گفتوگۆ له‌گه‌ڵ' ئارام کاکه‌ی فه‌لاح'دا

سازدانی: سامان که‌ریم
 26.10.2008
 

پ1 : ڕای تۆ وه‌ک چیرۆکنووسێک چییه‌ ده‌رباره‌ی چیرۆکی کوردی ئێستا؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: چیرۆکی کوردی ئێستا گۆڕانێکی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ به‌و مانایه‌ نییه‌ که‌ زۆر باشه‌، هه‌ندێ لایه‌نی باشی هه‌یه‌و هه‌ندێکی تریش نا، با بێین به‌ وردی چه‌ند لایه‌نێکی باس بکه‌ین. له‌ بابه‌تدا چیرۆکی ئێستا ده‌وڵه‌مه‌ندتره‌ له‌ جاران،
چیرۆکی کوردی جاران له‌ دوو سێ ته‌وه‌ره‌ی سه‌ره‌کیداخۆی ده‌نواند، وه‌ک مه‌سه‌له‌ی هه‌ژاریی و ناسنامه‌ی نه‌ته‌وایه‌تیی و له‌ شێرزاد حه‌سه‌نی ئازیزیشه‌وه‌ بابه‌تێکی گرنگی وه‌ک ته‌نیایی به‌ قووڵی هاته‌ چیرۆکی ئێمه‌وه‌. له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ چیرۆکی ئێمه‌ هه‌ردوو لایه‌نی هه‌ژاریی و ناسنامه‌ فه‌رامۆش ده‌کات و بابه‌ت گه‌لی وه‌ک مردن و تێکشکانی روح و کاری جه‌نگه‌کان له‌سه‌ر خود و کردنه‌وه‌ی ته‌واوی ده‌رگاکانی فه‌نتازیا و گۆرینی رێچکه‌ی یاری کردن به‌ وشه‌ و گه‌مه‌ کردن به‌ خه‌ون و زیندووکردنه‌وه‌ی مێژوو وه‌ک به‌فر به‌سه‌ر چیرۆکه‌کاندا بارین. له‌ نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ چیرۆکی ئێمه‌ به‌ ته‌کنیکێکی زۆر ساده‌وه‌ ویستی حیکایه‌تی ئه‌و مرۆڤه‌ نه‌خۆشه‌‌ بنووسێته‌وه‌ که‌ به‌ له‌شێکی برینداره‌وه‌ به‌ رێکه‌وت له‌ شه‌ڕه‌کاندا نه‌کوژراوه‌ و له‌ سووچێکدا هه‌ڵترووشکاوه‌و یاده‌وه‌ری خۆی هه‌ڵده‌رێژێته‌ به‌ر ده‌می و به‌ قووڵی سه‌یری جه‌سته‌ی هه‌لا هه‌لای خۆی ده‌کات .زۆربه‌ی زۆری چیرۆکه‌کان وه‌ک درێژکراوه‌ی ( گه‌مه‌ی گۆرینه‌وه‌ی قه‌ره‌وێڵه‌کان) ی شێرزاد دێنه‌ به‌ر چاوم. هه‌رچه‌نده‌ نووسه‌ر ئه‌م چیرۆکه‌ی که‌ له‌ لای من یه‌کێکه‌ له‌ چیرۆکه‌ جوانه‌کانی به‌ چوار ساڵ له‌ 96 تا 2000 نووسیووه‌. لای مامۆستا شێرزاد له‌ هه‌ندێ چیرۆکیدا پاڵه‌وانه‌که‌ به‌ زمانێکی برینداره‌وه‌ باسی عاشقێکی دۆڕاو ده‌کات و ده‌گری و ده‌گری و ژیرنابێته‌وه‌، له‌نه‌وه‌ده‌کانه‌وه‌ پاڵه‌وانی ئێمه‌ ژیرده‌بێته‌وه‌و له جیاتی گریان ده‌یه‌وێ ئه‌و ده‌نگه‌ نامرۆڤانه‌ بنووسێته‌وه‌ که‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی خۆی و ( یۆنگ ) وته‌نی له‌ناو مرۆڤدا خۆشیا هه‌یه‌.لێره‌وه‌ قسه‌کردن له‌گه‌ڵ روحدا له‌گه‌ڵ ناوه‌وه‌دا سیمایه‌کی گرنگی ده‌ستپێکی سه‌ده‌ی تازه‌یه‌ له‌ چیرۆکی کوردیدا.به‌ڵام له‌ زۆربه‌ی زۆری چیرۆکه‌کاندا زمانی تابیرکردن هه‌ژارتره‌ وه‌ک چیرۆکنووسانی هه‌شتاکان.
پاڵه‌وانه‌کانی شێرزاد هه‌رچه‌نده‌ ده‌گرین، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌ر هه‌نیسکێکدا جوانتر و وه‌ستایانه‌تر باسی خۆیان ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌ ساڵی دووهه‌زاره‌وه‌ ئاستی تابیرکردن له‌ له‌زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا تا ئاستێکی زۆر ترسناک بێهێز خۆی ده‌نوێنێ. پاڵه‌وانه‌کانی چیرۆکنووسانی هه‌شتاکان وشیارییه‌کی ته‌واویان به‌رامبه‌ر به‌ باری خراپی خۆیان نییه‌و به‌ڵام باش باسی ده‌که‌ن ، پاڵه‌وانه‌کانی ئێستا ته‌واو ئاگادارن به‌ باری خۆیان و نازانن باسی بکه‌ن، مارکیز ده‌ڵێ چی ده‌گێریته‌وه‌ بیگێره‌وه‌ گرنگ ئه‌وه‌یه‌ خوێنه‌ر باوه‌ڕت پێ بکات،به‌درێژایی مێژووی چیرۆکی ئێمه‌ تا سه‌ر نه‌وه‌ده‌کان چیرۆکنووسانمان شتێکیان بۆ گێراوینه‌ته‌وه‌ که‌ ڕوی داوه‌و هیچ شکێک ناگرێته‌ خۆی، له‌ نێوان ڕاستیی و ناڕاستییدا دیلانێت پێ ناکات، پێش گێڕانه‌وه‌ باوه‌ڕپێکراو بووه‌، کۆپی کردنی واقع هه‌موو هێزێکی خه‌یاڵی خوێنه‌ری ئێمه‌ی تا ئاستێکی زۆر بێهێز کرد، به‌ڵام له‌دوای دووهه‌زاره‌وه‌ چه‌ند چیرۆکنووسێک به‌ سیمایه‌کی تازه‌وه‌ دێنه‌ پێشه‌وه‌، ئه‌ویش ئه‌و هاوسه‌نگییه‌یه‌ که‌ له‌ نێوان واقیع و خه‌یاڵدا دروست ده‌بێت و پرسیار ده‌کات و ئاسته‌کانی بینین قووڵتر ده‌کاته‌وه‌.له‌ راستیدا یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ زه‌حمه‌تترین کاره‌کانی نووسینی تێکستێکی جوان ڕاگرتنی ئه‌و هاوسه‌نگییه‌یه‌ له‌ نێوان خه‌یاڵ و واقیعدا به‌رجه‌سته‌ ده‌بێ و خوێنه‌ر بۆ خۆی ڕاده‌کێشێت.چونکه‌ ته‌نها له‌وێدا هه‌موو یارییه‌کان ئاشکرا ده‌بن، هێزی نووسه‌ر و تواناکانی ڕووت ده‌بنه‌وه‌ وده‌رده‌که‌ون.ئێمه‌ی نووسه‌ر هه‌رچه‌نده‌ له‌ سه‌ره‌تادا بۆ خۆمان ده‌نووسین به‌ڵام له‌ دوایدا هه‌ر ده‌که‌وێته‌ لای خوێنه‌ر. خوێنه‌رێک که‌ حه‌ز ده‌کات پاڵه‌وانێک بناسێت که‌ نه‌ کۆپی خۆی بێت و نه‌ سه‌د ده‌ر سه‌د غه‌ریب به‌ خۆی و دونیاکه‌ی.تا بتوانێ به‌ هۆی تێکستێکه‌وه‌ هه‌ندێ سیمای تازه‌ی شاردراوه‌ی خۆی بدۆزێته‌وه‌ که‌ پێش ئه‌و تێکسته‌ نه‌یبینیووه‌ و نه‌یناسیووه‌.هه‌مان پرۆسه‌ نووسه‌ریش ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ندێ جار نووسه‌ریش هه‌ندێ لایه‌نی تازه‌ له‌ نووسینێکی خۆیدا ده‌دۆزێته‌وه‌ که‌ پێش نووسینی تێکسته‌که‌ نه‌یناسیووه‌.هه‌ندێ جار نووسه‌ر له‌گه‌ڵ تێکستێکی باشدا پیر ده‌بێت، گه‌نج ده‌بێته‌وه‌، به‌هێز ده‌بێت و لاواز ده‌بێت.ده‌گری و به‌قاقا پێده‌که‌نێ.لایه‌نێکی گرنگی تریش که‌ پێویستی به‌باس کردنه‌، ته‌کنیکی چیرۆکه‌.چ لای نووسه‌رانی هه‌شتاکان و چ ئێستاش ته‌کنیک لاوازه‌.من له‌ لای خۆمه‌وه‌ هه‌وڵم داوه‌ له‌زۆربه‌ی چیرۆکه‌کاندا ته‌کنیکی تازه‌ به‌کاربهێنم، بۆ نموونه‌ سه‌یری چیرۆکه‌کانی وه‌ک ( ئه‌و پیاوه‌ی بوو به‌ به‌رد) و(دره‌وشانه‌وه‌ی مه‌حاڵ) و ( گوڵه‌کانی دۆزه‌خ) و ( باوکی ناو ته‌له‌فۆن ) و ( ئه‌و کوڕه‌ی له‌ زۆر که‌س ده‌چێت ).
ته‌کنیک له‌م چیرۆکانه‌دا شتێک نییه‌ تۆ به ئاشکرا نه‌یبینیت،هه‌ندێ جار پێکه‌نینم به‌ هه‌ندێ نووسین دێت که‌ به‌شان و باڵی هه‌ندێ ته‌کنیکی چیرۆکدا هه‌ڵده‌ده‌ن به‌ بێ ئه‌وه‌ی بزانن ته‌کنیک چییه‌، خۆ ته‌کنیک ئه‌وه‌ نییه‌ تۆ له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می چیرۆکێکدا ئه‌وه‌ بزانیت که‌ پاڵه‌وانێک ده‌ستی خوێنی لێ هاتووه‌ و دوای په‌نجا، شه‌ست لاپه‌ڕه‌ ئه‌وه‌ پێشان بده‌یت که‌ به‌ بزمار وای لێ هاتووه‌.به‌داخه‌وه‌ زۆربه‌ی ئه‌و شیوازه‌ زیاتر ته‌م و مژ دروست ده‌کات نه‌ک ئاسانکردنی گێرانه‌وه‌، ئه‌مه‌ش ته‌کنیک نییه‌ به‌ڵکو شه‌ر فرۆشتنه‌ به‌ ته‌کنیک.هیوادارم نووسه‌ره‌ گه‌نجه‌کان به‌ وردی ئاگاداری ئه‌و لایه‌نه‌ بن.له‌ (نهێنییه‌کانی هونه‌ری چیرۆکنووسین ،رۆڤار 25،11،2003 لا 50) دا مامۆستای به‌رێز حسێن عارف له‌ باسی ته‌کنیکدا به‌شێوه‌یه‌کی زۆر خراپ و ناته‌واو باسی ده‌کات و ده‌نووسێ ( ته‌کنیک یانی وه‌ستایی،، ئا هه‌ر ڕاست یانی وه‌ستایی، که‌ دواجار یانی راهاتن له‌سه‌ر نووسین). بێگومان ئه‌م پێناسه‌یه‌ بۆ ته‌کنیک زۆر خراپ و ناته‌واوه‌ ( له‌گه‌ڵ رێزی زۆر،مدا بۆ ئه‌م مامۆستا چیرۆکنووسه‌ ئازیزه‌مان) ، هه‌رچه‌نده‌ به‌شێکی زۆر که‌می ڕاستی تیایه‌ به‌ڵام هێنده‌ ناته‌واوه‌ که‌ ئه‌وه‌شی سڕیوه‌ته‌وه‌، ئێمه‌ چیرۆکنووسانێکی زۆرمان هه‌ن که‌ له‌سه‌ر نووسینی چیرۆکی خراپ ڕاهاتوونه‌و به‌ بێ ئه‌وه‌ی ته‌کنیک به‌کاربهێنن، لای چیرۆکنووسانی هه‌شتاکانیش ته‌کنیک ئه‌وه‌ بوو پاڵه‌وانه‌که‌ که‌سی یه‌که‌می تاکه‌، یان که‌سی دووه‌می تاک ،یان یه‌که‌می کۆ و به‌م جۆره‌، له‌ ڕاستیدا ته‌کنیک نه‌ ئه‌مه‌یانه‌و نه‌ وه‌ستایی و ڕاهاتن له‌ سه‌ر نووسین، به‌ڵکو ته‌کنیک یاریکردنه‌ به‌ گێڕانه‌وه‌، ئیش کردنێکی زۆر جددییه‌ له‌ناو گێڕانه‌وه‌ی ڕوداودا. ته‌کنیک نه‌ ته‌م و مژه‌ و نه‌ فێڵکردن له‌ خوێنه‌ر، به‌ڵکو کۆنترۆڵکردنی شێوازه‌ له‌ چه‌ند بوارێکدا وه‌ک بۆ نموونه‌ تێکشکاندنی زه‌مه‌ن و تێکه‌ڵاوکردنیان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا ، یان به‌شداری کردنی کۆمه‌ڵێک پاڵه‌وان بۆ گێڕانه‌وه‌ی یه‌ک به‌سه‌رهات، یان تێکه‌ڵکردنی حیکایه‌ت له‌گه‌ڵ چیرۆکدا، یان چه‌ند به‌سه‌رهاتێک و کۆکردنه‌وه‌یان له‌ یه‌ک فۆرمدا، یان وه‌ک له‌ ( باوکی ناو ته‌له‌فۆن) دا تێکه‌ڵکردنی حیکایه‌تی منداڵان له‌گه‌ڵ به‌سه‌رهاتی گه‌وره‌کان.وه‌ک ده‌بینی ته‌کنیکی زۆرت له‌به‌ر ده‌ستایه‌ و هه‌موو چیرۆکێکیش خۆی ته‌کنیکی خۆی هه‌ڵده‌بژێرێ و دیاری ده‌کات، وه‌ک ده‌بینی ته‌کنیک نه‌ وه‌ستاییه‌و نه‌ ته‌م و مژ و فێڵ کردن له‌ خوێنه‌ر و نه‌ که‌سی یه‌که‌می تاک و کۆ.


پرسیاری 2 : ئایا هه‌موو ئه‌وه‌ی به‌ ناوی چیرۆکه‌وه‌ بڵاوده‌کرێته‌وه‌ چیرۆکن ؟ ئه‌گه‌ر چیرۆک نین ئه‌ی چین ؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح : له‌ڕاستیدا زه‌حمه‌ته‌ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره‌ به‌ بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌رانێکی زۆر دڵیان لێت نه‌ڕه‌نجێ.به‌ڵام خۆشه‌ویستیم بۆ چیرۆک ناچارم ده‌کات ڕاستگۆ بم. نه‌خێر زۆربه‌یان چیرۆک نین، به‌ڵکو په‌خشانێکی لاوازن و به‌ زمانێکی خراپ و ته‌کنیکێکی ساده‌وه‌ به‌ خوێنه‌ران ده‌فرۆشرێن.له‌وه‌ش خراپتر هاوڕێیه‌کی دێت و نووسینێکی پڕ مه‌دحی درۆی له‌سه‌ر ده‌نووسێت و به‌ داهێنه‌ر له‌ قه‌ڵه‌می ده‌دات و وای لێ ده‌کات له‌ نووسینی چیرۆکی خراپدا به‌رده‌وام بێت و نایه‌ڵێ هه‌ست به‌ لاوازی نووسینه‌که‌ی خۆی بکات ، بۆیه‌ له‌م باره‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ هاوڕێشێتی به‌ڵام بێ ئه‌وه‌ی پێ بزانێت زیانی لێ ده‌دات. ئه‌م جۆره‌ مۆدێله‌ زۆر خراپ له‌ رۆشنبیری ئێمه‌دا بڵاوبووه‌ته‌وه‌. بڵاوبوونه‌وه‌شی زۆر ڕێک له‌گه‌ڵ کاراکته‌ری مرۆڤی ئێمه‌دا ده‌گونجێ، تۆ هاوڕێمی ده‌بێت مه‌دحم بکه‌یت، گه‌ر نا ئه‌وا هاوڕێ نیت له‌مڕۆ به‌دواوه‌ خواحافیز، له‌نێوان هاوڕێ و دوژمندا ئه‌وه‌ی ده‌فه‌وتێت تێکسته‌که‌ خۆیه‌تی که‌ که‌س نایه‌وێ باسی بکات. زۆر له‌و چیرۆکانه‌ی ئێستا ده‌نووسرێن بێ ڕووداون، بێڕووداوی له‌چیرۆکی کوردیدا ته‌واو ئاستی چیرۆکه‌کانی دابه‌زاندووه‌،بێ شوێنیش گرفتێکی تره‌و به‌ده‌گمه‌ن چیرۆکێک ده‌خوێنیته‌وه‌ که‌ شوێنه‌که‌ی ماوه‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌یاڵتا بمێنێته‌وه‌، له‌سه‌ره‌تاشدا باسی نه‌بوونی ته‌کنیک و لاوازی زمان و تابیرکردنم کرد،
له‌مانه‌ش بترازێ په‌له‌کردنێکی سه‌یر له‌نووسینی چیرۆکدا ده‌بینم و هه‌ست به‌و سووتانه‌ ناکه‌م به‌دیار نووسینه‌وه‌، من له‌و بڕوایه‌دام له‌ سه‌دا هه‌شتای ئه‌و چیرۆکانه‌ی که‌ بڵاوده‌کرێنه‌وه‌ گه‌ر نووسه‌ره‌که‌ی دوومانگێک لای خۆی بیهێڵێته‌وه‌و بۆ هیچ شوێنێکی نه‌نێرێت و چه‌ند جارێک به‌سه‌ریا بچێته‌وه‌و پێشانی دوو که‌سی ڕاستگۆی بدات نه‌ک هاوڕێی درۆزن، ئه‌وا زۆربه‌یان له‌ بڵاوکردنه‌وی په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌و ئێمه‌ش خاوه‌نی ئه‌و هه‌موو چیرۆکه‌ خراپانه‌ نه‌ده‌بووین. هه‌ندێ که‌سیش ته‌نها له‌ کاتی نزیک بوونه‌وه‌ی فستڤاڵه‌کاندا خه‌به‌ریان ده‌بێته‌وه‌و ده‌بنه‌وه‌ به‌ نووسه‌ر.له‌و بۆنانه‌شدا به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێ تێکسته‌ باشه‌کان خه‌ڵات وه‌رناگرن و ئه‌مه‌ش من ده‌یگه‌ڕێنمه‌وه‌ بۆ ئه‌و گه‌مه‌ ناشرینه‌ی له‌ پشتی ئه‌و فستڤاڵانه‌وه‌ خۆی ده‌شارێته‌وه‌و کۆمه‌ڵێ هۆکاری وه‌ک حیزبی و دۆستایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش هه‌ندێ له‌و تێکسته‌ خراپانه‌ هه‌ڵده‌بژێرێ نه‌ک جوانی ده‌قه‌کان و داهێنان.
پرسیاری 3: ئایا هیچ ئومێدێک هه‌یه‌ گه‌نج تازه‌گه‌ری بکه‌ن؟
ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: بێگومان هه‌یه‌و من هه‌رچه‌ند له‌ وه‌ڵامه‌کانمدا به‌رامبه‌ر به‌ چیرۆکی کوردی که‌مێک ڕه‌شبین دیارم، به‌ڵام ئومێدێکی ته‌واوم به‌ گه‌نجان هه‌یه‌، به‌ڵام نامه‌وێ درۆیان له‌گه‌ڵدا بکه‌م و بڵێم هه‌موویان داهێنه‌رن و داهێنان جێگای هه‌موومان ده‌کاته‌وه‌ و ناوی هه‌موویان یه‌ک له‌دوای یه‌ک ریز بکه‌م، به‌ڵکو گه‌نجه‌کان ده‌بێ زیاتر و زیاتر خۆیان ماندوو بکه‌ن و وه‌ک له‌ شوینی تریش باسم کردووه‌، نه‌ک ته‌نها ئه‌وه‌ به‌ڵکو له‌گه‌ڵ هه‌ر تێکستێکدا ده‌بێ پارچه‌یه‌کی خۆیان لێبکه‌نه‌وه‌و بیده‌نێ. نووسه‌ر به‌ چیرۆکێک و دوان نابێت به‌ تازه‌گه‌ر، به‌ڵکو ده‌بێ ڕه‌خنه‌گرێکی وشیاری تێکسته‌کانی پێش خۆی و سه‌رده‌می خۆی و ئه‌وانه‌ی خۆشی بیت.ده‌بێت پێش هه‌موو شتێک خۆی له‌ ئایدیۆلۆژییه‌کان و شه‌ڕه‌جنێو پاکاته‌وه‌و میوانی هه‌میشه‌یی به‌رده‌می کتێبه‌کان بێت.ئه‌مه‌ش به‌ ماوه‌یه‌کی زوو نایه‌ته‌ دی به‌ڵکو کاتێکی زیاتری ده‌وێت، بۆ ئه‌مه‌ش په‌له‌کردن و مه‌دحی درۆزنانه‌ی ناوێت.