حیکایەتێکى تەواو نەکراو



زانا سامان



هاوڕێ نیازیى، نەیدەزانى کە ئایا وەک هەمیشە گوێ لە گۆرانى بگرێت و بچێتە نێو خەیاڵە قوڵ و شاعیرانەکانییەوە، یاخوود لەو مناڵە عەرەبانە ڕابمێنێت، کە لە دەرەوەى ژوورەکەى هات و هاواریان دەکرد و، بە دەستە وردیلەکانیان ئاماژەیان بۆ مناڵە کوردەکان دەکرد، تا بێن و لەگەڵیاندا یارى و قسان بکەن....

ئەو پێى وابوو هەڵسوکەوت و گۆشەگیرى هەندێک لە مناڵەکانى دەرەوە و تێکەڵبوونى کەمیان لەگەڵ مناڵانى هاوتەمەنى خۆیاندا، هەوێنێکى باشە تا ئەم بتوانێت حیکایەتێکى لێدروست بکات،....

ئەو یەکێک بوو لەو چیرۆکنووسە لاوانەى کە خەونێکى گەلێک قوڵى هەبوو بۆ نوسینى چیرۆکێکى نەنووسراو،هەر جارەى بەجۆرێک قەڵەمى دەنا بەسنگى کاغەزەوە، بەڵام پاش نووسینى چەند دێرێک وازیدەهێنان و پاشان کاغەزەکەى بەر دەستى دەدڕاند و بەجۆرێک توڕى دەدا، کە هەرگیز نەچێتەوەى سەر نووسین، بەڵام پاش کەمێک بێدەنگى و تێفکرین، دەستى دەکرد بە کێشانى چەند جگەرەیەک و ڕەنگە هەر ئەمەش وایلێکردبێت کە ئەمجارەیان بە هێزێکى لەوى پێشتر بە تینتر تێهەڵچێتەوە نووسینى چیرۆکەکەى نێو ناخى.



سەیرترین خاڵى جیاوازى نێوان هاوڕێ نیازیى ء نووسینەکانى ژێر پەنجەى، ئەوەبوو کە ئەوەى دەینووسی وەک ئەوە وابوو کەسێک لە دەرەوەى خۆى بە زۆر پێى بنووسێت،...

ڕۆژانە پاش هات و چۆیەکى تاقەت پروکێن و کێشانى چەند جگەرەیەک لە ناو پارکەکەدا، بێهودە دەبوو لەوەى کە بتوانێت لە نێو ئەو هەموو ژاوە ژاوەى ڕۆژگار و زریک و زاکى مناڵانى ئاوارەى گەڕەکدا بتوانێت چیرۆکەکەى وەک ئەوەى دەیەوێت بنووسێتەوە، ناچار ملى ڕێگەرى دەگرتوو بەرەو ماڵ بوویەوە، بەڵام چ ماڵێک... پڕ بوو لە مناڵى خوشکەزا ء برازاکانى کە دەهاتن بۆ ڕەواندنەى تەنیایی داپیرە و باپیرەیان و شڵەقاندنى ئەو بێدەنگییە سامناکەى باڵى بەسەر ماڵەکەدا کێشابوو،....

دایک و باوکى نیازى گلەیی و گازندەیان لێدەکرد و بەوە تۆمەتباریان دەکرد، کە بەردەوام لە ژوورە بچووکەکەى نهۆمى سەرەوەى ماڵەکەیاندا دادەنیشێت و، بێ ئەوەى گرنگى بداتە دەورووبەر، بەدەم گوێگرتن لە گۆرانییەکانى (هایدە)وە دەخوێنێتەوە و هەندێک جاریش دەنووسێت، بۆیە هەمیشە وایاندادەنا کە بە تەنیا دەژین،....

نیازى ئەگەرچى لە چاو چیرۆکنووسەکانى تردا زۆر سەیر نەبوو، بەڵام هەمیشە بەوە جیادەکرایەوە کە لە ساڵانى نەوەدەوە دەنووسێت و تا ئێستا تەنیا سێ چیرۆکى کورتى نووسیوە، بەهەرحاڵ ئەوەى هەرگیز ئەوى بێزار نەدەکرد و بگرە پێشیان شادمان دەبوو، برازا ء خوشکەزاکانى بوو، چونکە لە پاڵ خۆشەویستیەکى زۆرى بۆ برا و خوشکەکانى عەشقێکى جوانیشى بۆ مناڵان هەبوو،هەر ئەمەش بوو وایکردبوو کە تێکەڵاوییەکى ڕۆحى هەبێت بۆ مناڵان بە تایبەت برازا و خوشکەزاکانى....

ئێوارەیەک دواى نیو کاتژمێر یارى و باوەشکردنى مناڵانى برازا و خوشکەزاکانى، برا گەورەکەی کە پیاوێکى پارە دۆستى بازرگانبوو، وەک شێرى برسیى نەڕاندى بەسەریدا و وتى: بەس لەگەڵ ئەو مناڵانەدا خۆت بخافڵێنە و وەکو مانگا خۆت لە زەوى بگەوزێنە، هەى گەمژەى شێت، هەستە بڕۆ بەلاى نوسینەکانتەوە،

نیازیى بەو قسەیەى کاکى زۆر ئازارى پێگەیشت، بەڵام لەبەرچاوى میوانەکان ء بەتایبەتى مناڵەکان بەجۆرێکى وا نواندنى کرد کە هیچ لەم کەم نەبووتەوە و بگرە زۆریش بەلایەوە ئاساییە، بەڵام خاتوو خەرامان کە ژنى کاکى بوو، زوو لە خەونەکانى نیازى تێدەگەیشت و زۆر جارانیش هانیدەدا بۆ نووسینى زیاتر، تەنانەت گەلێک جار دەفتەر و قەڵەمى بە دیارى بۆ دەهێنا، نیازیش بە ژنێکى میهرەبان و تێگەیشتووى خانەوادەکەیان لێى دیڕوانى،خێرا درکى بە ئازارى ڕۆحى نیازى کردوو، دەستێکى دایکانەى خستە سەر شانى نیازى و وتى: دڵگران مەبە، ئەوانەى ژیانیان بە پارەوە لا جوانە، هەرگیز ناتوانن قسەیەکى لەمە زیاتریان هەبێت بۆ کەسێک کە دەیانەوێت لە نێو نووسیندا ژیانێکى تازە بنیاد بنێت،....

پاش کەمێک خۆخواردنەوە، بە پیلیکانەکاندا هەڵزنا بۆ ژوورەکەى خۆى و ، بە خەمێکى کوشندەوە دەرگاکەى لەسەر خۆى کڵۆمدا، ئەو پەنجەرەیەشى داخست کە سپێدەى هەمان ڕۆژ بە مەبەستى هاتنە ژوورەوەى تیشکى هەتاو و پاکژبوونەوەى هەواى ژوورەکە خستبوویە سەر گازەرەى پشت، وەک ئەوەى هیچ شتێک ڕووینەدابێت، دەستیکرد بەخوێندنەوەى ڕۆمانى " لەئاوێنەیەکدا لەنهێنییەکدا"، کە ماوەى چەند شەوێک بوو، لەگەڵ ڕووداوەکانیدا دەڕۆیشت و شەوانە گنگڵى پێوە دەدان، ئەوەى ئەوى سەرسامکردبوو بەو ڕۆمانە، ئەوەبوو کە زیاتر پێکەوە گرێدانى چەند بابەتێکى فەلسەفیانەیەء هەر لە ڕوانگەى فەلسەفەوە "یوستاند گاردەر" بابەتى ناو رۆمانەکان دەستنیشان دەکات.

نیازیى زۆر تامەزرۆى ئەم جۆرە رۆمانانە بوو، بەتایبەتى سەرجەم ڕۆمانەکانى نووسەرى ناوبراء، ئەو هەریەک لە "کچەى پرتەقاڵ ء نهێنى یارى کاغەز ء جیهانى سۆفیا"ى کڕیبوو بۆ خوێندنەوە، چونکە بەنیازبوو لەپاش خوێندنەوەیان ڕانان یاخوود خوێندنەوەیەکى گشتى لەمەڕ بەرهەمەکانى نووسەرەوە بنووسێت ء بڵاویبکاتەوە.

تاق..تاق..تاق، پێکڕاو لەسەر یەک، دەست کرا بەکووتانى دەرگاى ژوورەکەى ء بەدەنگى"خاڵە..مامە..مامە..خاڵە" مناڵان دەستیانکرد بە هات ء هەرا، ئەویش ناچار دەستى لە خوێندنەوە هەڵگرتوو دەرگاکەى لێکردنەوەء هەموویانى بەریز لەژوورەکەدا دانیشاند وپێى وتن:

- ئەگەر چەند چیرۆکێکى مناڵانتان بۆ بخوێنمەوە ، ئیتر ئاقڵ دەبن ء بێزارم ناکەن؟

مناڵەکان هەموویان پێکەوە بەڵێنیاندا کە تاخۆى بانگیان نەکاتەوە، نەیەن ء لەدەرگاى نەدەنەوە.

- زۆرباشە، کەواتە بێدەنگبن ء گوێ بگرن، بەڵام بەرلەوەى چیرۆکەکانتان بۆ بخوێنمەوە، دەپرسم کە ئاخۆ دایک ء باوکتان، بڵاوکراوەى مناڵانتان بۆ دەکڕن..؟؟

مناڵەکانیش وەک ئەوەى لەپۆلى خوێندنگەدا دانیشتبێتن،

پێکەوە وتیان: نـــــــــــــــــەخـــــــــــــــــــێـــــر!

وەڵامى مناڵەکان، تەواو نیازیى هەراسان ء دڵگرانکرد ء پاش کەمێک وردبوونەوە ء تەماشاکردنى هەموویان ء هەستکردن بە دڵشکاوییان، بەڵێنى پێدان کە هەموو هەفتەیەک ء بەهاتنیان بۆ ماڵى داپیرە ء باپیرە،چەند گۆڤارێکى مناڵانیان بۆ بکڕێت....



مناڵەکانیش وەک ئەوەى مژدەى چوونە بەهەشتیان لەپیریدا پێدرابێت، بزە کەوتە سەر لێوییان، لە ناو خۆیاندا کەوتنە ورتە ورت، بەڵام نیازى بێدەنگیکردن و

پاش خوێندنەوەى چەند چیرۆکێک ، مناڵەکان وەک ئەوەى میقاتکرابێتن، یەک.. یەک چوونە دەرەوە ء لەپاش خۆشیان دەرگاى ژوورەکەیان کڵۆمدا، لێرەدا نیازیى بزەیەک گرتى و هەستى بەو گەرم و گوڕییە کرد کە لە ڕۆحیاندا بووژاوەتەوە، چونکە ئەو هەمیشە پێى وابوو کە ئەرکى نووسەر ئەوەیە درک بە نهێنییە شاراوەکانى ناوەوەى مرۆڤ بکات .

پاشان گەڕایەوە بۆ ناو بێدەنگى ژوورەکەى خۆى ء،لەژێر لێوەوە جار جارە پرتە ء بۆڵەیەکى لێوە دەهات،کەخۆى نەبێت کەس تێنەدەگەیشت چیدەڵێت، ئیدى وەردە وردە هاتەوە سەرخۆیى ء قەڵەمەکەى بەدەستەوە گرتەوەء، لەسەر کاغەزە سپییەکانى بەردەمى، خەریکى کێشانى بازنە بازنەى بەناویەکدا چوو بوو، کە ئەگەر مرۆڤ لە نزیکەوە چاوى پێى بکەوتایە هەستى بە ئاڵۆزى ئەو بارە دەروونییە دەکرد کە ئەوى تێکەوتبوو، چونکە بە نێو یەکدا چوونى بازنەکان بە شێوەى شەڕ پشیلە هێمابوون بۆ بارێکى دەروونى نائاسایی...

نیازیى وایلێهات ڕۆمانەکەى لە یادکردوو دەستیکرد بە نووسینەوەى ئەو دێڕانەى خوارەوە کە لە مێژە لەناخیدا حەشارییداوە...

"لەم ژوورە تەنگ ء ناخۆشەدا، بەدەم نووسینەوەى شتێکەوە گیرۆدەم ...... ڕەشکردنەوەى ئەم هەموو کاغەزە ء دواجار دڕاندنیان، ژیانى هەراسان کردووم

خەونى نووسینى چیرۆکێکى سەیر، هەمیشە دەمباتەوە بۆ بەردەم یەکەمین وشەى نەوتراو جارى واش هەیە دەمەوێت لە جەنگى نێوان وشەکاندا چیرۆکێک بخوڵقێنم بتوانێت سەرلەبرى ژیانى خوێنەر بگۆڕێت، هەموو سپێدەکانى ئومێدم لێ ونبووە ء دۆزینەوەیان کارێکى ئەستەمە، دەبێت خۆم بە حونجەکردنى یان لەبەرکردنى تەمەنێکى ترەوە سەڕقاڵ بکەم، ئاخر منێک کە تەواوى ژیان بە چیرۆکێکى بێمانا دەزانم چیمداوە لە......"



دواى نووسینى ئەم چەند دێڕە، قەڵەمەکەى دانا و کەمێک بە شپرزەییەوە هەستایە سەر پێ، پەنجەرەکەى کردەوە و تەماشایەکى مناڵەکانى دەرەوەى کرد، لە دڵى خۆیدا بەڵێنیدا کە ئەم چیرۆکەیان نەدڕێنێت و پاش تەواو بوونى بەر لەهەموو کەس بۆ مناڵەکانى بخوێنێتەوە، بەڵام ئەو وەک هەمیشە دوو دڵ و ڕاڕابوو لەوەى کەى و لە کوێ بڵاویبکاتەوە...!!





ئەم چیرۆکە/ خەڵاتى یەکەمى یەکەمین ڤێستڤاڵى "برەو"ى لە دەڤەرى شارەزوور وەرگرتووە