چەند ئێس ئێم ئێسێک کە لە مۆبایلی
 هاوڕێیەکی دوعادا بەجێما بوون.
 

بەکر ئەحمەد
25ی حوزەیرانی2007
 

مەسیح بەسەر خاچەوە
ئازارەکانی ئێمە دەبا بۆ خوا
دوعا بە بەردەکانیی لەشییەوە، دڵڕەقییەکانی ئێمە و خواوەند، لەسەنگ دەدا.

کە ریکۆردەرەکانمان، هەمیشە "ئەی ڕەقیب"یان لەسەر بێ
ژیان، سەر ناکا بە قوتابخانەدا و ناچێتە ناو خشتەی وانەکانی خوێندنەوە.
کە بەرنامەی تێڤێکانمان بە سروودی مەشخەڵان دەمدەکاتەوە
ئینسانی ناو زومی کامێراکان، هێشتا کەڵ و باز و هەڵۆن.

دوعا بە گۆرانییەکی دڵداری وتبوو:
ڕووتبوونەوە لەژێر لێزمە بارانی بەردا
دەکرێ شەرەف سپی کاتەوە وەکو شیر
لەو ڕۆژەوە، هەر گەلە کچی وڵاتە، لە ناو ئاپۆرەی پیاواندا،
خەریکی خۆڕووتکردنەوەن.

بەرلە دوا سەفەری خۆی
دوعا لە کۆبوونەوەی یەکێتیەکانی ژناندا
کۆڕێکی دەربارەی ڕۆمان و وپەرەمێز گرتبوو
بەڵام بەوەی ئەو ڕۆژە کارەبا نەبوو
هیچ کەس تۆماری کۆڕەکەی لا نەماوە و
ناشزانرێ
دەکرێ ڕۆمان و پەرەمێز، بابەتی نووسینی ژن بێت.


ڕۆژنامەنووسێک چەند وشەی بۆ دۆعا ئیمەیل کردبوو:
تکایە، سەرنجتان بنووسن!
خۆشەویستی: هەڵەیەک خوا، دەکرێ لەسەری خۆی بکوژێ
یان بیکوژێ
تەنهایی: دەکرێ ساتی سوڕانەوەی هەزاران چاو بێت لە دەورت.
دوعا: دەرگای ماڵی خوا کوتانە بە بێ سەمەر
یان جوانترین ناوی دنیا.