نووسه‌ر و مه‌نفا
مه‌نفای داهێنه‌ر مه‌نفایه‌که له‌ناو خودی خۆی و له‌ناو شوناسی خۆیدا. ئه‌و خوده
له هه‌ر شوێنێک بێت، هه‌ر له مه‌نفایه
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور
توانا ئه‌مین: ئه‌گه‌ر ونبوون به‌شێکی گه‌وره‌ی هه‌موو سه‌فه‌رێک بێت، نووسه‌ر
جوودا له خه‌ڵکی تر، چه‌ندێکی له‌و پشکه به‌رده‌که‌وێت؟ به مانایه‌کی تر مه‌نفا
بۆ نووسه‌ره‌کان چه‌ندێک شوێنی خۆدزینه‌وه و چه‌ندێکیش جێگای ونبوونه؟
کاروان عومه‌ر کاکه‌سوور: ئه‌گه‌رچی مه‌نفا له ڕوخساردا زیاتر پێوه‌ندیی خۆی به
جۆگرافیاوه ده‌رده‌خات، به‌لآم راستییه‌که‌ی مه‌نفا چه‌مکێکی مێژووییه.
به‌مانایه‌کی دیکه مه‌نفا ئه‌نجامی ئه‌و پرسیارانه‌یه، که نووسه‌ر ئاڕاسته‌ی
کاتیان ده‌کات و وه‌لآمی ده‌ستناکه‌وێت. لێره‌دا جۆگرافیا، یاخود شوێن هه‌ر خۆی
ده‌که‌وێته ژێر ده‌سته‌لآتی کاته‌وه. ره‌نگه داهێنه‌ر به‌ده‌ر له‌وه‌ی چه‌ند له
زانستی فیزیا شاره‌زایه، هه‌ر خۆی بگاته ئه‌و راستییه‌ی، که دوو جۆر کات هه‌یه.
یه‌که‌میان ئه‌و (کات)ه‌ی به شاراوه‌یی تێده‌په‌ڕێت و ته‌نها له ڕێگای
گێڕانه‌وه‌وه ده‌کرێت به‌دوایدا بگه‌ڕێین. دووه‌میان ئه‌و (کات)ه‌ی به‌شێوه‌یه‌کی
جێگیر خۆی ده‌رده‌خات و ڕێگره له‌وه‌ی ئێمه به‌و کاته شاراوه‌یه بگه‌ین.
لێره‌وه‌یه داهێنه‌ر ده‌که‌وێته ناو مه‌نفایه‌که‌وه، به‌وه‌ی هه‌ست ده‌کات
ڕابردووی له‌ناو ئه‌و کاته‌دا ون بووه. هه‌ر لێره‌یشه‌وه‌یه ئێمه به‌دوای
منداڵیی خۆماندا ده‌گه‌ڕێین. ئه‌مه ئه‌و راستییه بوو، که (مارسێل پرۆست) له
ڕۆمانی "گه‌ڕان به‌دوای کاتی ونبوو"دا دۆزیه‌وه و له شه‌ڕێکی گه‌وره‌دا
ڕووبه‌ڕووی بووه‌وه. (جیل دۆلۆز) له‌و باره‌یه‌وه پێی وایه کاتی ونبوو، کاتی
ڕاسته‌قینه‌یه. کاتی ونبوو هه‌ر ته‌نها کاتی رابردوو نییه، به‌ڵکو هه‌ر کاتێکه،
که له ده‌ست چووه.
هه‌موو پرسیارێکیش له مه‌نفا، پێشتر پرسیارێکه له دڵڕه‌قییه‌کانی کات. چه‌مکی
مه‌نفا هه‌میشه خه‌ڵه‌تێنه‌ر بووه، به‌وه‌ی که به نهێنی له‌ناو کاتدا کار
ده‌کات و واشمان پیشانده‌دات، که به ئاشکرا له‌ناو شوێندا ده‌ژی. مه‌نفا هه‌ر
له‌و کاته‌وه ده‌خوڵقێت، که سه‌رچاوه‌کانی دڵنه‌واییی وه‌کو ئاین و ئایدۆلۆژیا
چیی‌تر ناتوانن نووسه‌ر به پێناسه‌کانی خۆیان له‌باره‌ی کاته‌وه ڕازیی بکه‌ن.
که‌واته مه‌نفا ئه‌نجامی ئه‌و جیاوازییانه‌یه، که مێژوو، یاخود کات
به‌رهه‌میانده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر زمان چه‌کێکی گرنگ بێت، که نووسه‌ر له به‌رانبه‌ر
ده‌سته‌لآتی مێژوودا په‌نای بۆ ده‌بات، ئه‌وا جۆگرافیا چه‌کێکی دیکه‌یه. (دیکارت)
فه‌ره‌نسای دڵره‌قی جێهێشت و ڕووی له هۆڵه‌ندای هێمن کرد، به‌و مه‌به‌سته‌ی
جۆگرافیا وه‌کو چه‌کێک له به‌رانبه‌ر هێرشه‌کانی (مێژوو/ کات)دا به‌کاربهێنێت،
ئه‌گینا ئه‌و به‌دوای (جۆگرافیا/ شوێن)دا نه‌ده‌گه‌ڕا. (جه‌یمس جۆیس) وه‌کو یه‌کێک
له ناسراوترین ئێکسێلدی سه‌ده‌ی بیسته‌م هاواری ده‌کرد: "ئه‌و نیشتیمانه جوان و
نه‌شمیله‌ی به‌رده‌وام نووسه‌ر و هونه‌رمه‌نده‌کانی خۆی بۆ مه‌نفا ده‌نارد".
سه‌فه‌ری داهێنه‌رانی ئێمه بۆ ڕۆژئاوا هه‌مان ئامانجی هه‌بووه. ئه‌و سه‌فه‌ره
ڕه‌هه‌ندێکی ویژدانیی به‌خۆوه گرتووه. سه‌فه‌ری ئه‌و داهێنه‌ره سه‌فه‌رێک
نه‌بووه له دۆزه‌خێکه‌وه بۆ به‌هه‌شتێک، به‌ڵکو سه‌فه‌رێک بووه بۆ ئه‌و
شوێنه‌ی، که ده‌توانێت تێیدا به‌هێزێکی زیاتره‌وه ڕووبه‌ڕووی مێژوو ببێته‌وه.
ئه‌و سه‌فه‌ره بۆ ئه‌و شوێنه بووه، که (نیچه)ی فه‌یله‌سووف له ڕۆژگاری خۆیدا
ده‌یزانی چۆن له سایه‌ی دڵڕه‌قییه‌کانی کاتدا شێواوه. سکالآی له ده‌ست ده‌کرد و
ده‌یگوت: سه‌رتاپای ژیاری ئه‌وروپا وا تێکده‌شکێت و هه‌ر ده‌ڵێی چاوه‌ڕێی
کاره‌ساتێکی گه‌وره‌یه.
ئه‌گه‌ر کۆچ سنووری پێوه‌ندییه‌کانی داهێنه‌ر به جیهانی ده‌ره‌وه ته‌سکتر
ده‌کاته‌وه و زیاتر به‌ره‌و گۆشه‌گیریی ( Isolation) ده‌بات، به‌لآم هاوکات
ده‌رگاکانی دیکه‌ی بۆ ناو خودی خۆی زیاتر ئاوه‌لآ ده‌کاته‌وه و پرسیار و
گومانه‌کانیشی گه‌وره‌تر ده‌کات. (تۆدۆرۆڤ) له کتێبی (ئێمه و ئه‌وانی دیکه)دا
ده‌ڵێت " په‌ناهه‌نده هیچ ئاگاداری و زانیارییه‌کی له‌باره‌ی ئه‌و شوێنه‌وه
نییه، که لێی ده‌ژی". ئه‌وه ده‌سته‌لآتی کاته ڕێگره داهێنه‌ر و شوێن به‌یه‌کتر
بگه‌ن، یاخود نه‌هێڵێت نووسه‌ر هه‌ست به بوونی شوێن بکات. مه‌نفای داهێنه‌ر
مه‌نفایه‌که له‌ناو خودی خۆی و له‌ناو شوناسی خۆیدا. ئه‌و خوده له هه‌ر شوێنێک
بێت، هه‌ر له مه‌نفایه. که‌واته کۆچی داهێنه‌ر، وه‌کو گوێزانه‌وه‌ی وایه له
ماڵێکه‌وه بۆ ماڵێکی دیکه، له گه‌ڕه‌کێکه‌وه بۆ گه‌ره‌کێکی دیکه. مه‌نفاش
هه‌ر خۆی به‌شێکه له‌و که‌لوپه‌له پێویستانه‌ی، که داهێنه‌ر له‌گه‌ڵ خۆیانیدا
ده‌گوازێته‌وه. هه‌ڵه‌ی خوێندنه‌وه‌ی ئێمه بۆ مه‌نفای داهێنه‌ر هه‌ر ته‌نها
ئه‌وه نییه، که مه‌نفا به شوێنه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه‌یشه، که
پێی وایه مێژووی داهێنانی ئه‌ده‌بی و فیکری و هونه‌ری هاوکات له‌گه‌ڵ مێژووی
مه‌نفا (مه‌به‌ستی کۆچه)، لای ئه‌و داهێنه‌ره پێکه‌وه ده‌ستپێده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش
تێکه‌ڵکردنێکه له‌نێوان مه‌نفا وه‌کو جۆگرافیا Expatriate و مه‌نفا وه‌کو
حا‌ڵه‌تێکی ئه‌نتۆلۆژی Alienation. ڕاستییه‌که‌ی داهێنان به هه‌موو شێوه‌کانیه‌وه
خۆی له‌ناو ئه‌و مێژووه‌دا ده‌خوڵقێت. به مانایه‌کی دیکه داهێنه‌ر جارێک وه‌کو
مرۆڤ له مه‌نفایه و جارێكی دیکه‌ش وه‌کو نووسه‌رێک، که دیدگایه‌کی جیاوازی
هه‌یه. له‌نێوان مه‌نفا و نووسیندا پێوه‌ندییه‌کی توندوتۆڵ هه‌یه، به‌وه‌ی، که
نووسین خۆی جۆرێکی دیکه‌ی نامۆبوونه له‌ناو خوددا Self estrangement . ئه‌و
حاڵه‌ته‌یه، که نووسه‌ر هه‌ست ده‌کات چ له خودی خۆی و چ له‌وانی دیکه دابڕاوه.
لێره‌شه‌وه ده‌گه‌ینه ئه‌وه‌ی بڵێین مه‌نفا هه‌ر خۆی نووسه‌ره‌که‌یه، به‌وه‌ی،
که مرۆڤ خۆی وه‌کو (هایدگه‌ر) پێی وایه بوونه‌وه‌رێکی زه‌مه‌نییه.
ئه‌گه‌ر مه‌نفا بۆ داهێنه‌ر وه‌کو مرۆڤێکی ئاسایی نه‌گه‌تیڤ بێت، ئه‌وه وه‌کو
نووسه‌رێک له به‌رهه‌مهێنانی تێکستدا پۆزه‌تیڤه. ئه‌ده‌بی مه‌نفا Exileliteratur
چ لای ئێمه و چ له ده‌ره‌وه‌ی خۆماندا ڕاکردن نه‌بووه له شوێن، به‌ڵکو
خۆده‌ربازکردن بووه له ده‌سته‌لآتێک، که به‌قه‌ده‌ر زمان، ده‌ستی به‌سه‌ر
شوێنیش‌دا گرتووه. ئه‌و ئه‌ده‌به هه‌وڵی داوه شوێن له په‌لاماره‌کانی زه‌مه‌ن
بپارێزێت. به‌شێکی زۆری شیعر و چیرۆک و ڕۆمانی ئێمه له ده‌ره‌وه ویستویانه
جوانییه‌کانی شوێن له‌ناو خۆیاندا بپارێزن. ئه‌مانه به‌ڕوونی لای (پشکۆ
نه‌جمه‌دین)، (خه‌بات عارف)، (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)، (شێرکۆ بێکه‌س)، (ره‌فیق
سابیر)، (عه‌بدوللآ په‌شێو) و (فه‌رهاد شاکه‌لی) و له نه‌وه‌ی دوای ئه‌وانیشدا
وه‌کو لای (ئه‌حمه‌دی مه‌لا)، (ئه‌نوه‌ری ره‌شی عه‌ولآ)، (ئیسماعیل حه‌مه‌ئه‌مین)،
(به‌رزان هه‌ستیار)، (جه‌مال غه‌مبار)، (چۆمان هه‌ردی)، (دلاوه‌ر قه‌ره‌داغی)،
(دڵسۆز حه‌مه)، (ڤینۆس فایه‌ق)، (مه‌هاباد قه‌ره‌داغی)، (نه‌زه‌ند به‌گی خانی)،
(هه‌ندرێن) و (هیوا قادر) و زۆری دیکه‌دا هه‌ستپێده‌که‌ین. له چیرۆک و ڕۆمانیشدا چ
لای (ئارام کاکه‌ی فه‌لاح)، (به‌ختیار عه‌لی)، (ڕێبوار ڕه‌حیم)، (گۆران
بابه‌عه‌لی)، (کازیوه ساڵح)، (سه‌حه‌ری ره‌سایی)، (یوسف عیزه‌دین) و چ لای منیش
ئه‌و هه‌ولآنه دراون. ده‌توانین له هونه‌ری شێوه‌کارییشدا (حه‌مید عه‌بدوللآ)،
(دارا ئارام)، (سمکۆ ئه‌حمه‌د)، (شه‌ماڵ عادیل سه‌لیم)، (ڕێبوار سه‌عید) و زۆری
دیکه به نموونه بهێنینه‌وه. دیاره مه‌به‌ستم له هێنانه‌وه‌ی ئه‌و ناوانه،
ته‌نها ئه‌و شێوه کارکردنه‌یه له‌سه‌ر ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌لآتی مێژوو،
به‌لآم ئه‌و ئاڕاسته‌یه چه‌ند به‌لای داهێنانه‌وه‌یه، ئه‌مه‌یان باسێکی دیکه‌یه.
هه‌موو ئه‌و ناوانه‌ش، ئه‌وانه‌ن، که له ده‌ره‌وه‌ی کوردستان ده‌ژین، واته
کۆچیان کردووه، که من پێم وایه نییه کۆچ و مه‌نفا یه‌ک ما‌نایان هه‌بێت.
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی ته‌کنه‌لۆژیادا، خێرایی و دڵره‌قییه‌کانی زه‌مه‌نیش
گه‌وره‌تر ده‌بن. هاوکات ده‌سته‌لآتی مه‌نفاش فراوانتر ده‌که‌ن. هه‌ر یه‌ک له
(ئیم‌یل دۆرکهایم) و (ماکس ڤیبه‌ر) و (کارل مارکس) و (زیگمۆند فرۆید) له ڕۆژگاری
خۆیاندا به شێوازی خۆیان ته‌کنه‌لۆژیا و زه‌مه‌نیان خسته ژێر پرسیاری جدییه‌وه.
پێوه‌ندیی ئه‌و دوانه‌یان به مرۆڤه‌وه دیاریکرد. له کاتێکدا ته‌کنه‌لۆژیا به
پاڵپشتی زه‌مه‌ن باسی چاکه و ده‌سکه‌وته‌کانی خۆی ده‌کرد. له کاتێکدا ده‌یوت
بزانن چۆن ئازیزه‌کانتان له سایه‌ی منه‌وه ده‌توانن له شوێنه دووره‌کانه‌وه
تێله‌گرافتان بۆ بنێرن، (فرۆید) ده‌یوت ئه‌گه‌ر فڕۆکه و که‌شتی ڕۆڵه‌کانی ئێمه‌ی
نه‌گایندبا ئه‌و شوێنانه، ئێمه چ پێویستمان به تێله‌گراف ده‌بوو؟ (سه‌لڤادۆر
دالی) له تابلۆکانیدا به‌گشتی و له تابلۆی (پێداگرتن له‌سه‌ر یاده‌وه‌ریدا The
Persistence of Memory) به‌تایبه‌تی ڕێک سه‌رنجمان ده‌خاته سه‌ر ئه‌وه‌ی چۆن (کات)
هه‌وڵده‌دات شوێن بشێوێنێت و که‌سه‌کان په‌راگه‌نده بکات و بیانکاته ده‌ره‌وه،
نه‌ک هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵکو (دالی) له‌و تابلۆیه‌یدا شوێن زۆر رادیکالآنه به‌رانبه‌ر
کات نیشانده‌دات، به‌وه‌ی، که ڕێی لێده‌گرێت به‌ئاسانی هه‌موو جوانییه‌کان بکوژێت.
داهێنه‌ر به‌رده‌وام (کات)ێک ده‌خوڵقێنێت، که جیاوازه له‌و (کات)ه‌ی ده‌سته‌لآتی
ئایدۆلۆژیا و ئاین ده‌یسه‌پێنن، هه‌ر بۆیه هه‌وڵی ده‌سته‌لآت هه‌ر ته‌نها هێرش
نییه بۆ سه‌ر سڕینه‌وه‌ی خودی داهێنه‌ر، به‌ڵکو هه‌وڵێکیشه بۆ له‌ناوبردن و
نکوڵیکردن له‌و زه‌مه‌نه‌ش. به مانایه‌کی دیکه ده‌سته‌لآت به هه‌موو شێوه‌یه‌ک
ده‌یه‌وێت داهێنه‌ر له‌وه دووربخاته‌وه، که زه‌مه‌نی خۆی بخوڵقێنێت، بگره
مه‌به‌ستیه‌تی بیخاته ناو زه‌مه‌نی خۆیه‌وه. هه‌ربۆیه داهێنه‌ر کاتێک زه‌مه‌نی
سه‌ربه‌خۆ و جیاوازی خۆی ده‌خوڵقێنێت، یان وه‌کو (ژان ژاک ڕۆسۆ) و زۆری دیکه له
شوێنه گشتییه‌کاندا به‌ردباران ده‌کرێت، یان وه‌کو (ڤۆلتێر) و زۆری دیکه
ده‌خرێته زیندانه‌وه، یان وه‌کو (عه‌بدولخالیق مه‌عروف) و زۆری دیکه له‌سه‌ر
شه‌قامێکی ناو شار ده‌درێته به‌رگولله، یان وه‌کو (نه‌سر حامید ئه‌بو زێد) و زۆری
دیکه له ولآته‌که‌ی راوده‌نرێت.