راڤەکردن و تێگەیشتن
لەنێوان هیرمینۆتیکاو فەلسەفەدا


"تێگەیشتن فۆرمێکە لە فۆرمەکانى بوون"
(هایدگەر)


عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا


ئەگەر بەشێوە باوەکەى هەموو لێکچوونێکى مەعریفەو بابەت، حەقیقەت بنوێنێ. ئەوە چەمکى نوێ پێیوایە حەقیقەت: راڤەو لێکدانەوەى رووداوەکانە و مەرج نییە تێگەیشتن و بابەت لەگەڵ یەکدا کۆک بێتەوە. واتە خود هەمان وێنەى ئەو شتە نییە کە دەیخاتە روو... لە روانینى هاوچەرخدا نە خود پێدراوێکى پێش بابەتە، نە بابەتیش پێدراوێکى پێش خودە. بەڵکو لەنێوان خود و بابەتى زانراو ئاڵوگۆڕى بەردەوام هەیە. کەواتە حەقیقەت بە موڵک ناکرێت، وەک چۆن بابەتێک نییە خود حوکمى بەسەردا بدات، بە هەمان شێوە وەرگیراویش نییە، حەقیقەت واقیع و رووداوە.
بە نیسبەت (سپینۆزا) حەقیقەت کۆى ئەو مانایانە دەگرێتەوە کە لەگەڵ نووسەر لەدایک دەبێت، نەک لەگەڵ راڤەکار و بارودۆخى مێژوویى راڤەکردن. واتە وەک بابەتێکى حەقیقى بە خودى نووسەرەوە دەلکێت و دەکەوێتە دەرەوەى خودى راڤەکارەوە. بەڵام حەقیقەت لاى (هایدگەر) لەگەڵ نیازى نووسەر یەک نیە، وەک چۆن ناکەوێتە نێو دەق و پێشتر بەسەر دەقەوە فەرز نەکراوە، بەڵکو حەقیقەت بە مانا ئەنتۆلۆژییەکەى هەمە لایەنە، نە پێش راڤەکردن دەکەوێت و نە دەکەوێتە دواى راڤەکردنەوە، لەسەر ئەو بنەڕەتەش هایدگەر سێ رەگەز بۆ راڤەکردن دەست نیشان دەکات (دانەر-دەق-راڤەکار) هەر سێکیشیان دەکەونە نێو حەقیقەتەوە.
(گادامێر) پێیوایە حەقیقەت لە کارى هونەریدا لەمیانى ناوەندێکى سەربەخۆدا دەردەکەوێت، ئەو ناوەندەش فۆرمە کە هونەرمەند لە میانییەوە دەتوانێت ئەزموونى وجودییانەى خۆى بەرەو پێدراوێکى جێگیر بەرێت. ئەو ناوەندە لەرێگەى دۆزینەوە و ئیبداعەوەیە، هەر لەو خاڵەشەوە حەقیقەت و میتۆد بەیەک دەگەیەنێت و بە دوو رووى یەک شتیان دەچوێنێت. لاى گادامێر ئەوە کەشفکردنە ماوەى نێوان حەقیقەت و میتۆد رەتدەکاتەوە. وەک چۆن پەیوەندى نێوان راڤەکردن و تێگەیشتنیش بە رەنگدانەوەى ئیشکالییەتى حەقیقەت و میتۆد دەداتە قەڵەم. بە دیوەکەى دیکەش کۆى ئەو پەیوەستبوون و تووندییەى نێوانیان وێنەیەکى دیکەى حەقیقەت و میتۆد دەخاتە روو.
پەیوەندى نێوان راڤەکردن و تێگەیشتن
لەرووى زمانەوانییەوە "تێگەیشتن" بە گەیشتنەوە بەندە، لەسەر بنەماى پێشوازیکردن دیارى دەکرێت. بەو مانایەش تێگەیشتن وەک هێزى فیکرى دەردەکەوێت و هاوشانى دەرککردنە. بەڵام "راڤەکردن" لە پلەى دووەم دێت و شتێکە دەخرێتە سەر تێگەیشتن. جیاوازى نێوان تێگەیشتن و راڤەکردن لاى "کلادینیۆس 1710-1754" ئەوەیە کە کاتێک مرۆڤ ناتوانێت لە کارە مێژووییەکان بگات، ئەو کاتە بە راڤەکردنیان هەڵدەسێت، لێرە تێگەیشتن بنەڕەتە و راڤەکردن چالاکییەکى لاوەکییە. جگە لە تێگەیشتن و راڤەکردن چەمکێکى دیکە خۆى دەنوێنێ ئەویش "لێکدانەوە"یە... لێکدانەوە بۆخۆى بە پەرەپێدانى ئەوەى تێگەیشتن دەیخاتە روو دیارى دەکرێت.
لەگەڵ "دێلتا 1833-1911" تێگەیشتن دیارى کرا، بەو مانایەى کە چالاکییەکى ناوەکییانەى مرۆییەو دەکەوێتە پشت مەیلەکانى ژیان و بەرەو میسالیەت دەچێت. دێلتاى سەر بە قوتابخانەى مێژووگەرییەو سەد ساڵ بەر لە "فوکۆ" جیاوازى کردووە لەنێوان "زانستى سرووشتى" کە چارەسەرى فاکتە هەستییەکان دەکات و پشت بە راڤە کردن دەبەستێت و "زانستى مرۆیى" کە چارەسەرى مانا ناوەکییەکان دەکات و بە تێگەیشتنەوە بەندە. بەو مانایە سرووشت لێکدەدرێتەوە، بەڵام ژیانى رۆحى دەبێ تێیبگەین. ژیانى رۆحى ئاراستەکەى بەرەو بیرکردنەوەى خودگەراییە و لە دەرەوە بەرەو ناوەوەیە و بە هاوژیانى تەعبیرى لێدەکرێت.
تێگەیشتن لە شارەزابوونى ژیانەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام گەڕانەوە بۆ ژیان بە مانا سۆفییەکەى نا، بەڵکو گەڕانەوە بۆ شارەزابوون.. فەلسەفەى دێلتاى پێیوایە مەعریفە لە ئەزموونى ژیان درووست دەبێت لەرێگەى ئەو تیۆرە فەلسەفە لە گرفتەکانى رۆژانەوە سەرچاوە دەگرێت، ژیانیش نە لەسەر خودى باڵا و نە لە پێوانەى پێشوو دێتە بەرهەم، بەڵکو لە خودى ژیانەوە بونیاد دەنرێت.
تێگەیشتن وەک تیۆر لەلایەن "شلیرماخر 1768-1834" دیارى کراوە و دەکەوێتە سەدەى هەڤدەمەوە. شلیرماخر هەڵوێستێکى کلاسیکیانەى بەرامبەر هیرمینۆتیکا هەیە، پێیوایە دەق لە ناوەندێکى زمانەوانى پێکهاتووەو فیکرى دانەر بۆ خوێنەر دەگوازێتەوە. کەواتە لەرووى زمانەوانییەوە ئاماژە بە زمان... لەرووى دەروونیەوە ئاماژە بە خودى داهێنەر دەکات. لاى شلیرماخر پەیوەندى ئەو دووانە پەیوەندییەکى جەدەلییە. هەروەها هەر چەندە دەق وەک زەمەن لێمان دوور کەوێتەوە تەمومژاوى خۆى نیشان دەدات و دووچارى بەدحاڵیبوونمان دەکات. بەدتێگەیشتن ئەو کاتە درووست دەبێت کە بەشێوەیەکى ریکوپێک لە دەق ناگەین، جا بۆیە هانا بۆ راڤەکردنى دەبەین. لێرەدا راڤەکردن، هونەرى دوورکەوتنەوەیە لە بەدتێگەیشتن. بەو مانایە شلیرماخر راڤەکردن پێش تێگەیشتن دەخات، هەر لەوێشەوە بڕواى خۆى بەرامبەر ئیبداعکارى راڤەکردن رادەگەیەنیت، ئەگەرچى کارى ئیبداعى راڤەکار لاى شلیرماخر تەنها لە بابەتى دەقى زمانییەوە هەڵناقوڵێت وەک لاى کلادینیوس دەبینرێت، بەڵکو رەهەندى دەروونى بۆ زیاد دەکات. راڤەکاریش دەبێ هەڵگرى دوو بەهرە بێت، یەکەمیان بەهرەى زمانەوانى، دووەم تواناى ئەوەى هەبێت بچێتە ناخى داهێنەرەوە. ئەوەش بەرەو ئەوەمان دەبات کە هەموو دەقێک دوو لایەنى هەیە، لایەنى بابەتى کە ئاماژە بە زمان دەکات و وادەکات کردەى تێگەیشتن ئاسان بکەوێتەوە، لایەنى خودى کە ئاماژە بە دانەر دەکات و لە بەکارهێنانى تایبەتى زمانەوە دەردەکەوێت، هەردووکیشیان ئەزموونى دانەر لەخۆ دەگرن. ئەو دوو لایەنە بابەتى و خودییە یان زمانەوانى و دەروونییە، رێساى بنەڕەتى و شێوازى دیاریکراوى هونەرى تەئویلکردن دەستنیشان دەکەن و بەبێ ئەو دووانەش ناتوانین لە بەدحاڵیبوون رزگارمان بێت.
شلیرماخر پێیوایە هەموو گیروگرفتەکانى راڤەکردن، تێگەیشتنیش دەگرێتەوە. گادامێر تانە لە چەمکى بەدحاڵیبوون دەدات و دەڵێت: بەدتێگەیشتن بۆخۆى جۆرێکە لە تێگەیشتن، کە لەگەڵ نیازى دانەر یەکناگرێتەوە. لەلایەکى دیکە "دیلیسى" کە دەوێت زانستى کۆمەڵایەتى لەسەر پرنسیبێکى جیاواز لە زانستى سروشتى دابمەزرێنێ پێیوایە مەعریفە لەسەر ئەزموونى ژیان دێتە ئاراوە. ئەزموونى ژیان دووانەى خود و بابەت دەگرێتەوەو تەعبیر لە دۆزینەوەى "من" لە "تۆ"دا دەکات. جیاوازى لەنێوان ئەزموونى خودى "ئەزموونى ژیانى ناوەکى" و ئەزموونى بابەتى "ئەزموونى ژیانى دەرەکى" دەکات و پێیوایە ئەزموونى خودى لەرێگەى تەعبیرکردنەوە بەرەو بابەتگەرایى دەچێت...
کردەى تێگەیشتن لاى ئەو لە گفتوگۆى نێوان خودى خوێنەر "ئەزموونى خوێنەر" و خودى بابەت "ئەزموونى بابەتگەرا" بە ئەنجام دەگات، ئەو بە ئەنجام گەیشتنەش لەرێگەى ناوەندێکەوەیە کە بە "ئەزموونى ژیان" ناو دەبرێت. ئیتر لەو هاوژیانییە دەق، خوێنەر لەرێگەى خەیاڵ (وەک فیکر، وەک هەست) دەوڕوژێنێ، بۆیە ماناکانى دەق بەپێى سەردەمەکان دەگۆڕێت، چونکە پەیوەندى نێوان راڤەکار و بابەت بەپێى زەمان و مەکان دەگۆڕێت.
تێگەیشتن لەرێگەى گوتراوەکان و ئاگایى مرۆییەوە لەدایک نابێت، بەڵکو لە هەڵقوڵینى شتەکانەوە دێتـە بەرهەم، ئەو شتانەى کە بەرەو روویان دەبینینەوە.. لەو حەقیقەتانەى کە دەرکییان دەکەین... بەڵام ئایا دەرککردن لە بۆشاییەوەیە؟ وەک هایدگەر دەڵێت مرۆڤ لە وجودییەوە دەبینرێت، لە ماوەى ئەو بوونەدا تێگەیشتنێک بۆ ماهیەتى تەواوى وجودى ئەو مرۆڤە دیارى دەکرێت، بەڵام ئەو تێگەیشتنە جێگیر نییە، کەواتە بوونى مرۆیى لەمیانى ئەو تێگەیشتنەدا (لە هەمان کاتتدا) کردەیەکى بەردەوامە لە تێگەیشتنى دیاردەکانى بوون، هیرمینۆتیکا لاى هایدگەر پرۆسەیەکە لە –تێگەیشتن-ى بوون، تێگەیشتنیش تواناى شیاوى دەرککردنى تاکە لە ناوکۆیى ژیانى وجودییانەى لە جیهاندا. بەو مانایەش تێگەیشتن شتێک نییە بە دەستى بهێنین و خاوەندارێتى بکەین، بەڵکو فۆرمێکە لە فۆرمەکانى بوون لە جیهاندا یان رەگەزێکە لە دامەزراندنى ئەو بوونە و لەسەر ئەو بنەمایە تێگەیشتن لەرووى وجودییەوە بنەڕەت و پێشینەیەکى وجودییانەیە. تێگەیشتن لە بۆشاییەوە نایەت، بەڵکو لە تێگەیشتنى بوونەوە دێت، لە مەعریفەى سەرەتایى لە بارەى دەق و جۆرەکەیەوەیە. هایدگەر لەرێگەى دامەزراندنى وجودى مەعریفییەوە پێیوایە "تێگەیشتن" و "بوون" دوو شتى هاوپەیوەستن یان یەکگرتوون.
گادامێر لە دەرەوەى میتۆدەوە هەوڵى تێگەیشتنى زانستى مرۆیى دەدات، چونکە کردەى تێگەیشتن (لە مرۆڤ و زانستى سرووشتى) کردەیەکە تەجاوزى چواچێوەى میتۆد دەکات. میتۆد هیچ بەرهەم ناهێنێ ئەوە نەبێ کە بەدوایدا دەگەڕێت، هیچ وەڵام ناداتەوە تەنها ئەو پرسیارانە نەبێت کە خستوویەتە روو.
لاى گادامێر هەموو هەوڵ و چالاکییەک بۆ تێگەیشتن ساتەوەختێکى ژیانى خودى کەلتور دەگەیەنێت، بە مانایەکى دیکە هەموو کەلتورێک تێگەیشتنێکى دیاریکراوى لەخۆدا هەڵگرتووە، لەبەر ئەوەى تێگەیشتن پەیوەندى بە کەلتورى دیاریکراوەوە هەیە، کەواتە بەپێى دنیابینى خۆى دەیسازێنێ. بەڵام تێگەیشتن لاى گادامێر لە وەرگرتنى نیازى نووسەرەوە هەڵناقوڵێت، نیازى دانەر ئاسۆى تێگەیشتن دیارى ناکات، بەڵکو ئەو ئاسۆیە راڤەکار پڕى دەکاتەوە، راستە راڤەکار شوێنى ناوەندى زمانەوانى پڕ ناکاتەوە، بەڵکو لەگەڵ شێوەکانى زمانەوانى مامەڵە دەکات، ئەو فۆرمانەش بەرەو تێگەیشتنى تایبەتمان دەبەن، ئەو تێگەیشتنەش دەکەوێتە دەرەوەى زمانى دەقەوە. بەمجۆرە وەک دەردەکەوێت تێگەیشتن هەمیشە لاى ئەو راڤەکردن بووە، راڤەکردنیش هەمیشە رەگەزێکى بونتاتنەرى ناوەکییانەى تێگەیشتن بووە، بەیەکەوە لکاندنى ناوەکییانەى تێگەیشتن و راڤەکردن لە گرفتى هیرمینۆتیکیدا بەرەو رەگەزى سێیەممان دەبەن لاى گادامێر ئەویش جێبەجێکردنە، جێبەجێکردن جەوهەرى حەقیقى تێگەیشتنە. بەمجۆرە تێگەیشتن پرۆسەیەکى گفتوگۆئامێزى بونیادتنەرەو نە بەکۆتا دەگات و نە بابەتگەرانە دەکەوێتەوەو نە گرنگى بە میتۆد دەدات.
ئاگایى جوانئامێز
هەر لە ئەفلاتوون و سقراتەوە هەتا سەردەمى کلاسیکى، رۆڵى واقیعى دەرەوە لەسەر داهێنەر یان هونەرمەند بە هەند وەردەگیرا، ئەوەش بە لاساییکردنەوە ناونرابوو. لەو تیۆرەدا بۆ راڤەکردنى دەقى ئەدەبى لە دەرەوە بەدواى دەلالەتەکانیدا دەگەڕان، ئەو دەلالەتانە لاى ئەفلاتوون لەگەڵ حەقیقەتى فەلسەفى یەکیاندەگرتەوە... بەڵام رۆمانسییەکان رۆڵى داهێنەریان لەسەر حیسابى واقیع بە هەند هەڵدەگرت، کارى ئەدەبى و هونەرییان بە دنیاى ناوەوەى داهێنەرەوە دەبەستایەوە، بەو مانایەش ئەرکى راڤەکار ئەوە بوو کە بتوانێت لە خودى داهێنەر بگات، نەک لە کارەکەى ئەویش لەرێگەى زانیارى وەرگرتن لەسەر داهێنەر.. بەڵام دواتر لەلایەن "ت.س. ئەلیوت" دەق سەربەخۆیى خۆى وەرگرت و کەوتە دەرەوەى واقیع و داهێنەرەوە، ئەرکى رەخنەکار ئەوە بوو دەق لەگەڵ دەقەکانى دیکەدا بەراورد بکات و بەدواى رەگەزە دەلالییەکانى زمان و جوانیدا بگەڕێت....
راستە جوانى بە رووخسارى هەستپێکراوەوە بەندە، بەڵام "سقرات" لەو رووخسارە دیارە جوانییەک نابینێت ئەگەر ئەو جوانیە لە ناوەوەشدا وجودى نەبێت. سقرات گرنگى بە جوانى ناوەوە دەدات، هەر لەوێشەوە پێیوایە دەبێ جوانى مل بۆ خێر کەچ بکات و لە پێناوى رەفتارى ئەخلاقیدا بێت و ئامانجى ئایینى هەبێت.
بەمجۆرە گرنگیدان بە جوانى سیمایەکى رۆحى لەخۆ دەگرێت و راستەوخۆ پەیوەندى بە خودەوە دەکات، بەڵام دەبێ لە زانستى هیرمینۆتیکادا بخەمڵێنرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا پێویستە هیرمینۆتیکا دیاریکراو بێت بەو مانایەى کە گشتێکە و حوکمى بەسەر شارەزایى هونەرییەوە هەیە.. "شارەزایى هونەرى" بۆخۆى جۆرێکە لە پرۆسیسەکردنى هیرمینۆتیکى، هەروەک "شارەزایى لە جوانى" شارەزاییە لە رووانین، شارەزایش لە رووانین خۆى لە چێژى لێوردبوونەوەى مەعریفەدا هەڵدەگرێتەوە. چونکە لە هەموو ئەوانەى لەنێو مێژوو و سرووشتدا پێیدەگەین، دەبینین کارى هونەرى راستەوخۆ لەگەڵمان دێتە دوان. هەر لەوێشەوە گەیشتن بەکارى هونەرى راستەوخۆ لە گەیشتن بە دەرکەوتنى حەقیقەتەوە دەلکێت.
بەڵام هیرمینۆتیکا دەریخست کە کارى هونەر و ئەدەب تەعبیر لە حەقیقەتى ناوەوە ناکات، شیعر ناوەوەى شاعیر و هەستەکانى ناگوازێتەوە، بەڵکو راستتر وایە بڵێین ئەزموونێکى وجودییانەیە. بەمجۆرەش زمان (جیهان) بابەتگەرایى یان خودى نییە، هەروەها دەق ناشێ وەک تەعبیرێکى خودى (کە لاى رۆمانسییەکان دەبینرا) یان لەسەر بنەڕەتى تەعبیرکردنى بابەتیانەوە سەیرى بکەین (وەک لاى ئەلیوت هەست پێدەکرا) ... بەڵکو دەق بەشداریکردنە لە ژیان (ئەزموونێکى وجودییە) تەجاوزى بابەتگەرایى و خودگەرایى دەکات. کەواتە تێگەیشتن لە دەق لە تێگەیشتن لە بوونەوە دێت.
ئەگەر جیهان لەرێگەى کارى هونەرییەوە خۆى واڵا بکات، کەواتە کرانەوەى وجودییانە لاى "وەرگر" لەمیانى ئاگایى بە بوونى خۆیەوە- وادەکات کردەى تێگەیشتن شیاو بکەوێتەوە. بەمجۆرە کارى هونەرى ساتەوەختێکى وجودییانەیە و جێگیرکردنى ئەو ئەزموونە وجودییەى هونەرمەند وا دەکات کارى هونەرى وەک ناوەندێکى مەعریفى قووڵ شیاوى بەشداریکردن و دووبارە بەرهەمهێنانەوە بێت... بگۆڕێت و بگوازرێتەوە. کەواتە گەیشتن بەو کارە قووڵە هەر تەنها گەیشتن نییە بە چێژ و جوانییەکى پەتى کە فۆرم دەینوێنێ، بەڵکو کردەیەکە لە بەشداریکردنى وجودییانەو لەسەر گفتوگۆى نێوان کارو وەرگرەوە وەستاوە. گادامێر پێیوایە هەرگیز کارى هونەرى وەک زەخرەفە بە شێوازى جوانى پەتى "کانت"ى رازى نییە، بەڵکو کارى هونەرى بڕواى بە حەقیقەتى جوانى هەیە. لێرەدا گادامێر بڕوا بە هیگل دەکات کە پێیوایە جوانى سرووشتى رەنگدانەوەى جوانى هونەرییە.

 

سەرچاوەو پەراوێزەکان:
- بڕوانە: کتێبى "الفهم و النص، دراسە فی المنهج التأویلی عند شلیرماخر و دیلتای، بومدین بوزید، منشورات الاختلاف، الجزائر-الجزائر، ص70.
-زانستە سرووشتییەکان، لە سەرنجدانى شتەکان "بابەتەکان" دەلالەتى بونیادەکانى هەڵدەنێ، زانستە مرۆییەکان دەلالەتەکانیان لە تێگەیشتنى تەعبیرەکان، یان بەبابەتکراوە عەقڵى رۆحییەکان دایە. یەکەمیان زانستێکى فیزیاییە، بەڵام دووەمیان کردەگەلێکى دیاریکراوە لە ژیانى عەقڵییەوە هەڵدەقوڵێ. لەرێگەى بەڵگەهێنانەوە نایناسین، بەڵکو دەبێ دەرکى پێبکەین.
-بڕوانە: کتێبى "الفهم و النص، دراسە فی المنهج التأویلی عند شلیرماخر و دیلتای، بومدین بوزید، منشورات الاختلاف، الجزائر-الجزائر، ص95.
-بڕوانە کتێبى: اشکالیە القراءە و الیات التۆیل، نصر حامد ابوزید، المرکز الثقافی العربی، گ7، 2003، ص22.
-کادامیر، مفهوم الوعی الجمالی فی الهیرمنیوتیکا الفلسفە، د. ماهر عبدالحسین حسن، دار التنویر 2009، ط1، ص71.
- محمد عزام، التلقی و التأویل، بیان سلطە القاریء فی الادب. دار الینابع-دیمشق، ط 2007، ص 227.
-: اشکالیە القراءە و الیات التۆیل.. ص32،33،36.
- کادامیر، مفهوم الوعی الجمالی فی الهیرمنیوتیکا الفلسفە... ص141.