قه‌سیده‌ی یار.. به‌فری هاوین


ئارام كاكه‌ی فه‌لاح


ئه‌ی یار! یاری شیرین
سه‌یربكه‌!
من و تۆ له‌ نێوان دوو دۆزه‌خدا
ده‌نگمان ناگاته‌ یه‌ك
ئاگره‌كان نایه‌ڵن، سیمای یه‌كتری ببینین.
شیوه‌ن و ناڵه‌ی گوڵه‌كانی دۆزه‌خ و
هاواری گه‌ڵاكانی
زریكه‌ی خونچه‌كانی
نایه‌ڵن وشه‌كانمان بگات به‌یه‌ك
سه‌یربكه‌!
من و تۆ هه‌ر باسی داهاتوومان ده‌كرد
كه‌چی به‌یانی جارێ نه‌هاتووه‌
لای من و تۆ بووه‌ته‌ ڕابردوو
پاشه‌ڕۆژ بووه‌ته‌ یادگار
سه‌یری ئه‌و هه‌موو وشه‌ سووتاوانه‌
ئه‌و بیره‌وه‌رییانه‌ی بوونه‌ خۆڵه‌مێش و
كاتمان نه‌بوو ئاوڕێ بده‌ینه‌وه‌.
شاری خۆشه‌ویستی له‌ناكاو سووتا و
توانامان نه‌بوو ئاوێكی پیا بكه‌ین.
ئێمه‌ بووین له‌ناو كڵپه‌كاندا بێ ئاو.
ئێمه‌ بووین له‌به‌رده‌م ده‌رگاكاندا
بێ كلیل
ئێمه‌ بووین چووین بۆ ڕاوكردنی خۆشه‌ویستی
كه‌چی خۆمان پێوه‌بووین
سه‌یربكه‌!
سه‌یری وشه‌كانمان بكه‌!
چۆن گڕیان گرت و له‌گه‌ڵ خۆیاندا
كتێبخانه‌كانیان كرده‌ خۆڵه‌مێش
ئه‌ی یار!
چیرۆكه‌كانی من خه‌مه‌كانی تۆیان ورووژاند
دڵه‌ڕاوكێی تۆش پاڵه‌وانی چیرۆكه‌كانی
منیان ترساند.
من له‌ چاوانی ئاگراوی تۆ ده‌ترسێم و
ڕۆحی تۆش له‌ئاگری بیركردنه‌وه‌كانی من
من له‌ خۆشه‌ویسیتی تۆدا
ده‌ست له‌ یه‌خه‌ی شه‌یتان به‌رناده‌م
بابڕۆین و ئێره‌ جێبهێڵین
ڕۆحی من و تۆ لێره‌ نییه‌
له‌سووچێك له‌ سووچه‌كانی گه‌ردووندا
هه‌یهات هه‌ریه‌كه‌و له‌ شوێنێ ونبووه‌
نه‌من ده‌توانم تۆ بدۆزمه‌وه‌و
نه‌ منیش به‌تۆ ده‌دۆزرێمه‌وه‌
پێم بڵێ شیرینه‌كه‌م!
ئه‌وه‌ به‌ڕاست من و تۆ خه‌ریكی چیین؟
كوا ئه‌و هه‌ناسانه‌ی ڕۆحی تۆی
پڕده‌كرد له‌ شادی؟
كوا ئه‌و وشه‌ جرت و عه‌جوولانه‌ی گیانی تۆی
پڕده‌كرد له‌ یاری؟
من كه‌ بیر له‌ باڵنده‌ی چاوانی تۆ ده‌كه‌مه‌وه‌
ئیدی كاتم نابێ بیر له‌ قه‌فه‌س بكه‌مه‌وه‌
تۆ كه‌ یه‌ك جار هاتیته‌ كۆشكی دڵی منه‌وه‌
ئاگام لێ نه‌بوو كه‌ ڕۆشتیت و
كلیلی هه‌موو ژووره‌كانت برد له‌گه‌ڵ خۆتا.
ئینجانه‌كانی یه‌كه‌ یه‌كه‌ دواتكه‌وتن
زه‌خره‌فه‌ی سه‌قفه‌كه‌ی
بۆ ئه‌وه‌ی ونت نه‌كه‌م
له‌پێكانت ئاڵان و
باران و ڕۆژگار كاڵی كردنه‌وه‌
دیواره‌كانی دڵی من
له‌ پۆرترێتی تۆ
له‌ناوی هه‌زارجاره‌ی
هه‌ڵكه‌ندراوی تۆ
چۆن پڕده‌كه‌یته‌وه‌؟
من به‌بێ تۆ
هه‌موو ڕۆحم هه‌لا هه‌لا
بوونه‌ته‌ دوژمنی یه‌كتر.
من له‌یه‌ك كاتدا ماسی و ماسیگرم
له‌یه‌ك كاتدا ئاگر و ئاو.
من بێده‌نگییه‌كم
كه‌ له‌ناو هه‌وره‌گرمه‌كاندا
جێگه‌م بۆته‌وه‌چی بكه‌م؟
من بزه‌یه‌كه‌م
كه‌ له‌ناو فرمێسكه‌كانداشوێنم بۆته‌وه‌
خه‌تای من نییه‌.
منی چاو به‌ فرمێسك
ده‌بێ دڵی هه‌وره‌كان بده‌مه‌وه‌ له‌كاتی گریاندا
منێك كه‌ به‌ حاڵ به‌رپێی خۆم ده‌بینم
ده‌بێ ده‌ستی دڵۆپه‌ كوێره‌كان بگرم
ئه‌وانه‌ی نازانن چۆن ده‌كه‌ونه‌ خواره‌وه‌
ئه‌ی یار!
ئه‌گه‌ر به‌دوای مندا گه‌ڕایت
نه‌ بچۆ سه‌ر ئه‌و په‌یژانه‌ی ده‌تبه‌ن
به‌ره‌و دۆزه‌خ و
نه‌ ئه‌و به‌رده‌ پیرانه‌ی له‌ ئه‌شكه‌وته‌نه‌كاندا بوونه‌ته‌ یادگار
دۆزینه‌وه‌ی من ئاسانه‌، شیرینه‌كه‌م
ئاسان.
ته‌نها له‌به‌ر خۆته‌وه‌ ناوه‌كه‌م بڵێ
له‌هه‌چ شوێنێ بیت، من له‌لای تۆم
خۆتم لێ ون مه‌كه‌
ئاخر تۆ له‌من ون نابیت
من له‌ هه‌موو شوێنێ تۆ ده‌بینم، چونكه‌
له‌ناو چاوه‌كانما دانیشتوویت
منیش هه‌وڵێكی زۆرمدا
خۆم بزر بكه‌م
كه‌چی هه‌ر هاتمه‌وه‌ به‌ر سیمای
یادگاره‌كانت
هاتمه‌وه‌ ناو خه‌ونه‌كانت
چه‌ند سه‌یره‌!
ئه‌م عه‌شقه‌ی من و تۆ چه‌ند جیاوازه‌
من ده‌نگم ده‌گاته‌ ئه‌ستێره‌كانی تر
ده‌گاته‌ ئه‌و شاره‌ سووتاوانه‌ی له‌ مێژوودا نوقم بوون
هاواری من ده‌گاته‌ گوێچكه‌ی فریشته‌ بێباكه‌كانی ئاسمان
چیرۆكه‌كانم ده‌گه‌نه‌ كوڕه‌ سه‌موون فرۆشه‌كانی شار
كه‌چی تۆ گوێت له‌ من نییه‌
ئه‌ی بێباكی جوان.
ئاگات له‌ سه‌مفۆنیای هه‌ناسه‌ی من نییه‌
ئه‌ی كه‌مانچه‌ژه‌نی دڵڕه‌ق و نازدار و
بێ كه‌مان
كه‌ چیرۆكێكم ده‌بێته‌ هه‌تاو
تۆ باسی به‌فر ده‌كه‌یت
كه‌ وشه‌كانم ده‌بنه‌ به‌فر
تۆ بیر له‌ هه‌تاو ده‌كه‌یته‌وه‌
كه‌س له‌ تۆ تێ ناگات ئه‌ی یار!
كه‌س له‌من تێناگات.
چه‌ند سه‌یره‌!
ئه‌م عه‌شقه‌ی من و تۆ چه‌ند جیاوازو جوانه‌
ئه‌م درۆیه‌ چه‌ند ڕاسته‌
كه‌ تۆ بوویت به‌ ده‌ریا
من هاتم و هه‌رچی ماسی دونیا هه‌یه‌
بۆم ناردیت و هێشتا لالوت بوویت.
كه‌ بووشیت به‌ ڕه‌شه‌با
هه‌رچی دره‌خت و باڵنده‌ی من هه‌یه‌
ترسان و نه‌هاتنه‌وه‌ به‌لامدا.
من له‌ ته‌نیاییدا بوو،وونبووم، ئه‌ی تۆ؟
من له‌بێ تۆییدا هه‌تیوكه‌وتم، ئه‌ی تۆ؟
چه‌ند مۆره‌... چه‌ند تۆخه‌ ڕه‌نگی
په‌رێشانیم،وه‌ره‌ ببینه‌!
چه‌ند زه‌رده‌، چه‌ند تۆخه‌ ڕه‌نگی
غه‌ریبیم.
چه‌ند تۆخه‌ ته‌نیاییم
ئه‌ی یار!
من له‌مێژه‌ خه‌ریكی نووسینه‌وه‌ی تۆم
دێڕه‌كانم پێ به‌ پێی دووركه‌وتنه‌وه‌ی تۆ
درێژ ده‌بنه‌وه‌.
ده‌ترسێم تا تۆ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌
من، وشه‌كان بمخنكێنن و
فریانه‌كه‌وم بتبینم
فریانه‌كه‌وی بمبینی.
من به‌ بێ تۆ،هه‌موو ڕۆژێ
له‌و كه‌شتیوانه‌ ده‌چم
كه‌ كه‌شتییه‌كه‌م جێده‌هێڵم
به‌چه‌ند چركه‌یه‌ك
پێش ئه‌وه‌ی بته‌قێته‌وه‌.
ده‌ترسێم ڕۆژێ بێت و فریانه‌كه‌وم
له‌مێژه‌ خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی تۆم
خه‌ریكی تیماركردنی برینی وشه‌كانم
دڵنه‌واییكردنی دێڕه‌ پیره‌كان
هه‌موو ژیانی داگیركردووم
پیته‌كان كوێریان كردووم و خه‌ریكن
چاوم ده‌خۆن.
چ ئازارێكه‌! چ ئازارێك بێ بینین!
چ ئازارێكه‌! چ ئازارێك بێ نووسین
چ ژه‌هرێكه‌! چ ژه‌هرێك بینین!
چ مه‌رگێكه‌! چ مه‌رگێكه‌نووسین!
وه‌ره‌وه‌!
وه‌ره‌وه‌ بۆ ناو باخی خه‌یاڵاتی من ئه‌ی یار!
ببینه‌!
چ په‌لكه‌زێڕینه‌یه‌كی یه‌ك ڕه‌نگییه‌.
چ به‌هه‌شتێكی دۆزه‌خییه‌.
وه‌ره‌وه‌... په‌له‌بكه‌ تا دره‌نگ نه‌بووه‌.
تا میوه‌كان ئاودارن و وه‌ك من
سه‌ریان سپی نه‌بووه‌.
تا دره‌خته‌كان به‌پێوه‌ن و وه‌ك من ئه‌ژنۆیان شل نه‌بووه‌
تا وشه‌ و دێڕه‌كان زۆر دڵڕه‌قانه‌
به‌یازی نووسیه‌نه‌كانی منیان نه‌سوتاندووه‌
ئاخر من له‌ مێژه‌ خه‌ریكی نوسینه‌وه‌ی تۆم
خه‌ریكی تۆماركردنی برینی برینه‌كانم
دڵدانه‌وه‌ی ته‌نیایی هه‌موو ته‌مه‌نی خواردووم.
ده‌مه‌وێ ته‌نیایی
له‌ ته‌نیایی ده‌ربهێنم و ناتوانم
هه‌زار و یه‌ك قسه‌ی خۆش
بۆ غه‌ریبی ده‌كه‌م.. تا بزه‌یه‌ك بخه‌مه‌
سه‌ر لێوانی و ناتوانم.
ختووه‌كه‌ی فرمێسك ده‌ده‌م
ده‌سته‌كانم شل ده‌بن و
ئه‌ویش چه‌شنی شازاده‌ی حیكایه‌تێكی
كۆن پێناكه‌نێ
وازدێنم و ناتوانم
من به‌بێ تۆ...
هه‌ناسه‌كانم ده‌ڵێی "مین"له‌ژێر قاچیاندایه‌
به‌ ترسه‌وه‌... هه‌ر به‌ زۆر دێنه‌ ده‌ره‌وه‌
دڵم هه‌ندێ جار ده‌خه‌وێ
تا خه‌به‌ری ده‌كه‌مه‌وه‌
زۆری پێده‌چێ.
ئه‌ی یار!
با ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ كراوه‌بێت
ده‌یده‌مه‌ ده‌ست هاوڕێكانم ته‌واوی بكه‌ن.
با ئه‌م نامه‌یه‌ ته‌واو نه‌بێت
ده‌یده‌مه‌ ده‌ست عاشقه‌كان
به‌سه‌رهاتی خۆیانی تیا بنوسنه‌وه‌
شێته‌كان...
خه‌ونه‌كانی خۆیانی تیا بگێڕنه‌وه‌
وه‌رزه‌كان...
شیوه‌نی خۆیانی تیا تۆمار بكه‌ن
ده‌یده‌مه‌ ده‌ست ته‌مه‌ن
فرمێسكی خۆی تێكه‌ڵاو بكات
ئاره‌قی ناوچه‌وانی دایكه‌ ماندووه‌كانی ئێمه‌
بسڕێت.
تا تۆ ده‌گه‌ڕێیته‌وه‌
چش.. بامن له‌به‌ر باراندا چاوه‌ڕێت بكه‌م
قه‌یناكه‌... با من له‌به‌رده‌م زریانی وشه‌دا بم
عاشق هه‌میشه‌چاوه‌ڕێیه‌
هه‌میشه‌ جه‌سته‌ی ته‌ڕه‌... هه‌میشه‌ دوودڵه‌..
هه‌میشه‌ تووڕه‌یه‌ و ده‌له‌رزێ
منیش عاشقی تۆم... ئه‌ی یار!
عاشقێك: له‌ زه‌مه‌ن و له‌ شوێنێكی سه‌یردا
ده‌ركه‌وت، كه‌ نه‌ده‌بوایه‌ ده‌ركه‌وێ
له‌ زه‌مه‌ن و شوێنێكی سه‌یردا
گه‌ڕا به‌ شوێنتا
كه‌ نه‌ده‌بوایه‌ بگه‌ڕێ
له‌ زه‌مه‌ن و شوێنێكی تردا
فرمێسك و بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی
نووسییه‌وه‌... كه‌ ده‌بوایه‌
بیانسووتێنێ... به‌ جه‌هه‌ننه‌م
ئه‌ی یار!
من خۆم شاردبووه‌وه‌
تۆ چۆن منت دۆزییه‌وه‌؟
چۆن چۆنی منت هێنایه‌ ده‌رێ؟
ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ جه‌هه‌نه‌مییه‌ چی بو داته‌ ده‌ستم؟
ئه‌م به‌ندیخانه‌ی ته‌نیاییه‌
چی بوو.. كردت به‌ تووشمه‌وه‌؟
ئه‌م ژه‌هره‌... چ ژه‌هرێك بوو
نۆشت كردم؟
ئه‌م عه‌شقه‌... چ سیحرێك بوو
لێت كردم؟
با ئه‌م قه‌سیده‌یه‌ ته‌واو نه‌بێ
با ئه‌م هه‌ناسانه‌ وه‌ك دووركه‌وتنه‌وه‌ی
تۆ... درێژببنه‌وه‌
ئه‌م "مۆم"انه‌ كه‌س نازانێ
له‌كوێوه‌ هاتوون... غه‌ریبن
قه‌ت ته‌واو نابن.
ئه‌م دار هه‌نجیرانه‌... چه‌ند به‌وه‌فان
عومرێكه‌... چواروه‌رزه‌ هه‌نجیر ده‌گرن و ماندوو نابن.
پاسه‌وانی ئه‌م ده‌رگای ئازارانه‌
هه‌یهات ته‌مه‌نێكه‌ و نه‌نووستوون
ئه‌م دوژمنانه‌ چه‌ند خۆشه‌ویستن
ئه‌م دڕكانه‌ چه‌ند ئازیزانه‌
له‌ جه‌سته‌م ده‌چه‌قن.
قیری ئه‌م وشانه‌ سه‌یربكه‌
چۆن به‌ دڵمه‌وه‌ نووساون و لێم نابنه‌وه‌.
هه‌نگی ئه‌م دێڕانه‌
چۆن سات له‌ دوای سات
پێمه‌وه‌ ده‌ده‌ن و
له‌به‌رده‌ممدا گیانیان ده‌رده‌چێ.
په‌پووله‌ی ئه‌م حه‌رفانه‌ سه‌ریان لێ شێواوه‌
وا ده‌زانن من گوڵم و
بستێك چییه‌
لێم دوورناكه‌ونه‌وه‌
ده‌ وه‌ره‌وه‌ ئه‌ی یار! یاری نازدار
ده‌ وه‌ره‌وه‌ و ڕزگارم بكه‌
له‌م لافاوی وشه‌ شێتانه‌
له‌م گێژه‌ڵووكه‌ی حه‌رفه‌ تووڕانه‌
له‌م یارییه‌ ده‌رمبهێنه‌
من ماندووم و
له‌مه‌ زیاتر ناتوانم ڕابكه‌م
پێنووسه‌كه‌م لێ وه‌رگره‌وه‌ و بیشكێنه‌
ئاخر نووسین له‌مه‌ودوا
فریامان ناكه‌وێت
نووسین ته‌نها خه‌ونه‌كانمان تۆمار ده‌كات و
نایهێنێـه‌ دی.
كه‌ تۆ ڕۆشتیت
نووسین وای زانی جێگای تۆم
بۆ ده‌گرێته‌وه‌.
هات و هه‌موو هه‌ناسه‌كانی تۆماركرد
هه‌موو فرمێسكه‌كانی ڕه‌نگكرد
"ئۆف"ه‌كانی له‌ "ئاخ"ه‌كان جیاكرده‌وه‌
ته‌رزه‌ له‌ باران
فرمێسكی پێكه‌نین له‌ گریان
ته‌نیایی له‌ تۆ
تۆ له‌ من
كه‌ لێم پرسی: ئه‌ی یار خۆی له‌ كوێیه‌؟
وه‌ڵامی پێ نه‌بوو
لێم پرسی: ئه‌و یاره‌ ناوازه‌ی من
كه‌ی دێته‌وه‌؟
نه‌یكرده‌ نامه‌ردی و پێم پێكه‌نی
وتی بنووسه‌، هه‌ر دیدۆزیته‌وه‌
له‌ شه‌ڕه‌ به‌ردی ئه‌م یارییه‌دا
وشه‌كان سه‌ریان شكاوه‌
بچم به‌لای كامیانه‌وه‌ ئه‌ی یار
به‌ته‌نیا من و هه‌زاران هه‌زار
وشه‌ی بریندار
وشه‌ی عه‌شق له‌ هه‌موویان حاڵی شڕتره‌
دڵ به‌ بیست ته‌قه‌ڵ كه‌متر
چاك نابێته‌وه‌
هه‌ناسه‌ چاوێكی كوێره‌ بووه‌
چاوه‌ڕوانی شێت و به‌له‌سه‌
خه‌و له‌ هۆش خۆی چووه‌.
بچم به‌لای كامیانه‌وه‌... ئه‌ی یار؟
بچم به‌لای كامیانه‌وه‌؟
هه‌ڵه‌ی من كوشنده‌بوو، ئه‌ی یار!
ده‌بوایه‌ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی تۆ نه‌كه‌م
ئاخر چاوه‌ڕوانی جه‌سته‌می وردوخاش و
ڕۆحمی له‌توپه‌ت كرد.
ده‌بوایه‌ من بێم و كون به‌ كون
شار به‌شار
ووڵات به‌ وڵات
بگه‌ڕێم به‌شوێنتا
كه‌چی من ئه‌وه‌م نه‌كرد
له‌جیاتی گه‌ڕان نووسینم هه‌ڵبژارد
له‌جیاتی تۆنووسینم هه‌ڵبژارد
له‌جیاتی ژیان نووسینم هه‌ڵبژارد
سه‌یربكه‌ نووسین چ خیانه‌تێكی گه‌وره‌ی
له‌گه‌ڵ كردم.
هه‌ڵه‌ی من كوشنده‌ بوو... ئه‌ی یار!
یاری نازدار!
هه‌ڵه‌ی من كوشند بوو.
سه‌یر بكه‌! نووسین چی لێ كردم
هه‌ر پارچه‌یه‌كمی خسته‌ ناو دێڕێكه‌وه‌
هه‌ر له‌تێكم و چووه‌ ناو وێنه‌یه‌كه‌وه‌
وێنه‌كانیش چوونه‌ ئامێزی ئه‌لبوومێكی دڕه‌وه‌،
ئه‌لبوومێك كه‌ بۆ هه‌موو كه‌سێ نییه‌
لاپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵبداته‌وه‌ سه‌یری بكات
ئاگات له‌ خۆت نه‌بێ... شاره‌زا نه‌بی
په‌نجه‌كانت ده‌خوات
چاوانت ده‌ماشێته‌وه‌.
ئه‌م ئه‌لبوومه‌ پڕێتی له‌ بێچووه‌ پڵنگی برسی
چۆنیان به‌خێوبكه‌م
بۆ كێیان گه‌وره‌بكه‌م... ئه‌ی یار!
پڕێتی له‌ ئه‌ستێره‌ی خه‌مۆك و تاریك،
ها ئیستا نا... ساتێكی تر ده‌كه‌ونه‌
خواره‌وه‌.
پڕێتی له‌ دارستانی ته‌نیا و دڵشكاو
كه‌ گوڵه‌ كێوییه‌كانی
دره‌خته‌ پیره‌كانی
نه‌ په‌پووله‌یه‌ك... نه‌ چۆله‌كه‌یه‌كی نابه‌ڵه‌دیان
به‌خۆیانه‌وه‌ نه‌بینیووه‌.
پڕێتی له‌و دڵۆپه‌ بارانه‌ نڕێكانه‌ی
كه‌ هیچ بڕوایه‌كیان به‌ ڕیزگرتن نییه‌
بۆ هاتنه‌ خواره‌وه‌.
پڕێتی له‌و تابلۆ عه‌جوولانه‌ی
كه‌ هه‌زاره‌ها ئه‌یوبیان
له‌ چاوه‌كانیاندا گلداوه‌ته‌وه‌و
كه‌چی
به‌دیواره‌كانه‌وه‌ خۆیان ناگرن.
پڕێتی... سه‌رلێوه‌ له‌ ڕه‌شه‌با،
لێوان لێوه‌ له‌ بووركان
پڕێتی... سه‌رشاره‌ له‌و لافاوانه‌ی
كه‌ شارێك له‌گه‌ڵ خۆیاندا
ڕاده‌ماڵن و
داوای لێبووردنیش ناكه‌ن
ئه‌و گێژه‌ڵووكانه‌ی
كه‌ پرس ناكه‌ن و
بست به‌ بستی ڕۆح
ژوور به‌ ژووری دڵ شاره‌زان
قه‌ڵه‌مت به‌ ده‌سته‌وه‌ بێ... یان نه‌بێ
ئه‌وان خۆیانی پیاده‌كه‌ن.
ئه‌ی یار! یاری نازدار!
تۆله‌كوێ بووی؟
سه‌یربكه‌! نووسین چی لێ كردم.
خستمیه‌ سه‌ر ئه‌و په‌یژانه‌ی
كه‌ پله‌كانی دابه‌زینی تیا نه‌ماوه‌.
ئه‌و پردانه‌ی كه‌ له‌ دوای په‌ڕینه‌وه‌
به‌سه‌ریاندا، ده‌ڕووخان و
ئه‌و زه‌وییانه‌ی نیشاندام
كه‌ به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ
كه‌س قاچی تێ نه‌كه‌وتووه‌.
ئه‌و وێرانستانه‌ی پێ ناساندم
كه‌ هه‌ر له‌ خه‌ونی
ئه‌م نه‌وه‌یه‌ی من ده‌چێ.
ئه‌و كه‌پرانه‌ی كه‌ پێش ئه‌وه‌ی
بگه‌مه‌ سێبه‌ریان ده‌ڕووخان و
ئه‌و گوڵانه‌ی
كه‌ پێش ئه‌وه‌ی بۆنیان بكه‌م و
بیانكه‌م به‌ چه‌پك بۆت.. هه‌ڵده‌وه‌رین...
ئه‌وه‌ نووسین بوو، ئه‌ی یار
نووسین بوو، به‌ردی گه‌وره‌ گه‌وره‌ی له‌سه‌ر ڕێگام داده‌نا
تا بكه‌وم و هه‌ڵنه‌ستمه‌وه‌
ڕێگاكانی لێ بنبه‌ست ده‌كردم
تا تۆ نه‌دۆزمه‌وه‌
سه‌یربكه‌! نووسین چ كافرێكه‌.
نووسین چه‌ند دڵپیسێكی ناسكه‌
ده‌یهێشت بیر له‌ تۆ بكه‌مه‌وه‌
به‌ڵام نه‌یده‌ویست بتدۆزمه‌وه‌
كه‌ ده‌كه‌وتم.. ئاره‌قی ناوچه‌وانمی
وشك ده‌كرده‌وه‌
ده‌ستی ده‌گرتم... تا هه‌ستمه‌وه‌
كه‌ برسی ده‌بووم... تێری ده‌كردم.
من چی بووم جگه‌ له‌ عاشقێك
كه‌ ڕه‌شه‌بای نووسین هه‌ڵیده‌گرتم.
نووسین چی بوو، جگه‌ له‌ تارماییه‌ك
كه‌ من ده‌مویست وێنه‌ی بكێشم.
من چی بووم، جگه‌ له‌ قوربانییه‌ك
كه‌ نووسین، سه‌ریده‌بڕیم و ده‌یبه‌خشیمه‌وه‌.
نووسین چی بوو، جگه‌ له‌ نیگایه‌ك
كه‌ ده‌مویست له‌ تۆی جیابكه‌مه‌وه‌و
بۆم نه‌كرا
چی بوو، جگه‌ له‌ یارییه‌ك
كه‌ ده‌مویست خۆمی لێ بدزمه‌وه‌و بۆم نه‌لوا
وه‌ك ده‌بینی... ئه‌ی یار!
یاری نازدار!
من فووم له‌ ئاگرێك ده‌كرد
كه‌ به‌ فوو نه‌ده‌كوژایه‌وه‌.
سواری كه‌شتییه‌ك بووم
كه‌ نه‌ده‌گه‌یشته‌ هیچ شوێنێك و
له‌به‌ر باراندا،
له‌و كاتانه‌دا كه‌ دڵۆپه‌كانی ده‌پڕژانه‌
ناو چاومه‌وه‌
ده‌مویست سه‌رخه‌وێك بشكێنم
كه‌ نه‌ده‌كرا.
من "وه‌ستا" بووم له‌ دروستكردنی هێلانه‌دا،
تا چۆله‌كه‌یه‌كم بۆ ده‌هێنا.. ده‌ڕووخا.
من ئازا بووم له‌ په‌روه‌رده‌كردنی
شانه‌ی هه‌نگویندا
تا هه‌نگێكم بۆ ڕاده‌كێشا،
لێم ده‌بوو به‌ زه‌رده‌واڵه‌و
هه‌ر به‌ڕێگاوه‌ پێوه‌ی ده‌دام.
چه‌ند مه‌سته‌ قه‌ڵه‌مم
چه‌ند ته‌نیایه‌، نووسینم
چه‌ند تۆخه‌.. چه‌ند ڕه‌شه‌.. چه‌ند پڕه‌
ده‌فته‌ری به‌یازم.
ئه‌ی یار!
چه‌ند ته‌نیام، له‌ گه‌ڕانمدا به‌دوای تۆدا.
قاچه‌كانم خیانه‌تم لێ ده‌كه‌ن و
له‌مه‌ودوا هه‌ڵمناگرن
له‌ به‌له‌مێكدا بووم
زستانێكی تووش بوو
یه‌كه‌م سه‌وڵم لێدا
ده‌ریاكه‌ به‌ستی.
چ چاره‌نووسێكی سه‌یره‌ كه‌ ژیان ده‌بێته‌ گه‌ڕان
چ چاره‌نووسێكی به‌ده‌
كه‌ گه‌ڕان ده‌بێته‌ نووسین
چ ناوچه‌وانێكه‌ ئه‌مه‌ ئه‌ی یار؟
چه‌ند گران له‌سه‌ر ڕۆحمان
ده‌كه‌وێ... یاری نازدار!
كه‌ نووسین ده‌بێته‌ تۆو
تۆش ده‌بیته‌ نووسین.
 

پایز... سه‌ره‌تای زستانی 2001