یاداشتی رِۆژانه‌ی شارێك كه ناوی به‌یروت بوو
نزار القبانی
وه‌رگێرِانی بۆ كوردی : به‌كر ئه‌حمه‌د
له دیوانی: یومیات مدینه كانت اسمها بیروت
كێ بوو رِێیدا ماركسی نه‌فره‌تلێكراو بێته لوبنان؟
كام باڵوێزخانه‌ی لوبنان بوو ڤیزه‌ی پێدا؟
له گومركی فرِۆكه‌خانه بۆ كه‌س جانتای نه‌پشكنی؟
ئه‌و ماركسه نه‌فره‌تلێكراوه ماڵه‌كانمانی كاولكرد
ژنه‌كانمانی بێوه‌ژن و مناڵه‌كانیشمانی هه‌تیو
په‌یوه‌ندییه مێژووییه‌كانی لوبنانیشی ژێره‌و ژووركرد.
من ئه‌وم خۆش ناوێت، نا من ئه‌وم هیچ خۆش ناوێت.
ئه‌و رِۆژه‌وه‌ی له یه‌كێك له چێشخانه شه‌عبییه‌كانی گۆرِه‌پانی بورجدا
بینیبوویان پاقله ده‌خوات
له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی ساده ده‌دوێ
كتێب و نووسراوه‌ی بیروباوه‌رِیان به‌سه‌ردا دابه‌شده‌كات،
له‌و رِۆژه‌وه دڵنیابووم، ئه‌و له گه‌شتییاره‌كانی دی ناچێت.
به‌ڵام هاتووه تا پیلانێكی كاولكه‌رانه جێبه‌جێ بكات.
ئه‌و هاتووه
تا چاو له برۆ هانبدات و
پێ له سه‌ر و
بازرگانه‌كانی به‌ستاتیش له بازرگانه‌كانی شه‌قامی حه‌مرا و
خانووه ته‌نه‌كه‌كانیش له ماڵه ئه‌له‌منیۆمه‌كان هانبدات.
ماركس چیداوه له‌وه‌ی كه خوا دروستی كردووه؟
بۆ ده‌یه‌وێ مه‌شیئه‌تی ئیلاهی بگۆرِێت؟
ئاخر خوایه كه فه‌قیر و ده‌وڵه‌مه‌ندی خوڵقاندووه
هه‌روه‌كو چۆن شه‌و و رِۆژ و
ئه‌وانه‌ی نان و چا ده‌خۆن و
ئه‌وانه‌یشی كه كاڤیار و شاتوبریان ده‌خۆن و كۆنیاك ده‌نۆشن.
هه‌ر خوایه كه‌ری دروستكردووه و ئۆتۆمبیله‌كانی "رِۆزرِایس"یش.
جلی كۆنه و جله‌كانی بیارگاردانیش.
ئه‌و منداڵانه‌ی له‌سه‌ر حه‌سیر به‌دنیا دێن و ئه‌وانه‌یشی له‌سه‌ر فه‌رش
چاوهه‌ڵدێنن.
خوا ئه‌وانه‌ی خوڵقاندووه كه له فرمێسكی خۆیان ده‌خۆنه‌وه و
ئه‌وانه‌یشی ئاوی ئیڤیان و ڤیشی ده‌نۆشن.
به‌رله‌وه‌ی ئه‌و ماركسه نه‌فره‌تلێكراوه بێته لوبنان
ژیان خۆش و شیرین بوو، هه‌موانیش به‌به‌شی خوا رِازی.
هه‌ژاران به هه‌ژارییان و
ده‌وڵه‌مه‌ندان به‌ده‌وڵه‌تیان.
پێ و سه‌ره‌كان پێكه‌وه ده‌ژیان و
برِواشیان به موعجیزه‌ی لوبنانی بوو.
به‌ڵام كاتێ كارڵ ماركس ته‌شریفی هێنا و
بووه هاورِێی ده‌ستفرۆشان، به‌ننا، كۆڵكێشه‌كانی
به‌نده‌ر
شۆفێری تاكسی، بلیت و یانسیبفرۆشه‌كان
پاش ئه‌وه‌ی بووه ئه‌ندامێكی چالاكی نه‌قابه‌كانی كرێكاران و
یه‌كێتییه‌كانی قوتابیان
شته‌كان ده‌ستیانكرد به له‌رزین.
پێیه‌كان داوای گۆرِینی هه‌لومه‌رجه نامرۆڤایه‌تییه‌كان كرد و
تورِه‌یی ته‌قییه‌وه.
زوڵملێكراوان زانییان خوا به‌ر پرسی زوڵمیان نییه.
به‌ڵكه ئه‌وه ئینسانه ده‌چه‌وسێنێ و
پێست ده‌گورێ و دوایش ده‌یخوات.
به‌ڵام پێویست بوو به‌یروت بسوتێت
تا ئه‌وانه‌ی كاڤیار و شاتووبریان ده‌خۆن پێبزانن:
كه هه‌ژاری كافره
برسێتی كافره
نه‌خۆشی كافره
تاكو پێبزانن؛ كاتێك ئینسان برسی ده‌بێ
دانه‌كانی له گۆشتی مانگیش گیرده‌كات.