مه‌هه‌ستی و یاعقوبه درۆزن و زۆرێك له ئێمه
به‌كر ئه‌حمه‌د
baker.ahmed@comhem.se
یه‌كێك له گیتۆكانی پۆلۆنییای ساڵی 1944. له دوای
كاتژمێری شه‌شی ئێواره‌وه، هیچ كه‌س بۆی نییه له شه‌قام و كۆڵانه‌كانی شاردا
ببینرێت. گیتۆ، له دابرِانێگی مه‌زنی زانیاری‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنێت. نازییه‌كان
رِادیۆ و ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌ی ده‌ره‌وه‌ی گیتۆییان قه‌ده‌غه‌كردووه.
كزه‌بایه‌ك هه‌ڵده‌كات و پارچه رِۆژنامه‌یه‌ك به‌سه‌ر ته‌لبه‌ندی گیتۆدا
ده‌كه‌وێته ئه‌مدیۆ سنووره‌كانی گیتۆوه. یاعقوب، به دوای رِۆژنامه‌دا رِاده‌كات.
كاتێك ده‌ستی خه‌ریكه رِۆژنامه‌كه به ئاسمانه‌وه بگرێته‌وه، كزه‌بایه‌ك
هه‌ڵیده‌برِێ و هێنده‌ی تر لێی دوورده‌خاته‌وه. یاقوب بێئاگایه له‌وه‌ی كه
رِاكردن به دوای په‌رِه‌ی رِۆژنامه‌دا، خه‌ریكه نزیكی ده‌خاته‌وه له مه‌رگ.
یاقوب ده‌گیرێ و ده‌برێته ژووری فه‌رمانده‌ی نازی گیتۆ. ئه‌و له كاری خێره و
رِادیۆی هاوپه‌یمانه‌كان داگیرساوه و به ده‌نگی به‌رز، به‌ڵێنی نزیكبوونه‌وه‌ی
له‌شكری سوورده‌دات له سنووره‌كانی ئه‌و شاره‌ی گیتۆكه‌ی ئه‌مانی لێیه. له
شوێنێكدا كه خه‌ریكه فه‌رمانی مه‌رگت به‌سه‌ردا ده‌ده‌ن، رِادیۆیه‌ك مزگێنی ژیان
ده‌به‌خشێته‌وه. چ كاتێكی هه‌ڵه بوو بۆ رِاكردن به شوێن په‌رِه كاغه‌زێكدا؟
پرسیارێكه و مێشكی یاعقوب ده‌كرۆژێت.
ئه‌و ئێواره‌یه، یاعقوب ئازاد ده‌كرێ. مژده‌ی ئه‌وه‌ی كه شاره‌كه‌یان به‌م
زوواته ئازادده‌كرێ، ده‌ماوده‌م له‌سه‌ر زاری خه‌ڵكی گیتۆ ده‌بیسترێت. كێ ئه‌م
هه‌واڵه‌ی دركاند؟ یاعقوب خۆی گویێ لێبووه، ئاخر خۆی وتوویه‌تی كه رِادیۆی
شاردراوه‌ی هه‌یه. هه‌واڵی بوونی رِادیۆیه‌كی شاردراوه له‌لای یاعقوب، ژماره‌ی
خودكوشیی هاوڵاتیانی گیتۆ ده‌كاته‌وه به سفر. له‌گه‌ڵ بارینی رۆژانه‌ی سووكایه‌تی
و مه‌رگ به‌سه‌ر هاوڵاتیانی گیتۆدا، لێوه‌كان له بزه‌دا ده‌تریقێنه‌وه و ئومێدێك،
بێئومێدی ناو گیتۆ رِاوده‌نێت. به‌ڵام یاعقوب ده‌بێ هه‌ر رِۆژه‌ی به حه‌كایه‌ت و
سه‌رگوزشته‌ی نوێوه بێته‌وه كۆرِی هه‌زاران گوێچكه‌ی تینووی هه‌واڵ. یاعقوب
ناچاره، چیرۆكی سه‌یر و سه‌مه‌ره دابتاشێت. درۆكانی یاعقوب، ئومێدێك به
قوربانییه‌كانی نازیزم ده‌دات كه هیچ خودا و پێغه‌مبه‌رێك سیحری دانی ئومێدی وای
به ئینسان نییه. ئه‌مه كورته‌ی فلیمی " یاعقوبه درۆزنه" كه ئه‌كته‌ری
به‌ناوبانگی هۆڵیود، "رِۆبین ویڵییام" سه‌ركه‌وتووانه نمایشی ده‌كات.
هه‌واڵی مه‌رگی گۆرانیبێژی به‌ناوبانگی ئێران، مه‌هه‌ستیم زۆر لابه‌لا له
هاورِێیه‌كمه‌وه پێگه‌یشت. زۆر كاردانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی لا دانه‌نام. به‌ڵام بۆ
ئێواره‌كه‌ی، له كاتی گه‌رِانمدا بۆ به‌ده‌ستهێنانی زانیاری به زمانی فارسی، له
لینكی سایتێكی فارسی‌دا، سه‌رجه‌می به‌رهه‌مه‌كانی مه‌هه‌ستی دانرابوون. گۆرانییه‌كم
داگرت و له‌گه‌ڵ گه‌رِان به‌سه‌ر هه‌ندێك سایتی تردا، هه‌ستمكرد، قورِگم پرِ بووه
له گریان. چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه‌م هه‌ڵبژارد، دڵته‌نگتر له گۆرانی یه‌كه‌م. من
هیچ كاتێك ئاشقی پله یه‌كی مه‌هه‌ستی نه‌بووم، ئه‌م گریانه بۆ چی؟ هاوسه‌رم
له‌گه‌ڵ گۆرانی "به‌نه‌فشه‌دا"، دێت و لامه‌وه داده‌نیشێ. ئه‌و ده‌ڵێ: ئه‌م
گۆرانییه ده‌مباته‌وه بۆ به‌رده‌می دوكانی شه‌ربه‌تفرۆشه‌كانی سلێمانی، یان كاتێك
به‌لای تۆمارگاكانی شاردا رِه‌تده‌بوویت و ده‌نگی به‌رزی ئه‌م گۆرانییه، له
ته‌علیقی پیاوان ده‌یپاراستی.
من بۆ مه‌هه‌ستی ده‌گریم، یان بۆ گه‌نجێتی خۆم؟ به برِوای من، زیاتر بۆ
دووهه‌مییانه. به‌ڵام به جۆرێكیش له جۆره‌كان بۆ مه‌هه‌ستییه. ئاخر ژیانی من و
نه‌وه‌ی من كه له ناوه‌رِاستی شه‌سته‌كانی سه‌ده‌ی رِابردوودا له دایكبووه،
قه‌رزارباری مه‌هه‌ستی و ستار و داریوش و ئه‌میتاب باچن و هیما مالینی و زۆرێكی تر
له ناوه ناوداره‌كانی سینه‌ما و گۆرانی فارسی و هندی حه‌فتا و هه‌شتاكانن. ئێمه
ئه‌و دیله یه‌خسیركراوانه‌ی ناو گێتۆیه‌كی گه‌وره بووین كه ناوی سلێمانی بوو.
زه‌بروزه‌نگی به‌عس، هیچ ئومێدێكی گه‌وره‌ی له دڵدا نه‌هێشتبووینه‌وه. ئه‌گه‌ر
چی، شار هه‌ندێك شه‌و ده‌كه‌وته ده‌ستی پێشمه‌رگه، به‌ڵام ئه‌وانیش په‌یامێكی
جگه له زه‌بروزه‌نگ، جیاوازتریان پێنه‌بوو.
بۆ ئه‌وه‌ی رِوونتر قسه بكه‌م. رّژێمێك ده‌تهارِێ و هێزێك بۆ ئه‌وه‌ی نه‌تهارِێ،
ده‌بێت پیشانی بات كه رِژێم ئاسان ناتوانێت بیهارِێت. به ڵام به هه‌ر دوو رِووی
هاوكێشه‌كه‌دا، زه‌بروزه‌نگ جێگایه‌كی به‌رچاوی داگیركردبوو. به‌ڵام ئاخر گه‌نج
بووین، بێجگه له حه‌ماسه‌ی سرووده‌كان و ئه‌و سیحره‌ی كه چه‌ك له مێشكماندا
دروستیكردبوو، ده‌بوایه ئاشقبووینایه. مه‌هه‌ستی و زۆرێكی دیكه‌ی گۆرانیبێژانی
فارس، ئه‌م رِۆڵه‌یان له گه‌وره‌كردنی سنوره‌كانی ئاشقبوونی گه‌نجێتی نه‌وه‌ی مندا
دروستكرد.
ئێمه له زه‌مه‌نێكدا گه‌وره‌بووین، كه پێویستمان پێ بوو، كچێك به زمانی خۆی
بڵێ: من ئاشقم. مه‌هه‌ستی ئه‌و ده‌نگه بوو. به‌ڵام من بۆ ئێستا ده‌گریم؟ ئاخر
ئه‌وه نییه مه‌هه‌ستی ده‌ستمده‌گرێ و ده‌مباته‌وه سه‌ر ئاشه‌كه‌ی گاوران و به
رِیكۆرده‌ره رِه‌شه‌كه‌ی خۆمه‌وه گۆرانی "مگه نه"، ده‌چرێت و ژنه‌كانی ئه‌وبه‌ر
ده‌ڵێن:" ده‌كرێ ئه‌و گۆرانییه‌مان بۆ تۆماركه‌یت"؟
من بۆ گه‌نجێتی خۆم ده‌گریم. گه‌نجێتییه‌ك ئه‌گه‌ر مه‌هه‌ستی و ده‌نگه جوانه‌كانی
دیكه‌ی ناو هونه‌ر و گۆرانی و مۆسیقای ئه‌و زه‌مه‌نه نه‌بوایه كه گۆرانیبێژانی
فارس رِۆڵێكی گه‌وره‌یان تیا بینی، سه‌رتاپامان پرِ ده‌بوو له رِق. له تورِه‌یی و
دڵرِه‌قی. مه‌هه‌ستی ئه‌و ده‌نگه بوو، كه زۆرجار دڵی باوكانیشمانی نه‌رمده‌كرد.
له كۆمه‌ڵگایه‌كدا، كه ئومێد له‌سه‌ر جومگه‌كانی دیكه‌ی ژیان، له هاوكێشه‌ی
خه‌بات و شۆرِشی رِزگاریدا، جێگایه‌كی نه‌ده‌بۆوه، مه‌هه‌ستی ئه‌و بۆشاییه‌ی بۆ
پرِكردینه‌وه.
ئه‌گه‌ر پاڵه‌وانی فیلمی "یاعقوبه درۆزن" ته‌نها له‌سه‌ر دانی ئومێد به
كۆمه‌ڵگایه‌كی خاڵی له ئومێددا توانای ئه‌وه‌ی هه‌یه ببێت به پاڵه‌وان و له‌سه‌ر
درۆ ژیانی گیتۆیه‌ك جوانتر بكات و مه‌رگ له ئینسانه‌كانه‌ن دووربخاته‌وه، ئه‌وا
مه‌هه‌ستی له زه‌مه‌نێكدا كه شریخه‌ی تفه‌نگ و زه‌بروزه‌نگ تاكه گوتاری زاڵی
رِۆژ بوو، دیوه جوانه‌كه‌ی دیكه‌ی ژیانی بۆ نه‌وه‌ی من ده‌نه‌خشاند، به‌ڵام به
رِاستی نه‌وه‌ك به‌درۆ.