چیرۆک : ئارام کاکه‌ی فه‌لاح
 

( دڵێک له‌ که‌لاوه‌ )


من بڕیارم داوه‌ بۆ ماوه‌یه‌ک، ئاوا بۆ چوار ساڵێک، بگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ وڵات. هه‌موو شتێکم کۆکردۆته‌وه‌، هه‌موو شتێک که‌ بتوانم لێره‌وه‌ بیبه‌مه‌وه‌و له‌وێ پێویستم پێی بێ ئاخنیومه‌ته‌ ناو جانتاکه‌مه‌وه‌. تاقه‌ شتێ که‌ بۆم کۆناکرێته‌وه‌ و ناتوانم بیبه‌مه‌وه‌ له‌گه‌ڵ خۆمدا دڵمه‌. ئه‌م دڵه‌ شێته‌م بۆ کۆناکرێته‌وه‌. هه‌ندێ جار وا هه‌ست ده‌که‌م که‌ ئه‌م دڵه‌ی من له‌ دووکه‌ڵ و ته‌م دروست کراوه‌ بۆیه‌ کۆکردنه‌وه‌ی مه‌حاڵه‌، جاری تریش گه‌ر ڕاستان ده‌وێ بڕوایه‌کی ته‌واوم به‌وه‌یه‌ که‌ بووخارێک له‌ جیاتی دڵم له‌ سینگمدایه‌ و به‌به‌رچاومه‌وه‌ به‌رزده‌بێته‌وه‌ بۆ ئاسمان. ئێوه‌ که‌ستان دڵتان بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر به‌جێی هێشتوون؟ به‌یانییه‌ک له‌ خه‌و هه‌ستابن و دڵتان له‌ دیوی ئه‌و دیوه‌وه‌ به‌ شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌که‌وه‌ نووسابێت و لێ نه‌بێته‌وه‌؟ که‌ منداڵ بووم و دایکم هه‌ندێ جار به‌ غه‌مگینی ده‌یبینیم، پێی ده‌وتم _کوڕم ! ئاگات له‌ دڵت بێ و نه‌یه‌ڵی هه‌موو کچێ بێته‌ ناوێوه‌، دڵی تۆ به‌رده‌می ئاوێنه‌ نییه‌ هه‌ر کچێ ویستی لێوه‌ی سه‌یری خۆی بکات و قژی له‌ به‌ر دابێنێت.

به‌ داخه‌وه‌، من هه‌موو ئامۆژگارییه‌کانیم له‌ گوێ گرت، ئه‌مه‌یان نه‌بێت. کچانێکی زۆر هاتن و رۆشتن، ژماره‌یان چه‌ند بوون، نازانم، نا خۆم هه‌ڵناکێشم پێمه‌که‌نن، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانم که‌ زۆر به‌ ئاسانی ده‌هاتن و به‌ ئاسانی ده‌ڕۆشتن. ده‌ڕۆشتن و له‌ دوای خۆیانه‌وه‌ دڵۆپێک فرمێسکیان جێ نه‌ده‌هێشت. به‌ڵام ئه‌مه‌ی دوواییان زۆر به‌ زه‌حمه‌ت هات و نایه‌وێ بڕوات. وا خه‌ریکه‌ سه‌فه‌ره‌که‌م لێ تێک ده‌دا، بۆیه‌ من خۆم بۆ کۆناکرێته‌وه‌، هه‌موو شتێکم خستووه‌ته‌ ناو جانتاکه‌مه‌وه‌و ده‌مه‌وێ بگه‌ڕێمه‌وه‌، هه‌ست ده‌که‌م ده‌ستێک جانتاکه‌م لێ ده‌شارێته‌وه‌. له‌ پێرێ وه‌ تا ئه‌مڕۆ ده‌ جار پاسپۆرته‌که‌م ون کردووه‌ و دۆزیوه‌ته‌وه‌، که‌مێک پاره‌م گۆڕیوه‌ته‌وه‌ ئێستاش نازانم له‌ کوێم داناوه‌.

نا، حیکایه‌تی من له‌گه‌ڵ ئه‌و کچه‌دا هی ئه‌وه‌ نییه‌ بۆ ئێوه‌ی بگێڕمه‌وه‌. من جارێ به‌ خێرێ بۆ خۆمم نه‌گێڕاوه‌ته‌وه‌. نا دڵی خۆتان خۆش مه‌که‌ن کفری وا ناکه‌م له‌ کۆرسێکی ئاوادا و له‌به‌رده‌م ده‌ دوازده‌ که‌سی غه‌ریب و نه‌ناسدا باسی ئه‌و کچه‌تان بۆ بکه‌م. خۆ من وه‌ک ئێوه‌ هێنده‌ ساویلکه‌ نیم دڵی خۆمتان وه‌ک لاله‌نگییه‌کی پاککراو بۆ بخه‌مه‌ سه‌ر ئه‌م مێزه‌ خڕه‌ی به‌ر ده‌ممان که‌ له‌ ده‌وری کۆبووینه‌ته‌وه‌. منیش وه‌ک ئێوه‌ پاره‌یه‌کی زۆرم داوه‌ به‌م کۆرسه‌، تا بۆ سه‌فه‌ره‌که‌م به‌هێزم بکات وبتوانم به‌ ئاسانی سه‌فه‌ر بکه‌م و ئاوڕ نه‌ده‌مه‌وه‌ بۆ دواوه‌. چونکه‌ هه‌ر ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی دواوه‌ قه‌پاڵگرتنێکه‌ له‌ ئێستا، هه‌ر تێڕامانێک له‌ ڕابردوو خێسه‌یه‌که‌ له‌ داهاتوو. ئه‌مڕۆ ئیتر حه‌وته‌م ڕۆژ و دووا ڕۆژه‌، هه‌مووتان چیرۆکی خۆتان گێڕایه‌وه‌ ته‌نها من ماوم، دوای من هه‌موومان نامه‌یه‌ک وه‌رده‌گرین که‌ به‌ سه‌رکه‌وتوویی ئه‌م کۆرسه‌ زه‌حمه‌ته‌مان بڕی. ئیتر ده‌توانین بڕۆین و ئاور نه‌ده‌ینه‌وه‌، به‌ پێی تیۆرییه‌کانی مامۆستا بێت، ئاوڕیش بده‌ینه‌وه‌ هیچ نابینین، ماده‌م خۆمان نامانه‌وێ ببینین هیچی لێ نییه‌. ڕابردوو له‌ چاوترووکانێکدا ده‌بێته‌ ته‌مێک و تێکه‌ڵاوی هه‌وای ئاسمان ده‌بێت. گرفته‌که‌ ئه‌وسا ده‌ست پێ ده‌کات که‌ ئێمه‌ سوور بین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ شتێک هه‌یه‌ و به‌ هه‌زار چاو سه‌یرمان ده‌کات، هه‌زار ده‌ست ده‌مانگرێ و نایه‌ڵێ بڕۆین بۆ پێشه‌وه‌، وه‌ک چه‌قین له‌ ناو ده‌ریایه‌ک له‌ که‌تیره‌ و سیکۆتین. ئێمه‌ له‌ یه‌که‌م رۆژی ئه‌م کۆرسه‌ بووین که‌ من زانیم ئێوه‌ هه‌مووتان بۆیه‌ هاتوونه‌ته‌ ئێره‌ تا له‌ وڵاتی جیاواز جیاواز بچن بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی. بڕۆن و به‌ دڵێکی ڕه‌قه‌وه‌ چه‌ک هه‌ڵبگرن و بچنه‌ به‌ینی ئه‌و میلله‌تانه‌وه‌ که‌ به‌ خوێنی سه‌ری یه‌کتر تینوون. ئێوه‌ خۆشتان نازانن چیتان ده‌وێ، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ ده‌زانن که‌ ده‌تانه‌وێ بڕۆن و له‌ دوای خۆتانه‌وه‌ دڵۆپێک فرمێسک نه‌رژێته‌ سه‌ر پێڵاوه‌که‌تان. منیش وه‌ک ئێوه‌ بۆ ئه‌وه‌ هاتووم، به‌ڵام ئه‌وه‌ی من له‌ ئێوه‌ جیاده‌کاته‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، من نابم به‌سه‌رباز و ناچم بۆ شه‌ڕ. به‌ڵکو من ده‌مه‌وێ بچمه‌وه‌ بۆ وڵاتی خۆم، بۆ ماوه‌یه‌ک بگه‌ڕێمه‌وه‌ و خزمه‌تێک بکه‌م، به‌ڵام کچێک دڵی لێ داگیرکردووم و نامداته‌وه‌، من ناتوانم به‌ بێ دڵ پێ بخه‌مه‌ ناو فڕۆکه‌یه‌که‌وه‌ تا بمباته‌وه‌، فڕۆکه‌یه‌ک به‌ ئاره‌زووی خۆی به‌ ناو هه‌وره‌ سارده‌کاندا بێباکانه‌ بفرێ و ئاور نه‌داته‌وه‌ بۆ دواوه‌. منیش له‌ ناویا دانیشم، بگریم و بکوڵێم.


من هه‌ر له‌ یه‌که‌م رۆژدا بوو به‌ مامۆستام وت، مامۆستای ئازیز، من وه‌کو ئه‌وانی تر نیم، من ناچم بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی ناچم بۆ شه‌ڕ. ئه‌ویش وتی جیاوازی نییه‌، چوون بۆ شه‌ر و ڕاکردن له‌ عه‌شق یه‌ک شته‌. هه‌ردوولایان گۆڕه‌پانێکن پڕن له‌ مرۆڤی بریندار. بیرچوونه‌وه‌ی که‌سێکی خۆشه‌ویست و نارنجۆکێک که‌ به‌ر ته‌پڵی سه‌رت بکه‌وێت هه‌مان کاریگه‌ریی هه‌یه‌، ئه‌مه‌یان یه‌کسه‌ر ده‌تکووژێت و ئه‌وی تریان به‌ هێمنی. تۆ ناته‌وێ دڵت ببێ به‌ به‌رد؟ وتم با، وتی ده‌ ئه‌مه‌ باشترین شته‌ بۆ تۆ، من وانه‌ی وات ده‌ده‌مێ که‌ قه‌ت له‌ سه‌فه‌ره‌که‌ت په‌شیمان نه‌بیته‌وه‌. گه‌ر په‌شیمان بوویته‌وه‌ پاره‌ی کۆرسه‌که‌ت وه‌ربگره‌وه‌. ئای مامۆستای ئازیز! نامه‌وێ له‌به‌رچاوی قووتابییه‌کان بێرێزی بنوێنم، به‌ڵام من پاره‌که‌ی خۆم ده‌وێته‌وه‌، یان ڕاستت ده‌وێ به‌ زیاده‌وه‌ ده‌مه‌وێته‌وه‌، چونکه‌ هه‌ست ده‌که‌م دڵم له‌ جاران ناسکتره‌. ئه‌مڕۆ دوارۆژی کورسه‌که‌یه‌ و من بێ جانتاترین موسافیرم بیه‌وێ سه‌فه‌ر بکات. دوێنێ هه‌ر دوای ته‌واوبوونی ده‌وامی ئێره‌ چوومه‌وه‌ له‌به‌رده‌م په‌نجه‌ره‌ی ژووری کچه‌که‌دا تا سه‌عات ده‌ی شه‌و وه‌ستاوم، پیاوێکم بینی وام زانی باوکێتی خۆم بۆ نه‌گیراو ماچێکم کرد، یه‌ک بۆکسی لێدام، ئه‌ها ئێره‌م چۆن سوور بووه‌ته‌وه‌. ده‌ی ڕه‌نگه‌ ئێستا زۆر باش نه‌بینرێ، وا به‌ شکه‌وه‌ سه‌یرم مه‌که‌ن دوێنێ زۆر ئاوسابوو. ڕاستان ده‌وێ سێ مانگ ده‌بێ ئه‌و کچه‌ جێی هێشتووم و تا ئێستاش ناتوانم بیرم چێته‌وه‌، ئه‌و کچه‌ی که‌ سه‌فه‌ره‌که‌می به‌ مشار له‌ ناوه‌ڕاستدا بڕیوه‌ته‌وه‌. من هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ زانیم، که‌ مرۆڤێکی وه‌ک من خاوه‌نی دڵێک بێ له‌ هه‌ویر، به‌ هه‌فته‌یه‌ک نابێ به‌ به‌رد. به‌ڵام هه‌ر حه‌زم کرد تاقی بکه‌مه‌وه‌. که‌ له‌ ئینتێرنێتدا شتێکی وام خوێنده‌وه‌ سه‌ره‌تا بڕوام نه‌کرد که‌ کۆرسی وا هه‌بێت، تا ته‌له‌فۆنم بۆ ئێره‌ کرد و وتیان نا گاڵته‌ ناکه‌ین، ئه‌مه‌ زانستێکی تازه‌یه‌ و مرۆڤ به‌هێز ده‌کات، ئه‌مه‌ بۆ یه‌کێ باشه‌ بۆ ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ سه‌فه‌ر بکات و بیر له‌ که‌سی خۆشه‌ویستی خۆی نه‌کاته‌وه‌، ئه‌م کۆرسه‌ مرۆڤ ده‌کاته‌وه‌ به‌ خاوه‌نی هه‌موو ژووره‌کانی دڵی خۆی. ئای ئازیزان! من زۆر شکم له‌وه‌یه‌ بووبێتمه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی ژووره‌کانی دڵی خۆم. ژووری چی؟ من که‌ سه‌یرێکی سینگی خۆم ده‌که‌م، جگه‌ له‌ که‌لاوه‌یه‌ک هیچی تر نابینم. به‌ڵام دڵی خۆتان خۆش مه‌که‌ن، دیقیش بکه‌ن باسی ئه‌و کچه‌تان بۆ ناکه‌م، به‌ڵام بۆ ته‌واو کردنی ئه‌م کۆرسه‌ هه‌ر ده‌بێ شتێ بڵێم، ئه‌وا باسی سه‌فه‌ره‌که‌متان بۆ ده‌که‌م، که‌ هیوادارم بتوانم بیکه‌م، وه‌ک له‌ پێشدا وتم و خۆشتان ده‌یزانن، گه‌ڕانه‌وه‌ی من بۆ سه‌ربازی نییه‌، به‌ڵکو بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ بۆ ئیشی خێرخوازییه‌، ده‌مانه‌وێ کۆمه‌ڵێک دێ و قووتابخانه‌ دروست بکه‌ینه‌وه‌، منیش خۆم له‌و ڕێخراوه‌دا ناونووس کرد و ده‌مه‌وێ شتێک هه‌رچه‌ند که‌میش بێ بۆ وڵاته‌که‌م بکه‌م .ده‌مه‌وێ یاده‌وه‌رییه‌ک دروست بکه‌م که‌ ون نه‌بێ، من زیاتر بێ یاده‌وه‌ری پاڵی پێوه‌نام بیر له‌م سه‌فه‌ره‌ بکه‌مه‌وه‌و بگه‌ڕێمه‌وه‌. هاوڕێکانی ئێره‌م، هه‌موویان خاوه‌نی یاده‌وه‌رییه‌کی زیندوون، هه‌موویان زۆر به‌ ئاسانی ده‌توانن پێم بڵێن که‌ باخچه‌ی ساوایانه‌که‌یان له‌ کوێیه‌، پیاسه‌ ده‌که‌ین و له‌ پڕ هاوڕێیه‌کم باوه‌ش به‌یه‌کێکدا ده‌کات و ده‌ڵێ ئه‌مه‌ مامۆستام بوو له‌ سه‌ره‌تایدا، تۆزێکی تر ده‌ڕۆین و ده‌ڵێ ئا لێره‌ باپیره‌م تۆپ تۆپێنی به‌ په‌رۆ کردووه‌، هه‌موو شار هاتوونه‌ بۆ سه‌یری کاتێک به‌ ده‌ خوله‌کی کۆتایی یاری چوار گۆڵی تۆمار کردووه‌و چوار به‌ سێ بردوویانه‌ته‌وه‌، له‌ ماڵه‌وه‌ وێنه‌کانت پێشان ده‌ده‌م. ده‌ڕۆین و یه‌کێکی تر ده‌ڵێ ئا له‌م دووکانه‌ نه‌نکم یه‌که‌م ته‌نووره‌ی کورتی خۆی کریووه‌، منیش ساڵی پار دوای پازده‌ ساڵ بۆ دوو هه‌فته‌یه‌ک گه‌ڕامه‌وه‌، شاره‌که‌ی خۆمم نه‌ناسییه‌وه‌، من ته‌نها له‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌وه‌ بینیبووم، له‌ ته‌له‌فیزیۆنیشه‌وه‌ وڵاته‌که‌ی من ده‌ڵێی به‌هه‌شته‌. ئه‌و باخچه‌ی ساوایانه‌ی که‌ به‌ منداڵی لێی بووم، بوو بوو به‌ مقه‌ڕی حیزبێک، کۆمه‌ڵێ گه‌نجی تووڕه‌ به‌ سیلاحه‌وه‌ له‌به‌رده‌میدا وه‌ستابوون، پرسیارێکم کرد هه‌موویان خه‌ریک بوون په‌لامارم بده‌ن. قووتابخانه‌ی سه‌ره‌تاییم بوو بوو به‌ سه‌ربازگه‌، هه‌ر ده‌ مه‌ترێک لێی نزیک بوومه‌وه‌ چواده‌وریان گرتم، منیش هه‌ردوو ده‌ستم بۆ سه‌ره‌وه‌ به‌رز کرده‌وه‌و وتم خۆ من قومبه‌له‌م پێ نییه‌، ئه‌مه‌ قووتابخانه‌ی من بوو به‌ منداڵی دیواره‌کانی ئێستاش ناوی من و ئه‌و وێنانه‌ی پێوه‌یه‌ که‌ من کردوومه‌، بردیانم و ژووره‌کانیان پێشان دام جگه‌ له‌ جێگای گوولله‌ هیچی ترم نه‌بینی. قووتابخانه‌ی ناوه‌ندیم بوو بوو به‌ گه‌راج، کۆمه‌ڵێ پاسی خه‌ڕه‌که‌شکاو به‌ده‌ست چه‌ند شۆفێرێکی بێزاره‌وه‌ له‌ خۆیان و له‌ دونیا، به‌ به‌نزینێکی خراپه‌وه‌ کۆمه‌ڵێ که‌سی ماندوویان ده‌گواسته‌وه‌. هی دوا ناوه‌ندیشم به‌ ئوردووگای ئاواره‌کان. که‌ خه‌ڵکانێکی لێ بوون فه‌رامۆش کراو، وه‌ک کۆمه‌ڵێک تارمایی ده‌هاتن و ده‌چوون، تارماییه‌ک که‌ نه‌ که‌س ده‌یانبینێ و نه‌ که‌س هه‌ستیان پێ ده‌کات. له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو هه‌فته‌یه‌دا ده‌ رۆژیم بۆ ئه‌وه‌ سه‌رف کرد مامۆستایه‌کی منداڵیم ببینمه‌وه‌، مامۆستای کوردیم بینییه‌وه‌، تاقه‌ مامۆستایه‌کی کوردی بوو که‌ هیچ شیعرێکی کوردی له‌به‌ر نه‌بوو، دوای دووسه‌عات دانیشتن و ده‌جار چا خواردنه‌وه‌ ئینجا وتی ئێ، ئێ ده‌زانم ، ئۆی ڕاست ده‌که‌یت، تۆ سه‌یر چیت لێ هاتووه‌، تۆ هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌وه‌ داده‌نیشتی، دوایی که‌ خواحافیزیمان کرد هه‌ستم کرد قه‌ت منی بیرنه‌که‌وته‌وه‌ چونکه‌ من هه‌میشه‌ له‌ دواوه‌ داده‌نیشم. سه‌رێکی ئه‌و یانه‌یه‌م دا که‌ به‌ منداڵی سه‌ده‌ها جار تێنس و شه‌تره‌نجم لێ کردووه‌، هه‌زار گۆڵم له‌ ساحه‌ تان _ تانه‌که‌یدا له‌ دووگۆڵی بچووکدا کردووه‌، هه‌ر بینیم حه‌په‌سام، لافیته‌یه‌ک‌ به‌ ده‌رگاکه‌وه‌ بوو ئێستاش هه‌ر نه‌مزانی کراوه‌ به‌ چی، دوو سێ که‌سی چه‌ک به‌ ده‌ستم له‌ به‌ر ده‌رگاکه‌یدا بینی دڵم به‌رایی نه‌هات پرسیار بکه‌م. سینه‌ماکان وه‌ک به‌ لاستیکێک له‌سه‌ر نه‌خشه‌ بیانسڕیته‌وه‌، نه‌مابوون، بۆ هه‌چ کوێ ده‌چووم هه‌ستێکی زیاترم به‌ نه‌مانی ته‌مه‌نم ده‌کرد. هه‌ستم ده‌کرد، ژیانی منداڵی و گه‌نجێتی من له‌و خه‌ونانه‌ ده‌چن که‌ به‌ درێژایی شه‌و ده‌یانبینیت و کاتێکیش بۆ به‌یانی خه‌به‌رت ده‌بێته‌وه‌ هیچت بیر نه‌ماوه‌، هه‌ستم کرد تازه‌ من دره‌نگ هاتوومه‌ته‌وه‌ و هیچ شتێکم بۆ ڕزگار ناکرێت. من بۆیه‌ خۆم له‌و رێخراوه‌دا ناونووس کرد تا بتوانم شتێک دروست بکه‌م و نه‌فه‌وتێت، ئێمه‌ هه‌موومان بڕیارمان داوه‌ که‌ ناوی خۆمان له‌سه‌ر هه‌موو ئه‌و بینایانه‌ بنووسین که‌ ئاوه‌دانی ده‌که‌ینه‌وه‌، له‌ ژێر زه‌وییه‌که‌یدا نه‌خشیده‌که‌ین و به‌ چیمه‌نتۆ سواخی ده‌ده‌ین، ساڵی درووست کردنی لێ ده‌نووسین و مێژوویه‌کی پێده‌ده‌ین، مێژوویه‌ک ساڵ دوای ساڵ وه‌ک شه‌راب نرخی زیاتر بێت. من چوومه‌وه‌و سه‌یرم کرد شاره‌که‌ی من ڕۆژ به‌ ڕۆژ مێژووی خۆی ون ده‌کات، نا من باسی مێژوویه‌کی درۆینه‌ ناکه‌م، باسی شه‌ر و کوشتار و خوێنێکی رژاو ناکه‌م، ئه‌و مێژووه‌ درۆزنه‌ی له‌ کتێبه‌کاندا به‌ خه‌ڵکی ده‌فرۆشنه‌وه‌، نا ئه‌مه‌ی من باسی ده‌که‌م مێژوویه‌کی نه‌نووسراوه‌یه‌، مێژووی ئه‌و مرۆڤه‌‌ پاکانه‌یه‌ که‌ شتێکیان بۆ وڵاته‌که‌یان کرد و که‌سیش باسیان ناکات و ناویان نازانێ، من که‌ هاتمه‌ ئه‌م کۆرسه‌وه‌، ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ نه‌هاتم کچه‌که‌م بیرچێته‌وه، به‌ڵکو بۆ ئه‌وه‌ش هاتم که‌ ببمه‌وه‌ به‌ خاوه‌نی دڵێکی به‌هێز، من دڵێکم ناوێ نیوه‌ی بۆ کچێک بگری و نیوه‌که‌ی تری بۆ وڵاته‌که‌ی. نا من دڵێکی گرینؤکم ناوێ له‌به‌ر ده‌م هه‌ر بینایه‌کی ڕووخاودا وه‌ک هه‌ندێ له‌ شاعیره‌ رۆمانسییه‌کان شیوه‌نی درۆینه‌ بکات، به‌ڵکو من دڵێکم ده‌وێ چاکیان بکاته‌وه‌، ئه‌مه‌ دووا رۆژی کۆرسه‌که‌یه‌و هه‌ست ده‌که‌م من خاوه‌نی دڵێکم له‌ که‌لاوه‌، مامۆستای ئازیز ! هاوڕێیانی خۆشه‌ویست! گه‌ر من به‌ دڵێکی که‌لاوه‌وه‌ بگه‌ڕێمه‌وه‌ چۆن که‌لاوه‌کانی وڵاتم بۆ بینا ده‌کرێته‌وه‌‌. گه‌ر بیشیانکه‌م ئه‌وا وه‌ک ئه‌و هه‌موو بینا ناشرینانه‌ی شاریان لێ پڕ کردووه‌ به‌رگه‌ی چه‌ند ساڵێک ناگرێت.ئای ئازیزان ! من نازانم سبه‌ینێ چی ڕوو ده‌دات، ئه‌و کچه‌م بیر ده‌چێته‌وه‌ یان نا؟ سه‌فه‌ر ده‌که‌م یان جارێ چاوه‌ڕێ ده‌که‌م، خۆشم نازانم، به‌ڵام گه‌ر پێتان خۆش بوو دوای ئه‌م چیرۆکه‌ی من بکه‌ون ،ئه‌وا ناوی خۆم و ژماره‌ی ته‌له‌فۆن و ئی مایله‌که‌م له‌سه‌ر ته‌خته‌ ڕه‌شه‌که‌ ده‌نووسم ،لای خۆتان بینووسن و که‌ی پیتان خۆش بوو په‌یوه‌ندیم پێوه‌ بکه‌ن.
 

ئه‌یلوولی 2008
ستۆکهۆڵم