ته‌وه‌ری چیرۆك‌و نوستالوژیا - سه‌ڵاح گوڵ ئه‌ندامی
سه‌ڵاح گوڵ ئه‌ندامی
ئاماده‌كرنی: توانا ئه‌مین
www.Tanyaee.kurdblogger.com
كۆمه‌ڵێك چیرۆكنووسمان له‌مه‌ڕ په‌یوه‌ندی نوسین‌و زه‌مه‌ن، به‌دیاریكراویش زه‌مه‌نی له‌ده‌ستچوو دواند. بهوحوكمهی دواجار نووسین له‌ژانرێكی نێو ئه‌ده‌بیاتدا به‌ر له‌هه‌ر شتێك مامه‌ڵه‌یه له‌گه‌ڵ كاتداو به‌تایبه‌تیش چیرۆك كه بۆ خۆی مه‌خلوقێكی مێژووییه، ئه‌وا نوسه‌ره‌كانی كه‌خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی زه‌مه‌نن، له‌هه‌ر كهسێكیتر باشتر ده‌توانن زه‌مه‌ن شیبكه‌نه‌وه.
به‌گریمانه‌یه‌ك ده‌ستمان پێكرد، ده‌كرێ گریمانه‌ی بونه‌وه‌رێك بكه‌ین ئێستا هاتبێته بوون‌و له‌هه‌مانكاتیشدا توانا نوسین‌و خوێندنه‌وه‌ی هه‌بێت، ده‌توانرێ له‌م بوونه‌وه‌ره داوای چیرۆك بكرێت؟.. یان هه‌ر تێكستێكی سه‌ردی تر؟.. رابردوو.. یاده‌وه‌ری.. نوستالوژیا.. ئه‌مانه چۆن دێنه ناو چیرۆك‌و خۆیان ده‌نووسنه‌وه؟ ئه‌گه‌ر كه‌مێك مه‌به‌سته‌كه‌م له‌پرسیارێكدا چڕتر بكه‌مه‌وه: لای ئێوه چیرۆك نوسین چه‌ند خۆ نوسینه‌وه‌یه؟ ئێوه چیرۆك ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ی له ڕابردوو قوتارتان بكات، یان چیرۆك ده‌نوسن بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ڕینه‌وه رابردوو؟ ئه‌و په‌یوه‌ندیه چۆن پێناس ده‌كه‌ن؟ ئێمه به بێ رابردوو شتێكمان ده‌بێت به‌ناوی چیرۆك؟.
سه‌ڵاح گوڵ ئه‌ندامی:
كاركردی نوستالوژیا له‌سه‌ر چیرۆك، قوناغێكه مه‌رج نییه هه‌ر چیرۆك نوسێك بگرێته‌وه، ئه‌و قۆناغه به‌ر له‌وه‌ی له پێوه‌ندی له گه‌ڵ زهمندا بێت، قۆناغێكی رۆحی و ره‌وانیه كه كهلینو قوژبنه‌كانی ره‌وانی هێندێك چیرۆكنووس ده‌ته‌نێ، له وه‌ها كاتێكدا به‌پێی چۆنێتی ته‌وژمی یادی كۆن، نوسه‌ر یان به ته‌مایه خۆ قوتار بكا یانیش به‌رده‌وام له هه‌وڵدایه له رابردوو دوور نه‌كه‌وێته‌وه‌و یاده‌كانی به نه‌مری بگه‌یه‌نێ، ماهیه‌تی رابردوو جۆرێكه كه نه‌گۆره، هه‌ر ئهوخهسڵهتهش بۆته هۆی ئه‌وه‌ی كه بتوانرێ قه‌زاوه‌تی له سه‌ر بكرێ، هه‌رده‌م له به‌رچاوان بێ‌و ئه‌گه‌ر جار به جار ونیش بێ، ره‌نگێك، بۆنێك، شكڵێك، شێوه نیگایهكو هتد.. تیشكی بخه‌نه سه‌رو له‌ژێر تاریكی فه‌رامۆشی بیخه‌نه ده‌ر، نوستالۆژیا به مانای غه‌می غوربه‌ت، مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵات، ماڵ، شار‌و كۆچه‌و كۆڵانی منداڵیه، دونیای نوسین زۆر به‌ر بڵاوه، ساتێك یادی جاران ههستو بیری نوسه‌ر دهروژێنێو نوسه‌ر هان ده‌دا بنوسێت، ساتێكیش نه‌فره‌ت له رابردوو قه‌ڵه‌م ده‌خاته گه‌ڕ، مارسل پرۆست زۆربه‌ی ته‌مه‌نی خۆی ته‌رخان كرد به رۆمانی ( گه‌ران به شوێن زه‌مه‌نی له ده‌ست چوو)دا ، كه‌چی ژوڵ وێرن، ته‌واوی كاتی خۆی بۆ ته‌رحی داهاتوو دانا، به‌و حاڵه‌ش كێ ده‌ڵێ ئه‌گه‌ر ژوڵ وێرن له وڵاتی غه‌ریب با باسی له داهاتو كردبا؟ نوستالۆژیای دوری له وڵاتی دایك، ته‌وژمی خه‌مێكه كه هێندێك نوسه‌ری تاراوگه ده‌داته به‌ر هێرشی خۆی، ئه‌و ته‌وژمه وه‌هایه كه هه‌ندێك له نوسه‌ران وێران ده‌كا و به‌تێكشكاوی بهجێیاندێڵێ، هههندێكیش وێراندهكاتو شتێكی نویان تێدا به‌دی دێنێ، له‌و حاڵه‌ته‌دا بۆ وێنه نوسه‌رێكی كورد ئیدی تاك نیه، دوانه‌یه، یه‌كێكیان كوردێكه به عاده‌تی جارانی خۆی ده‌ژی، ئه‌وی تریشیان كوردێكه كه به زبان‌و كولتوری وڵاتی غه‌ریبی ههڵسو كهوتبكا، بونه‌وه‌ری یه‌كه‌م، ده‌ژی، بونه‌وه‌ری دووه‌م، زیندوه، بونه‌وه‌ری یه‌كه‌م له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ر به زبانی خۆی‌و كولتوری خۆی هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كا، به‌ڵام كه‌س تێی ناگات، له‌و سهركوته رهوانیهدا ئه‌و قسه‌كانی بۆ خۆی ده‌گه‌رێته‌وه و له‌گه‌ڵ خۆی قسه دهكاو پێدهكهنیو ده‌گری، هه‌ربۆیه خه‌ڵك پێیده‌ڵێن ره‌وانی، شێت، دوهه‌میان ئێستایه‌كی بێ رابردوه كه‌ی به‌ره‌وه داهاتوویه‌كی نادیار هه‌نگاوده‌نێت، كاتێك ئه‌و دووه روبه‌رووی یه‌كتر ده‌بنه‌وه، كێشه رهوانیهكان ده‌ست پێده‌كات، نوسه‌ری شێت داوا له نوسه‌ره‌كه‌ی دی ده‌كات ئاگاداری خۆی بێ، ئه‌گینا ده‌كه‌وێته چاڵی داهاتوو، ئه‌ویش داوا له‌و ده‌كات، نه‌كه‌وێته چاڵی رابردوو، له‌وحاڵه‌ته‌دا، له مابهیهنی ئه‌و هاتونه‌هاته‌دا، له نێوانی ئه‌و ههبوونو نه‌بوونه‌دا نۆستالۆژیا چیرۆكێك ده‌خوڵقێنێت. ئه‌و چیرۆكه له وانه‌یه باسی كوڕێكی ئه‌ورپایی بكات كه له‌ژێر به‌فردا چۆن خۆشه‌ویسته‌كه‌ی گرتۆته باوه‌ش، بابه نوئێل دیاریه‌ك ده‌دا به منداڵێكی كورد، له پێش دیسكۆ لاوێكی كورد ده‌ده‌نه به‌ر چهقۆو به‌رده‌وام ده‌نگی رمبهرمبی موسیقا دێت، زه‌ماوه‌ندی كورده‌كانه، كه‌چی پیاوێكی پیر ده‌ستی له بناگۆێی ناوه و له كاتێكدا ده‌گری حه‌یران ده‌ڵێ، كوردێك پاش ساڵه‌ها دوری ده‌گه‌رێته‌وه وڵاتی خۆی، به‌ڵام به دڵشكاوی ده‌گه‌رێته‌وه چونكه ئه‌و ماڵه‌ی ئهوتێدا له‌دایكببوو روخاوه، شاعیرێك سوێند ده‌خوا كه خۆشه‌ویستی سه‌رده‌می منداڵی بینیوه له‌سه‌ر بورجی ئیفێل چاو به گریان راوه‌ستاوه‌و داوای لێكردوه پێكه‌وه خۆ فرێبدهنهخوار. له ته‌واوی ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا جێپێی خه‌مێك ده‌بیندرێ، خه‌می دوری كه تێكه‌ڵ به شادی‌و مه‌یلی گه‌ڕانه‌وه‌یه، ئه‌و چیرۆكانه ئه‌گه‌ر چی ده‌كرێ له چوار چێوه‌ی ئه‌ده‌بی تاراوگه‌دا پێناسه بكرێ‌و بخوێندرێنه‌وه به‌ڵام بێ شك هه‌بونیان په‌یوه‌ندی به نۆستالۆژیاوه هه‌یه، له سه‌ره‌تادا گوتمان حاڵه‌تی نۆستالۆژیا هه‌موو نوسه‌رێك ناگرێته‌وه، لێره‌دا ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین چیرۆكی خوڵقاو له نۆستالۆژیا هیچ شوێن‌و سنورێكی نیه، سرگێئی پاراجانۆف فیلمسازی به‌ناوبانگی ئه‌رمه‌نی له ته‌مه‌نی پیریدا ده‌چوو له سه‌ر ئه‌و كورسیه داده‌نیشت كه كاتی خۆی دایه‌گه‌وره‌ی له سه‌ر دانیشتبوو، به‌ڵام ئیمكانی دووچاربوون به‌حاڵه‌تی نۆستالۆژیا له وڵاتی غه‌ریب زۆرتره، دوچاربوون بهنۆستالۆژیا له‌وڵاتی دایك دابڕانێكی رهوانیهو هه‌ر له‌و كاته‌شدا سروشتیه‌و به پێی یاسای ژیان ههربونهوهرێك ده‌بێ پیربێو منداڵی‌و لاوی به‌جێبێڵێ، به‌ڵام نوستالۆژیایی غه‌ریبی دابڕانێكی فیزیكی‌و ره‌وانیه، نوسه‌ر له ناكاو خۆی له شوێنێك ده‌بینێ كه هیچ نیشانه‌یه‌كی له رابردوو پێوه دیارنیه، نه زمانی په‌یوه‌ندی، نه كو‌لتور، ته‌نانه‌ت خۆره‌تاوو مانگیش جیاوازه، لێره‌دا نوسه‌ر بۆ هه‌ڵاتن له ده‌ست ئه‌و نامۆییه په‌ناده‌باته به‌ر وڵاتی خۆی، وڵاتێك كه بۆدیتنی ناچار ده‌بێت به قوڵایی رۆح‌و ره‌واندا رۆچێ، ده‌بێ له دونیای راستی ههڵبرێو په‌نا بباته ئه‌و حه‌قیقه‌ته برینداره كه ئێستا ته‌نیا له دونیای خه‌یاڵدا مومكینه پێوه‌ندی پێوه‌بگیرێ له‌و حاڵته‌دا ئه‌گه‌ر چیرۆك نوسێك بێته لام‌و بڵێ دایكی دیووه نانێكی گه‌رمی پێ بووه‌و به شه‌قامه سارد‌و بێ رۆحه‌كانی ئه‌ورپادا خولاوه‌ته‌وه، من باوه‌ری پێ ده‌كه‌م‌و پێی ده‌ڵێم خۆزگه به خۆت كه نانێكی گه‌رمت له ده‌ست دایكت وه‌رگرت، له ژێر ته‌وژمی نوستالۆژیادا مه‌رج نیه نوسه‌ر ژیانی تاكه كه‌سی خۆی بگێرێته‌وه، واته چیرۆك قهڵمێك بێ بۆ وه‌سفی ژیانی نوسه‌ر، نوسه‌ر ده‌ركرێ شاهیدێك بێ، كه نوسه‌رێك ده‌كه‌وێته زیندان پێش ئه‌وه‌ی باسی تاوانه‌كه‌ی بێته گۆرێ، هۆی له ناو زیندان بونی زۆر گرینگه، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه كه وه‌ك شاهیدێك حكایه‌ته‌كانی زیندان بگێرێته‌وه، ئایا ئه‌گه‌ر نوسه‌ران نهكهوتبانه زیندان، ئه‌ده‌بیاتی پڕ له كۆمێدی و تراژێدی ناو زیندان كێ دهینوسیوه؟ هه‌ر نوسه‌رێكی زیندان دیتوو كه له خۆی بپرسێ بۆ له زیندانم، كوت‌و پڕ به‌و وه‌ڵامه ده‌گا: بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك شاهیدێك بنوسم، ئه‌دی بۆ تاوانم كرد؟ بۆ ئه‌وه‌ی له رێگای ره‌نجه‌وه بێمه ئه‌و شوێنه‌ی مه‌ترسی فه‌رامۆشی به سه‌ردا زاڵه، كه‌وابوو باس كردن له رابردوو و مه‌یلی به گه‌ڕانه‌وه، وه‌ك ته‌جروبه‌یه‌كی ره‌وانی، نه‌ك خۆنوسینه‌وه، به‌ڵكوو شاهیدییه‌كه، له ناو ئه‌و هه‌موو منداڵه‌ی سه‌رده‌می منداڵی یه‌كێكیان دواتر ده‌بێته نوسه‌ر، ئه‌و نوسه‌ره شاهیدی ئازار‌و خۆشی‌و ناخۆشیه‌كانه، شاهیدی ته‌وژمی قاقاو هاتو هوریایی منداڵانه كهچڵۆن لهئهوكی كۆڵانه‌وه ده‌هاته‌ده‌ر، شاهیدی بۆنی خۆشی ئه‌و خاك‌و خۆڵه‌یه كه كه‌س نه‌یده‌زانی چ عه‌ترێكی له خۆیدا حه‌شارداوه، تا ده‌ستی میهرهبانو نه‌رمی باران ئه‌و رازه‌ی ده‌رده‌خست، شاهیدی ئه‌و گه‌نجه‌ی خۆشه‌ویسته‌كه‌ی پێیدهڵی گڵۆپی دارتێلی كۆڵان به شه‌و زۆر جوانه، كوڕه‌ش به دارتیلدا سه‌ر ده‌كه‌وێ گڵۆپ لێ كاته‌وه، وزه‌ی كاره‌با فڕی ده‌داته خواره‌وه‌و گیانی له ده‌ست ده‌دات، زۆر چه‌تونه نوسه‌رێك بیه‌وێت ساده‌و راستگۆیانه بێفڕوفێڵی تهكنێك باسی رابردووبكاتو ته‌نیا خۆی وه‌سف كات، چونكه ژیانی نوسه‌ر له‌په‌یوه‌ندی له گه‌ڵ ده‌ورو به‌ردا مانا ده‌دا، گوتمان ته‌وژمی غوربه‌ت دوانه له نوسه‌ر ساز ده‌كا، راستی چۆن ده‌بێ ئه‌گه‌ر ئه‌و دووانه له یه‌كتردا ئاشت ببنه‌وه؟ كێیان ده‌بێته ئه‌وی دیكه؟ من ده‌ڵێم كه نوسه‌ر له‌تبوو، بوو به‌دوان ئاشتبونه‌وه‌یان مه‌حاڵه، یه‌كێكیان ده‌بێ ئه‌وی دیكه بكوژێو بۆ هه‌میشه فه‌رامۆشی كا، هیچ كات پێكه‌وه هاوئاهه‌نگ‌و سازگارنین، به‌ده‌گمه‌ن ئه‌و دووانه له لای یهكترو هاوكات ده‌بینرێن، كاتێك یه‌كێكیان به‌و په‌ڕی هه‌بوون گهیشتو حزوری زه‌ق بوه‌وه، ئه‌وی دیكه په‌یدا ده‌بێ، په‌یدا ده‌بێ، تا وه‌ك پێغه‌مبه‌رێك ئامۆژگاری ئه‌وی دیبكات، په‌یدا ده‌بێ تا وه‌ك شه‌یتانێك وه‌سوه‌سه‌ی ئه‌وی دیكه بكا، به‌ڵام چونكه له دوو جنسی ته‌واو جیاوازن هه‌میشه كاردهكهوێته حه‌مله بۆیه‌كتر، ئه‌و شه‌ڕه به‌رده‌وامه چونكه هه‌ردووك خۆیان به خاوه‌نی ئه‌سڵی مه‌مه‌له‌كه‌تی رۆحی نوسه‌ر ده‌زانن، كه من له نۆستالۆژیا ده‌دوێم، پێمخۆشه وه‌ك چیرۆكنووسێك له‌و حاڵه‌ته بدوێم، هه‌ربۆیه شێوه به‌یانی من پێش ئه‌وه‌ی ئاكادێمی بێ، خۆ له قه‌ره‌ی چیرۆك ده‌دا، چیرۆكێك كه هه‌ڵقوڵاوی رۆحێكی برینداری ته‌ریكه بۆیه، رۆحێك كه له ژێر ته‌وژمی تۆفانی تێكهوهپێچو فرێ ده‌ری نوستالۆژیایه رۆژێك ویستی به رێكوپێكترین شێوه كه‌شیاوی ژیانی چیرۆك نوسێكی كورد بێ، خۆ بكوژێ، له‌و قوناغه سه‌یرو سهمهرهیدا كه بێشك به‌رهه‌می ده‌ستی نۆستالۆژیا بوو ئه‌و هه‌ڵوێسته جۆره وهڵامێكبوو به‌و پرسیاره كه ئاخۆ په‌یوه‌ندی نۆستالۆژیاوچیرۆك چیه؟ كه‌خۆی په‌یوه‌ندی به‌و پرسیاره‌وه هه‌یه كه پێوه‌ندی نۆستالۆژیاو چیرۆكنووس چیه؟ ونۆستالۆژیا كه ده‌گاته چیرۆكنووسێك چی به‌سه‌ردێنێ، من ده‌م هه‌وێ بۆ وه‌ڵامی كۆتایی ئه‌و پرسیاره باسی ئه‌و كاته بكه‌م كه نۆستالۆژیا منی كردبوه دو كه‌س.
ته‌وژمی غه‌ریبی وای لێكردم بڕیار بده‌م خۆم بكوژم. بیرم كردوه به چی‌و له‌كوێ؟ زۆرشوێن بهزهیهنم گه‌یشت به‌ڵام له كۆتایدا بڕیارمدا بچمه خۆشترین شوێنێك كه پێم شكدههات، سروشتێكی ئێجگار ئه‌فسوناویی، هه‌وه‌ڵ رۆژه‌كانی غه‌ریبم هه‌میشه ده‌چوومه ئه‌و جێگایه‌و له سه‌ر ترۆپكێكی بڵیند روو به‌ده‌ریا رادهوستامو چاوم له شه‌پۆلدانی ده‌ریا ده‌كرد، چه‌ند كورته شیعرێكیشم هه‌ر له‌وشوێنه‌دا نوسی، رۆژێكیان نامه‌یه‌كم نوسی‌و له بوتڵێكی به‌تاڵم خست، ئینجا فرێمدایه نێو ده‌ریا، نازانم بۆ؟ بۆچی ده‌بێ ئا له‌و شوێنه‌دا به‌ردێك له خۆم ببهستمو خۆم فڕێ ده‌مه ناو ده‌ریا. ره‌نگه له قوڵترین شوێنی رهوانمدا ده‌م هه‌وێ هه‌ر وه‌ك له ژیاندا نوسهربوومو شه‌پۆله‌كان هه‌ستیان دنهداوم، مه‌رگیشم هه‌ر وابێ، ئایا ئه‌وه جۆره وهفاداریهكه به‌هونه‌ر؟ چه‌ند مه‌تر گوریسم ده‌ست دایه‌و پێش ئه‌وه‌ی رێ بكه‌وم وه‌سیه‌تێكی كورتم نوسی‌و بهچهسپ له ئاوێنه‌ی ماڵێمدا، نوسیبووم كه بمبه‌نه‌وه مه‌هاباد بمنێژن، له‌رێگا فكرم له وه‌سیه‌ته‌كه‌ی خۆم كردوه‌و ترسێكم هات له دڵه‌وه، ئه‌ی ئه‌گه‌ر ته‌رمه‌كه‌م به قوڵایی ده‌ریادا رۆچوو، نه‌یان دیتمه‌وه چۆن ده‌بێ، گه‌رامه‌وه ماڵی‌و وێنه‌یه‌كی خۆم له ئالبۆم هێناده‌ر، ئه‌و وێنه‌یه منی نیشان ده‌دا كه له سه‌ر ترۆپكێكی بڵێند رو به ده‌ریا وه‌ستاوم، له پشت وێنه‌كه‌م نوسی كه شوێنی خۆكوشتنی من ئه‌و جێگایه، عهكسهكهشم به ئاوێنه‌كه‌وه چه‌سپاند، بۆ دوا جار له ئاوێنه‌دا چاوم له خۆم كرد، ئینجا چیرۆكێكی خۆم بیركه‌وته‌وه كه كچێك ده‌ی هه‌وێ خۆی بكوژێ به‌ڵام به هیچ شتێك نامرێ، مه‌گه‌ر خۆی له ده‌ریای ئاوێنه بهاوێ، هاتم وه‌رێ كه‌وم بیرم له جل‌و به‌رگی خۆمكردهوه، رۆیشتم كه‌واو پانتۆڵه‌كه‌م ههڵگرتو بڕیارمدا به جل‌و به‌رگی كوردیه‌وه خۆم بكوژم، وه‌رێ كه‌وتم، له‌ڕێگا بیرم له‌خه‌ڵكی نوروێژ كرده‌وه، زۆر ئینسانی ته‌نیاو بێ كه‌سیان تێدایه ئاخر ئه‌وانه چۆن ئاوا به بێ كه‌سی حازرن بژین، هه‌میشه بۆ من پرسیار بووه كه چۆن ئینسانێك حازره له گه‌ڵ سه‌گ به جێگای ئینسان بژی؟ مۆبایله‌كه‌م چه‌ند زه‌نگی خوارد به‌ڵام ههڵمنهگرت، فه‌رهاد بوو كوڕێكی بیست‌و پێنج ساڵه‌ی كه‌ركوكی كه ژنێكی په‌نجاو پێنج ساڵه‌ی نۆروێژی ماره كرد بوو، دهیكوت شه‌ش حه‌وت ساڵێك له گه‌ڵی ده‌بم تا پاسپۆرتی نۆروێژیم ده‌ده‌نێ پاشان ته‌ڵاقی ده‌ده‌م، ژنه ناچاری ده‌كرد به به‌رچاوی خه‌ڵكه‌وه ده‌م له ده‌می بنێ، دهیكوت با خه‌ڵك بیری خراپ نه‌كه‌نه‌وه، چۆله‌كه‌یه‌ك له سه‌ر لكی دارێك هه‌ڵنیشتبوو، كوڕ‌و كچێك ده‌ست له ملانی یه‌كتر ببون، پیرێژنێك پیاسه‌ی ده‌كرد، پیاوێكی پیر خه‌ریكی وه‌رزش بوو، گه‌یشتمه ده‌ریا، ئای ئینسان چ بوونه‌وه‌رێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌یه، چه‌ند ساڵه دێمه قه‌راغ ده‌ریا هیچكات وه‌بیر كتێبه‌كه‌ی خۆم نهكهوتومهوه كه‌چی ئه‌ورۆ كه به‌ره‌و پیری مه‌رگ ده‌چم، وه‌بیرم كه‌وتۆته‌وه (ده‌رۆم پێكه‌نینی ده‌ریا ببینم)، ئه‌و وهبیرهاتنهوهیه له رۆژی مه‌رگدا ده‌ی هه‌وێ چم پێبڵێ؟ ئاماژه به چی ده‌كا؟ چ پێوسته كه من تاوێكی دیكه ده‌مرم به رازی ناوی كتێبه‌كه‌ی خۆم په‌ی به‌م؟ به‌ره‌و ترۆپكهكه ههڵكشامو كه گه‌یشتمێ راوه‌ستام لهشهپۆلهكانم روانی، گهمیهكی سپی گه‌وره دوراودور ده‌بیندرا تا بچوك بوه‌وه‌و وه‌ك هێلكه‌یه‌كی لێهات لێم روانی، ئه‌و جار جل‌و به‌رگه‌كه‌م گۆری، كه‌خۆم له جل‌و به‌رگی كوردی دا دیت وڵاتی خۆم بیر كه‌وته‌وه. موبایله‌كه‌م زه‌نگێكی خوارد، ئێس ئێم ئێس بوو، كامه‌ران، بیرم كردوه كامه‌ران تا ئێستا كه زیندویه زۆر بێ غیره‌ت بوهه، كاتی خۆی پێشمه‌رگه بوو، شتی ده‌نوسی، هاته نوروێژ بوو به ئالكوهلیو شه‌وانه نه‌ده‌چووه ماڵ، ژنه‌كه‌ی ته‌لیفونی بۆ دهكردو داوای لێ ده‌كرد كه به‌ته‌نیا دهترسێو بچێته‌وه، كه‌چی ئه‌و شه‌ش دانگ مه‌ست له دمهقاڵهكانی سیاسی‌دا به‌شداری ده‌كرد، رۆژێكیان ژنه‌ی تێلفۆنی بۆ ده‌كات و پێیده‌ڵێ ئه‌گه‌ر نه‌چێته‌وه پیاوێك ده‌باته‌وه ماڵ، كامه‌ران به‌چه‌قۆ دای له ژنهكهیو سه‌ری له زیندان وه‌ده‌رنا تا هاته‌ده‌ر ژنه مێردی كردبوو، من پێم وایه خاریج وه‌ك گۆچانه جوانه‌كه‌ی حه‌زره‌تی سوله‌یمان وایه، له ناووه مێروو ده‌یان خوارد‌و كلۆرببوو به‌ڵام حه‌زره‌تی سوله‌یمان نه‌یده‌دی، ئا خودایه وه‌بیرم هاته‌وه من ده‌بوایه له وهسیهتهكهم باسی ئه‌و چه‌ند كتێبه‌م كه ئاماده‌ی چاپن كردبایه، به‌ڵام ده‌رفه‌ت نیه، لێوار ده‌ریا چۆڵ‌بوو، هیچ ده‌ستێك نه‌بوو بمگرێو بمكشێنێتهوه، ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش با دڵنیام ده‌ستی نهدهگرتمو كاری به كاری من نه‌ده‌بوو. دیسان تهلفۆنهكهم زه‌نگی خوارد، هاوكلاسیهكم بوو، ساڵڕۆژی له دایكبونمی لێپیرۆز كردبووم، من له بیرم نه‌بوو كه له‌و رۆژه‌دا له دایك بووم، ئایا ئه‌وه هه‌ڵكه‌وته له رۆژی له دایك بونمدا بمرم؟ ته‌جروبه‌ی ژیان به من ده‌ڵێ هه‌ڵكه‌وت نیه، موبایله‌كه‌م له سه‌ر عه‌رز دانا، تا ببێته نیشانه‌یه‌ك بۆ دیتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌م، بیرم له‌و ته‌لیفۆنانه ده‌كردوه كه پاش مه‌رگم بۆم ده‌كرا، ته‌لیفون زه‌نگی ده‌خوارد، كه‌چی من له قوڵایی ده‌ریادا وردهماسیهكان ده‌وره‌یان ده‌دام، پهتهكهم له ده‌وری به‌ردێك هاڵاندو سه‌ره‌كه‌ی دیكه‌شم له بهرقهدم گرێدا، به‌رده‌كه‌م ههڵَگرت، باره‌كه‌م قورسبوو، به‌ڵام به‌زویی سوكدهبووم، چاوم له شه‌پۆلدانی ده‌ریا كرد، سه‌یر بوو شیعرم بۆ ده‌هات، بۆده‌بێ له دواچركه‌كانی ژیانم شیعرم بۆ بێ، ئه‌ركی من چیه له به‌رامبه‌ر ته‌وژمی شیعردا؟ به‌خۆم كوت، شیعر بۆ شاعیر نیه بۆ خه‌ڵكه، ده‌با دوا شیعرم بنوسمه‌وه جا بمرم، به‌ڵام نه قهڵمم پێ بوو نه كاغه‌ز، ئه‌دی ئه‌و هه‌سته چیه له‌و كاته‌دا له ناكاو چه‌قو لورێك هاتو سه‌گێكی توكن به ددانی پهتهكی گرت، ئه‌و خه‌ریك یاری بوو، هاته به‌ر لاقمو ده‌لینگی پاتۆڵه‌كه‌ی لێستمهوه، به‌رده‌كه‌م دانا، پیاوێك به هه‌ناسه بڕكێ سه‌ر كه‌وت، به‌رده‌وام ده‌كۆخی، هات له سه‌ر ئه‌و به‌رده دانیشت كه پهتهكهم تێ ئاڵاند بوو، كه هێندێك پشووی هاته‌وه به‌رخۆی سه‌ری هه‌ڵێنا و ته‌ماشایه‌كی كردم
-سڵاو
-سڵاو
-ئێواره‌یه‌كی خۆشه، مه‌گه‌ر نا؟
-بۆچی زۆر خۆشه
-جل‌و به‌رگی وام نه‌دیبوو، خه‌ڵكی كوێی؟
-كوردستان
-نۆروێژ خۆشه؟
ویستم پاڵێكی پێوهبنێمو به‌رده‌كه ههڵگرمو خۆبازدهم، سه‌گه‌كه له‌و جێگای من قه‌رار بوو خۆی لێ هه‌ڵدێرم هه‌ڵتوتا بوو چاوی له ده‌ریا ده‌كرد
-نا من ته‌نیا وڵاتی خۆم پێ خۆشه
-نوروێژ بۆ من به‌هه‌شته به‌ڵام حه‌یف ده‌بێ به جێی بێڵم
-له‌و وڵاته ده‌رۆی؟
-ده‌بێ برۆم بۆ وڵاتێكی دیكه كه نازانم كۆیه، وڵاتێك كه هی هه‌موومانه
-مه‌به‌ستت چیه؟
-مهر ، دونیای مه‌رگ، قه‌تت بیر لێ كردۆته‌وه؟
-به‌ڵێ، كاتێ ئینسان له سه‌ر ئه‌و دونیایه غه‌ریب بوو، چ باشتر بچێته غهریبستانێكی دیكه
-تۆ چیت له ده‌ست دێ بۆ پیاوێكی وه‌ك من كه ناچار ده‌بێ بروا؟
-نازانم چیت ده‌وێ
-من ناوم ئالێكسه، سهگهكهیشم ناوی نانسیه، سێ ساڵ له‌وه پێش پێیان كوتم كه ته‌نیا سێ ساڵ ده‌ژیم، چونكه شێرپه‌نجه‌م هه‌یه، ئێستا من ته‌نیا مانگێكم ده‌رفه‌ت ماوه، كه‌سم نیه، ته‌نیا نانسی نه‌بێ، تۆ بۆم راده‌گری؟
-ئه‌ی بۆ نایده‌ی به یه‌كێكی دیكه؟
-چه‌ند رۆژه له كه‌سێك ده‌گرم به‌ڵام گیرم ناكه‌وێ، ده‌ڵێن ناتوانن مه‌رجه‌كه‌ی من ره‌چاو بكه‌ن
-چ مه‌رجێك ؟
-من وه‌سیه‌تم كردوه پاش مه‌رگم، بمسوتێننو خۆڵه‌مێشه‌كه‌م به ده‌ریادا بكه‌ن، له كه‌سێك ده‌گه‌رێم ئه‌و سه‌گه‌م بۆ راگرێ‌و كاتێك تۆپی، بیسوتێنێو خۆڵه‌مێشه‌كه‌ی به ده‌ریادا بكا، ئه‌وه گرفتی منه كه‌س یارمه‌تیم ناكا.
ئاڵكساندر دوباره ده‌ستی كردوه به كۆخین ئینجا هه‌ستاو ده‌ستی روبهروم راگرت
-ده‌سته‌ت بده به من به‌ڵێن بده یارمه‌تیم ده‌ده‌ی ئاسوده بمرم
ده‌ستی دهلهرزیو تروسكه‌ی هیوایه‌ك له چاوه‌كانیدا به‌دیده‌كرا
ده‌ستم له ناو ده‌ستی نا، توند ده‌ستمی رێك كوشیو له خۆشیان به‌ری نه‌ده‌دا، چاوه‌كانی پڕ له ئاو بوون، ده‌ستی بهردامو چوو نانسی هێنا، له باوه‌شی كرد‌و تێرتێر ماچی كرد، په‌تێكی له گیرفانی ده‌رهێناو ویستی بۆم ببه‌ستێته‌وه، پێمكوت كه‌خۆم په‌تم پێیه، ئینجا پهتهكهم له به‌رده‌كه كردوه‌و گرێی ده‌وری كهمرم كرده‌وه‌و له قه‌لاده‌ی سه‌گه‌كه‌م گرێدا، ئالكساندر دووباره نانسی له باوه‌ش گرت
-حه‌ز ده‌كه‌م له باوه‌شم دابێت، ئه‌گه‌ر بتوانی ئه‌و مانگه له‌گه‌ڵ نانسی له خه‌سته‌خانه سه‌رم بده‌ی زۆرت سپاس ده‌كه‌م
پێكه‌وه به پیاسه تا نزیك ماڵی مه رۆیشتن، ئالكس ماڵئاوایی له من‌و نانسی كرد، منیش نانسیم به دوای خۆمدا كێشا، كه چومه‌وه ژوره‌كه‌ی خۆم، وهسیهتهكهم له‌ئاوێنه كردوه‌و جارێكی دی وه‌بیر كه‌سایه‌تی چیرۆكی خۆم كه‌وتمه‌وه كه له هیچ رێگایه‌كه‌وه بۆی نه‌ده‌گونجا خۆی بكوژێ، ده‌بوایه خۆی هاویشتبا نێو ده‌ریای ئاوێنه.