ئه‌نفال
به‌كر ئه‌حمه‌د
2ی ئایاری 1995
لێره بووم كه هاتن
كاروانێك گۆرانی دڵته‌نگ بوون
بێره‌د، به به‌رچاوی خۆمدا تێپه‌رِین.
من ده‌نگی ئاوازی ئه‌وانم، به گیانم هه‌ڵمژی
من ترپه‌ی پێیانم، له گوێما هه‌ڵكه‌نی
به‌ڵام ئاخ
چاوانم بۆ كوێر بوون؟
بۆ شوێن پێی كاروانم دیار نییه و
كام ده‌ستی ساحیر هات، سرِییه‌وه
تا ئاوا لێم ونبوو!
هۆ خۆری سه‌رسه‌رم!
هه‌ر ئێستا لێره‌وه تێپه‌رِین،
تۆ و هه‌وریش لێره بوون
سه‌رنج به!
بزانه، تۆ شوێن پێی كاروانی گۆرانیم هه‌ڵناگری؟
- له ده‌نگی ئاوازی قه‌تارییان سه‌رسام بووم.
بۆ ساتێك
هه‌ر هێنده‌ی هه‌ناسه‌ی تیشكێكم
له مه‌ستی گۆرانی ئه‌واندا
چاوانی خۆم داخست،
هه‌ر هێنده‌ی هه‌ناسه‌ی تیشكێكم
چاوانم كرده‌وه، لێم ونبوون.
هۆ هه‌وری سه‌رسه‌رم!
سه‌رنج به!
سۆراخی!
مه‌گه‌ر تۆ كاروانمت نه‌بینی؟
- من چه‌تری سه‌رییان بووم
لێره‌وه، به نیگای شه‌ونمی چاوانم، ده‌مبینین
به‌ڵام ئاخ!
هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشتینه مه‌ڵبه‌ندی بێ هه‌ور
هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشتینه مه‌ڵبه‌ندێك كه من خۆم
ناتوانم به سه‌ریا تێپه‌رِم،
هه‌ر هێنده‌ی گه‌یشتینه مه‌ڵبه‌ندی بیابان،
له چاوانم ونبوون.
لێره بووم كه هاتن
به به‌رچاوی خۆمدا تێپه‌رِین.
به‌ڵام ئاخ تا ئێستاش
نه‌من و
نه هه‌ور و
نه خۆریش
یه‌ك شوێن پێی كاروانمان نه‌دییه‌وه و
نازانم هه‌رسێكمان، هه‌مان كات
بۆ كوێر بووین؟