چیرۆك
خۆكوشتن له‌سه‌ر باڵی فلامینگۆ
توانا ئه‌مین
www.Tanyaee.Kurdblogger.com
گوێزانێك وا له‌سه‌رمدا.. هه‌ر راچڵه‌كێم، شوێنێكی خۆم بڕیوه. ئه‌م گوێزانه خۆم دروستم كردووه.. شه‌وێك نه‌نوستوویت و به‌یانی له مێشكتدا هه‌ڵتۆقی بێت.. نـــا، (29) ساڵی ره‌به‌قه من خه‌ریكی دروستكردنی ئه‌م نه‌شته‌ره‌م. بیرم كرده‌وه هه‌ندێك ته‌لی تێڕامانی زیاده‌ڕه‌وم بپچڕێنم، ئه‌م گوێزانهم له مێشكی خۆمدا دروست كرد.
كه‌سێك به قادرمه‌كاندا سه‌نگین سه‌نگین.. ته‌پ ته‌پ.. دێته خوارێ و من هاوڕیتمی ئه‌و، له خواره‌وه هێواش هێواش بۆ سه‌ره‌وه ده‌فڕم. ده‌زانم دێن قفڵه‌كه‌م ده‌كه‌نه‌وه، یان راستتر قفڵم ده‌كه‌ن، ئاخر من تا ئێستا ده‌ست و پێم نه‌به‌سترا بوو، ته‌نیا قفڵی روو له دیوار بووم. هه‌میشه كه دێن، من خۆم به دۆزینه‌وه‌ی مانای ئه‌و میتافۆره‌وه ده‌خڵافێنم، كه به‌ڕاست ئه‌وان له هاتنیاندا ده‌مكه‌نه‌وه، یان قفڵم ده‌كه‌ن؟!
فه‌رمانت پێ ده‌ده‌ن روویان تێبكه‌یت.. هه‌ردوو ده‌ستت پێكه‌وه جووت ده‌كه‌ن و تاڵێك نایلۆنی ره‌شی گرنجگرنجی تێههڵدهكێشنو به راكێشانێك، ده‌ستت قفڵ ده‌بێت.. وه‌لـێ خه‌یاڵت ره‌حه‌ت بكه، خۆت كراویتهتهوه. ئه‌م كه‌له‌پچه ئه‌مریكییانه، له كه‌له‌پچه ئاسنه‌كان سووكترن، به‌ڵام له ئه‌وانیش مه‌حكه‌م و پێوهندتر... بیرت ده‌كه‌وێته‌وه مرۆڤ چه‌ند له ئامراز و هۆكاری ده‌ستبه‌سه‌رداگرتندا كارامه و كه‌ماڵه.. له ناخی دڵه‌وه قه‌شمه‌ریم به زانست دێت.
ده‌ستم مرهكهباوی ده‌بێت و بیرم ده‌كه‌وێته‌وه ئه‌م چیرۆكه هی نووسینه‌وه نییه، هه‌روه‌ك چۆن به‌جارێ خوێندنه‌وه لێی تێ ناگه‌یت، بهدووجاریش.. كه له سێ جار زیاتریش خوێندته‌وه، ئیتر ده‌چیته ناوی و نا‌توانیت بێیته ده‌ره‌وه، ره‌نگه له حاڵ و ماڵت بكات، قاڵت بكات به‌خۆیه‌وه، ئیشه‌كه‌ت له ده‌ست ده‌ربهێنێت، سه‌رت لـێ بشێوێنێت و ژیانت تاڵ بكات.. من پێشنیار ده‌كه‌م ئه‌گه‌ر تا ئێره هاتوویت، بووه‌سته و مه‌یخوێنه‌ره‌وه.
ئه‌م چیرۆكه ژیانی تۆیه، ژیانی راسته‌قینه‌ی تۆ.. ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ نووسینه‌وه‌یدا نین، ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت: "سه‌رت بكه‌ره‌وه به كۆشی دایكتدا و ئه‌و حیكایه‌ته سهجل مه‌كه، چما له رووت هه‌ڵدێت ئه‌و خوێنه ڕژاوانه بنووسیته‌وه؟" من سه‌رم ده‌دا به دار و دیواردا.. ئــا.. ده‌زانیت چۆن هاتمه ئێره؟ له‌سه‌ر سیله‌ی كۆڵانه تهسكهكهوه ده‌ستم گرت به دیواره به‌ردینه‌كانه‌وه و خۆشخۆش هاتم، بۆ ناو ئه‌م چیرۆكه هاتم، من پێشتر هه‌ڵاتبووم.
هێشتا له‌لام روون نییه، من چۆن ئه‌م رۆحه به‌ده‌ی ترم دۆزییه‌وه، نــا.. هه‌ر گومانیشم هه‌یه به راستی دۆزیبێتمه‌وه. هه‌ندێك كه‌س له واقیعدا ون ده‌بن، ده‌بێت له خه‌یاڵدا بۆیان بگه‌ڕێیت، كه‌چی من له خه‌یاڵدا ونبووم و وا له‌سه‌ر جاده سۆراخی خۆم ده‌كه‌م.. بۆنی رازییانه له خه‌یاڵم دێت، هه‌ر وا خه‌ریكم لاژه‌لاژ رێ ده‌كه‌م، قاچه درێژه‌كانم له‌گه‌ڵم نایه‌ن، ئه‌وه خۆمم به زۆر به شوێن خۆمدا كێشیان ده‌كه‌م.
هه‌موو جهریانهكه له‌وێوه ده‌ستی پێ كرد؛ كه تۆ وێنه‌یه‌كی فۆتۆگرافی رهشوسپیی نیوپۆسكارتی ئه‌وت، له كۆنترین مقه‌بای ماڵه‌كه‌دا، له‌و سه‌ردابه شێ‌دار و تاریكهتدا، له ژێر شووشه‌ی شكاو و تاڵی له‌حیم و گڵۆپی سووتاو و نینۆككهری كولدا، دیته‌وه.. تۆزی (29) ساڵی له‌سه‌ر خۆی هه‌ڵگرتبوو. كه ئاوا لێت ده‌ڕوانی، ده‌توت له ئه‌رشیفی كۆنه رهسمچییهكی ئه‌م شاره‌وه ده‌رتهێناوه.. ئه‌و چاوه زه‌ق و لوته درێژ و سمێڵه پڕه‌ی، چه‌ند له ئێستای من ده‌چێت؟ غه‌ریب..! وای خۆمی پێش (29) ساڵ چه‌ند له ئێستام ده‌چم.
له ترافیكێكدا هه‌ر وا وڕو گێژ له خۆمه‌وه وه‌ستاوم، گڵۆپ قرمزییه و ترافیك شلۆغه، بۆ چركه‌یه‌ك له جامی پڕشه‌پۆلی ئهمبوڵانسێكدا خۆم ده‌بینم، ژاكاو و مه‌لول ده‌ستم بۆ راده‌وه‌شێنێت.. فریا ناكه‌ویت جوابی بده‌یته‌وه، گڵۆپ كه‌سك بووه.
راده‌كه‌یت.. خاو ده‌بیته‌وه.. به ههڵوهره ده‌ڕۆم.. له‌سه‌ر شۆسته‌یه‌ك دانیشتووم و فكردهكهمهوه، به‌و چاڵاییه‌ی رۆحمدا به میسلی پاژنهههڵكێشێك ده‌چم و به‌و خیسییهی زارم، له سانتییه‌كی پیس. به‌های هیچم نییه، میزه‌ڵانێكی بۆشم، نه له زه‌وی و نه له ئاسمان، من له فه‌زادا وه‌ستاوم.
سه‌یره! له شارێكدا خۆكوشتن پێویستی به بڕێك پاره ببێت، من سڵ له خۆخنكاندن یان خۆهه‌ڵواسین یان خۆكوشتن به چه‌قۆ و ئاگر ناكه‌مه‌وه، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه نا كه ترسنۆكم، یان ئه‌وانه‌م پێ سوننهتییهو وه‌ك كاراكته‌ری چیرۆكێكی نوێ، حه‌زده‌كه‌م به رێگایه‌كی تر خۆم له‌ناوببه‌م.. نــا. به‌ڵكو حه‌زده‌كه‌م ئه‌گه‌ر ئه‌و ژیانه‌ی ده‌مه‌وێت، ناتوانم ههڵیببژێرم، با لانی كه‌م وه‌ك نووسه‌ره‌كه‌م، مه‌رگم به دڵخوازی خۆم ببێت. من حه‌زم له خۆكوشتن به ده‌مانچه‌یه.. یه‌ك زرمه و ته‌واو.. نیوه‌شه‌وێكی هاوین، نه خوڕه‌ی چه‌م بێده‌نگ بكات و نه ریتمی دونیا بشێوێنێت. زرمه‌یه‌ك ته‌نیا وه‌نه‌وزی چه‌ند مه‌لێكی لانه‌واز و په‌ڕاگه‌نده‌ی سه‌ر دره‌ختێكی كالیپتۆس بپچڕێنێت، كه خودا‌ش نازانێت كێ روواندوویهتی. ئه‌وه‌تا گوێم له شه‌قه‌شه‌قی باڵیانه هه‌ڵده‌فڕن.
سه‌یره..!
بۆ گه‌یشتن به‌و خه‌ونه‌م، من ناتوانم ده‌مانچه‌یه‌ك بكڕم، ده‌مانچه‌یه‌ك كه له لاجانگی راستمه‌وه سه‌رم هه‌ڵبگرێت‌و (25) سانتیمه‌تر ئێسقانی كه‌لله‌سه‌رم ههڵبتهكێنێت. من ده‌مرم، به‌ڵام ده‌زانم هیچ شتێك ناوه‌ستێت، خۆم نه‌بم. كه‌واته بوونی من هیچ نه‌بووه، ئه‌مه داخم دهداتـێ.
هه‌نگاوه‌كانم زۆر گه‌وره‌ن، ده‌بێت په‌له نه‌كه‌م.. هێنده گه‌وره، خه‌ریكم ههڵدهتڵیشێم. ئه‌م قاچه شل و شهوێرانهت ده‌ره‌قه‌ت نایه‌ن، ئه‌گینا له‌وه زیاتر فڕێیان ده‌ده‌یت.. ئه‌مه ئه‌و هه‌نگاوانه نین كه من له زه‌ینمدا ده‌یاننێم.. نایه‌ن.. به دوامدا نایه‌ن.. ده‌بێت تیماریان بكه‌م، ئه‌م برینانه له ناوه‌وه خواردوویانم، پێویستیان به ساڕێژه. تۆ بڕۆ، من ئێستا نایه‌م. خۆم ناهێڵم بمرم، خۆ هیچم پێ نه‌كرێت، ده‌توانم كه‌مێك چاودێریی خۆم بكه‌م. وه‌ك ئه‌وه‌ی له ئاو نزیك نه‌بمه‌وه، ساڵێك لهبهرچرا دانیشم و فیوزێك چاك نه‌كه‌م، خۆم نه هاوێمه به‌ر ماشێنه شێته‌كانی ئه‌م شاره. من پیادهگهڕێكم وێڵ، سوبح تـا شێو به‌و جادانهوهم، ئه‌سڵه‌ن هه‌ر سواری ماشێن نابم. نـــا به‌و شێوه‌یه‌ش مرۆڤ بێده‌سه‌ڵات نییه، بونیام هیچی پێ نه‌كرێت، ده‌توانێت كه‌مێك مردنی خۆی ماتڵا بكات.
تۆ ده‌بێت مۆڵه‌ت له مردن درێژبكهیتهوه تا ئه‌م قاچانهت چاك ده‌بنه‌وه، هه‌رچییه‌كت كردووه، بگه‌ره ده‌ره‌وه. ئه‌م قاچانه‌ی تۆ له‌لای سسته‌ری رووخۆش‌و دكتۆری به‌ویقار نه‌بێت، نه‌شته‌ركاری ناكرێت. بۆ چاكبوونه‌وه‌یان من كاتێكم پێویسته، ئاخر له‌م مه‌مله‌كه‌ته‌دا، قاچ له هه‌موو شتێك پێویستتره. بۆ رۆیشتن نــا، بۆ هه‌ڵاتن لێی. كه‌چی من ئه‌و قاچانهم بۆ هه‌ڵاتن ناوێت! نــا.. رێكوراست ده‌مه‌وێت به خۆمه‌وه بن، به‌م جه‌سته شێواو كۆته‌ره ئاسایهوهم.. ئاهــ.. ئه‌گه‌ر بتزانیبا چه‌ندم ئیش به‌و قاچانهمه. ماوه‌یه‌كه ئه‌مبوڵانس زۆر ده‌بینم، جاران وانه‌بوو، یان هی ئه‌وه‌یه من چاو لهسهرشت زۆر ورد ده‌كه‌مه‌وه، یان به جاده‌دا زۆر ده‌ڕۆم، یان نــا.. هه‌ر به راست من له شارێكدا ده‌ژیم، ماشێنی تیا نییه، ئه‌مبوڵانس نه‌بێت.. ده‌ڵێیت خه‌ڵكی ئه‌م شاره یه‌كپارچه بیمارن. ئه‌مبوڵانسێك به‌لاتدا فرته ده‌كات، بڕوانه بزانه خودا رێگه‌ی دا نه‌ناوه، بنده‌ستی من نه‌بێت. باوه‌ڕناكه‌یت كه‌س هێنده‌ی تۆ ئه‌مبوڵانس به‌لایدا تێپه‌ڕیبێت؛ جارێكیان كه‌ژاوه‌یه‌ك ئه‌مبوڵانس له‌به‌رده‌ممه‌وه رێ‌یان به‌ستبوو، ئه‌وه‌ی پێشه‌وه‌یان ته‌رمی گۆرانییه‌كی تاقانه‌ی تیا‌بوو، فیشه‌كێكیان نابوو به‌سه‌ریه‌وه، فه‌قیره دایكی بۆی ده‌گریا، كارێكی بۆ ده‌كرد، هه‌ر مه‌پرسه.. رۆژێك دانه‌یه‌ك به‌لامدا رۆیشت، ئاسكێكی كوژراوی تیا‌بوو. شهبهقییهكیان ئه‌مبوڵانسێك به‌لاتدا لوراندی، بزنهكێوییهكی تیا بوو، پاوانه له قاچیدا بوو. من زۆر سوتفه‌ی ئه‌و ئاژه‌ڵه بیمارانه زۆر ده‌كه‌م؛ چۆلهكهیهكت له‌سه‌ر دهستهبهرهیهكی سپی بینی، سه‌ریان پێچا بوو، گوایه منداڵێكی چه‌توون سه‌ری شكاندووه.. ته‌ریق ده‌بوومه‌وه، ئه‌م شاره چه‌ند حورمه‌تی فڕندهو ئاژه‌ڵ ده‌گرێت. بروسكه‌یه‌ك له‌پشتته‌وه دێت، چاوت رێشكه‌وپێشكه ده‌كات، خه‌ریكه قه‌تعی نه‌فه‌س ببیت‌و دڵت لهسهرخۆچووه.. هێور هێور گوێت لێیه، ده‌ڵێیت له زه‌مه‌نێكی تره‌وه كه‌سێك جوێن به تۆ ده‌دا.. هه‌ر تاوێكهو چوویته‌وه ناو خۆت.. بیر له شتی شێتانه ده‌كه‌یته‌وه، شتی سه‌یر سه‌یر؛ بیرده‌كه‌یته‌وه ئیشی مرۆڤ ئه‌وه نییه ده‌ستكاریی شته‌كان نه‌كات.. نـــا.. ئه‌وه وه‌زیفه‌ی مردووه‌كانه، مرۆڤ ده‌بێت ده‌ستبدات له هه‌موو شته‌كانه‌وه، شوێنگۆڕكێیان پێبكات.. من ئێستا كه له‌سه‌ر ئه‌م كۆمپیوته‌ره دانیشتوومو ئه‌م چیرۆكه ده‌نووسم، ده‌ڵێیت هێزێك ده‌ستم ده‌جووڵێنێت. من ئه‌م پیتانه نانووسم. هه‌ستێك له‌سه‌ر كیبۆرده‌كه په‌نجه‌كانم ده‌جووڵێنێت، هه‌ر له خۆوه ده‌ڵێیت ئه‌م نووسینه له ئه‌سڵدا هه‌یه‌و من ئێستا وا له‌نێوان دوگمه‌كانی ئه‌م كیبۆرده‌دا، ورده ورده ده‌یدۆزمه‌وه.. ئاخر وه‌ك یارییه‌كی منداڵانه، كه ئێستا ناوه‌كه‌یم بیرچووه‌ته‌وه، ئه‌م شتانه له شوێنی خۆیاندا نین. ده‌بێت ده‌ستكارییان بكه‌یت.. بیانخه‌یته‌وه شوێنی خۆیان.. نــا.. شوێنیان بۆ په‌یدا بكه‌یت.. من ده‌بێت ده‌ست له هه‌موو شتێك بده‌م.. قورسه‌كان بجووڵێنه و بچووكه‌كان به شه‌ق فڕێ بده، تا له جێگهكهیاندا ئه‌و كه‌نزه شاراوه‌یه بدۆزیته‌وه.
ئه‌سڵی یارییه‌كه‌ش كه‌نزه‌كه نییه، جووڵاندنهكهیه، بیرت نه‌چێت..
من هه‌ر وام بیرده‌كرده‌وه، بۆیه ده‌ستم بۆ كوشتنیش برد.. هه‌رچه‌ند له جاران غهمگینتری كردووم، به‌ڵام لێی په‌شیمان نیم. لێمگه‌ڕێن ده‌ست بۆ هه‌موو شتێك ده‌به‌م. ده‌بێت شوێنی شته‌كان بدۆزینه‌وه، ئه‌م ژیانه له یاریی جوڵاندن‌و دۆزینه‌وه به‌ولاوه، شتێكی تر نییه.
من پێویستم به كه‌سێكه، توند رامبتهكێنێت و بمداته‌وه ده‌ست خۆم.. من له خۆم ونبووم.. تۆ كه شتێكت لـێ ون ده‌بێت، دوای قه‌یرێ سهراوبنكردن، له شوێنێك ده‌یبینییه‌وه. زۆر جاران ئه‌و شتانه‌ی لێت ون ده‌بن، له‌و شوێنانه‌دان كه هه‌ر عه‌قڵت بۆیان ناچێت. ده‌ڵێیت په‌یوه‌ندییه‌كی نهێنی له نێوان شوێن و ونبووندا هه‌یه، كه‌چی من ئێستا كه ونم، زه‌ب و زیندووش خۆم ده‌بینم، به‌ڵام بۆم نادۆزرێته‌وه، خه‌ریكی به شتی پڕوپوچه‌وه خۆت قاڵ ده‌كه‌یت.. كه‌م كه‌م تێ ده‌گه‌م، مه‌رج نییه بینینه‌وه، دۆزینه‌وه بێت.. كه‌چی ئه‌مه بۆ مه‌سه‌له‌ی كلیله‌كه وا نه‌بوو.. ئــا.. راست ده‌كه‌یت، رووخسه‌ت بده ئه‌وه‌یان بۆ بگێڕمه‌وه؛ من ژنێكم هه‌یه نیانتر له سێبه‌ری شۆڕه‌بیی سه‌ر حه‌وز، كه‌چی له‌گه‌ڵ كلیلدا ناتوانێت به‌و شێوه‌یه‌ی خۆی بێت كه هه‌یه.. ئه‌ویش وه‌ك مێرده‌كه‌ی، ده‌ڵێیت دوو كه‌سه له‌ناو كه‌سێكدا.. ره‌نگه سه‌باره‌ت به كلیل، ئه‌و كه‌سه‌یان بێت كه كه‌مترین جار ده‌یبینم.. ئه‌ویش خۆی نمایش ناكات، تۆ له داوه‌كانی خۆتدا چاوت پێی ده‌كه‌وێت.
ئه‌و ژنه‌ی من له دونیادا هیچی لـێ ون نابێت، بیری ناچێت ساڵی (1982) كرێچیی كێ بووین. له پۆلی سێی سه‌ره‌تاییدا، پێڵاوی ژماره چه‌ندی ده‌كرده پێی. ساڵی پار هۆده‌ی نووستنمان چه‌ند ته‌به‌ق ته‌په‌دۆر بووه. وه‌ستای بهلوعهچاككردنهكهی ساڵی دوای راپه‌ڕینه‌كه، سه‌عاته‌كه‌ی كۆرتز بووه. هه‌موو ئه‌و وه‌ره‌قه‌ی كاره‌باییانه‌ی له‌دوای هاتنمان بۆ شار، بۆمان هاتبووه و مانگی چه‌ندمان بۆ هاتبووه، هه‌مووی له‌به‌ر بوو. رۆژێك بۆ خۆشی پێت وت: "مانگی یانزه‌ی ساڵی (1992)، چه‌ندمان بۆ هاتبووه‌وه؟" وتی: "مانگی یانزه‌ی ساڵی (1992)، وه‌ره‌قه‌ی كاره‌بامان بۆ نه‌هاته‌وه، به‌ڵام مانگی یانزه‌ی ساڵی (1993)، چوار دینار و مانگی یانزه‌ی ساڵی (1994)، هه‌شت دینار و مانگی یانزه‌ی ساڵی (1995)، هه‌ژده دینار و سه‌دو په‌نجا فلس..." ئاوابوو.. نازانم به‌و بیرتیژییهیهوه، چۆن چۆنی كلیلی ون ده‌كرد؟ وای لێ هاتبوو تۆ بۆ ده‌رگای ژووره‌كانی میوان و نوستن و مه‌تبه‌خ، یه‌كی ده‌سته‌یه‌ك كلیلت دروست كردبوو.. ده‌سته‌یه‌ك كه هه‌میشه دواهه‌مین كلیلیان ده‌یكرده‌وه.. ئه‌وه هه‌وره‌بانه‌كه هیچ، له ساڵی لافاوه زۆره‌كه‌وه، كلیله‌كه‌ی ون بووه‌و نهمانكردووهتهوه. ئه‌و ژنه‌ی تۆ لانیكه‌م هه‌فته‌ی دوو كلیل ون ده‌كات.. من بێ چه‌ندوچوون به‌شێكی مانگانه‌كه‌م له دروستكردنه‌وه‌ی كلیلدا تیا ده‌چێت.
ئێستا ئیتر وه‌ك ئاسنێكی به‌رباران ژه‌نگ خواردوومی.. به وێنه‌ی مه‌سینه‌یه‌كی كۆن، به‌ڵغم كردووه.. ئه‌وه‌نده‌م توێخ لێبووه‌ته‌وه، هــا ئێستا هـا تۆزێكی تر، ئه‌ودیوم ده‌رده‌كه‌وێت. به هه‌موو ته‌مه‌نت هێنده‌ی ئه‌م سێ مانگه‌ی دوایی، نه‌گۆڕاویت، گۆڕانێكی خێرا‌و ناسروشتی.. خه‌ریكه ده‌یكه‌یت به خوو، له جه‌مع و جه‌ماعه‌تدا.. به‌ته‌نیا و له‌گه‌ڵ خۆم.. ریپۆقی چاوی خومار و چڵمی ئه‌و كونهلوته درێژانه و چڵكی گوێیه رهبهكانت ده‌خۆیت.. چێژ له تامی تاڵ‌و تفتو سوێریان ده‌بینم. به پێچه‌وانه‌وه هێڵنج ده‌ده‌یت له به‌رامبه‌ر خه‌ڵكی تردا، قه‌شمه‌ریت به جوانیی گوڵێك دێت.. من جاران وا نه‌بووم.. نازانم بۆ چاوم به كه‌س هه‌ڵنایه‌ت، به منداڵه ساواكانیش، ئه‌وانه‌ی كه هه‌موویان جوانن. ئاخر مرۆڤ له ساوایهتیدا نه‌بێت، ئیتر به تولی عومری جوان نییه.
ئێمه منداڵمان ده‌بێت و من حه‌زم لێی نییه.. تۆ له خۆته‌وه بیر له كوشتن ناكه‌یته‌وه!..
من ئیتر خه‌ڵكم خۆشناوێت، ته‌نها وه‌ك خۆت له فیكری ئه‌وه‌دایت ئه‌م ژیانه بۆ مرۆڤ شایان نییه.. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه‌یه رقم له هه‌ر لهدایكبوونێكه. ئه‌مڕۆ په‌ستیت له‌وه‌ی كه خۆت ده‌بینیت خه‌ریكیت ئه‌م هیچوپووچێتییه درێژدهكهیتهوه و منداڵێك بۆ ئه‌م دونیا بێمه‌عنایه، زیاد ده‌كه‌یت.. نـــا.. وامه‌زانن من رقم له خه‌ڵكه و له خۆڕا ده‌یانكوژم.. من پیاوكوژێكی دڵڕه‌ق نیم. تۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر خۆشه‌ویستی نه‌بایه، منداڵه‌كه‌ی خۆتت ده‌كوشت و كۆتاییت به‌م ماجه‌رایه ده‌هێنا.. تۆ ترسنۆك نیت.. به حاكمهكهشم وا وت، بهدكتۆرهكانیش، وتم: "من ئه‌گه‌ر ترسنۆك بوومایه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی ئێوه پێیده‌ڵێن تاوان، به‌شه‌و ده‌مكرد.." تۆ هاوڕێكانی خۆت به رۆژی رووناك ده‌كوشت.. له كازیوه‌دا.. له چێشته‌نگاودا.. له قرچه‌قرچی گه‌رمای به‌ر كوكوختییهكانی هاویندا.. له عه‌سره فێنكه‌كان و رۆژانی زه‌مهه‌ریر و شه‌خته‌دا.. له باراندا.. به‌شێكی زۆری كچه‌كانم له باراندا كوشتووه.. ده‌زانیت له باراندا، كوشتن تامێكی تری هه‌یه؟!
تۆ چوار ساڵه هه‌موو شه‌وێك له‌سه‌ریه‌ك خه‌و به فڕینه‌وه ده‌بینیت.. سه‌ره‌تا وه‌خته بوو شاگه‌شكه ببم، خۆمم ده‌بینی له لالهزرێكی سه‌وزدا، له دامێنی گردێكدا سه‌ربه‌ره‌وژێر، نهرمهراكردنێك رامده‌كرد، باڵه‌كانم ده‌كرده‌وه. ده‌مدان به یه‌كدا.. خێرا خێرا رامدهوهشاندن..گوێت له شهقهشهقیانه؟.. ئه‌وه‌نده‌م ده‌زانی له عه‌رد بڕاوم و له ئاسمانم.. قه‌یرێك ده‌ڕۆیشتیت و دواتر به پێچێكی نیوكهوانهیی، ئاڕاستهكهتت پێچه‌وانه ده‌كرده‌وه. ئێستا چونكه سه‌ربه‌ره‌وخوار بوو، باڵه‌كانم به كه‌ماڵی ئاره‌زوو ده‌كرده‌وه‌و ره‌ها ره‌ها خۆمم ده‌دایه ده‌ست نه‌سیمێكی فێنك. بــا یاریی پێ ده‌كردم، به‌رزی ده‌كردمه‌وه.. دایده‌گرتم.. جار جار بۆ ئه‌وه‌ی هاوسه‌نگیت تێكنه‌چێت، شهپۆلێكت ده‌خسته باڵهكانتهوه، تۆ مه‌ستی هه‌وای خۆت بوویت، كه زرمه‌یه‌ك گه‌رماییه‌كی خێرای ده‌خسته ژێر باڵم و چه‌ند گه‌زێك له شوێنی خۆم به‌رزی ده‌كردمه‌وه، دواتر خول خول، وه‌ك په‌ڕۆیه‌كی ته‌ڕ له‌و ئاسمانه ده‌كه‌وتیته خوارێ، بۆچڕووكی خۆمم ده‌هاته لوت.. ئه‌وه دوا شته كه هه‌موو شه‌وێك من له خه‌وه‌كه‌مدا هه‌ستی پێبكه‌م.. نازانیت دوای ئه‌وه چی رووده‌دات، بێ ئه‌وه‌ی خه‌وه‌كه‌ت لـێ بپه‌ڕێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی هیچ نه‌بووبێت، به‌یانی به‌خه‌به‌ر دێم.
ئه‌م خه‌وه بۆ شه‌وێك خۆشه، به‌ڵام وه‌ختێك تۆ (1463) شه‌و له‌سه‌ر یه‌ك هه‌مان خه‌و ببینیت، ئیتر ئه‌مه له خه‌وه‌وه ده‌گۆڕێت بۆ كابوس. شه‌وانی سه‌ره‌تا به‌لامه‌وه سه‌یر بوو هه‌موو شه‌وێك یه‌ك خه‌و ببینم، له سه‌رێكیشه‌وه له دڵه‌وه حه‌زم لێی بوو، خۆ ئه‌گه‌ر كۆتاییه‌كه‌ی لا ببه‌یت، ئه‌و خه‌وه خه‌وێكی زۆر خۆشه. دواتر ورده ورده عاده‌تت پێوه گرت، ئاسایی ده‌هاته به‌رچاوت، هه‌مان لاله‌زار، هه‌مان به‌ره و ژووره‌كه، هه‌مان فڕین، هه‌مان سه‌مای ده‌م با، هه‌مان زرمه‌ی نادیار، هه‌مان كه‌وتنه‌خواره‌وه به‌سه‌ردا و دواجاریش هه‌مان بۆچڕووك.. من ئه‌وه‌نده ئه‌م خه‌وه‌م دی بوو، ئیتر وه‌ك ئه‌كته‌ری شانۆییه‌كی بێتام، كه ده‌زانێت له‌كوێدا حیواری خۆی بڵێت، ده‌مزانی له كوێدا ده‌بێت باڵ بكه‌مه‌وه و له كوێشدا بكه‌ومه خوارێ.. تۆ له خهوهكهتدا ده‌تزانی وات لێ دێت، كه‌چی هێشتا ده‌ستبه‌رداری ئه‌و فڕینه نه‌ده‌بوویت. نه‌مده‌كرد بچم به لایه‌كی دیكه‌دا بفڕ‌م، یان بفڕ‌م و خێرا بنیشێمه‌وه. یان ساتێك به‌ر له ته‌قه‌كه، خۆت بخه‌یته سه‌ر لا.. یان هه‌ر نه‌فڕم.. كه‌چی نازانم بۆ وام نه‌ده‌كرد!
ئێستا لهبهردهرگایهكی ئاسنی كه‌پس رایانگرتوویت، ده‌نگێكی بێزار‌و قرغن، كه دیاره دوای شهوخهوێكی پچرپچڕ و كابوساوی، له خه‌ویان كردووه و ئه‌مه یه‌كه‌م په‌یڤی ئه‌م رۆژه نوێیه‌تی؛ ده‌ڵێت: "بیهێننه ژووره‌وه.." گوێت له جیڕه‌ی وشكی دهرگاكهیه؟ چاوت داده‌خه‌یت، ناته‌وێت ئه‌ودیو ئه‌و ده‌رگایه ببینیت. شتێك له تۆدا وه‌خته بۆ حه‌وا بفڕێت، سه‌رت بۆ ئاسمان به‌رزده‌كه‌یته‌وه، هه‌ر به چاوی نوقاوه‌وه ده‌ڵێیت له‌گه‌ڵ خوداته، به سرتهیهك له‌به‌ر خۆته‌وه ده‌ڵێیت: "چه‌ندت پێ خۆشه، رامكێشه.. رامكێشه با بپچڕێم.. به جه‌هه‌ننه‌م.." ئێستا له‌م ژووره تیشك و سۆنارایه، له‌ژێر هه‌ر تاڵێك رووناكیی ئه‌م ئامێره پیره‌ی ئه‌و فه‌رمانگه‌ی چاكسازیه ده‌روونییه كۆنهساڵهدا، هه‌رچۆنێك وێنه‌ی بگریت، به‌ڕوونی ده‌یبینیت.. گوێزانێك له‌سه‌ر لا.. ئه‌و هه‌موو ده‌ماره‌ی له خۆیه‌وه ئاڵاندووه.. جارجار هه‌ست ده‌كه‌م سه‌رده‌كات و گورزهیهكیان ده‌بڕێت.. لـێ ده‌ده‌ن.. له چه‌قی كهللهمدا، هه‌ست به ترپه‌یان ده‌كه‌م.. هێواش هێواش سست ده‌بن.. ده‌مرن.. ئه‌وه‌تا شله‌یه‌كی سوری ته‌ڵخ، تهڵخێكی رهشباو سیجافی كردووه‌ته ناو ئه‌و زركه بۆشه‌ی سه‌رت.. گهرمو قهترهقهتره وا له گوێمه‌وه خوێن ده‌ده‌ڵێنێت.
(2008)
* فلامینگۆ: ئه‌م وشه‌یه نزیكییه‌كی زۆر هه‌یه له وشه‌ی (فلامینكۆ- Flamenco) كه هه‌ردووكیان بیانین‌و له بنه‌ڕه‌تدا یه‌كه‌میان ئینگلیزی‌و دووه‌میان ئیسپانییه. فلامینكۆ ناوی جۆره سه‌ماو دواتر جۆره ئاوازێكی خهجهریی ئیسپانییه. به‌ڵام ئه‌م وشه‌یه‌ی ئێمه لێره‌دا به‌كارمانهێناوه (فلامینگۆ- Flamingo) مه‌لێكی سپی‌و په‌مه‌یی (قو)ئاسایه له‌خێزانی قازو قوڵینگ، ملێكی درێژی جوان‌و دوو بـاڵی گه‌وره‌ی هه‌یه، هه‌ر له‌به‌ر گه‌وره‌یی بـاڵهكانێتی، هیچ كاتێك ناتوانێت بفڕێت.