چیرۆک

ئارام کاکه‌ی فه‌لاح


حوزنی میوانێک به ته‌نیشت ژیاندا ده‌روات


ئه‌وه‌ دیسانه‌وه‌ منم ، غه‌ریب ریکۆرد ، بێ ئه‌وه‌ی په‌یمان به‌ که‌سێ به‌م هاتمه‌وه‌ گۆ. ده‌زانم چیرۆکی ته‌واونه‌کراوی ئه‌و کوڕه‌ چایچییه‌ی نه‌هاته‌وه‌ بۆ لای باوکی بووه‌ به‌ مه‌راق لاتان، کوڕێ چوو بۆ شه‌کر و نه‌هاته‌وه‌ . ده‌توانم ئه‌وه‌ تێبگه‌م که‌ مرۆڤ جار به‌ جارێک دوای ئازاری که‌سانی تر ده‌که‌وێت و برینی دڵی خۆی بیرده‌چێته‌وه‌. من هه‌ست ده‌که‌م حوزنێک له‌ چیرۆکی ون بوونی ئه‌و کوڕه‌دا هه‌یه‌ که‌ هه‌موومان پێکه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌، حوزنێک هێنده‌ قووڵه‌ هه‌روا ناشاردرێته‌وه‌، حوزنێک ناکرێ هه‌روا به‌ ئاسانی به‌ده‌م دونیاوه‌ وه‌ک منداڵێ پێبکه‌نین و پێشانی ده‌ین هیچ ڕوی نه‌داوه‌.
 

من تا ئه‌م دواییه‌ش هه‌ر نامه‌ و ئێ مایڵم له‌ خوێنه‌ره‌کانه‌وه‌ لێ نه‌بڕاوه‌، پرسیار له‌ دوای پرسیار ، هه‌ندێکیان ده‌یاننووسی باشه‌ تۆ بۆچی ئه‌و تێکستانه‌ وه‌ک کۆمه‌ڵێک چیرۆک چاپ ناکه‌یت ؟ منیش وه‌ڵامم ده‌دانه‌وه‌ و ده‌منووسی نا ئازیزان، من چیرۆکنووس نیم، من ته‌نها کۆمه‌ڵێ که‌سم لێ ون بوو بوو که‌ وام هه‌ست ده‌کرد به‌ نووسینه‌وه‌یان ده‌یاندۆزمه‌وه‌، من گه‌ڕانه‌ بێهووده‌کانی خۆم نووسییه‌وه‌ و له‌ ئێوه‌ بوو به‌ چیرۆک. من به‌ نووسینه‌وه‌ی ئه‌و چیرۆکانه‌ ته‌نها قورساییه‌کی گه‌وره‌م له‌ سه‌ر دڵی خۆم لابرد ده‌نا چیم داوه‌ به‌ سه‌ر چیرۆکی کوردییه‌وه‌، من ته‌نها خه‌ونم به‌ دونیایه‌که‌وه‌ ده‌بینی که‌ له‌م دونیایه‌ی ئێمه‌ جوانتر بێ، ئایا داواکردنی ئه‌وه‌ وا زۆره‌؟ بۆیان ده‌نووسیم باشه‌ تۆ له‌ کوێ ده‌ژیت؟ ناونیشانێکمان به‌رێ بێین بۆ لات، ده‌مانه‌وێ ئه‌و دڕکانه‌ ببینین که‌ جار به‌ جارێک له‌ ناو چیرۆکه‌کانته‌وه‌ دێته‌ خه‌ونمان، ئه‌و ژووره‌ ببینین که‌ له‌ ناو دڕکه‌کاندا به‌ منداڵی خۆت لێ ده‌شارده‌وه‌و ئێمه‌ش وا به‌ گه‌وره‌یی له‌ ناویاین و چاومان لێی نییه، ئه‌گه‌ر په‌یکه‌ره‌که‌ی ئه‌و پیاوه‌ی که‌ بوو به‌ به‌رد له‌وێ ماوه‌ ئێمه‌ش حه‌زده‌که‌ین بیبینین، ده‌مانه‌وێ سه‌رسه‌ده‌که‌ ببینین که‌ هه‌ر ده‌گه‌یته‌ سه‌ری و باران ده‌بارێ ، ده‌مانه‌وێ گه‌ر ئه‌مجاره‌ چوویت بۆ لای چایچییه‌که‌ ئێمه‌ش به‌ریت ، حه‌زده‌که‌ین ئه‌و ژووره‌ش ببینین که‌ بۆنی برینی لێ ده‌هات، ده‌مانه‌وێ گه‌ر به‌ دوای کوڕی چایچییه‌که‌دا ده‌گه‌ڕێیت ئێمه‌ش به‌ریت تا یارمه‌تییه‌کت به‌ین.
نا ، هه‌موو شتێکم له‌ گه‌ڵدا ده‌که‌ن ئه‌مه‌یان مه‌که‌ن، ئه‌و گه‌ڕانانه‌ هه‌ر ده‌بێ من بیانکه‌م، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌ ده‌زانم که‌ به‌ ئازارترین گه‌ڕان ئه‌و گه‌ڕانه‌ نییه‌ که‌ که‌سه‌که‌ی تیا نادۆزیته‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌و گه‌ڕانه‌یه‌ که‌ به‌ ته‌نیا ده‌یکه‌یت و له‌ هه‌رچرکه‌یه‌کدا له‌ ژانێکی زۆردا دڵت وه‌ک هه‌نارێک بکه‌وێته‌ خواره‌وه‌ و که‌سێ نه‌بێ له‌ دواوه‌ بۆت هه‌ڵبگرێته‌وه‌ و بتداته‌وه‌. که‌ من نامه‌وێ ئێوه‌ بێن هی ئه‌وه‌ نییه‌ که‌ پێم ناخۆشه‌ به‌ڵکو هی ئه‌وه‌یه‌ که‌ من تازه‌ گه‌ڕانی خۆم کرد و دونیام به‌ سه‌ریه‌کدا قڵپ کرده‌وه‌ ، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ئه‌م جاره‌ دره‌نگ هاتن نه‌ک من. ئێوه‌ گه‌ر بتانویستایه‌ بێن ده‌بوایه‌ زووتر به‌ من بڵێن، چونکه‌ من تازه‌ هاتمه‌وه‌ و گه‌ڕانه‌که‌شمتان بۆ ده‌خه‌مه‌ سه‌ر کاغه‌ز.
هه‌مووشی له‌و نیوه‌ شه‌وه‌وه‌ ده‌ستی پێ کرد که‌ بێ ئاگا نووستبووم و وه‌ک یه‌کێ چه‌پۆکێکم پیا بکێشێ ئاوها ڕاچڵه‌کیم و خه‌به‌رم بووه‌وه‌. جه‌سته‌م له‌ ئاره‌قێکی ساردا شه‌ڵاڵ بوو، ده‌تووت شووشه‌ی په‌نجه‌ره‌ی ئۆتۆمبیلێکم له‌ کاتی باران باریندا ئاوها ئاره‌قم پیا ده‌هاته‌ خواره‌وه‌. چه‌ند جارێک ویستم به‌زۆر خۆم بخه‌وێنمه‌وه‌، نه‌مده‌توانی.پرسیارێک نه‌یده‌هێشت بخه‌وم، ده‌توت قه‌رزاریم و هه‌رچاوم داده‌خست ڕایده‌چڵه‌کاندم. پرسیاره‌که‌ش هه‌تا بڵێی ئاسان بوو. من بۆ ماوه‌یه‌کی زۆر، بۆ چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک له‌ سه‌ر یه‌ک هه‌ر بیرم له‌و کوڕه‌ ده‌کرده‌وه، ئه‌و کوڕه‌ی هاتبوو بۆ شار شه‌کر بکڕێ و بیباته‌وه‌ بۆ باوکی، بۆ ون بوو؟ له‌ کوێیه؟ به‌ڵام ئه‌و پرسیاره‌ی که‌ ژیانی لێ کردمه‌وه‌ به‌ دۆزه‌خ و نه‌یده‌هێشت بخه‌وم ئه‌وه‌ بوو بۆچی وا زوو ته‌سلیم ده‌بین و به‌ ئاسانی یه‌کتری له‌ بیر ده‌که‌ین و چی وامان لێ ده‌کات که‌ نه‌گه‌ڕێین به‌ دوای یه‌کتردا؟ کوڕێ له‌ شوێنێکی دوورده‌ستدا دیارنامێنێ و من لێره‌ بۆ وا به‌ ئاسانی بخه‌وم؟ به‌و نیوه‌ شه‌وه‌ نیوه‌ دێڕی (به‌ ئاسانی بخه‌وم) چه‌ند جارێک له‌ مێشکمدا ده‌زرنگایه‌وه‌، وه‌ک یه‌کێ له‌ ناو سه‌رمدا به‌ چه‌کووش پیامکێشێ ئاوا به‌ ئازار بوو. ئای خوایه‌ نه‌مده‌زانی چی بکه‌م؟ بیرم له‌ مرۆڤێک ده‌کرده‌وه‌ یه‌ک جار ده‌بێته‌ میوانی ئه‌م عه‌رزه‌و له‌ ته‌مه‌نێکی که‌مدا به‌جێی دێڵی وکه‌سیش خۆی ناکات به‌ ساحێبی. ئایا
بێده‌نگ بوون چه‌ند ڕه‌وایه؟ پرسیاره‌کان تا ده‌هاتن زیاد ده‌بوون و تا به‌یانی گینگڵیان پێ ده‌دام. که‌ به‌یانی هه‌ستام وه‌ک ئه‌وه‌ وا بوو هه‌موو شه‌وه‌که‌ ڕاونرابم،
هه‌ر زوو خۆم گه‌یانده چایخانه‌که‌ که‌ هه‌ر سێ سه‌عاتێک له‌ سه‌ده‌که‌وه‌ دوور بوو. من ئه‌و ڕێگایه‌ هێنده‌ پیای ڕۆشتبووم وه‌ک به‌ری ده‌ستی خۆم شاره‌زای بووم. چایخانه‌که‌ له‌ مێژ بوو نه‌مابوو، به‌ پرسیار کابرای چایچیم دۆزییه‌وه‌ ، به‌و به‌یانییه‌ له‌ ناو هه‌نگه‌کانیدا که‌ به‌خێوی ده‌کردن، گۆرانی ده‌ووت و سه‌مای ده‌کرد. هێنده‌ هه‌نگی لێ وروکابوو به‌ ئاسته‌م بۆم ده‌بینرا ، له‌ دووره‌وه‌ هه‌واڵی کوڕه‌که‌یم لێ پرسی وتی تا ئێستا نه‌هاتۆته‌وه‌، ده‌بوایه‌ شه‌کر بکڕێ، شه‌کری که‌لله‌، بۆ دیار نییه‌ نازانم ؟ ئای خوایه‌ زۆری بیر ده‌که‌م. که‌ وای وت ئیتر من زانیم ئه‌م پیاوه‌ به‌ که‌ڵکی ئه‌وه‌ نه‌ماوه‌ به‌ دوای که‌سدا بگه‌ڕێ. چونکه‌ چه‌ند مانگێک پێش ئێستا که‌ من به‌ دوای ئه‌و ژنه‌دا ده‌گه‌ڕام که‌ هه‌موو له‌شی بوو بوو به‌ برین هه‌ر هه‌مان قسه‌ی ده‌کرد.
ئه‌و ناوه‌م به‌جێ هێشت و گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ شار، ڕاستان ده‌وێ هه‌ر که‌ گه‌یشتمه‌ سه‌ر سه‌ده‌که‌ باران باری، بڕیارم دا که‌ بگه‌ڕێم به‌ شوێنیدا، بۆ ئه‌مه‌ش چووم و یه‌که‌ به‌ یه‌که‌ هه‌موو ئه‌و دووکانانه‌ گه‌ڕام که‌ شه‌کر و چا ده‌فرۆشن، پرسیارم کرد ئاخۆ یه‌کێکتان کوڕێکی گه‌نجی نه‌بینیووه‌ ؟ داخۆ یه‌کێ که‌ ماوه‌یه‌ک پێش ئێستا ویستوویه‌تی شه‌کر بکڕێ بۆ باوکی، ڕێی نه‌که‌وتۆته‌ دووکانه‌که‌تان. ده‌یانووت ئای کوڕم پرسیارێکی سه‌یر ده‌که‌یت، ئێمه‌ له‌ ڕۆژێکدا سه‌ده‌ها که‌س شه‌کرمان لێ ده‌کڕێ،
بۆ ڕۆژی داهاتوو چوومه‌وه‌ لای باوکی، هه‌ر منی بینی وتی کوڕه‌که‌م تا ئێستا نه‌هاتۆته‌وه‌، فه‌رموو وه‌ره‌ ژووره‌وه‌ با چایه‌کت بۆ بێنم به‌ هه‌نگوینه‌وه‌، منیش یه‌کسه‌ر وتم چام ناوێ، وێنه‌ی کوڕه‌که‌تم به‌رێ بزانم بۆ دیار نییه‌ به‌شکوم بیدۆزمه‌وه‌، ئای به‌ساقه‌ی ده‌مت بم به‌خوا زۆری بیر ده‌که‌م کوڕه‌که‌م! به‌ وێنه‌ی کوڕه‌که‌وه‌ گه‌ڕامه‌وه‌، یه‌کسه‌ر چوومه‌وه‌ لای دووکانداره‌کان، بۆم باس ده‌کردن و وێنه‌که‌یم پێشان ده‌دان ، ده‌یانووت که‌سی وامان نه‌بینیووه‌ ، پرسیاریان ده‌کرد و ده‌یانووت ئه‌مه‌ که‌ی هاتووه‌ شه‌کر بکڕێ؟ و که‌ی دیار نه‌ماوه‌ ؟ ده‌مووت زۆر ده‌مێکه‌ ، چه‌ند ساڵێک ده‌بێ ، پێکه‌نینیان ده‌هات ، چه‌ند ساڵێکه‌ دیار نه‌ماوه‌ و تۆ ئێستا خه‌به‌رت بؤته‌وه‌، ئاخر باوکی بیری ده‌کات و هه‌ر ئه‌و کوڕه‌ی هه‌یه‌ ، ئه‌ی ئه‌و برای تۆ نییه‌ ؟ نه‌خێر هیچی من نییه‌ ، ئه‌ی ئه‌گه‌ر هیچی تۆ نییه‌ هه‌قت به‌ سه‌رییه‌وه‌ چییه‌ ؟ ئه‌و پرسیاره دیسانه‌وه‌ به‌ شه‌و یه‌خه‌ی ده‌گرتمه‌وه‌ و نه‌یده‌هێشت به‌ ئارامی سه‌ر بکه‌مه‌ سه‌ر سه‌رین. من ده‌مویست به‌ دوای یه‌کتردا بگه‌ڕێن بێ ئه‌وه‌ی یه‌کتر بناسین تا یه‌کتر ون نه‌که‌ین بۆ به‌یانی به‌ تووڕه‌ییه‌وه‌ ده‌چوومه‌وه‌ و به‌ سه‌ریاندا هاوارم ده‌کرد، چۆن هه‌قم به‌ سه‌رییه‌وه‌ نییه‌، بۆ ئه‌وه‌نده‌ بێ وژدانن؟ بۆ هێنده‌ خۆویستن؟ له‌ خۆتان زیاتر بیرله‌‌ که‌س ناکه‌نه‌وه، بوو به‌ ده‌نگه‌ ده‌نگی زۆر، چاک لێم تووڕه‌ بوون و پاڵیان پێوه‌ ده‌نام ، منیش خراپتر پاڵم ده‌نایه‌وه‌. شکاتیان لێ کردم و پۆلیسیان هێنا و بردمیانه‌ پۆلیسخانه. شه‌وه‌که‌ی منیان هێشته‌وه‌و بۆ به‌یانی بێ لێپرسینه‌وه‌ به‌ره‌ڵایان کردم. منیش وێنه‌ی کوڕه‌که‌ که‌ هه‌مبوو ، به‌ هه‌زاره‌ها کۆپیم لێ گرته‌وه‌و به‌ دووکان و بازاڕه‌کاندا بڵاوم کردنه‌وه‌، هه‌ندێکیان داخ له‌ دڵ وێنه‌که‌یان ده‌دڕاند و له‌ به‌ر چاومدا قاچیان پیا ده‌نا، منیش ئه‌م جاره‌یان خراپتر تووڕه‌ بووم ، ئه‌وانێش ده‌ست و برد پۆلیسیان بۆ بانگ کردمه‌وه‌ و گرتیانمه‌وه‌ ،
موفه‌وه‌زی پۆلیستان بیره‌ که‌ سمێڵێکی ناشرینی هه‌بوو ، هه‌ر چه‌ند تاڵێک بوو ، هه‌ر منی بینی یه‌کسه‌ر ناسیمییه‌وه‌ وتی تۆ کوڕی ناو دڕکه‌کانی ده‌تناسمه‌وه‌. منیش وتم به‌ڵێ وایه‌ .. تۆش ئه‌و که‌سه‌ی که‌ سیحربازه‌که‌ت گرت. وتی وایه‌، ئه‌ی تۆ چیت له‌ دووکانداره‌کان ده‌وێت؟ بۆ وازیان لێ ناهێنی کوڕم؟ وتم هیچم ناوێت، ته‌نها پرسیارێکم لێ کردوون و ئه‌وانیش زۆر ناشرین وه‌ڵامیان داومه‌ته‌وه‌. تۆ هێمن به‌ره‌وه‌ و باسی بکه‌ بۆم. منیش چیرۆکه‌که‌م بۆ گێڕایه‌وه‌، وتی ئاخر ئه‌وه‌ کاتێکی زۆری به‌ سه‌ردا ڕۆشتووه‌، منیش وتم مه‌به‌ستت چییه‌؟ ئینجا با کاتێکی زۆری به‌ سه‌ردا ڕۆشتبێت، ئه‌ی ده‌بێ له‌ ونبوونی بێده‌نگ بین؟ ئه‌ی بۆ باوکی نایه‌ت به‌ دوایدا بگه‌ڕێت؟ باوکی له‌وه‌ ده‌چێت خڵه‌فابێت و به‌ که‌ڵکی ئه‌وه‌ نایه‌ت به‌ دوای که‌سدا بگه‌رێت .سه‌رێکی بادا و وتی ئاخر ڕۆڵه‌ له‌م شاره‌ی ئێمه‌دا هه‌فته‌ی به‌ ده‌یه‌ها که‌س ون ده‌بن که‌سیش نازانێ له‌ کوێن، تۆ وا ده‌زانی دۆزینه‌وه‌ هه‌روا ئاسانه‌، مرۆڤ به‌ دوای یه‌کێکدا ده‌گه‌ڕێ که‌ هیچ نه‌بێ بوونی هه‌بێ تا بیدۆزینه‌وه‌، تۆ وێنه‌یه‌کی ڕه‌ش و سپیت له‌گه‌ڵ خۆتا هێناوه‌و وا ده‌زانی هه‌موو شتێکت پێیه‌. لیسته‌یه‌کی دوورو درێژی ده‌رهێنا و وتی فه‌رموو ئه‌مانه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌م ساڵدا دیار نه‌ماون، بیانبه‌ره‌وه‌ بۆ ماله‌وه‌ و به‌یانی بۆم بێنه‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ ئه‌مه‌ی من ده‌یکه‌م یاساغه‌و تووشی گرفتم ده‌کات، به‌ڵام فه‌رموو، ئه‌و شه‌وه‌ تا به‌یانی لیسته‌که‌م پشکنی و ناوی ئه‌وم نه‌بینی، که‌ بۆ به‌یانی چوومه‌وه‌، وتی وه‌ره‌ با بچین بۆ ئه‌رشیف، له‌وێش هی چه‌ند ساڵێکی لێیه‌و فه‌رموو ئه‌مه‌ش کلیله‌که‌ بگه‌ڕێ بزانه‌ ده‌یدۆزیته‌وه‌، چه‌ندی لێ ده‌بی لێیبه‌. من هه‌فته‌یه‌کی ته‌واو به‌ دوای ناوی ئه‌و کوڕه‌دا گه‌ڕام، به‌ڵام نه‌مدۆزییه‌وه‌، که‌ کلیله‌که‌م بۆ برده‌وه‌، وتی وه‌ره‌ له‌ گه‌ڵمدا، پێکه‌وه‌ به‌ ماشێنه‌که‌ی چووین بۆ گۆڕستانيکی دوور، وتی لێره‌ش ئه‌و که‌سانه‌مان ناشتووه‌ که‌ ون بوونه‌و که‌سیان نه‌بووه‌ لێیان بپرسێته‌وه‌، ته‌نها ناوێکیش چییه‌ له‌ دوای خۆیانه‌وه‌ به‌ جێیان نه‌هێشتووه‌. به‌ هه‌زاره‌ها گۆڕ بوون بێ ناو و ناونیشان، بێ ساڵی له‌ دایک بوون، بێ ساڵی کۆچ کردن، ده‌تووت هه‌ر پێیان نه‌که‌وتۆته‌ سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ بێبه‌خته‌ش، وه‌ک کۆمه‌ڵێک میوانی ناوه‌خت که‌ به‌ ته‌نیشت ژیاندا تێده‌په‌رن و که‌سیش نایانبینێ و هه‌ستیان پێ ناکات،


ئازیزان ! من وا ئه‌م چیرۆکه‌م ته‌واو کرد، جارێکی تر داوای چیرۆکم لێ مه‌که‌ن، با کلیلێ له‌م ده‌رگایه‌ به‌ین و نه‌یکه‌ینه‌وه‌، به‌شکوم کوڕه‌که‌ش نه‌مردبێ، ڕه‌نگبێ ڕۆژێ له‌ ڕۆژان له‌ پڕ بێته‌وه‌، یان چووبێ بۆ شارێکی تر یان وڵاتێکی تر، کێ چووزانێ، هه‌ر ئه‌وه‌ت زانی هاته‌وه‌ بؤ لای باوکی، ره‌نگبێ باوکی هه‌ر نه‌شیناسێته‌وه‌، یان تا ئه‌و کاته‌ نه‌مابێت تا بیبینێته‌وه‌، نازانم ، ئه‌وه‌ی له‌ گیرفانی مندا هه‌یه‌ و ده‌مێنێته‌وه‌ له‌ وێنه‌یه‌کی کۆن و ڕه‌ش و سپی زیاتر هیچی تر نییه‌، ده‌ڵێی دوای تارماییه‌ک که‌وتووم که‌ هه‌ر لێره‌ش نییه‌، به‌ڵام گه‌ر وا بێت ،پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌، باشه‌ بۆچی من تا ئێستاش ناتوانم به‌ باشی بخه‌وم؟
 

ئابی 2007
ستۆکهۆلم