ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم
هۆنراوه‌ى: ته‌یب جه‌بار
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
تۆپى خۆر ...
ده‌خلێته سه‌ر زه‌وى،
مانگ ... فش ده‌بێته‌وه .
ئه‌ستێره .. دێنه خوار ،
چوارده‌ورى شار ده‌گرن ،
ئاماده‌باش ،
چه‌ك دێننه سه‌ر پێ .
ئه‌و رۆژه ..
زه‌وى.. هه‌ناوى دێته ژان و
ده‌ئاوسێ.
ئاسمان.. نزم ده‌بێته‌وه ،
دار و به‌رد ..
هه‌ناسه‌ى سوار ده‌بێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
له پێچى كۆلاَنه‌كه‌ماندا ،
ئاو... ده‌خلیسكێ و به پشتا ده‌كه‌وێ.
ده‌ست و پێی ده‌رده‌چێ .
ناتوانێ سه‌رى به‌رزكاته‌وه ،
ناتوانێ بجولێ .
چه‌ند فیكه لێده‌دا ..
كه‌س فریاى ناكه‌وێ .
ده‌ست و پێ بهێنێته‌وه جێ.
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
خۆڵ.. سه‌روشانى له قوڕ ده‌گرێ ،
نه نان ده‌خوا ، نه ئاو ،
شێت ئاسا ..
هه‌رداوهه‌رد ده‌گه‌ڕێ ،
بۆ شوێنێ ..
شایه‌نى مه‌قامى گۆڕم بێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
ئاگر له سه‌رمانا ده‌له‌رزێ ،
دێته به‌ر ده‌رگاى ماڵ ، زمانى گۆ ناكا ،
چاو ده‌گێڕێ ، به‌ڵكو ..
له یه‌كێ بپرسێ :
بۆچى مرد !؟
بۆچى مرد !؟
پاشاى عه‌رشى سه‌ده‌ى بیست وسێ ؟
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
با .. له حه‌سره‌تا ئه‌ژنۆێ ده‌شكێَ .
هه‌ناسه‌ى بۆ نادرێ .
چه‌ند ده‌كا ..
په‌لوپۆى ناجوڵێ .
ناتوانێ له كۆڵانێكه‌وه
بۆ كۆڵانێكى تر بچێ .
به‌ڵكو ئه‌مه خوایه ،
له مزگه‌وتى گه‌ڕه‌ك ،
خه‌به‌رى ته‌واوى ده‌سكه‌وێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
خۆڵ و با ، ئاگر و ئاو ،
سه‌ریان لێ تێك ده‌چێ.
شپرزه ، دواجار كۆ ده‌بنه‌وه ،
سه‌باره‌ت به شێوه‌ى ناشتنم ،
چه‌ند بڕیارێ ده‌ده‌ن :
1- پێویسته ..
تابوته‌كه‌ى له ته‌خته‌ى مانگ بێ.
2- پێویسته ..
كفنێكى بۆ بچنن له پرچى كچێ.
3- پێویسته..
به شیله‌ى وشه بیشۆنه‌وه .
4- پێویسته..
به‌ردى ئه‌لحه‌ده‌كه‌ى ..
پارچه‌یه‌ك په‌لكه زێرینه بێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
به‌رد.. له خه‌و هه‌ڵده‌سێ .
خه‌ونى سه‌یر سه‌یر ده‌گێرێته‌وه ..
بۆ لمى كه‌نار زێ.
ئه‌و رۆژه ..
ڕووبار .. ڕێك هه‌ڵده‌سێته سه‌ر پێ .
ده‌ڵێ : خه‌ڵكینه فریا كه‌ون .. ته‌كبیرێ ،
- پاش مه‌رگى -
وشكه‌ساڵ هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێ .
ئه‌و ڕۆژه ..
دره‌خت .. پاڵ ده‌كه‌وێ .
به‌ده‌م گریانه‌وه،
هاوار ده‌كا : هاوار به ماڵم ،
كێ له مه‌ودوا به‌رى
ڕه‌نجى من بچنێ !؟
ئه‌و ڕۆژه ..
ڕه‌شه‌با .. له شوێن خۆى ده‌وه‌ستێ ،
كز و مات، بێ تاقه‌ت ،
له ژێر ساباتى خوڵبارینا
چوارمشقى لێى داده‌نیشێ .
ورته‌ى لێوه نایه ،
به مژى قوڵه‌وه ، له سه‌رخۆ
جگه‌ره ده‌كێشێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
شاخ هه‌ڵدێ ..
خۆى ده‌شارێته‌وه.
ده‌چێته بن به‌ردێ.
ئه‌شكه‌وت نقه‌ى نایه ..
ده‌مى خۆى هه‌ڵده‌چنێ .
ڕێگاوبان لوول ده‌بن ،
خۆیان مات ده‌ده‌ن له ژێر پردێ .
ئه‌و رۆژه ..
ده‌شتایى .. له تاوا
- بێ ئه‌وه‌ى بزانێ -
به ڕووتى ڕاده‌كا ،
تاكو بگاته په‌ناى گردێ .
دارستان .. به ته‌نیا ..
ڕێگاى لێ وێڵ ده‌بێ ،
ده‌گه‌ڕێ ..
به دواى ئه‌شكه‌وتێ ، داڵده‌ى بدات ،
چیرۆكى ئه‌فسانه‌ى بارانى پێ بڵێ .
ئه‌و رۆژه ..
كانى.. توڕه ده‌بێ ،
ده‌چێ به گژ چه‌ما .
چه‌م ده‌زریكێنى و..
پێ په‌تى ، دۆلا و دۆڵ بۆى ده‌رده‌چێ .
خرینگه‌ى پاوانه‌كه‌ى رۆژه رێ یه‌ك ده‌چێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
كه‌س ناچێ بۆ بازاڕ ،
جله‌كانم نه‌بێ ،
( چاكه‌ت و پانتۆل و كراس و فانیله و ده‌رپێ ) ،
له بازاڕى كوتاڵفرۆشان ..
له دوكانێكدا ،
له سه‌ر ره‌نگ و نه‌خشى كفنه‌كه‌م
شه‌ڕ ده‌كه‌ن .
نێوانیان تێك ده‌چێ .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
كتێبه‌كانم سه‌رسام .. ده‌م ده‌كه‌نه‌وه ،
له ره‌فه دێنه ده‌ر ..
په‌ڕ په‌ڕ خۆیان هه‌ڵده‌ده‌نه‌وه .
قه‌له‌مه ته‌نیاكه‌م ،
بانگ ده‌كه‌ن .
ده‌چنه سه‌ر مێزه‌كه‌م ،
بروسكه‌ى ماته‌م ده‌نووسنه‌وه .
بۆ یادى چله‌كه‌م .
پاشان بڕیار ده‌ده‌ن ،
- بۆ پاشاى هه‌میشه -
وه‌رزانه ، راپۆرت ئاماده‌كه‌ن .
ده‌رباره‌ى..
ده‌رباره‌ى .. پڕووشه‌ى گه‌واڵه‌ى خه‌یاڵ و
شنه‌ى تیژى یادگا .
ده‌رباره‌ى .. به‌رزى و نزمى توله‌ڕێى كێش و
ده‌زوبه‌ندى سه‌روا .
ده‌رباره‌ى .. تۆوى ناوه‌ڕۆك و
هێڵ و گۆشه‌ى شێوه و
وه‌رد - دانه‌وه‌ى واتا .
ده‌رباره‌ى .. ته‌قه‌ڵكێشى مێژوو و
قه‌ڵاتى درزبردووى جوغرافیا.
ده‌رباره‌ى .. دڕكه‌زى سرود و
نه‌رمه‌گیاى سه‌مفۆنیا .
ده‌رباره‌ى .. مه‌قامى كورتیله‌چیرۆك و
به‌سته‌ى خێراى رۆمان .
ده‌رباره‌ى .. تاریكى گه‌له‌رى و
چوارچێوه‌ى شێواوى پێشانگا .
ده‌رباره‌ى .. هونه‌رى چاندنى
ڕێنووس و
یاساى هاتوچۆى گشتى رێزمان.
ده‌رباره‌ى .. دوكه‌ڵى جگه‌ره‌ى فه‌لسه‌فه .
ده‌رباره‌ى .. كه‌فاوى شیكارى ده‌روونی .
ده‌رباره‌ى .. پرخه‌ى كۆمه‌ڵناسى .
ده‌رباره‌ى .. باوێشكى ره‌خنه‌ى ئه‌ده‌بى .
ده‌رباره‌ى ...
ده‌رباره‌ى ...
ده‌رباره‌ى .. ئه‌زمونى گروپى شانۆى (با) .
* * *
ئه‌و رۆژه‌ى من ده‌مرم ،
كچه‌كانم نه‌بێ ،
بۆم ناگرى.. له‌م شاره ..
هیچ كچێ !!
سلێمانى
كۆتایى ئه‌یلول/
2008
* له ژماره (608)ى, رۆژى (30/10/2008) , پاشکۆى ئه‌ده‌ب و هونه‌رى
ڕۆژنامه‌ى
كوردستانى نوێ دا
بڵاوبوه‌ته‌وه .