کاره‌سات له شیعری "کاره‌سات"ی شێرکۆ بێکه‌سدا
به‌کر ئه‌حمه‌د
25ی ئایاری 2006
baker.ahmed@comhem.se
شیعری "کاره‌سات"ی شێرکۆ بێکه‌س له گۆشه‌ی "تایبه‌ت
به ئاوێنه"دا و له ڕۆژی 18ی نیسانی 2006دا بلاوکراوه‌ته‌وه. خه‌مێکی شاعیرانه
و هه‌ڵوێستوه‌رگرتنێکی دیکه‌ی شێرکۆیه له زه‌مه‌نێکدا که " هه‌موو ڕۆژێک تاَڵێک
له تیشکی چاوانی ئه‌م وڵاته ده‌دزرێت و گه‌لێ شه‌ویش، له خوێنی مانگی خۆشبه‌ختی
ده‌دزرێت و دزیش هه‌ر ده‌ستی خۆمانه و خوێنیش هه‌ر خوێنی خۆمانه"
بێگومان، ده‌ستنیشانکردنی مێژووی شیعره‌که، واتا نیسانی، 2006 جێگایه‌کی تایبه‌ت
له‌م نووسینه‌دا داگیرده‌کات، من له شوێنێکی تایبه‌تی ئه‌م نووسینه‌دا
ده‌گه‌ڕێمه‌وه سه‌ری. چونکه له نێوان ساڵانی هه‌شاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو و 2006ی
سه‌ده‌ی نوێ‌دا، هه‌م کۆمه‌ڵگا ئاڵوگۆڕێکی گه‌وره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه و هه‌میش ئه‌و
بزووتنه‌وه‌یه‌ی که له سایه‌یدا ئه‌م شیعره ده‌کاته زه‌نگی کاره‌ساتێک. ئه‌گه‌ر
په‌یامی شاعیرمان درک پێکردبێت.
ئه‌وه‌ی که زه‌نگی کاره‌ساتێک لێَده‌دات له‌م شیعره‌دا، به‌جیا له‌و وێنه
شیعرییانه‌ی سه‌ره‌وه، دزینی "تاڵی پرچی خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌رییه"، به جۆرێک
که ئییدی "قژی پڕی خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ری هه‌مووی دزراو، په‌نجه‌کانی هه‌مووی
دزراو، دانه‌کانی هه‌ر دزراو" . بۆیه‌ش ئیدی غه‌می گه‌وره ده‌بێ به‌وه‌ی که:"
ئه‌م خانمه به‌سته‌زمانه، به سه‌رێکی ئه‌سڵه‌عه‌وه وبه ده‌ستێکی بێ په‌نجه‌وه
و به زاری بێ ددانه‌وه، کێ ده‌یخوازێ."
له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌سفکردنه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، ئێمه خۆمان له‌به‌رانبه‌ر تابلۆی
خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ریدا ده‌بینینه‌وه‌که نه‌ک ئارامی به ته‌ماشاچییانی ئه‌م
تابلۆیه‌ی کۆمه‌ڵگا ده‌به‌خشێته‌وه، به‌ڵکو ده‌شیانتۆقێنێ. به‌ڵام ئه‌م تابلۆیه
له واقیعدا هێنده ناشیرین و دڕنده نایه‌ته پێش چاو. ئه‌گه‌ر بۆ ساته‌وه‌ختێک
ڕۆڵی کۆمه‌ڵێک ته‌ماشاچی جۆراوجۆر له خۆ بگرین.
من ناوم به‌ردوه‌شێنێکی سه‌ر شه‌قامه‌کانی که‌لاره. به تاوانی ئاژاوه و
به‌ردگرتنه ده‌رودیواری بنکه‌یه‌کی پۆلیس یاخود ئاسایش له که‌لاردا، له
به‌رانبه‌ر خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ریدا ڕاگیراوم. تێهه‌ڵدان و سووکایه‌تیکردن به‌من
له ئاسایش و پاشان زیندانیکردم، له ژێرده‌ستی پیاوانی به‌رده‌می خانمه‌که‌ی
دادپه‌روه‌ریدا ئه‌نجامده‌درێت. ئه‌و خانمی دادپه‌روه‌رییه‌ی که یه‌ک به‌یه‌کی
ئه‌و یاسا‌و چوارچێوه قانوونیانه ده‌داته ده‌ست پیاوانی دادگا. بڕیاری دادگا بۆ
منی "تاوانبار"، له به‌رقه‌رارکردنی عه‌داله‌ته‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. ئاخر
گوناحی من ئه‌وه بوو بۆ به‌رقه‌رارکردنی چکێکی که‌م له عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی،
کاتێک به زمانی ده‌نگ بۆم دابین نه‌کرا، که‌وتمه به‌رده‌فڕکێ. ئه‌گه‌ر یاساکانی
ده‌ستی ئه‌م خانمه‌ی دادپه‌روه‌ری، به‌و هه‌موو وه‌سفکردنه‌ی شێرکۆوه بۆ من دزێو
دێته پێش چاو، بۆ پیاوانی دانیشتووی هۆڵی دادگا، ته‌واو پێچه‌وانه‌یه. واتا ئه‌م
خانمه هێنده سیمایه‌کی تۆقێنه‌ری نییه و بگره جوانترین سیمای ده‌سه‌ڵاتێک
ده‌داته ده‌ست، که منی سه‌ربازی عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ده‌کاته "ئاژاوه‌گێڕێک"ی
تاوانبار.
به‌ڵام من خه‌ریکی چ گێچه‌ڵگرتنێکم به شێرکۆ؟
مه‌گه‌ر شاعیریش ناڵێت که ڕۆژگارێک دێت ئه‌م خانمه شیرینه‌ی هۆڵی دادگا" که‌س
نایخوازێ"؟ به‌ڵام ئیشکالییه‌ته لێره‌دایه. ئه‌م خانمه‌ی دادپه‌روه‌ری له هیچ
کونج وکه‌له‌به‌رێکی دنیادا، له‌گه‌ڵ مێژووی درێژی سیسته‌می قه‌زائیدا، بۆ
ده‌سه‌ڵات و بێده‌سه‌ڵاتان به هه‌مان شێوه نه‌بووه. به واتایه‌کی دی، کاتێک "
ئه‌م خانمه به‌سته‌زمانه به ده‌ستێکی بێ په‌نجه‌وه و به زاری بێ ددانه‌وه"
وای لێ دێت که‌سێک نه‌یخوازێ، ئه‌وه ئیدی "ئێمه"ی گشتی هاوڵاتییان نین که
به‌رپرسیارێتی خوڵقاندنی ئه‌م دۆخه له ئه‌ستۆ ده‌گرین. واتا کاتێک خانمه‌که‌ی
دادپه‌روه‌ری چاره‌نووسی به‌م ڕۆژگاره‌ی ئه‌مڕۆی خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ری ناو
شیعره‌که‌ی شێرکۆ ده‌گات، کاره‌ساتێکه بۆ زۆرایه‌تییه‌کی گشت نه‌ک بۆ هه‌موو گشتێک.
چونکه یاسا هه‌میشه تێڕوانینی ئه‌و گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه بووه که له یه‌کێک
یاخود چه‌ندین پێگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی یاخود کولتوری به‌هره‌مه‌نده.
به واتایه‌کی دی، ئه‌گه‌ر ئیسلامیزه‌کردنی یاساکانی عێراقی خواستی ئه‌و بزووتنه‌وه
کۆمه‌ڵایه‌تییه‌یه که خوازیاره خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ریمان له‌چکبه‌سه‌ر و
قانوونه‌کانی شه‌ریعه‌ی به‌ده‌سته‌وه بێت، ئه‌وه ئیدی هه‌موو "ئێمه"یه‌کی گشت
نییه که دانی خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ریمان ده‌رهێناوه، به‌ڵکه ئه‌وه منی
قوربانی ئه‌م یاسایه‌یه که پێم وایه ڕوخساری خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ری دزێو و
ناشیرینه نه‌وه‌ک نوێنه‌رانی ڕه‌وته ئیسلامییه‌کانی سه‌ر ساحه‌ی سیاسی عێراق.
واتا خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ری ئه‌مڕۆی هۆڵی دادگاکانی عێراق، سه‌رڕووتاوه و بێدان
نییه، به‌ڵکو شای جوانانی دنیای ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه که مۆدیلی ئه‌م خانمه‌ی بۆ
هه‌مووان خوڵقاندووه.
ئه‌وه‌ی من له‌م ڕوونکردنه‌وه کورته‌دا ده‌مه‌وێ بیڵێم ئه‌وه‌یه، له‌مڕۆدا
سنوورجیاکردنه‌وه‌یکی گرنگ پێویسته له نێوان "من" و "ئێمه"دا.
سنوورجیاکردنه‌وه‌یه‌ک که له مێژووی شیعری کوردی‌دا به ئاستێک له هه‌ڵکشانی خۆی
ده‌گات له ژێر ده‌ستی گۆران‌دا و له گه‌رمه‌ی قوڵبوونه‌وه‌ی سته‌می میللی خه‌ڵکی
کوردستان و بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورددا ده‌بێته‌وه به " ئێمه" و ده‌نگی "من"
دووباره ده‌کاته‌وه به پاشکۆی "ئێمه".
"ئه‌وان له‌سه‌ره و ئێمه له خواره‌وه"
یه‌کێک له ئیشکالییه‌ته گه‌وره‌کانی سیسته‌می دیموکراسی له‌مڕۆدا، ئه‌و
ده‌سته‌واژه‌یه‌ی سه‌ره‌وه‌یه. له دیموکراسیترین وڵاته‌کانی ئه‌مڕۆی دنیادا که
سویده، کۆششێکی گه‌وره‌ی سیاسی و ڕۆشنبیری له کاردایه بۆ که‌مکردنه‌وه و یاخود
"نه‌هێشتنی" ئه‌و مه‌سافه گه‌وره‌یه‌ی که "خه‌ڵک" و
نوێنه‌ره‌هه‌ڵبژێردراوه‌کانیانی خستۆته دوو جێگای ته‌واو دوور له‌یه‌که‌وه.
خواریشه‌وه به دووربینه گه‌وره‌کانی ده‌ستییه‌وه بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌ره‌وه
ده‌گه‌ڕێن. کاتێک دۆخی وڵاتێکی وه‌ک سوید دێنیته پێش چاوی خۆت، ئه‌وسا له مه‌غزای
قوڵی کاره‌ساتێک ده‌گه‌یت که به "ئه‌وانی سه‌ره‌وه" و "ئێمه‌ی خواره‌وه"
ده‌رده‌بڕێت.
ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی خواره‌وه ئاماژه به جه‌ماوه‌رێکی به‌رین بکات له کۆی "گشتێک"،
ئه‌وا هێشتاکه ئێمه قسه له‌سه‌ر "گشتێک"ی گشت ناکه‌ین وه‌ک ئێمه‌یه‌ک. چونکه
ئه‌وانی سه‌ره‌وه، نوێنه‌رایه‌تی که‌مایه‌تییه‌کی دیکه ده‌که‌ن که ده‌کرێ له
خواره‌وه بن و به‌رژه‌وه‌ندییه ئابووری و سیاسی و کولتورییه‌کانیان ئه‌و
جێگاوڕێگایه‌یان پێده‌به‌خشێت که سیسته‌م له‌سه‌ر ئه‌و بناغه‌یه دابمه‌زرێت.
کاتێک ئه‌م هاوکێشه سیاسییه‌ی دیموکراسی ده‌گوێزرێته‌وه بۆ کوردوستان، ئه‌وا ئیتر
نه‌ک مه‌سافه‌یه‌کی کورت، به‌ڵکو جیهانێک له جیاوازی به‌رژه‌وه‌ندی سیاسی و
کۆمه‌ڵایه‌تی ئاماده‌یی هه‌یه، که جگه له ئێمه و ئه‌وان، من و ئێوه، هیچ
زمانێکی ساده‌تر نامێنێته‌وه که گوزاره له‌م دۆخه بکات. به‌ڵام شێرکۆ له شیعری
کاره‌ساتدا، هێشتاکه پێمانده‌ڵێت کاتێک " تاڵێک له تیشکی چاوانی ئه‌م وڵاته
ده‌دزرێت، دزیش هه‌ر ده‌ستی خۆمانه". ئیدی دزو ماڵ لێدزراو یه‌ک ناوییان هه‌یه.
واتا هێشتاکه لای شێرکۆ، هیچ جیابوونه‌وه‌یه‌ک له نێوان" ئه‌وان له‌سه‌ره و ئێمه
له خواره‌وه"دا دروست
نه‌بووه. چونکه هه‌موومان دزین. ئه‌مه ئه‌و مه‌غزایه‌یه
که شێرکۆ به زمانێکی شیعری ده‌یه‌وێ بیڵێت، ئه‌مه هه‌موو ئه‌و ڕادیکالێتییه‌یه
که ده‌درێته پاڵ ئه‌م شیعره.
به‌ڵام ئه‌م دێڕه کورته ئاماژه‌یه‌کی دیکه‌ی تیایه که ناکرێ فه‌رامۆش بکرێت.
ئاخر ده‌کرێ دزه‌کان که‌سانێکی دیکه‌ی سه‌ر به "ئه‌وان"ێکی دیکه بن. به‌ڵام
وه‌ڵامی کورتیله پرسیارێکی واهی سه‌خت نییه، چونکه دزانێکی دیکه‌ی تیشکی چاوانی
ئه‌م وڵاته هه‌بووه که ڕۆژگارێک ناویان داگیرکه‌رانی ئه‌م وڵاته بووه. ئه‌م
ڕوونکردنه‌وه بروسکه‌ئاسایه ، ئێمه نزیک
ده‌خاته‌وه له‌و پرسیاره‌ی که من
له‌سه‌ره‌تای ئه‌م وتاره‌دا ئاماژه‌م پێ
دا، ئه‌ویش ڕۆژی له دایکبوونی ئه‌م
شیعره‌یه: 18ی نیسانی 2006.
"من"ی مایاکۆڤسکی و "دزیش هه‌ر ده‌ستی خۆمانه"ی شێرکۆ
دیوانی "من" ی مایاکۆڤسکی کۆمه‌ڵێک شیعر له خۆ ده‌گرێت که مایکۆڤسکی به‌هۆیه‌وه ده‌بێته تازه‌گه‌رێکی شیعری ڕووسی. به‌ڵام به "من" ئاخاوتن له زه‌مه‌نی شۆڕشدا
کارێکی ئاسان نییه. ئه‌مه ته‌نها ئیشکالییه‌تێک نییه که هه‌ندێک له
ڕووناکبیران به شۆڕشێکی تایبه‌تی و ئایدیۆلۆژییایه‌کی تایبه‌تیییه‌وه ده‌لکێنن.
له زه‌مه‌نی شۆڕش و ڕاپه‌ڕینه گه‌وره‌کاندا که کۆمه‌ڵگا دووچاری ڕاچڵه‌کاندنێکی
گه‌وره ده‌بێت، گروپێک، که ده‌کرێ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێرده‌ست بێت، چینێکی
کۆمه‌ڵایه‌تی بێت یاخود جه‌ماوه‌رێکی به‌رین بێت که به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ئابووری،
سیاسی یاخود کولتوری کۆیانده‌کاته‌وه، زمانی خۆی، ته‌نانه‌ت خیتابی سیاسی خۆیشی
ده‌کاته زمانێکی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاخاوتنی کۆمه‌ڵگاش له‌گه‌ل خۆیدا
ده‌گۆرێت.
ئه‌گه‌ر ئه‌م گروپه کۆمه‌ڵایه‌تییه له ئاستی سیاسی‌دا ڕێکخراوتر بێت، ئه‌وا
گوتاری سیاسی خۆی ده‌کاته گوتاری باڵاده‌ست. هه‌ر ئه‌م لایه‌نه گرنگه‌شه که
زه‌مانه‌تی بردنه‌وه‌ی کێشه سیاسییه‌که ده‌دات له زه‌مه‌نی ئاڵوگۆڕه
گه‌وره‌کاندا. هه‌ر بۆیه کارێکی هێند سه‌رنجڕاکێش نییه که دیارده‌یه‌کی وه‌ک "خودکوشی"
له زه‌مه‌نی جه‌نگ و شڵه‌ژانه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا، له زه‌مه‌نی ئه‌زمه
کۆمه‌ڵایه‌تی و ته‌نانه‌ت کاره‌ساته سروشتییه‌کاندا، ده‌گاته ئاستێکی ئێجگار که‌م.
هۆکاره‌که‌یشی ساده‌یه. ئاخر ئیدی شوناسی "من"ی تاک له پاڵ گروپێکی گه‌وره‌تردا
خۆی ده‌ناسێته‌وه که له خۆی گه‌وره‌تره و ئاستی ئه‌نتیگراسیۆنی "من"ی تاک
له‌گه‌ڵ "ئێمه"ی گروپدا به که‌ماڵی خۆی ده‌گات. ئیتر گوتاری سیاسی گشت ده‌بێته "ئێمه"یه‌ک
و جێگایه‌ک بۆ "من"ی تاک ناهێڵێته‌وه.
له ناو هه‌لومه‌رجێکی وه‌ک ئه‌و چوارچێوه سیاسییه تایبه‌تییه‌ی شۆڕشی
ئۆکتۆبه‌ردا شاعیرێک دێت و به من ده‌دوێ. منێک که له ناو خیتابی "ئێمه"ی چینی
کرێکاردا که له زه‌مه‌نی به‌ر له شۆڕش و دوای شۆڕشیشدا، باڵاده‌سترین گوتاری
سیاسی و کولتوریی کۆمه‌ڵگای ڕوسییه. بۆیه "من"ی مایاکۆڤسکی دووچاری ڕه‌خنه‌یه‌کی
تووندده‌بێته‌وه. ئیدی له کاتی خوێندنه‌وه‌ی شیعره‌کانیدا له ئێواره کۆڕێکی
شاری مۆسکۆدا، گوێگرێک هه‌ڵده‌ستێته سه‌ر پێ و به ده‌نگی به‌رز هاوار ده‌کات:"
شییعره‌کانت زۆر کاتین، به‌م زووانه له‌بیرده‌چنه‌وه"
له وه‌ڵامدا مایاکۆڤسکی ده‌ڵێ:" وه‌ره و له پاش هه‌زار ساڵی که سه‌ردانم بکه،
ئه‌و کات ده‌بینیت چۆنه"
هه‌تا ئێستاش، به‌شێکی ئێجگار زۆری شیعره‌کانی مایاکۆڤسکی، به قسه‌ی به‌شێکی زۆر
له ڕه‌خنه‌گرانی دنیا، ئه‌و گوڕ و تینه له‌خۆیان نیشان ده‌ده‌ن، که کاتی و
ساته‌وه‌ختییانه نه‌بن.
به‌ڵام "کاره‌سات"ی شێرکۆ بێکه‌س له کویێ:" شییعره‌کانت زۆر کاتین، به‌م زووانه
له‌بیرده‌چنه‌وه"ی خوێنه‌رێکی کورددا، خۆیان ده‌بیننه‌وه. وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره،
په‌یوه‌نده به‌و زه‌مه‌نه‌وه‌ی که ئه‌م شیعره‌ی تیا ده‌نووسرێت. واتا 18ی نیسانی
2006، هه‌ر ئه‌م زه‌مه‌نه مێژووییه‌شه ناچارمان ده‌کات، نه‌ک هه‌ر به شیعرێکی "ته‌مه‌ن
کورت"ی له قه‌ڵه‌م بده‌ین، به‌ڵکو ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ سه‌ردانێکی شێرکۆ بکه‌ین له
زه‌مه‌نی : "ئه‌وان له‌سه‌ره و ئێمه له خواره‌وه"، چی ده‌بینین؟
له 18ی نیسانی ناوه‌ڕاست و کۆتایی حه‌فتاکانه‌وه بۆ کۆتایی
هه‌شتاکانی سه‌ده‌ی ڕابردوو
که‌م شاعیری کورد هه‌یه له تۆمارکردنی مێژووی سیاسی کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا، له‌و
جومگه زه‌مه‌نییه‌ی سه‌ره‌وه‌دا، هێنده‌ی شێرکۆ پڕبه‌رهه‌م بێت. شیعری کوردی له‌م
زه‌مه‌ندا که شێرکۆ یه‌کێک له زمانحاڵه سه‌ره‌کییه‌کانییه‌تی، به هۆی ئه‌و
زه‌مه‌نه سیاسییه‌وه که کوردستان پیایدا تێده‌په‌ڕێت، زه‌مه‌نی کوشتنی ده‌نگی "من"ێکه
که گۆران ساده ده‌یخاته به‌رده‌ستی ئێمه. "من"ی گۆران، له پاڵ هه‌ر
که‌موکوڕییه‌کی مه‌وزوعی که له‌به‌رده‌م له دایککبوونی تاکێکی ئازاد‌دا بوونی
هه‌بووبێت له‌و زه‌مه‌نه‌دا، مژده‌ی تاکگه‌راییه‌کی تاڕاده‌یه‌ک سه‌ربه‌خۆمان
پێده‌دات، که نه‌ک هه‌ر خه‌می نیشتیمان تاکه مه‌راقی سه‌ره‌کییه‌تی، به‌ڵکو منێکه
به‌ته‌نگ کێشه ئه‌زه‌لی و فه‌ردییه‌کانی خۆیه‌وه‌یه‌تی. واتا له‌پاڵ خه‌مێکدا که
سته‌می میللی له‌سه‌ر کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستاندا دروستی کردووه، ئه‌م تاکه به
شوێن غه‌مه وجودی و چینایه‌تی و ڕۆمانسییه‌کانی خۆیه‌وه‌یه‌تی. تووندبوونه‌وه‌ی
فشاره‌کانی سته‌می میللی، دڕنده‌بوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی ناسیونالیزمی عه‌ره‌ب و
به‌هێزبوونه‌وه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ناسیونالیزمی کورد، کۆتایی به‌م ده‌نگهه‌ڵبڕینه "گۆران"ییه‌ی
شیعری کوردی دێنێت. ئیتر ئه‌گه‌ر غه‌مێکی فه‌ردییانه‌ی کۆچکردنی باڵنده‌کانی
باکوور به‌ره‌و باشوور ده‌بێته هه‌وێنی شیعر، ئه‌وسا ئێمه وه‌ک خوێنه‌ر، خۆمان
له‌به‌رانبه‌ر غه‌مێکی فه‌ردی و وجودییانه‌ی تاکێکدا نابینین. به‌ڵکو کاتێک باڵنده
کۆچکردووه‌کانی باکوور له قه‌فه‌سی ڕاوکه‌ره‌کانی باشووردا، خۆیان به به‌شی
باکووری قه‌فه‌سه‌که‌وه ده‌لکێنن، ئاماژه‌یه‌ک به غه‌مه‌کانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک
ده‌درێت که تاکه‌کانی به‌ره‌و باشوور نه‌فی ده‌کرێن. ئیتر قیژه‌ی به‌رد و زریکه‌ی
دار و زستان و به‌ستنی ئاوی گۆلاوێک، هیچییان ئاماژه‌یه‌کی فه‌ردییانه‌یان له
پشته‌وه نییه بۆ تاکێک و تێڕوانینی ئه‌و بۆ سروشت، به‌ڵکو له پشت یه‌کبه‌یه‌کی
ده‌ربڕینه‌کانی منه‌وه،
" ئێمه"یه‌کی نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک گشتێک ئاماده‌یی هه‌یه.
به‌ڵام سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه که له‌م زه‌مه‌نه‌یشدا، له‌پاڵ ئێمه‌یه‌کی گشت‌دا، "ئه‌وان"ێکی
دیکه بوونی هه‌یه. ئه‌وانێک که پێیان ده‌ڵێن دوژمن. ئه‌وانێک که به زمانی خۆ
ده‌په‌یڤن و چه‌کی دوژمنی‌یان له شانکردووه. یاخود ئه‌وانێکی دیکه‌ن و سه‌ر به
چه‌کداره‌کانی گروپێکی دیکه‌ن که له‌به‌رانبه‌ر چه‌کداره‌کانی سه‌ر به گروپی خۆدا،
که‌وتوونه‌ته سه‌نگه‌ری به‌رانبه‌ره‌وه. واتا له‌م زه‌مه‌نه‌دا، له‌پاڵ گه‌وره‌یی
"ئێمه"ی ناو شیعر و پانتاییه فراوانه‌کانیدا، "ئه‌وان"ێکی دیکه ئاماده‌یی هه‌یه
به‌و ناونیشانانه‌ی سه‌ره‌وه.
به‌ڵام ئه‌و منه‌ی که له‌م جومگه زه‌مه‌نییه‌دا قسه ده‌کات، "ئێمه"یه‌کی
گه‌وره‌یه که ده‌بێته زمانحاڵی گروپێکی گه‌وره‌تر که ئێمه‌ی کورده. ئه‌گه‌رچی
ئه‌و ڕاستییه ساده‌یه له‌به‌رچاو بگرین، که ته‌نها تێڕوانێنێکی
ناسیونالیستانه‌یه که ئه‌و توانا سیحرییه‌ی هه‌یه که ئه‌و هه‌موو ده‌نگ و ڕه‌نگ
و به‌رژه‌وه‌ندییه جیاوازانه له بۆته‌ی "ئێمه"یه‌کدا کۆبکاته‌وه و
ئێمه‌یه‌یه‌کی یه‌ک ده‌نگ و یه‌ک ڕه‌نگ بخوڵقێنێ. ئه‌گه‌رچی له ژیانی واقیعی
ئینسانه‌کاندا، "من"ه کانی ناو ئێمه، درێژه به ژیانی جیاوازانه‌ی خۆیان ده‌ده‌ن.
له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، له‌دوای شه‌ڕی ناوخۆ و سه‌قامگیربوونی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و
بزووتنه‌وه‌یه‌ی که له زه‌مه‌نێکدا منی شێرکۆ ده‌کاته ئێمه، ئاڵوگۆڕێکی گه‌وره
پێکدێت. دابڕانێکی گه‌وره سه‌رتاپای کۆمه‌ڵگای ئێمه داده‌گرێت. ئه‌و جه‌ده‌له بێ
مانایه‌ی که به جه‌ده‌لی نه‌وه‌کان خۆی پێناسه‌ده‌کات و چیرۆکی ئه‌و شه‌پۆله
به‌رینه له ناڕه‌زایه‌تی جه‌ماوه‌ری، هاتوهاواره‌کانی ده‌سه‌ڵات خۆی بۆ بوونی
گه‌نده‌ڵی له سیسته‌می ئیداره‌یدا، سووتاندنی به‌هاپیرۆزه‌کانی ڕۆژگاری "ئێمه"یه‌کی
گه‌وره له "من"ه‌کان، ئیدی ده‌ربڕینی" دزیش هه‌ر ده‌ستی خۆمانه" بۆ دزینی تاڵێک
له تیشکی چاوانی نیشتیمان ده‌کاته گاڵته‌جاڕییه‌ک بۆ ئه‌و منداڵانه‌ی که
باوکییان چه‌ندین جار له‌سه‌ر خۆپیشاندان و ده‌نگهه‌ڵبڕین فیشه‌کی به‌رکه‌وتووه و
شه‌قی ئاسایشی کوردی به کلاشی کوردییه‌وه تاقیکردۆته‌وه. کاتێک به له‌شکری
به‌رینی کرێچییه‌کانی کوردستان ده‌ڵێت که ئێوه خۆتان دزی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م
وڵاته‌ن، چاوه‌ڕوانی چ وه‌ڵامێک ده‌کرێت.
به کورتییه‌که‌ی: ئه‌وه‌ی پرسیاری سه‌ره‌کی منه له‌م شیعره: بۆچی ده‌نگی ئێمه
له زه‌مه‌نی شۆڕشی شاخدا، ده‌نگێکی که‌ی "ئه‌وان" له‌به‌رانبه‌ر خۆیدا
ده‌دۆزێته‌وه و به‌ڵام له‌مڕۆدا ئه‌م "ئه‌وان"انه بوونییان نییه؟ دیاره ئه‌مه
خستنه‌ژێرپرسیاری ئایدیۆلۆژی سیاسی شێرکۆ نییه به پله‌ی یه‌ک. به‌ڵکو سه‌رنجدانی
ئه‌و دۆخه تازه‌یه‌یه که "ئه‌وان له‌سه‌ره‌وه، ئێمه له خواره‌وه"، یه‌کێک له
ساده‌ترین کاره‌کته‌ره‌کانییه‌تی.
بۆچی ئێمه‌ی ئه‌مڕۆی شیعری شێرکۆ، ناتوانێت له‌م زه‌مه‌نه تازه‌یه‌دا، ئه‌وانێک
بدۆزێته‌وه، تاکو هه‌موومان نه‌کات به دز؟
به‌ڵام داستانی 18ی نیسانی 2006، نزیکایه‌تییه‌کی گه‌وره‌ی به داستانی" 18ی
برۆمێر"ی مارکسه‌وه هه‌یه. داستانێک که تیایدا جه‌ماوه‌رێکی به‌رین له خه‌ڵکی
فه‌ره‌نسا و عه‌قڵه گه‌وره‌کانی ئه‌م مه‌مله‌که‌ته‌ی ڕۆشنگه‌ری پرسیاری" مه‌گه‌ر
بۆچی هه‌وره‌بروسکه له ئاسمانێکی ساماڵدا"، ده‌کاته هه‌وێنی زه‌نگلێدانێکی جدی
له‌به‌رانبه‌ر "کاره‌سات"ێکدا که به‌ڕێوه‌یه.
ئاخر 18ی برۆمێر، مێژووی دووباره ده‌سه‌ڵاتگرتنه‌وه‌ی دیکتاتۆرییانه‌ی ناپلیۆنه
له زه‌مه‌نێکدا که په‌یامی شۆڕش له گوێچکه‌ی زۆربه‌ی زۆری کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکیدا
ده‌زرنگێته‌وه. بۆچی ده‌سه‌لاتێکی سه‌رکوتگه‌ر، چ نه‌فره‌تێک به‌ر ئه‌م
شۆڕشه‌که‌وتووه. به‌شێکی که‌می ئه‌و پرسیارانه‌ن که زۆر که‌س به‌هۆی نه‌ناسینی
ماهییه‌تی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که بزووتنه‌وه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی ئه‌و سه‌رده‌مه،
له مێشکیاندا ئازارییان ده‌دات. 18ی برۆمێری مارکس، داستانی دژه‌شۆڕشێکی
بۆرژوازییه له زه‌مه‌نێکدا، که له دیکتاتۆری به‌ولاوه، هیچ ڕێگاچاره‌یه‌کی دی
له‌به‌رده‌مدا نه‌ماوه بۆ به‌رپێگرتنی ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ی که ده‌سه‌ڵاتی کۆماری
ناتوانێت وه‌ڵامی پێبداته‌وه. بۆیه له‌به‌رانبه‌ر سه‌ر ئه‌سڵه‌عکردنیی خانمه‌که‌ی
دادپه‌روه‌ریدا، له‌به‌رانبه‌ر زیندانیکردنی ده‌نگه ناڕه‌زایه‌تییه‌کانی
ده‌سه‌ڵاتی ناپلیۆندا، له به‌رانبه‌ر دزینی نانی جه‌ماوه‌رێکی به‌رینی نه‌داری
شاری پاریس‌دا، مارکس له هه‌ژده‌ی برۆمێردا پێمانده‌ڵێ: ئه‌وه‌تانێ سه‌رنج بده‌ن و
ببینن! ئه‌وه ده‌سته‌کانی پشت به‌رهه‌مهێنانه‌وه‌ی دزه‌کانی کۆمه‌ڵگا. ئه‌وه
ڕوخسارییان و ئه‌وه‌شی سیمای ئه‌و هه‌ورانه‌ی که زۆر که‌س نایبینن و پێیان وایه
ئاسمانی فه‌ڕه‌نسا به بێ بوونی په‌ڵه‌یه‌ک هه‌ور پێیه‌وه، چه‌خماخه ده‌هاوێژی.
به‌ڵام شێرکۆ له شیعری کاره‌ساتدا، چ په‌یامێکی 18ی برۆمێریانه‌ی بۆ 18ی نیسانی
2006 پێیه؟
به‌ڵام چیرۆکی کاره‌ساتی شیعره‌که‌ی ئێمه له 18ی نیسانی 2006دایه. شێرکۆ دوای
زیاتر له 20ساڵ، به زمانی بیست ساڵ پێش له‌مڕۆوه له‌گه‌ڵماندا ده‌دوێت. زمانێک
که بۆ زه‌مه‌نی خۆیشی بێبه‌زه‌ییانه ده‌نگی "من"ی تاکی کوشت و هه‌ر هه‌موو ده‌نگه
جیاوازه‌کانی له لووله‌ی یه‌ک تفه‌نگداکۆکرده‌وه و ته‌قاندی. به واتایه‌کی دی،
کاره‌سات له شیعری "کاره‌سات"ی شێرکۆدا، وه‌ستانی زه‌مه‌نه به‌و ئاڕاسته‌یه‌ی که
شێرکۆ خوازیاریه‌تی نه‌ک به‌و ئاماژه‌یه‌ی له کۆمه‌ڵگادا خۆیمان نیشانده‌دات.
زه‌مه‌نێک که هیچ ڕۆژنامه‌نووسێک ناتوانێت پێی وابێت ئه‌وه ده‌ستی خانمه‌که‌ی ناو
ناخی خۆیه‌تی که له هه‌ناوی یاساکانی به‌عسه‌وه ئه‌وان زیندانی ده‌کات. ئه‌وه
دایکانی چاوته‌ڕن ده‌ڵێن: کوڕه‌کانمان له شه‌ڕی ناوخۆدا سه‌رده‌بڕین.
تراژیدیای شیعری کاره‌ساتی شێرکۆ و ته‌مه‌نکورتبوونی ئه‌م شیعره، زه‌مه‌نی
له‌دایکبوونییه‌تی. زه‌مه‌نێک که تیایدا تاکی کوردی، ناتوانێت دزینی
سه‌روه‌ته‌کانی کۆمه‌ڵگا، به‌کاری شه‌خسی خۆی بزانێت، له کاتێکدا زیاتر له پانزه
ساڵه به ده‌نگی به‌رزهاوار ده‌کات: به‌سییه دزی.
ڕه‌نگه ئه‌م دێڕانه‌ی خواره‌وه، به‌هیزترین وه‌سفی ڕۆمانی شاری مۆسیقاره
سپییه‌کانی به‌ختیار عه‌لی بێت که له زمانی شێرکۆوه دێنه سه‌ر کاغه‌ز:"له پاش
خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)، له دامێنی دوا لاپه‌ڕه‌یدا، خۆم
بۆ خۆم، ئه‌م ڕسته‌یه‌م نووسی: باش بوو، به‌خته‌وه‌ر بووم، به‌ر له ده‌رچوون و
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆمانه نه‌مردبووم، ئه‌گینا ده‌رفه‌تی خوێندنه‌وه‌ی شاکارێکی
گه‌وره‌ی ئه‌ده‌بی کوردیم له‌کیس ده‌چوو" .
له‌پاش خوێندنه‌وه‌ی شیعری "کاره‌سات"ی شێرکۆ، ده‌ڵێم خۆزگه شاعیرێکی گه‌وره‌ی
وه‌ک شێرکۆ، به‌ر له مردنی، کۆمه‌ڵگای ته‌نها له سه‌ر خوانی نیشتیمان
کۆنه‌کردایه‌ته‌وه و کۆمه‌ڵێک خوانی دیکه‌ی ناو چوارچێوه‌کانی نیشتیمانی
ببینیایه. خوانێک که تیایدا دزینی تاڵێک له تیشکی چاوانی ئه‌م وڵاته،
سه‌رچاوه‌ی به‌خته‌وه‌ری به‌هه‌شته‌کانی شاره و نه‌هامه‌تییشه بۆ
مه‌ینه‌تئاواکانی دیکه‌ی شار. بێجگه له کوردی قسه‌کردن که ده‌کرێ وه‌ک شوناسێکی
ئه‌تنی خه‌ڵکی "به‌هه‌شتی شار و مه‌ینه‌تئاواکانی دیکه‌ی شار" پێکه‌وه
ببه‌ستێته‌وه، ده‌یه‌ها ئینتیمای دیکه هه‌ن که ئه‌م گروپانه‌ی ناو شار له‌یه‌ک
جوداده‌کاته‌وه.
ئه‌گه‌ر خانمه‌که‌ی دادپه‌روه‌ری، له به‌رانبه‌ر ئه‌م دزینه جۆراوجۆرانه‌دا،
به‌وه‌ی که ناکرێ خانمێکی دادپه‌روه‌ری زه‌مه‌نی دزینی سه‌روه‌ته زۆر و
زه‌به‌نده‌کانی نیشتیمان بێت، ناتوانێت شتێکمان پێبڵێت، ده‌کرێ خانمه‌که‌ی
دادپه‌روه‌ری ناو شیعره‌کانی شێرکۆ، شتێکی دیکه‌ی پێ بووتینایه؟ پرسیارێکه و هه‌ر
هاوڵاتییه‌ک که خۆی له‌ژێر په‌رچه‌می:"دزیش هه‌ر ده‌ستی خۆمانه‌ی"ی شێرکۆدا
نه‌بینێته‌وه، ده‌کرێ بیکات.