گەڕانەوە بۆ منداڵى... لە كۆنسێرتەكەى (موعین)دا!!
 

 

نووسین و فۆتۆ: زمناكۆ بورهان قانع
 

بە منداڵى زۆر مورتاح بوم بەوەى كە (سادقى هیدایەت و ئێدگار ئالان پۆ و كافكا)م نەدەناسى، هەر لە منداڵیدا مریشكێكم هەبوو ناوى (تریشكۆڤا) بوو، ناوێكى روسى بوو، باوكى رەحمەتیم ناوینا چونكە كاتێك باوكم كتێبى مێژویى (میدیا-مێژوى ماد)ى تەرجومە كرد پڕى بوو لە ناوى مێژونوسانى روس دیارە ئەوەش بەهۆى ئەوەوە بوو كە پێشتر كتێبەكە لە روسییەوە كرابوو بە فارسى. من (تریشكۆڤا)م زۆر خۆشدەویست هەموو رۆژێك لە بەشە خواردنى خۆم برنجم پێدەدا هەتاكو واى لێهات لە ماوەیەكى كەمدا بوو بە مریشكێكى خرپن و جوان، لە ماڵەوە هەموو منداڵەكان مریشك و كەڵەشێرى خۆمان هەبوو، ئەم یادەوەرییەم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1984 كە ئەوكاتە تەمەنم 6 ساڵ بوو. دەنگى موعین هەر لە خۆیەوە تریشكۆڤاى بیرخستمەوە (ئەمە بێئەوەى كە سەرخۆش بم) ئیتر نازانم بۆ؟ ئایا ئەمە جۆرێك لە شێتى نییە؟ نازانم... بۆنا؟ بەڵام جارێك با حوكمێكى پەلە نەدەم بۆ شێتبونى خۆم. موعین هەر ئەو مریشكەى بیرنەخستمەوە بەڵكو بلوزە خەت خەتە سور و رەشەكەشمى بیرخستمەوە كە لە تەمەنى منداڵیدا بەهۆى توشبون بە سورێژەوە بۆیان لەبەردەكردم، یان فتبۆڵە زیكزاكەكەم كە براكانم ئەوەندە یاریان پێدەكردو شوتى قاییمیان پێ لێدەدا هەتاكو لە كەلاوەیەكى تەنیشتى ماڵى خۆماندا كە ئێستا باڵەخانەیەكى گەورەیەو هیچ ئەجوائێكى ئەو سەردەمەى پێوە دیارنەماوە تۆپەكەم تەقى. مردنى تریشكۆڤاو تەقینى تۆپەكەم دوو خەمى گەورەى منداڵى من بون، هەربۆیە بە یادى منداڵى لە كۆنسێرتەكەى موعیندا لە سوچێكدا بە تەنها كەمێك خەمۆكى دایگرتم... پێدەچێت ئەمەیان جۆرێك بێت لە شێتیى راستەقینە!!.
یەكەمجار نییە یادەوەریم راپێچى تەمەنى منداڵیم بكات، بەردەوام بە شتگەلێكى وەك عەتر و گۆرانى و هەتاوێكى كز و بەفرێكى زۆر و رەشەبایەكى شێتانە دەگەڕێمەوە كۆڵان بە كۆڵانى یادەوەرییەكانى منداڵیم، هەندێكجار بە حوزن و ماتەمێكى لە رادەبەدەرەوە كوچە بە كوچەى منداڵیم تەى دەكەم، هەندێكجارى تریش بە قاقاى پێكەنینەوە گوزەر بەو تەمەنەدا دەكەمەوە، كەواتە یادەوەرى من وەك خانەكانى شەترەنج رەش و سپى دەنوێنن، رەش وەك سیمبولێك بۆ حوزن سپیش گریمان بۆ ئەو بیرەوەرییانە كە دەمخەنە پێكەنین. راوەستن با بەهێمنى كەمێك فرمێسك بسڕم.
 

بێگومان یەكەمجاریشم نییە كە بە گۆرانى بگەڕێمەوە منداڵیم و زەجر بۆ ئەو تەمەنە بكێشم، پێشتر بە دەنگى گۆرانیبێژى گەورەى عێراق (فوئاد سالم) كە لە كاتێكدا قەسیدەى (غریب على الخلیج)ى بەدر شاكر سەییابى كردبووە گۆرانى دەگەڕامەوە بۆ ناوەراستى ساڵانى هەشتاكان كە لە قۆناغى سەرەتایى دەمخوێند، یان بە مەوالە غەمبارە عێراقییەكان (بە تایبەتى ئەوانەى هونەرمەندى گەورە حسێن ئەلبەسرى))
 

ئێوارەى 24ى ئەیلول موعین و جەمشید لە یاریگاى نێودەوڵەتى هەولێر كۆنسێرتێكیان سازدا، دیارە لە سەرەتاوە دەمەوێت بڵێم كە بە هیچ جۆرێك چێژ لە دەنگى جەمشید وەرناگرم بە تایبەتى گۆرانییە كوردییەكانى، بۆ نەگبەتى یەكەمجار جەمشید هاتە سەر تەختەى شانۆكەو ماندوى كردم. بە هەرحاڵ كاتێك موعین وەدەركەوت جەماوەر بە تەواوى خرۆشان و هەموان كردمان بە چەپڵەرێزان، ئەو پیاوە مەزنە كە شایەنى ئەوەیە نازناوى عەندەلیبى میوزیكى فارسى لێبنرێت بە دەنگە بەسۆزەكەى هەمومانى خستە سەمایەكى شێتانە كە بەتەواوى لە سەماكەى ناو چیرۆكى (دەمامكى مەرگى سور)ى ئێدگار ئالان پۆ دەچوو كە ئەمیر (پرۆسپیرۆ) ئاهەنگ و سەماكەى سازكردبوو. رەوەندێكى زۆرى فارس لە وڵاتى ئێرانەوە هاتبون بە تایبەتى لە تارانى پایتەخت و ئەسفەهانەوە. ئەگەرچى زۆرترین سەرسامى من بەرانبەر بە داریوش و هایدەیە بەڵام نكوڵى لە دەنگى خۆش و بەسۆزى موعین ناكرێت.. پێشتر چومەتە كۆنسێرتى چەند گۆرانیبێژێكى گەورەى وەك شەجەریان و جۆرج وەسوف و چێژێكى زۆرم لە دەنگیان بینیوە بەڵام ئامادەبونیش لە كۆنسێرتى موعیندا بە نیسبەت ژیانى تایبەتى خۆمەوە كۆمەڵێك یادەوەرى منداڵیمى بیرخستمەوە بە تایبەت ساڵى 1985 كاتێك لە قۆناغى یەكەمى سەرەتایى بووم جوان بە بیرم دێت لە ماڵى ئێمەدا تەنها گوىَ لە گۆرانى فارسى دەگیرا هەتاكو واى لێهاتبوو زۆربەى گۆرانییە فارسییەكانمان لەبەر كردبوو چونكە زۆربەى ئەو گۆرانیانە لە تەلەفزیۆنى كەناڵى كوردى كەركوك لە وادەى پەخشى بەرنامە فارسییەكاندا بە تایبەت لە دواى بەرنامەى (سیماى مقاومت) پێشكەشدەكران كە باسى لە پەیڕەو و پرۆگرامى حیزبى (مجاهیدینى خەلق)ى مەسعود رەجەوى دەكرد. من و (ئەردەڵان)ى جوانەمەرگى برام زیاتر مەیلمان بەلاى داریوشدا دەرۆشت لە كاتێكدا (ئاگر)ى برام زۆرترین گۆرانییەكانى موعینى لەبەربوو. ئەو كاتەى لە ناوەراستى هەشتاكاندا گوێمان لە موعین دەگرت پێموایە هێشتا (پەریچە)ى كچى ئەو گۆرانیبێژە لە دایك نەبوو بوو چونكە كاتێك لە كۆنسێرتەكە چاوم بە پەریچە كەوت (كە لەگەڵ باوكیدا پێكەوە لە ئەمریكاوە هاتبون) زۆر شۆخ و شەنگ و منداڵ دیار بوو، بیرمان نەچێت موعین لەساڵى 1992دا ئەلبومێكى بە ناوى (پەریچە)ى كچییەوە بڵاوكردۆتەوە كە ماناى ناوەكەشى بە پەرى بچوك دێت.


نەسروڵا موعین-ى گۆرانیبێژى بەناوبانگى ئێران كە بە موعینى ئەسفەهانى ناسراوە لە ساڵى 1951دا لە نەجەفئابادى ئەسفەهان لەدایكبووە، ئەگەرچى بە دێژایى سەردەمەكانى رابردوو تاران پایتەختى هونەرى ئێران بووە بەڵام ناوبراو ئەسفەهان بەجێناهێڵێت و لە میوانخانەى (شا عەباس) دا بەكاركردن بژێوى ژیانى پەیدا دەكات و لە پاڵ ئەوەشدا درێژە بەكارى هونەرى دەدات. لەساڵى 1982دا كاتێك گۆرانى (یكى را دوست میدارم)ى گوت ئیتر ئێرانى بەجێهێشت و رویكردە لۆس ئەنجلس. موعین لە دیدارێكدا وتویەتى پێشتر ئەو گۆرانییە لەلایەن هایدەوە وتراوەو پاشان من وتومەتەوە. كەواتە موعین لەرێى ئەو گۆرانییەى هایدەوە سەركەوتنێكى گەورەى بەدەستهێناو ئیتر وردە وردە ناوبانگ و جەماوەرى زیادیكرد.


بەهۆى ئەو گۆرانییانەوە كە بۆ عەشقى وتووە پێدەچێت پڕ فرۆشترین بەرهەمى هەبێت لە ناو فارسدا، ئەو خاوەنى 22 ئەلبومە كە ئەوەش خزمەتێكى گەورەیە بۆ دەوڵەمەندكردنى هونەرى وڵاتەكەى. لەنێو ئەلبومە ناودارەكانیدا دەتوانین ئاماژە بدەین بە ناوى (هەوەس، یكى را دوست میدارم، ئارەزوو، سەفەر، كەعبە، پەریچە، تولدى عشق، نەماز "یاخود نوێژ"، موسافیر، تڵوع، لەحزەكان، و گوڵەكانى غوربەت) كە ئەوەى دوایین بە هەمان شێوە ناوى ئەلبومێكى هایدەیە و چەند گۆرانییەكى دورودرێژ لەخۆدەگرێت. بەگەڕانەوە بۆ منداڵى لەو كۆنسێرتەدا دوو دێڕى شیعرێكى خۆمم بیركەوتەوە بەناوى (باشە كە شەیتان نەما، ئێمە بەرد بگرینەكىَ؟) كە تێیدا وتومە:
ئەمشەو بە حوزنەوە دەگەڕێمەوە نێو كوچەیەكى پەنهانى منداڵیم
ئەمشەو بە زاكیرەى با دەگەڕێمەوە سەر یەكەم حەرفى زوبانم
دواجار...
موعین دەنگى لە ئاوێكى خوڕى ژێر درەختێك دەچێت كە لە نیوەرۆیەكى گەرمدا بۆ حەوانەوە لەژێر سێبەرو ساباتى ئەو درەختەدا خوڕەى ئاوەكە ئارامییەكى تەواو بە مێشكت دەبەخشێت.