تارماییەکانى مەرگ
 

زانا سامان
 

خەمى قوڵى گێڕانەوەى حیکایەتێک، تەواوى ڕۆژەکانى ناموراد کردووەء هەمیشە بەدەم داڵغەلێدانى نووسینەوەى چیرۆکێکەوە دەکەوێتە ناو زەمەنى گێڕانەوەیەکى تەسکەوە، هەر لەو شوێنەوە کە بیرى بەلاى حیکایەتێکدا دەچوو وەک ئەوەى بەسەر ئەم دنیایەوە نەبێت ، وەها دەهاتە پێشچاو...، دادگا لەبیرى ئەودا باشترین شوێن بۆ گێڕانەوەى بەسەرهاتێکى لەمێژینە، بەڵام دەرەقەت نەهاتنى گێڕانەوەکە هێندەى تر بێتاقەتى دەکرد، دواجار بە بێهودەیەکى لەڕادە بەدەرەوە، لەسەر کاغەزەکانى بەردەمى نووسى......
"دادگا" ئەو شوێنەیە، چیرۆک ء ڕووداوەکانى ڕابردوو دەخوڵقێنێتەوەء هزرء بیرى چەند تاکێکى کۆمەڵگە کە لە هۆڵى دادگادا دانیشتوون بەلاى گێڕانەوەکاندا ڕادەکێشێت...
وایدەهاتە پێشچاو کەئەوانەى دەبنە شایەت بەسەر ڕووداوەکانەوە، پێش هەر کەسێک دەبنە حیکایەتخوان ء لەڕێگەى گێڕانەوەکانى ئەوانەوە، هەرچى لەناو هۆڵەکەدا دانیشتووە لەناخیادا چیرۆکەکە دروست دەبێتەوە، بەڵام جیاوازییەکان ئەوەیە کەهەریەکەء بەپێى تێفکرینى خۆى چیرۆکەکە دەگێڕێتەوە.
لاى یەکێک لە شایەتەکان... شوێنى ڕوودانى چیرۆکەکە لەلاى ماڵێکەوە بووەء لاى شایەتێکى تریش لەسەر شەقامێکداو دانەیەکى تر لەناو کۆڵانێکدا...... ،
بەو جۆرە کەلە دادگادا چەندین شایەت قسە لەسەر ڕووداوێکى بەردەستى دادوەران دەکەن ء لەلایەن کەسایەتییەکانى دادگاوە گێڕانەوەکان وەردەگیرێن، تائەو کاتەى خوودى شایەتى ڕاستەقینە، کەئەمەش شێوازى گێڕانەوەکە دەبێت وەکو خۆىء بەپێى سەلیقەیى قسەکردنى وا لە دادوەران بکات کە ڕووداوەکە بە باشى بگێڕێتەوەء کارێک بکات کە ڕاستەوخۆ بەپێى یاساکانى بەردەستیان دادگایى کردنى تاوانبارى ناو قەفەسى دادگا، دادگایى بکەن.
لە پێشچاوى ئەو،پەسەندکردنى چیرۆکەکەى دادگا، وەک ئەوە وایە کە چۆن لە ڤیستیڤاڵێکى ئەدەبیدا، لیژنەیەک دەبنە دادوەر بەسەر پەسەندکردنى ئەو دەقە چیرۆکانەى بەمەبەستى پێشبڕکێ دەچێتە بەردەستیان.
بەڵام پاش کەمێک تێڕامان لە بیرۆکەکەى، هەڵوێستەیەکى دەکردو لە بڕیارەکەى پەشیمان دەبوویەوەء دەیوت:
ئەوەش خۆى لەخۆیدا تاوانە کەمن دەیکەم، ئاخر بە چ پێوەرێک چیرۆکە واقیعییەکانى دادگاء بەردەستى دادوەران لەگەڵ چیرۆکە خەیاڵییەکاندا هاوتا دەکەم، کەلە فەنتازیاى نووسەرەکانەوە خوڵقاونء خراونەتە سەر پەڕەى کاغەز.
ئەو دەیتوانى ئەو بیرۆکانەى کە بەزەینیدا دێن چیرۆکێکى باشیان لێ سازبکات، بەڵام هەرجارەى بیرکردنەوەیەک ء بازدان لە خەیاڵێکەوە بۆ خەیاڵێکى تر هەمیشە تووشى شۆکى دەکرد، شتێک کە ئەوى نەدەگەیاندە هیچ ئامانجێک، پەشیمانى ء پاشگەزبوونەوەبوو لەو بڕیارء بیرۆکانەى بەخەیاڵیدا دەهاتن.
دەبێت ئەمجارە واز لە بیرۆکەى خەیاڵکردنەوە لەمەسەلەى دادگا نەهێنم، ئاخر چۆن دەبێت لەخەیاڵ ء بیرکردنەوەیەکەوە بازبدەم بۆ یەکێکى تر..!!
بەلاتانەوە سەیر نەبێت کە ڕۆحیانەتى یەکێک لەکوژراوەکە دەبینم بەناو هۆڵى دادگادا دەسوڕێتەوەء بەشەرمەوە تەماشاى براکەى دەکات ء هەناسە هەڵدەکێشێت، هەروەها جار جارەش ڕووى خۆى بەرەو دادوەر دەسوڕێنێت ء ورتەیەک لەدەمى دەردەچێت، بەس تێناگەم دەڵێت چى....
ئەو مردووە....!! ڕەنگە مردووان بە زمانێکى تر قسە بکەن، دوور نییە هەڵاتنى ئەوان لەم سەر زەوییە پۆخڵەدا، بۆ پاکبوونەوە نەبێت لەهەموو تاوانێک ء تەنانەت ئەو زمانە دزێوەى کە ڕۆژانە سەدان بوختان ء درۆى پێدەکەین، بۆنا... هیچ شتێک لەم وڵاتەى ئێمەدا مەحاڵ نییە...؟!
ئەو دەمەو بەیانییەى دەیویست بچێت بۆ جێژوانەکەیان ء دڵدارەکەى ببینێت، بەیانییەکى نامۆبوو بەلایەوە، هەر لەخۆیەوە ترس لەشى داگیر دەکردو ئارەقە بەناوچەوانیدا دەچۆڕایە خوارەوەء دەیوت: واهەست دەکەم شتێک ڕووبدات.. تۆ بڵێیت نەکەوتبێتە داوى مەفرەزەکانى پیاوانى ئاسایشى شارەوەء نەیانگرتبێت..؟؟
ئاخر هێشتا زۆرى ماوە ڕۆژ ببێتەوەء وا تێبگەن کە پیاوێکى بەدڕەوشت ء خراپەکارەء بۆ دزیى یان هەر کارێکى نامرۆڤانە بەم دەمەو بەیانییە هاتووەتە ئەم کۆڵانەوە.
تارماییەک بەبەر پەنجەرەکەدا تێپەڕى، تارماییەکى بەسەرء سیما نەناسراو، بەبینینى ئەو تارماییە ئەوەى بەخەیاڵدا هات کە دڵدارەکەى هاتبێتە نێو حەوشەکەوە، ترسى هاتنى دڵدارەکەى ئۆقرەى لەبەر بڕیوو دەتوت تووشى نەخۆشە دەروونى بووە هاتوچۆى بەنێو مەتبەخەکەدا دەکردو هەموو جارێک کە دەگەیشتەوە بردەم پەنجەرەکە بەدەم خۆیەوە ئەیوت: " ئەترسم هاتبێتە حەوشەکەمانەوە..!!"
سەرى دنیاى لێهاتەوە یەک ء نەیدەزانى چۆن دەرگا بکاتەوەء بچێت بۆلاى، پاش ماوەیەک وەستان لەبەر پەنجەرەى مەتبەخەکەدا، لەتاو ترسى بینینى تارماییەکە سەراپاى گیانى دەلەرزىء هەر زۆر زۆر بەترسەوە بە هێواشى دەسکى دەرگاکەى گرت و کردیەوەو بە ترس ء لەرزەوە چووە حەوشەکەوە، دواى چاو خشانێکى زۆر بە حەوشەکەیاندا هیچى نەبینى... هیچ کەس ء بوونەوەرێک لەنێو حەوشەکەدا نەبوو..!!، بەخۆى وت ))بێگومان ترساوم بۆیە ئەو تارماییەم هاتە بەرچاو))، دواتر دەرگاى سەر کۆڵانى کردەوەء بەهێواشى چووە دەرەوەو لەپاش خۆى دەرگاکەى پێوەدا.
ئەو لەوێبوو... لەسەرسوچى کۆڵانەکەء لەتەنیشت بەرمیلى زبڵەکەوە لەبەر کزەباى دەمەو بەیان خۆى گرمۆڵە کردبوو، بەدەرکەوتنى دۆستەکەى، گەرمى هاتەوە بەلەشیداو ڕووەء لاى ڕۆیشت، بەگەرم ء گوڕییەکى بەتین ء بەبێدەنگییەکى لەڕادەبەدەر، باوەشیان بەیەکدا کردو چەند ماچێکیان گۆڕییەوەء کەوتنە قسەکردن، لەناکاو کچەکە وتى: ((ئائەوەتا ئەوە خۆیەتى))، کوڕەکە بە بیستنى ئەو قسەیە یەکسەر لەجێى خۆى دانیشتوو لەترساندا ئەژنۆى شکاو بە پچڕ پچڕى بەکچەکەى وت)) چى..... ئەوە.... خۆیەتى..؟؟))
- تارماییەکە..!!
- تارمایى چى، تۆباسى چى دەکەیت..؟!، ئەم کۆڵانە لەمن ء تۆ زیاتر کەسى ترى تێدا نییە، بڕوابکە لەکاتێکى زۆر باشدا هاتیتە دەرەوە، چەند خولەکێک پێش تۆ مجێورەکە لە مزگەوت گەڕایەوەء چووە ماڵەوەء لەدواى خۆى دەرگاى ماڵەکەى داخست، ئەو منى نەبینى.. چونکە لەتاو کزەى سەرما بەتەواوى خۆى گرمۆڵە کردبوو، بەڵام من لە هەنگاوەکانیم دەڕوانى کە دەتوت بەزۆر ناردویانە بۆ بانگدان ء نوێژکردن، لەبەر ئەوەى بە بێزارییەکى زۆرەوە قاچى بە زەوییدا دەخشاند.
- نا... بەرلەوەى لەماڵ بێمە دەرەوە، تارماییەک بەبەر پەنجەرەى مەتبەخەکەماندا تێپەڕى ء واقم وڕماو وامزانى تۆى..؟؟!!
- بەهەر حاڵ واز لەم قسانە بێنە... هیچ نییە ترساویت...؟؟!!. کوڕە ئەمەى وتوو دەستیان کردەوە بەقسەکردن و ئاوێتە بەدنیاى ئەویندارى خۆیان بوونەوە، گەر لەدوورەوە تەماشات بکردنایە واتدەهاتە پێشچاو کە تاکە کەسێکە وەستاوە، هێند بە پەرۆشەوە باوەشیان بەیەکدا کردبوو، دەتوت دووگیانن لەیەک جەستەدا.

تارماییەکە یەک دوو جاریتر هاتەوە پێشچاوى کچەکە، بەڵام لەبەر دڵخوازەکەى خۆى ڕاگرت ء هیچى نەوت،دەمەو بەیانى .. کزەى بەرە بەیان.. ئەمانە جیاوازن، چونکە سپێدە لەپێش ئەوانەوەبوو.
بۆ ماڵئاوایى کردن لەیەک ء هەر یەکەء گەڕانەوە بۆ ماڵى خۆى، کوڕەکە بە پەرۆشییەکى زۆرەوە توند باوەشى بەکچەکەدا کردوەء چەند ماچێکى تریان گۆڕیەوە، ئالێرەدا دەنگى تەقاندنى ڕیزێک گوولەء لەخوێن گەوزاندنى کوڕء کچەکە لەو بەرە بەیانەدا، بێدەنگى سپێدەى شڵەقاند.
سەیرە ... بەلاى منەوە زۆر سەیرە، مەراقى هەمیشەیى من ئەوەیە کە دەمویست ڕۆحیانەتى کوڕەکەش بهێنمە بۆ ناو هۆڵى دادگا، ئەو هۆکارانەیە کە نایەڵێت بگەمە کۆتایى هیچ ئامانجى نووسینێکم، سەیرەکە لەوەدایە کە هەموو بیرۆکەکان بە شێواوى لە خەیاڵمدا کەڵەکە دەبن،ئەوەى دەمەوێت وا دەرناچێت، هەست دەکەم کەسێک هەیە خەیاڵەکانم دەشڵەقێنێت، چەند لەلام بووەتە ئەسەف کە ڕۆحیانەتى کوڕەکەم بۆ نەهاتە ناو هۆڵى دادگاکەوە، ئاخر هەر هیچ نەبێت بەخاترى ئەوەى کە بەچاوى خۆى ببینێت جەللادەکەیان، چۆن لە قەفەسى یاسادا ملى شۆڕکرووەتەوەء ویژدانى تنۆک تنۆک دادەچۆڕێتە سەر زەوى هۆڵەکەء تەنانەت ناتوانێت بە چەند قسەیەکى کەمیش بێت بەرەنگایى لەخۆى بکات ء پاکانە بۆخۆى بهێنێتەوە، وەک هەموو ئەو تاوانبارانەى لەکاتى دادگایى کردندا پاکانەى نابەجێ بۆ خۆیان دەهێننەوە
خوێنەرانى ئازیزى ئەم چیرۆکە.... تکاتان لێدەکەم کە بمبورن ئەوەتا بەبێ خواستى من ء لەدەرەوەى خەیاڵ ء گێڕانەوەى ئەم چیرۆکەوە برادەرەرێک هاتووەء بەنیازە چیرۆکەکە ببات بۆ خۆى، لەگەڵ ئەوەشدا ئەیەوێت هەموو فکرەء خەیاڵەکانى منیش ونبکات ء لەگەڵ هەموو ئەمانەى کە نازانم بەو خێراییە ئەو کەسە چۆن دەرکەوت ء ئێستاش بەنیازە بەناوى خۆیەوە ئەم چیرۆکە بنێرێت بۆ ڤیستڤاڵێکى ئەدەبیى،
ئەو برادەرە پێیوایە کە من مەخلوقێکى خۆیم ء دەتوانێت ئەگەر زۆر لەسەریشى بڕۆم خۆشم وەکو هەردوو عاشقەکە بەکوشت بدات، با ئەوەم لەگەڵدا بکات قەیچێکە، بەس ئەم برادەرە نازانێت کە خۆیشى بووە بەیەکێک لە تارماییەکان ء حەزو ئاواتى کەسانى تر دەکوژێت ء دەسڕێتەوە، دواجار داوا لە خوێنەرانى ئەم چیرۆکە دەکەم کە ببنە دادوەر بەسەر ئەم چیرۆکەوەء بڕیارى ئەوە بدەن کە ئاخۆ کاممان خاوەنى چیرۆکەکەین، چونکە لەبەر دووانى وەک ئەم برادەرەیە کە ئێمە دەبێت هەمیشە ماف خوراوبین، ئەم جۆرە خەڵکانە ئەوانەن کەوەک تارماییەکانى مەرگ دێنە بەرچاومان ء پاشان ونمان دەکەن
دەزانم ئەو برادەرە هەر ونم دەکات، چونکە گوێ بەقسەکانى نادەم و گرنگیش نییە بەلامەوە چیم لێدەکات یان نا بۆیە دەڵێم، تکایە.. تکایە منتان لەیاد نەچێت.... هەمووتانم خۆشدەوێت خوێنەرانى ئەم چیرۆکە............. هەمووتان.