چیرۆک ئارام کاکه‌ی فه‌لاح


(من به‌ بووکێکی گه‌وره‌وه‌)


- ئێمه‌ داوای لێبووردن ده‌که‌ین، تۆ له‌ دووره‌وه‌ سه‌رنجی ئێمه‌ت ڕاکێشا،به‌بووکێکی قه‌شه‌نگ و گه‌وره‌وه‌ له‌ناو ئه‌و هه‌موو حه‌شاماته‌دا دیاریت. پیاوێک بووکێکی وای به‌ده‌سته‌وه‌ بێت و له‌م فڕۆکه‌خانه‌یه‌دا وا شپرزه‌ وه‌ستابێت، هه‌رده‌بێت چاوه‌ڕێی کچه‌ چکۆلانه‌که‌ی بێت، ئێمه‌ چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێکین و ئیشمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ندێ له‌م ‌ دیمه‌نانه‌ وێنه‌ بگرین و چه‌ند پرسیارێکیشت ئاڕاسته‌ بکه‌ین،گه‌ر به‌ که‌ڵک بێت به‌ڵکو له‌ رۆژنامه‌یه‌کدا بڵاوی بکه‌ینه‌وه‌.که‌مێک باسی خۆتمان بۆ بکه‌و پێمان بڵێ چه‌ند ساڵه‌ کچه‌که‌ت نه‌بینیووه‌؟

نا ئازیزان! تووخوا جارێ وازم لێبێنن، زۆر شپرزه‌م، بچن بۆلای که‌سانی تر ، چیرۆکی من به‌که‌ڵکی رۆژنامه‌کانی ئێوه‌ نایه‌ت،ئه‌وه‌ی من ده‌یگێڕمه‌وه‌ بۆ ئێوه‌ زۆر سه‌رنج ڕاکێش نییه‌، خه‌ونێکی تایبه‌تی خۆمه‌ و ده‌مه‌وێت بیهێنمه‌ دی.ئێوه‌ ڕاست ده‌که‌ن ، گه‌ر من چاوه‌ڕێی کچه‌که‌م بوومایه‌ که‌ چه‌ند ساڵێکی زۆر نه‌مبینیایه‌ و ئه‌مڕۆ به‌م بووکه‌وه‌ پێشوازیم لێبکردبایه‌، بۆ ئێوه‌ بابه‌تێکی درامیی باش ده‌بوو بۆ بڵاوکردنه‌وه‌، به‌ڵام ده‌ترسم هه‌ر به‌ ته‌واوی په‌شیمان ببنه‌وه‌ له‌و کاته‌ی به‌ منه‌وه‌ ده‌یکوژن،بۆیه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وازم لێبێنن پێتان ده‌ڵێم که‌ من چاوه‌ڕێی خوشکه‌ گه‌وره‌که‌م ده‌که‌م که‌ قه‌یره‌یه‌و ته‌مه‌نی له‌ په‌نجا نزیک بووته‌وه‌،داوه‌تێکی یه‌ک مانگیم بۆ کردووه‌ و خواحافیزتان بێت.

- ده‌ پێمان بڵێت ئه‌م بووکه‌ت بۆکڕیووه‌؟
ئاخر خووشکه‌که‌م به‌ منداڵی قه‌ت خاوه‌نی بووکی خۆی نه‌بوو،ده‌مه‌وێت هیچ نه‌بێت به‌ گه‌وه‌ره‌یی خاوه‌نی بێت،ده‌مه‌وێت ئه‌و نووقسانییه‌ی بۆ پڕبکه‌مه‌وه‌، چونکه‌ ده‌زانم که‌ تا ئێستاش خه‌ونی پێوه‌ ده‌بینێت.ژیانی خووشکه‌که‌م پڕه‌ له‌ نووقسانی ، پڕه‌ له‌ خه‌وبینین، ته‌مه‌نی وا ده‌گاته‌ په‌نجا و تا ئێستا شووی نه‌کردووه‌،له‌ ژیانیدا ده‌ستی به‌رده‌ستی کوڕێک نه‌که‌وتووه‌،جا له‌وه‌دا من ناتوانم هیچی بۆ بکه‌م،

به‌ڵام که‌ هات بۆ ئێره‌ ده‌توانم بیبه‌م بۆ شاری یاری ،به‌م ته‌مه‌نه‌وه‌ سواری هه‌موو یارییه‌کان ده‌بین.چش با ته‌نگه‌نه‌فه‌س بین، با گێژو حۆل بین،به‌ دۆڵدرمه‌و مه‌ساسه‌وه‌ له‌م یاری ده‌یبه‌م بۆ ئه‌و یاری، نا دره‌نگ نییه‌ ، قه‌ت دره‌نگ نییه‌، به‌ منداڵی قه‌ت نه‌مانتوانی پێکه‌وه‌ بچین بۆ شاری یاری، ئه‌و منی به‌ جه‌ژنان زۆر ده‌برد و سواری چه‌رخ و فه‌له‌کی ده‌کردم، به‌ سه‌عات له‌سه‌رم ده‌وه‌ستا تا له‌ کورسی-کورسییه‌که‌ ماندوو ده‌بووم، نه‌یده‌ویست به‌ بێ من بچيته‌وه‌ ماڵه‌وه‌،چونکه‌ گه‌ر دره‌نگ به‌ ته‌نیا بچوومایه‌ته‌وه‌ باوکم لێی ده‌دام،باوکم له‌سه‌ر هه‌موو شتێک لێی ده‌دام ، له‌سه‌ر هه‌موو شتێک تووڕه‌ ده‌بوو، که‌ تووڕه‌ ده‌بوو هیچی نه‌ده‌بینی، هه‌ر به‌ ته‌واوی کوێر ده‌بوو، نیو سه‌عاتی پێده‌چوو تا بینایی بۆ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، ده‌بوایه‌ وه‌ک شێت باوه‌شێنی بکه‌ین ، قوم قوم ئاو بکه‌ین به‌ قورگیدا که‌ باوه‌شێنمان ده‌کرد، هه‌ستم ده‌کرد دووکه‌ڵێکی سه‌یری لێ به‌رزده‌بێته‌وه‌، که‌ ئاویشمان ده‌دایێ وه‌ک بیکه‌یت به‌ ئاسنێکی گه‌رمدا گوێم له‌ چزه‌ ده‌بوو، چه‌نده‌ها جار چووه‌ بۆ لای دوکتۆرو هیچ دوکتۆرێک نه‌یده‌زانی بۆ ئه‌م پیاوه‌ له‌ کاتی تووڕه‌بووندا کوێر ده‌بێ.بۆیه‌ که‌ له‌ من زۆر تووڕه‌ ده‌بوو ، خووشکه‌که‌م ، ئه‌م خووشکه‌ گه‌وره‌یه‌ی که‌ ئێستا چاوه‌ڕێی ده‌که‌م ، کاسکێته‌که‌ی که‌ له‌سه‌رم ده‌کرد لێمی ده‌فڕاندو ده‌یکرده‌ سه‌ری خۆی و پاڵێکی پێوه‌ ده‌نام و ده‌چووه‌ به‌ر ده‌می باوکم تا له‌ جیاتی من له‌و بدات.، که‌ دووایش باوکم بینایی بۆ ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، سه‌یرێکی ده‌کردم و پێی سه‌یر بوو له‌و هه‌موو شه‌قازلله‌و شه‌قانه‌، من هه‌روه‌کو خۆمم وهیچ شوێنێکم سوور نه‌بووه‌ته‌وه‌، خووشکه‌که‌شم ده‌موچاوی خۆی تا هه‌فته‌یه‌ک له‌ باوکم ده‌شارده‌وه‌ تا نه‌یبینێت.من ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌موو لێدانێکی باوکم داوای لێبووردنی لێبکه‌م.داوای لێبووردن له‌سه‌ر هه‌ر جووته‌ گۆره‌وییه‌ک که‌ بۆ منی شتووه‌، له‌سه‌ر هه‌ر فانیله‌یه‌کی دڕاو که‌ بۆنی رۆژه‌ڕێیه‌ک ده‌ڕۆی و ئه‌و بۆمی ده‌دوورییه‌وه‌.لێبووردن له‌ دوای لێبووردن هه‌ر له‌ کوردستانه‌وه‌ تا ئێره‌،لێبووردن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ قه‌ت نه‌یتوانی فێری پاسکیل لێخووڕین بێت و به‌قه‌د ئه‌م دونیایه‌ حه‌زی لێی بوو،که‌چی بۆی نه‌بوو پاسکیله‌که‌ی من به‌کاربێنێت.بۆیه‌ هه‌ر که‌ هات هه‌فته‌ی یه‌که‌م فێری پاسکیلی ده‌که‌م و به‌ جووته‌ ده‌بێت وه‌ک ڕه‌شه‌با، ڕه‌شه‌بایه‌ک تایه‌ی له‌ ژێردا بێت بگه‌ینه‌ هه‌موو کون و قووژبنی ئه‌م شاره‌.ده‌ به‌سه‌ ئیتر واز بێنن، به‌س به‌ کامیره‌که‌تان وێنه‌م بگرن، ئێستا ڕه‌نگه‌ بگات ئێوه‌ش بڕۆن، خواتان له‌گه‌ڵ.

- به‌س ئێمه‌ پێمان خۆشه‌ دا‌وه‌تت کردووه‌،ئێستا داوه‌تکردن زۆر زه‌حمه‌ت بووه‌.چۆن توانیت؟
ڕاست ده‌که‌ن زه‌حمه‌ت بووه‌،یه‌ک ساڵی ته‌واو خه‌ریکی بووم،به‌ده‌یه‌ها جار به‌ نه‌خێر وه‌ڵامم وه‌رگرته‌وه‌، سه‌رله‌نوێ تێهه‌ڵده‌چوومه‌وه‌،نا واز ناهێنم ،من هه‌رده‌بێ خووشکه‌که‌م بۆ ماوه‌ی مانگێک بێته‌ لام و پشوویه‌ک بدات،له‌چی ده‌ترسن،من ماڵم هه‌یه‌ و ئیش ده‌که‌م و تاکس ده‌ده‌م وهه‌موو مه‌سره‌فێکی له‌سه‌ر من ،له‌وه‌ ده‌ترسان بێت و نه‌ڕواته‌وه‌، ته‌له‌فۆنم بۆ ده‌کردن و ده‌مووت ته‌نها مانگێکم ده‌وێ ، مانگێک و هیچی تر.هه‌زار لاپه‌ڕه‌م بۆ ئیمزا کردن که‌ خووشکه‌که‌م له‌ مانگێک زیاتر نامێنێته‌وه‌،گه‌ر مایه‌وه‌ ئیمزای ده‌که‌م ده‌رم بکه‌ن،دووا جار ،دووای زیاتر له‌ ده‌ جار ،دووای ئه‌وه‌ی مێشکی هه‌موویانم برد،ڕازی بوون،منیش فیزاکه‌م بۆ نارد،به‌ پاره‌یه‌کی زۆر به‌ هۆی قاچاغچییه‌کانه‌وه‌ له‌ پایته‌خت به‌ فه‌رمی پاسپۆرتم بۆ ده‌رکرد،وه‌ک شێت ئیشی زیاده‌م کردو پاره‌ی بلێته‌که‌م پێکه‌وه‌ نا،ئێستا ئیدی به‌م بووکه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ چاوه‌ڕێم بگات.له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ ژنه‌که‌م وتووه‌ که‌ خواردنێکی خۆشمان بۆ لێبنێ،سه‌لاجه‌که‌ پڕ بکات له‌ زه‌یتوونی گه‌وره‌ ،هێنده‌ گه‌وره‌ به‌قه‌د تۆپێکی تێنس،وا پڕی بکات گه‌ر خووشکه‌که‌م سه‌لاجه‌که‌ بکاته‌وه‌ زه‌یتوونه‌کان بکه‌ونه‌ سه‌ر عه‌رزه‌که‌،چونکه‌ ئه‌و هه‌میشه‌ که‌ منداڵ بووین ده‌یووت چه‌ند خۆشه‌ سه‌لاجه‌ بکه‌یته‌وه‌و زه‌یتوون به‌ر ده‌م و چاوت بکه‌وێ.من ده‌ کیلۆ زه‌یتوونم کڕیووه‌ به‌س له‌به‌رخاتری ئه‌وه‌ی بیکاته‌وه‌و دانه‌یه‌ک به‌ری بکه‌وێت.ده‌بڕۆن ئیتر ئازیزان،ئه‌مه‌ی من ده‌یگێڕمه‌وه‌ به‌که‌ڵکی ئێوه‌ نایه‌ت.
- ئه‌ی بۆ تا ئێستا خووشکه‌که‌ت شووی نه‌کردووه‌؟

ئاخر تا ئێستا لای ئێمه‌ وایه‌،کچان له‌ ماڵه‌وه‌ چاوه‌ڕێی کوڕێکن بیانخوازێ،که‌لله‌زلێک به‌ دڵی بێت و داوای بکات.لای ئێمه‌ کوڕ و کچ دووای ئه‌وه‌ی که‌ به‌یه‌کیش ده‌گه‌ن هه‌ر نامۆن به‌ یه‌ک، هه‌ر غه‌ریبن به‌ جه‌سته‌ی خۆیان.ژن هێنان و شوو کردنیش ئه‌و غه‌ریبییه‌ له‌ سیمامان ناسڕێته‌وه‌،من تا هاتمه‌ ئێره‌ش بڕوام نه‌ده‌کرد گه‌ڵ و گوونم هه‌بێت.کیژێکی لای ئێوه‌ فێری کردم که‌ من شتێکم پێوه‌یه‌و شه‌رمی ناوێ جار جار به‌کاری بێنم، فێری خۆشه‌ویستی کردم، ئه‌و کیژه‌ ئێستا خۆشبه‌ختانه‌ ژنمه‌ و په‌یوه‌ندیمان فره‌خاسه‌ و هه‌میشه‌ پێی ده‌وتم،تۆ هه‌ر بۆ میزکردن به‌کاری دێنی، ماڵت ئاوابێ.هه‌میشه‌ له‌سه‌ر جێگا به‌ هه‌چ بیانوویه‌که‌وه‌ بوایه‌ خۆم ده‌دزێوه‌، ئه‌ویش ده‌یوت ،،ده‌ ده‌ی ڕه‌زاقوورس، منیش ده‌مووت ،با جارێ که‌مێک نان بخۆین، ئه‌ویش ده‌یووت ،سه‌عاتێک نابێ نانمان خواردووه‌.من شووم به‌ کێ کردووه‌ خوایه‌.

ئازیزان ! فڕۆکه‌که‌ له‌وه‌ ده‌چێ دوواکه‌وتبێ،سه‌عاتێک پێش ئێستا ده‌بووایه‌ بگات،ئه‌م فڕۆکانه‌ی لای ئێمه‌ له‌ براده‌رێکم ده‌چن که‌ ده‌یووت رۆژی هه‌ینی دێم بۆ لات، ڕاستی ده‌کرد ،به‌ڵام پیاو نه‌یده‌زانی مه‌به‌ستی چ هه‌ینییه‌که‌.ئه‌وه‌ هه‌ر ته‌له‌فۆن ده‌که‌م و مۆبایله‌که‌ی وه‌ڵام ناداته‌وه‌،ئه‌وه‌ هات ،تۆ بوه‌سته‌ ،نا ئه‌و نییه‌، ئه‌مه‌یان زۆر پیره‌،من حه‌ز ناکه‌م خووشکه‌که‌م وا پیر بووبێت، نا شوکور ئه‌و نییه‌،به‌ڵام ئه‌ویش چاک پیر بووه‌،له‌ چاوترووکانێکدا هه‌موو گه‌نجێتی ڕۆی،وه‌ک سه‌تڵێک ئاو بکه‌یت به‌ مۆمێکدا ئاوا ته‌مه‌نی لاوێتی له‌پڕ کوژایه‌وه‌.هه‌موو ته‌مه‌نی له‌ نێوان ئیش کردن و ته‌نیایی و خزمه‌تکردنی دایک و باوکمدا دابه‌ش کرد،دایکم نه‌خۆش و نیوه‌ ئیفلیج ،له‌سه‌ر کورسییه‌ک که‌ له‌ ماڵه‌وه‌ به‌ کورسییه‌که‌ی دایکم ناسراوه‌ هه‌میشه‌ داده‌نیشت،داده‌نیشت و سه‌یری زنجیره‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی ده‌کرد،زنجیره‌ ته‌له‌فیزیۆنه‌کانی میسری و به‌رازیلی و مه‌کسیکی،له‌و دواییه‌شدا زنجیره‌ درامییه‌کانی کوردی و فارسییشی هاته‌ سه‌ر.باوکم به‌و هه‌موو دڵڕه‌قییه‌ی خۆیه‌وه‌ دایکمی ده‌په‌رست،که‌ دایکم کۆچی دووایی کرد ،باوکم نیوه‌ مردوو،جێگه‌ی دایکمی گرته‌وه‌و له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی دایکم هه‌ڵنه‌ده‌ستا، شه‌ورۆژ گوێی له‌ هه‌واڵه‌ سیاسییه‌کانی وڵات ده‌گرت،هێنده‌ هه‌واڵه‌کانی دڵته‌زێن و ناخۆش بوون هه‌موو ڕۆژێ ئه‌و هه‌واڵانه‌ قه‌پاڵیان له‌ ته‌مه‌نی ده‌گرت، تا رۆژێکیان هه‌ر له‌گه‌ڵ ده‌سپێکردنی هه‌واڵه‌کانی ناوخۆداوهه‌ر له‌سه‌ر کورسییه‌که‌ی دایکم،

ئه‌ویش به‌لادا هات.ئای خوایه‌ ده‌توت نووستووه‌.دوایی له‌ پڕ که‌وته‌ سه‌ر عه‌رزه‌که‌ وه‌ک باڵنده‌یه‌ک به‌ ئاسمانه‌وه‌ بیپێکی ئاوا به‌ربووه‌وه‌ سه‌ر زه‌وی و زرمه‌ی هات. هه‌ر خووشکه‌که‌شم بوو ،که‌ یارمه‌تییه‌کی زۆری دام وهانی دام بێمه‌ ده‌ره‌وه‌،ئه‌وسا شه‌ڕی ناوخۆ له‌ گه‌رمه‌یا بوو، براکان بۆ پاره‌و ده‌سه‌ڵات یه‌کتریان ته‌فروتوونا ده‌کرد،وتی بڕۆ ،ئه‌م وڵاته‌ به‌که‌ڵکی ژیان نه‌ماوه‌.بڕۆ و له‌ شوێنێکی تر ژیانێکی ئاسووده‌ پێکه‌وه‌ بنێ،بڕۆ براکڵۆڵه‌که‌م ،بڕۆ.تووخوا بووه‌ستن ،ئه‌وه‌ ته‌له‌فۆنه‌، هه‌لو چۆنی ،ئه‌وه‌ له‌کوێیت؟ بۆ نه‌هاتی؟ چی ؟ته‌یاره‌که‌ هه‌ڵناستێ، بۆ هه‌ڵناستێ به‌خێر نه‌یه‌ته‌وه‌،،ئا،،ئا،نووکته‌که‌م بیر که‌وته‌وه‌،ده‌بێ ڕه‌سمی پێشان بده‌ین، چی ؟ هه‌فته‌که‌ی تر ،ئێ باشه‌ ، به‌سه‌ر چاوان ، من هه‌مان کات لێره‌ ده‌بم.


ئا ئازیزان! ئه‌وه‌ خووشکه‌که‌م بوو،فڕۆکه‌که‌یان بۆ هه‌فته‌که‌ی تر دووا ده‌که‌وێ.گه‌ر پێتان خۆش بوو
ئێوه‌ش وه‌رن و به‌خێر بێن،وه‌رن و وێنه‌یه‌کی جوانی بگرن و له‌ رۆژنامه‌کاندا بڵاوی بکه‌نه‌وه‌،وێنه‌ی نازدارترین و ئازیزترین خووشکی دونیا.خووشکێک که‌ من ده‌مه‌وێت بۆ ماوه‌ی مانگێک له‌و ماڵه‌ی خۆمانی دووربخه‌مه‌وه‌، نامه‌وێ ئه‌ویش فێری دانیشتنی سه‌ر کورسییه‌که‌ی دایکم بێت،ده‌ی ئێستا خواحافیز، هه‌فته‌که‌ی تر وه‌رنه‌وه‌، پێکه‌وه‌ پێشوازی لێ ده‌که‌ین، وه‌رنه‌وه‌و زۆر شت هه‌یه‌ باسم نه‌کردووه‌.ئێستا من ماندووم، تا هه‌فته‌که‌ی تر به‌ دووعا.
 

ئاب - 2008
ستۆکهۆڵم.