هه‌بوو له‌و جموجووڵه رۆشنبیریه به گوڕ و گوژمه‌دا .
ئه‌و به‌ڕێزانه‌ی که له دیداره‌که‌دا ناوم هێناون به پێویستم نه‌زانی لێره‌دا دووباره‌یان بکه‌مه‌وه، هه‌موویان به‌شێک بوون له بزووتنه‌وه‌ی ڕۆشنبیری شاره‌که‌دا . کۆمه‌ڵێ هاوڕێم هه‌بوون سه‌ره‌ڕای ده‌ریایه‌ک بیره‌وه‌ری و یادگاری هاوبه‌ش هه‌ر ناویشم نه‌هێناون . دڵنیاشم له‌وه‌ی که فریای ناوی گرنگ نه‌که‌وتووم و هیچ مه‌به‌ستێکم نه‌بووه . له گه‌ڵ برایان محه‌مه‌د موکری و غه‌فور ساڵح و ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د ئیسماعیل و زایه‌ر ڕۆژبه‌یانی و جه‌لیل کاکه‌وه‌یسدا یاده‌وری خۆش و هاوبه‌شمان زۆره. چه‌ندین به‌سه‌رهاتی ئه‌ده‌بی و کۆمه‌ڵایه‌تی و شه‌وانی یانه‌ی مامۆستایانم له بیر ماون. له ڕه‌حیماوه‌شدا شه‌وان له چایخانه‌که‌ی ڕه‌حمه‌تی حه‌مه‌ساڵح، من و جه‌لیل کاکه‌وه‌یس و کۆمه‌ڵێ براده‌ری ئه‌ده‌ب دۆست و هونه‌ر دۆستی دیکه‌دا جار جار تا دره‌نگانێ کۆده‌بووینه‌وه و گوتوبێژ گه‌رم بوو ده‌رباره‌ی دین و روانگه و شیعری نوێ و زۆر شتی‌تر . ڕۆژی به‌فربارینه‌که‌ی که‌رکوک به سه‌رگه‌رمی چووم بۆ ماڵی زایه‌ر ڕۆژبه‌یانی له شۆریجه و چه‌ند جارێک به ته‌له‌فۆن یادی ئه‌و ڕۆژه خۆشه‌مان کردۆته‌وه و ده‌مانگوت ئه‌وه به‌فره‌که‌ش سه‌لماندی که که‌رکوک کوردستانه.
به‌سه‌رهاتێکی دیکه که باسم نه‌کردووه، هه‌ر له نیوه‌ی یه‌که‌می حه‌فتاکاندا بوو (1972 یان 1973)، له گه‌ڵ فه‌رهاد شاکه‌لی شاعیردا پرۆسه‌یه‌کمان به ده‌سته‌وه بوو گه‌شتێک به گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری که‌رکوک و کوردستاندا بکه‌ین . ئه‌م گه‌شته له بنه‌ڕه‌ته‌وه بیر و پێشنیازی کاک فه‌رهاد بوو، منیش به خۆشحاڵییه‌وه ئاماده‌یی خۆم ده‌ربڕی بۆ به‌شداربوون و هاوکاریکردن . وه‌ک من بزانم نیازی ئه‌وه‌مان هه‌بوو به ماتۆڕ ئه‌و گه‌شته بکه‌ین . ئه‌وسا گشت دێهاته‌کان و ته‌نانه‌ت تاکوترۆک نه‌بێت قه‌زا و ناحیه‌کانیش به هۆی ڕێکه‌وتنه‌که‌ی 11ی ئازاره‌وه له‌ژێر کۆنترۆڵ و ده‌سه‌ڵاتی پارتیدا بوون. به بێ وه‌رگرتنی ڕه‌زامه‌ندی پارتیش ئه‌م پرۆسه‌یه جێبه‌جێ نه‌ده‌بوو. سه‌باره‌ت به‌وه‌ی که من پارتی بووم و ئه‌وسا ئه‌ندامی لیژنه‌ی شار بووم له یه‌کیه‌تی قوتابیانی کوردستاندا، له گه‌ڵ کاک فه‌رهادا وا رێکه‌وتین من ڕه‌زامه‌ندییه‌که له لقی سێی پارتی وه‌ربگرم. به‌داخه‌وه داواکه په‌سند نه‌کرا و پرۆسه‌که‌ی ئێمه‌ش سه‌ری نه‌گرت. کاتێ پرسم له فه‌رهاد شاکه‌لی کرد بۆ ساغکردنه‌وه‌ی چۆنیه‌تیی سه‌رهه‌ڵدان و ئامانجی پرۆسه‌که، ده‌رکه‌وت من ته‌نها که‌مێکیم له یاد ماوه. له به‌ر گرنگی ئه‌و جۆره بۆچوون و بیرکردنه‌وه‌یه له‌و سه‌رده‌مه‌دا به پێویستم زانی ده‌قی نامه‌که‌ی فه‌رهاد شاکه‌لی وه‌ک خۆی بڵاو بکه‌مه‌وه:
برای شیرینم کاک سه‌لام
سه‌ڵاو و ڕێز و خۆشه‌ویستی.
نازانم بۆچی هه‌میشه که باسی ڕابوردوو ده‌که‌ین، وه‌ک سه‌رده‌مێکی زۆر جوان و فێنک و خۆش و نایاب دێته‌وه بیرمان. ده‌زانم ئه‌مه جۆره نۆستاڵژیایه‌که لای هه‌موو که‌س هه‌یه. کێ هه‌یه ساڵانی منداڵیی خۆی پێ جوان نه‌بێت، یا ساڵانی هه‌رزه‌کاری؟ به‌ڵام ئه‌گه‌ر به‌ڕاستی وێنه‌یه‌کی زیندووی ئه‌و سه‌رده‌مه بخه‌یته به‌رده‌ست ده‌بینی ئه‌وده‌میش وه‌ک ئێستا له زۆر شت بێزار بووین و زۆر شتمان به دڵ نه‌بووه. به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه سرشتی مرۆڤه، خوا وای ئافراندووه. هاوکاتیش ئه‌مه مێکانیزمێکی کارکردنی مێشکه؛ ئه‌گه‌ر مێشک شته ناخۆشه‌کانی نه‌سڕایه‌ته‌وه مرۆڤ شێت ده‌بوو، چونکه به‌رگه‌ی ئه‌و هه‌موو یادگاره تاڵ و گوشارهێنانه‌ی نه‌ده‌گرت.
کاکه گیان: ده‌ته‌وێ له‌باره‌ی ئه‌و گه‌شته‌وه که نیازمان بوو بیکه‌ین، بنووسیت. وا دیاره له‌مه‌یاندا بیری من له هیی تۆ تیژتره، چونکه بابه‌ته‌که ڕاسته‌وخۆ پێوه‌ندیی به خۆمه‌وه هه‌یه. گه‌رمیانی گوته‌نی حاڵ و مه‌سه‌له وه‌ی ته‌وره و وه‌ی ته‌رحه بوی [بوو]:
من له‌و ساڵانه‌دا ئه‌ده‌بییاتی چه‌پایه‌تی و مارکسیستیم زۆر ده‌خوێنده‌وه. دیاره زۆریش بیرم له مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی کوردستان ده‌کرده‌وه و ده‌مویست بزانم داخۆ ئێمه‌ی لاو و خوێنده‌وار چیمان پێ ده‌کرێت بۆ نه‌ته‌وه و نیشتمانه‌که‌مان. له‌ناو ئه‌و کتێبانه‌دا که خوێندبوومنه‌وه هه‌ندێکیان یا له‌باره‌ی شۆڕشگێڕی شه‌هیدی مرۆڤایه‌تی ئه‌رنیستۆ چێ گیڤارا(1928-1967)وه بوون، یا نووسینه‌کانی خۆی بوون. له نووسینێکیدا که ڕۆژنامچه‌ی ئه‌و ساڵانه‌یه که هێشتا خوێندکار و لاو بوو، باسی ئه‌وه‌ی ده‌کرد چۆن بڕیاری دابوو به مۆتۆرسایکل، له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌کیدا، به هه‌موو ئه‌مه‌ریکای لاتینیدا گه‌شت بکات بۆ ناسینی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ی خۆی. دیاره ئه‌مه‌ریکای لاتینی ئه‌گه‌رچی ده‌وڵه‌تی جیاوازن، به‌ڵام له ڕووی زمان و فه‌رهه‌نگ و پاشخانی سیاسییه‌وه هه‌ر وه‌ک یه‌ک وڵاتن. ئه‌م نووسینه‌ی گیڤارا منی خسته سه‌ر ئه‌و بیره‌ی که بۆچی من هه‌وڵ نه‌ده‌م کوردستانه‌که‌ی خۆم بناسم و به ناوچه جیاوازه‌کانیدا بگه‌ڕێم. ئه‌وه بوو له‌گه‌ڵ تۆدا که سێ مانگه‌ی هاوینی 1972 بچین به زۆرترین ناوچه‌ی کوردستاندا بگه‌ڕێین. ڕاستییه‌که‌ی، نه‌خشه‌که‌ی من ئه‌وه بوو که هه‌ر نه‌بێ ناوچه‌کانی که‌رکووک و قه‌راخ و شاره‌زوور و سلێمانی و تا ده‌شتی هه‌ولێر و ئه‌ولاتریش بچین و هه‌موو ئه‌مه‌یش به پێ بگه‌ڕێین، نه‌ک به مۆتۆرسایکل. بیری مۆتۆرسایکل پێم وایه له‌وه‌وه لای تۆ ماوه‌ته‌وه، که ڕه‌نگه من باسی ئه‌وه‌م کردبێت گیڤارا به مۆتۆر گه‌شته‌که‌ی کردووه، ئه‌گه‌رنا من نه ئه‌وسا و نه ئێستایش نه‌مزانیوه و نازانم مۆتۆر لێ بخوڕم. به‌داخه‌وه ئه‌و کاته پارتی ڕێگه‌ی پێ نه‌داین، ئه‌گه‌رچی تۆ خۆت ئه‌ندامێکی چالاکیش بوویت.
من ئه‌و خه‌ونه‌م هه‌ر له دڵدا مابوو. که یه‌که‌مجار بووم به پێشمه‌رگه (به‌هاری 1974 تا به‌هاری 1975)، هه‌لێکم ده‌ست که‌وت و ئه‌وه بوو به بیانووی ڕیپۆرتاژه‌وه بۆ ڕادیۆی ده‌نگی کوردستان، به پێ گه‌شتێکی باشم کرد بۆ ناوچه‌کانی گه‌رمیان، هه‌ردوو دیوی سیروان، ده‌شتی که‌رکووک و سه‌نگاو، له ده‌ربه‌ند باسه‌ڕه‌وه بۆ ناو قه‌راخ و له‌وێیشه‌وه بۆ شاره‌زوور و هه‌ورامان. هه‌موو ئه‌مه نزیکه‌ی مانگونیوێکی پێ چوو. دواتریش بۆم هه‌ڵکه‌وت به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش ببینم: کوردستانی ئێران و سووریا و تورکیا. ته‌نانه‌ت ئه‌وه‌یشم بۆ هه‌ڵکه‌وت له به‌یرووت بژیم و له‌گه‌ڵ کورده‌کانی لوبنان ئاشنایه‌تی په‌یدا بکه‌م و ساڵانی هه‌شتاکانیش دوو جار سه‌ری کورده‌کانی ئه‌رمه‌نستان و گورجستان و ئازه‌ربایجانیشم دا و هه‌ر جارێک نزیکه‌ی مانگێک له‌ناویاندا مامه‌وه.
منیش، وه‌ک تۆ، پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه ئه‌و گه‌شته‌مان بکردایه، به‌ڕاستی ده‌بوو به سه‌رچاوه‌یه‌کی نایابی ئه‌ده‌بی و سیاسییش له‌باره‌ی سه‌رده‌مێکی یه‌کجار ئاڵۆزی مێژووی کوردستانی عیراقه‌وه. ئێمه هه‌ر ئه‌وه نه‌بوو که دوو سێ گه‌نجی دڵگه‌رم بووین، به‌ڵکه شاعیر و نووسه‌ریش بووین و له‌چاو زۆر گه‌نجی ئه‌و سه‌رده‌مه‌یشدا بزێو و خوێنده‌وار و چاوکراوه بووین.
پێم وایه یه‌ک دوو ساڵێک له‌مه‌وبه‌ر بوو، فیلمێکم له‌باره‌ی ئه‌و گه‌شته‌ی گیڤاراوه بینی. فیلمێکی زۆر جوان بوو. ئه‌گه‌ر هه‌ڵه نه‌بم ئێستایش فیلمێکی تازه له‌باره‌ی گیڤاراوه به‌رهه‌م هێنراوه و هه‌مووی چه‌ند حه‌فته‌یه‌که گه‌یشتووه‌ته سوێد. من خۆم هێشتا نه‌مبینیوه، به‌ڵام منداڵه‌کانم، که ئێستا له‌و ته‌مه‌نه‌دان که من و تۆ ده‌مانویست ئه‌و گه‌شته بکه‌ین، زۆر به دڵگه‌رمییه‌وه باسیان ده‌کرد. به‌و هیوایه‌ی ئه‌وه‌ی بۆ ئێمه نه‌گونجا، لاوانی ئه‌مڕۆ هه‌وڵی بۆ بده‌ن.
جارێکی دیکه‌یش خۆشه‌ویستیم
فه‌رهاد شاکه‌لی
سۆلله‌نتوونا، شه‌وی 21-7-2009
* * *
کتێبخانه‌ی ئاسۆ له شه‌قامی جمهوری که‌رکوکدا که خاوه‌نه‌که‌ی کاک جه‌بار بوو بنکه‌یه‌کی رۆشنبیری سه‌ربه‌خۆ بوو بۆ خۆی له ته‌واوی شاره‌که‌دا. ڕۆژانه خوێنه‌ران و نووسه‌ران ڕوویان تێده‌کرد و له به‌ر ده‌رگاکه‌یدا کۆده‌بوونه‌وه و گوت‌وبێژی ئه‌ده‌بی و هونه‌رییان ده‌کرد. نیازی بینینی هه‌رچی براده‌رێکت هه‌بووایه ده‌تگوت له به‌رده‌م کتێبخانه‌ی ئاسۆدا چاومان به یه‌ک ده‌که‌وێت. بۆ کێ ده‌گه‌ڕای له‌وێ ده‌تدۆزیه‌وه. کاک جه‌باریش هه‌موو جۆره کتێب و ڕۆژنامه و گۆڤارێکی کوردی و عه‌ره‌بی په‌یدا ده‌کرد و شاره‌زاییه‌کی چاکی هه‌بوو له زه‌وقی خوێنه‌ر و کتێبی با‌یه‌خداردا . هه‌میشه به‌رده‌می کتێبفرۆشییه‌که‌ی له کۆڕی ئه‌ده‌بی و فیستیڤاڵی هونه‌ری ده‌چوو. بۆ من و له‌تیف هه‌ڵمه‌تیش ئه‌مه فرسه‌تێک بوو خوا ڕێکی خستبوو بۆ خوێندنه‌وه‌ی شیعر و بڵاوکردنه‌وه‌ی بیری نوێخوازی. ڕۆژانه کۆڕی سه‌رپێییمان ده‌به‌ست و هه‌ر که‌سێك ئاره‌زووی گوێگرتنی هه‌بووایه شیعرمان بۆ ده‌خوێنده‌وه. ده‌بووه قه‌ره‌باڵغییه‌ک، کاک جه‌بار جارجار ده‌هاته ده‌ره‌وه و ده‌یگوت کاکه به‌سیه‌تی به‌و خوایه ئێوه موشکیله‌یه‌کی گه‌وره‌م بۆ دروست ده‌که‌ن.
له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ڕۆژێك بیرێکی سه‌یری بۆ هات. وتی تۆ خۆت ناوت سه‌لامه، باشه پێم ناڵێی کورد که سه‌ڵاو له یه‌کتری ده‌که‌ن بۆچی به عه‌ره‌بی ده‌ڵێن سه‌لامو عه‌له‌یکوم؟ ئه‌دی بۆچی به کوردی سه‌ڵاو ناکه‌ن؟ وتم ئه‌وه نییه ده‌ڵێن ڕۆژباش یان شه‌وباش و به‌یانیت باش؟ وتی من مه‌به‌ستم سه‌ڵاوێکه بۆ گشت کاتێک بگونجێت. پاشان وتی وه‌ره با سه‌ڵاوی کوردی بگۆڕین و له خۆمانه‌وه ده‌ست پێبکه‌ین . که هاتین بڵێین بژی کورد که ڕۆیشتین دیسانه‌وه بڵێین بژی کورد. هه‌رچه‌نده سه‌ڵاوه‌که تا ڕاده‌یه‌ک له های هیتله‌ره‌وه نزیک بوو، به‌ڵام هیتله‌ر ته‌نها یه‌ک نه‌فه‌ر بوو کوردیش گه‌لێکی ته‌واوه و نه‌ته‌وه‌یه‌کی مێژووییه. سه‌ره‌تا له هه‌ردووکمانه‌وه ده‌ستمان پێ‌کرد ئینجا بڕیارمان دا چاومان به کێ بکه‌وێت و بۆ هه‌رچی جێگایه‌ک بچین سه‌ڵاوه‌که‌مانبژی کورد بێت. لایه‌نگرمان که‌م بوو به‌ڵام ئێمه به‌رده‌وام بووین. گشت جارێ که ده‌چووینه ناو کتێبخانه‌ی ئاسۆ هه‌ردووکمان به بژی کورد سه‌ڵاومان ده‌کرد و کاک جه‌باریش ته‌ماشای ئه‌ملاولای ده‌کرد، چونکه هه‌موو جۆره که‌سێک؛ کورد، عه‌ره‌ب، تورکمان، ئاسوری و چاک و خراپ ده‌هاتنه کتێبخانه‌که. تا ڕۆژێکیان ئارامی له به‌ر بڕا و چیی تر له حه‌وسه‌ڵه‌یدا نه‌ما. ئێمه به بژی کورد چووینه ژووره‌وه و له جیاتی به‌خێربێن به ده‌نگێکی به‌رزه‌وه وتی ئه‌رێ کاکه بۆ سه‌رم به قوڕا ئه‌که‌ن و به گرتنم ئه‌ده‌ن؟ بژی بژی چیتانه؟ تکاتان لێ ده‌که‌م وازبێنن، کتێبخانه‌که دایم پڕه له ئه‌من و ئیستیخبارات، ئیتر هیوادارم دووباره‌ی نه‌که‌نه‌وه چونکه من خۆم وه‌زعم ته‌واو نییه و هه‌ر نۆره‌ی ئه‌مه‌یه.
کاک جه‌بار ڕاستی ده‌کرد و ئێمه له دڵ‌پاکی و ساده‌ییه‌وه بیرمان بۆ لایه‌نه سیاسییه‌که نه‌ده‌چوو. ورده ورده خۆمانیش سارد بووینه‌وه و نه‌مانتوانی سه‌ڵاوی کوردی بگۆڕین. برای عه‌زیزم له‌تیف هه‌ڵمه‌ت ، ئێستا له سوێده‌وه ئه‌م بیره‌وه‌رییانه ده‌نووسمه‌وه و پڕ به ده‌م لێره‌وه هاوار ده‌که‌م و پێت ده‌ڵێم بژی کورد، هه‌زاران جار بژی کورد.
***
ده‌ڵێن ئه‌و شیعره تازانه‌ی له‌م دووایه‌دا بڵاوم کردوونه‌ته‌وه به به‌راوردکردن له‌گه‌ڵ شیعره کۆنه‌کانمدا به‌هێز نین و چاوه‌ڕێی به‌رهه‌می زۆر له‌وه سه‌رکه‌وتووتریان لێم ده‌کرد. بیست ساڵ زیاتره من شیعر نانووسم و به ڕێکه‌وتیش هه‌ندێ کۆمه‌ڵه شیعرم خوێندۆته‌وه که بۆیان ناردووم. دانی پیادا ده‌نێم موتابه‌عه‌ی ئه‌و گۆڕانکاریانه‌شم نه‌کردووه که به سه‌ر شیعری نوێی کوردی‌دا هاتوون. ده‌ڵێن بۆیه گوتوومه خوێندنه‌وه‌م له نووسین پێ بایه‌خدارتره چونکه توانای نووسینم نه‌ماوه و له کاروانی به‌ره‌وپێشه‌وه‌چووی شاعیرانی هاوڕێم جێماوم و نه‌متوانیوه گوڕوگوژم و ته‌کانێکی هه‌ستپێکراو به‌و ده‌نگه تایبه‌تیه‌ی له سه‌ره‌تای حه‌فتاکاندا هه‌مبوو بده‌م. گوناحم ده‌گاتێ ئه‌گه‌ر بڵێم توانای نووسینم نه‌ماوه، وه‌لێ به‌لامه‌وه گرنگه ئه‌وه‌ی ده‌ینووسم پێش من که‌س نه‌ینووسیبێت. ئه‌مڕۆ ماڵی میدیای کوردی ئێجگار ئاوه‌دانو قه‌ره‌باڵغه . ئه‌گه‌ر چه‌ند ده‌نگێکی لێ ده‌ربکه‌ین مه‌حشه‌رێکه بۆ خۆی، بورهان جاهدی ڕه‌حمه‌تی وته‌نی قرطه قرطی شاعیرانه هه‌روه‌کو سوق الدجاج. تا شتێکی جوان و شیرین ده‌خوێنیته‌وه ده‌بێ مه‌زاجت به ده‌یان بابه‌ت و نووسینی کرچ‌وکاڵ و لاساییکردنه‌وه و لاواز بورووژێنیت. ده‌بێ وه‌ک باغێک به ڕێکه‌وت تاموچێژی پرته‌قاڵێك، سێوێک یان هه‌نارێکی مزر بکه‌یت. شووتی جۆری زۆره به‌ڵام شووتی ساغ و بڵ له کوێ ده‌بنه یه‌ک. ته‌نانه‌ت زۆر له‌وانه‌ی کوردییه‌کی پاک و پاراو فێر بوون، نووسینه‌کانیان شتی تازه‌ی تێدا نییه و دووباره‌کردنه‌وه‌یه‌کی په‌تییه. په‌له ده‌که‌ن له بڵاوکردنه‌وه. ئه‌م براده‌رانه نووسین به لایانه‌وه وه‌ک ئاوخواردنه‌وه ئاسانه . به‌رده‌وام ده‌نووسن چونکه حه‌زیان به نووسینه و کاتی خۆیانی پێ به‌سه‌ر ده‌به‌ن. به‌رده‌وام کتێب بڵاو ده‌که‌نه‌وه چونکه حه‌زده‌که‌ن ببن به خاوه‌نی زۆرترین ژماره‌ی کتێبی چاپکراو. هه‌یه چه‌ند وشه‌یه‌کی سه‌قه‌تی له یه‌کداوه و کردوویه‌تی به کتێب و بڵاوی کردۆته‌وه. ده‌ڵێ بۆ ساڵی داهاتووش هه‌ر له ئێستاوه دیوانێکی تری بۆ چاپ ئاماده‌یه. زۆر کتێب و نووسینی چاکیشمان هه‌ن پشتگوێ ده‌خرێن و ته‌نانه‌ت وه‌کو ڕێکلامیش له گۆشه‌یه‌کی ڕۆژنامه و گۆڤاره‌کاندا ناوی ناهێنن. بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر به شیعر و ڕۆمان و چیرۆکه‌وه نه‌گیرسێمه‌وه، بابه‌تێکی دیکه ده‌هێنمه‌وه ئه‌ویش کتێبی ئه‌وه‌ی نابێ بگوترێ ده‌بێ بگوترێ یه که دیدارێکه حه‌کیم کاکه‌وه‌یس له گه‌ڵ ئه‌مجه‌د شاکه‌لی سازی کردووه و گوتوبێژێکی سوودمه‌ند هه‌ڵده‌گرێت، به‌ڵام وه‌ک خۆی باسی کرد ته‌نیا شاعیر عباس عبدالله یوسف به عه‌ره‌بی گۆشه‌یه‌کی له سه‌ر نووسیوه. بۆیه‌ش ئاماژه‌م بۆ ئه‌و کتێبه کرد چونکه خۆم تازه خوێندوومه‌ته‌وه ئه‌گینا نزیکه‌ی پێنج ساڵی به سه‌ردا تێپه‌ڕیوه و چ په‌یوه‌ندییه‌کی به شیعره‌وه نییه و بابه‌تێکی کۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسییه. ئه‌وه مشتێکه له خه‌روارێک، ده‌یان به‌رهه‌می دیکه‌ش هه‌ن ڕووناکییان نه‌خراوه‌ته سه‌ر و ئه‌وه سیاسه‌ته که ئاوڕ له نووسه‌رێک و به‌رهه‌مێک ده‌داته‌وه نه‌ک ناوه‌ڕۆک و باشی و خراپیی به‌رهه‌مه‌که. واته ئه‌گه‌ر حزب مه‌به‌ستی بێت ناوی یه‌کێک به‌رز بکرێته‌وه و له‌سه‌ری بنووسرێت و ڕێکلامی بۆ بکرێت، ئه‌وه به‌ر مه‌رحه‌مه‌ت ده‌که‌وێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر حزب خۆشیی به که‌سێکدا نه‌هات کێ ده‌وێرێ له گۆشه‌یه‌کی بچووکیشدا ناوی بهێنێت. نووسینگه‌لێکی زۆری له‌و بابه‌ته‌مان هه‌ن که له‌سه‌رنووسین و شیکردنه‌وه‌یان ده‌بێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری تاکی کورد. له ڕۆژگارێکی وه‌ک ئه‌مڕۆدا که گه‌رمه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردنه سوودی ده‌بوو بۆ به‌رچاوڕوونی خوێنه‌ران و گه‌رمکردنی ڕاده و پله‌ی گوت‌وبێژی مۆدێرنانه. کورد ته‌نها پێویستی به شیعر و چیرۆک و ڕۆمان و ڕه‌خنه‌ی ئه‌ده‌بی نییه به‌ڵکو له زۆر بواری تردا ناته‌واوی و که‌موکوڕی هه‌ن جێگای خۆیه‌تی بایه‌خیان پێ بدرێت. ئه‌مڕۆ ڕۆژێکه ئه‌گه‌ر خۆت نه‌به‌یته پێشه‌وه و مامه‌حه‌مه‌یی و قوته قوت نه‌که‌یت، که‌س به هیچت نازانێت و ئاوڕت لێ نادرێته‌وه.
ئه‌دیب و نووسه‌ر و شاعیریش هه‌ن به کاڵی ، به کوڵاوی، به برژاوی بوونه‌ته مۆنۆپۆلی میدیای کوردی. زیاد له قه‌واره و سه‌نگی خۆیان له‌سه‌ریان ده‌نووسرێت و به‌رهه‌مه‌کانیان بڵاو ده‌کرێته‌وه. خوا نه‌کات ئه‌م کورده حه‌یاته به یه‌کێکه‌وه بیگرێت یان دژی یه‌کێک بێت، ئیتر هه‌ڵیته‌کێنه قه‌زات له ماڵم. وای لێ هاتووه که‌ناڵه‌کانی میدیا مانگێک پێش گه‌یشتنی جۆره به‌رهه‌مێک ده‌هۆڵی بۆ ده‌کوتن و پرۆپاگه‌نده‌ی وه‌کو چای ئه‌حمه‌د و مه‌حمودی بۆ ده‌که‌ن. ئاخر برایان، یاران، (ئه‌ی عه‌زیزانی وڵاته‌که‌ی نالی) هه‌موو شتێک به خوێ و خوێش به تام. نه ته‌نها به ده‌وری که‌سانێکی دیاریکراودا بخولێنه‌وه نه ئه‌و زۆر و بۆرییه‌ش. کۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به شیعر و ڕۆمان و هونه‌ر پێک نایه‌ت ئه‌گه‌ر له چه‌ندین ڕووی بنه‌ڕه‌تیی دیکه‌وه به تایبه‌تی سیاسه‌ت گه‌شه نه‌کات. تازه‌ترین مۆدێلی کۆمپیوته‌ر بده‌ینه که‌سێک سه‌ری له به‌کارهێنانی ده‌رنه‌چێت بایه‌خێکی ئه‌وتۆی نابێت. با تۆ چه‌ندین ماشینت هه‌بێت که نه‌زانی ماشین لێ بخوڕیت سوودیان چییه. کۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌ش زیاتر له هه‌موو شتێک پێویستی به زانین و شاره‌زایی و تێگه‌یشتن هه‌یه له گشت بواره جیاوازه‌کاندا. کازانتزاکیس له ڕۆمانی زۆربادا ده‌ڵێ گرنگ شه‌پقه نییه به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ژێر شه‌پقه‌که گرنگه، که مه‌به‌ستی له مێشک و بیرکردنه‌وه‌یه.
به‌ڵێ خۆمیش هه‌ستی پێده‌که‌م که ئه‌و چه‌ند شیعره‌ی له‌م دوواییه‌دا بڵاوم کردنه‌وه درێژه‌پێدانی ته‌جره‌به‌ی شیعریم نین. بۆشایی و دابڕانێکی درێژخایه‌ن که‌وتۆته نێوان من و نووسین و خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیه‌وه، کاتیش بۆ دوواوه ناگه‌ڕێته‌وه. لێتانی ناشارمه‌وه شتگه‌لێکی ئێجگار زۆر و زه‌به‌ند له ناخمدا وه‌کو شاخی سه‌هۆڵ به‌سه‌ر یه‌که‌وه که‌ڵه‌که بوون و کردوویانه‌ته ده‌ریایه‌کی مه‌ییوی پڕ له شه‌پۆلی په‌نگر و تاشه‌به‌ردی سوورهه‌ڵگه‌ڕاوی تیژ تیژ. له پڕوپووچی و بێهووده‌یی ژیانه‌که تێگه‌یشتووم که تا هه‌نوکه‌ش بێمانایی له گشت ماناکان دیارتر و فراوانتره. هه‌موومان ده‌زانین که سارته‌ر خاوه‌نی چ فه‌لسه‌فه‌یه‌ک بوو به‌ڵام ڕه‌نگه زۆرمان ئه‌وه نه‌زانین کاتێ له سه‌ره‌مه‌رگدا بوو باوه‌ڕی به خودا هێناوه، وه‌ک له سه‌رچاوه‌یه‌کی سوێدیدا خوێندوومه‌ته‌وه. هیچ سه‌یریش نییه چونکه پێشتر وتوویه‌تی ئه‌گه‌ر خودایه‌ک نه‌بێت هه‌موو شتێک ئاساییه. منیش کاتێ ده‌مه‌وێ چه‌ند جۆگه‌له‌یه‌ک له‌و ده‌ریای به‌سته‌ڵه‌که‌ی ناخم به‌رده‌مه‌وه وه‌ک بورکان و لافاوی ئاگر هێرش ده‌هێنن و نازانم چۆن و له کوێوه ده‌ست به نووسینه‌وه‌ی ئه‌و شیعره بکه‌م و فریای چی بکه‌وم. ئه‌مه پرۆسه‌یه‌که یان ترووسکه‌یه‌که په‌یوه‌ندی به خۆم و بیرکردنه‌وه‌م و کات و ته‌مه‌نمه‌وه هه‌یه. دووباره‌شی ده‌که‌مه‌وه ئه‌گه‌ر جار جاره ناڵه‌یه‌کم لێوه‌هات تکایه وه‌کو خۆی لێمی وه‌ربگرن و به شیعره‌کانی سه‌رده‌می گه‌نجیمه‌وه گرێی نه‌ده‌ن و به‌راوردی نه‌که‌ن. ئه‌وانه ته‌نها داڵغه و مه‌زه‌نده‌ن. من هه‌میشه به‌وه دڵی خۆم داوه‌ته‌وه نه ئێستا و نه ئه‌وساش هێشتا ئه‌و شیعره‌م نه‌نووسیوه که خه‌ونی پێوه ده‌بینم. پێمخۆشه به ئارامی و ئاسووده‌یی هه‌ر له‌و خه‌ونه‌دا بژیم و نامه‌وێ هه‌رگیز بێ‌دار ببمه‌وه یان زرم زرم له ده‌رگاکه‌م بدرێت و ڕۆحم ڕاچڵه‌کێت. شیعر پیرۆزترین شته له ژیانمدا ئه‌گه‌ر بینووسم یان بیخوێنمه‌وه یان نه‌ینووسم یان ته‌نها هه‌ست به بوونی بکه‌م. شیعر نوێژه، دڵ و ویژدان و مۆخیش به‌رماڵین. ده‌زانم ساڵه‌هایه‌که ده‌ستم به‌و نوێژه کردووه و به بێ پچڕان به‌رده‌وامه و کۆتایی بۆ نییه. کاتێ سه‌لام له فریشته‌کان ده‌ده‌مه‌وه و نوێژه‌که ته‌واو ده‌بێت ئه‌و کاته‌یه که ده‌مرم. نوێژێکی درێژ و پڕ له زیکر و نهێنی و ته‌سبیحاته. نوێژی ڕۆژهه‌ڵات و ڕۆژئاوابوون، به‌خته‌وه‌ری و نائومێدی، ڕووناکی و تاریکی. به‌ڵێ، نوێژی جریوه جریوی چۆله‌که‌ی ژیان و لووره لووری گورگی مه‌رگ.
سوید - 15 / 07 / 2009
له ژماره 43 ی گۆڤاری هه‌ناردا بڵاوکراوه‌ته‌وه