ئەگەر تەنیایى لێگەڕێ
دڵم لە باراندا شینە
 

زانا سامان


دەمێک نییه‌ وام..!!
دەمێک نییه‌
تەنیایى، بەسەرپۆشە شێدارەکەى خۆى دامدەپۆشێ و
زەینم بە پەڕۆیەکى کەسکەوە دەپێچێتەوە
تەنیایى، ماڵەکەمى بە کپبوونى خۆى سواغداوە
ئاوێنەکەمى
لەنێوان خۆى و خۆمدا بزرکردووە،
هەندێکجار
بە خاترى ئەوەى رامبێنێت لەخۆى
هەڵپەى یارییەکى عەنتیکە دەکات
بەزمان، فرمێسکى سەر روومەتم دەلێسێتەوە
تەنیایى..
لەسەر ئیقاعێکى غەریب
رایهێناوم
هەموو جارێک
کە دەست دەبەم
بۆکردنەوەى
دەرگاى ژەنگنى ژوورەکەم
تەنیایى.. نا نا نەکەیت
بەجیڕەى ئە و دەرگایەت
کەڕم بکەیت و
هەموو جارێک
تادێمەوە سەر نەسەبى خۆم
چەندین تاڵى تر لەقژت
سپیبێتەوە،
ژوورەکەى من و تەنیایى
چەندین رۆژنامەى تیایە و
هەر یەکەیان
بەجۆرێک قسەى خۆى دەڵێ و
بەچەشنێکى تر
پێناسەى ساتەکانى
بیرچوونەوەى زەمەن دەکەن،

لە " رۆژنامەى باران" دا
هەواڵى دۆزینەوەى
گوڵێکى سوورى تیایە
لەنێو گەرووى
وشکەڵگەڕاوى شیعرێکدا و
مژدەى دۆزینەوەى
رێگاکانى ....
ئەودیو قیامەت دەردەخات،

لە "رۆژنامەى گریان" دا
چیرۆکە هەواڵێکە
دەگێرێتەوە و دەڵێت:
لەوکاتەوەى روبار تۆراوە لە ئاسمان
ئاسمان یاخییە لەهەور
ئەم لەبرى بێتاقەت بێ و داببارێت
قاقا لەسەر پشت کەوتووە و پێدەکەنێت،

لە "رۆژنامەى بێدەنگى" دا
ریپۆرتاژێکە دەربارەى
ژیانێکى تر نووسراوە
ئە و گوڵە حاجیلانە ئاگادار دەکاتەوە
کەغەرقى تاوانەکانى خۆیان بوون
ئە و حیکایەتە سوورباوانە دەگێڕێتەوە
کەباس لە هات و هەراى
خۆسوتاندنى شۆڕەبى دەکات،

لە "رۆژنامەى ترس" دا
ستونێک هەیە
بەناوى
(پەنجا وشە
لەبرى پەنجا تاوان..؟!)
باس لە کرمێبوونى ناوەوەى هەنارێکە
قسە لەسەر ئە و دەنکە هەنارانە دەکات
هەموویان لەیەک خوێنن
کەچى رۆحى یەکتر دەخۆن،

لە "رۆژنامەى سێبەر" دا
راپۆرتێک لە خۆرەوە
"روناکیتان لێدەسێنمەوە
وادەکەم چاوتان جوانى نەبینێ
بە مانگ دەڵێم : بە تاریکیتان بسپێرێت
ئێوە، کە گەردێکن لە ئاو
ئێوە، کەتەمى غوبارێکن
کە توخمێکن لە مانا
کەوشەیەکن لە خۆتان
گەر دەستان لەخوێنى ئەم گەردوونە دەرنەهێنن
تازە ئێوە و رووناکى.... رابردووى تاوانتان خۆش،

لە "رۆژنامەى رەنگ" دا
خۆتان لە رەنگى سپێدەکانى ئومێد
رووتکردۆتەوە و
دڵتان بە تەنافى حەوشەى ماڵکانەوە هەڵواسیوە
خۆتان لە رەنگەکانى ژیان دوورخستۆتەوە و
لە کەنارەکانى مەرگدا گۆرانى دەڵێن
من نازانم...
سەرم لە حونجەکردنى زمانى ئێوە دەرناچێت،

لە "رۆژنامەى شاهانە" دا
لێکۆڵینەوەیەک هەیە
قسەلەسەر
نیگا بەجێماوەکانى
ئێوارانى حوزن دەکات
ئە و ساتانە شیدەکاتەوە
کەلە نوکى پەنجەى خەڵوەتنشینێک تکا و
روبارێک لە ئامێزى گرت،

لە "رۆژنامەى روانین" دا
وتارێکى گەلێک عەجیب دابەزیوە
ئە و وتارە
لەخودى نامورادیدا
باخچەکانى هیوا
ئاوپرژێن دەکاتەوە و
باڵە شکاوەکانى تەماشا
بە ئاسمانى نوێبوونەوەى سەبوریدا
دەهێنێتەوە هەڵفڕین،

لە "رۆژنامەى قەدەر" دا
بابەتێکە لەسەر تەنیایى نوسراوە و
دەڵێت:
" تەنیایى..واتە دانبەخۆداگرتنى ماسیەک
لەبەردەم هەرەسى چەقۆیەکى گرگندا..؟!
تەنیایى.. بەشێکە لە خەونە کاڵەکانى موحیبەت و
دۆزینەوەى ئە و ئاوێنە نادیارانەیە
کەجیهان لەبەردەمیدا، گەردێکى ووردە" ،

بەمن بێت
هەموو رۆژنامەکانم ئەزبەربکەم
بە تەنیایى بێت
تەنها شتێک بۆمن باشە..!!
وەک گوێگرتنم لە حیکایەتە شینەکانى و
وەک تەماشاکردنى رەنگەکانى خۆیى و
وەک بیرکردنەوە لە بیرۆکەکانى و
وەک دۆزینەوە لە داهاتووى خۆى،

بەمن بێت
سەرى خۆم بسپێرم بەهەرچى جوانییە و
مناڵیم لەبەر پێى شیعردا رابخەم و
پیریم لە پێش پەنجەرەکانى روانیندا هەڵخەم

بە تەنیایى بێت
کێڵگەى پێناسەیەکى تر لەمەرگدا بکێڵم و
لەنێو رۆحى عیشقێکى دیکەدا
تۆوى نیگەرانى کۆبکەمەوە

بەمن بێت .. ئەمجارە
بەمن بێت
شاریکى تر
لەخۆشاوى وشەکانمدا دروستکەم
مەخلوقەکانى، تابلۆ و
مەخلوقەکانى، شیعر
مەخلوقەکانى، باخچە و
مەخلوقەکانى، باخەوان
مەخلوقەکانى، هەتاو و
مەخلوقەکانى، روبار
مەخلوقەکانى، مۆسیقا و
مەخلوقەکانى، فریشتە
مەخلوقەکانى بەشێکبن
لە بەشە داڕزیوەکانى جەستەى خۆم و
لە قریشکە وردەکانى ناو رۆحى خۆم،

بە تەنیایى بێت.. ئەمجارە
بەتەنیایى بێت
لەوڵاتەکەى ئەودا بژیم
بەشێکبم لە و مەخلوقانەى
بەخوێنى گەڵا دەژین
لەحزەیەکبم لە و رۆحانەى
لەودیوى نەمریەوە
قەسیدە دەنوسنەوە
نوکتەیەکبم لە قسەیەکى شیریندا
باخەوانبم
لە بەهەشتێکى دیکەدا،
تەنیایى، هێند نزیکبووەتەوە
ئەوەندە لەخۆیدا گیریکردووم
هەر باشە نابم بەتەم
هەر باشە بەشێکم ماوە
بۆ نوسینەوەى تەمەنم
تەنیایى، رێگەم نادات
بە تەنیا پیاسەیەک بکەم
لێناگەڕێ
ئاوڕێک لەخۆم بدەمەوە
نایەڵێت .. تەنیایى .. نایەڵێت
پەڕەسپیەکانى ئەزەل بخوێنمەوە،
تەنیاییە.. ماوەم نادات
ئەم ژانى رۆحە هەڵڕێژمە
کەنارى ماتڵبوونمەوە
تەنیایى
منى بەستۆتەوە و
خۆیشى لەگەڕان ناکەوێت
سپاردوومى
بەهیچستانى بێدەنگى و
ئاوڕێکم لێناداتەوە،
سەرم پڕبووە لەکۆتر و
بێدەنگیم خوڕەى لێنایە
دڵم کەوتووەتە خوارەوە و
ئەم شیعرەم پێ تەواو ناکرێت
دەگەڕێمەوە لاى خۆم و
بانگى تەنیایى دەکەم
کەچى وەڵامێک نییه‌
دەترسم
رۆشتبێ و
لێرە نەبێ و لێرە بێ و
دەرگاکە بکەمەوە
بـشـــڵــەقــــــێ،
سکاڵا دەنوسم ... سکاڵا
بەڕێز/.......
بابەت/مۆڵەت
تکایە رەزامەندى بفەرموون
بە مۆڵەتدانم
هەر هێندەى کەوتنە خوارەوەى گەڵایەک
لە ترۆپکى درەختێکەوە هەتا سەر زەوى
مۆڵەتێک
ئەوەندەى نوسینى دێڕێک
لەم دێڕانەى بەردەستت
تا ئەم شیعرەم تەواو بێت و
دڵى زەردم
لە باراندا شینکەمەوە .
لەگەڵ رێزى
لێزمە لێزمى باریندا


14/2/2009
 

ئەم دەقە لە ژمارە 84 ى گۆڤارى ئایندە بڵاوبۆتەوە