حادیسە
 

زمناكۆ بورهان قانع


 

بەیروت- ئاپڕیڵى 2009
شەوێكى باراناوى- دواى گەڕانەوە لە (لیالى مراكش)...


" كاتێك ویستم بچمەوە نێو جێگاكەم، چەند كەڕەت بە ورتە گوتم: " مەرگ... مەرگ... " لێوەكانم بەسرابوون، بەڵام لە دەنگى خۆم ترسام- هەر بوێرى جارانم نەمابوو، وەك ئەو مێشانەم لێهاتبوو كە سەرەتاى پاییز شاڵاو بۆ ژوور دێنن، مێشگەلێكى كەسیرە و بێگیان كە لە وزەى باڵى خۆیان دەترسن.. ماوەیەك بىَ جوڵە لە سوچێكى دیوار مات دەبن و دواتر بە مردوویى لە دەوروبەرى وەتاغ دەكەون"...

" كۆخەیەك كە وەك كۆخەى بارگینە رەش و لاوازەكانى بەر دوكانى گۆشتفرۆش بوو، فڕێدانى بە ناچارى بەڵغەم و ترس لەوەى كە نەكا پەڵە خوێنى تێدابێت - خوێن - ئەم ئاوەكییە شلەتێن و سوێرە كە لە بنى لەشەوە دێتەدەر شیرەى ژیانەو ناچار دەبیت بیهێنیتەوە... پاشان هەڕەشەى مەرگ كە هەموو بیرەكان بىَ هیواى گەڕانەوە پێشێل دەكا و تێدەپەڕىَ، ئەمانە هەمووى بىَ ترس و خۆف نەبوون"...

                                        (سادقى هیدایەت – كوندەپەپووى كوێر)






دەقى شیعرەكە:




بە كۆڵێك میهر و گۆزەیەكى شكاوەوە
موئمینێك غەم بۆ عاتیفەیەكى كەسیرە دەخوات
فاشیلێك بۆ عەشقێكى زەیف و
بریندارێك بۆ هەتوانێكى بەسەرچوو
لێرەوەیە... لەم كوچەیەدا... مەرگ بەهێمنى گوزەر دەكات... یاران
لێرەوەیە... لەم خیابانەدا... قەبرێكى تاریك و سارد هەڵدەكەنرێت... عەجەب یاران!!
هەر لێرەوە
گریانى راگوزەرێك دەستپێدەكات... بە نوزە نوز
فرمێسكى ئەو
وەك پڵیتەیەكى تەڕى چرایەكى خامۆش
هێواش هێواش
دڵۆپ دەكات ... تنۆك دەكات... هیچیتر نا
جارێكیتر... ئەم كوچەیە بۆنى داڕزانى جەستەى ئەوى لێدێت... لە سەفەردا
توخوا یاران... بیرى بخەن
شكستى ئەو
مەلێكى بریندارى هەڵكورماوە...
جەستەیەكى بۆگەنكردووى ناو گۆمێكە...
چون دەیەوێت
بەكفنى رزیوى ناو قەبرەكەى
جەستەى بریندارى خوێناوى خۆى دابپۆشێت
ئەو دەیەوێت
لەو قەبرەدا
زەخم نەیخوات... بارەكەڵا... دەك ئافەرین...
بریندارە...
بریندارە و هەر تێناگات
ئەوە باڵى پەڕكراوى تیژى ئەوە
پڕە لە عەزابى دونیا
ئەوە خوێنى سورى ئەوە
تكاوە بەسەر كفنى قەبرى خۆیدا... ئەسەف ياران
ئەوەش كە دیارەو دەیبینن... چراى ئەوە
شەوقى لەرزۆكى خامۆشە... لەم جەحیمەى ئيحساسى خۆى
وەرن یاران
توخوا... وەرن
تەماشاى گڵ و خۆڵى سەر قەبرى كەن
پڕە لە خوێن... ئەو توربەیە
پڕە لە كراسى دڕاوى
مەعرەكەى بىَ ئینتیسارى ئەو گەمژەیە
وەرن یاران... توخوا وەرن... چیكرد لەخۆى
ئەو دەیەوێت
جەستەى هەڵوەریوى ناو قەبرى خۆى
لە تەنیشت كێلى قەبرى ساردوسرى من بنێژێت... ئەسەف یاران ... ئێوە نەكەن
هەر نەهێڵن... تكا دەكەم كە نەهێڵن... با پیس نەبم
ئەوە من نیم ئۆقرە بگرم
لەشێدارى قەبرى تاریك و بنبەستى ئەو
ئەوە من نیم... هەرگیز من نیم
تەنگى غروبى ئەو بمكوژێت...
دەسا یاران ئێوە بڵێن...
بیرى بخەن
هەتا مردن... بیرى بخەن
ئەوەى كە دیارەو دەیبینن... چراى ئەوە
شەوقى لەرزۆكى خامۆشە... لەم جەحیمەى ئيحساسى خۆى
بریندارە...
بریندارە و ئەو تێناگات
ئەوە باڵى پەڕكراوى تیژى ئەوە
پڕە لە عەزابى دونیا...
ئەوە خوێنى سورى ئەوە
تكاوە بەسەر كفنى قەبرى خۆیدا... ئەسەف یاران
دەسا ئێوە... بیرى بخەن
هەتا مردن هەر بیرى خەن...
ئەو تێناگات... نا
تێناگات...