سەگێک بێتاقەتە... زۆر!
 

توانا ئەمین
www.Tanyaee.Kurdblogger.com
 

خۆش خۆش لەپێشییەوە دەڕوات‌‌و ئەوى شوێن خۆى خستووە، سەگێگ ژنێکى بۆ پیاسە بردووە، من سەیرى شینایى دەکەم.. لێرە نیم.. تەنیایى هەڵیپێچاوم، قولەپێمى گرتووە، سەیرى دەکەم پێمدەوەڕێ، گەماڵێکى خرپنە، چاوى لەسەر قەتیس دەکەم، ژنەکە گەشکە دەیگرێت وادەزانێ من بیر لەسەگەکەى ئەو دەکەمەوە، شتێک دەڵێ.. دەزانم فزولییەکەت لێناگەڕێ‌و سەرم کوندەکەیت ئەگەرنا بۆم نەدەکردیتە کوردى.
لە ئیمەیڵێکدا بە دلاوەر دەڵێم "ئوستاز.. غوربەت چۆن تایپ دەکرێت؟ بۆم بنووسە.. خۆت دەزانى من لە ئیملادا کۆڵم" دەروێشێک لەو سەهۆڵبەندانەوە بۆم دەنووسێت "ئازیز.. تۆ بۆ وادەکەیت؟ بۆ ئەوەندە خۆت هەڵدەکۆڵیت؟" ئەو نازانێ من لە سوبحى ساڵحانەوە لە ئەڵماس دەگەڕێم‌‌‌‌ و مەغریبان بەڵا سەردەخەم!!
بیر لە لێبوونەوە دەکەمەوە.. لێبوونەوە.. لێبوونەوە .. من وەک لێبوونەوەى قەیرەکچێک لە خوێن لێبوومەتەوە‌‌‌‌ و هێندەش پێى دڵتەنگم.. ئەم هەموو ژنە چییە بەمندا دێن، من چیم بەم هەموو ژنەدا دەچم..! نەگبەتى گرتوومى‌‌‌‌ و حەزدەکەم میز بکەم بە سەقفى ژوورەکەدا.. بۆم ناکرێ! وەک پیاوێکى هەرزان لە مەیدانى چەرچییەکانم، گێژەگێژ دەکەم کە دەبینم جاڕچییەک پاش قەیرێ وردبوونەوە لە من لەپڕ هاوار دەکات: "پیــــاوێـــک بـــۆ ســــــکــراب" ..تازە هیچ.. هەڵموەشێنە.. ئەو هەموو پارچەیەم کۆنابێتەوە.. چیم لێ دەکەیت؟ قاچم وەک داهۆڵێک بچەقێنەوە چیرۆکێکى شێرزاد.. سەرم بەدەمدا (تکایە بەدەمدا) سەرەونخونبکەوە نێو سیفۆنى ئاودەستێک، بۆنى ئەوێ گەلەک.. گەلەک لە سیاناوى ژیان خۆشترە.
تاقەتى راستکردنەوەى رێزمانى رستەکەم نییە، ژنەکە هەر ئەوەندەى وتووە: (سەگ بێتاقەتە .. زۆر) باوێشێک دەدەم کە ژنەکەم لە تەلەفوندا دەڵێ "با ئەوەندە پێنەکەنین، پێکەنینمان پێوە نایە" من قاقاى نائومێدى دەکێشم‌‌‌‌ و بە کچە بەقاڵێکى رووخۆش دەڵێم تۆش کیلۆیەک بەختەوەرى بۆمن بکێشە، بەس توخوا با جوان بێت بۆ زەڵاتەم دەوێت.

تا سەرم دەڕوات دەڕۆم.. تا قاچم عەرد دەگرێ دەگەڕێمەوە، ئەم رۆیشتن‌‌‌‌و گەڕانەوەیە لەتیان کردووم.. هەڵــتڵــیــشـــام.. لە دڵەوە حەز دەکەم بەشى گەڕانەوەم فرەتر بێت، کەچى ئەفسوس هەمیشە تاى سەرهەڵگرتنم قورسترە.. من وەک سەگێک سەرم کزکز باوکم دەڵێ "بڵێ حیز حیز" کردووە.. بەم حەمکە جادەیەدا دەڕۆم، ئەو هەموو جادەیە بەمندا دەچێ. چاوم دەفڕێ ‌‌‌‌و کەسیش نیازى هاتنى بۆلاى من نییە، من لە یەک کاتدا خانەخوێیەکى بێ میوان ‌‌‌‌و میوانێکى بێ خانەخوێم.. لەسەر ئاوازى گۆرانییەکى ماملێ فیکە دەکێشم‌‌ ‌‌و بەم جادانەدا لەنجە دەکەم.. هەرچەند تاقیدەکەمەوە ئەم وڵاتە تەنگە بەبەرم.
خۆى‌‌ ‌‌و سەگەکەى من‌ ‌‌‌و تەنیایى، ئێمە هەرچوارمانین.. بەدرێژایى رۆژ لێرە باران دەبارێ، دەڵێى خودا هەرچى ئاوى هەیە دەیکاتە نێوگەڵى ئەم مەلەکەتەوە.. بەسەر تەلێکى دڕکاویدا راوم دەنێن، تەلێکى دڕکاوى بەجەستەى مندا رادەکێشن.. جوێن بە تورکومانستانیش دەدەم.. بە قەفقازستانیش.. بە ئاسیاى دوور.. بە شارەکەى خۆم! حەزدەکەم تا سکەى ئاسن دەڕوات جوێنت بۆ حەواڵە بکەم.. تا ئاسمان هەیە‌‌‌‌و وەک زەردەواڵەیەکى قورس فڕۆکە گێژەکانتى پیا دەفڕێ، تفت بۆ پۆست بکەم.. ئەملا‌‌‌‌و لاى خۆم ماچدەکەم کە لەوێش بووم لەلات.. وشیاریم کۆمەکى کردووم بزانم تۆ شار نیت.. تۆ قەحبەیت.
لە دەمپیسیم عەفوو بفەرموو، بەڵام تــۆ نـــا! خودایە تــۆ نــــا.. تۆ لێشمخۆشببیت، من لێتخۆشنابم .. بابمێنێ.. رۆژێک من‌ و تۆ حسابى خۆمان پاکدەکەینەوە، دەزانم هەر ئیشمان دەکەوێتەوە یەک.. تۆ دەزانى من چوارشەممان سەفەردەکەم، هەینیان دەچمە کڵێساو داواى شەراب ‌‌‌و نان دەکەم، نیوەڕۆى یەکشەممان لەپشت مەلایەکى گەورەوە نوێژى جومعە دەکەم، زانیاریم لەسەر جولەکەکان زۆر کەمە، ئەگەرنا رۆژانى شەممە دەچوومە قودس‌‌‌‌ ‌‌و لە تەنیشت دیوارى پیرۆزەوە دیلانێم بەخۆم دەکرد و دوعایەکم دەخوێند.. دوعایەک کە هەر خۆم دەمزانى چیم دەخواست.. دووشەممە و سێشەممە هیچ ناکەم دەست دەنێمە ژێرسەرم ‌و لەسەر ئەم جادانە دەخەوم.. تۆ قەت سێ رۆژ لەسەر یەک خەوتویت؟ .
ئێستا ساڵى 1567ە، سوڵتان لە ئەستانەوە لەگەڵ (قەدى سەیفوڵڵا ئەفەندى)و دەستەیەک میرزاى وڕو پۆلێ میئمارى گیژدا ناردوومى بۆ ئەم شارە تا مزگەوتێک دروست بکەم، مزگەوتێک کە دواى پێنج سەدەى تر ئەولادەکانى شار سێکس لەبەر درگاکەیدا بکەن‌ و خواش نەتوانێ فزە بکات.. کە سەیرى سەدەکانى ناوەڕاست دەکەم،‌ دڵم بۆ خودا دەسوتێ ئەو رۆژانە زۆرى ئیش هەببووە، ئێستاش وەک پیرێکى خانەنشین چەند بێ ئیشە، دروست وەکو ئەم بەندەیەى خۆى.. خودا چەند تەنیایە من، من چەند تەنیام خودایە.
ژنەکە لەسەگەکەى زیاتر خۆیم تێهەڵدەسوێ‌‌ و لەویش زیاتر بۆنم پێوە دەکات، کەچى من لە عه‌کسێتیمدا زۆرتر دڵم لەسەر حەیوانەکەیەتى تا خۆى.. وەختێک دەزانم پەتەکە لەملم توند ببووە.. خەریکە دەخنکێم.. سەگێک من کێشدەکات ‌و ژنێک تەنیایمى لەگەڵ خۆی بردووە.
هەمووان دەخوازن منداڵێک بخەنەوە و من لە منداڵێک رادەکەم، سەرمامە شەق لە هەرچى کونى دونیایە هەڵدەدەم بەکونى بەرمۆداشەوە، هەر لە خۆمەوە وا هەست دەکم کونەکان هى تێچوون نین! هى گیر خواردنن!
دیسان لەسەر جادەم
باى ساردى ئەم شارە دەمباتەوە پۆلى سێى سەرەتایى جاران، رەحلەیەک پێش ئاخیر خۆمم، وەک هەمیشە لاى پەنجەرەوە، ئەگەر هەر نەتدۆزیمەوە بلوسێکى خورى شینم وا لەبەردا دایکم خۆى چنیوێتى بۆم.. وەک ئەوەى پێشهاتى پیاوێکى خوارى* لێ کردبێتم، هەرخۆى بەدەست‌و خەتێکى خوار، بەشلیلەیەکى پیرۆزەیى لەسەر پشتمى نووسیوە (توانا).
وانەى زانستە؛ بێ دەستهەڵبڕین هەستاوم‌ و دەرسەکەم بە مامۆستا بڕیوە.. ئەلێم "ست ئەڵوەن.. بەقورئان کەڕوو تەنها لەسەر شتى شێدار ناژى" ئەڵێ ئەى ئەفەندى کەڕوو لەسەر چى دەژى؟.. چاوم پڕ بووە.. دیسانەوە قوڕگم گیراوەتەوە.. پچڕپچڕ قسەکەمى بۆ تەواو دەکەم: "مامۆستا گیان.. کەڕوو لەسەر من.. لەسەر م..ن.. دەژى.. لەسەر من".
کێ سەلیقەى ئەو هەموو گوێگرتنەى لە خۆى هەیە.. من یەک MP3 قسەم پێیە بۆ خۆم.. خەریکى چیم؟.. لاسایى خۆم دەکەمەوە‌ و لە دڵەوە چەمۆڵە لە خۆم دەنێم.. نوقتەکانى ئەم نوسینە تۆخدەکەمەوەو هەستدەکەم ئیتر هیچ ئیشێکم نە لێَرە‌ و نە لەوێ‌ و نە لەم دونیایەدا نییە.. من نازانم چى دەکەم.. نازانم بۆ هاتووم؟!.. دەستم گیرکردووە لە ناوچەوانم‌ و سەرم دەکوڵێ.. نامەوێ هیچیکە بڵێم.
 

سۆفیا-2009
 

* پیاوێکى خوار: ناوی چیڕۆکێکی ئیسماعیل حه‌مه‌ ئه‌مین-ه.