چاوپێکه‌وتن له‌گه‌ڵ ئارام کاکه‌ی فه‌لاح

 سازدانی : سۆران عه‌زیز


پرسیار1: کوردستان ڕاپۆرت: له‌و پرسیاره‌وه‌ ده‌ست پێ ده‌که‌م، کۆمه‌ڵێ چه‌مکی وه‌ک (داهێنان، خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ گه‌رایی) خزاونه‌ته‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه‌، هه‌روه‌ک چۆن پێشتر (وجودییه‌ت، چه‌پگه‌رایی، ئه‌ده‌بی به‌رگری) هه‌بوون،ئه‌مانه‌ لانی که‌م کاریان پێ کراوه‌ وه‌ک میتۆدی فیکری، له‌کاتێکدا ڕایه‌کی تر هه‌یه‌ ده‌ڵێت کاریان پێ نه‌کراوه‌ وه‌کو خۆی؟

ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: بێ گومان حه‌زده‌که‌م ڕاستگۆ بم و بێ پێچوو په‌نا بڵێم نه‌خێر وه‌ک خۆیان کاریان پێنه‌کراوه‌، به‌ڵام جێگای دڵخۆشییه‌ که‌ وشه‌گه‌لی وه‌ک داهێنان ، خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایی، خۆت وته‌نی خزاونه‌ته‌ ناو ئه‌ده‌بی کوردییه‌وه‌. به‌ڵام با که‌مێک له‌سه‌ر ئه‌مانه‌ بوه‌ستین و بزانین به‌ڕاست کاریان پێ کراوه‌ یان نا ؟ ئه‌مه‌ شتێ نییه‌ مرۆڤ بتوانێ بیشارێته‌وه‌، ئێمه‌ بۆ نموونه‌ داهێنانمان هه‌یه‌ و ئه‌و که‌سه‌شی ده‌ڵێت نیمانه‌ به‌ بڕوای من به‌ هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌دا چووه‌ و با بێت و بیسه‌لمێنێت که‌ نیمانه‌ به‌ بێ هێرش کردنه‌ سه‌ر و تێکئاڵانی شتی تایبه‌تی خۆی له‌گه‌ڵ نووسه‌ردا. به‌ڵام گرفته‌که‌ لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ که‌ بێده‌نگییه‌کی سه‌یر ئاڵاوه‌ته‌ داهێنانه‌کانمان و ئه‌و خامۆشییه‌ وای کردووه‌ که‌ داهێنانه‌کان که‌متر ده‌ربکه‌ون. له‌ ڕاستیدا ئێمه‌ کولتوورێکمان نییه‌ که‌ ناوی کلتووری قسه‌کردن بێ له‌سه‌ر ده‌قه‌ ئیبداعییه‌کان، که‌ ئه‌مه‌ له‌هه‌موو ئه‌ده‌بی دونیادا هه‌ر هه‌بووه‌ و هه‌ر هه‌یه‌و هه‌ر ده‌شمێنێ ، که‌چی لای ئێمه‌ قه‌ت نه‌یتوانیووه‌ ببێته‌ کلتووری قسه‌کردن ، نه‌ک ئه‌وه‌ به‌ڵکو زۆربه‌ی شاعیران و نووسه‌رانی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ رێزمدا بۆیان چاویان به‌ داهێنانی به‌رامبه‌ر هه‌ڵنایه‌ت و تێکستێکی ئیبداعی به‌ کورسی چۆڵ کردن و جێگه‌ پێلێژکردن ده‌بینن نه‌ک وه‌ک به‌شدارییه‌ک له‌ خوڵقانی جوانیدا.به‌ڵام له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا هه‌ست ده‌که‌م که‌ چه‌ند گه‌نجێک هه‌وڵێکی جدی ده‌ده‌ن بۆ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند کتێب و ده‌قێکی جوانی ئێمه‌ که‌ ته‌نها سیحری تێکسته‌کان وایان لێده‌کات لێیان ڕامێنن و چه‌ند لایه‌نێکی هه‌رچه‌ند که‌میشه‌ شی بکه‌نه‌وه‌.هه‌رچه‌نده‌ هه‌ندێ که‌سیش په‌یدا بوون که‌به‌ بڕێک پاره‌ فه‌رمان وه‌رده‌گرن که‌ به‌ باش یان خراپ له‌سه‌ر تێکسته‌کان بنووسن و ئه‌مه‌شیان هێنده‌ ئاستێکی نزمه‌ با هه‌روازیان لێبێنین ، به‌ڵام هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایی له‌و بڕوایه‌دام که‌ ته‌نها وه‌ک ناوێکی زل و قه‌به‌ به‌کاربێت و له‌ خوێندنه‌وه‌ی چه‌ند تێکستێکی زۆر که‌مدا نه‌بێ به‌کارنه‌هاتووه‌، ئه‌مه‌ش هۆی ئه‌وه‌یه‌ که‌ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌گه‌رایی یان شیتاڵگه‌رایی، که‌ فیکری دوای بونیادگه‌رییه‌کانه‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن پێمان بڵێن که‌ وێنه‌ و ماناکان چۆن چۆنی دروست ده‌بن له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی پێمان بڵێن چۆن کار ده‌که‌ن. چونکه‌ فیکری دوای بونیادگه‌ری هه‌ر به‌ ته‌واوی له‌سه‌ر ده‌ستکه‌وته‌ گرنگه‌کانی فه‌لسه‌فه‌ی زمان ده‌وه‌ستێ و هه‌ناسه‌ ده‌دات. بۆ نموونه‌ گه‌ر باسی چیرۆکنووسێکی وه‌ک عه‌تا محه‌مه‌د بکه‌ین ، ئایا ئه‌م ئازیزه‌ که‌ باسی ئاوێنه‌ ده‌کات ، چه‌ندێ ئه‌و ئاوێنه‌یه‌ی له‌ چیرۆکه‌که‌دایه‌ په‌یوه‌ندی به‌ خودی وشه‌ی ئاوێنه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ ئێمه‌ ده‌زانین و له‌ ماڵه‌کانماندا هه‌یه‌ و سه‌یری ده‌که‌ین و هه‌ندێ جار ( گه‌ر شتێ به‌سه‌رمانه‌وه‌ مابێ ) قژی له‌به‌ر دادێنین.هه‌مان شت میرنشینی بابان و سلێمانی و مێژوو و که‌ له‌ چیرۆکه‌کانیدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا به‌ڕاست دووباره‌ ده‌بنه‌وه‌؟ یان جار دوای جار مانای جیاواز ده‌ده‌ن به‌ ده‌سته‌وه‌.هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ گه‌رایی هه‌ر ته‌واو لێره‌وه‌ سه‌یر ده‌کرێت، وه‌ک سوسێر ده‌ڵێ که‌ هیچ په‌یوه‌ندییه‌ک له‌ نێوان ناوی شته‌کان و جه‌وهه‌ری شته‌کاندا نییه‌.
خاڵێکی گرنگی تریش دیسانه‌وه‌ وه‌ک سوسێر ده‌ڵێ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مانای وشه‌کان له‌ ناو خودی وشه‌کاندا نین، به‌ڵکو له‌و په‌یوه‌ندییه‌دان که‌ وشه‌کان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا هه‌یانه‌. بۆ نموونه‌ گه‌ر پاڵه‌وانێک دڵره‌ق بێت ئه‌وا دڵڕه‌قی ئه‌و که‌سه‌ هیچ مانایه‌کی نییه‌ گه‌ر تۆ که‌سێکت له‌ناو چیرۆکه‌که‌دا یان رۆمانه‌که‌دا نه‌بێ که‌ پێشانی بده‌یت که‌ ناسکه‌ و دڵی نه‌رمه‌، به‌ هۆی یه‌کتره‌وه‌ ئه‌م دووانه‌ مانا بده‌ن به‌ یه‌کتر و له‌وێشه‌وه‌ بگوازرێنه‌وه‌ بۆ خوێنه‌ر، لێره‌وه‌ دونیای ده‌سه‌ڵات و هێزی که‌سه‌کان له‌ ناو تێکسته‌کاندا خۆیان ئاشکرا ده‌که‌ن. ئیتر تۆ جۆره‌ په‌یوه‌ندییه‌ک ده‌بینی که‌ پێکهاته‌کان ده‌ستنیشان ده‌کات . لێره‌وه‌ ته‌نها پێمان ناڵێت که‌ کێ دڵڕه‌قه‌و کێ دڵڕه‌ق نییه‌ ، به‌ڵکو ئه‌وه‌شمان پێ ده‌ڵێ که‌ ئایا دڵڕه‌قی خۆی چییه‌؟ که‌ ئایا دڵڕه‌قی هه‌موو کاتێک هه‌ردڵڕه‌قییه‌، یان هه‌ندێ دڵره‌قی هه‌یه‌ که‌ دڵره‌قی نییه‌.ئایا پیاوکوژ کێیه‌ ؟ دز له‌ ناو ده‌قه‌که‌دا چ کاراکته‌رێکی هه‌یه‌. ئایا دزی ناو تێکسته‌که‌و دزی سه‌ر شه‌قامه‌کان وه‌ک یه‌کن. ئه‌م پێناسانه‌ له‌ناو تێکسته‌کاندا چۆن دروست ده‌بن ؟ لێره‌وه‌ شیتاڵگه‌رایی دێت و هه‌موو ئه‌و مانایانه‌ی که‌ له‌باره‌ی شته‌کانه‌وه‌ هه‌مان بووه‌ سه‌ر له‌به‌ر یه‌ک تێکیان ده‌داته‌وه‌ و ماناکانیان هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.جا من لێره‌وه‌ به‌ تۆ ده‌ڵێم که‌ ئایا ئه‌م یارییه‌ زه‌حمه‌ته‌ بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق له‌ ئه‌ده‌بی ئێمه‌دا کراوه‌ یان نه‌کراوه‌.لای ئێمه‌ ڕه‌نگی ڕه‌ش گه‌ر سپیش نه‌بێ هه‌ر ڕه‌شه‌ .به‌ڵام حه‌ز ده‌که‌م ئه‌وه‌ش بڵێم که‌ هه‌ندێ جار ڕه‌نگبێ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ گه‌رایی یارمه‌تیمان بدات بۆ خوێندنه‌وه‌ی هه‌ندێ تێکست و دۆزینه‌وه‌ی هه‌ندێ ده‌لاله‌ت، هه‌ندێ جاری تریش میتۆدی تر جوانتر هه‌ندێ تێکستی تر بخوێنێته‌وه‌، وه‌ک ده‌بینی ئه‌و میتۆده‌ ڕه‌خنه‌ییانه‌ یه‌کتری ناسڕنه‌وه‌ به‌ڵکو وه‌ک ئامڕازێک وان بۆ خۆێندنه‌وه‌و تێگه‌یشتنی باشتری ده‌قه‌کان و ئاشکراکردنی لایه‌نه‌ شاردراوه‌کان.بۆیه‌ ته‌نها ناوهێنانی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ گه‌رایی به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ وا بزانین که‌ میتۆدێکی ڕه‌خنه‌ییمان هه‌یه‌ و به‌ ئاگاییه‌وه‌ به‌کاری دێنین.
 

پرسیار2: کوردستان ڕاپۆرت: ده‌وێرین بڵێین ده‌قی ئیبداعیمان هه‌یه‌ که‌ سیحری ئه‌وه‌ی تیابێت له‌گه‌ڵ ئه‌ده‌بی ده‌ره‌وه‌ی خۆمان بیخه‌ینه‌ ته‌رازووه‌وه‌، ؟ وه‌ ئایا ئه‌ده‌بی به‌راووردکاری خۆی شتێکی مومکینه‌ ؟

ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: من له‌وه‌ڵامی پرسیاری یه‌که‌مدا باسی ئه‌وه‌م کرد که‌ هه‌مانه‌ و بۆ ئه‌مه‌ش ترس و شه‌رمی ناوێت. ئێمه‌ هه‌ندێ ده‌قی وا جوان و ناوازه‌مان هه‌ن که‌ له‌ ئاستێکی به‌رزدان، وه‌ک هه‌موو میلله‌ته‌کانی تریش ده‌قی خراپمان هه‌یه‌ که‌ به‌که‌ڵکی خوێندنه‌وه‌ نایه‌ت و ئه‌مه‌ش دیارده‌یه‌کی ئاساییه‌و ته‌نها کوردی نه‌گرتۆته‌وه‌.
به‌ڵام ئه‌ده‌بی به‌راووردکاری من خۆم له‌گه‌ڵیا نیم و بۆ که‌سێکیش که‌ مایه‌ی بایه‌خ پێدان بێت بڕوا ناکه‌م له‌ هه‌ندێک ده‌ره‌نجامی زۆر گشتی هیچ شتێکی ترمان لێ ده‌ست بکه‌وێت. به‌راوورد کردنی ئه‌ده‌بی کوردی به‌ ئه‌ده‌بی سوویدی و ئه‌ده‌بی فارسی به‌ ئه‌ده‌بی ڕووسی جگه‌ له‌ کؤمه‌ڵێک هێڵی گشتی ده‌بێت چیترمان بداتێ. من خۆم که‌متر بایه‌خ به‌ به‌راوورد ده‌ده‌م ، زیاتر ئه‌و چێژه‌م بۆ گرنگه‌ که‌ له‌ خوێندنه‌وه‌ی نووسه‌رانی سه‌ر به‌ کولتووری جیا بتوانن بیده‌ن به‌ هه‌موو خوێنه‌ران، ئیتر خه‌ڵکی کوێ بن گرنگ نییه‌ . کۆیتزی بێ یان ته‌یب ساڵح، جیمس جۆیس بێ یان کافکا، مارکیز بێ یان به‌ختیار عه‌لی، نوره‌دین فه‌ره‌ج بێت یان فرناندۆ مارییاس، ساراماگۆ بێ یان تاهیر بن جه‌لول، ئاوگوست سترینباری بێت یان باریکۆ، مۆراکامی بێت یان سه‌لمان رووشدی.گرنگ نییه‌،
 

پرسیار3: کوردستان ڕاپۆرت:چۆن ده‌توانین به‌راووردێک له‌ نێوان هه‌ردوو چه‌مکی نوێخواز و داهێناندا له‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردیدا بکه‌ین؟ له‌ کاتێکدا ئه‌مه‌ بۆته‌ گرێیه‌کی ده‌روونی زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی له‌ نێو ئه‌ده‌بی کوردیدا به‌رهه‌میان هه‌یه‌ ؟

ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: کوێتزی که‌ ساڵی 2003 خه‌ڵاتی نۆبڵی له‌ ئه‌ده‌بدا وه‌رگرت قسه‌یه‌کی جوانی هه‌یه‌،ده‌ڵێ : ئه‌ده‌ب یاری کردنه‌، نووسه‌ره‌ زۆر چاکه‌کان له‌ یاساکانی ئه‌م یارییه‌ ده‌زانن، هه‌ره‌ چاکه‌کانیشی یاساکانی ده‌گۆڕن.به‌بڕوای من ئه‌م قسه‌یه‌ زۆر به‌ روونی جیاوازیمان له‌ نێوان نوێخواز و داهێنه‌ردا بۆ ده‌کات. من نازانم ئه‌مه‌ی تۆ ده‌یڵێیت بۆ بووه‌ به‌ گرێیه‌کی ده‌روونی،لای کێ بووه‌ ؟ نازانم ، به‌ڵام هه‌موو قۆناغه‌کانی مێژووی ئه‌ده‌بی ئێمه‌ داهێنانی تیایه‌ و کۆمه‌ڵێک نوێخواز و به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ داهێنه‌رێکی درووست کردووه‌، بۆ نموونه‌ تۆ سه‌یری گۆران و هاوڕێکانی . سه‌یری شێرکۆ بێکه‌س و ڕووانگه‌ییه‌کان، نه‌وه‌ی نه‌وه‌ده‌کان و تا ئێستاش، به‌ڵام به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم که‌ له‌ مێژووی ئه‌ده‌بی کوردیدا قه‌ت به‌قه‌ده‌ر ئێستا به‌رهه‌می ئیبداعیمان نه‌بووه‌. جاران گه‌ر داهێنانه‌کانمان ته‌نها له‌ شیعردا به‌رجه‌سته‌ بووبێ ، ئه‌وا ئێستا فراوانتر بووه‌ و هه‌م شیعر وهه‌م چیرۆک وهه‌م ڕۆمان ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌ێنێ هه‌ر که‌سێ ده‌ستی دایه‌ قه‌ڵه‌م و هاوڕێیه‌کی نزیکی خۆی شتێکی پڕ مه‌دحی له‌ سه‌ر بنووسێ ، ئیتر وا بزانێت که‌ داهێنه‌ری گۆره‌پانه‌که‌یه‌ و گه‌ر پێشی بڵێیت وا نییه‌ ئه‌وا یا به‌ یه‌کجاری دڵی لێت زویر ده‌بێت یان قسه‌ی ناشرین و جنێوت پێ ده‌دات.
زانینی یاساکانی نووسین، هه‌وڵێکی زؤر و خوێندنه‌وه‌یه‌کی برسیانه‌ و قوربانییه‌کی بێووچان و شه‌ونخوونی وحه‌زێکی شێتانه‌ و گه‌ڕانی به‌رده‌وام وبیرکردنه‌وه‌یه‌کی قووڵ و سه‌یر کردنی به‌رده‌وامی پێشه‌وه‌ و له‌ هه‌مان کاتدا دواوه‌ دروستی ده‌کات، ئه‌مه‌ ته‌نها بۆ ئه‌وه‌ی تۆ نوێخواز بیت، به‌ڵام گه‌ر بته‌وێ ده‌ستکاری یاساکان بکه‌یت ده‌بێ خاوه‌نی ڕوحێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌ی وا بیت که‌ هه‌موو ته‌مه‌نتی چرکه‌ به‌ چرکه‌ و ڕۆژ به‌ رؤژ دڵۆپ به‌ دڵۆپ بکه‌یته‌ ده‌مییه‌وه‌. ده‌بێ به‌ جۆرێک ده‌ستکاری یاساکان بکه‌یت که‌ دوای تێپه‌ڕینی چه‌ند ساڵێک ته‌نها نووسه‌ره‌ خراپه‌کان بچنه‌وه‌ سه‌ر یاسا کۆنه‌کان. مرۆڤی داهێنه‌ر ده‌بێ هه‌موو شتێ بڕووخێنێت بێ ئه‌وه‌ی هیچ تێکبداته‌وه‌، ده‌بێ ئێسک و پرووسکی کۆن بنێژێت بێ ئه‌وه‌ی بکوژێت ،ده‌بێ وا کۆن به‌جێبێڵێت که‌ هه‌موو کاتێ بتوانێ بۆ چێژ و سوود وه‌رگرتن بێته‌وه‌ لای. ده‌ستکاری یاساکان ،ده‌ستکاری کردنی چێژی خوێنه‌ره‌و له‌گه‌ڵیدا خوێنه‌رێکی تازه‌ش له‌دایک ده‌بێت، له‌گه‌ڵیدا ئاسۆی بینینی تازه‌ و شه‌ڕی تازه‌ و دونیای تازه‌ ده‌خووڵقێت.به‌ ته‌نها ئه‌وه‌ به‌س نییه‌ به‌ خوێنی خۆت بنووسیت ، به‌ڵکو ده‌بێ له‌گه‌ڵ هه‌ر تێکستێکدا پارچه‌یه‌کی
خۆت لێبکه‌یته‌وه‌ و بیده‌یتێ .
 

پرسیار4: کوردستان ڕاپۆرت: ‌هێلیس میله‌ر له‌ کتێبێکدا به‌ ناوی ئه‌خلاقیاتی خوێندنه‌وه‌ باس له‌ ئیلتیزام ده‌کات بۆ خوێندنه‌وه‌ی ده‌ق. ئایا ئێمه‌ خوێنه‌رێکمان هه‌یه‌ ئه‌وه‌نده‌ی یه‌خه‌ی ده‌ق بگرێت، ئه‌وه‌نده‌ نه‌پرژێته‌ سه‌ر که‌سایه‌تی ده‌ق؟ ئایا ده‌توانین چی بکه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م فه‌رهه‌نگه‌ بکه‌ینه‌ باو ؟

 ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: له‌ ڕاستیدا لای من خوێنه‌ر سه‌ربه‌سته‌، چۆن ده‌خوێنێته‌وه‌ با بخوێنێته‌وه‌، چۆن له‌زه‌تی لێده‌بینێت ، با بیبینێت، هیچ مه‌ترسییه‌کی تیا نییه‌ ، مه‌ترسی له‌وه‌دایه‌ ڕه‌خنه‌گر یه‌خه‌ی نووسه‌ر بگرێت له‌جیاتی یه‌خه‌ی ده‌ق.ده‌نا خوێنه‌ری ئاسایی خواده‌کات ده‌خوێنێته‌وه‌، چۆنی پێ خۆشه‌ با وا بکات، من هه‌میشه‌ حه‌ز ده‌که‌م نووسینی هاوڕێکانم بخوێنمه‌وه‌، چونکه‌ هاوڕێمن و باشیان ده‌ناسم، خوێنه‌ر هه‌رچه‌نده‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ تێکسته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ر خۆشه‌ بزانیت کێ نووسیویه‌تی و چۆن و که‌ی نووسیویه‌تی، لای ئێمه‌ باشتره‌ خوێندنه‌وه‌ خۆی بکه‌ین به‌ فه‌رهه‌نگ، نه‌ک خوێندنه‌وه‌ بارگاوی بکه‌ین به‌ کۆمه‌ڵێک مه‌رج، ئێمه‌ ده‌توانین داوا له‌ هه‌موو که‌س بکه‌ین بخوێننه‌وه‌، به‌ڵام ناتوانین پێیان بڵێین ده‌بێ وا بخوێننه‌وه‌، گه‌ر وا بێت ده‌توانیت پێشی بڵێیت ده‌بێ چێژ له‌م تێکسته‌ وه‌ربگریت و نابێ له‌وه‌یان وه‌رگریت.به‌بڕوای من هه‌ریه‌که‌ ئه‌خلاقیاتی خوێندنه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵده‌گرێت و وه‌ک زۆر شتی تریش هه‌تا بڵێیت تایبه‌تییه‌.
 

پرسیار5: کوردستان راپۆرت: تا چه‌ند پێت وایه‌ گرووپ به‌ندی بتی ڕۆشنبیری دروست ده‌کات، ئایا ئێمه‌ ئه‌م گرووپ به‌ندییه‌مان هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌یه‌ ئایا زیانه‌کانی کامانه‌ن؟

ئارام کاکه‌ی فه‌لاح: من به‌ هۆی باوکی ئازیزمه‌وه‌، که‌م و زۆر ئاگام له‌ گرووپ به‌ندی ڕۆشنبیری ئێمه‌یه‌ هه‌ر له‌ چل و په‌نجاکانه‌وه‌ تا نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو، دوایش که‌ من خۆم چاوم کرایه‌وه‌ بینیم که‌ چه‌ند به‌ شێوه‌یه‌کی ئاشکرا ئه‌و گرووپ به‌ندییه‌ خراپ په‌یوه‌ندی رۆشنبیرانی له‌گه‌ڵ یه‌کتردا شێواندووه‌و سیفه‌تێکی دوژمنکارانه‌ی پێبه‌خشیووه‌، من ده‌زانم ئه‌و جۆره‌ له‌ سلێمانی و هه‌ولێر زۆرن و لای شاعیرانی کوردی دانیشتووی ئه‌م سوویده‌ش زۆر به‌هێز بوو ، به‌ڵام ئێستا دوای به‌ جێهێشتنی هه‌ندێکیان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ کوردستان به‌ خۆشحاڵییه‌وه که‌مێک لاواز بووه‌.من خۆم زۆر تێکه‌ڵاویان نیم و حه‌زم به‌ گرووپچێتی نییه‌ ، به‌ڵام ئه‌وه‌ت بیر نه‌چێ که‌ هه‌مووشی گرووپ به‌ندی نییه‌، به‌ڵکو هه‌ندێ جار هاوڕێیه‌تییه‌ و وه‌ک گرووپ لێکده‌درێته‌وه‌. من هه‌ندێ هاوڕێم هه‌ن که‌ نووسه‌ره‌ گه‌وره‌کانی ئێمه‌ن و له‌گه‌ڵ هه‌ندێکیاندا له‌ منداڵییه‌وه‌ یه‌کتری ده‌ناسین و تا ئێستاش ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ هه‌ر وا جوان و پاک ماوه‌ته‌وه‌،من بڕوا ناکه‌م هیچ داهێنه‌رێکی ڕاسته‌قینه‌ حه‌زی له دروست کردنی بت بێت، ئه‌وه‌ی سه‌رقاڵی داهێنان بێت که‌ی بیر له‌وه‌ ده‌کاته‌وه‌، به‌ڵکو ته‌نها ئه‌وه‌ گرنگه‌ لای که‌ نه‌ خۆی ببێ به‌ بت و نه‌ بتیش بۆ که‌س دروست بکات.
 

4 ئه‌یلوولی 2008