ته‌وه‌رى چیرۆك و نوستالوژیا - عه‌تا نه‌هایی
عه‌تا نه‌هایی
ئاماده‌كردنى: توانا ئه‌مین
www.tanyaee.kurdblogger.com
به‌گریمانه‌یه‌ك ده‌ستمان پێكرد، ده‌كرىَ گریمانه‌ى بونه‌وه‌رێك بكه‌ین ئێستا هاتبێته بوون و له‌هه‌مان كاتیش‌دا توانا نووسین و خوێندنه‌وه‌ى هه‌بێت، ده‌توانرێ له‌م بوونه‌وه‌ره داواى چیرۆك بكرێت؟.. یان هه‌ر تێكستێكى سه‌ردى تر؟.. رابردوو.. یاده‌وه‌رى.. نوستالوژیا.. ئه‌مانه چۆن دێنه ناو چیرۆك و خۆیان ده‌نووسنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر كه‌مێك مه‌به‌سته‌كه‌م له‌پرسیارێكدا چڕتر بكه‌مه‌وه: لاى ئێوه چیرۆك نووسین چه‌ند خۆ نووسینه‌وه‌یه؟ ئێوه چیرۆك ده‌نووسن بۆ ئه‌وه‌ى له ڕابردوو قوتارتان بكات، یان چیرۆك ده‌نووسن بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕینه‌وه رابردوو؟ ئه‌و په‌یوه‌ندیه چۆن پێناس ده‌كه‌ن؟ ئێمه به بىَ رابردوو شتێكمان ده‌بێت به‌ناوى چیرۆك؟
عه‌تا نه‌هایی : له‌م پرسیارانه‌دا سێ توخمی سه‌ره‌كی هه‌یه كه بریتین له: من (نووسه‌ر)، چیرۆك و رابوردوو. هه‌روه‌ها پێموایه داوای ئه‌وه‌م لێكراوه كه په‌یوه‌ندی نێۆان ئه‌م سێ توخمه شی بكه‌مه‌وه كه به‌لای منه‌وه له سێ لا، یان سێ جه‌مسه‌ری سێگۆشه‌یه‌ك ده‌چن. ئه‌ڵبه‌ت ده‌ترسم ئه‌م ته‌مسیلی سێگۆشه‌یه خوێنه‌ر به هه‌ڵه‌دا ببات. چونكا ئه‌م سێ لا یان سێ جه‌مسه‌ره (هێڵه‌كان یان گۆشه‌كان) هیچیان یه‌كتریان له باوه‌ش نه‌گرتووه، هیچیان یه‌كتریان نه‌شاردۆته‌وه‌و، هیچیان به‌شێك له ئه‌وانیتر نین. راسته كه ئه‌م سێ جه‌مسه‌ره له په‌یوه‌ندی به‌رده‌وام و جه‌وهه‌ری له‌گه‌ڵ یه‌كتردان و، ئه‌گه‌ر یه‌كێكیان له ئه‌وانیتر داببڕێت ئیتر سێگۆشه‌كه مانای نامێنێت. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر كامه‌یان ده‌توانن له كاتی دابڕان له‌ئه‌وانیتر خاوه‌نی بوون و شناسی خۆیان بن، واته وه‌ك گۆشه‌یه‌ك یان وه‌ك هێڵێكی راست پێناسه‌ی خۆیان ببێت.
به‌ڵام من و چیرۆك و رابوردوو ئیمكانی هیچ جۆره له یه‌ك دابڕان و لێك ترازانێكمان نییه. بێگومان مه‌به‌ست له من «ژیانی من»ه و، ژیانی منیش وه‌ك ژیانی هه‌موو مرۆڤێكیتر دوو ره‌هه‌ندی به‌رهه‌ست و نابه‌رهه‌ست، واته عه‌ینی و زهنی هه‌یه. ره‌هه‌ندی به‌رهه‌ست و عه‌ینی بریتییه له هه‌ڵسوكه‌وت و جم و جووڵ و كار و كرده‌ی دیار و به‌رهه‌ستی من له سه‌ره‌تای ته‌مه‌نمه‌وه تا ئیمڕۆكه. ره‌هه‌ندی نابه‌رهه‌ست و زهنی ژیانی منیش بریتییه له فكر و ئه‌ندێشه و خه‌یاڵ و فانتزییه‌كانم. منی نووسه‌ر به داهێنانی چیرۆك و رۆمانه‌كانم له راستیدا قه‌واره‌یه‌كی عه‌ینی و به‌رهه‌ست به‌فكر و خه‌یاڵ و فانتزییه‌كانم ده‌به‌خشم. به مانایه‌كیتر، چیرۆك و رۆمانه‌كانی من وه‌ك به‌شێكی دیار و ده‌ركه‌وتووی خه‌ون و خه‌یاڵه‌كانم ــ بێئه‌وه‌ی باس له‌وه بكه‌م كه چه‌نده له واقیعی ژیانی خۆمه‌وه نزیك یان دوورن ــ به‌شێك له ژیانی نابه‌رهه‌ست و زهنی منن. له لایهكیتریشهوه ژیانی من به هه‌ر دوو ره‌هه‌ندی به‌رهه‌ست و نابه‌رهه‌ستییه‌وه، كۆی ئه‌و ساته‌وه‌ختانه‌یه كه به نسبه‌ت ئێستا و هه‌نووكه‌وه‌ساته‌وه‌ختی رابوردوون. بۆیه ده‌توانم بڵێم كه ژیانی من و چیرۆك و رۆمانه‌كانم به‌شێكه له رابوردوو.
دیاره ئه‌م شێوه ده‌ربڕینه فه‌لسه‌فییه ئێجگار گشتی و هه‌موو كه‌س شمووله و، منیش نامه‌وێت له‌مه زیاتر له‌سه‌ری بڕۆم. من فه‌یله‌سووف نیم چیرۆك نووسم، بۆیه ده‌بێ له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی ئه‌زموونی چیرۆك نووسی خۆمه‌وه بابه‌ته‌كه شی بكه‌مه‌وه. ئه‌م چه‌ند دێڕه پێشه‌كییه‌ش ته‌نیا بۆ ئه‌وه بوو كه خوێنه‌ری وشیار به هه‌ڵه تێم نه‌گات. په‌یوه‌ندی نێۆان ئه‌م سێ توخمه سه‌ره‌كییه له راستیدا گه‌لێك نزیكتر و توندوتۆڵ‌تر له په‌یوه‌ندی نێوان سێ جه‌مسه‌ری سێ گۆشه‌یه. به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی نه‌زم و رێك و پێكییه‌ك به نووسینه‌كه‌م ببه‌خشم و له هه‌مان كاتیش‌دا وه‌ڵامی ئه‌م پرسیارانه بده‌مه‌وه، به ناچار به شێوه‌ی دوان دوان له‌و په‌یوه‌ندییانه ده‌دوێم. سه‌ره‌تا:
من و چیرۆك
ئه‌وه‌نده كه له بیرم بێت له هه‌ر كوێ باسی په‌یوه‌ندی نێۆان نووسه‌ر و چیرۆك یان رۆمانه‌كه‌یم كردبێت و، بۆ‌شیكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه له ئه‌زموونه شه‌خسییه‌كانی خۆم دوابێتم، ئاماژه‌م به دوو خاڵی سه‌ره‌كی كردووه: یه‌كه‌م خاڵ ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر له رێگه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كانییه‌وه خۆی ده‌گێڕێته‌وه. خاڵی دووهه‌مش ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر له رێگه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كانییه‌وه خۆی ده‌دۆزێته‌وه. به دڵنیاییه‌وه هه‌موو نووسه‌رێك، ته‌نانه‌ت نووسه‌ری فانتاستیكترین چیرۆك و رۆمانیش، به‌شێك له فه‌زا و رووداو و كه‌سایه‌تی به‌رهه‌مه‌كانی له دنیای واقیع وه‌رده‌گرێت. ئه‌مه به مانای لاسایی كردنه‌وه‌ی واقیع یان گوێزانه‌وه‌ی ئه‌و توخم و ره‌گه‌زانه بۆ ناو دنیای چیرۆك و رۆمانه‌كان نییه. نووسه‌ر به یارمه‌تی وزه‌ی خه‌یاڵی داهێنه‌رانه‌ی خۆی هه‌موو وه‌رگرتنه‌كانی له دنیای واقیع ده‌گۆڕێت، پارچه پارچه‌یان ده‌كات و دیسان له چوارچێوه و شكڵ و قه‌واره‌یه‌كیترو، به پێی مه‌به‌ستی له نووسینی به‌رهه‌مه‌كه‌ی، دایان ده‌ڕێژێته‌وه. هیچ نووسه‌رێك ناتوانێت نكووڵی له‌وه بكات كه به‌شێك له فه‌زای به‌رهه‌مه‌كه‌ی، به‌شێك له كه‌ره‌سه‌كانی فه‌زاسازی، لایه‌نێك له رووداوه‌كانی چیرۆكه‌كه‌ی، به‌شێك له فكر و ئیده و هه‌ڵوێست و ره‌فتاری كه‌سایه‌تییه‌كانی، به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت به خۆی، له فه‌زا و رووداو و مرۆڤه‌كانی ده‌وروبه‌ری وه‌رگرتووه. له‌و شتانه‌و له‌و كه‌سانه كه ئاگادارییه‌كی رێژه‌یی له باره‌یانه‌وه هه‌یه‌و، ئه‌زموونی له گه‌ڵیان بووه. له‌م ناوه‌دا نزیكترین كه‌س به نووسه‌ر، ته‌نانه‌ت نزیكتر له ژن و منداڵ و دایك و باوكیشی، خودی نووسه‌ره. ئه‌و له هه‌موو كه‌س زیاتر ئاگاداری شێوه‌ی ژیان و رووداوه خۆش و ناخۆشه‌كانی خۆیه‌تی. واته له هه‌موو كه‌س زیاتر له‌گه‌ڵ هه‌ڵویست و ره‌فتار و بیر كردنه‌وه و په‌یوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆی ئاشنایه. ئه‌مه له لایه‌كه‌وه‌و، له لایهكیتریشهوه وه‌سوه‌سه‌ی گوێزانه‌وه‌ی ئه‌و ئه‌زموونه شه‌خسییانه بۆ ناو چیرۆك و رۆمانه‌كانی، وه‌سوه‌سه‌ی گێڕانه‌وه‌ی ئه‌و رووداو و هه‌ڵوێستانه كه به لای خۆیه‌وه گرینگ و تاقانه و چاره‌نووس سازن، وه‌سوه‌سه‌یه‌كه كه به‌رده‌وام به‌رۆكی نووسه‌ر ده‌گرێت و وازی لێ ناهێنێت.
هه‌موو نووسه‌رێك حه‌ز ده‌كات ئه‌و فرسه‌ته‌ی بۆ بڕه‌خسێت كه خۆی له پشت كه‌سایه‌تی چیرۆك و رۆمانه‌كانییه‌وه بشارێته‌وه. هه‌موو نووسه‌رێك پێیخۆشه ماڵی بوون و وجوودی خۆی بڕووخێنێ و به داروپه‌ردووی ئه‌و كه‌لاوه رووخاوه، خولیاكانی، بردنه‌وه و دۆڕاندنه‌كانی، سه‌ركه‌وتن و تێشكانه‌كانی و، به گشتی هه‌موو ئه‌زموونه‌كانی ژیانی خۆی له قه‌واره‌یه‌كی نوێی داستانی‌دا شی بكاته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت له‌م ناوه‌دا مه‌سه‌له‌یه‌ك هه‌یه كه به بڕوای من گرینگه و نابێ پشت گوێ بخرێت. ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه ئه‌م گوێزانه‌وه‌ی ئه‌زموونه شه‌خسییانه و ئه‌م گێڕانه‌وه‌ی خوده، زۆرجار به پێی پلان و بڕیاری خودی نووسه‌ر نییه‌و، له زهنی وشیار و خودئاگای نووسه‌ره‌وه سه‌رهه‌ڵنادات، به‌ڵكوو كرده‌یه‌كه كه نووسه‌ر لێی ئاگادار نییه و له ناوشیار و ناخودئاگای زهنییه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. واته نووسه‌ر له ساته‌وه‌ختی نووسین و، گه‌لێك جاریش له كاتی پیاچوونه‌وه یان خوێندنه‌وه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كه‌ی په‌ی پێده‌بات. (ره‌نگه هه‌ندێك جار هه‌ر په‌ی پێنه‌بات، یان خوێنه‌ر و ره‌خنه‌گری زیره‌ك و وشیار پێیبزانێت.)
به نسبه‌ت خۆمه‌وه زۆرجار له زۆر چیرۆك و رۆمانمدا ئه‌مه روویداوه. وه‌ك نموونه‌یه‌كی ساده ده‌توانم بڵێم جۆرێك هه‌ست یان هه‌ڵوێست یان بۆچوون و بیركردنه‌وه بووه كه‌من هه‌رگیز له حاڵه‌تی ئاسایی‌دا پێموانه‌بووه خاوه‌نی ئه‌و هه‌ست و هه‌ڵوێست و بیر و بۆچوونانه بم، به‌ڵام له كاتی نووسینی چیرۆكێك یان له پیاچوونه‌وه و خوێندنه‌وه‌یدا زانیومه كه له‌و دۆخه تایبه‌ته‌دا من ئه‌و جۆره هه‌ست و هه‌ڵوێست و بیر و بۆچوونه‌مم هه‌یه. یان هه‌ندێك رووداوی به‌رهه‌ست و نابه‌رهه‌ست له رابوردووی دوورمدا روویانداوه كه من هه‌ر له‌و كات و زه‌مه‌نه‌وه فه‌رامۆشم كردوون و دواتر چیرۆك یان به‌شێك له رۆمانێكم بیریان هێناومه‌ته‌وه. یان هه‌ندێك خه‌ون و خولیای پێنه‌زانراوم هه‌بووه كه به‌هۆی به‌رهه‌مه‌كانمه‌وه پێمزانیون. ئه‌م ئه‌زموونانه‌یه كه وام لێده‌كات به‌وپه‌ڕی بڕواوه بڵێم نووسه‌ر بێجگه له‌وه‌ی كه له به‌رهه‌مه‌كه‌یدا خۆی ده‌گێڕێته‌وه، به هۆی به‌رهه‌مه‌كانیشیه‌وه خۆی ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌ڵبه‌ت له هه‌ندێك حاڵه‌تی تایبه‌تیشدا چیرۆك یان رۆمان به شێوه‌یه‌كی ناخودئاگا و لاشعوور جۆرێك له پێشگۆیی كردنی نووسه‌ره كه له داهاتوودا دێته‌دی.
ئه‌زموونی هه‌موو ئه‌م راستی و واقیعه نائاسایی و سه‌یر و سه‌مه‌رانه‌یه كه په‌یوه‌ندی نێوان نووسه‌ر و به‌رهه‌می داستانی ــ لێره‌دا من و چیرۆك و رۆمانه‌كانم ــ پێناسه ده‌كات. په‌یوه‌ندییه‌ك كه له وه‌سوه‌سه‌ی وشیارانه و ناوشیارانه‌ی منی نووسه‌ر بۆ گێڕانه‌وه‌ی خۆم و، كه‌شف و دۆزینه‌وه و په‌رده‌هه‌ڵدانه‌وه له قووڵترین ره‌هه‌نده‌كانی بوونی خۆمه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت. وه‌سوه‌سه‌یه‌كی به‌رده‌وام كه ره‌نگه به ئه‌مه‌نده‌ش رازی نه‌بێت و رۆژێ له رۆژان به‌ره‌و نووسینی راسته‌وخۆی ژیاننامه‌ی خۆم هانم بدات. ئه‌ڵبه‌ت ژیاننامه‌یه‌كی جیاواز له ژیاننامه‌ی پڕ له رووداوی پیاوه گه‌وره‌كان.
چیرۆك و رابوردوو
زه‌مه‌ن یه‌كێك له توخم و ره‌گه‌زه‌كانی گێڕانه‌وه‌ی داستانییه. چیرۆك و رۆمان هه‌ڵگری كۆمه‌ڵێك رووداو و كه‌سایه‌تی و كرده و جموجووڵه له سه‌ر به‌ستێنی زه‌مه‌ن. هه‌ندێك كه‌س ده‌ڵێن له‌سه‌ر به‌ستێنی زه‌مه‌نی رابوردوو. ده‌ڵێن چیرۆك و رۆمان سه‌ربورده و به‌سه‌رهاتێكی واقیعی یان خه‌یاڵییه ــ ئه‌ڵبه‌ت واباشتره بگوترێ نیوه واقیعی و نیوه خه‌یاڵی ــ كه له رابوردوودا روو ده‌ده‌ن، له رابوردوودا كۆتاییان پێ دێ، ئه‌وسا له ئێستادا ده‌نووسرێنه‌وه. بێگومان من ئه‌م حوكمه به‌حوكمێكی قه‌تعی و نه‌گۆڕ نازانم و پێموانییه هه‌موو چیرۆك و رۆمانێك سه‌ربورده و به‌سه‌رهاتێكه كه به‌رله‌وه‌ی بنووسرێت له رابوردووی زهنی نووسه‌ره‌كه‌یدا به ته‌واوی روویداوه و كۆتایی هاتووه. واته پێموانییه هه‌موو نووسه‌رێك به‌رله‌وه‌ی به‌رهه‌مه‌كه‌ی بنووسێت، ره‌نگرێژی بۆ هه‌موو رووداو و كرده و جموجووڵی كه‌سایه‌تییه‌كانی كردووه. من خۆم لانیكه‌م بۆ زۆربه‌ی به‌رهه‌مه‌كانم به‌رله‌وه‌ی ده‌ستم به نووسینیان كردبێت گه‌ڵاڵه و چوارچێوه‌یه‌كی دیاریكراوی له‌وه پێش ئاماده‌م نه‌بووه. به‌لای منه‌وه چیرۆك و رۆمان ئه‌و جیهانه داستانییه‌یه كه نه‌ك له رابوردوو، به‌ڵكوو له ئێستادا ــ له كاتی نووسین و به‌ده‌م كرده‌ی نووسینه‌وه ــ شكڵ و قه‌واره‌وه‌رده‌گرێت. كه‌واته به بۆچوونی من چیرۆك و رۆمان دیارده‌یه‌كه كه له زه‌مه‌نی ئێستا ــ كاتی نووسین ــ ده‌رده‌كه‌وێت و بۆ هه‌میشه‌ش له زه‌مه‌نی ئێستا ــ كاتی خوێندنه‌وه ــ ده‌مێنێته‌وه. به‌ڵام نابێ ئه‌وه‌شمان له بیر بچێت كه‌ئه‌م «ئێستا»یه ساته‌وه‌ختێكی برووسكه‌یی و چركه ساتێك نییه. نووسینی هه‌ر چیرۆك یان رۆمانێك، لانیكه‌م حه‌فته‌یه‌ك، مانگێك، ساڵێك و ته‌نانه‌ت سێ چوار ساڵیش ده‌خایه‌نێت. ئه‌م زه‌مه‌نی نووسینه، لایه‌نێكی زه‌مه‌نی چیرۆك و رۆمانه. زه‌مه‌نێكی تریش هه‌یه كه زه‌مه‌نی رووداو یان زه‌مه‌نی سه‌ربورده و به‌سه‌رهاتی كه‌سایه‌تییه‌كانه. ئه‌م زه‌مه‌نه ره‌نگه سه‌عاتێك، رۆژێك، مانگێك، یان له هه‌ندێك رۆمان‌دا ده ساڵ و سه‌د ساڵیش بخایه‌نێت.
له هه‌ندێك چیرۆكی فانتاستیكدا، هه‌روا كه شوێنی رووداوه‌كان له دنیای واقیع دیار نییه، زه‌مه‌نی رووداوه‌كانیش له دنیای واقیعدا نادیاره. به‌ڵام له زۆربه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كاندا هه‌روا كه شوێنی رووداوه‌كان راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ، راگه‌یه‌نراو یان رانه‌گه‌یه‌نراو، ئاشكرا یان شاراوه، شوێنێكی واقیعیه‌یه، زه‌مه‌نی گێڕانه‌وه‌كه‌ش به هه‌مان شێوه زه‌مه‌نێكی واقیعییه. له‌م جۆره چیرۆك و رۆمانه‌واقیعی ــ خه‌یاڵییانه‌دا (كه له سه‌دا سه‌دی چیرۆك و رۆمانی كوردی ده‌گرێته‌وه) به‌شی هه‌ره زۆری رووداو و به‌سه‌رهاته‌كان رووداو و به‌سه‌رهاتی رابوردوون. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر سه‌رجه‌می كار و فه‌رمانه‌كانیش (وه‌ك: ده‌ڵێم، ده‌ڕوا، ده‌یبات، نایفرۆشێت و...) سه‌ر به‌زه‌مه‌نی ئێستا بن و نووسه‌ر ویستبێتی به‌مجۆره گێڕانه‌وه‌یه و سوود وه‌رگرتن له‌م فه‌رمانه هه‌نووكه‌ییانه وه‌ها له‌خوێنه‌ر بگه‌یه‌نێت كه‌رووداو و كرده و جموجووڵه چیرۆكییه‌كان له‌ئێستای نووسین و به تایبه‌ت خوێندنه‌وه‌دا روو ده‌ده‌ن، دیسان خوێنه‌ر له‌وه ده‌گات كه له رابوردوودا روویانداوه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا زۆرجار بابه‌تی چیرۆكه‌كه و فه‌زا و رووداو و هه‌ڵوێستی كه‌سه‌كان به شێوه‌یه‌كه‌كه به ئاشكرا زهنی خوێنه‌ر بۆ رابوردوو ده‌به‌نه‌وه، بۆ ئه‌و فه‌زا و رووداو و كاره‌ساتانه كه له رابوردوودا روویانداوه و نووسه‌ر له ژێر كاریگه‌ری ئه‌واندا چیرۆك یان رۆمانه‌كه‌ی نووسیوه.
ئه‌م تایبه‌تمه‌ندیانه زیاتر ئه‌و چیرۆك و رۆمانانه ده‌گرێته‌وه كه‌دوو داڵغه‌ی سه‌ره‌كییان هه‌بێت. یه‌كه‌م: داڵغه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی. دووهه‌م: داڵغه‌ی گرینگی‌دان به‌كێشه‌ی شناس و هۆویه‌ت كه كێشه‌یه‌كی تایبه‌ته به كه‌سایه‌تییه‌كانه. زۆر به كورتی، ئه‌گه‌ر چیرۆك یان رۆمانێك داڵغه‌ی شناس یان هۆویه‌ت به‌خشین به كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی ببێت ناچاره كه ئاوڕ له رابوردوو بداته‌وه. شناسی كه‌سایه‌تی وه‌ك شناسی مرۆڤی واقیعی بابه‌تێكه كه له رابوردووه‌وه شكڵ وه‌رده‌گرێت. واته بابه‌تێكی ناو زه‌مه‌نییه. ناكرێ چیرۆكێك به ته‌مای گێڕانه‌وه‌ی پێشینه‌ی شه‌خسی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سایه‌تیه‌كانی بێت و ئاوڕ له رابوردووی ژیانیان نه‌داته‌وه.
من و گێڕانه‌وه‌ی رابوردوو
من وه‌ك نووسه‌رێكی ئه‌زموونگه‌ر هه‌میشه‌ویستوومه جیاوازی له مابه‌ینی دنیای چیرۆكه‌كانم و جۆری گێڕانه‌وه و ده‌ربڕین و شێوازی داڕشتنی كه‌سایه‌تییه‌كانم ببێت. به‌و بۆنه‌وه حه‌زم كردووه لانیكه‌م بۆ جارێك چیرۆك یان رۆمانێك بنووسم كه‌له‌وێدا ئاوڕ له رابوردووی كه‌سایه‌تییه‌كان نه‌ده‌مه‌وه و، ته‌نیا به گێڕانه‌وه‌ی بیری و بۆچوون و كرده و ره‌فتاره هه‌نووكه‌ییه‌كانیان، شناس و هۆویه‌تیان پێببه‌خشم. ئه‌وانه‌ی به‌رهه‌مه‌كانی «میلان كۆندرا»یان خوێندبێته‌وه ده‌زانن كه ئه‌م نووسه‌ره بێجگه له رۆمانی «سووكی له تاقه‌ت به‌ده‌ری بوون» كه به‌ناوبانگترین به‌رهه‌مییه‌تی، له زۆربه‌ی چیرۆك و رۆمانه‌كانی‌تریدا ئاوڕی له رابوردووی كه‌سایه‌تییه‌كان نه‌داوه‌ته‌وه. به گوته‌یه‌كی‌تر، كه‌سایه‌تی ئه‌م چیرۆك و رۆمانانه مرۆڤی بێ پیشینه و (خۆی گوته‌نی) بێ كاره‌كته‌رن. ئه‌م كه‌سانه سه‌ره‌تا ناوێك و سیمایه‌كن، بێئه‌وه‌ی باسی ئه‌وه بكرێت كه كوڕی كێن، له چ بنه‌ماڵه‌یه‌كدا گه‌وره بوون، دایك و باوكیان چ كاره بووه، تافی منداڵییان چۆن تێپه‌ڕاندووه، چ رووداوگه‌لێكی رابوردوو كاری كردۆته سه‌ر ژیانیان و چ گرێ و نه‌خۆشینێكی ده‌روونییان له كۆنه‌وه تا ئێستا هه‌ڵگرتووه و شتی تری له‌م بابه‌تانه. له‌م چیرۆك و رۆمانانه‌دا ته‌نیا ئه‌و رووداو و كاره‌ساته شه‌خسی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیانه ده‌وری له ژیانی كه‌سه‌كاندا هه‌یه كه له پاش ده‌ركه‌وتنیان له دنیای چیرۆكه‌كه رووده‌ده‌ن. به پێچه‌وانه‌وه، من له جومله‌ی ئه‌و نووسه‌رانه‌م كه به ده‌گمه‌ن چیرۆكێكم هه‌یه كه باسی پێشینه‌ی كه‌سه‌كانی تیا نه‌كرابێت و ئاوڕ له رابوردوویان نه‌درابێته‌وه. هه‌ر له سه‌ره‌تای ئه‌زموونی چیرۆك نووسیمه‌وه، له‌چیرۆكی «رابوردوویه‌ك له‌ئاگردا»، كه یه‌كه‌م چیرۆكی بڵاو كراوه‌مه، ئاوڕم له رابوردووی كه‌سایه‌تییه‌كه‌ی داوه‌ته‌وه. ئه‌و چیرۆكه باسی پیاوێكی لانه‌وازی كه‌لاوه‌نشین ده‌كات كه‌هیچ كه‌س ئاگاداری ژیانی رابوردووی نییه. چیرۆكه‌كه رۆچوونێكه به‌ناو توناوتوونه‌كانی زهنی ئه‌و پیاوه‌و، گه‌شتێكه به رابوردووی پڕ له‌نه‌هامه‌تیداو، ته‌قه‌لایه‌كه بۆ په‌ی بردن به شناس و هۆویه‌تی كه‌ساڵه‌هایه بزر و فه‌رامۆش بووه. دوای ئه‌وه‌ش زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی «زریكه» گێڕانه‌وه‌ی كێشه و ململانێی كه‌سایه‌تییه‌كانه له‌گه‌ڵ رابوردووی خۆیان. ئه‌م تێمه سه‌ره‌كییه به شێوه‌یه‌كیتر له‌چیرۆكه‌كانی «ته‌نگانه»شدا هه‌یه. له به‌شێك له‌و چیرۆكانه‌دا رابوردوو له رێگه‌ی هێما و سه‌نبول و ئۆلگووه(سه‌رمه‌شق) زهنییه‌كانه‌وه ده‌رده‌كه‌ێ و، وه‌ك مار له جه‌سته‌ی زه‌مه‌نی ئێستای كه‌سایه‌تییه‌كان ده‌ئاڵێت. له رۆمانه‌كانیشمدا كه‌سایه‌تییه‌كان له ترسی ون بوون و فه‌رامۆش بوون و پشت گوێخران و سڕانه‌وه، به شێوه‌ی جیاواز هه‌وڵ بۆ دۆزینه‌وه‌ی شناس و هۆویه‌تی خۆیان ده‌ده‌ن و، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش به تووناوتوونه‌كانی رابوردوویاندا سه‌فه‌ر ده‌كه‌ن.
كێشه‌ی شناس، كه له ترس و وه‌حشه‌تی فه‌رامۆش بوون و پشت گوێ خرانه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، ته‌قه‌لا بۆ كۆ كردنه‌وه‌ی ساته په‌رته‌وازه‌كانی رابوردو كه وه‌ك پۆله باڵنده‌ی ده‌م با به‌ره‌و ون بوون ده‌چن، شه‌ڕ و ململانێ له‌گه‌ڵ رابوردوویه‌ك كه سوار ملی ئێستای مرۆڤه‌كان بووه و ره‌نگ بۆ داهاتوویان ده‌ڕێژێت، سه‌فه‌ری ترسناك بۆ ناو داڵانه تاریكه‌كانی زهنی ئه‌و مرۆڤانه كه داهاتوویان دیل و بارمته‌ی رابوردوویانه و زۆر شتیتری له‌م بابه‌ته، به‌شێك له‌خه‌م و داڵغه‌كانی منن كه وشیارانه یان ناوشیارانه، به شێوه‌ی خودئاگا یان ناخودئاگا له چیرۆك و رۆمانه‌كانمدا ره‌نگ ده‌ده‌نه‌وه.
ئه‌م ره‌نگدانه‌وه‌یه بێگومان به مانای گه‌ڕانه‌وه بۆ رابوردوو نییه، به‌ڵكوو به‌مانای گوێزانه‌وه‌ی رابوردوو بۆ‌ئێستایه. ئه‌وه ده‌قی مێژووییه كه به هێنانه‌وه‌ی بێده‌سكاری كردنی به‌ڵگه و داكیۆمێنته‌كان وێنه‌ی رابوردوومان بۆ ده‌كێشێته‌وه و ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌و ئه‌زموونه تێپه‌ڕیوانه. به‌ڵام به پێچه‌وانه‌وه، چیرۆك یان رۆمان له بری كێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی رابوردوو، وێنای نووسه‌ر له رابوردوو له گه‌ڵ ئه‌زموونی تێگه‌یشتنی خۆی له ئێستا لێك ده‌دات. چیرۆكنووس له بری گه‌ڕاندنه‌وه‌ی خۆی و خوێنه‌ر بۆ رابوردوو، رووداوه‌كانی رابوردوو له فیلته‌ری زهنی خۆی تێده‌په‌ڕێنێت و ده‌یانگوێزێته‌وه بۆ زه‌مه‌نی ئێستا.
من به پێی ئه‌زموونی مته‌وازیعی خۆم بۆ نووسینی چیرۆك و رۆمان هه‌رگیز هه‌ستم به گه‌ڕانه‌وه بۆ رابوردوو نه‌كردووه، هه‌رگیز نه‌مویستووه زهنی خوێنه‌ره‌كانم بۆ زه‌مه‌نێكی تێپه‌ڕیو بگوێزمه‌وه، هه‌رگیز به ته‌مای كێشانه‌وه‌ی وێنه‌ی مرۆڤ و رووداوه‌كانی رابوردوو نه‌بووم، به‌ڵكوو ویستوومه رابوردووی ئاماده له‌زه‌مه‌نی ئێستادا نمایش بكه‌م. ئه‌مه‌ش كارێكه كه پێموابێ هه‌موو نووسه‌رێكی جیدی دیكه‌ش ده‌یكات. به تایبه‌ت هه‌موو نووسه‌رێكی جیدی كورد. هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌كه وه‌ك من له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا ده‌ژین كه رابوردوو، رووداو و كاره‌ساته‌كانی رابوردوو، به‌وپه‌ڕی پێداگری و قیرسیچمه‌ییه‌وه، نه‌وه‌ك هه‌ر ره‌نگڕێژی بۆ كاراكته‌ر و چاره‌نووسی مرۆڤ و كۆمه‌ڵگه‌ی ئێستا ده‌كه‌ن، به‌ڵكوو ره‌وتی رووداوه‌كانی داهاتووش دیاری ده‌كه‌ن.
من نووسه‌ری ئه‌م كۆمه‌ڵگه‌یه‌م. نووسه‌رێك كه سه‌ره‌تا پێموابوو به نووسینی كۆمه‌ڵه چیرۆكێك و به گێڕانه‌وه‌ی خه‌م و ئازاره‌كانی تافی منداڵی و مێرمنداڵیم كه‌وه‌ك مار له سه‌ر رۆحم په‌پكه‌یان دابوو، وه‌ك قوڵپی گریان قوڕگیان گرتبووم و رێگه‌ی پشوودان و هه‌ناسه كێشانیان بۆ نه‌هێشتبووم، خۆم له‌چنگی رابوردوو قوتار ده‌كه‌م. پێموابوو به‌نووسینی رۆمانێك حسێبی خۆم له‌گه‌ڵ مێژوو، به تایبه‌ت مێژووی نزیك و هاوچه‌رخ، هه‌روه‌ها نه‌وه‌كانی به‌رله خۆم ساف و سفر ده‌كه‌مه‌وه. دواتر كه رۆمانی «گوڵی شۆڕان»م ده‌خوێنده‌وه په‌یم به‌وه ده‌برد كه ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه شێوه‌یه‌ك وتووێژی دڵڕه‌قانه له گه‌ڵ نه‌وه‌كانی به‌ر له خۆمه. جۆرێك ململانێ و زۆرانبازی له گه‌ڵ ئه‌و تێكۆشه‌ره دۆڕاوانه‌یه كه وه‌ك «لاس» حاشا له بوون و شناسیان كراوه، یان ئه‌و كه‌سانه كه وه‌ك «فه‌رخه» به بێ مه‌حكه‌مه كردن مه‌حكووم به‌خه‌یانه‌ت كراون، یان ئه‌و برا گێل و گه‌وج و عه‌قڵ ناته‌واوانه‌كه بێجگه له‌كرۆشتنی مه‌چه‌كی ده‌ستی خۆیان هیچی تریان لێ نه‌هاتووه و له هه‌مان كاتیش‌دا «هیوا»ی بنه‌ماڵه و كۆمه‌ڵگه بوون، یان ئه‌و ژنانه كه وه‌ك «خانزاد» كه‌س گوێی به بیر و بۆچوون و حه‌ز و ئاوات و خواستی ئینسانیان نه‌داوه و جگه له‌وه‌ی كه خاچی ئازاره‌كانی خۆیانیان به شانه‌وه بووه سزای تاوانه‌كانی پیاوانیشیان كێشاوه، یان ئه‌و دایكانه كه وه‌ك «دایه گوڵێ» هه‌میشه چاو به فرمێسك و دڵ پڕ له ئازاری گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یان بوون. من پێموابوو به گێڕانه‌وه‌ی چیرۆكی ئه‌و مرۆڤانه نه‌ك هه‌ر ده‌یانگوێزمه‌وه بۆ ئه‌م زه‌مه‌نه‌و، شیكاری كرده و هه‌ڵوێست و سه‌ركه‌وتن و تێشكانه‌كانیان ده‌كه‌م، به‌ڵكوو بۆ هه‌میشه ماڵاواییشیان لێده‌كه‌م. من دواتر زانیم كه وه‌ك «یادگار»ی كوڕی لاس له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا كه چیرۆكی باوكم نووسیوه‌ته‌وه، شایه‌تی مه‌رگ و به خاك سپاردنیشی بووم و دواماڵاواییشم له گه‌ڵ خۆی و ژیانی و كه‌س و كاری و ئه‌و مێژووه‌ش كردووه كه‌مێژووی ئه‌و بووه. بۆیه پاش بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆمانه ده‌ستم به نووسینی «باڵنده‌كانی ده‌م با» كرد كه‌پێموابوو گێڕانه‌وه‌ی ئێستا و چیرۆكی مرۆڤی ئه‌م سه‌رده‌مه‌ی خۆمه. چیرۆكی ئه‌و كه‌سانه‌یه كه له‌گه‌ڵ خۆم له دایك بوون و له‌گه‌ڵ خۆم ده‌ژین. ئه‌و مرۆڤانه كه خه‌م و كێشه و ئازاره‌كانیان، خه‌م و كێَشه و ئازاری ئێستایه. چه‌نده به لامه‌وه سه‌یر و ترسناك بوو كه‌ئه‌م مرۆڤ و كه‌سایه‌تییانه‌ش له‌به‌ر چاوی خۆم و به بێ ره‌زامه‌ندی منی نووسه‌ر، به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان له لاس و فه‌رخه و خانزاد و دایه گوڵێكانی رابوردوو ده‌چوون. چه‌نده به‌لامه‌وه سه‌یر و ترسناكه كه ژیانی ئه‌م مرۆڤ و كه‌سایه‌تییانه‌ش تا راده‌یه‌كی زۆر و چاوه‌ڕوانی نه‌كراو، میچكوته له رابوردوو. ئه‌وانه‌ی ئه‌و رۆمانه‌یان خوێندبێته‌وه ده‌زانن كه‌نووسه‌ر/ بێژه‌ری ئه‌و چیرۆكه له چ كێشه و ململانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تییه‌كاندایه. چ شه‌ڕێكیان له گه‌ڵ ده‌كات، بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤی ئێستا بن و هیچیان له رابوردوو نه‌چێت. چ ئازارێك ده‌كێشێت كه ده‌بینێ رووداوه‌كانی رابوردوو به شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان درێژ بوونه‌ته‌وه بۆ ئێستا. به‌ڵام خۆ رابوردوو كراسێكی كۆن و چڵكن نییه كه مرۆڤ له‌به‌ری خۆی دایماڵێت. كراژه نییه كه فڕێی بدات. رابوردوو به‌شێك له ئێستایه. به‌شێكی زۆر و زه‌وه‌ندی ئێستایه كه ده‌بێ بگێڕدرێته‌وه.