تا ئێستا شیعره‌کانمان له‌سه‌ر بنه‌مای خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی دامه‌زراوه
سازدانى ئینتەرنێتى / زانا سامان
- بەگشتى کۆى بەرهەمە شیعرییەکەت، خۆى لە فەزاییەکى جودا لە دەقە کوردییەکانى دیکەدا دەبینێتەوە، بۆ نموونە دەقەکانى دواى ساڵانى 1990بەدواوە، ستایلى نووسینەکانت، فۆرمێکى تر‌ى پێوە دیارە جیاواز لە دەقەکانى ساڵانى هەشتاکانت، بەڵام ئەوەى کە جێگەى باس لێوەکردن بێت، ئەوەیە کە تۆ لەنێو شیعرە تازاکاندا هاتوویت دەق زۆر بەکورتى دەنووسیت، مەبەست لەم جۆرە نووسینە چییە کە ئیشى لەسەر دەکەیت، تۆ بڕوات وایە خوێنەرانى شیعر بەم جۆرە ، یاخوود بڵێین کورتە شیعرانە کەوەک پۆستەرە شیعر دەردەکەون ئاشبکرێنەوە، چونکە لە ئێستاى شیعرى کوردییدا دەق هێندە درێژە دادڕى تێدا دەکرێت، خوێنەرانى شیعر جۆرە زیزبوونێکیان پێوە دیارە و کەمن ئە و کەسانەى کە ئە و جۆرە شیعرە درێژانە دەخوێننەوە و دەتوانم بڵێم: ئەوانیش لە وەسەتى ئەدەبییەکە زیاتر دەرناچن، دواجار تۆ وەک خاوەنى دیوانە شیعرەکەى خۆت لەمبارەیەوە دەڵێیت چیى..؟؟
+ کۆی ئه‌م شیعرانه ده‌کرێ له سێ بڕگه‌دا بخوێندرێنه‌وه. واته له سێ قۆناغی جیاواز دا نووسراون. قۆناغی یه‌که‌م له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه تا کۆتایی هه‌شتاکان که قۆناغی ژنێڤه، پاشان قۆناغی فه‌ره‌نسا که له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کانه‌وه تا کۆتایی نه‌وه‌ده‌کان پاشان قۆناغی ئیسپانیایه که له سه‌ره‌تای دوو هه‌زاره‌وه ده‌ست پێده‌کات تا ئێستا.
به‌شی یه‌که‌م ئه‌زموونێکی تایبه‌ته. هه‌وڵدانێکی جیدییه بۆ ئه‌وه‌ی ئیتر شیعری کوردی به شێوه‌یه‌کی زۆرجوداواز بنووسرێته‌وه، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و ته‌جره‌به‌یه‌ی که ره‌نگبێ ناوی بنێم " تێپه‌ڕین به سه‌ر پردی دۆزه‌خ"دا. له زۆر رووه‌وه ئه‌م ناولێنانه راسته. چونکه خودێکی هه‌ڵاتووی بارودۆخێکی تا بڵێی سه‌خت و دژوار، خاوه‌ن ئه‌زموونێکی زۆر که‌م، خۆم له شاری ژنێڤ دۆزییه‌وه به بێ هیچ شتێکی ئه‌وتۆم له باره‌ی ئه‌و شاره‌وه پیش‌تر زانیبێت. وه‌کو ئه‌وه‌ی به په‌ره‌شووت که‌وتبێتمه نێو ته‌ونی کلتوورێکی تا بڵێی جیاواز له‌وه‌ی که له کوردستان دا هه‌بوو. ته‌نها و بێ پاڵپشت به ته‌واویش دابڕاو له کوردستان ده‌بوایه دونیای خۆم رێکخه‌م. زۆر به ته‌نها به‌ره‌و رووی سه‌رجه‌م ئه‌و کێشانه ده‌بوومه‌وه که په‌ناهه‌نده‌یه‌کی تێدا ده‌ژێت. به‌ڵام هه‌میشه و هه‌ر له سه‌رتاوه له گه‌ڵ پرۆژه‌ی نووسینی شیعر و هونه‌ری ته‌شکلیلی دا ده‌ژیام. هه‌موو ژیانم له‌و پێناوه‌دا ده‌برده سه‌ر.
له‌و ئاووهه‌وایه ده‌بوایه زوو فێری فه‌ره‌نسی بم، زوو ده‌ستم کرد به ته‌رجه‌مه‌ی ده‌قی کۆک و شاعیرانی فه‌ره‌نسی و ئیسپانی زمانم ناسی به تایبه‌ت ئۆکتاڤیۆ پاس و چه‌ند شاعیرێکی لوبنانیم ناسی. من و شاکیر لعێبی بووینه هاوڕێ، شاعیرێکی عێراقی به سه‌لیقه بوو، دوای ئابڵوقه‌ی شاری به‌یرووت، ماوه‌یه‌ک له یه‌مه‌ن و پاشان له ئوردون و له ناوه‌راستی هه‌شتاکانه‌وه له ژنێڤ نیشته‌جێ بوو. به یه‌که‌وه شاعیری یۆنانی، ئیلیتیس-مان ته‌رجه‌مه ده‌کرد، ئه‌و بۆ عه‌ره‌بی و منیش بۆ کوردی. هه‌روه‌ها خوێندنه‌وه‌ی کتێبگه‌لێک که ئه‌و کات نه‌ده‌گه‌یشتنه کوردستان یارمه‌تییان دام که به بۆچوونه شیعرییه‌کان دا بچمه‌وه، رۆچوونه نێو ئه‌زموونگه‌لێکی شه‌خسی له موماره‌سه‌کردنی ژیانێکی ره‌ها و بێگوێدانه سه‌رجه‌م ئه‌و په‌یوه‌ندییانه‌ی که وه‌کو کۆت له کوردستانه‌وه له گه‌ڵ خۆم هه‌ڵمگرتبوون. له سه‌ر هه‌مووشییه‌وه هه‌ممی نووسین وه‌کو تاقه مه‌به‌ست که وجوودی منی ده‌پاراست، هه‌وڵی په‌ره‌پێدانیم ده‌دا. دابڕانی ته‌واو له کوردستان وای لێکردم که دونیایه‌ک بۆ خۆم بئافرێنم. ئه‌وه‌ی ده‌بێ ئاماژه‌ی بۆ بکه‌م ئه‌وه‌یه که زۆر به جورئه‌ته‌وه ده‌ستم به نووسین کرد و هه‌ر وه‌ک کۆمه‌ڵه‌ی پلێیادی سه‌ده‌ی شانزه‌می فه‌ره‌نسی، خێرا هه‌ڵوێستی شیعریم به‌رامبه‌ر به شاعیرانی پێشخۆم وه‌رگرت. هه‌ستم کرد من جیاوازم و به نه‌بره‌یه‌کی دیکه شیعری کوردی ده‌نووسم.
شه‌ڕێکم دژ به شێکله شیعرییه‌کانی ساڵانی شه‌ست و به تایبه‌ت حه‌فتاکان هه‌ڵگیرساند، زووتریش هه‌ر زۆر ته‌با نه‌بووم له‌گه‌ڵ ئه‌و جۆره شیعرییانه‌ی که بێ ئه‌زموون ده‌نووسرانه‌وه. من هه‌ر له‌و ساڵانه‌ی له به‌غداش بووم، واته 76 و 77 و 78 و 79 که شیعرم ده‌نووسی هه‌وڵم ده‌دات گوێ نه‌ده‌مه شیکله حازربه‌ده‌سته‌کان..
له‌م قۆناغه به ته‌واوی پشتم له‌و کێش و قافییه کرد که له شیعری حه‌فتاکان په‌یڕه‌و ده‌کرا هه‌ستم ده‌کرد له سه‌ر ریتمێکی خاووخلیچ و له سه‌ر پانتاییه‌کی رۆمانسییه‌کی ترازاو دا ده‌نووسرێن. وێڕای ئه‌وه‌ی، بیرم له چه‌مکگه‌لی دیکه ده‌گرده‌وه؛ ده‌نگی ناوه‌کی قه‌سیده، بنه‌مای قه‌سیده و له سه‌ر هه‌مووشییه‌وه ده‌مویست بۆچوونه گشتییه‌کانی قڵپودیو که‌م. ئه‌گه‌ر چاوێک به "زه‌ردک" دا بخشێنین هه‌ست به‌م دیاردانه ده‌که‌ین. بۆچوونگه‌لی وه‌ک : نیشتیمان، ئازادی، خۆشه‌ویستی، منداڵیی، که‌له‌پوور، ئاین هتد به خودێکی رووته‌وه به‌ره‌وروویان بوومه‌وه. بیرم له ژیانی تایبه‌تی خۆم ده‌کرده‌وه...زۆرجار له خۆم ده‌پرسی، منێکی خه‌ڵکی ده‌شتاییه‌کانی ساڵه‌یی و شوان، چ ده‌که‌م له شاره‌که‌ی رۆسۆ؟ بۆچی من زۆر زوو پێم له په‌تی ئه‌م سه‌فه‌رانه گیر بوو، بۆچی وه‌کو یاخییه‌کی بێقڕه خه‌ریکی شه‌ڕێکی وجوودیم له گه‌ڵ دونیا دا. شه‌ڕێکی هێمن و له سه‌ر خۆ و ده‌یان پرسیاری دیکه؟
با بێمه‌وه سه‌ر ده‌قی کورت و درێژ. له راستی دا، جیاوازییان به نیسبه‌ت منه‌وه نییه. به‌ڵام هه‌ندێ شت هه‌ن له چرکه‌یه‌ک دا، وه‌ک بڵاچه‌یه‌ک دێن و ئاوا ده‌بن، هه‌ندێ دیارده‌ی دیکه هه‌ن وه‌ک بایه‌ک سه‌ر گۆی زه‌مین، یا پانتاییه‌کی دیاریکراو و فراوان ده‌بێت به‌سه‌ر ده‌که‌نه‌وه. من ده‌مێک بوو ته‌نها ده‌قی درێژم ده‌نووسی، به‌ڵام له سه‌ره‌تای دووهه‌زاره‌وه ده‌ستم کرد به ئیش‌کردن له سه‌ر چه‌ند ده‌قێکی کورت، جارێکی دی، ته‌جره‌به‌ی ده‌قی کورت و درێژ له نێو ته‌جره‌به‌یه‌کی فراوان و قووڵتر نیشته‌جێن. بڕوا ناکه‌م ته‌جره‌به‌یه‌کی تایبه‌ت سه‌باره‌ت به ده‌قی کورت و درێژ هه‌بێت.
چونکه بچووکترین ره‌گه‌زی شیعریی وێنه‌یه، ئه‌وه‌ی ده‌مینێته‌وه بنه‌مایه. ئه‌گه‌ر وێنه کۆک و نوێ و خاوه‌ن ئه‌و هێزه بوو که هه‌میشه به‌رووی خوێنه‌ردا ته‌قییه‌وه، کورت و درێژیی ده‌قی شیعری کارێکی زۆر رێژه‌ییه.
خوێنه‌ری جیدیی بیر له درێژیی و کورتیی ده‌ق ناکاته‌وه، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ده‌قێک سه‌رنجی راکێشا ئه‌وه تا سه‌ر ده‌یخوێنێته‌وه و به‌ڵکو چه‌ند جارێکیش. من چه‌ندین ده‌قی شیعریی درێژ هه‌ن چه‌ندین جار خوێندویانمه‌ته‌وه و ده‌یانخوێنمه‌وه...
- لەنێو دیوانەکەتدا جۆرە نووسینێک هەیە، ئەویش زیاتر لە پەخشان دەچێت، واتا جۆرى نووسینەکان هاوشێوەى چیرۆک نووسراونەتەوە و ئەوەى من تێبێنیم کردبێت، ئەوەیە کە ئەو جۆرە نووسینەم تەنها لە شیعرەکانى "بەختیار عەلى"دا بینیوە و "شێرکۆ بێ کەس"یش جۆرە نووسینێکى کەمى لەو چەشنە هەیە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ تۆ خاوەنى یەکەمى ئەم جۆرە نووسینە شیعرییەى یاخود کایگەرى کەسانێکى دیکەت لەسەر بووە بۆ ئەو نووسینە..؟؟
+ له هه‌ققه‌ت دا نازانم کێ یه‌که‌م که‌س به کوردی، ده‌ستی به نووسینی ئه‌م جۆره شیعره کردووه. به‌ڵام من له ناوه‌ندی هه‌شتاکانه‌وه ده‌ستم کرد به نووسینی ئه‌م جۆره ده‌قانه که ستوونییانه به سه‌ر کاغه‌ز دا شۆڕ نابنه‌وه. با بڵێن شیکلی په‌خشانییان هه‌یه. من داهێنه‌ری ئه‌و جۆره شیکله نیم به‌ڵام له گه‌ڵ نه‌بره و نه‌مه‌تی شیعری من ده‌گونجێن.
سان جۆن پێرس و پێشتریش بۆدلێر و رامبۆ له سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م شیعری‌یان به‌مجۆره نووسییه‌وه. لای شاعیرانی لوبنانیش ره‌نگی داوه‌ته‌وه. ئێمه‌ی کورد، واته سه‌د ساڵیش ده‌بێ شیکلێکی نوێی شیعریمان نه‌ئافراندووه، به‌ڵکو لاسیمان کردۆته‌وه و له گه‌ڵ خۆمان گونجاندوومانه. ئه‌مه‌ش گرینگ نییه، ئه‌وه‌ی گرینگه چۆن هه‌ر شاعیره و به پێی ئه‌زموونی خۆی، ستایل و شێوازی تایبه‌تی خۆی ده‌دۆزێته‌وه. ئه‌وه‌ی گرینگه شاعیران له یه‌ک نه‌چن، کاتێک ئه‌مه روو ده‌دات، واته دوو شاعیر زۆر به یه‌ک ده‌که‌ن، یا یه‌کێکیان ئه‌وی دیکه ده‌سڕێته‌وه یا هه‌ردووکیان ده‌سڕێنه‌وه.
چونکه له راستی دا که‌س به که‌س ناکات، به‌ڵام بۆ ده‌قی کوردی زۆر له یه‌ک ده‌که‌ن؟؟ پرسیارێکی گرینگ له‌مه‌ڕ رۆشنبیریی و شیعریی کوردییه‌وه.
به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زۆرجار خوێنه‌ری کورد بێبه‌ش بووه له‌وه‌ی که ده‌ستی بگاته تیکستگه‌لێکی دیکه که به زمانانی دیکه نووسرا بێتن، ئیتر شاعیرێک هه‌ڵساوه‌وه شیکلێکی هێناوه‌ته نێو ئه‌ده‌بییاتی کوردییه‌وه و کردۆتییه موڵک به سه‌ر خۆیه‌وه. ئه‌و شیعره کورتانه‌ی که له حه‌فتاکان له ناو کوردان دا باو بوون، ده‌مێکه له نێو کولتووره‌کانی دی وجوودیان هه‌بووه.
له نێو ئه‌م شیکله نوێیه‌دا، به تایبه‌ت له کۆشیعری "زه‌ردک" گوێمان له نه‌غمه‌ی مه‌ولوودی کوردی ده‌بێت، هه‌روه‌ها ته‌ماسێک له گه‌ڵ حه‌یرانی کوردی دا هه‌یه، به گوێره‌ی بازیل نیکیتین، خاوه‌ن شیکلێکی ئه‌نارشییه و زۆر خۆماڵییه.
ئه‌وه‌ی ده‌بێت ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ته‌نها هه‌ر شیکله‌که نییه به‌ڵکو هه‌ست به رۆچوونێک ده‌کرێت بۆ ژێرزه‌مینی ده‌ق و ناهۆشیاری ده‌قم هێناوه‌ته زمان. له هه‌موو قه‌سیده‌کان ئاوازێکی په‌نهان بڵاوده‌بێته‌وه که ده‌که‌وێته شه‌ڕ له گه‌ڵ واتا.
به دیوێکی دیکه شێعری من له رووبه‌ره‌کان هه‌ڵناکه‌ن، به‌ڵکو هه‌میشه له ئاودیوبوون دان، شۆڕ ده‌بنه‌وه و رۆده‌چنه نێو شته‌کان. خوێنه‌ری زیره‌ک هه‌ست به‌و دونیا شیداره ده‌کات که ژێرزه‌مینه‌کان پێکده‌هێنن، ئه‌مه له کاتێک سه‌رجه‌م ده‌قی حافتاکان به‌رجه‌سته‌کانی رووبه‌ر ده‌هێننه زمان و یارییه‌کان له جێگۆڕکیی سه‌مبۆل ره‌مزه‌کان دا به‌رقه‌رار بوونه، که‌چی له لای من دونیای مێتامۆرفۆز و تیکهه‌ڵکێشانی شته‌کان دا ده‌خوێندرێته‌وه.
- شتێک کەمن لەناو دەقەکانى تۆدا درکم پێکردبێت، ئەوەیە کە مەنفا نەیتوانیوە کاریگەرى خۆى بخاتە سەر تێفکرین و زەینى تۆ، واتا هەمیشە نیشتمان لەنێو شیعرەکانى تۆدا ئامادەگییەکى بەرچاو و روونى هەیە و هەست ناکرێت خاوەنى ئەو دەقانە لە مەنفادا بژى، بەجۆرێکى تر ئەوەیە کە لەدەقى تۆدا بەردەوام نیشتمان تازە و سەوز دەکرێتەوە بە بگۆ شیعرییەکانت، دواجار وا دێتە بەرچاو کەتۆ لەهەر شوێنێکى دنیادا ژیان بگوزەرێنیت، نیشتمانى تۆ ئەو شوێنەیە، بەڵام هەر لەو شوێنەیشەوە بەشیعر کار لەسەر دووبارە هێنانەوەى نیشتمانى دایک بۆناو زەینى شیعرییەتت دەکەیت، بەگشتى لەتۆدا شیعر نیشتمانە و نیشتمانیش شیعر..؟؟
+ با بێینه‌وه سه‌ر ده‌قه‌کانی "زه‌ردک" که ناوی ئه‌و گونده‌یه که چه‌ند لاپه‌ڕه‌یه‌کی منداڵیمی تیا بردۆته سه‌ر. یه‌کێکه له ده‌یان گوندی دیکه‌ی ناوچه‌ی ساڵه‌یی که له ده‌شتاییه‌کی پانوبه‌رینی هیشکوبرینگ پێکدێت. خه‌ڵکه‌که‌ی به ئاژه‌ڵ به‌خێوکردن و چاندنی گه‌نم و جۆوه خۆیان خه‌ریک ده‌کرد. گوندێکی تایبه‌ت. ته‌نها یه‌ک گۆرانیبێژیشی تێدا نه‌بوو، هیچ ئامێرێکی مۆسیقام به‌رچاو نه‌که‌وت، بڕواناکه‌م که‌ڵکه‌شاعیرێکیشی تێدا بووبێت.
له رووی خزمه‌تگوزاییه‌وه، ئه‌و گونده له هه‌موو بارێکه‌وه سه‌ر به دونیای چاخه‌کانی ناوه‌ند بوو. هیچ مقه‌وه‌ماتی ژیانی هاوچه‌رخی تێدا نه‌بوو. مزگه‌وتێک که باوکم مه‌لاکه‌ی بوو قوتابخانه‌یه‌کی سه‌ره‌تایی و ریکیک بۆ ده‌رهێنانی ئاوی ژێر زه‌وی. زستان قوڕوچڵپاو و تکه و دڵۆپه، هاوین ته‌پوتۆز و گڕه. به‌هارێکی کورتیش به خێرایی بلاچه تێده‌په‌ڕی. ئه‌مه جیهانی ده‌ره‌وی من بوو تا ته‌مه‌نی پێنج و شه‌ش ساڵان.
به‌ڵام گه‌وره‌ترین رووداو ئه‌و دونیا وه‌ستاو و مه‌نگه‌ی هێنایه جووله، هێرش و په‌لاماری "حه‌ره‌س قه‌ومی"یه‌کان بوو که له هاوینی شه‌ست و سێ په‌لاماری ئه‌و گونده به‌سزمانه‌یان دا‌و کتێبه‌کانی باوکمیان له ناو حه‌وش کۆکرده‌وه تا ئاگری تێبه‌رده‌ن. باوکم بۆ نۆ مانگ ده‌گیرێ و گوند به ته‌واوی چۆڵ ده‌که‌ین. ده مانگ ئاوه‌ره‌ی ده‌شتاییه‌کانی دزه‌یی ده‌بین. ئه‌مه هه‌ڵقه‌یه‌که له زنجیره‌یه‌ک ره‌گهه‌ڵکێشان و ئاواره‌بوون. ئه‌مه هه‌ره قووڵترین و دوورترین یاده‌وه‌ری منداڵی منن.
کاتێک ئه‌م گونده و ئه‌و یاده‌وه‌رییانه سه‌ر ئاوی شیعر ده‌که‌ون، ئایا له سه‌ر ئیقاعێکی خاو ده‌نووسرێنه‌وه. ئه‌م بابه‌ته چۆن ده‌کرێنه شیعر؟ ئایا به‌وه‌ی برگه شیعرییه‌کان به په‌نجه و هه‌لوور مه‌لوور ته‌کامه بژمێردرێن تا دێری له‌نگ دروست نه‌بن ؟ یا هه‌وڵێ تێکشانێکی ناوه‌کی بده‌ین که ته‌عبیر له تێکشکانه گه‌وره‌که بکات؟ ئه‌مانه پرسیاری هونه‌ری و حه‌یاتین.
جارێکی دی له ژنێڤ، دوای بیست ساڵ، سه‌رجه‌م ئه‌م یاده‌وه‌رییانه وه‌کو بلاچه هورووژمیان بۆ ده‌هێنام و هه‌ستم ده‌کرد گه‌وره‌ترین شتم ون کردووه. به‌ڵام ئیشی من ئه‌وه نه‌بوو وه‌کو ئاده‌می ده‌رکراوی به‌هه‌شت بکرووزێمه‌وه و رۆمانسییانه باس له‌و مه‌ودایه بکه‌م که "زه‌ردک" ی له شاری "ژنێڤ" جیا ده‌کرده‌وه، به‌ڵکو هه‌وڵی ئه‌وه‌م دا که بیانکه‌مه شیعر. هه‌ر بۆیه یه‌که‌م شیعری ئه‌و نامێلکه‌یه به "له دایکبوون" ده‌ست پێده‌کات که له دایکبوونه‌وه‌ی زه‌ردکه وه‌کو گوند له رێگای شیعره‌وه، یا له دایکبوونه‌وه‌ی شیعره له رێگای زه‌ردکه‌وه؟ هه‌روه‌ها به " شه‌هوه‌تی ره‌فز" کۆتایی دێت. ئه‌م دوو ناونیشانه ته‌واوکه‌ری یه‌کترین و کرده‌ی شیعریان لێ پێکدێت.
له‌م بۆچوونانه‌وه، هه‌ڵبه‌ته مه‌نفا هه‌مان کاریگه‌ریی به سه‌ر منه‌وه نییه وه‌کو له لای شێرکۆ بێکه‌س یا په‌شێو یا شاعیرانی دیکه‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵات. به رای من نیشتیمانی ئه‌وان نیشتیمانێکی شه‌خسی نییه به‌ڵکو گشتییه. له گه‌ڵ داواکارییه سیاسییه‌کاندا له دیالۆگ دایه. هه‌روه‌کو له لای مه‌حموود ده‌روێش ئه‌م دیارده‌یه ده‌رده‌که‌وێت.
چونکه من زۆر ئیشم له سه‌ر مه‌سافه‌ی نێوان ئێره و ئه‌وێ نه‌کردووه. به واته‌یه‌کی دی، هه‌نده‌ی حزووری شیعریی به لای منه‌وه گرینگ بووه هه‌ندی بیرم له‌و داوانه نه‌کردۆته‌وه که له سه‌ر چه‌مکه کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکلۆژییه‌کاندا به‌ندن که ده‌کرێ به ره‌هه‌نده نۆستالژییه‌کان ناوزه‌د کرێن.
نیشتیمان ره‌نگه له نێو هه‌موو دێرێکدا ره‌نگ بداته‌وه، به‌ڵام بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و نیشتمانه نییه که وه‌ک کۆپی کردنه‌وه، جارێکی دی بێته‌وه به‌رهه‌م. بۆیه زه‌حمه‌ته بزانرێت من شیعر له سه‌ر چی ده‌نووسم، چین ئه‌و بابه‌تانه‌ی که من شیعریان بۆ ده‌نووسم؟ ئه‌م پرسیاره زۆر سه‌غڵه‌تم ده‌کات. شیعر بۆ نیشتیمان یا بۆ ژن نانووسم، یا به واتایه‌کی دی، شیعر بۆ بابه‌تێکی دیاریکراو نانووسم، به‌ڵام ده‌کرێت، ژن و نیشتیمان و منداڵیی و به‌ردێک له هه‌مان کاتدا له یه‌ک وێنه‌ی شیعریی دا کۆ ببنه‌وه. له شیعری من دا هیچ شتێک له شتێکی دیکه گرینگتر نییه. دونیا له شیعری مندا له ئه‌لشیمییه‌کی به‌رده‌وام و مێتامۆرفۆزی هه‌میشه‌یی دایه. بۆ نموونه ئه‌گه‌ر سه‌یری تێرمی "خودا" له‌م کۆی شیعرانه بکه‌ین، به هیچ شێوه‌یه‌ک ناتوانین ته‌ونێکی ده‌لالی یه‌ک ره‌هه‌ندمان ده‌سگیربێت. چونکه واتای موفره‌ده له فه‌رهه‌نگی زمانه‌وه نایه‌ته نێو شیعره‌کان، به‌ڵکو به پێچه‌وانه‌وه. هه‌ر بۆ راڤه‌کردنی ئه‌م بۆچوونه له کۆتایی "کتێبی شیعر" به پێچه‌وانه‌ی هه‌موو شاعیرانی دیکه فه‌رهه‌نگۆیه‌ک-م کرده پاشکۆ نه‌ک بۆ لێکدانه‌وه‌ی ئه‌و وشانه‌ی که‌وا شاعیر وا تێده‌گات هه‌ر خۆی په‌ی به واتاکانی بردووه و بۆ خوێنه‌رانی لێکی ده‌داته‌وه، به‌ڵکو من هاتووم ئه‌م هاوکێشه‌یه‌م سه‌رودیو کردووه بۆ شکاندنی سه‌رجه‌م، یا به‌شێک له‌و واتایانه‌ی که فه‌رهه‌نگ پێشکه‌شی کردووین. گه‌مه‌یه‌کی شیعرییه به‌ڵام بێمه‌بست نه‌بووه.
که‌واته ئێمه ناتوانین واقیع بکه‌ینه مه‌رجه‌ع و ئه‌م شیعرانه‌ی پێ بخوێنینه‌وه. مه‌رجه‌ع به هه‌موو ره‌هه‌نده‌کانییه‌وه تووشی تێکشکان دێت و تێکده‌چێت. به‌م پێیه رووبه‌ری نیشتیمان له رووبه‌رێکی سیاسی و جوگرافییه‌وه ده‌بێته رووبه‌رێکی شیعریی. به واته‌یه‌کی دی لێره‌وه ده‌ست پێده‌کات و له‌وێیه‌ک کۆتایی دێت که زه‌حمه‌ته ده‌ست به‌سه‌ر ئاقاره‌کانیدا بگڕێن.
ئه‌م شیعرانه له سه‌ر دژ دروستبوونه. دژی نیشتیمانی ره‌سمه‌ییه، له گه‌ڵ نیشتیمانی حه‌میمی له دیالۆگ دایه.
ئه‌م ئێره‌یه بزۆک و نه‌گیره هه‌روه‌ک ئه‌وه‌ی، ئه‌وێش خاوه‌ن ئه‌م خه‌سله‌ته‌یه. ره‌نگه من که‌متر له گه‌ڵ ده‌قی ئینشایی ئیشم کردبێت که کاری پرۆپاگه‌نده‌ی هه‌بووبێت. شیعرنووسین بۆ من کرده‌یه‌کی ئۆنتۆلۆژییه واته کارکردنه له سه‌ر خود، له‌و پرده رووخاوه نه‌گه‌ڕوام که ده‌ق و نیشتیمان و خوێنه‌ر پێکه‌وه گرێ ده‌دات. چونکه من بڕوای ته‌واوم به‌وه‌یه که وه‌زیفه‌ی شیعر ئه‌و وه‌زیفانه نییه که حاجی قادر و دواتر گۆران که به‌شێک له شیعره‌کانی بۆ ته‌رخان کردوون،.
من هه‌نده‌ی ویستوومه شیعر له گه‌ڵ شیعر دا ئاشت که‌مه‌وه هه‌نده نه‌مویستووه شیعر له گه‌ڵ نیشتیمان ئاشت بکه‌مه‌وه.
به‌ڵام له هه‌موو له‌حزه‌یه‌ک دا نیشتیمانێکی لاسار خۆی له ژێر ده‌ستمان راده‌پسکێنێ.
من زوو درکم به‌وه‌کرد که وه‌زیفه‌کانی شیعر بۆ بواری شیعرییه‌ت بگه‌ڕێنمه‌وه و شیعر نه‌که‌مه دارده‌ست و ئامرازێک بۆ شۆڕشه ده‌ره‌کییه‌کان ئه‌مه له کاتێک دا من بڕوای ته‌واوم به شۆڕشی هه‌میشه‌یی هه‌یه و به تایبه‌ت سه‌باره‌ت به کۆمه‌ڵگای کوردیی که تا سه‌ده‌یه‌کی دیش ده‌بێت وزه‌یه‌کی خه‌للاق له ئارادا بێت بۆ پێشخستنی هه‌موو کایه‌کانی ژیان.
هه‌ر بۆ نموونه، له سه‌ره‌تای نه‌وه‌ده‌کان رسته‌یه‌کم نووسی ئه‌وه‌ش ئه‌وه بوو :" ئێمه نابێت به‌و ئازادییه رازی بین که دابێنی ده‌که‌ین". ئه‌مه فه‌لسه‌فه‌ی بنه‌ڕه‌تی منه و سه‌رچاوه‌ی هه‌موو راراییه‌کانیشمه.
- زۆرێک لە خوێنەرانى شیعرەکانى تۆ پێیان وایە کە تێسکستەکانت وشکن و خوێنەر تاقەتى خوێًندنەوەیانى نییە، بەڵام من کاتێک سەرجەمى دیوانەکەتم خوێندەوە، بۆم دەرکەوت کە تێسکتەکانى تۆ هەڵگرى مەعریفەیەکى قووڵى زیهنین، یان نووسینى تێکستەکان هەڵوێستەیەکە لەسەر خوودى چەمکى فەلسەفییەت،
لەلایەکى ترەوە ئەوەیە کە دەردەکەوێت "ئەحمەدى مەلا" زیاتر بابەتە فەلسەفى و فیکرییەکان بخوێنێتەوە و هەر لە و ڕوانگەیەوە دێت بە شیعر هیشیان تێدا دەکاتەوە، لەمبارەیەوە چیدەڵێیت..؟؟
+ با ده‌رباره‌ی سۆز شتێکت بۆ باسکه‌م، کاتێک "زه‌ردک" م نووسی یه‌کێک له پاریس پێی وتم شیعره‌کانی تۆ عاتیفه‌یان تێدا نییه. ئه‌مه له کاتێک دا گه‌لێ له‌و شیعرانه‌م چاوبه‌گریانه‌وه نووسیوه‌ته‌وه. راسته عاتیفه‌یی نین وه‌کو ده‌قه باوه‌کان که له سه‌ر سۆزی کۆمه‌ڵایه‌تی ئیشی کردبێت یا گریانی دوو عاشقی کڵۆڵ یا گریانی به‌ندیی و دوورخراوه‌یه‌ک بێت. ده‌بێت سۆز له لاڵانه‌وه جودا بکرێته‌وه. هونه‌ر ئیشێکی خه‌للاقه و لاڵانه‌وه ئیشی بێده‌سه‌ڵاتانه. بۆیه له شیعری من هه‌ست به سۆزه ساده‌یه ناکرێت و هه‌ستیش ناکرێت که شت و به‌رجه‌سته‌کان مه‌سافه که‌وتۆته نێوانیان. ره‌نگه ده‌نکه گه‌ردێک دونیاکم له پێشچاو بکاته‌وه وهه‌ر وه‌ک نارنجۆکێک هه‌پروون به هه‌پروون بێت. ئا ئه‌مه سه‌ره‌جه‌م مێژووی کوردان ناگرێته‌وه؟؟
به پێچه‌وانه من هه‌وڵم داوه چه‌مکگه‌ل و تێگه‌یشتنی نوێ فرێ ده‌مه نێو هاوکیشه شیعرییه‌کانه‌وه. من هه‌ست ناکه‌م له فیرده‌وس ده‌رکرواوم، به‌ڵکو هه‌ست ده‌که‌م ئه‌و دۆزه‌خه‌ی که ئێمه لێوه‌ی هه‌ڵاتین سه‌ر له نوێ بۆ ئینسان نوێ دروست کرێته‌وه و شایسته‌ی ئینسان بێت. بنیاتنانه‌وه‌ی ئه‌و وێرانه‌یه به شیعر ئه‌نجام نادرێت، نه‌ک به‌و خیتانه ره‌تیبانه‌ی که سیاسه‌تی کوردی له سه‌ری ئیش ده‌کات، به‌ڵکو به پلان و نه‌خشه و له‌سه‌ر هه‌مووشییه‌وه له رێگای پسپۆر و شاره‌زایانی ژیانی نوێ ده‌بێ ئه‌نجام بدرێت. ئێمه پێ ده‌نێنه قۆناغێکی نوێیه‌وه. ده‌بێت زۆر به جیدیی بخوێنرێته‌وه و راڤه‌بکرێت و پلانی بۆ دانرێت. ئه‌م قۆناغه نوێیه هه‌موو که‌ره‌سه‌یه‌کی نوێی ده‌وێت.
وه‌ک چۆن به نیسبه‌ت ئه‌ده‌ب و ئافراندنه‌وه ئێمه پێویستمان به بۆچوون و دیدی نوێیه، هه‌روه‌ها بۆ بووژانه‌وه و راپه‌ڕینی راسته‌قینه پێویستمان به دیدیک و جیهانبینییه‌کی ته‌واو و روون هه‌یه.
ده‌زانم ده‌قه‌کانی من بۆ زۆربه‌ی خوێنه‌رانی کورد هیشک و برینگ و بێسۆزن، به‌ڵام ئه‌مه کێشه‌یه‌کی گشتییه له نێو رۆشنبیریی کوردی دا. په‌یوه‌ندی به ده‌قه‌کانی منه‌وه نییه. خوێنه‌ری کورد تا ئێستاش به‌وه جۆش دراوه که دونیا له نێوان ره‌ش و سپی و خراپه و چاکه، نیشتیمان و دۆزه‌خ، هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند سه‌قامگیر بێت. ئێمه قووتابییانی خۆمان فێره ده‌ق خوێندنه‌وه ناکه‌ین. تا ئێستا زۆربه‌ی شیعره‌کانمان له سه‌ر بنه‌مانی " خوایه وه‌ته‌ن ئاواکه‌ی" دامه‌زراوه... ده‌بێ ئێمه به هیمه‌ت و لێزانیی و تێگه‌یشتنی قۆڵه‌وه قۆڵی لێهه‌ڵکه‌ین وڵاته‌که‌مان ئاوه‌دان بکه‌ینه‌وه...
ئه‌م دونیا جووت ره‌هه‌ندییه وای کردووه‌وه خوێنه‌ری ئێمه وه‌کو منداڵ پێویستی به حه‌کایه‌تی منداڵانه بێت. له‌سه‌ر پانتایی سۆزێکی ساوێلکه جۆش درێت و دونیا له پێش چاوی ته‌سک بکرێته‌وه و کورت بکرێته‌وه. ئێمه ده‌بێ درێژه به‌م شه‌ڕه بده‌ین و خۆمان بۆ چه‌رخێکی نوێ ئاماده بکه‌ین.
له وڵاتێکی وه‌کو فه‌ره‌نسا، حه‌کایه‌ته‌کانی سه‌ره‌می خاچپه‌رستان، له سه‌رده‌می ده‌ره‌به‌گایه‌تی، له‌سه‌ر ئه‌م هاوکێشه‌یه دامه‌زرابوون. دونیا دابه‌ش ببووه سه‌ر خواپه‌رست/خوانه‌ناس، جوان و جه‌وامێر/ ناشرین و ترسنۆک، دونیای پاکیزه/ دونیای پیس و گه‌نده‌ڵ. سه‌رده‌می راپه‌ڕین ئه‌م هاوکێشانه ده‌گۆڕێ...
زۆربه‌ی هه‌ره زۆری شیعر و چیرۆک و رۆمان و نووسینی کوردی له سه‌ر ئه‌م دوالیسمه خۆی رێکخستووه و ئه‌مه‌ش بنیاتنه‌ری مه‌عریفه‌ی ئێمه‌یه. چونکه کاتێک دونیا له سه‌ر ئه‌م جووت ره‌هه‌نده دانامه‌زرێت پێویستمان به تێگه‌یشتی دیکه هه‌یه که زۆربه‌ی نووسه‌رانی کورد خاوه‌نی نین.
یا ئه‌وه‌ته به‌شێکی زۆری خوێنه‌رانی ئێمه هه‌نده‌ی دوای هه‌ستسازی ده‌که‌ون هه‌ندی داوای تێگه‌یشتنی قووڵ ناکه‌ن. دواجار شیعر ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌م پانتاییه سۆزئامێزه بێتامه ئیشی کردووه که من ده‌مێکه ره‌تی ده‌که‌مه‌وه. به بڕوای ته‌واوه ره‌تی ده‌که‌مه‌وه، چونکه من نانووسم بۆ ئه‌وه‌ی خوێنه‌ر هه‌ڵخه‌ڵه‌تێنم به‌ڵکو ده‌مه‌ێ له رێگای شێعره‌وه خود هه‌ستیار و وریا بێت.
- با دواپرسیارمان لە پرسیارەکانى دیکە جیاواز بکەین، واتا دوا پرسیار سەبارەت نەبێت بە کۆى بەرهەمە شیعرییەکانت و دەکرێت بڵێین : "ئەحمەدى مەلا" چۆن دەڕوانێتە شیعرى ئێستا و خوێندنەوەى بۆ شیعرى نەوەى نوێ چییە و بە چ جۆرێک گوزارشتتیان لێدەکات، بەو پێیەى کە بەرچاوە لە ساییتەکانى ئینتەرنێتدا، زۆرێک لە دەقى شاعیرانى ئەمرۆ دەخوێنیتەوە و هەندێک جاریش لە "گۆشەى بۆچوونەکان"دا ڕاو سەرنجى خۆتیان لەبارەوە دەنووسیت،دوا ووتەتان لەمبارەیەوە..؟؟
ناو به ناو ئه‌و ده‌قه شیعرییانه به سه‌ر ده‌که‌مه‌وه که لێره و له‌وێ بڵاوده‌بنه‌وه. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه شیعری کوردی له سیما راسته‌قینه‌کانی شیعر ده‌گه‌ڕێت، واته خه‌ریکه له سه‌رجه‌م ئه‌و بارستاییانه خۆی رزگار کات که سیاقه سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی و سایکلۆژییه‌کان به سه‌ر شیعری‌یان سه‌پاندبوو. شیعری کوردی له سه‌ده‌ی بیسته‌م دا، هه‌ندێ نموونه‌ی ده‌گمه‌نی لێبترازێ، له پێناسه‌یه‌کی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌گه‌ڕێ، شیعر پاپه‌ندی کۆنتێکسته. سیاسه‌ت به‌و مانایه‌ی که له سه‌ده‌ی رابردوو ئیشی پێده‌کرا، به شێوه‌یه‌کی راسته‌وخۆ کولتووری نووسراوی کوردی به رچه‌یه‌کدا ده‌بات که ده‌یه‌وێ هاوشان، وه‌زیفه‌کانی ئه‌ده‌ب دیاری بکات. له سه‌ده‌ی رابردوو ئه‌ده‌ب و سیاسه‌ت دوو دیوی یه‌ک قه‌یرانن.
به‌ڵام له کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی بیسته‌مه‌وه چه‌ندین ده‌نگ له نێو ئه‌م که‌لاوه‌یه‌وه هه‌ڵده‌ستنه‌وه و ته‌عبیر له پێگه‌یشتنی شه‌خسییه‌تی کوردی ده‌که‌ن، ده‌بێ به وردی و به جیدیی ئه‌م هه‌وڵانه بخوێندرێنه‌وه، چونکه له لایه‌ک ده‌یه‌وێ ته‌واو خۆی له‌و بارستاییه رزگار کات که ئه‌ده‌ب به‌ره‌و بنبه‌سته‌کان ده‌بات و له هه‌مان کاتیش دا، به جورئه‌تێکی هۆشیاره‌وه له‌وه‌ی دیکه ده‌ڕوانێت.
شیعری کوردی له حه‌فتاکان ده‌گاته دوا پله‌ی قه‌یرانه‌کانی. واته جه‌سته‌ی ده‌ق به ده‌یان ده‌سته‌واژه‌ی ئاڵۆزکاوه‌وه گرێ ده‌درێت. ئه‌م نه‌مه‌ته تا ئێستا به‌رده‌وامه به‌ڵام خوێنه‌ری ئه‌م نه‌مه‌ته شیعرییه ته‌نها نووسه‌ره‌کانی ئه‌و ده‌قانه‌ن. چونکه ته‌واو ته‌عبیر له دونیایه‌کی ده‌مداخراو ده‌کات که سه‌مبۆل و ده‌سته‌واژه ته‌عبیرییه‌کان ته‌نها به‌سه‌ر خۆیاندا ده‌شکێنه‌وه. به واتایه‌کی دی، شیعر له نێو ته‌ونێک گه‌شه ده‌کات له چاکترین باری دا، پێیه‌کانی له نیو ئه‌و ته‌ونه گیریان خواردووه.
به‌ڵام، له ناوه‌ندی هه‌شتاکانه‌وه و به تایبه‌ت له نه‌وه‌ته‌کانه‌وه، گوێمان له ده‌نگ ده‌بێت نه‌ک له نه‌مه‌ت، ده‌نگی خود دێته گوڕێ نه کۆده‌نگێکی نه‌زۆک، هۆشیارییه‌کی شیعریی دێته گۆڕێ نه‌ک هوتافێکی جه‌ماوه‌ری که پێگه‌کانی شیعریی ره‌سه‌ن له‌ق ده‌کات.
له نێو ئه‌م ده‌نگانه‌دا، ده‌نگی هه‌راش و پێگه‌یشتوو هه‌ن و هه‌میشه هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی که‌ش و هه‌واری نوێن، هه‌شن بوونه‌ته زیندانی ئه‌و دونیایه‌ی که که‌شفیان کردووه.
له نێو ئه‌م ده‌نگانه گرینگی دا به چه‌مکی منداڵیی هه‌روه‌کو له لای هیوا قادر و دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی ده‌بینرێت. گه‌ڕانێکه به دوای به‌رائه‌تی زمان و هه‌ڵاتن له ئێستایه‌کی جه‌نجاڵ.
ده‌نگی رابه‌ر ره‌فیق له شه‌ڕێکی وجوودی دایه، سه‌ره‌تایه‌کی گرینگه. حه‌مه‌ی کاکه ره‌ش، ئازار و ئه‌شکه‌نجه وای لێده‌کات دیوه گه‌شه‌که‌ی شیعر فه‌رامۆش کات. لێره ناتوانم ناوی هه‌موو ئه‌و ده‌نگانه بهێنم به‌ڵام به شێوه‌یه‌کی گشتی، رادیوگرافیای شیعریی نوێی کوردی د‌رکی به‌یه‌ک شت کرد : ئه‌ویش گه‌ڕانێکی شه‌خسییه ئه‌مه‌ش وا ده‌کات شیعر بگه‌ڕێته نێو ئاووهه‌وا راسته‌قینه‌کانی خۆی.
پاشان نابێت ئه‌وه فه‌رامۆش بکرێت که خاوه‌نی ئه‌م ده‌نگانه به زمانی دیکه ده‌خوێننه‌وه و له گه‌ڵ ئه‌ویتردا له دیالۆگن. واته فراوانکردنی فه‌زای شیعری کوردی که سه‌رجه‌م شیعری حه‌فتاکان جۆره خۆخوارده‌نه‌وه و دۆش دامان بوو به سه‌ر که‌له‌پووری فۆلکلۆری و شیعرێکی فه‌زا ته‌سک.
شیعری سه‌ده‌ی بیست دره‌نگ دێته دونیاوه. واته نه‌مه‌تی شیعری سه‌ده‌ی نۆزده تا دره‌نگانێکی سه‌ده‌ی بیسته‌میش هه‌ر ده‌نووسرێنه‌وه. ئه‌م قۆناغه له نێوان غه‌زه‌ل نووسینه‌وه به که‌ره‌سه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و بانگاشه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی له رێگه‌ی شیعره‌وه.
با چه‌ند نموونه‌یه‌ک بهێنینه‌وه :
پیره‌مێرد دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له ئه‌سته‌نبول گه‌شه به ئه‌ده‌بێکی ته‌نویری ده‌دات، خه‌ون به کوردستانێکی پێشکه‌وتووه ده‌بینێ که سه‌دساڵ ده‌ره‌نگتر هێشتا ره‌گه‌زه‌کانی به ته‌واوی دیار نین، یا یه‌کێکی وه‌کو حه‌مدی ته‌وژمێکی ئایدیالی ده‌داته چه‌مکه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کان کاتێک ده‌لێت " ئه‌ی وه‌ته‌ن! رۆم و عه‌جه‌م موشتاقی کوردستانته
ئیفتیخاری میلله‌تی کورد شه‌وکه‌تی عنوانته
به‌رای من ئه‌م دێره شکستی پرۆژه‌ی نه‌ته‌وایه‌تی ده‌خوێنێته‌وه، چونکه دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م ئیتر ده‌رگا به سه‌ر داخوازییه کوردییه‌کاندا داده‌خرێن له به‌دیهێنانی خه‌ونی دروستکردنی ده‌وڵه‌ت وه‌کو له لای "رۆم" و "عه‌جه‌م"دا دێته دی. هه‌ر ئه‌م شکستییه نه‌ته‌وایه‌تییه رووبه‌ری سه‌ده‌ی بیسته‌می شیعریی داگیر ده‌کات.
واته کێشه‌که رۆ ده‌چێته نێو شه‌خسییه‌تی کوردییه‌وه و هه‌موو شکسته‌کان له رێگای شیعرییه‌وه سیمایه‌کی دییان ده‌کرێته به‌ر. یا چه‌ند شاعیرێکی دی که ده‌که‌نه نێوان سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و بیسته‌م، به بێ هیچ هه‌وڵێکی شه‌خسی، لاسایی شیعری سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م ده‌که‌نه‌وه، وه‌کو ناری و به‌شێک له شیعره‌کانی حه‌مدی و تاهیر به‌گ. یائه‌وه‌ته له‌و نێوانه‌دا، له نێوان غه‌زه‌لی ته‌قلیدی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و خه‌مێکی نه‌ته‌ویی دا، شیعری ئینشائی ده‌نووسن وه‌ک زێوه‌ر که ده‌لێ
ئه‌م کورده عه‌جه‌ب ساحێبی به‌ختێکی زه‌بوونن
هێشتاکو ئه‌ڵێی داخلی سه‌حرای نه‌بوونن
تا ئه‌حمه‌د موختای جاف له نێوانه شیعر ده‌هۆنێته‌وه. هه‌ر خۆی ده‌نووسێ :
له نه‌شئه‌ی باده وه‌ختێ سه‌ری کوڵمی ئه‌کا عاره‌ق
به‌عه‌ینی ئه‌و ده‌ڵێ به‌رگی گوڵه، ئه‌و ئاوی بارانه!
پاشان هه‌ر خۆشی ده‌نووسێ :
شاعیرانی کورد! به‌سه، به‌س باسی زولف و چاو بکه‌ن
که‌م خه‌یاڵی په‌رچه‌م و کاکۆڵی ئاڵۆزکاو بکه‌ن
دره‌نگتر ده‌نووسێ
له خه‌و هه‌ستن ده‌رنگه میلله‌تی کورد، خه‌و زه‌ره‌رتانه
هه‌موو تاریخی عاله‌م شاهیدی فه‌زل و هونه‌رتانه
ئه‌م جیهانبینییه‌ی ئه‌حمه‌د موختار جاف تا ئێستاش له بواری ئه‌ده‌ب دا وجوودی هه‌یه. واته شیعری دڵداری به‌رامبه‌ر به شیعری مولته‌زیم داده‌نرێت. ئه‌م دوو جه‌مسه‌رییه سه‌قه‌ته له بواری ئافراندن دا، ته‌نها ده‌قی زڕی هێناوه‌ته دی.
ئه‌م جۆره جیهانبینییه شیعرییه فریای ئه‌وه ناکه‌وێت که ره‌گهاژووانه ئه‌ده‌بێکی نوێمان بۆ دیاریی بکات. یا ئه‌وتا له لای فایه‌ق بێکه‌س، که‌م تا زۆر ئه‌م دوو دیده ئاماده‌یی هه‌یه. واته له نێوان شێکل و بۆچوونه‌کانی سه‌ده‌ی نۆزده‌هه‌م و شیعرێک بانگاشه‌ی مافه نه‌ته‌وایه‌تییه‌کانمان بۆ بکات، خۆی ده‌خه‌مڵێنێت.
گۆران زۆر شیعرییانه ده‌ست پێده‌کات. توانایه‌کی په‌نهان شک ده‌بات، وێنه‌ی ئینتیباعی ناسک ده‌کێشێ، به‌ڵام دیسانه کۆتی سیاسی مه‌ودای شیعره‌کانی هه‌ند ته‌سک ده‌کاته‌وه که په‌یام و مه‌ساژ ده‌بێته ئامانجی سه‌ره‌کی له جیاتی ئه‌وه‌ی شۆڕبوونه‌وه به نێو کرده‌ی شیعرنووسین و گه‌ڕان به دوای هه‌واره په‌نهانه‌کانی زمانی شیعریی.
هه‌ڵبه‌ته گۆران مۆرکی شیکلێکی خۆماڵی بۆ شیعر ده‌گه‌ڕێنێته‌وه، ئه‌ویش سه‌رئه‌نجامی ئه‌و ته‌زوو و رێبازه میللییانه‌ی که له‌و سه‌رده‌مه دا باو بوون. به‌رزراگرتنی ئه‌ده‌بی میللی که ته‌وژمێکی جیهانیی بوو له ژێر سۆسیالیسمی واقیعی دا خۆی به دونیا ئاشکرا ده‌کرد.
پاشان "روانگه" له سه‌ر هه‌مان هێل ئیش ده‌کات. ئێلتیزامی واقیعی پێش هه‌وڵ و کۆششه ئه‌ده‌بییه‌کان ده‌که‌وێت، به‌ڵام کۆمه‌ڵه‌ی کفری، به تایبه‌ت له‌تیف هه‌ڵمه‌ت، قووڵایه‌کی سه‌رسورێنه‌ر به شیعر ده‌به‌خشێ. بانگاشه بۆ شیعری زات ده‌کات. بو خودێکی تاکڕه‌و و یاخی ده‌یه‌وێ شیعر بنووسێت. له‌تیف هه‌ڵمه‌ت له شوێنێک ده‌وه‌ستێت، به‌ڵام ره‌گێکی جوان له دووی خۆی جێده‌هێڵێت.
به‌ڵام کیشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان و سیاسییه‌کان ده‌بنه فلته‌ر و ئه‌ده‌ب ده‌بێ به‌و فلته‌ره‌دا تێپه‌ڕێت. له نێو ئه‌و ده‌نگاگه شێرکۆ بێکه‌س له ژێر نازناوی جه‌وامێر هه‌ره‌که‌تێکی ئیلیتزامی ده‌داته ره‌وتی شیعر که هه‌نده‌ی له خزمه‌تی سیاسی کۆتایی دێت، هه‌نده له خزمه‌ت جیهانی شیعریی کۆتایی نایه‌ت. هه‌روه‌ها شیعره‌کانی دی شێرکۆ بێکه‌س، سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ی که شاعیر هه‌موو ژیانی بۆ نووسینی ئه‌م ته‌رحه ئه‌ده‌بییه ته‌رخان ده‌کات، ناتوانێت به ته‌واوی خۆی له شیعری یه‌ک ره‌هه‌ند رزگار کات که له سه‌ر بنه‌مای دوالیسم خۆی رێکده‌خات که به ته‌وای له شیعری "کورسی" دا ره‌نگده‌داته‌وه. سه‌ره‌رای هه‌موو ئه‌و هه‌وڵه شیعرییانه‌ی که له ماوه‌یه نووسراون، شیعر له‌و دونیادا مه‌حکووم ده‌کرێت.
به‌ڵام له‌م ئیشکالییه‌ته‌وه، گرفتێکی دیکه قووت ده‌بێته‌وه، ئه‌ویش ئه‌مه‌ی لای خواره‌وه‌یه، به‌رامبه‌ر به شیعری مولته‌زیم شیعرگه‌لێکی خودره‌هایی دێته ئاراوه که له رێگای ئه‌م جۆره شیعره‌وه، عه‌شقی ژن و دونیای ژن قووت ده‌بێته‌وه، وه‌کو ئه‌وه‌ی که شیعر وتن بۆ ژن له جه‌مسه‌رێک و شیعری ئیلتیزام له جه‌مسه‌رێکی دیکه دا راده‌وستێت.
ئه‌وه‌ی لێره ده‌بێ ئاماژه‌ی بۆ بکرێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه که ئێمه پێوێستیمان به ده‌سکارییکردنێکی جه‌وهه‌ریی هه‌یه که ئه‌ویش په‌یوه‌ندی به سه‌رجه‌م ئیشکالییه‌ته‌کانی جیهانبیییه‌وه هه‌یه.
کاتێک شیعر بۆ چاره‌سه‌رێکی کۆمه‌ڵایه‌تی، سیاسی، سایکلۆژی یا هه‌ر کێشه‌یه‌کی دی ده‌نووسرێت، واقیع به که‌رت که‌رت خۆیمان بۆ ده‌رده‌خات. به‌ڵام ئه‌وه‌مان له بیر ده‌چێت که واقیعی شیعریی واقیعێکی یه‌ک پارچه‌یه. ده‌بێت ئیش له‌سه‌ر ئه‌م جیهانبینییه بکرێت، چونکه به بێ گۆڕانکاریی له بنه‌مانی زه‌ین، مومکین نییه شاعیرێکی کورد بتوانێت شیعری نوێمان بۆ بنووسێت. چونکه شیعری نوێ، شیعریی بڕگه‌یی نییه هه‌ر وه‌ک گۆران بیری لێده‌کرده‌وه، شیعری نوێ ئیلتیزامی سیاسیی نییه وه‌کو له روانگه‌وه تا ئێستاش به‌شیکی زۆری شیعر له ژێر ئه‌م چه‌تره ده‌نووسرێته‌وه، شیعری نوێ شیعرێکی ناسکیش نییه ته‌نها بۆ باڵای ناسکی ژن و دڵداری و عه‌شقی نێوان نێر و مێ بنووسرێت، یا شیعرێکی سوریالی نییه که ده‌قاوده‌ق لاسایی ئه‌وی دیکه بکاته‌وه، یا شیعرێکی سوفیمه‌شره‌بیش بێت که ده‌ق له نیو دوو جه‌مسه‌ری دا قه‌تیس کات، له نێوانی خودی شاعیر و خودێکی په‌نهانی نادیار، به‌ڵکو شیعری نوێ هه‌وڵدانێکی به‌رده‌وامه بۆ سه‌رجه‌م ئه‌و تێکڕاییه‌ی که ئینسان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه نێو واقیعی حه‌میمی خۆی. ئا ئه‌مه‌یه سه‌رجه‌م کێشه‌کان. به بێ ئه‌مه به رای من شیعری کوردی هه‌ر به کۆتکراوی له دایک ده‌بێت. که‌واته شیعر بانگاشه‌یه‌کی کۆنه به زمانێکی نوێ ده‌بێت بنووسرێت.
هیشتاش زۆرمان ماوه!!